بوومەلەرزەکەی ساڵی١٧٥٥ی شاری لیشبۆنە، لە دیدی ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ-دا

361
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: یوسف ئیسحێردە

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

ئەو بوومەلەرزەیەی لیشبۆنە، کە لە ڕۆژی یەکی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی١٧٥٥ ڕوویدا، پتر لە ٥٠هەزار قوربانیی لێ کەوتەوە. لەو کاتەدا لیشبۆنە، لەدوای پاریس و ناپۆلی، بە یەکێک لە پایتەختە هەرە پێشکەوتوو و گەشەکردووەکانی ئەوروپا دادەنرا. لەو سۆنگەیەوە بوومەلەرزەکە لە جەژنی توسان (واتە جەژنی هەموو پیاوچاکان)ی کریستیاندا ڕوویدا، پیاوانی ئایینیی پورتوگالیی ڕووداوەکەیان بۆ ئەوە قۆستەوە قەوماوەکە وەک توڕەیی و خەشمی خودا لە خەڵکی لیشبۆنە لێکبدەنەوە کە بە جۆرێکی زێدەڕۆیانە لێبووردەییان بەرامبەر بەو ناخوداباوەڕ و هەڵگەڕاوە ئینگلیزانە نواند کە ئەوکات لە پایتەختی پورتوگال نیشتەجێ بوون. بە دوور لەو بۆچوونەی لاهوتییەکان، ئەو قەوماوە بۆنەیەک بوو بۆ پێداچوونەوە بە فەلسەفەکەی گۆتفرێد لیبنتز-ی فەیلەسووفی ئەڵمان کە دەڵێت؛ ئێمە لەنێو باشترین جیهانە شیانییەکاندا دەژین.

 

کاردانەوەی ڤۆڵتێر:

لەم بەستێنەدا، ڤۆڵتێر بە پەلە هەڵبەستێکی نووسی بە هۆیەوە پەلاماری ئەو بۆچوونە خۆشبینەی دا کە ئەودەم باوی بوو و بەو جۆرەی پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد لیبنتز-ی فەیلەسووفی ئەڵمان، لەنێو کتێبی “وتارێک سەبارەت بە مرۆڤ”دا (کە ساڵی١٧٣٤ چاپ و بڵاوکراوەتەوە) موژدەهێنی یەکەمی بوو و دەڵێت: خوڵقێنەر، بە هۆی دانایی ڕەهای خۆیەوە، باشترین جیهانە شیانییەکانی دروست کرد. ڤۆڵتێر لەنێو هەڵبەستەکەیدا دەڵێت: ئەو ڕوانگەیە سووکایەتییکردنە بە کارەسات و تراژیدیاکانی هەموو بەدبەخت و هەژارەکان، بە تایبەتی قوربانییانی بوومەلەرزەکان، “پێویستە ددان بەوەدا بنێین، خراپە لەسەر ئەم زەوییە هەیە”. هەروەها دەزانین چۆن ڤۆڵتێر لەنێو ڕۆمانی “کوندید”ەکەیدا بەئاشکرا شۆخیی بەو فەلسەفەیەی لیبنتز دەکات و دەڵێت: “ئەگەر ئەمە باشترین جیهانە شیانییەکان بێت، ئەی ئاخۆ خراپترینیان چۆنە؟”. ماوەتەوە ئەوەی بڵێین؛ ڤۆڵتێر بەڕەهایی ڕەشبین نەبوو، بەڵکو داکۆکیی لە خۆشبینییەکی ئەقڵانیی دەکرد، لە کۆتایی هەڵبەستەکەیدا گوزارشتی لەو خۆشبینییە ئەقڵانییە کردووە و دەڵێت: “ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو شتێک باش دەبێت، ئاواتی ئێمە ئەوەیە… ئەوەی وەهمە ئەوەیە دەگوترێت لە ئەمڕۆدا هەموو شتێک باشە”.

 

هەڵوێستی ژۆن ژاک ڕۆسۆ:

بە بەراورد بە ڤۆڵتێر، ڕۆسۆ لە نامەیەکدا لە ڕۆژی١٨ی مانگی ئابی ساڵی١٧٥٦، هیچ هاودەردیی یاخود هاوکارییەکی لەگەڵ قوربانییەکاندا دەرنەبڕیوە، بەڵکو لەوە واوەتر ڕۆشتووە کاتێک گوتویەتی: “لەنێو ئەو ژمارە لەڕادەبەدەرە لە قوربانییاندا کە دار و پەردوو شێلانی، مرۆڤانێک زۆر هەن بوومەلەرزەکە تراژیدیای گەورەتری لە کۆڵ کردنەوە”. بەهەرحاڵ ڕۆسۆی خاوەنی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی، ئۆباڵی نەک بوومەلەرزەکە بەڵکو ئەو ژمارە زۆرە لە قوربانیی دەخاتە ئەستۆی مرۆڤ، چونکە ئەگەر مرۆڤەکان لە سارا و بیابان نیشتەجێبوونایە، ئەوەیان بەسەردا نەدەهات کە بەسەریاندا هات. لێرە لەم شوێنەشدا بەرکەوتن لەگەڵ ئەو بەشە لە فەلسەفەی ڕۆسۆدا دەکەین کە دژ بە پێشکەوتنی شارستانییە کە تاکە لێپرسراوی خراپکردنی مرۆڤەکانە، بەم پێیە شتەکە پەیوەندیی بە خەڵکانێکی شارستانییەوە هەیە کە باڵەخانەی چەند نهۆمیان دروستکردووە و تەنها ئەو خەڵکانە هۆکاری ئەو هەموو ماڵوێرانییەن، چاودێریی و بایەخپێدانی خوداییش بە هەموو جۆرێک لەو وێرانکارییە بێتاوان و بەرییە.

 

ژێدەرەکان:

Philosophie Magazine, Les lumières (hors série 2016)

Sciences humaines n° 57, les grandes controverses (2019) Voir

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: