پرسی شۆڕش (بەشی یەکەم)

862
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی کاوە جەلال

سەرەتا گەرەکە پرسی شۆڕش بە نموونەی کۆنکرێت ئاوەڵابکەین، تاکو بەم ڕێیەوە ڕوونی بکەینەوە کە چۆن بەناو شۆڕشگێڕانی کورد شێوەهزرینی ئیسلامی-سوننی بۆ نموونە لە وەرگرتنی هزرە شۆڕشگێڕییەکانی وەک مارکسیزم و وجودییەتدا درێژە پێ دەدەن. بێگومان ئەم بەگەڕخستنەی شێوەهزرینی ئیسلامی-سوننی لە نووسینی بابەتی ماستەر یان دکتۆراشدا باڵادەستە، بەڵێ لەو سەرەڕۆییانەشدا خۆی دەنوێنێت کە مرۆ بۆ نموونە سنگدەرپەڕیوانە ڕای دەگەیەنێت گۆیا کەڵە گۆڤاری نوێجۆر دەردەکات. بە شێوەی بەرجەستە ببێژین: لە ئیسلامدا بەدەوییە ئارەبەکەی بیابان، سەرباری سۆسیالیزەکراوی (بەکەسکراوی)ی بەدەویانەی، یەکسەر بەدووی وەرگرتنی پەیامەکەی محەمەددا وەک سەحابە دادەنرێت، بەمەش هەڵدەزنێنرێت بۆ سەر ئاستێکی بێخەوش کە لێوەی گۆیا خۆی لە پێناوی داواکارییەکانی خودادا بەخت دەکات. کەواتە سەرجەم مۆرکی بەدەویانەی ئەو جۆرە کەسێتییە (“کەسێتی” لە ڕووی پسیکۆلۆژییەوە نەک فەلسەفەوە)، وەک شەهوانییەت، تاڵانچێتی، پیسوپۆخڵی، تۆڵەگەریی و هتد، لەتەک ئیمانهێنانی ئەو بەدەوییەدا “نامێن”ن، یەکسەر ئیمانداری نوێ سەرهەڵدەدات و دەبێت بە سەحابەیەکی پیرۆز!

لە بنەڕەتدا ئەم بنەمایەی لایەنیکەم ئیسلامی سوننی لە کاتی دامەزراندنی حیزبی شیۆعییەوە لە ئێراق پیادە دەکرێت، کە پاشان هەروەها “کۆمەڵە” بەردەوامیی پێ دا و ئەمڕۆش بۆ نموونە مەنسوری حیکمەتییەکان سکۆلایستییانە درێژەی پێدەدەن. ئەمە بێگومان لای بەناو وجودییەکانیش خۆی دەنوێنێت، کە بەتایبەتی دەبوو لێرە بە هەڵوێستوەرگرتنی لێرەبوونیانەی ئازاد نەفی بکرایە، لێ شێوەهزرینی سکۆلایستییانەی ئیسلامی لێرەش بەرجەستە دەکرێت و کوڕەی وجودی تەنیا سوننەگەرایانە، بە دانەوەی تێڕوانینی نێو کتێبەکان، لە پرسەکانی لێرەبوونی مرۆڤ لە جیهاندا دەدوێت. بە هەر حاڵ، لەم بزاوتانەشدا کوڕە یان کچە یەکسەر بەبێ هیچ ڕەخنەیەکی مەئریفەی خۆیی، واتا بەبێ پشکنینی شیمانەکانی زانین، هەروەها بەبێ ڕووکردنی ڕەخنەیی لە سۆسیالیزەکراوییە ئیسلامی-سوننیەکەی (هەروەها شیعییەکەی) خۆ، بەبێ پرسیار لە تەنینەوەی هەستی خێڵەکییانە بەنێو سەرجەم کارەکتەری خۆییدا و هتد، بەبێ پرسیاری ترس لە ئازادیی کەسەکی، بەکورتی مرۆ بەبێ ئەو پرسیارکردنانە یەکسەر دەبێت بە مارکسی، بە مارکسی-لێنینی و هتد، یان بە وجودی؛ هەروەها لە بواری دیکەشدا، بەتایبەتی بواری هزری و کولتووریدا، یەکسەر ئەم یان ئەو فەیلەسوفی بەواتا یان کەمواتای خۆرئاوایی دەکات بە دەرووی خۆدەربڕینەکانی، ئەوجا دەست دەداتە نووسین، دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتی ئەلەکترۆنی و هتد. ئەمە ڕەوشێکە کە وەک بابەتی ڕەخنە وەریدەگرین تاکو لێوەی پرسی شۆڕش ئاوەڵا بکەین. لێ ئێمە سەرەتا بۆ ئەم مەبەستە دەرچەیەکی کۆنکرێت وەردەگرین کە بریتییە لە ئەستێرە کەریم.

ئەستێرە کەریم بە کەسێتیی خۆی هاتۆتە نێوەندی خەباتی ژنان و مرۆڤیی بەگشتی و کوردایەتییەوە. بێگومان ئەو بەبێ سۆشیال میدیا نەیدەتوانی دەنگی خۆی بە نێوەندی زۆر فراوان بگەیەنێت، جگە لەوە گەر ئەو لەنێو کەتواردا (ڕیالێتیدا) ئەوها ڕیشەیی (ڕادیکال) هەڵوێستی وەربگرتایە، ئەوا زوو لەناودەبرا. ئەمڕۆ سۆشیال میدیا نەک تەنیا بریتییە لە میدیەمی خەمۆکان یان چەتوون و لومپۆنان و هتد، بەڵکو هەروەها میدیەمێکی کولتووری و چالاکیی شۆڕشگێڕانەی ڕۆشناییدەرە،.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە دەتوانین یەکێک لە ئەکسیۆنەکانی ئەستێرە کەریم بە نموونە وەربگرین کە تێیدا “دەرپێ”ی ژنانەی هێناوەتە ڕەوشی تەمسیلکردنەوە، لێ تەمسیلکەر، واتا دەرپێکە، لە بنەڕەتدا دەرپێ نییە، بەڵکو “دێسوو”ی ژنانەی وروژێنی سێکسوالێتیی پیاوە. کاتێک ئەستێرە کەریم ئەو پارچە جلە ژنانەیەی ژێرەوە نمایش دەکات، ئەوا ناڕاستەوخۆ ترس و شەیدایی پیاو، بەڵێ پەرێشانیی پیاو بۆ “چکلێتەکەی ژن” دەهێنێتە پێشینەی هەست و بیرکردنەوەی پیاوانەوە. لێ کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان ناتوانن ئەو “چکلێت”ە بچێژن، چونکە ئەوان سێکسیستی ترسنۆکن و درۆزنانە “کوڕی باشی”ی خۆیان بۆ یەکدی، واتا نێویەکییانە، نمایش دەکەن.

ئەستێرە کەریم لەو روانگەیەوە شۆڕشگێڕە کە ئەو لە رواڵەتەوە ڕۆچووە بەرەو ڕیشەی کێشە مرۆڤی و جڤاکییەکانی کوردەکان، واتا ئەو ڕادیکالە. ئەمەیە کە سەرجەم کەسانی پابەندی ڕواڵەتی تۆقاندووە یان تەنانەت خستوونیەتە هەڵوێستی دژبەرەوە بەرانبەری. شۆڕشگێڕێتیی ڕۆشناییدەرانەیەی ئەستێرە کەریم بەوەدا دیاردەدات، کە کاتێک ئەو هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و ڕەخنەیی بەرانبەر ڕیشەی کێشەکانی ژنان و پیاوان، هەروەها بەرانبەر نەریتی جڤاکی کوردی بەگشتی و دەسەڵاتدارانی (لە ئێراق) وەردەگرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەو پێوەرانە ناکات کە وەک ئەزەلی پێناسەکراون و پیاوسالارییانە لە دەرەوە سەپێنراون، بە پێچەوانەوە، ئەو دوای خۆ ئازادکردنی لەو پێوەرە ئۆبژێکتیڤییانە هەڵوێست وەردەگرێت، ئەویش بەوە کە شۆڕشگێڕانە ڕوو دەکاتەوە خودی پێوەرەکان و وەک دەستکەلای چەوساندنەوەی نێر و مێ دایاندەنێت. لێ ئەو هاوکات، وەک مۆرکی هەڵوێستی ڕۆشناییدەرانەی، ڕوو دەکاتە خودی مرۆڤ و وەک بەرپرسیار لە خۆی و هاومرۆڤان و جڤاکەکەی دایدەنێت. ئیدی بەم شێوەیە، بە دەستدانی ڕۆشناییدەرانە لە مرۆڤێتیی کەس، خویا دەبێت کە کوڕان و کچان چەند داماوان، یان تا چەند لە خۆیان نامۆبوون و چۆن بەو هۆیەشەوە بوون بە گیرۆدەی ڕواڵەتەکان. لێ ئەوان، ئەو چەوساوە چەوسێنەرانە، بەدترن لە باوکان و دایکانیان کە، سەرباری هەڵوێستی چەوسێنەری و ملکەچییان بۆ چەوسانەوە، هیچ نەبێت نەریتخوازانە کەم یان زۆر هەندێک ناوەرۆکیان پێ پیادە دەکرا و پیادە دەکرد.

بێگومان هاوکات خویا دەبێت کە واژەکانی وەک “گیانەکەم” و “چاوەکەم” و “ئازیزم”، یان داوکارییەکان بۆ “گەردن ئازادکردن” و هتد، هیچی دیکە نین جگە لە درۆزنی و مرۆڤ دەریاندەبڕێت تاکو پێگەیەک بۆ خۆی لە جیهاندا مسۆگەر بکات.

ئێمە ئەم ڕوانگەیەی ڕۆشناییدانمان لای ئەستێرە کەریم پتر بۆ ڕوون دەبێتەوە، گەر بڕوانین کە کاتێک ئەو کچان وەک ژێردەستە و دوور لە هەر تروسکاییەکی خۆشیی ژیان ئاشکرا دەکات، هاوکات پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەوان گەرەکە بەرپرسیاری بۆ ژیانیان وەربگرن، ئەوەشیان پێ بەدی دێت، گەر دەستبەرداری رواڵەت ببن و ڕووبکەنە فۆرمی ژیان. ئەوان گەرەکە لە خۆیان بەئاگا بێن و ببینن کە چۆن لە مێینەبوونی خۆیان نامۆ بوون. ئاخر ئەمەیە هۆکاری شانازییەکەیان کە گۆیا ئەوان “کچی عائیلەن”. بەڵێ، “زۆرینەی هەر زۆر”ی ڕەگەزی مێینەش، هاوشێوەی “زۆرینەی هەرە زۆر”ی نێران و پیاوانی کورد، رواڵەتگەرای بێشوناسە، کەواتە کچان یان ژنانیش هاوشێوەی پیاوان ناتوانن ڕۆ بچن بۆ نێو ناخیان و لەوێ گوێ بۆ ئاخ و ناڵەی ئەو ناخەیان رایەڵ بکەن.

ڕۆشناییدان لای ئەستێرە کەریم ئابڵۆقەی پرس و کێشەکانی کچان و ژنان دەدات، لێرەشەوە سەرجەم کێشەکانی کوڕان و پیاوان لەنێو سێکسیزمیاندا دیاردەهێنێت و وەک سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژن ڕاڤەیان دەکات. ئێمە لێرەدا دەگەین بە جۆرێکی مرۆڤ کە سارتر ناوی دەنێت مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی. ڕوونکردنەوەی ئەم دەستەواژەیەی سارتر پتر نزیکمان دەخاتەوە لە پرسی مرۆڤیی لای کوردەکان.

سارتر لە “بوون و نەبوون”دا وایدادەنێت کە مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی ناتوانێت ژیانێکی بەکەرامەت بژی، چونکە “سەر بە جیهان”ە، بێگومان ئەوە بە چەشنێک کە ئیدی ئەو لەنێویدا هاوشێوەی “کەڤر” سرەوتووە – چەقیوە. ئەم مرۆڤە نەک تەنیا ناتوانێت بۆ خۆی ببێت بە پەناگە، واتا بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت جیهان جێبهێڵێت. بەڵێ تەنانەت جووڵەیەک ناکات. ئاخر نێوجیهانیبوون بۆ مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی وەک پەچەیەک وایە کە ئەوی داپۆشیوە. ئەو، واتا مرۆڤی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی، ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بە قووڵی لە ناخیدا چەپاندووە، هەر بۆیە ئەو سەرڕاست نییە. ئەو تەنیا تەمسیل دەکات. بۆ نموونە گەنجە تەنیا خەریکی تەمسیلی گەنجێتییە، کەواتە ناگەنجە. گەنجەی ناگەنج نێوجیهانییانە وەک کوڕێکی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت و دیارنامێنێت، سڵاو دەکات و بەپیر میوانانەوە دەچێت یان ڕێزمەندانە بەڕێیان دەکات. ئەوجا ئەو ناگەنجە ڕەسەنە بۆ کیژەی دراوسێ ئاگری تێبەربووە و خۆی لە حەمامدا ئەندێشەییانە بە ئەو ڕەحەت دەکات. گەنجەی ناگەنج هەموو هەوڵێک دەدات تا کیژەی دراوسێ دەکات بە دەزگیرانی خۆی، لێ لەبەر ئەوەی ڕەسەنی کۆمەڵایەتییە، ئەوا یەکسەر بەدوویدا لەنێو کۆڕی هەڤاڵانیدا دەیکات بە بابەتی قسە و نوکتە و پێکەنین، نەک وەک کەسێکی ئازاد هەوڵ بدات پێکەوە پەیوەندییەکەی لەتەک کیژەی دەزگیرانیدا بژێنێت. نەخێر ئەوەی پێ بەدینایەت، چونکە ئەو بۆ خۆی نییە، بەڵکو تەنیا نێوجیهانییە. ئامانجی ئەو وەک ناسەرڕاستێک ئەوەیە کە دەخوازێت بریتی بێت لە دوائەنجام/ بەرهەم (کۆنزەکڤێنس). بۆیە ئەو گەنجە ناسەرڕاستە ناگەنجێکی پیاوانەی کوڕی باوکی خۆیەتی. ئەو بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بە ئەوانی دیکەی نێوجیهانی ڕابگەیەنێت کە ئەو کوڕ و دەستەبرای ئەوانە. لێ لەبەر ئەوەی هەموو شتێک وەک دوائەنجام دەبینێت، ئەوا بۆ ئەو هیچ پرنسیپێک نییە. هەر بۆیە ئەو زۆر ئاگای لە دوائامانجی کردارەکانی خۆیەتی. ئاخر کوڕەی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی خۆی تەنیا وەک بەرهەمی ڕووداوەکان دەبینێت نەک وەک سەبژێکتی (بکەری) ئەو ڕووداوانە. ئەو هەرگیز ناتوانێت ببیستێت کە دەشێت ئەو خۆی سەرچاوەی ڕووداوەکان یان کەشفکەریان بێت. نەخێر. بۆ ئەو بەهاکانی نێو جیهان لە دەرەوە چەسپێنراون، ئەویش تاکە ئەرکی ئەوەیە کە پابەندی بەهاکان بێت. ئەرێ! ئەو واتای جیهان لە فاکتەکانی خودی جیهانەوە دەخوێنێتەوە. ئەو وەک سەرەنجام یان بەرهەم تەنیا کاتێک پیاوی نێو پیاوانە، گەر بتوانێت قەحبەیەتیی کچێک بخاتە بەردەم ژینگەکەی.

کۆیلەتییەکەی نێر و مێ کە ئەستێرە کەریم چالاکیگەرایانە (ئەکسیۆنیستیانە) لە میدیەمێکدا هێناوییەتە نێوەندی خەباتی ڕۆشناییدانەوە، تەنیا کاتێک بۆ لێڕوانەر دەبێت بە مایەی پرسیار، گەر ئەو بزانێت کە ئەستێرە کەریم ئەکسیۆنێکی نمایشکراوی بەرخستووە و تێیدا ئەو کەسە خۆیشی وەک لێڕوانەر کراوە بە مەبەست. کەواتە ئەو بینەری پاسیڤ نییە. ئەو دەبێت بزانێت، واژەی بینەر کە هەستی هۆزانڤانیی کوردی نەفامانە چێی کردووە، جیاوازە لە لێڕوانەر کە هەڵوێستێکی چالاک (ئەکتیڤ)ی هەیە، جا ئەوە لە سینەما، تیاتەر یان پێشانگە بێت، یان بەشداریکردن بێت لە چالاکییەکی نێو سۆشیال میدیادا. بەم ڕێیەوە ئیدی پرسێکی کرۆکی بۆ لێڕوانەر ئاشکرا دەبێت: چالاکڤان، سەرباری تەحەداکەی، سەرباری بەگەڕخستنەوەی زمانی ئۆبسوێن (ڕووت)ی خەڵک لە چالاکییەکەیدا، مرۆڤدیدییەکی پۆزەتیڤی هەیە، چونکە وای دادەنێت کە لێڕوانەران دەتوانن لە چالاکییەکەی بهزرێن.

کەواتە ئەستێرە کەریم نایەوێت بەرانبەر لومپۆنەکان بووەستێت، تووڕەیی یان فیکە و قاقای پێکەنین بوروژێنێت، نەخێر، ئەو دەیەوێت بۆ هزرین لە خۆیان بییان بزوێنێت، تاکو هێدی هێدی بۆیان ڕوون بێتەوە کە ئەوان چەند داماون، بە تایبەتی بۆ قوز، کە هەرگیز ناتوانن بی چێژن، چونکە لێی دەترسن. ئاخر مرۆ لێرەدا لە خۆی دەپرسێت کە داخۆ لومپۆنەکان فۆتۆی ڕووتی کچێکی بە حساب دەزگیرانیان بۆچییە؟ ئەو هەموو کەناڵە خۆڕاییە ڕووتە لە ئینتەرنێتدا هەن و ئەوانیش دەتوانن تەماشای هەر ڤیدیۆیەک بکەن: لە ڤیدیۆی ئێرۆتیکییەوە تا پۆرنۆگرافی بە هەموو شێوەکانییەوە. مەسەلەکە لە بنەڕەتدا نەبوونی شوناسی کوڕێتییە، ئەقڵییەتی مێگەلە: کوڕەی داماو تەنیا ئەو کاتە دەرک بە پیاوبوونی خۆی دەکات، گەر هەڤاڵەکانی بزانن کە ئەو پەیوەندیی لەتەک کچدا هەیە. لێ مەسەلەکە لەوە زۆرترە: ئەو وەک پیاوتر دەنوێنێت، گەر هاتوو کچەی بە حساب دەزگیران خۆی بۆ ڕووتبکاتەوە یان ڕێ بدات فۆتۆی بەڕووتی بگرێت، کە گومانی تێدا نییە ئیدی گەنجەی ناگەنجی ڕەسەنی کۆمەڵایەتی لەو ساتە بەدوواوە بە قەحبەی دادەنێت.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: