نووسینی: خەلیل سەلیم
بەهۆی ئەوەی ژیان لەسەر دوو بنەمای کەتوار و ویستدا لە کارلێکی بەردەوامدایە، بۆیە ئازادییەکانی مرۆڤ و شێوازی ژیانیشی هەمیشە بەرکەوتەی ئەو دوو بەرداشەن. ئەوەی دەهاڕدرێت، یان ویستەکانن یانیش کەتوار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی زۆرتر دەهاڕدرێت ویستە نەک کەتوار، چونکە هاڕینی کەتوار لە کۆتاییدا لەو جیهانە بەرینەدا جێگەیەکی تەسکەبەریش ڕێناکەوێت، چونکە مرۆڤ بۆ مانەوەی مەحکومە بە ئەوانی دیکە، ئەوانی دیکەش چاوەڕوانی پیادەکاری کەتوار دەکەن. فرامۆشکردنی کەتوار بە واتای بوونێکی بێجوگرافیا و فەزایەکی دوژمنکارانە کە بێجگە لە وەک ئەوان بوون شتێکی دیکە ناناسێندرێت. ئەوەی کەتوار مەبەستییەتی وەک ئەوان بوونە، هەروا بوونێکە کە بازنە کێشراوەکان بەو مەرجە لەخۆددا دەتهێڵنەوە کە وەک ئەوان بیت، ئەگەر نا لە دەرەوەی ئەو بازنەیە فەزایەکی بێشوێنت پێشکەش دەکەن. واتا ململانێی کەتوار بە واتای ململانێی دژ بە هەمووانە، بۆیە فەرامۆشکردنی دەبێتە فەرامۆشکردنێکی پێچەوانە دژ بە هەمووان. لە بەرانبەریشدا هێزی هاڕینی ویستەکانیش ئەوها ئاسان نییە، چونکە کاتێک هەموو ئیرادەت دەدەیتە کەتوار ڕووبەڕووی شەڕی {خود لەگەڵ خود} دەبیتەوە، دووبارە دەکەویە ناوشەڕێکی ناوخودییەوە. کە هەم هێرشبەر هەمیش هێرشکار خودی خۆیتی. کەواتە فەرمۆشکردنی کەتوار واتا شەڕی خود لەگەڵ هەمووان و بێ باکی لە وسیتەکانیش واتا شەڕی خود لەگەڵ خوود، بۆیە ئەوەی لێرەدا پرسیارە ئەوەیە کە چ بکرێت؟ مرۆڤ بەهۆی ئەو بوونە کۆمەڵایەتییەی ناتوانێت بێ ئەوانی دیکە بژیت، بۆیە هەمیشە بەدوای میکانیزمی هاوسەنگدا دەگەڕێت، هەتا خۆی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بسازێنێ. لەم ڕێگەیەوە هەوڵەکانی هەمیشە لەخۆگری چەند میکانیزمێکن و زۆرن ئەو میکانیزمانەی کە مرۆڤ بۆ هاسەنگی لەنێوان ئەوانەدا بەکاری دەهێنێت. یەکێک لەو میکانیزمانەش دەکرێت شیعر بێت.
شیعر وەک میکانیزمی بەدەستهینانی هاوسەنگی بە دوو شێواز کار دەکات، کە یەکێکیان ئەو دۆخەیە کە شاعیر لەڕێگەیەوە هەوڵی ڕەخنەکاریی و درووستکردنی فەزایەکی ئازادانەیە کە بتوانێت لە ڕێگەی زمانەوە پانتاییەک لە ئازادیی بۆخۆی فەراهەم بکات. ئەوی دیکەشیان خوێنەرە کە خۆی دۆناودۆنی شیعر دەکات و لە جیاتی شاعیر پەیامە شیعرییەکەی وەک سوکنایی ئەو دۆخە بەرداشە لەخۆیدا مانادار دەکات. کەواتە شیعر ئەو پەیامەیە کە هەم داڕێژەر/شاعیر هەمیش خوێنەر بەبزاوت دێنێ.
لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر سەرنج بدرێتە ئەم شیعرەی خوارەوە؛
ئهی گیلگامێش
ئەوەی نیازی مانەوەی نییە
لەگەڵت دەمێنێتەوە وەک بیابان؛
ئەوە بیابانە تۆی هەڵگرتووە، ئەی ئەنکیدۆ!
ئەوەی هاوڕێ و دۆستە جێت دەهێڵێت،
وەک چۆن دایک شیری خۆیت لێ حەڕام دەکات
باوک و خوشک لە سۆزی خۆیان بەریت دەکەن.
ئەوەی لەگەڵتدایە بیابانە،
چیا نییە بە ڕووی چاوەکانی گورگیدا نەدابیت
دۆست نییە جێی نەهێشتبیت.
ئەی گیلگامێش!
ئەوە مەرگ نییە کە چۆڵت دەکا
ئەوە شارە شار؛
کە خوداکان پێیانەوە مەحكوومیان کردوویت.
ئەم شیعرە یەکێکە لە کۆشیعرییەکانی دیوانی ”قوژبن” کە دیوانێکی شیعری، شاعیری گەنج (سۆران محەمەدەسورە)یە، کە کۆی شیعرەکانی ئەم دیوانە لەخۆگری فۆڕمێکی دوانەیی نێوان کەتوار و ویستەکاننە، بەڵام وەک نموونە تەنها ئەو شیعرە (کە بە مەبستیش هەڵمبژرادووە) وەرم گرتووە.
لەم شیعرەدا وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، ململانێی نێوان کەتوار و ویست بە زمانێکی شیعری و میتافۆرییانەوە دەخاتە بەردەم خوێنەر، کە لەلایەکەوە دەکرێت وەک میکانیزمێک وێنا بکرێت کە شاعیر بەشێوەی میتافۆڕ دەیەوێت بەو شیعرەیەوە فەزایەکی ئازادانە بڕەخسێنێت و بیابان بکاتە شوێنی نیشتەجێبوونی زمانی و لە یەککاتدا بازنەکانی کەتوار تێپەڕێنێت و ویستەکانیش لەو پەڕی ڕەخنەکارییەوە بەبزاوت بێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانەکانی کەتوار لە خەڵوەتدا جێبهێڵێت و خوێنەریش لە گەڵ خۆیدا وەک سەرمەستێک لە دەرەوەی بازنەی کەتوار بەدەوری ئازادیدا لە خولگەکاندا بهاژوێنێت.
لەم شیعرەدا نەک ئەنکیدۆکانی کەتوار لە بازنەی بەرفراواندا، بەڵکو دۆست، ئایین، خێزان و نزیکەکانیش خەواڵووانە لە پێناو ویستە ڕەخنەکارییەکانیدا لەناو بازنەی بێئاگاییدا بهێڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شار وەک نەریتی ئازادیێکی دۆشداماو کە بکوژی ڕووحی سرووشتخواز لە گۆڕستانی زماندا تابووتەکانی دەبەخشێت بە خوێنەر. ئەو/شاعیر ئازادیی و ڕەخنەکارییەکانی لەو فەزا ئیفلیجەوە، بە ئیستاتیکایەکی ئاوەڵاوە دەخاتە سەر زمانێکی ئازادیویست، هەتا هەم خۆی وەک بوونێکی ئازاد و ڕەخنەکار، هەمیش خوێنەر وەک دۆناودۆنبوونی ئەو ڕووحە ئازادە زیندوو بهێڵێتەوە.