مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم (بەشی یەکەم)

2150
0
بڵاوکردنەوە:

(بەشی یەکەم)

نوسینی: تێری بارێت

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ئاسۆ خالید

مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم لە هونەردا بەباشی جێگاى تێگەیشتنە لە پەیوەندییاندا بە مێژووى کولتوورى گشتى، دوو دەستەواژەکە و ئەو دوو چەمکەش لە نموونەى هونەریدا زۆر ئاسانن بۆ تێگەیشتن، ئەم بەشەى باسەکەش باس لە بیرۆکه‌ گرنگه‌کانی ئەو دوو دەستەواژەیە دەکات.

سەردەمى مۆدێرنیزم ئەو ماوەیەیە کە لەسەرەتاى رۆشنگەریە وه‌ ( لە نێوان ساڵانى 1687-1789) ئیسحاق نیوتن وێراى ئەو باوەڕە راگەینێت کە زانست جیهان ڕزگار دەکات. دیکارت (1595-1650) و پاشان ئیمانوێل کانت (1724-1804) لە رووى رۆشنبیریەوە سەردەمەکەیان شێوە پێ بەخشى بەهۆى بیروباوەڕەکانیانەوە کە ده‌یانگووت لە رێگەى هزرەوە دەتوانن بناغە بۆ راستیە گەردوونیەکان دابنێن. سەرکردە سیاسیەکانى مۆدێرنیزم وتیان هزر سەرچاوەى پێشکەوتنى گۆڕانى کۆمەڵایەتییە کە باوەڕیان وابوو کە بەهۆى هزرەوە دەتوانن کۆمەڵگایەکى دادپەروەر و یەکسان بەرهەم بهێنن. ئەم بیروباوەڕانە خۆراکیان بەخشییە شۆڕشە دیموکراتییەکان لە ئەمەریکا و فەرەنسا و جەنگى جیهانی یەکەم و دووەم و بیرکردنەوەى زۆرینە لە ئێستادا. بزووتنەوە و رووداوە سەرەکییەکانى مۆدێرنیزم دیموکراسى و سەرمایەدارى و پیشەسازى و زانست و شارنشینکردنە و ئاڵاى مۆدێرنیزم سەربەستى و تاکە..

هیچ بیردۆزێکى یەکگرتووی پۆست مۆدێرنیزم نیە. زۆر رکابەر هەیە کە ئایدیاى ناکۆک لە گەڵ یەک دەخەنەپێشدەست. بانگهێشتکەرانى پۆست مۆدێرنیزم بەشێوەیەکى رەمزى سەربە شۆڕشى پاریس بوون لە ساڵى 1968، کاتێک خوێندکاران به‌ پاڵپشتى سکۆلارە ناسراوەکان، داواى گۆڕینى رەگ و ڕیشەییان کرد لە سیستمى زانکۆ ئەوروپییە داخراو و توند و ئێڵیتستەکاندا. پۆست مۆدێرنیزم بەشێوەیەکى بەدوایەکداهاتن پاش مۆدێرنیزم نایەت، به‌ڵکو کاردانەوەى مۆدێرنیزمە و دەکرێت باشتر بوترێت دژە مۆدێرنیزمە.

پۆست مۆدێرنیست رەخنە دەگرێت لە مۆدێرنیست بە ئیقتیباس کردنى ئازار چەشتن و بەدبەختى جووتیارەکان لە ژێر دەستى پاشاکاندا و پاشانیش سەرکوتکردنى کرێکار لە ژێر دەستى بەپیشەسازکەرى سەرمایەدار و دەرکردنى ژنان لە فەزاى گشتى و داگیرکردنى خاکى تر لە لایەن ئیمپراتۆرەکانەوە لە پاشدا لە ناوبردنى خەڵکى رەسەنى ئەوخاکە. پۆست مۆدرێنیستەکان دەڵێن کە مۆدێرنیست بەرەو ئەو جۆرە لە کردار و دامەزراوەى کۆمەڵایەتیانە دەچێت کە شەرعیەت دەدەن بە دەستەڵاتى کەمینەى بەهێز بەسەر زۆرینەدا، هەرچەندە کە مۆدێرنیستەکان پەیمانى یەکسانى و سەربەستى هەموو مرۆڤه‌کان دەدەن.

پێشانگاکەى فرێد ویلسۆن کەبەناوى «مۆزەخانە مین رێژ بکەن» لە گە لە رى ماریلاند لە ساڵى 1992 دا هەندێک ستراتیژی هونەرى پۆست مۆدێرنیستەکان دەردەخات کە رووى لە رەخنەى دەستەڵاتى کۆمەڵایەتییە لە ناو مۆدێرنێتیدا. ویڵسن لە نێو ئەو گۆزە زیوینە پۆڵیشکراوانەدا کە چاوەڕێى لێدەکرێت بەشێک ببینرێت لەو مۆزەخانە مێژووییەدا بەناوى «کارى میتاڵى 1830-1880» کە لە پچەى ئاسنین دادەنێت کە دروستکرابوون بۆ کۆی لە کان. ویلسن دارو قامچى داناوە لە نێو کەلوپەلى ماڵى ڤیکتۆریدا، کە کورسیەکیشى تێدایە، لۆگۆکەى کۆمەڵەى یەکسانیخوازى باڵتیمۆره‌. کارمەندانى مۆزەخانە سەبارەت بە پێشانگاکەى ویلسۆن هەندێ بابەتیان ئامادەکردووە کە پرسیار لەسەردانیکەران دەکات تاوەکو بیربکەنەوە لە هەر بابەتێک لە مۆزەخانەکەدا. هیچ لە م پرسیارانه‌ی دوایش لە بارەى هەر بابەتێکى هونەرى لەسەردەمى مۆدێرنیست نەکراوە. بۆ کێ ئەم بابەتانە خوڵقێنراون؟ بۆ کێ بوونیان هەیە؟ چى تیادا نیشاندراوە؟ کێ چیرۆکەکە ئەگێڕێتەوە؟ کێ گوێ دەگرێت؟

 لە کاتێکدا مۆدێرنیتى لە ژێر کاریگەرى عەقڵانیەتى نیوتن و دیکارت و کانت و کەسانى تردا بوو، پۆست مۆدێرنیتى لە ژێر کاریگەرى فەی لە سووفى وەک فریدریک نیتشە و مارتین هایدگەر و لودفیگ ڤیتگنشتاین و جۆن دێوى و جاک دێریدا و ریچارد رۆتى دایە کە گومانیان هەیە سەبارەت بە باوەڕى مۆدێرنیست کە دەڵێت بیردۆزەکان ئاوێنەى واقیعن. کارل مارکس و سیگمۆند فرۆید باوەڕى مۆدێرنیتەیان لە قکرد کە دەڵێت هزر سەرچاوەى راستییە، بەوەى کە هێزە ئابورییەکانیان دیاریکرد کە لەسەر رووى کۆمەڵگا بوون و دیاریکردنى هێزە سایکۆلۆژیەکانیش کە لە ژێر کۆمەڵگاوە بوون کە هزر نایانبات بەڕێوە و چوارچێوەدانەری کۆمەڵگا و تاکەکانیشن.

پۆست مۆدێرنیستەکان روانینێکى زیاتر بە ئاگاو سنووردار لە خۆدەگرن؛ سەبارەت بە راستى و مەعریفە بە بەراورد لە گەڵ مۆدێرنیستەکاندا. پۆست مۆدێرنیستەکان جەخت دەکەنە سەر ئەوەى کە راستیەکان بەشێوەیەکى سادە تەفسیرن و کە راستى رەهانییە و بەڵکو ئافەریدەى گروپەکانە، کە هەموو مەعریفەش لە لایەن کەلتور و زمانەوە شیاوی دەست پێ راگێشتنە.

هونەرمەندى پۆست مۆدێرنیست باربارا کروگەر لە گەڵ ریجەک لە نیویۆرک لە ساڵی 1994 رەخنەیەکى توڕەى گرت سه‌باره‌ت به‌ تێگه‌شتنی خۆی له‌ ئاین کە کەلتور و زمان بەکاردەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دەروون و کۆمەڵگا. لەسەر تێکستە نووسراوەکانى سەر دیوارەکان و گرافیکەکان و رووناکى و زه‌ویه‌که‌ و لە رێى بڵندگۆکانیشەوە، لە گە لە رى مارى بوون کروگەر ئەم چەشنە قسانەى نوسیبوو و ئەیگوتن: «وەک ئێمە بیربکەرەوە، وەک ئێمە باوەڕبکە، وەک ئێمە نوێژبکە. لە ت و پەتت دەکەم کە ئیتر هەست بەهیچ چێژێک نەکەیت». دەمەوێت منداڵەکانى منت لابێت، چونکە ئەوە پیشان دەدات کە چەند بەهێز و پیاوانەم و تۆش ئەتەوێت وابکەیت، چونکە هەر بۆ ئەوە باشیت.

سترەکچڕالیزم و پۆست سترە کچڕالیزم دوو بزووتنەوەى کێبڕکێکەرى ناو بیرى پۆست مۆدێرنیزمن. سترەکچڕالیزم له‌ فه‌ره‌نسا سەریهەڵدا لە پاش جەنگى جیهانى دووەم و لە ژێر کاریگەرى چڕى بیردۆزى سیمیۆتیکی فێردیناند دوو سێسێر بوو، دوو سێسێر زمانى دیاریکرد بەوەى کە سیستمێکە لە نیشانە و پێکهاتووە لەوشە و چەمک کە هەرەمەکین و پێکەوە بەستراون بەیەکەوە بەشێوەیەک کە لە لایەن کەلتورەوە دەستنیشان کراون.

کلۆد لیڤى شتراوس، شیکارە زمانەوانییەکانى بەکارهێنا بۆ ئەنسرۆپۆلۆژى پۆست مۆدێرنیستەکان که‌ کاریانکرده‌ سەر پرۆژە سیمبۆلیکیەکانى رۆلان بارت و ئەوانى تر، دەستیانکرد بە کارى سیمیۆتیکی بەدیراسەکردنى سیستمى نیشانەکان لە کۆمەڵگاکاندا، باوەڕیان وابوو زمان و نیشانە و وێنە و سیستمە وەدەرخەرەکان دەروون و کۆمەڵگە و ژیانى رۆژانە رێکدەخەن.

سترەکچرالیستەکان لە زۆر رووەوە لە ئەدەبیشدا هەوڵ ئەدەن دیاردەکان روون بکەنەوە بەدەستنیشانکردنى سیستمى شاراوە. گەڕان بەدواى دۆزینەوەى کۆدەکان و یاساکانى نائاگایی کە دیاردەکان دروست ئەکەن و هەروەها بەدواى ئەوەوەن کە سیستمە دیارەکان بدۆزنەوە کە لە پێشوودا نادیار بوون. لە راستیدا ئەمان جیاوازبوون لە سکۆلارەکانى پێشوو کەشتەکانیان لێکدەدایەوە بەهۆى بەدوایەکهاتنى رووداوە مێژووییەکانەوە، نه‌ک به‌هۆی بیردۆزەى سترەکچرا لە کانەوە بۆ لێکدانەوەى دیاردەکان لە پەیوەندیدا بەدیاردە هاوچەرخەکانیانەوە. سترەکچرا لیستەکان وەک مۆدێرنیستەکان باوەڕیان وابوو کە دەتوانن هاوبەندى و بابەتیبوون بەدەست بهێنن، بانگهێشتى ئەوەیان ئەکرد کە بیردۆزەکانیان زانستین کە باوەڕیان وابوو تێگەشتنە خودى (زاتییە) کانیان وەلاوە دەنا.

پۆست سترەکچرا لیستەکان لە ناو کاریگەرترینیان کە جاک دێریدایە، رەخنەیان لە سترەکچرالیستەکان دەگرت بۆ خۆدەرخستنە زانستییەکان و گەڕانیان بۆ راستى گەردوونى و باوەڕیان بە سروشتى جێگیرى مرۆڤ. هەردوو سترەکچرالیست و پۆست سترەکچرالیستەکان ئەو بیرۆکه‌یه‌ی بوونى بابەتى سەربەخۆ رەت دەکەنەوە و سورن لەسەر ئەوەى کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە دەرەوەى مێژوو بژى. پۆست سترەکچرالیستەکانیش بەتایبەتى جەخت دەکەنەوە لەسەر هەرەمەکى نیشانەکان. پۆست سترەکچرا لیستەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەى کە زمان و کەلتوور و کۆمەڵگا هەڕەمەکین و لە ڕووى عادەتیەوە لەسەرى رێککەوتوون و نابێت بەسروشتى دابنرێن. لە کاتێکدا مۆدێرنیستەکان باوەڕیان وایە کە دەتوانن بناغەى یەکگرتوو هاوبەند بدۆزنەوە بۆ راستى کە بەشێوەیەکى گەردوونى راستن و بەکاردەهێنرێن، بەڵام پۆست مۆدێرنیستەکان قبوڵى سنوورەکانى بیروباوەڕە جیاوازەکان و بەشەکان و دەستنیشانکردنەکان دەکەن.

وێنەکێشى پۆست مۆدێرنیست دەیڤد ساڵ، ئاڵەنگاری سیستمى ماناى داخراو دەکات بە دەرخستنى هەرەمەکى بوونى دروستکردنیان (بناغەکەیان)، لە رێى دانانى بابەتى جیاوازەوە لەسەر یەک تابلۆی وێنەکێشان. بۆ نموونە: ماتادۆرەکان و وێنەکانى کەلتورى پۆپ و بابەنوئێل و دۆناڵد دەک و پرۆفایلى ئەبراهام لینکۆڵن و کریستۆفەر کۆڵۆمبۆس و لە گەڵ ئاوێنەى پیشانده‌ری ئافرەتى نیوە رووت و رووت. هەندێ وەک ئەوەى کە سێکسى بن بەهۆى ئەوەى کەوێنەى ئافرەتى روتى تێدان و مەیلى پیشاندانى ئەندامەکانى زاوزێیان تیدایه‌. لە گەڵ ئەوەشدا رۆبێرت ستۆر 1988 بە روانینێکى پۆست مۆدێرنانەوە کە پشت ئەبەستێت بەجیاوازیکردن لە نێوان نیشانە و مانا ئەوە رەتدەکاتەوە کە تابلۆکانى ساڵ ژن پیشان بده‌ن، هەرچەندە وێنەکانیشیان دادەنێت. ستۆر، رقلێبوونەوە پیشان ئەدات لە هەریەکێ کە سووربێت لەسەر ئەوەى کە بابەتى نیشاندراو هیچ مەبەستێکى هەبێت لەوەى کە نیشانى ئەدات.

سایکۆلۆژیاى پۆست مۆدێرن، رەتى ئەو بیرۆکەیەى مۆدێرن ئەکاتەوە کە تاک بوونێکى عەقڵانى یەکگرتووە. قسەکه‌ى دیکارت «من بیردەکەمەوە کەواتە هەم» و قسەى ژان پۆل سارتر کە دەڵێت «بوون لە پێش جەوهەرەوەیە»، تاک پێناسە دەکات وەک ئازاد و هێشتا بڕیارنەدەر کە تاک دەخاتە چەقى گەردوونەوە.  لەبری ئەوە پۆست مۆدێرنیستەکان تاک لە چەقى گەردوون دووردەخەنەوە و دەڵێن کە خود ئەنجامى زمان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بێئاگاییە. ئەو توانایەى تاک بۆ روودانى گۆڕان و هەروەها بۆ خوڵقاندن بەسوک سەیر ئەکه‌ن.

زۆرینەى کارە هونەریەکانى سیندى شێرمان فۆتۆگرافى خۆیین کە بناغەى تاکێتى دە لە قێنێت. لە چەند فیلمێکى وەستاو و بێ ناونیشان جیاوازى هەیە هەر لە «هیچ هایکه‌ر»ه‌ وە تا «ژنى ماڵەوە». ئەم وێنانە وادیارن کە ستایلى فیلمێکى کۆن بن؛ وێنەى سیندى شێرمانن کە لەبەرگى ئەوانى تردایە و هەروەها وێنەى ژنن وەک ژن کە لە چوارچێوەى کارى هونەریدا نمایشکراون لە فیلم و گۆڤار و وێنەدا. هەروەها وەک وێنەش کە لە لایەن بەرهەمهێن و ئەکتەرو نووسەر و وێنەکێش و فۆتۆگرافەر لە بارەى بیانکردنى کەلتورین بۆ مێینە.

فەلسەفەى جوانى و رەخنەى مۆدێرنیست

مۆدێرنیزمى هونەر لە پاش فەلسەفەى مۆدێرنیست گەشتەجێ. رەخنەگرى هونەرى رۆبێرت ئاتکین 1993، مێژووى مۆدێرنیزم دەگێڕێتەوە بۆ ساڵانى 1860 تا 1970 کان، دەنوسێت کە دەستەواژەکە بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنى هەردوو ستایل و ئایدۆلۆژیاى ئەو هونەرەى کە لەو سەردەمە و ئەو ساڵانەدا هەبوون. هەرچەندە مۆدێرنیزم ئێستا کۆنەو هەندێکیش دەڵێن کۆتایی هاتووە، بەڵام رۆژانێک زۆر پێشکەوتووخواز بووە و هونەرێکى نوێى بۆ سەردەمێکى نوێ هێناوە.

مۆدێرنیزم لە نێو ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەدا لە ئەوروپا سەریهەڵدا. کەلتورى ئەوروپاى رۆژئاوا زیاتر شارنشینى بوو لەوەى گوندنشینى و پیشەسازى بێت، نەک په‌یوه‌ست به‌ خاک و کشتوکاڵى. گرنگى ئاینى رێکخراو لە ژیانى رۆژانەى خەڵکیدا کەم بوویەوە و سێکیولاریزم گەشەى سەند و فراوان بوو، لەبەرئەوەى سیستمى کۆنى هونەرى پشتگیرى کراو تەواو بوو و هونەرمەندەکان سەربەست بوون چ شتێک بکەنە بابەتى هونەرەکەیان و چیتر هونەرەکەیان پێویستى بەوەنەبوو شکۆمەندى ببەخشێتە تاکە خاوەن سەرمایەکان، دامەزراوەى بەهێزى کەنیسە و دەوڵەت کە پێشتر ئەوان فەرمانیان بۆ دروستکردنى وێنەکان و پەیکەرەکانیان دەردەکرد. لەبەرئەوەى لەوەنەدەچوو کە هونەرەکەیان بژێتەوە لە بازاڕى نوێى سەرمایەدارێتى، ئیتر هونەرمەندەکان ئازادبوون لە ئەزموونکردنى و بەرهەمهێنانى هونەرى تایبەتى بەرزى خۆیان. دروشمى ئەو ماوەیە «هونەر لە پێناوى هونەردا» بوو.

 

مۆدێرنیستەکان گرنگیاندا بە پەیوەستبوونى خۆیان بە نوێوە بەوەى خۆیان وەک ئاڤانت گارد«نوێ» دەناساند بەوەى کە ئەوان لە پێش رۆژگارى خۆیانەوەن و لەودیو سنووردارکردنى مێژووەوه‌ن. هونەرمەندانى مۆدێرن بەتایبەتى یاخى بوون دژ بەو سنووردارکردنانەی کە خرابووە سەر هونەرمەندەکانى پێشوو لە لایەن ئەکادیمیاکانى هونەر لە ساڵانى 1700کاندا و دواتریش هونەرمەندان یاخى بوون دژ بە هەژموونى ساڵۆنى هونەرییەکان و دادوەرە موحافیزکارەکانیان لە ساڵانى 1800دا. هونەرمەندە مۆدێرنەکان بەزۆرى رەخنەگربوون لە حاڵى حازر و بەزۆریش ئاڵەنگاری بەهاکانى چینى ناوەندیان دەکرد.

جاک لویس دەیڤدى هونەرمەندى پۆست مۆدێرن وێنەى دیمەنەکانى شۆڕشى فەرەنسای کێشاو فرانسیسکۆ دوگۆیا وێنەى داگیرکردنى ئیسپانیاى کێشا لە لایەن ناپلیۆنەوە. گۆستاڤ کوربێرت و ئیدوار مانێت، مۆدێرنیست و بابەتى وێنەکانى خۆیان دوورخستەوە لە جوامێرى و سامان تاوەکو وێنەى سادەى ژیان لە دەوروبەریان بکێشن. ئینتیباعى و پۆست ئینتیباعیەکان وازیان لە بابەتى مێژوویى و لە هونەرمەندى ریالیزم وخه‌یاڵ پڵاو هێنا، کە خەریکى روونکردنەوە بوون لە رۆژئاوا لەسەردەمى رێنیسانسەوە. هەندێک لە مۆدێرنیستەکان، وەک داهاتووگەره‌کان لە ئیتالیا لە ماوەى 1920کاندا لە کارەکانیاندا تەکنەلبۆژیاى نوێ بەتایبەتى تەکنەلۆژیاى خێرایان وێنە دەکێشا لە کاتێکدا ئەوانى دیکە وەک سترەکچەریستەکان لە یەکێتى سۆڤیەت مۆدیلى زانستى لە بیرکردنەوەدا لەخۆگرت؛ ئەبستراکتیستەکانیش وەک ڤاسیلى کاندینسکى و پیت مۆندریان رۆحانییەتیان لەخۆگرت تاوەکو کۆڵەکە دروست بکەن بۆ سیکیولاریزمى کۆمەڵگاى مۆدێرن. پاوڵ گاوجین و پاشانیش پابلۆ پیکاسۆ و هێنرى ماتیس دڵنەواى و سروشیان لە کەلتورە نارۆژئاواییەکان وەرگرت لەکاتێکدا پاوڵ کڵى و جۆن میرب ئەو وێنە مناڵ ئاساییانەیان کێشا کە تاسە بۆ ڕاکردن لە گەورە بوون و لێپرسراوێتى بەرجەستە دەکات.

 لە ساڵى 1770دا ئیمانوێل کانت بەردى بناغەى فەلسەفى دانا بۆ مۆدێرنیزمى هونەرى. کانت پەرەیدا بەو بیردۆزەى وەڵامى جوانناسیانە کە دەڵێت بینەرانى کارێکى هونەرى دەبێت بگەنە هەمان تەفسیرکردن و حوکمدان گەر ئەزموونى ئەوکارە هونەریە بکەن لە ناوە و دەرەوەیدا. بەلاى کانتەوە کاتێک هونەر تەماشا دەکرێت خەڵک دەبێت خۆیان بخەنە حاڵەتێکى باڵاوە بۆ هەستکردن و ئاگالێبوون و واز لەبەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان بهێنن، لێگەڕێن لەوەڵامدانەوەى لایەنگیرانە. هونەر بەتەنها وەک سەربەخۆیەک دابنێن دوور لە هەر مەبەست و سودێک. حوکمێکى جوانناسییانە نابێت نە تایبەتى و نەرێژەگەرایانە بێت. تەماشاکەر دەبێت لە کات و شوێن و تایبەتمەندێتى دابڕێت و بەرزبێتەوە و بگاتە حوکمێکى جوانناسیانەى هونەر کە هەموو خەڵکى بەرپرسیار لەسەرى رێکدەکەون. لە ساڵى 1913دا ئیدوارد بولوى جوانناس دەستەواژەى “خۆ بەدوورگرتنى سایکۆلۆژیانەى” هێنایە ئاراوە کە پشتگیرى لە ئایدیاکەى کانت دەکات کە تەماشاکەر دەبێت لە کارێکى هونەرى وردبێتەوە بەشێوەیەک کە هەست بەهیچ سۆزێکى تایبەتیانە نەکات.

لە ساڵانى 1920کاندا بیردۆزەى مۆدێرنیستى هونەر لە لایەن دوو رەخنەگرى بەریتانیەوە باڵاترکرا، بێڵ و رۆجەر فراى ئەوەیان ناساند کە پێى دەگوترێت شێوەگەرایی کە بەشێوەیەکی توند پێکەوە بەستراونەتەوە، هەرچەندە ئەوەى یەکەم لەوەى دووەمەوە په‌ره‌یسه‌ندوه‌. بێڵ و فراى گەڕان بەدواى فەرامۆشکردنى ئەوەى کە هونەرمەند مەبەستێتى لە دروستکردنى کارێکى هونەریدا و هەروەها هەر وەزیفەیەکى کۆمەڵایەتى و ئایدیۆلۆژى کە هونەرمەند ویستویەتى بیلکێنێت بە کارە هونەریەکەوەوە. لەبری ئەوە، فۆرمى گرنگى کارى هونەرى ئەوە بوو کە بەشێوەیەکى تایبەتى دەربڕابوو. ئاتکین (1990) پشتگیرى لە بێڵ و فراى ئەکات بۆ ئەو مەبەستە رەخنەییە یان وەک ئەوەی بە بەشێک بەرپرسیارە لەو مەیلەى سەدەى بیست لەبۆ کارە هونەریەکانى یابان و ئەفەریقا. مەبەستیان لە بیردۆزەى رەخنەگرانەیان بۆ پەیوەندیکردن بە هونەرەوە ئه‌وه‌بوو رێگەبدات بە تەفسیر و هەڵسەنگاندنى هونەرى فره‌کەلتوورى لە هەر جێگاو رۆژگارێکدا. فۆرم باڵابوو، سەرنجدان لە هەر ئەدگارێکی دیکەى کارێک، وەک بابەتەکەى یاخود باسەکەى یاخود بەکارهێنانى لە دۆخەکان یان ئاماژەدان بەجیهانى سادە وەها دادەنران کە سەرنج دوورخەرەوەبن و خراپتریش بڵێین هەڵسەنگاندنى شیاوى هونەر لەناوببات.

 لە ساڵانى 1930کاندا لە بوارى رەخنەى ئەدەبیدا تى ئێس ئیلیوت و ئاى ئەى ریچاردز و هەندێ نووسەرى تر پەرەیان بە (رەخنەى نوێ) دا کە بیردۆزەى فۆرمالیستى ئەدەب بوو کە تەریبە بە فۆرمالیزم لە هونەردا. ئەم رەخنەگرە ئەدەبیانە جەختکردنى تەفسیرکەرانەى زیاتریان ئەویست لەسەر کارەکە، لەسەر شیعرەکە نەک لەسەر شاعیرەکە، بۆنموونە ئەوان ئەیانویست کارەکە شیکار بکرێت بەپێى زمان و وێنە و میتافۆرەکانى ناوى، هەوڵیان ئەدا ئەو کارەى رەخنەگرانى ئەوکاتە راست بکەنەوە کە جەختى زۆریان دەکردەسەر زانیارى دەرەوەى کارێکى ئەدەبى بۆ نموونە سەبارەت بە بایۆگرافیاى شاعیرەکە و سایکۆلۆژیاى تایبەت زیاتر لەوەى دەقى نووسینەکە. لەپاش جەنگى جیهانى دووەم، رەخنەى هونەرى فۆرمالیست زۆر گرنگ بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لەبەر کارەکەى کڵێمێنت گرینبێرگ کە کاریگەرترین رەخنەگرى هونەرى بوو لەو سەدەیەدا.

گرینبێرگ بە بەکارهێنانى بنەماکانی فۆرمالیستى بەرگرى لە دەربڕینە موجەرەدەکانى مارک رۆسکۆ و ویلیج دو کونینگ و جاکسون پۆلاکى دەکرد لە ساڵانى ناوەڕاستى 1940و 1950 کاندا. گرێنبێرگ بەتایبەتى بەرگرى لە کارەکانى پۆڵۆک و هونەرمەند و رەخنەگرانى یەک بەدواى یەکدا هاتوو ئەکرد کە بەگشتى ئافەریدە کرابوون بە گوێزانەوەى سەنتەرى هونەرى بەرز لە پاریسەوە بۆ نیویۆرک. لە کاتێکدا وێنەکێشە هەرێمیەکان وەک توماس هارت بێنینتۆن و گرانت وود وێنەى دیمەنى ئەمەریکیان دەکێشا و ریالیستە سۆشیالیستەکانیش وێنەى کێشمەکێشى چینایەتیان ئەکێشا، دەربڕانى موجەرەد بەرگریان لە ئایدیاڵى بوونگەراکانیان دەکرد بۆ ئازادى تاکەکەس و خۆیان تەرخانکرد بۆ دەربڕینى دەروونى بەهۆى موجەرەدکردنەوە.

شێوە و قەبارە و بناغە و فراوانى و داڕشتن زۆر گرنگ بوون و ستایلیش لە ناو په‌رۆشی بۆ هەندێ رەگەزى وێنەکێشان هاتە دەرەوە. دەربڕینى موجەرەد تەواو کاریگەرە بەهۆى ئەوەى کەچۆن وێنەکێشان بە جۆراوجۆرى قەبارەکەیەوە کە بەهۆى ئامڕازى جۆراوجۆرەوە بەکارهێنراوە بەشێوەیەکى جیاواز هەڵسوکەوت دەکات و لە رێگاى جیاوازەوه‌ کاردەکاتە سەر کارى تەواوبوو و لەکەى بۆیەکان ماناى شتێکى جیاوازە لە دڵۆپی بۆیاخ و و داپۆشەرى تەنک.

لە ڕێى پشتگیرى گرینبێرگ و پاشان هاوەڵەکەى مارۆڵد رۆستبێرگى رەخنەگر دەربڕى موجەرەدەکان و وێنەکێشانى “Color field Paintels” و “Hard-edged” موجەرەدخوازەکان وێنەکانیان دووبەرکرد لە ژێر مەبدەئى فۆرمالیستەکان کە دەڵێت وێنەکێشان دوورەهەندى هەیە بەشێوەیەکى سروشتى و نابێت ببێتە رەهەندى خەیاڵ پڵاوى. روزنبێرگ وتى کە وێنەکێشان شتێک نییە، بەڵکو شتەکە خۆیەتى، ئەو ویستى هونەرمەندەکان “تەنها وێنە بکێشن”. بارنێت نیومان کە وێنەیەکى زەبەلاحى موجەرەدى کێشا لە ساڵانى 1950کاندا ئەوەى نووسى کە تابلۆ نابێت ” ئەو فەزایە بێت بۆ لەبەرگرتنەوە و سەر لە نوێ دیزاین کردن و شیکارکردن و دەربڕین” هەروەها رەتى ئەو ئامڕازە پاڵپێدراوانەى کردەوە کە دەربڕى سەربەئه‌وێ بوون و دژایەتى ئەو رێگرانەى یادەوەرى و سەربەوێ بوون و نۆستالیژیا و ئەفسانە و خورافەیکرد.

فرانک ستێلا نووسى وێنەکەم لەسەر ئەو راستیە بەندە کەتەنها ئەوەى دەکرێت ببینرێت لەوێییە. “مینیماڵیستەکان-که بزوتنه‌وه‌یه‌کی هونه‌ری په‌یکه‌رسازی بوو له‌ساڵانی 1950کاندا” کە جەختیان لەسەر کەمکردنەوەى وێنە و پەیکەر دەکرد بۆ بنەما رووتەکانیان و ئەمانە زۆر لەژێر کاریگەرى نیومان و رێنهارد و دەیڤد سمیس دا بوون. لە ماوەى ساڵانى 1960کان مایکل فریدى رەخنەگر بابەتى زۆرى نووسى لەسەر فۆرمالیزم و بەتایبەتیش گرنگیدا بە پەیکەرسازى مینیماڵیستەکان.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: