مستەفا زەڵمی.. پارادایمێکی زانستی لەنێوان شەرع و یاسادا

1751
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی : دکتۆر عەلی زەڵمی/ دکتۆرا لە کۆمەڵناسی، زانکۆی یو دەبلیو- برستڵ -ئینگلاند

پێشەکی:

مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، پرۆفیسۆر و یاساناس و شەرعناس، زێدەگۆیی نییە گەر بەتەنیا خۆی و لە ڕێگەی بەرهەمە زانستییەکانییەوە بە وەرچەرخانێکی زانستی لە پێوەندیی نێوان یاسا و شەرعدا دابنرێ. ئەو، پەروەردەی حوجرە و خانەقا و مەدرەسەی مزگەوتەکانی لادێ و شارەکانی کوردستانە و درێژکراوەی  مەلا خدری ڕواری، مەلا مستەفای بێسارانی، مەلا حەسەنی دزڵی، مەلا ئەبوبەکری چۆڕی، مەلا عەبدوڵای خەرپانی، مەولانا خالید، شێخ مارفی نودێی، مەلا جەلالی گوڵعەنبەر، مامۆسا محمەدی مەردۆخی، پاشان مەلا محەمەدی جەلیلیزادە (مەلای گەورە)، مەلا شێخ عومەری قەرداخی، مەلا ئەفەندی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس، شێخ محەمەدی خاڵ، عەلاددین سەجادی و هتد..  بەڵام زەڵمی لە شوێنکێد لەوان جیا دەبێتەوە و حوجرە گرێ دەدات بە کڵاسی زانکۆوە و مینبەر دەکاتە قاعەی وانەگوتنەوە و شەرع بە یاساوە گرێ دەدا. لێرەدا مستەفا زەڵمی تایبەتمەندیی خۆی وەردەگرێت و چیدی ناکرێ وەک مەلایێکی شەرعناس بەتەنیا سەیر بکرێ؛ لەهەمان کاتدا ناکرێ وەک یاساناسێکی ڕووتیش لێی بڕوانین. ئەو دێت پینەی شەرع دەکات، لەکوێ شەرع پێویستی بە دیدی هیومانستی و لۆژیک هەیە و یاساش پینە دەکات لەکوێ یاسا پێوستی بە شەرع دەبێ. ئەو نە تەسلیمی ترادیسۆنی شەرع دەبێ و نە تەسلیمی وشک و رەکیکیی یاسا دەبێ، ئەو دێت هارمۆنیتەیەک لەنێوان ئەو دوانەدا دەدۆزێتەوە رۆحێکی  مستەفا زەڵمیانەیان بەبەردا دەکا، واتە رۆحێکی لۆکاڵی و سەردەمی. زەڵمی لەبواری ئازادیی ئایینی و مافی ژنان و چەقبەستویی مەزهەبی و تیوکراتیدا رچەشکێن بووە و بیر و بۆچونی نایاب و نوێی لەمبارەوە هەیە.  لەم نووسینە کورتەدا، خوێنەر ئاشانا دەبێ: یەکەم،  بە کورتەیەک لە پرۆفایلی زەڵمی و هەروەها سەختیەکانی رێگای فێربوونی، دووەم، گرێدانی یاسا و شەرع پێکەوە، سێهەم، ئەو رۆحە هەورامیە و (کوردبوون )ە  لەپشت کار و داهێنانەکانی زەڵمیەوە بوون.

پرۆفایل :

مستەفا ئیبراهیم زەڵمی لە بەهاری ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی زەڵمی هەورامان سە ربە شارۆچکەی خورماڵ،  لەدایک بووە و لەساڵی ٢٠١٦لەتەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە شارۆچکەی خورماڵ نێژراوە. ساڵێ ١٩٣٤ لە گوندی زەڵم دەنێرێتە بەر خوێندن، لای میزرا فتح اللە لهۆنی و وانەی قورئانی پێ گوتووە.  دواتر چاوی بە یەک دوو فەقییەی خنجیلانە و پۆشتە دەکەوێ و ئەویش دەپرسێ ئەمانە چین، پێی دەڵێن ئەمانە فەقیەن، ئەویش خۆی گوتەنی، خولیای بوونە فەقێ دەکەوێتە سەری، بەڵام باوکی فەقێ ئیبراهیم کە خۆی پێشتر فەقیەتیی کردووە ئەوەی ناوێ و دەیەوێ کوڕەکەی بچێتە لای بزن و مەڕوماڵات بەخێوکردن. دواتر مستەفای مێردمنداڵ پێداگیریی دەکات کە هەر دەبێ بنێرێتە بەر خوێندی فەقیەتی و تەنانەت دەگاتە ئەو ڕادەی کە ئەگەر نەینێرن ئەوا خۆی دەدات بەدەم ئاوی زەڵمەوە، دواجار ویستی زەڵمی سەردەکەوێ و باوکی قایل دەکا و دەینێرێتە مزگەوتی گەورەی خورماڵ، لای مەلا سەید عارف. بەڵام بەمەرجێ دەبێ ئامادە بێت لەو تەمەنە منداڵییەوە کە ١٠ ساڵ بووە، هەموو رۆژێ لە زەڵمەوە بچێ بۆ خورماڵ و بگەڕێتەوە بەپێ، ئەویش مەرجەکە قەبووڵ دەکا.

مستەفا زەڵمی پاش ماوەیەکی کەم لە مزگەوتی خورماڵ کەڵکەڵەی زانستی زۆرتر و بینینی شوێنی دیکە دەکەوێتە سەری و  لە تەمەنی ١٤ ساڵی سەری خۆی هەڵدەگرێ و رووەو سلێمانی ملی رێگای هات و نەهات دەگرێتە بەر کە بۆتەمەن و  ئەزموونی ئەو، سەفەرێکی سەخت و سەرکێشی بووە. دواتر لە مزگەوتی حاجی حان دەگیرسێتەوە و دەست دەکات بە درێژە دان بە خوێندن لە حوجرەدا.جارێکی تر خولیای فێربوونی زۆرتر و فراونکردنی جیهان و مەعریفەی ئایینی لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا سەفەرێکی دیکەی تاقەت پڕوکێن و سەخت بۆ وەدەست خستنی علم؛ ریگای دووری نێوان تەوێڵە و پاوەی هەورامانی رۆژهەڵات دەگرێتە بەر. ئەو ئەگەرچی لە خانەقا و مەدرەسەی تەوێڵە نان و بەرگ و جێگای خۆش بووە چونکە حوجرە و مەدرەسەی تەوێڵە و بیارە هەردەم ئاوەدان بووە و شێخانی نەقشبەندی گرینگی زۆریان داوە بە علم و عرفان لەپاڵ تەریقەتدا؛ ئەوکات کە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی رابردووە بووە فەقیە بەگشتی شەڕی کردوە بۆ ئەوەی جێگایەکی دەست کەوێ لەو خانەقا و حوجرەی زەڵمی لێ بووە بەڵام ئەو خۆی وتەنی عەوداڵی زانست ئەبێ نەک نان بۆیە رۆژێکی زستانی  بەفراوی سەخت  تەوێڵە بەجێ دەهێڵێ و دەروا بۆ پاوە  بۆ لای مەلایەکی شارەزا، بۆ خوێندنی  حاشیەکانی قزڵجی و پێنجوێنی. مستەفا زەڵمی بۆ ماوەی ١٠ ساڵێ رەبەق لەنێوان ساڵانی ١٩٤٤ تا ١٩٥٤ سەرگەرمی سەفەری  زانست و فێربوون بووە لەنێوان لادێ و شارو شارۆچکەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و باشور،وەک ؛ سلێمانی  و سنە و هەڵەبجە و مەریوان و پاوەو ، مهاباد و سەردەشت و پیرانشەهر و نەغەدە و رانیە و قەڵادزێ و کۆیە.  تا دواجار لەساڵی   ١٩٤٦لە  تەمەنی ٢٢ سالی لە کۆیە لە مەدرسەی مەلای گەورە ئیجازەی وەرگرتوە.

حوجرە  و تەختە ڕەش :

پاش ئیجازەوەرگرتنی وەک مەلا، زەڵمی لە چەندان لادێ و شارۆچکە دەبێتە مەلا، پاش ئەوەی لە گوندەکەی خۆی زەڵم دەگیرسێتەوە بۆ ئەوەی پشوو بدا و ببێتە مەلای گوندەکەی خۆی، لەسەر کێشەی باخ و موڵک لەگەڵ عەبدوڵا خانی دزڵی دەبێتە کێشەی و زوڵم قەبووڵ ناکات، ناچار زەڵم و هەورامان بەجێ دەهێڵێ روو دەکاتە ناوچەی سێسینان. لەو سەردەمەدا ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوو، رەحمەتی شێخ محمەدی خاڵ قازی شاری سلێمانی دەبێ و لەو کاتەدا مەلای مزگەوتی بن تەبەق وەفات دەکات مەلایەکیان دەوێ جێگای بگرێتەوە. کەسێک هەواڵ بۆ  زەڵمی دەبا کە ئەگەر سبەی فریا بکەوێ تاقیکردنەوە دەبێ بۆ هەر مەلایەک دەرچێ، دەبێتە جێگرەوەی مەلاکەی بن تەبەق، ئەویش بەخێرایی خۆی دەگەێنێتە لیژنەکە کە شێخی خاڵ سەرۆکی ئەو لیژنەیە دەبێ؛ بەبێ خۆ ئامادەکردن، بەشداریی تاقیکردنەوە دەکات و پلەیەکی زۆر باش دەهێنێ. هەر لەوێ دەبێتە جێگای سەرنجی خاڵ و پێی دەڵێ دمەوێ دواتر بتبینم. خاڵ بە زەڵمی دەڵێ تۆ ئەگەر دەریش نەچیت هەر دەبێ بێیت بۆ شار،  لە مەجلیسێکا کە ئەدیبان و زانایان و پیاو ماقووڵانی شاری سلێمانی ئامادە دەبن، خاڵ روویان تێ دەکا و دەڵێ کوڕینە دەزانن ئەمە کێیە، بە مستەفا زەڵمی،  ئەمە لیرەیەکی ئاڵتوونیی درەوشاوەیە و لەژێر تەپوتۆزی نەناسراویدا شاراوەتەوە، دەبێ بێتە شار و ئەم شارە پێوستی پێ دەبێ. زەڵمی لە سلێمانی جێگیر دەبێ و دەبێتە ئیمامی مزگەوتی بن تەبەق و هەر لەوێش حوجرەی دەبێ و دەرس دەڵێتەوە بە فەقیەکانی. زەڵمی هەردەم دەڵێ من منەتباری عەبدوڵا بەگم کە بەهۆیەوە زەڵمم بەجێ هێشت و هاتمە سلێمانی و هەروەها منەتباری مەلاکانی سلێمانیم کە بەهۆی دژایەتیانەوە ئەوێشم بەجێهێشت و قەدەرم و ژیانم گۆڕا، ئەمە چۆن بووە؟ ئەو کاتەی لە سلێمانی دەبێ دەیەوێ هەندێ گۆڕانکاری بکا لە خوێندن و حوجرەدا بەڵام مەلاکان پیس دژایەتی دەکەن و ئەگەر پاڵپشتی  شێخ محمەد خاڵ نەبوایە هەر زوو دەردەکرا. یەکێک لەو گۆڕانکاریانەی ویستویەتی و ئەنجامی داوە، هێنانی تەختە ڕەش بووە بۆ مزگەوت و وتنەوەی وانەی فیزیا و کیمیا و مامتماتیک بە فەقیە. چونکە ئەو خۆی ئەو زانستانەی بە ئیواران خویندوە و تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی داوە و دەرچووە.  لای ئەو زۆر گرینگ بوو کە خویندکاری ئایینی دەبێ شارەزای زانستە تەجریبیەکانش بێ و فەقیەکانی سەرپشت کردوە کە دوو رۆژ لەهەفتەیەکدا دەتوانن ئامادەی ئەو وانانە بن. ئەمە داهێنانێک بووە کە لەکوردستان وئەگەر نەڵێن لە ناوچەکەش نەبووە و کەس نەیکردوە. لەبەر ئەمە مەلاکان دەکەونە دژیایەتی و دەڵێن مەلا مستەفا حزبی دناوە و راپۆرت و جاسوسیان لەسەر کردوە. دواجار و پاش ململانیکی زۆر و تۆمەتبارکردنی جارێک بە شیوعی و جارێ بە نەتەوەیی و و جارێ بە ئیسلامی سلێمانی بەجێ دەهێڵێ و دەبێتە ئیمامی سوپا. جگە لە بێخودی شاعیر و شێخ محمەدی خاڵ مەلاکانی دیکە بەداخەوە لێی تێنگەیشتون ئەگین ئەبوو ئەو هەوڵەی ئەو ببێتە بناغەیەکی گرینگی پەروەردە و فێرکردن یان لانی کەم لەبواری خویندنی ئایینیدا لە ناو کورددا.

دووانەی شەرع و یاسا :

مستەفا زەڵمی هەردەم پرسیاری ئەوەی هەبووە  ئاخۆ بۆچی مەلای کورد دوای ئەو چەند ساڵە لە خوێندنی دەرسی ئایینی و دوانزە عیلمەکە نابنە لێکۆڵەرێکی باش لە زانستە ئیسلامییەکاندا و بۆچی توانای ئەوەیان نابێ تێگەیشتنی سەربەخۆیان بۆ دەقەکان هەبێ. هەر خودی جورئەتکردنی پرسیارێکی لەو جۆرە بۆ ئەو رۆژگار و سەردەمە، گرینگیی مەعریفی و زانستیی خۆی هەیە. پاش ئەوەی لە سەردەمی فەقیەتیدا هەردەم عەوداڵی ئەوە بووە لای ئەم مەلا بگوازێتەوە لای مەلایەکی دی لەپێناو وەدەستخستنی زانیاری زۆرتر و تۆکمە تر ئیتر ئەگەرچی ئەمە بوبێتە هۆی زەحمەتی و ناڕەحەتی ژیان  بەڵام ئەمە رێک بەپێچەوانەی زۆربەی فێرخوازانی دیکە بووە  کە خۆشگوزەرانی و  رەحەتی وەدەستخستنی زانیاری بەلایانەوە گرینگ بووە. زەڵمی پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دەتوانێ لە تاقیکردنەوەی ناوەندی و  شەشی ئامادەیی ئێوارن بەشدار بێ و بە پلەیەکی زۆر باش ئەو قۆناغە ببڕێ و لە زانکۆی بەغدا کۆلیژی یاسا وەربگیرێ. ئیدی ئەو فرسەتەی بۆی هەڵکەوت لەدەستی نەدا ئەگەرچی تەمەن و ژیانی کەمتر لوا بوو بۆ خویندنی ئەکادیمی و بەشێوەیەکی نەبڕواوە و نەپچران توانی هەموو قۆناغە زانستیەکان ببڕی، بە تەواوکردنی سێ بڕوا نامەی ماستەر و دوو دکتۆرا لە بواری زانستی یاسا و پێوەندی نێوان شەرع و یاساکان. گرینگی ئەم پیاوە لەوەدا بوو کە هەروەک مەلا و زەمانی فەقیەتیەکەی و خوێندنی شەرع  کەچی لە خوێندنی یاساشدا هەردەم پرسیاری هەبوو بە بڕێک زانست دانەمرکاوە، لەم زانکۆ دەچوو بۆ ئەو زانکۆ بۆ زانینی زۆرتر و وەدەستخستنی علمی زیاتر، پێێکی لە قاهرە و یەکێکی لە بەغدا دەبێ و ئامادەی هەموو تاڵی و سەختێکی ژیان دەبێ لەپێناو زانستدا. ئەو ئەگەرچی هەرزوو دەیتوانی لەپاڵ شەهادەی یەکەمی نانێکی باش و ئیسراحەت بخوا کە بۆ ئەوکاتەی عێراق ئەو بڕوانامەیە کە لە ئەزهەر و قاهیرە وەدەست هاتبێ گرینگی خۆی بووە و کەم بوون. بەڵام ئەو نەسرەوتانە عەوداڵی زانست  و فێربوون بووە. بەجۆرێ ئەم هەوڵی فێربوونە هەگبەکەی زەڵمی پڕ دەکا و دید و بۆچونی دەکرێتەوە. هەر وەک خۆی باس دەکا، لەکاتی وانە وتنەوە لەزانکۆکاندا و سەرپەرشتیکردنی نامەی ماستەر و دکتۆرا،  لەهەرجێیەک هەستی بە فەراغێکی زانستی کردبێ لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوە و کتێبێکی لەسەر داناوە، لەبری ئەوەی هەر تەقلید و کتێبە دوبارەکان بڵێتەوە. چونکە توانستی زانستی ئەو گەشتبویە شوێنێک کە جورئەتی ئەوە بکا دەست بەرێت بۆ نەبراوەکان و ئەوانەی لای شارەزایانی بواری شەرع و یاسا بڤە بوون. زەڵمی پێمان دەڵێ؛ راستە من  لە خویندنی شەرع هیچ فێر نەبووم کە بەسود بێ بۆ ژیانی خۆم و کۆمەڵگەکەم لەکاتی خۆیدا  بەڵام دواتر لە زانکۆ مێشکم پژا و ئەو دانراوەنەی دامنا بەهۆی ئەو زانستانە بوون لە فەقیەتیدا خوێندبوومن. واتە ئەو چوویە ئەو شوێنەی کە زانستی شەرع و یاسا موتربە بەکا بە ئەزموون و تێگەیشتنی خۆی.

رۆحی کوردبوونەکەی :

راستە مستەفا زەڵمی بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی نەینووسیوە؛ جگە لە کتێبی کاروانی ژیانم کە دووبەرگە و ساڵی ٢٠١٤ چاپ بووە من ئاگادار نیم هیچ بەرهەمێکی بە کوردیی نووسیبێ. بەڵام ئەگەر بڕیار بێ بەتەنیا لەبەر بە کوردی نە نووسین فەیلەسووفێک یا بیریارێک لە کورد دوورخەینەوە ئەوا دەبێ چەندانی وەک ئەبوو حەنیفەی دینەوەری و سەیفەدینی ئامێدی و سەهرەوەردی وشەمسەدینی شارەزوری و  ئیبن ئادەمی کوردی و چەندانی دیکە لە کوردبوون دەربکەین. ئەمانە ئەگەرچی بەکوردی نەیانووسیوە ئیتر بەهەر هۆیەک بێ، یاخود لەبەر ئەوەی هەندێك لەمانە ئەوکات نووسینی کوردی بەمشێوەیە نەبووە، بەڵام دەکرێ بەڕۆحەکایاندا وەک کورد بناسرێن. بۆ دۆزینەوەی ئەو رۆحە کوردیە دەبێ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ژیانی هەریەکە لەمانە بکرێ. رۆحی کوردی مستەفا زەڵمی دەکرێ لەچەندان رووەوە بناسرێ وئەم رۆحە  لەکار و نووسینەکانیدا بدۆزرێتەوە. من لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە بە سێ رەهەندی ئەو رۆحە دەدەم لێرەدا. یەکێک لەو خەسڵەتانەی زەڵمی هەیبوە و بەدرێژای ژیانی ئەوی پێ دەناسرێتەوە مەسەلەی پشوو درێژی بووە بۆ خویندن و فێربوون. ئەم خەسڵەتە لەرۆحی هەورامیەکەیدایە، بێ ماندوو بوون و بۆڵە بۆڵ و کاوەخۆ هەوڵیداوە، وەک چۆن بابای هەورامی دەستوپەنجەی لەگەڵ سروشتی سەختی هەورامان نەرم کردوە و شاخ و دۆڵی سەختی کردوە بە شوێنی ژیان، ئاوهاش ئەم کاری کردوە و هەوڵیداوە بێ گوێدانە سەختیەکانی ژیان. ڕێک وەک لالۆی هەجیجی کە دەیان کیلۆمەتری بەپێ بڕیوە بۆ فرۆشتنی کاری دەستی و سەفەری دەیان شەو و رۆژی کردوە بۆ نان پەیداکردن بێ ئەوەی خرتەو بۆڵە بکا. هەموان شاهیدی روخۆشی و قسەخۆشی نەرمونیانی هەجیجیەکانین کە لەپاڵ سەختی ژیانیان ناڕەحتی پیشەکەیان کەچی هەر ئارامگر بوون. خەسڵەتیکی دیکە ، مەسەلەی سەلیقەسازی مستەفا زەڵمیە، کە ئەویش لە هەورامانەوە بۆی ماوەتەوە. هەروەک چۆن هەورامی و زەڵمیەکان لە تەڵان دروستکردن و باخداری و بیناسازیدا دەست رەنگین و بە سەلیقەن ئاوهاش زەڵمی لەبواری خۆیدا بە سەلیقەوە بە تۆنەکانی فکری شەریعەت و یاسادا هەڵزینەوە  و ئەمبەرو ئەوبەری کردوە و هەڵێنجاندن و دەرهێنانی زانستی کردوە. دواجار مستەفا زەڵمی حاڵەتیکی تەسەوف و  زوهد و دونیا نەویستی تێدا بووە، دونیا نەویستی بەومانایە کە لەبەر پلەو پایە و نانی چەور واز لە مەبادئی و ئامانجەکانی بهێنێ. رێک ئەمەش لە هەورامیەکانەوە بۆی ماوەتەوە، ئاخر هەروا لەخۆوە نەبووە تەریقەتەکەی مەولانا لە هەورامان گیرساوەتەوە. هەورامیەکان بە سروشت خەڵکی خاکی و خۆنەویست و ئەهلی عرفانن. نەکەوتنە ژێر موغریاتی دونیا و پاروی چەور هەردەم یەکێک بووە لەسیفەتەکانی زەڵمی و زۆرجار هەلی باشی بۆ هەڵکەوتوە کە پلەو پایەی هەبێ بەڵام لەبەرخاتری زانست و سەربەخۆیی زانستی رەتیکردوەتەوە.

 

تێبینی/ بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە کتێبی کاروانی ژیانم، مستەفا زەڵمی وەرگیراوە. هەروەها سوود لە دیدارەکانی مستەفا زەڵمی و زانیاریی دەستی یەک لەلایەن کەسوکار و نزیکەکانی زەڵمی خۆی، سەبارەت بە ژیانی مستەفا زەڵمی وەرگیراوە.

هێڵکاری بە واکۆم لەلایەن: ئازەر عوسمانەوە.

 

بڵاوکردنەوە: