پرسی شۆڕش (بەشی کۆتایی)

650
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

بەشی چوارەم و کۆتایی

1

وەک پێشتر پێشانمان دا، شۆڕش وەک ئەنجامدانی کرداری ڕێکخراوی سەبژێکتان، پەیوەند بە هەر دەڤەرێکی جڤاکی-کولتوورییەوە بنەڕەتی ئامادەکردن و ئەنجامدانی هەیە. ئەمەش بەواتای، بەبێ ویستی گۆڕینی بەدپەیوەندییە لەگۆڕێبووەکانی نێو جڤاک هیچ گوێزانەوەیەک بەرەو پەیوەندیی نوێی بەداد ڕوونادات. لێ بۆ شۆڕش “فاکتەری سەبژێکتیڤی” (مارکس) لە سەرەتاوە لەگۆڕێ نییە، چونکە خودی سەبژێکت سەر-هەڵداوە بەڕێی نەفیکردنی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییەوە، نەفیکردنیش هەردەم تیۆرییەکی مەئریفە و ئێتیکێکی بنیاتنراوی لەو تیۆرییەوە گەرەکە، کە ئاشکرایە هەردووکیان بە زمانی خۆ لەنێو ژینجیهانی خۆوە ئاوەڵاکراون و وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ جیهانبینی و ئەخلاقناسیی سوننەتی دانراون.

سەرەڕای ئەوە گەرەکە بپرسین، کە داخۆ هاتنەئارای سەبژێکتی شۆڕش شیاوی گریمانەکردن بێت بۆ هەر دەڤەرێکی جڤاکی-کولتووری. ئاخر گەلان هەن لە کرۆکەوە هەیەپارێزن (کۆنزەرڤاتیڤن)، ئەوجا گەر خوازیارانی گۆڕانکاریی جڤاکی و سیاسی لە نێویاندا سەرهەڵبدەن، دەشێت شۆڕشگێڕ نەبن، بۆ نموونە دەشێت ڕێفۆرمگەرا بن؛ هەروەها گەلان هەن کە بەگوێرەی سروشتیان لە ڕێچکەلادەرن و ئاسان لە لایەن سەبژێکتانی خۆڕێکخستووی شۆڕشگێرەوە بۆ گۆڕانکاری دەبزوێنرێن؛ ئەوجا پێدەچێت گەلان هەبن کە پەیوەندییە جڤاکی و کولتوورییەکانی نێویان بە چەشنێک شێواون کە ئیدی ڕووسۆ واتەنی لەبیریانچۆتەوە ژیانی بەدادی سۆسیال و مرۆڤدۆست چییە، هێندە لە خۆیان نامۆبوون، بۆیە رواڵەتگەرا و دەست لەنێو دەم دەیدەنە بەر.

2

گەر بمانەوێت “کوردییانە” لە پرسی شۆڕش نزیکبکەوینەوە، ناچارین “دۆخی سروشتی” (natural situation) وەک کەتوارێکی مێژوویی بەهەند وەربگرین، واتا جڤاکێکی پێش-دەوڵەتی کە زەروورەی گۆڕانی ڕووەو پەیوەندیی دەوڵەتی لە خۆ گرتووە. ئاشکرایە دەستەواژەی ناوبراو یەکێکە لە تێگە کرۆکییەکانی “تیۆری ی مافی سروشت” (natural law) و فەیلەسوفانی وەک هۆبس، لۆک، ڕووسۆ، لە نوێنەرە سەرەکییەکانین. لەم تیۆرییانەدا، سەرباری جیاوازیی ئەنترۆپۆلۆژییەکانیان، ستاتۆی سروشتی وەک کەتوارێکی جڤاکی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا وەردەگیرێت، واتا ئەوان تیۆرییانە ڕوودەکەنە شیمانەی ڕەوایەتیدان (لێگیتیماسیۆن) بە دەسەڵات. لێ ئێمە گەرەکە سەرباری ڕەچاوکردنی شرۆڤە ئەنترۆپۆلۆژییەکانی ئەوان هاوکات ڕێگەچارەی شۆڕش بهێنینە بەر باس وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمکارییەکانی ستاتۆی سروشت.

لە پەڕینەوەی ناچارەکییانەی جڤاکیدا بۆ ستاتۆی دەوڵەتی تەنیا دوو ڕێگەچارە لەگۆڕێن: زیتکردنەوەی دەسەڵاتدارییەکی ستەمکار وەک پارێزەری پێگە و ئیمتیازەکانی دەسەڵاتداران ی ستاتۆی سروشتی کە پێکڕا پەیوەندیی بێداد و چەوسێنەرن، یان ڕێگەچارەی شۆڕش کە کرداری بەزەبرە لەدژی ئەو بەدپەیوەندییانە – بە ئامانجی دامەزراندنی ستاتۆیەکی نوێ کە دەشێت پرۆگرامییانە نەهێشتنی بێدادیی لە خۆ گرتبێت.

مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا ژیانیان بەگوێرەی یاسای سروشتی بەڕێوەدەبەن، لێ لەم پەیوەندییەدا “مافی بەهێزتران” سەروەرە. لێرەدا مەبەست لەو کەس و گرووپانەیە کە خاوەنی هێزی فیزیکین (لەشەکی یان باندی تاڵانی)، هەروەها هێزی ئابووری، جڤاکی-ئابووری یان هەردوو هێزی ناوبراو پێکەوە لەتەک هێزی چەکداریدا. ئەوان هێزیان وەردەگۆڕن بۆ ماف و بەسەر بێهێزەکان یان کەمهێزەکاندا (“خەڵک”دا) دەیسەپێنن. لەم ڕوانگەیەوە موڵکدار بەهێزی ئابوورییانەی بەهێزترە لە بێموڵک؛ گرووپی چەکدار، بۆ نموونە پارتێکی سیاسی کە بە چەک خەریکی شەڕ و شۆڕە، بەهێزترە لە باقییەکەی دیکەی ئەو جڤاکە، بۆیە لە هەلی هەڵکەوتوودا دەتوانێت “ویستی تایبەت” (Sonderwille)ی خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. کەواتە دەسەڵاتداران “خۆیان” ماف بە “خۆیان” دەدەن ڕێگەکانی ژیانی جڤاکی و ئابووری دیاری بکەن.

لە ستاتۆی سروشتیدا تەنیا یاسا سروشتییەکان سەروەرن، وەک: مافی بەرگری لە موڵکی خۆ تەنانەت بە هێزی چەک، ئەوجا تۆڵە، یان مۆڕە وەک دیاریکەری سنوور بۆ کەسانی دی و هتد. لێ هەروەها یاسای دیکە هەن، وەک سوڵحکردن، ئاشتکردنەوە، هەستان لەبەر میوان یان بەڕێکردنی و هتد. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو یاسا سروشتییانە ئاشتەوایی جڤاکی ناپارێزرێت.

لە پەڕینەوەی ناچارەکیدا (کەمهێزی بەرانبەر گەلانی دراوسێ، شەڕ و ئاژاوەی نێوخۆ کە ئاسایشیان نەهێشتووە و هتد) ڕووەو ستاتۆی دەوڵەتی گەرەکە یاسای پۆزەتیڤ (واتا دانراوی مرۆڤ) وەک لەبریی بۆ یاسا سروشتییەکان کارایی وەربگرێت، لێ ئەو یاسایانە دەسەڵاتداران لە ویستی تایبەتییانەوە دایاندەنێن و تێیاندا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانیان دەکرێت، ئەوجا لە دەرەوەی خۆیان بەسەر “خەڵک”دا دەیانسەپێنن، کەواتە دەرهاویشتەی “ویستی گشتی” (Gemeinwille) نین. بەڵێ تەنانەت دەشێت یاساکان چواندیان بۆ خۆیان نەبێت، چۆنیان بوێت، ئەوها بە ویستی خۆیان کردار بنوێنن. بۆ نموونە ئەو دەسەڵاتدارانە کە وەک گرووپی چەکدار بە دەسەڵات دەگەن و تەواو هەوەسئاسا دەسەڵات دەئاژوێن، ویستی تایبەتییان بە زەبری هێزی چەکداری بەسەر جڤاکدا دەسەپێنن، ئەوجا هەر بە ویستی سەرۆکیان و هاوکات خۆیان پۆستە دادوەری و بەجێگەیەنەری و بەڕێوەبەرایەتییەکان دیاری دەکەن، یان بە ویستی سەرۆک دەسەڵاتی باڵا بە کوڕانی ئەو دەدەن، بەکورتی: پێدانی ئیمتیاز دەبێت بە دەستوێژێکی مسۆگەرکردنی دەسەڵات. لێرەوە ئیدی دەشێت پەیوەندییەکانی دەسەڵاتداری تەواو بەدجۆر ببن: ئێستا بە ویستی خۆیان شادەمارەکانی بواری ئابووری دەگرن، هەروەها بەدجۆربوو دەست بە کەشخەیەتی و ڕابواردن دەکەن، تەنانەت کارەبای زیاد لە پێویست بە ماڵی خۆیان دەدەن، گەر حەزیان چووە سەر باخی کەسانی دی، ئەوا دەشێت بەزۆر لێیان بکڕن یان تەنانەت لێیان داگیر بکەن، هەروەها زۆر دەشێت دەسەڵاتدار خۆی و کوڕەکانی، یان پیاوانی نزیکی بە کوڕەکانیانەوە، تەعدا لە کچی خەڵک بکەن و دەست بۆ شکۆی ژن لە ماڵی خۆی یان لەنێو دامەزراوەدا ببەن و هتد.

گومانی تێدا نییە کە هەردوو ستاتۆی ناوبراوی سروشتی و دەوڵەتی سەر بە ژیانی ڕیالی کوردەکان بوون: شار و شارۆچکەکانیان لە سەردەمانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، لێ بەتایبەتیتر لە سەرەتاکانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە، لەنێو پەیوەندیی دەوڵەتیانەی مۆدێرنیزەکراودا بوون و تا ساڵی 1991 بە شێوەی سەنترال لە بەغدادی پایتەختی ئێراقەوە ڕێکدەخران، جا گەرچی دەوڵەت هێشتا هەر نەیتوانی بوو بە یاسای پۆزەتیڤ یاسا سروشتییەکان لەکاربخات، بۆ نموونە یاسای تۆڵە؛ بە پێچەوانەشەوە ستاتۆی سروشتی بەڕەهایی یان نزیکەی بەڕەهایی لەو ناوچانەدا باڵادەست بوو کە بە دەست پێشمەرگەوە بوون، یان گوندی عەشایەری بوون و سەرۆک عشیرەت پەیوەندییەکانیانی بەهەماهەنگی لەتەک دەسەڵاتی دەوڵەتیدا ڕێکدەخست. گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە دوای ڕاپەڕین ی 1991 ستاتۆی سروشتی لە لایەن پارتە کوردییەکانەوە درایە پاڵ ئەو ستاتۆ دەوڵەتییە، کەواتە ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتییان هێنایەگۆڕێ. ڕوونتر ببێژین، چەکدارانی نێو چیاکان کە لە ڕەوتی پیادەکردنی یاسا سروشتییەکاندا گەیشتبوون بە ئەزموونی زۆر تایبەتیی چێژبینین لە شەڕانگێزی و بەو ڕێیەشەوە کەسێتییان پتر تێکچوو بوو یان تەنانەت بەدجۆر بوو بوو، دەستیان بەسەر شارەکاندا گرت و دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان خستە ژێر ڕکێفی ویستی خۆیانەوە، لێ ئەوان بەهۆی تێکچوون و بەدجۆربوونی کەسێتییانەوە تەنیا لەنێو دەسەڵاتدارییەکدا جێیان دەبۆوە کە بە کەسێتییان بگونجێت: ئەوان لەنێو بارەگای پارت و ماڵ-دیوەخانی خۆیانەوە دەستیان کرد بە ئاژووتنی دەسەڵات و تا ئەمڕۆ بە ویستی خۆیان دەیئاژوێن، لێ هاوکات بەجێگەیاندنی کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەیی سیاسییان “وەک لاوەکی” بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر تەرخان کرد. لێرەدا گرنگە ئاماژە بۆ دامەزراوەی دیوەخان بدەین کە مەسئولی حیزبی وەک میراتێک لە ئاغایەتیی وەردەگرێت و دەیکات بە نێوەندی ئاژوتنی دەسەڵات: ئەم دامەزراوە ترادیسیۆنییەی گوند دەهێنێتە نێو سیاسەتی حیزبایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەوە، ئەوەش بە چەشنێک کە کاریگەرییەکەی تەنانەت دەگات بە ڕێکخستنی ژووری سەرۆکی زانکۆکان.

لە بەدپەیوەندیی بەو چەشنەی سەرەوەدا دەشێت شۆڕش وەک ئەلتەرناتیڤێکی جددی دەربکەوێت تاکو پەڕینەوەیەک ڕووەو ستاتۆی دەوڵەتی بەداد بەدیبهێنێت. ئەمە بێگومان لە ڕووی تیۆرییەوە، لێ مەرج نییە بەکردەیی لە پەیوەندییەکانی کەتوارەوە ببێت بە ئەگەر. ئەمەش بەواتای، شێواویی نێومرۆڤی و کولتووری و ئابووری هەروا ئاسان دێتەرمینیستییانە نابن بە ڕوودانی شۆڕش، چونکە ئەم کردەیە سەبژێکتیڤییە، بنەمای تیۆریی یەکخەری کەسانی گەرەکە کە ئاشکرایە ئەوان هەردەم سەرەتا کەسانی سۆسیۆکولتوورین، واتا لەو دەڤەرە، لە پەیوەندییەکانی نێوی بە هینی مرۆڤدۆست تا شەڕانگێز و ڕقاوی و هتد، جیانابنەوە. بۆ پتر دیارهێنانی ئەم ڕەوشە چاک دەکەین بەهۆی نەبوونی سۆسیۆلۆژییەکەوە کە تێیدا پێگەی توێژەکان و هەڵوێستی جڤاکییان دیاری کرابێت، ڕێگەیەکی پسیکۆلۆژیانە بگرینە بەر، واتا کەسێتییانی جیاواز وەربگرین تاکو لەو پەیوەندییە کوردییانەدا نەریت و مێنتالێتی و جۆری گرووپی-جڤاکییانەی کەسان بەگشتی تا ڕادەی شیان دیاربهێنین. بۆ ئەم مەبەستە پەزڵێکی جۆری کەسێتییانی جڤاک یاریدەمان دەدات بەرچاوڕوونییەکمان سەبارەت بە ئەگەرەکانی گۆڕانکاری هەبێت.

لەم پەزلەدا جۆرە کەسێتییەکی ترادیسیۆنییانەی کەم یان زۆر سەقامگیر دیارە، کە ڕەوشتمەندە، کۆششکەرە، کەم یان زۆر بەگلەییە، لێ لەبەر ئەوەی ترادیسیۆنییە، ئەوا بەدەرە لە ئاگایی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە، جا گەرچی تەسلیمی ویستی دەسەڵاتدارانی بەدجۆربوو نابێت؛ ئەوجا جۆرە کەسێتییەکی دیکەی دەرکەوتوو بە چەندین ئاڕاستەی جیاوازەوە هەیە کە نەوسنە، ملنەوێنە بۆ مەسئولی دەرکەوتوو، دەیەوێت هەر چۆنێک بێت بە پەلە پارە پەیدا بکات، ئەمڕۆ چەپە و سبەینێ ڕاست، ئەمڕۆ ئاتێئیستە (مولحیدە) و سبەینێ سەلەفی، هەروەها وەک جرپن و پەتپەتێنکەر ئەوداڵی دەرکەوتن یان خۆنواندنە. ئەم جۆرە کەسێتییە لەنێو سەرجەم پارتەکاندا زۆرینەیە، هەروەها لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییە زۆرینەیەدا ئاڕاستەی دی هەن، بۆ نموونە: دەنگزلی ڕەخنەگر کە لە کرۆکەوە هەیەپارێزە، یان کەسانی خۆ دانەر بە ڕۆشنبیری بلیمەت و دژبەری چەوساندنەوە و دەسەڵاتی ناڕەوا، لێ لە کرۆکدا موخەننەتتر و نەخۆشترن لە مەسئولە بەردەوام پەنجە بۆ ڕاکێشراوەکان و هتد. توخمێکی دیکەی پەزڵەکەمان بریتییە لە کەسێتییەکی نەخۆش، واتا ئەم کەسانە ژن و پیاوی نەخۆشی حیجابدار و ڕیشنی سەلەفی یان بەگشتی ئیسلامیستین؛ مۆرکی ئەم کەسێتییە نەخۆشە ئەوەیە کە ترسنۆکە، وەک هەیەپارێز تۆقیوە لە دەرهاویشتە نوێکانی گۆڕانی جڤاکی و بۆیە پاشڤەرووویانە پەرچەکرداری (ڕەجعەی) نواندووە، هەروەها خۆویست و تەمەڵە و هاوکات ئەرەبیستانە جیهان و ژیان دەبینێت. پاشان پێکهاتەیەکی دیکەی ئەم پەزلە بریتییە لە کەسێتییەکی بەردەوام بەرهەمهێنراوەی ترادیسیۆنی کە خاوەنی نەریتێکی دێرینی حەزەرمەندییە، بۆیە لە شار یان گوند بەخشکەیی دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، واتە هەقی بەسەر سیاسەتەوە نەبووە و نییە، یان هەرگیز گرنگیی بە کوردایەتیی چەکداریی نێو چیاکان نەداوە، بە پێچەوانەوە لەو سەردەمانەی شەڕی چەکداریدا بەرژەوەندیی خۆی لای حکومەتەکانی دەوڵەتی مەرکەزی بینیوە، ئەمڕۆش درێژە بە ژیانی ڕاهاتووی خۆی دەدات. ئەوجا ئێمە گەرەکە لەنێو پەزڵەکەماندا جۆرێکی دیکەی کەسێتی دابنێین کە ئاڵۆز و خاوەن ناوەرۆکی ڕەخنەییە، لێ کەمینەیەکی گەلێک بچووکە، هەروەها کەسانی سەرجەم نەوەکان لە پیرەوە تا گەنج لە خۆ دەگرێت و نەک تەنیا تەسلیمی ڕەوشی هەنووکە نابن، بەڵکو تەنانەت هەڵوێست بەرانبەری وەردەگرن.

ئێمە بەم پەزلە دەبینین کە تا چەند پێشبینیکردنی ژیان لای کەسایەتییانی جودا لە یەک جیاوازن، جا گەرچی دەشێت چەند جۆرێکی کەسێتی سەر بە یەک توێژی جڤاکی بن بەبێ ئەوەی کەمترین زۆرانی چینایەتی لە نێوانیاندا هاتبێتە ئاراوە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کێشە چینایەتییەکان بەگوێرەی پەیوەندیی توێژایەتی و خۆتێگەیشتنی تاکەکەسان بۆ ژیان و کار لە نێوەندێکی کولتووری (بۆ نموونە ئیسلامی) بۆ یەکێکی دی دەگۆڕرێن. بێگومان وە نەبێت پەیوەند بە کوردەکانەوە شێوەیەکی ئاستگەرایی کوردی نەبێت کە هەڵوێستێکی پەرۆشمەندی هەر کەسێکە بۆ دابینکردنی گوزەرانی خۆ بە یاریدەی دامەزراوە و پرۆژە دەوڵەتییەکان بەتایبەتی. لێرەدا جێی سەرنجە کە بۆ نموونە سیاسییەکان لە سەرەتاوە لەبریی شەڕی بەجێگەیاندنی پرۆگرامی سیاسی، شەڕی پۆستی جیاواز دەکەن، ئەوجا وەک نوێنەری پارتەکانیان یەکدی بۆ خاتری پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەت و بەرێوەبەرێتی بەگیردەهێنن. ئەمە بێگومان تەنیا مۆرکی ئەوان نییە، بەڵکو لە بنەڕەتەوە کێشەیەکی کەسێتیی کوردە کە بەو شێوەیە جیهان (ی ژیان و کولتووری و سیاسی) دەبینێت، بۆیە بەگوێرەی ئەو هەڵوێستە ناخەکییەی کردار دەنوێنێت. ئاشکرایە ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە خوازیاربوونی سەرکەوتن یان هەڵچوونی کەسی لە بوارەکانی وەک ئابووری، سیاسی و کولتووریدا، لە هەموو جڤاک و کولتوورێکدا هەیە، هەروەها هەموو مرۆڤێک بە پێگەی ئابووری یان سیاسی و هتد ناساندنی لە لایەن دەوروبەرییەوە پێدەبڕێت و ئەویش ناساندنی بەو چەشنەی پێویستە (ئاخر لە ململانێی نێویەکیدایە)، سەرەڕای ئەوە پێویستە ئاستگەرایی کوردەکان (ی ئێراق) پەیوەند بە ئەوان خۆیانەوە تایبەتێتیی پێبدەین تاکو ئەدگارەکانی دیاربهێنین. لە بنەڕەتدا، بە سەرنجی ورد لە ئەوان، خویا دەبێت کە “دەمێکە” (ڕەنگە لە “ڕاپەڕین” بەدوواوە) پرسی لێهاتوویی و حەوسەڵەی هەر کارێکی شیاو لای زۆرینەی هەرە زۆریان وەلاوەنراوە، بە پێچەوانەوە، گەیشتنی “سانا و خێرا”، “عەلسەریع” بە بڕوانامە کە زۆر دەشێت بەدەستهێناوێکی کۆششی خۆیی نەبێت، بەڵکو سووک و ئاسان لە لایەن مامۆستایانییەوە “پێی درابێت”، یان بوون بە وەستای بینا، وەستای پی-ڤی-سی و بۆیاخچی، بە تەنکی-ساز و دارتاش و دەلاک و هتد، بووە بە نەریت بەبێ ئەوەی مرۆڤ لە توانستی مەئریفییەوە، لە دەستڕەنگینیی پیشەییەوە ستاتۆی “بڕوانامەدار” یان “وەستا”ی پێدرابێت – وەک لە سەردەمانی سەقامگیریی ترادیسیۆندا. بەڵێ، خوێندنی زانستگەیی بە سەرجەم ئاستەکانی بەکالۆریا و ماستەر و دکتۆراوە لای زۆرینەی هەرە زۆری خوێندکاران بۆ مەبەستی گەیشتنە بە بڕوانامە نەک کۆشش بێت بۆ بوون بە زانای بوارێکی دیاریکراو. بڕوانامە بەتایبەتی دەستوێژێکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی فەرمی، کە نزیکەی ئامانجی سەرجەم خوێندنی خوێندکارانە. هۆکارێکی سەرەکیی سەرجەم ئەم ڕەوشەش دەگەڕێتەوە بۆ “گەورەیی لە ڕادەبەدەری دەوڵەت” کە ڕاپەڕاندنی زۆرینەی بوارە ئابوورییەکانیشی بە وەزارەتی زەبەلاحەوە لە ئەستۆگرتووە و بۆ ئەو مەبەستانەش لە ڕادەبەدەر پێویستی بە دامەزرێنراوی فەرمی هەیە – بە پێچەوانەی دەوڵەتێکی وەک ئەڵمانیاوە کە “بچووکە / ڕەشیقە” و بواری ئابووری یەکجار زەبەلاحە و کاردەری سەرەکییە.

بێگومان ئێمە پێویستە لەو جۆرە دیاریکردنانە تێپەڕبکەین، چونکە ئێمە پەیوەندیی سەقامگیری ئابووری و سیاسیمان نییە، بەڵکو سەرجەمییانە بەندین بە تەنگژەی ئەو بوارە ناوبراوانەوە، بەڵی تەنانەت بەندین بە تەنگژەی ئەخلاقییەوە: هەوڵی پاشقولگرتن لە هەڤاڵ و تەنانەت برای خۆ، تەنینەوەی کاری نابەرپرسانەی پزیشکی لە چارەسەری نەخۆشدا، تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، گۆڵمزی سادە بەپاڵ ئۆتۆمبێلی خۆوە لە کەناری ڕێگە دەرەکییەکانی شار، پەیداکردنی پارە بە پەلەبڕوزێ، بەڵێ بێکولتووری کەس دەگات بە ڕادەیەک کە ئیدی بێشەرمانە سەرشەقامەکان دەگرێت و بە بەرچاوی کامێرای تەلەڤیزیۆنییەوە سکاڵا دەکات، گۆیا پارەی نییە ژن بهێنێت و با حکومەت بۆ ئەو مەبەستە پارەی بداتێ، یان ڕایدەگیەنێت کە دەرەقەتی ڕێژەی زۆری بابەتەکانی خوێندن لە فێرگە یان لە زانکۆ نادات و با حکومەت و مامۆستایان بابەتەکانیان بۆ ئاسان بکەنەوە، مامۆستایانیش دەریانبچینن تاکو ئایندەیان نەکەوێتە مەترسییەوە!!!

ئێمە لە بنەڕەتدا بەم نموونانە، هەروەها بە پەزڵی لە سەرەوە بنیاتنراوی کەسێتییان، ئاستەنگە هەرە سەختەکانی بەردەم شۆڕشی جڤاکی دەبینین. لەنێو پەیوەندیگەلی بەو چەشنەدا، گەر مرۆڤ تەسلیمی باندە ئیجرامییەکان نەبێت کە ناودەنرێن پارت، ئەوسا تەنیا ڕێچکەی هزرینی ڕەخنەیی ی بۆ دەمێنێتەوە، بێگومان هزرینێک کە ستەمە ڕێبدرێت ئیدیۆلۆژییانە بشێوێنرێت. ئاخر ڕەخنەییبوون سەرەتا بوێرییە بۆ ڕووکردنە مرۆڤێتیی خۆ کە ئادۆرنۆ واتەنی بەر ڕووپۆشی ئۆبژێکتیڤییانە هەڵچنراوی سەرجەم کردەکێتیی جڤاکی دەکەوێت و لەبەر ئەوەی ناتوانێت هیچ ئیجرایەک لەدژی بنوێنێت، ئیدی تووشی موئانات دەبێت. لە بنەڕەتدا هیچ ژیانخوازێک، هیچ خوازیارێکی دادی سۆسیال و شکۆفەی ڕەخنەییانەی زانستەکان کە لە هەبوونی خۆی وەک ئاتاجمەند بۆ پتر خۆپێگەیاندن بەئاگا بێت، بە خەریکبوونی بەردەوامی ڕەخنەیی بە خۆ و ژینگەی جڤاکی و کولتوورییەوە، هاوکات شەرم نەکردوو لە ئەلفوبێوە دەستپێبکات نەک بەبێ هیچ مەئریفەتێک بە ناڕسیستانە ئاخافتن لەبارەی فەیلەسوفان ئەنجام بدات، ناتوانێت ئەو ئاستەنگە مرۆڤییانە بەهەند وەرنەگرێت کە لە سەرەوە دیارهێنران. لێ گەر هەڵوێستی ئەوها وەربگرین، ئەوسا بەڕاستی خۆمان لەنێو بڕی لە ڕادەبەدەری دیاردەی کولتووری و جڤاکی، پسیکۆلۆژی و ئایینیی کەسان و هتد بە چەندین شێوەی جیاوازەوە دەبینینەوە، کە یەکسەر هەر هەوڵێکی سەرجەمییانەی تاکەکەس دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئاخر دەرەقەتیان نایەت، بۆیە هەوڵەکانی بەناچاری کەرتئاسا، تەواونەکراو، وازلێهێنراو و دەستپێکردۆوە دەمێننەوە. ئایا یەک تاکە مێژووناس دەتوانێت، گونجاو بە کرۆکی پرۆسەیەکی مێژوویی لە 2003 تا ئەمڕۆ، مێژووی کوردەکان دابڕێژێت؟ لەوەش ستەمتر: ئایا یەک تاکە سۆسیۆلۆژ هەرگیز پێی دەکرێت شرۆڤەیەکی سۆسیۆلۆژیانەی جڤاکی کوردی لە 1961 تا هەنووکە بکات؟ یان گەرەکە ئەوە نێو-زانایی و تەنانەت ئینتەردیسیپلینێر بێت؟ ئێمە گومانمان هەیە هیچ سەبژێکتێکی خۆپێگەیاندووی ڕەخنەیی ئەوەی بۆ بلوێت. پرسیار و بابەتەکان، ئافراندنە تاکەکەسییەکان لە هۆزان و چیرۆک، شانۆنامە و شێوەسازیدا، تێکچوونی شارەکان، موئاناتە جیاوازەکانی تاکەکەسان و زۆری دی کاکێشانێک لە پرسیار و ئەگەری پێوەخەریکبوون لەتەک خۆیاندا دەهێنن. گەر شیاو بێت، ڕەنگە لێرەوە جارێکی پێویست بێت پرسی شۆڕش تێماتیزەبکرێتەوە، نێویەکییانە. وەکو دی داوەشانی بەردەوام ڕۆچوونە بەرەو مەرگی جڤاک کە هاتنەدیی هەردەم ئەگەرێکی کراوەیە.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: