نووسینی: دکتۆر موراد وەهبە
وەرگێڕانی: سامان عەلی
ڕۆشنگەریی دیاردەیەکی شارستانییە لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەدا سەریهەڵدا بەو جۆرەی پۆڵ هازار لە کتێبی “قەیرانی ویژدانی ئەوروپی”دا پێی وایە، یاخود لە کۆتایی سەدەی شانزە لە ئینگلتەرا سەریهەڵدا بەو شێوەیەی کریستۆفەر هیلی لە کتێبی “بنچینە ئەقڵانییەکانی شۆڕشی ئینگلیزیی”دا پێی وایە.
ئەو جیاوازییە لە مێژووی ڕۆشنگەرییدا جیاوازییەک لە واتایدا هاودەمێتی. چونکە دەشێت واتای یەکێتیی زانین بگەیەنێت، واتە ئاوێتەکردنی لاهوت بە فەلسەفە و باوەڕ (ئیمان) بە هزری بتپەرستیی یۆنانیی و ڕۆمانیی. دەشێت مزگێنیی بێت سەبارەت بە مرۆڤگەرایی، واتە لێکۆڵینەوە لە بەها و نرخی مرۆڤ و مەرجەکانی بەختەوەرییەکەی و توانای سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووس.
ڕەنگە لە یەکەم تەماشادا ئەو واتایانە لێکدی جیاواز دەربکەون، بەڵام ئەگەر وردببینەوە دەبینین لە دەوری عەلمانییەتی کولتوور و هەڵهاتنی خۆری مرۆڤی ئەقڵانیی دەخولێنەوە. شۆڕشی فەڕەنسی گوزارشتی لەو عەلمانییەت و ئەقڵانییەتە دەکرد.
عەلمانییەت دەستنیشانکردنی بوونی سروشتیی و مرۆییە بە هۆی دوو ڕەهەندەوە کە کات و شوێنن، واتە بیرکردنەوەیە لە ڕێژەیی وەک ڕێژەیی نەک وەک ڕەها. هەرچی ئەقڵانییەتە، ئەقڵانییەتی ڕۆشنگەرییە کە هەموو دەسەڵاتێک دەداتە دواوە تەنها دەسەڵاتی ئەقڵ نەبێت. هەر بۆیە ئەو ئەقڵانییەتە تەواوکردنێکی عەلمانییەتە. بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتر لێرەدا بەشێک لە وتارێکی ئیمانوێل کانتی فەیلەسووفی ڕۆشنگەریی پاچڤە دەکەم:
“ڕۆشنگەریی کۆچی مرۆڤە لە بێهۆشییەوە، چونکە بێهۆشیی هۆکاری ئەو کۆچەیە، کە دەستەوسانیی مرۆڤە لە سوود وەرگرتن لە ئەقڵی خۆی بەبێ کۆمەک و یارمەتیی ئەوانی تر. هاوکات بێهۆشیی هۆکارەکەی خودی مرۆڤ خۆیەتی ئەمە ئەگەر هۆکارەکەی کەموکووڕییەک نەبێت لە ئەقڵدا، بەڵکو کەموکووڕییەک بێت لە پێداگریی و بوێریی لە بەکارهێنانی ئەقڵدا بەبێ کۆمەک و یارمەتیی ئەوانی تر. بوێربە لە بەکارهێنانی ئەقڵتدا. ئا ئەوەیە دروشمی ڕۆشنگەریی. چونکە تەمبەڵیی و ترسنۆکیی دوو هۆکارەکەی مانەوەی زۆربەی مرۆڤەکانن بە درێژایی ژیانیان لە دۆخی بێهۆشییدا، ئەگەرچی سروشت لە پشتبەستن بە ئەوانی تر ئازادی کردوون. تەنانەت دوو هۆکارەکەی کارئاسانییکردنن بۆ ئەوانی تر. پێمانخۆشە لە بێهۆشان بین، بگرە پێمانخۆشە کتێب جێگرەوەی ئەقڵ و قەشە جێگرەوەی هۆشیاریی و پزیشک ڕێنوێنی ئەو خواردنانە بێت کە دەخورێن. هیچ بیانوویەکیش نییە بۆ بیرکردنەوە ئەگەر بتوانم بیرکردنەوە بکڕم، چونکە ئەوی تر دەستەبەری ئەوەیە کۆششی خۆم گلبدەمەوە. زۆربەی مرۆڤەکان دەزانن ڕێگای بەرەو هۆش نەک هەر سەختە بەڵکو پڕ لە مەترسییە”.
باشترین بەڵگەش بۆ ئەو مەترسییانە ئەوەیە خودی کانت خۆی پەیامێکی شاهانەی ئاراستە کرا گوزارشتی لە ناڕازاییبوونی پادشای لە کتێبی “ئایین لە سنوورەکانی ئەقڵی پەتییدا” دەکرد و، داوای لێ دەکرد دەست لە بڵاوکردنەوەی چەواشەکارییەکانی هەڵبگرێت. تەنانەت ئەو مەترسییانە هاودەمی فەیلەسووفانی ڕۆشنگەریی بوو لە فەڕەنسا، دەسەڵات فەرمانیدا بە سووتاندنی کتێبی “چەند نامەیەکی فەلسەفی”ی ڤۆڵتێر و بەندکردنی دیدرۆ بۆ ماوەی شەش مانگ بە هۆی کتێبی “چەند سەرنجێکی فەلسەفی” یەوە و، دالامیێر بە هۆکاری ئەو هەڵمەتە توندانەی لەلایەن دیندارەکانەوە دەکرانە سەری دەستی لە نووسین لە ئینسایکلۆپێدیاکەیدا هەڵگرت. سەرباری ئەو هەڵمەتانە شۆڕشی فەڕەنسی بە پێشەنگیی فەیلەسووفانی ڕۆشنگەریی و چینی بۆرژوازیی هەڵکشاو لەسەر داروپەردووی چینی دەرەبەگ لە یەکانگیربوونیدا لەگەڵ مافی خوداوەندییدا هەڵگیرسا.
ئیبن ڕوشد و چەمکی لێکدانەوە
ئەو شتەی لە ڕۆشنگەریی ئەوروپی بە گشتیی و لە ڕۆشنگەریی فەڕەنسییدا بە تایبەتی سەیر و جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە کە بێبناغە سەریهەڵنەداوە بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەن دەتوانین ئەو ڕەگ و ڕیشانە بدۆزینەوە ئەگەر شوێن ڕەوتی بەرەوپێشچوونی هزریی لە ئەوروپادا بکەوین سەرەتا لە سەردەمی فریدریش باربارۆسا-وە لە سەدەی دوانزەدا کاتێک کە لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینیی و چینی دەرەبەگدا چووە کێشمەکێشەوە ئامۆژگاریی کرا دەستەیەک لە لێکۆڵیاران پێکبهێنێت بۆ وەرگێڕانی کتێبەکانی ئیبن ڕوشد تاکو لە ئاراستەکردنی ئەو کێشمەکێشەدا ببن بە پاڵپشتێک بۆی. گرنگیی و بەهای ئیبن ڕوشدیش لە بۆچوونیدایە سەبارەت بە “لێکدانەوە” لەنێو کتێبی “فصل المقال في تقریر ما بین الشریعة والحکمة من الإتصال” کاتێک کە دەڵێت: “ئەو زانینانەی دەشێت لێکۆڵینەوەی بەڵگەیی ئاشکرایان بکات، یان لەو زانینانەن کە شەرع چاوپۆشیی لێ کردوون یان کە ڕێی پێ داون. ئەگەر چاوپۆشیی لێ کردبوون بابەتەکە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە چونکە ئەوانیش بە هەمان شێوەی داوەرییە فیقهییەکان کە شەرع باسی نەکردوون بەڵکو بە هۆی پێوانەی شەرعییەوە هەڵهێنجراون. ئەگەر ڕێشی پێ دابوون یان دەبێت لەوانە بن کە لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێن کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەڵگەیی پێی دەگات یاخود ناگونجێن. ئەگەر نەگونجان پێویستە لێکبدرێنەوە، یانی واتای وشەکە لە واتا ڕاستەقینەکەوە بەرەو واتا خواستراوەکە دەربهێنرێت “(١).
لێکدانەوەش لای ئیبن ڕوشد تەنها و تەنها پسۆڕایەتیی “ڕۆچووانە لە زانستدا”: بۆ نموونە ئەگەر بیرمەندێک پێی وا بوو یەکلاکردنەوەی ئەو شتەی ڕێ پێ دراوە لێکبدرێتەوە و ئەو شتەی ڕێ پێ نەدراوە لێکبدرێتەوە دەبێت بە کۆدەنگیی موسوڵمانان بێت، دەڵێین لەنێو پێشەوایانی لێکۆڵینەوەدا پێشەوا هەیە پێ داناگرێت لەسەر بە کافر ناساندنی ئەو کەسەی کە کۆدەنگیی لە لێکدانەوەدا پێشێل کرد(٢). من پێموایە ئەو واتایەی لێکدانەوە هۆکاری ڕاستەقینەی قینی خەلیفە مەنسور و جەماوەر بوو لە ئیبن ڕوشد. چونکە خەلیفە بە فەرمانێک ئیبن و ڕوشد و ژمارەیەک لەو کەسانەی لە بواری فەلسەفە و زانستەکاندا کار دەکەن ناچار بە مانەوەی زۆرەملێ لە شاری ئەلیسانە کرد، هەروەها فەرمانیدا بە سووتاندنی کتێبەکانی ئەو و تێکڕای کتێبەکانی فەلسەفە و کارکردن لە بواری فەلسەفەدا قەدەغە کرد.
هەرچی لە ئەوروپادایە لەپاش وەرگێڕانی کتێبەکانی ئیبن ڕوشد ململانێ سەبارەت بە بۆچوونەکانی دروست بوو و فەیلەسووفە سکۆلاستیکییەکان بەسەر دوو دەستەدا دابەش بوون: دەستەیەک بەبێ هیچ پارێزێک بڕوایان بە بۆچوونەکانی بوو و، دەستەیەک سەرزەنشتی بەرکەوتنی ئاشکرای ئەو بۆچوونانەیان لەگەڵ هەندێک لە ڕووەکانی ڕاستیی دابەزێنراودا دەکرد، سیجەر دی برابانت-ی ئاڵاهەڵگری ڕووشدیزمی لاتینی لە پاریس لە سەدەی سیانزەدا پێشەوایەتیی دەستەی یەکەمی کرد، دەستەی دووەمیش قەشە تۆما ئەکوینی پێشەوایەتیی کرد، ململانێی نێوان ئەو دوو دەستەیە بە ڕادەیەک تاوی سەند دەسەڵاتە کڵێساییەکان ناچار بوو دەستوەردان بکات، ئیتر لە ساڵی ١٣٧١ تا ١٣٧٧ ژمارەیەک لەو دۆزە فەلسەفییە گەورانەی سەرکۆنە و تاوانبار کرد کە دەستبەرداری “لێکدانەوە”کەی ئیبن ڕوشد نەبوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییی ئیبن ڕوشد بە درێژایی چەند سەدەیەک تا سەدەی هەژدە کە سەدەی ڕۆشنگەرییە بەردەوام بوو. بەو جۆرە دەتوانرێت بگوترێت یەکێک لە ڕەگ و ڕیشەکانی ڕۆشنگەریی فەلسەفەکەی ئیبن ڕوشد و بەتایبەتی چەمکی “لێکدانەوە” بوو.
چەمکی عەلمانییەت
بەڵام لای عەرەب ئیبن ڕوشد لە هیچ شوێنێک نابینرێت و گۆڕی ونە، چونکە لەو کاتەوەی کتێبەکانی سووتێنران کۆتایی هات. تەنانەت کاتێک فەرەح ئەنتوان ویستی لە کتێبی “ئیبن ڕوشد و فەلسەفەکەی”دا ئیبن ڕوشد زیندوو بکاتەوە کە فەرەح ئەنتوان چەمکی عەلمانییەتی لێوە هەڵهێنجا، شێخ محەمەد عەبدە سەرەڕای ئەو پەیوەندییە گیانی بە گیانییەی لە نێوانیاندا هەبوو هێرشی کردە سەر و پەلاماریدا بە بەهانەی ئەوەی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت نەک هەر شتێکی ویستراو نییە بەڵکو شتێکی ئەستەمە.
سەبارەت بە ڕیفاعە تەهتاوی، پێدەچێت بە وردیی و دروستیی پەند و وانەکە تێگەشتبێت. چونکە لە کتێبی “تخلیص الإبریز في تلخیص باریز”دا چەند پارێز و وریاکردنەوە و ئاگادارکردنەوەیەک بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵێت سەبارەت بەو بەدییانەی کە تایبەتمەندیی ئەقڵی ئەوروپیین، بەتایبەتی ئەقڵی ڕۆشنگەرییی فەڕەنسی، ئەگەرچی ڕیفاعە لە ماوەی مانەوەیدا لە فەڕەنسا دوانزە کتێبی پاچڤە کرد و “ڕۆحی یاساکان”ی مۆنتسکیۆ و “پەیمانی کۆمەڵایەتی”ی ڕۆسۆ و “ئینسایکلۆپێدیای فەلسەفە” ی ڤۆڵتێری خوێندەوە، هەموو ئەوانەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ڕیفاعە، کاتێک کە کولتووری ڕۆشنگەریی دەگواستەوە، لە هەمان کاتدا داوای دەکرد چاو لەو کولتوورە نەکرێت.
هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕۆسۆ و مۆنتسکیۆ و ڤۆڵتێر داوای دامەزراندنی جڤاکێکیان دەکرد پشت بە ژمارەیەک بناغەی شارستانیی “مەدەنیی” ببەستێت نەک بڕێک بناغەی ئایینیی، لەبەرئەوەی جڤاک تەنها و تەنها دروستکراوی مرۆڤە. هەر بۆیە ئالبرت حۆرانی بە هەڵەدا چوو کاتێک کە گوتی هزری ڕۆشنگەرییی فەڕەنسیی کاری لە ڕیفاعە کرد و بە هۆی ڕیفاعەشەوە کاری لە ئەقڵی میسریی کرد(٣).
هەرچی سەبارەت بە شێخ عەلی عەبدولڕازق-ـە، ناوبراو چاونەترس بوو کاتێک کە لە کتێبی “الإسلام وأصول الحکم”دا کارتێکرانی بە ڕۆشنگەریی و بەتایبەتی کارتێکرانی بە تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتیی ئاشکرا کرد، لەسەر بناغەی ئەو کارتێکرانەش شێخ عەبدولڕازق خەلافەتی وەک چەمکێکی ئایینیی دایە دواوە. شێخ نووسیوویە و دەڵێت: “ئەو ڕاستییە بەرهەستەی ئەقڵ پشتیوانیی لێ دەکات و مێژوو لە کۆن و نوێدا گەواهیدەرێتی ئەوەیە سروتەکانی خودای پەروەردگار و ڕوواڵەتەکانی ئایینە بەخشندەکەی نە بەو چەشنە حکومەتەوە بەندە کە فەقیهەکان بە خەلافەت ناودێری دەکەن و نە بەو کەسانەوە کە خەڵک بە خەلیفە ناوزەدیان دەکات. هەروەها لەڕاستییدا کەڵک و چاکەی موسوڵمانان لە دونیادا بە هیچ کام لەو شتانەوە نەبەستراوە. لەبەرئەوە نە بۆ کاروباری ئایینەکەمان و نە بۆ کاروباری دونیا پێویستمان بەو خەلافەتە هەیە”.
پاشان کاتێک پێکەوە گرێدانی ئایین و دەوڵەت ڕەتدەداتەوە، دەڵێت: “سوڵتانەکان برەویان بەو چەوتییە داوە کە لەنێو خەڵکدا باو بووە و دەڵێت خەلافەت ناوەندێکی ئایینییە تاکو ئایین بکەنە قەڵغانێک تەختی دەسەڵاتەکانیان بپارێزێت و دەرەکییەکانیان لێ دوور بخاتەوە. تا ئێستاش بە چەندین شێواز برەوی پێ دەدەن تا ئەوەی خەڵکیان وا تێگەیاندووە کە بە گوێ کردنی پێشەوایان لە بە گوێ کردنی خوداوە هاتووە و یاخیبوونیش لێیان یاخییبوونە لە خودا. تەنها هەر بەوەندەش بەسیان نەکردووە بەڵکو سوڵتانیان کردووەتە جێنشینی خودا لەسەر زەوییەکەی و سێبەری کشاوی بەسەر بەندەکانیدا!”.
لەوێشەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی دەڵێت: “لەڕاستییدا ئایینی ئیسلام لەو خەلافەتە بێبەرییە کە موسوڵمانان ئاشنای هەن، هەروەها لە هەموو ئەو ئارەزوو و ترساندن و شکۆ و هێزەش بێبەرییە کە لە دەوری سازیان کردووە، خەلافەت و نەخشە و پلانی ئایینیی کوجا مەرحەبا، نەخێر، نە فەرمانڕەوایی و نە بێجگە لەوان لە ئەرک و ناوەندەکانی دەوڵەت. بەڵکو هەموو ئەوانە بڕێک نەخشە و پلانی سیاسیی پەتیین، ئایین هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نییە، چونکە نە زانیونی و نە نکوڵیی لێ کردوون و نە لە بارەیانەوە فەرمانی داوە و نە فەرمانی بە دوورکەوتنەوە لێیان داوە، بەڵکو بۆ ئێمەی بەجێ هێشتوون، تاکو تیایاندا بۆ داوەرییەکانی ئەقڵ و ئەزموونی میللەتان و بنەماکانی سیاسەت بگەڕێینەوە”!
دوابەدوای دەرچوونی کتێبەکە بەو ئاراستە ڕۆشنگەرانەیە، شێخ عەلی عەبدولڕازق لەبەردەم دەستەیەک لە گەورە زانایاندا بە ئامادەبوونی بیست و چوار زانا لە زانایانی دەستەکە، بە بیانووی ئەوەی کتێبەکەی هەندێک شتی پێچەوانەی ئایین و دەقەکانی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەرایەتی و کۆدەنگیی ئومەت لە خۆ گرتووە، دادگایی کرا. یەکێک لەو شتانە ئەوەیە دەڵێت شەریعەتی ئیسلامیی شەریعەتێکی ڕۆحیی پەتییە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە فەرمانڕەوایی کردن و بەجێهێنان لە کاروباری دونیادا نییە. هەروەها ئەوەی دەڵێت؛ حکومەتەکەی ئەبوبەکر و خەلیفە ڕاشیدییەکان حکومەتێکی نائایینیی بوو.
پاشان بە کۆدەنگیی بڕیاردرا شێخ عەلی عەبدولڕەزاق لە دەستەی زانایان دەربکرێت و ناوی لە تۆمارەکانی زانکۆی ئەزهەر بسڕدرێتەوە و لە هەموو کار و فەرمانێک کارکەنار بکرێت، بڕیاردرا کە بۆ گرتنە دەستی هیچ کار و فەرمانێکی گشتیی چ ئایینیی و چ نائایینیی لەبار و گونجاو نییە(٤).
شێخ محەمەد ڕەشید ڕەزا-ی خوێندکاری شێخ محەمەد عەبدە لە گۆڤاری “المنار”دا پشتگیریی لەو بڕیارە کرد و شێخ عەلی عەبدولڕازقی بە ناخوداباوەڕیی و زەندەقە تاوانبار کرد.
لە دەهەی چلی سەدەی بیستدا ئەو بڕیارەی دەستەی گەورە زانایان لە دژی شێخ عەلی عەبدولڕازق لە شێوەی پارتێکی ئیسلامییدا گەڵاڵە بوو کە کۆمەڵی برایانی ئیخوان موسلیمینە. پارتە پارتێکە بە تەواوی مانای وشەی جەماوەریی پارتێکی جەماوەرییە و دژ بە “ڕۆشنگەریی” وەستاوەتەوە، بەوپێیەی ڕۆشنگەریی دیاردەیەکی خۆرئاوایی کۆلۆنیالیستییە دەکەوێتە بواری ئەو شتەوە کە سەید قوتب-ی تیۆریسێنی ئەو پارتە بە “جڤاکی جاهیلی” ناودێری دەکات. پێموایە هیچ پارتێکی جەماوەریی پێچەوانەی پارتی ئیخوان موسلیمین بوونی نییە، بەم پێیە هیچ ڕۆشنگەرییەک لە گۆڕێدا نییە.
پەراوێزەکان:
(١)ئیبن ڕوشد، فصل المقال: ل٨.
(٢)سەرچاوەی پێشوو.
(٣)Albert Hourani, Arbic thousht in the Liberal Age, Oxford University Press, 1970, P. 96.
(٤)المقطم، ٤ی ئەیلولی١٩٢٥.
ژێدەر: گۆڤاری (الهلال)، ژمارە٧، ١ی تەمموزی١٩٨٩.