چی لە زیگمۆند فرۆید بکەین؟

333
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: حازم ساغیە

وەرگێڕانی: سامان عەلی حامید

 

خراپ نییە ئەگەر سەرەتای قسەکان بەم ددانپێدانانە دەستپێبکرێت: هیچ نووسەرێک وەک زیگمۆند فرۆید سەرسامی نەکردووم. هەر جارێک کە دەمخوێندەوە، هەستم دەکرد دزە دەکاتە نێو ژوورێکی تاریکی نێو ناخمەوە کە بێجگە لە خۆم هیچ کەسێکی تر ناچێتە ناوی. بۆ کەسێک کە ئەوە هەستی بێت، دژوار بوو ڕەخنەی مارکسیزم لە خاوەنی کتێبی “تەوتەم و تابۆ”ی پێ هەرس بکرێت. بەو جۆرە، لە خۆشییدا کەوتمە هەلەکەسەما کاتێک یەکێک لە کتێبەکانی هێربەرت مارکۆزە-م خوێندەوە، ئەوەتا مامۆستایەکی مارکسییباوەڕ شیکاریی فرۆیدیی بەکاردەهێنێت. بەم پێیە ئەو سەرسامییە ئازاربەخشە کشایەوە و چی تر هەڕەشەی گومانی بیدعەم لەسەر نەما.

بە هەرحاڵ کەمن ئەو کەسانەی ڕەخنەگران بۆچوونیان سەبارەتیان جیاواز بووە هێندەی بۆچوونیان سەبارەت بەو پزیشکە نەمساییە جیاواز بووە. کەواتە ئەو شتە چی بوو کە ئەو دایپێمان؟ لە چ شتێکدا و لە کوێدا بۆچوونەکان سەبارەتی جیاواز بوون؟ لەوەتەی کتێبی “لێکدانەوەی خەونەکان”ـەوە لە ساڵی١٩٠٠دا، فرۆید بە دامەزرێنەری دەروونشیکاریی دانرا، لە دەقی  ئەو کتێبەدا بنەمای نەست هەیە کە دواتر بەسەر ئایین و مێژوو و وێژەدا جێبەجێی کرد. ئەگەر ئەوەش ڕاست بێت، بەو جۆرەی ئەو خۆی گوتی، پێشتر شاعیران و فەیلەسووفان نەستیان دۆزیبووەوە، بەڵام ئەوە ئەو بوو ئەو شێوازە “زانستی”یانەی دۆزییەوە کە دەرفەتی لێکۆڵینەوە لە نەست وەک ئاستێک لە سێ ئاستەکە دەڕەخسێنێت، دوو ئاستەکەی تریش بریتین لە هەست و پێش هەست.

هەروەها فرۆید زەمینەسازکەر بوو بۆ تێگەیشتن لە ئەقڵ، پێیوابوو ئەقڵ لە سێ بەشی دژبەیەک پێکهاتووە کە ئەمانەن: “ئەو” کە فەرمان بە چێژ دەکات، “منی باڵا” کە فەرمان دەدات بە دیسپلینکردنی و پارێزەری ئاکار و یاساکانە، “من” وەک وێستگەی هاوسەنگییان. ئەگەرچی گەشەی سێکسیی تاکەکەس بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت، هەر قۆناغێک لەو قۆناغانە ڕەفتارێکی دیارییکراو هاودەمی بووە، بەڵام ئەو شتەی لەوە گرنگترە ئەو دۆزینەوەیەیە کە بوونی جیهانێکی سێکسیی منداڵانی دۆزیوەتەوە، هەروەها ئەوەی هەموو تاکێک لە تەمەنی منداڵییەوە تاکێکی سێکسییە. ئەوێ ڕۆژێ ئەو دۆزینەوەیە، زۆرێک لە هاوسەردەمانی خۆی تووڕە کرد، بەتایبەتی ئەوانەیان کە بڕوایان بە “پاکێتیی منداڵان” هەبوو.

چونکە دواجار مرۆڤەکانی فرۆید “بنەمای چێژ” دەیانبزوێنێت یاخود پاڵیان دەنێت، ئەوەش شتێکە پێویستە بە “بنەمای واقیع” هوروژمەکەی سنووردار بکرێت کە دەستەبەری هەڵکردن و پەسەندێتیی دەکات. تەنانەت پەیوەندیی نزیکایەتییش لە ئارەزوو بەریی نییە، گەواهیش ئەو شتەیە کە خودی فرۆید خۆی بە “گرێی ئۆدیپ” ناودێری کردووە، بەڵام پێکەوە کۆکردنەوەی ئەوین و سێکس سەختە، چونکە ئەوانەی کە خۆشماندەوێن و لێیانەوە فێر دەبین، ئەستەمە سێکسیان لەگەڵدا بکرێت، کتومت وەک ژیشک لە وەرزی زستاندا، پێویستی بە باوەشە بۆ گەرمبوونەوە، بە هۆی دڕکەکەشییەوە ڕێگرە لەوەی لێکنزیکببنەوە. لە پەیوەندییگەلی مرۆییی لەو چەشنەشدا دەروونپەرێشیی لە بۆسەدایە، بەڵام ئێمە تاقە کەس نین دووچاری دەروونپەرێشیی دەبین، چونکە ڕەنگە خودی جڤاکەکان خۆشیان دووچاری دەروونپەرێشیی ببن بەو جۆرەی فرۆید لە ماوەی پشێو و ناسەقامگیری نێوان دوو جەنگە جیهانییەکەدا نووسیبووی.

هەرچی هیستیریایە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گیرۆدەبوونی نەخۆشەکانە بە بڕێک نیشانەی فیزیایی بەبێ ئەوەی دووچاری هیچ نەخۆشییەکی فیزیایی بووبن، هەرچی نوکتەشە دەستگیرۆییمان دەکات شۆخیی بە دۆخ یاخود قەوماوێک بکەین کە ناتوانین بەرەوڕووی ببینەوە، لە کاتێکدا لە دەم دەرچوون (کە چی تر بە لە دەم ترازانی فرۆیدیزم دەناسرێت) نیشانەی بوونی گرژیی و ململانێیە لەگەڵ ژمارەیەک بۆچوون و هەستی دیارییکراودا. چونکە کاتێک ئارەزووەکانی نەست لەگەڵ ئارەزووەکانی بەر لە هەستدا دەکەونە ململانێوە، ئەو ئارەزووانەمان لە چەند ڕێگایەک یاخود بە چەند شێوازێکی پێچە بە دەورەی وەک لە دەم دەرچوون یاخود وەک بڕێک خەون بۆ دێت کە وەک “ڕێگای شاهانە بەرەو نەستمان” دەمێننەوە. ڕەنگە شیکارییکردنی خەونەکان بڕێک ئارەزووی چەپێنراو ڕوونبکەنەوە، چونکە هەواڵ لەو سێکسیی و دوژمنکارییە دەدەن کە لە منداڵییەوە لەگەڵ خۆماندا هەڵمانگرتوون، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاشکرایان ناکات، بەڵکو لە شێوەیەکی دەمامکدار و وێرانکەردا دەریدەخات.

لە “میکانیزمە بەرگرییکارەکان” و “ئارەزووەکانی مردن”ـەوە تا لێکدانەوەی تایبەتی ژمارەیەک ڕووداوی مێژوویی گەورە (موسا و یەکتاپەرستیی).. بۆچوون و ئایدیاکانی ئەو کاریان لە وێژە و هونەر و پزیشکیی کرد و ڕۆشنبیران کەمەندکێشی شیکارییەکانی بوون بۆ تێگەیشتن لە شەڕ و ئاشتی و ئەوین و ڕق و ئایین و بابەتە ئاکارییەکان.

بەڵام بۆچوونە کۆنەخوازەکانی فرۆید نە کەمن و نە سادەن، هەندێکیان هیی لایەنگیرییەکانی سەردەمەکەی خۆین و هەندێکی تریان هیی سنوورە سادە و خاکییەکانی پێشکەوتنی زانستەکان و کاریگەریی سەدەی نۆزەدەن کە سێ چارەکی تەمەنی تێیدا بە بۆچوونە ئۆرگانیی و زانستگەرەکان ژیاوە. لە هەموو دۆخەکانیشدا ئەو بۆچوونە کۆنەخوازانەی لەو شتە دەرناچن کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چی تر زانست وەک بڕێک هەڵەی ڕوون و باسکراو لێیان دەڕوانێت.

فرۆید لە پرسی هەڵکردن و چوونیەکییدا ڕەخنەی لێ گیراوە، ئەگەرچی ئەو باسی لە گەڕانەوەی چەپێنراو کردووە، وەک چۆن لیبراڵییباوەڕان پارێزیان لە دەستگرتنی ژمارەیەک هێزی نەستیی بەسەر هەستی تاکەکەسدا هەبوو، مارکسییباوەڕانیش ڕەتیاندایەوە ددان بە مرۆڤێکدا بنێن جیاوازییە چینایەتییەکان تێدەپەڕێنێت، شایانی باسە زۆرێک لە لیبراڵییباوەڕان و مارکسییباوەڕان لەدواییدا پشتیان بە فرۆیدیزم بەست.

هاوکات فرۆید بە هۆی ئەو شتەوە کە بە کاریگەرییەکی زانی تووشبوونە کۆنەکان لە مرۆڤدا بەجێی دەهێڵن، زۆر شتی لە سایکۆلۆژیای تاکەکەسیی و میراتیی بایۆلۆژیی ئێجگار کۆنەوە هەڵهێنجا. چونکە بۆ نموونە قۆناغی ساردیی سێکسیی کە بەر لە قۆناغی کامڵبوونە، وەک دەنگدانەوەیەک لە ڕەنگدانەوەکانی چاخی سەهۆڵ تەماشا کردووە. هەروەها ئەو بۆچوونە بێزراو و قێزەونانەی سەبارەت بە ژنان هەیەتی کە لە ڕوانگەی تێگەیشتنی ئەودا، ناونشینن بە ئیرەییان و ئەو ئارەزووە هەمیشەیی و بێهیوایەی هەیانە ئەوەیە کە ببن بە نێرینە. بێجگە لەوەی لە ڕووی ئاکارییەوە پێگەیشتوو نین، منی باڵایان نییە یاخود لاوازە، هاوکات لە پیاوان بێهودەتر و ئیرەبەرترن و زیاتر پشت بە کەسانی تر دەبەستن و ملکەچترن و لە پیاوان کەمچالاکتر و کەمتواناترن لە خۆشەویستییکردندا. بە هۆی بەیدەستبوونیشی بە بێچەند و چوونییەکی بایۆلۆژیی کەم تێر بە وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەوپێشچوونە تەکنیکییەکان، دۆخی ژنی لە خانەی خۆڕسک و بنچینەدا خانەبەند کردووە. بەو جۆرە ژمارەیەک کۆنەپارێزی ئەمەریکی ئەو بۆچوونانەی ئەویان بۆ قایلکردنی ژنان بەوە کردووە کە چارەنووسیان پێشوەخت لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بڕیاری لە بارەوە دراوە و یەکلا کراوەتەوە، کتومت وەک چۆن بۆچوونی سەبارەت بە هاوڕەگەزخوازیی وەک بوونی کێشەیەک لە گەشەکردندا بەکارهێنراوە.

هەروەها فرۆید، کە هەمیشە باوکسالارە، تەنها لە شێوەی خێزانگەلی پێکهاتوو لە باوک و دایک و منداڵدا وێنای خێزانی کردووە، ئەوەش شتێکە ژیانبەسەربردنی ئەو لە ناوەندی خانەوادەکانی چینی باڵا و ناوەندی کۆنەپارێزی ڤییەنادا پیشان دەدات، بەڵام وێڕای ئەوە زۆر جار ڕۆڵی دایکی لە شیکاریی و چارەسەری نەخۆشەکانیدا شاردووەتەوە. لە کاتێکی زوودا کارن هۆرنی-ی ژنە دەروونشیکاری ئەڵمان، ئەگەرچی وەک “فرۆیدییباوەڕێکی نوێ” پۆلێن دەکرێت، وەڵامیدایەوە و گوتی جیاوازیی نێوان دوو ڕەگەزەکە کە فرۆید بۆ ئاستی گەوهەری هەڵکشاندوون، زادەی کۆمەڵ و کولتوورن نەک بایۆلۆژیا. سەبارەت بە پێشەنگانی فێمێنیزمی لە نموونەی سیمۆن دو بۆڤوار لە فەڕەنسا و پیتی فریدەن و کایت میلیت لە ئەمەریکا، ئەوانیش بە توندیی پەلاماریان دا و بە “دوژمنی ژن” ناوزەدیان کرد. بەڵام فێمێنیست و ژنە دەروونشیکاری بەریتانیی جۆدێت میچل لەو ڕێسایە لایدا و پێیوابوو دۆزینەوەی دەروونشیکاریی زۆر لە بۆچوونە کۆنەخوازەکانی گرنگتر و نەمرترن. چونکە ئەو شیکاریی سێکسواڵیتیی ژنی کردە بابەتێکی بەر باس، ئەوەش شتێکە بەشداریی لە ئازادکردنیدا دەکات لە کولتووری نێرینەیی. هەروەها میچل جەختی لەسەر پێویستیی داکشان بەرەو ژێرەوەی ڕووکەشی باسکراو و گرتنی زیاترین توخمە ڕیشەییەکانی نێو دەروونشیکاریی کرد، وەک هەوڵێک بۆ ئاشتکردنەوەی لەگەڵ فێمێنیزمدا بەگوێرەی بڕێک کۆلکەی هاوبەشی لە نموونەی سەروکاری هەردووکیان لەگەڵ پاڵنەری سێکس و ئەو بەگژداچوونەوەیەدا کە بە گژ دۆخی باودا دەچنەوە، لەگەڵ گەمارۆدانی کۆمەڵ و هۆشیاریی باو کە ڕێگرن لە بیرۆکەی گۆڕانکاریی.

هەیشبوون تا ڕادەی بەخشینی مۆرکی “پێشکەوتنخوازیی” پێی ڕۆیشتن، بەهانەشیان ئەوە بوو زەمینەسازیی بۆ ژمارەیەک جووڵانەوەی ئازادیخواز و داهێنەری لە نموونەی شۆڕشی سێکسیی و جووڵانەوەکانی هاوڕەگەزخوازیی و سوریالیزم کرد کاتێک فرۆیدیزم توخمەکانی بەرهەڵستییکردنی ئەو شتانەی پێمانەخشی کە لەنێو فرۆیدیزمدا بە ئەو “کۆنەخواز”ن.

لەپاش هەموو ئەو ئەستۆپاکییانە، ئاخۆ ئەو بەساڵاچووە مشتومڕسازەمان خۆشبووێت، یاخود بەردێکی درەنگوەختی تێ بگرین؟

 

ڕۆژنامەی “الشرق الأوسط”

١٨ی کانوونی دووەم٢٠٢٣

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: