کاریگەرییەکانی دۆپامین

963
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ژینۆ مەحموود

 

دۆپامین یەکێکە لە دەمارەگوێزەرەوە گرنگەکانی مێشک، کە ڕۆڵی لە هەریەک لە چێژوەرگرتن، هاندان، میزاج، تەرکیز، یادگە، جووڵە، ئالوودەبوون و زۆر بابەتی تریش هەیە. زۆر شت هەیە بۆ دەربارەی دۆپامین و کاریگەریەکانی بیڵێین، لێرەدا تەنیا بەشێکی کەمیان باس دەکەین.

لەگەڵ گۆڕانکاریی سروشتییدا (ئێڤەلوشن)، دۆپامین ڕۆڵی زۆر گرنگی لە مانەوەی مرۆڤدا بینیووە، کاتێک برسیت دەبێت و نان دەخۆیت دۆپامین لە مێشکدا دەردەدرێت، بە دەردانی دۆپامینیش هەست بە چێژ دەکەیت، بۆ جاری داهاتوو لەکاتی برسیبوونتدا هان دەدرێیت بەوەی هەمان کاری پێشوو دووبارە بکەیتەوە، چونکە چێژبەخش بوو. بە هەمان شێوە بۆ کاتی تینوویەتی، سێکس، کۆمەڵایەتیبوون….هتد. بەمەش مرۆڤ لە لەناوچوون پارێزراو دەبێت. نەک هەر ئەوەندەش، دۆپامین پێی دەوترێ “Molecule More” واته‌ “گه‌ردی زیاتر”. به‌و واتایه‌ی كاتێك شتێك به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه‌ ویستێكی زۆرت بۆ هه‌بووه،‌ ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ هۆكاری ده‌ردانی دۆپامین و دواتر زیاتر یاخود شتێکی جیاوازترت ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ڕێژه‌ دڵخۆشیه‌ی پێشووترت هەبێت. بۆ نموونە: مووچەی مانگانەت ٤٠٠ دۆلارە، دەتەوێت زیاد بکرێت بۆ ٨٠٠ دۆلار، دوای ماندووبون و بەرزبوونەوەی پلەکەت لەو فەرمانگەیەی کاری تێدا دەکەیت، مووچەکەت دەبێت بەو بڕەی دەتویست، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ماوەیەک دڵخۆشکەر و ڕازیکەرە، دواتر دووبارە هەست دەکەیت کەمە و داوای زیاتر دەکەیت، ئەمەش دووبارە کاری دۆپامینە و وامان لێ دەکات ئاسوودەیی تەواو بەدەست نەهێنین لەگەڵ ئەو شتانەی کە هەمانە؛ تەنانەت ئەگەر شتی گەورەش بن. بەڵام لایەنە ئەرێنییەکەی بریتییە لە هەموو ئەو تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن و ئاسانکارییانەی کە ئێستا لەبەر دەستماندایە، لەگەڵ درووستکردنی هەر یەکێکیان تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕازیکەرە و دوتر داوای باشتر و زیاتر دەکرێت.

بۆیەش دۆپامین ڕۆڵی هەیە لە بێزاربوون لەو شتانەی پێشووتر ئارەزوومان دەکرد. بیر بکەوە ئەو کافێیەی وێنەکەیت لە سۆشیاڵ میدیا بینی، بڕیارتدا بچیت قاوەیەکی لێ بخۆیتەوە و چێژ وەر بگریت، کاتێک کە چوویت پێشبینییەکەت دروست بوو و زۆر دڵشاد بوویت، دوای چەند جارێکی زۆر لە سەردانکردنی کافێیەکە بێزار دەبیت لێی، یاخود بە لایەنی کەمەوە هەمان چێژی سەرەتات پێ نادات، چێژوەرگرتنت لە کافێیەکە و هاندان بۆ ئەوەی دووبارە و دووبارە بچیتەوە کاری دۆپامین بوو. لەگەڵ هەر ڕۆیشتنێکدا و خواردنەوەی قاوە خۆشکەی، دۆپامین لە مێشکدا دەر دەدرا، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا کە وەڕەس بوویتە لەو کافێیە و قاوەکەشی بە مانای ئەوە دێت دۆپامین ئیتر دەرنادرێت؟

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە پێویستمان بە هاوکێشەیەک هەیە:

‏(Dopamine Release= actual reward -predicted reward)  وەک لە هاوکێشەکەدا دەردەکەوێت ڕێژەی دەردرانی دۆپامین پەیوەستە بەو پێشبینییەی بۆ خۆشی و چێژوەرگرتن لە کافێیەکە هەتبوو و، ئەوەی لەڕاستیدا چۆن بوو، بۆ نموونە بە ڕێژەی سەدا حەفتا پێت وا بوو کە کاتێکی خۆشت لە کافێیەکە دەبێت، کاتێک چوویت خۆشیەکەی بە ڕێژەی سەدا هەشتا بوو بەمەش ڕێژەی دەردانی دۆپامین دەکاتە دە، لێ ئەگەر پێشبینیت سەدا پەنجا و ئەوەی ڕوویدا سەدا هەشتا بوو دۆپامینت دەکاتە سی، هەرچەندە پێشبینی کەمتر و ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوو دەدات زیاتر بێت زیاتر دۆپامین دەردەرێت و بەمەش زیاتر چێژ وەردەگریت، بەڵام کاتێک زۆر دەچییتە کافێیەکە و بەوردی دەزانیت چی ڕوو دەدات پێشبینی و ئەوەی بەڕاستی ڕوو دەدات لەیەک نزیک دەبنەوە، ڕێژەی دەردانی دۆپامین کەمتر دەبێت بەمەش وردە وردە کافێیەکە یان دەبێتە شوێنێکی ئاسایی بۆت یاخود لێی بێزار دەبیت. بە هەمان شێوە ئەگەر ئەو چێژەی لە ڕاستیدا دەیبینیت کەمتر بێت لەوەی پێشبینیت دەکرد و دۆپامین دەرنەدرێت یان کەم دەربدرێت ئەو هەڵبژاردەیە دەبێتە کۆتا هەڵبژاردە بۆ جاری داهاتوو، چونکە داخوازی و هاندانی نییە لەلایەن دۆپامینەوە.

یەکێکی تر لە بابەتە هەرە گرنگەکانی پەیوەست بە دۆپامینەوە کێشەی ئالوودەبوونە، ئالوودەبون بە دەرمانە هۆشبەرەکان، کحول، پۆڕن، سۆشیاڵ میدیا و تەنانەت شەکر و هەر شتێکی تر کە ئالوودەی دەبیت.

کاتێک شتێک دەبێتە هۆکاری دەردانی دۆپامین و هەست بە چێژ دەکەیت، خواست بۆ ئەو شتە زیاتر و زیاتر دەبێت، هان دەدرێیت دووبارەی بکەیتەوە، و کاتێک خانەکانی مێشکت زۆر هاندانیان بۆ دێت و دۆپامین زۆر دەردەرێت ڕیسێپتەرەکانی (وەرگرەکانی) کەم دەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو هاندانە زۆرەی ئەو خانەیە نەبێتە هۆی مردنی خانەکە، بەڵام کەمبوونەوەی وەرگرەکانی دۆپامین سەر دەکێشێت بۆ کرداری هەڵەشە و بێزارییەکی زۆر. بەمەش ڕێژەیەکی زۆرتر لە دەرمانەکە، کاتێکی زیاتر بۆ پۆڕنۆگرافی، سۆشیاڵ میدیا و هەر ماددەیەکی تری ئالوودەکەر پێویستە و کاتی بۆ تەرخان دەکەیت بۆ دەستکەوتنی هەمان چێژی پێشوو. لە لایەکی ترەوە كاریگه‌ریی ئه‌و ئالووده‌بوونه‌ له‌سه‌ر prefrontal cortex  هه‌یه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م به‌شه‌ی مێشك بیر له‌ ده‌رئه‌نجامی كرده‌وه‌كانت ده‌كاته‌وه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ لۆژیك بیركردنه‌وه،‌ به‌ڵام كاتێك ئه‌م به‌شه‌ ورده‌ ورده‌ په‌ك ده‌خرێت ئه‌و توانایه‌ت نابێت بیر له‌ ده‌رئه‌نجام بكه‌یته‌وه‌ و كۆنتڕۆڵی خۆت بكه‌یت. لێرەدا دۆپامین کە هاندەری پێویستییە بنچینەییەکانی مانەوەی مرۆڤە داوای شتێکی زیانبەخش دەکات، بەڵام ئەگەر دوو هەڵبژاردە هەبێت لەبەردەمتدا، بۆ نموونە ڕزگارکردنی منداڵەکەت کە لەسەر لێواری بینایەکی بەرز خەریکە دەکەوێتە خوارەوە یاخوود دانیشتن لەبەردەمی بیناکە و خواردنی شیرینیەکی دڵخوازت، تۆ ئەو کارە هەڵەبژێریت کە دۆپامینی زیاترت پێ دەدات کە لێرەدا ڕزگارکردنی منداڵەکەتە.

کێشەی ماددە هۆشبەرەکان ئەوەیە کە ئەوان دۆپامینی زۆر زیاتر لە هەر شتێکی سرووشتی هاندەری دەردانی دۆپامین دەردەدەن، بۆیە ئەو کەسە ئەوەندەی لای گرنگە دەرمانەکە وەربگرێت بە هەمان ئەندازە لای گرنگ نییە کە لەسەر شەقام کەوتووە، بێ ماڵ و جلووبەرگە و ژیانی کۆمەڵایەتی نییە.

 

سەرچاوەکان:

  1. https://bit.ly/400g07U
  2. ‏https://youtu.be/sj6R1Tcjsl8
  3. ‏https://bit.ly/40lqqi6
  4. ‏the brain, the story of you by David Eaglman
  5. https://cle.clinic/400cfzi
  6. ‏https://youtu.be/TjKCzYYkKN4
بڵاوکردنەوە: