پرسەی تۆ هەمان پرسەی من و ئەو نییە!

906
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بەیان سەلمان

 

مردن لەو هەقیقەتە ڕووتەدا کورت دەبێتەوە کە تواناکانمان وەک مرۆڤ، هەرچەندە زۆر گەورەش بن، هەر سنوورداون و بە شمشێری کات مەحکومن. ئەو دەمەی دەیشتوانین قبوڵی ئەوە بکەین، هەتا ڕادەیەک پرسەش بە بەشێک لەو هەقیقەتە وەردەگرین، کە ڕۆژێک دێت لە پێچەخەمەی ئەو پرسیارە وجودیانە دەرباز دەبین و بە روانەگەیەکی نوێوە مامەڵەی دەوروبەرمان دەکەین. مامەڵەی ئاژەڵ و گیانلەبری تریش لە پرسەگێڕان بۆیان هیچی لەوەی بۆ مرۆڤێک دەیگێڕین کەمتر نیە. لەبەر ئەو هۆیەش، پرسەی تۆ هەمان پرسەی من و ئەو نیە و زمانی ئاخافتن لە دۆخی پرسەدا هەمان زمان نیە. چونکو روانگەی تۆ بۆ پرسیارەکان، ئەوە ئەگەر پرسیاربن لەلای کەسەکە، هەمان ڕوانگەی ئەویتر نیە، لەبەر هەمان هۆ، چونکو پرسیارەکانی تۆ لەوەی من و ئەویش جودان.

پرسە لە خودی خۆیدا، هێندەی کارەساتێکە دابڕانی کەسێکی ئازیز و خۆشەویستی لەدوادایە، دوو هێندەش ساتەوەختێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ قەیرانە. لە هەموو دنیادا قۆناغی پرسەگێڕان بە پێنج قۆناغ پێناسەی دەکرێت. سەرەتا لەمەر ئەو قۆناغانە دەوەستم، پاشان دێمەوە سەر لایەنە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکەی بەتایبەتی و لایەنە سیاسی و ئاینی و ئابووریەکەی بەگشتی، ئەوجا تاوتوێی ئەو لایەنانە دەکەین.

قۆناغەکانی پرسەگێڕان:

 قۆناغی شۆک: زۆر بەسادەیی لەم قۆناغەدا قبوڵنەکردنی کۆچی مردووەکە و ڕەتکردنەوەی مردنێتی؛ وێرای ئەوەی کەسەکە لەناو گەرمەی پرسەگێڕانە لەگەڵ کەسوکاری، بەڵام هێشتا بەتەواویی ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی ئازیزەکەت لەلا نەبووە بە ڕاستییەک. لێرەدا وێنەی کەسی کۆچکردوو لە نێوان پێش و پاش مردنی دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ قبوڵنەکردنی کۆچکردنەکەی. جەستەی کەسی زیندوی پێشوو، بەرابەر بە لاشەی سارد و سڕی هەنوکە دەبێتە وێنەیەکی ترسناک کە ڕیگرە لەوەی رازیبین بە ماڵائاوایی. ئەم قۆناغە بەوەی زۆر کورتە، بەڵام زۆر کاریگەرە لە تێگەیشتنی دەوروبەرت. زۆربەی کات کەس ناتوانێت لێی تێبگات. هەموو دووبارەی دەکەنەوە: تووشکی شۆک بووم… کە بیستم بڕوام نەکرد، هتد. ئەم بڕوانەکردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەک بڵێی دەبوو مۆڵەتێک هەبێت تاکو جەستەی زیندوو ماڵئاوای بکات و ئەوجا لەگەڵ دەوروبەریدا دابڕێت، واتە بەیەکجاری کۆچ بکات و بەو جۆرە کۆتایی بە پەڕەکانی ژیانی بهێنێت. ئەوەش لە سەرەتادا قبوڵکردنی قورسە.

قۆناغی توڕەبوون: ئەوەی ئازیزەکەی لەدەست دەدات، هەست بە خیانەت دەکات. بەجێهێشتنی ئەو بۆ ئەم وەک خیانەتێکە لە خودی گرێبەستێک، چونکە وێنەیەکە لە گرێبەست، هەر وەک ئەوەی لە نێوان هاوسەراندا هەیە. لێرەشدا پلەی ئەو هەستکردنە بە خیانەت زۆر جودایە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی. لە دۆخی زۆر توندڕەویدا کەسەکان هەموو مافێکی شەرعی بەخۆیان دەدەن لە ئاست کەسانی تری نێو هەمان خێزان توندوتیژ بن؛ هەندێجار بەئاگاوە و هەندێجار بێئاگایانە، ئازاریان پێشێل دەکەن و تەنها ماف بەخۆیان دەدەن ببنە خاوەنی پرسە. لێرەشدا دەیان بەهانە ڕاست دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئەو تووڕەبوون و توندوتیژییە بهێننەوە و شەرعییەتی پێ بدەن. زۆرکات گوێمان لێ دەبێت کە کەسوکاری ژنێک بەمردنی مێردەکەی دەڵێن: ”لە کچەکەمان قەوما”! ئەو قەومانە ڕێژەیەکە تەنها لەلای کەسوکاری ژنەکەیە، چونکو پێوەرێکی کۆمەڵایەتی لە پشتە. تەنانەت لێرەشدا کاتێ پێوەرەکە بۆ کچی خۆیانە، بەڵام بۆ بوکەکەیان قبوڵی ناکەن و هەر خۆیان بە کۆسکەوتو دادەنێن! ئەم گەمەی دووفاقییە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی زۆر باوە. خاوەندارێتی هەستی راستەقینە بۆ کۆچکردووەکە تەنها لە گۆشەنیگایەکی بەرتەسک وێناکراوە و پەیڕەو دەکرێت. ئازاری ویژدان جۆرێکی تری توندوتیژییە کە کەسەکە ئاراستەی خۆی دەکات. هەندێجار ئەمەیان پەیوەستە بە هەستی ئازادبوون لە ئاکامی رزگاربوونی کۆچکردووەکە لە ئازارێک کە لەوانەیە بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندە بە توندی دەیچێژی؛ هەندێجاریش بێ هیچ هۆیەک کەسەکان لە دوای مردنی ئازیزەکانیان تووشی ئازاری ویژدان دەبن، لە ئاکامی هەڵوێستێک کە ڕێگرییەک هەبووە بەرامبەر بە کۆچکردوەکە و پێی هەڵنەساون. لە هەندێ دۆخیشدا. کێشەی ئەو جۆرە هەستکردنەش لەوەدایە کە هەستێکی نادروستە و نەدەکرا بێتەدی. چونکو مرۆڤ هەر مرۆڤە بە هەموو باشی و خراپی، زۆر ئاساییە کە هەموو کەسێک بەو هەستە توندتوتیژانەدا تێپەڕێت. هەموو ئەوانە بەدەر نین لە هەستێکی جەستەییش بە ماندووبوون و نەبوونی وزە بۆ هەڵسوڕانی کاری ڕۆژانە، ئەوەش دیسان دەبێتە بابەتێکی خەمۆکی لەلای کەسەکان.

قۆناغی گەڕانەوە بەرەو دواوە: کەسی پرسەگێڕ بەهیوایە زەمەن بگەڕێتەوە دواوە و بتوانێت لەڕێگای چاکەکاریی، لە خودا و لە گێتی و هەرچ هێزێکی تر کە بڕوای پێیەتی بپاڕێتەوە تاکو کەسەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە. لێرەشدا ڕۆڵی پەشیمانی و لێوگەستن دێتە ئارا. کەسانی پرسەگێڕ لە نیو خۆیاندا، یان ئەوەتا پەشیمانن لەوەی: دەبوو ئەوە یان ئەمە بکەن… واتە پێش ئەوەی کەسەکە بمرێت داخوازییەکی بۆ بەجێ بهێنن؛ یاخود ئەگەر بۆیان لوا کەسانی تر توومەتبار بکەن بەوەی ئەوەی نەکرد و ئەوەی نەکرد… بۆ ئەوەی دڵی خۆیان ئاسوودە بێت. لە هەردوو دۆخدا پرسەگێڕەکان بەرەو دەرگایەکی داخراو دەچن، چونکو کێشە لەو ئەزموونە تاقانەیەی پرسەدایە کە هەر یەکێک بەپێی کولتوور، ئایین، ڕادەی هۆش و بیرکردنەوەی…پرسەی خۆی دەگێڕێت و بە دەگمەن دەوروبەر لێی تێدەگەن.

قۆناغی غەمگینی: لێرەدا کە لە قۆناغەکانی پێشوودا پرسەگێران هیچیان بەهیچ نەکرد، دەچنەناو دۆخێکی غەمگینی هەرە گەورە، هەتا ڕادەیەک بە بیرۆکەی دڵسۆزی بۆ کۆچکردووەکە خۆیان دەبستنەوە. ئیدی خۆیان بۆ غەم و خەفەت بەجێ دەهێڵن. ڕێگا بە دەربڕینی ناواخنیان دەدەن تاکو بتوانن سارێژی ئەو برینە گەورەیە بکەن. لەگەڵیشیدا ترس لە داهاتوو جێی خۆی بۆ ناخیان دەدۆزێتەوە و دەکەونە ناو پرسیاری ئەوەی: ئایا بەو هەموو ئازارەوە دەتوانن لە ژیاندا بەردەوام بن؟ یاخود چۆن بتوانن بەردەوام بن و ئەو کەسە لە ژیانیاندا نەماوە! واتە لێرەدا هەستکردن بەوەی ناپاکیی دەکەن لە ئاست کۆچکردووەکە زۆر توندوتیژە.  

قۆناغی قبوڵکردن: دوای ئەوەی پرسەگێرەکان هەموو ئەو قۆناغانەیان بڕی، ئەوجا وردە وردە، بەناچاریی، قوبڵی مردنی کەسەکە دەکەن. لێرەوە ئیتر قۆناغی ساڕێژکردنی برینیش دەست پێ دەکات هەتا بەتەواویی ڕۆژانەی ئاسایی بەسەر ژیانیدا زاڵ دەبێت و خودی چوونە سەر قەبران دەبێتە تەنها ڕێزلێنان و نەریتێک.

 

بەدەر لەو قۆناغانە، وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، پرسەگێڕان چەند لایەنێکی هەیە، لەلای ڕۆژهەڵاتیەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە کۆمەڵی کوردەواری.

لە ڕووی دەروونی

لە ئاکامی ئەو دابڕانە، پەیوەندییەکی پڕ هەست و سۆز لە نێوان کەسەکاندا دەپچڕێت. ئیدی قبوڵی ونبوونی کەسەکە ناکەن تەنانەت دوای ساڵانێکی زۆریش کە بەسەر کۆچی کەسەکەدا تێپەڕیوە. بەڵام گەورەترین کێشەی مرۆڤ، بەتایبەتی لە نێوان کەسە نزیکەکانی کۆچکردووەکە، لە نەبوونی تێگەیشتنە بۆ مردن و پرسی وجودی نەمانی کەسەکەیە. ئەگەر خودی مردن ئەزموونێکی تاکەکەسییە، گێڕانی پرسەش هەمان ئەزموونی تاکەکەسێکە، وێڕای هاودەمی و هاوخەمی دەوروبەری، مەرج نیە هیچ کەسێکی تر لێی تێبگات. ئەو خاوەن پرسەیەی لە سروشتیدا بەهای ژیان زۆر گەورە بێت، هێندەش مردنی کەسەکانی بەلاوە سەختترە. چونکو لێرەدا کەسەکە هۆشی بە هەقیقەتی مردن هەیە، دەزانێت کە ڕۆژێک دێت ئەویش دەمرێت، بەڵام ناتوانێت ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات کە زۆر زوو مردنەکە هات. لە دۆخی پرسەیشدا پرسەگێڕ، پرسیارێکی لەلا دەوروژێت، کە هێشتا کاتی ئەو نەهاتووە بۆ ماڵئاوایی. بەو شێوەیەش خودی مردنی خۆمان دوا دەخەین. ئەو بیرۆەکەیە لە کۆنسێپتی (لیڤیناس)، لەو وێنەیە کورت دەبێتەوە کە ”(…) کاتێک بۆ ماڵئاوای هەیە، بەڵام دواخراوە (تاجیل کراوە). ئاگایی دوایین سات لە ژیاندا لە خودی خۆیدا کات و دۆخێک دادەهێنێت، ئیدی کات وەک دواخستن دەردەکەوێت. بەو جۆرە هەمان کۆجیتۆکەی (دیکارت) جێگۆڕکێی پێ دەکەین ”من بیر دەکەمەوە، واتە دەزانم کە دەمرم”.[1]

هیچ پرسەیەکیش وەک پرسەیەکی تر نیە. پلەی نزیکی و خۆشەویستیی کەسە و جۆری پەیوەندنییەکەیان ڕادەی برینەکە قوڵتر دەکات و درەنگتر لێی دەرەچن. کە دەشڵێین دەرچوون، ناکاتە لەبیرچوونەوە، چونکوو هەردەمێک وێنە و یادگاری و ئامرازێکی پەیوەند بە کەسەکە بێتە ئارا، ئازارەکە بە هەمان پلەی یەکەم شۆک و یەکەم ئازاری بیستنی مردنی کەسەکە زیندودەبێتەوە. لەتەک هەموو ئەوە، پرسەگێران تەنها لە یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ کورت ناکرێتەوە، بەڵكو پرۆسەیەکی درێژخایەنە، لەم پرۆسەیەشدا ڕۆژی ”باش”و ڕۆژی ”خراپ” هەیە. بەو واتاییەی دەکڕێ هێشتا لەناو پرسەکەدابن، بەڵام بۆ کەمێک لەبیریان بچێت، یاخود بتوانن بەهۆی فاکتەرێکی دەرەکی دڵخۆشکەر بەسەریدا زاڵبن. لە هەردوو باردا هیچ لەوە ناگۆڕێت کە دۆخێکی کاتییە و هەر دەبێ بە قۆناغەکاندا ڕەت بن تاکو قبوڵی ئەو دابڕانە بکەن و هەست و سۆزیان ”سروشتی ئاساییان” بۆ دەگەڕێتەوە. کلیلی چارەسەریش لەو قبوڵکردنەدایە، چونکو هەتا نەگەنە ئەو قۆناغە درەنگتر ئازارەکانیان سارێژ دەبن.

لە ڕووی کۆمەڵایەتی

پرسە، کێشەی کۆمەڵایەتی زەق دەکاتەوە، یاخود کەمی دەکاتەوە، یان بەتەواویی دەیسڕێتەوە؟ پرسەی پیاو جودایە لەوەی ژن؟

لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا پرسەگێڕانی ژنان جودایە لەوەی پیاوان. نەریتی کۆمەڵایەتی هانی ژن دەدات، بەگەشتی، هەستەکانی دەربڕێت و تەنانەت داوای یارمەتیش بکات. لە نەریتی پێشووی کۆمەڵی کوردەواریدا، لاوانەوە و شیوەنی ژنان بەشێک بوو لەڕێوڕەسمی پرسەگێڕان. ئەو جۆرە دەربڕینەی هەتا ڕادەیەک توندوتیژ دەرەکەوێت وێنەیەکی قوڵە لە دەربڕینی ئەو ئازارە گەورەیەی دابڕانی لەگەڵ مردووەکە. دیارە ئەم نەریتە زۆر کۆنە و لەسەردەمە دێرینەکانەوە گەیشتۆتە ئێمە. بەبڕوای من یەکێکە لە حاڵەتە مرۆییە هەرە گەورەکان کە دەیکەنە جێی رەخنە و قەدەغەکردن، بەتایبەتی لەڕووی ئایینیەوە. چونکو لە شیوەندا وێنە هەمەجۆرەکانی کەسی ونبوو لەبەر چاو، کۆچکردووەکە؛ لەڕووی وجودییەوە دێتەئارا. بەکارهێنان و وتنەوەی وشەکانی نێو لاوانەوە و شیوەن دەبنەوە بە ژیاننامەیەکی چڕ سەبارەت بە مردووەکە. لەلایان وەک جۆرە زیندوکردنەوەیەکە و ئارامییان پێ دەبەخشێت.

بۆ پیاوانیش بەپێچەوانەوە، کۆمەڵ هانیان دەدات هەستیان خەفە بکەن، ئەمەش ئازارەکەیان قوڵتر دەکات. بێجگە لەوەی پرسەی کەسێکی گەنج هەمان پرسە نیە بۆ کەسێکی بەتەمەن. هەروەها مردنی لەناکاوی کەسێک هەمان مردنی کەسێک نیە بە نەخۆشی و لە دۆخی ئەمڕۆکە بە پەتای کۆرۆنا کەسانێکی زۆر ژیانیان لەدەست دەدەن.

لە کۆمەڵی کوردەواریدا، زۆربەی کات کێشە لە نێوان کەسەکانی یەک خێزان و هاوڕێیانی کۆچکردووەکە دروست دەبێت. کێشەگەلێک تەواو پەیوەندی بە خودی پرسەکەوە نیە، بەڵکو بەسەیرکردنی ئەویترە بۆ کەسێکی تر، کە وەک ئەو هەمان پرسەگێڕە، بەڵام لە بۆچوونی خۆیەوە حوکمی ئەویتر دەدات کە پرسەکەی بەهەمان شێوەی ئەو نەگێڕاوە. ئەو جۆرە بۆچوونانە لە ناتێگەیشتنێکی گەورەوە بەرهەم هاتووە سەبارەت بەو پرۆسەی پرسەگێڕانە؛ کە لەلایەکەوە نمایشێکی کۆمەڵایەتیە، لەلایەکەوە دەربڕینێکی شەخسییە، واتە هەر کەسێک بە شێوەی خۆی هەوڵ دەدات لە ئازاری ئەو دابڕانە دەربچێت و بە زووترین کات لێی دەربچێت. لە کاتێکدا زۆرینە داوات لێ دەکەن تێیدا بمێنییەوە. ئەمەشیان بۆ ئەو لایەنی ناتێگەیشتنە دەگەڕێتەوە سەبارەت بە بۆچوونی دڵسۆزی بۆ کەسی کۆچکردوو. دیارە کەسانێک لە بۆچوونی خۆیانەوە بۆ واتای دڵسۆزی، وا تێدەگەن کە کەسی دڵسۆز هەرگیز لە پرسە دەرناچێت و کۆچکردووەکەی لەبیر ناچێت، بەڵام هەموو کەسێکیش دەزانێت ئەوە پابەندە بە تێپەڕبوونی کات. مرۆڤە ژیرەکان ناکەونە ناو پێچەخەمەی ئەو جۆرە بیروڕایە، چونکو بە تێپەڕینی کات و هاتنی ڕووداوی تر، تەنانەت مەرج نیە مردنیش بێت، بەڵام لەوانەیە زۆر ڕووداوی دڵتەزێنتر بن لەوەی پێشوو، ئیدی دۆخی پرسەی یەکەم بە تەواویی دەگۆڕێت بۆ پلەی دوو. بێگومان ئەوە ناکاتە لەبیرکردن و پەراوێزخستنی کۆچکردوو.

دەکرێ بڵێین، هەموو ئەزموونێکی پرسەگێڕان شەرعییە. لەبەر ئەوەی هەر کەس لە بۆچوونی خۆیەوە پرسەگێڕانی ئەو لە هەمووان بەڕاستتر دەزانێت. زۆر چوونە سەر گۆڕی کەسەکە، هەڵواسینی وێنەکەی، باسکردنی کردەوە و یادگارییەکانی… ئێستا مۆدەی دەرخستنی ئاستی ئەو خۆشەویستییە بە ڕادەی نمایشکردنی وێنەکانێتی لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان! ئەوانە هەمووی شەرعیین! بەڵام ئەی ئەزموونی پرسەی تایبەت؟ کاتێک کەسێک تەنانەت ڕازی نیە لەبەر ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆر گەورە بۆ ئەو کەسەی بەجێهێشتوون پرسەی بۆ بگێڕێت. ئەمەیان قوڵترە؟ یان ئەوەی بە ڕەشپۆشی چەند ڕۆژێک و لەوانەیە چەند هەفتەیەک و بگرە چەند مانگێکیش، وتەی سوواو دووبارە دەکەنەوە بێ ئەوەی بایەخێکی وجودیی گەورەی لەلا بەجێهێشتبن؟

پرسە بەڕاستی ئەزموونێکی تاقانەیە تەنها کەسی پرسەگێر خۆی لێ تێدەگات و بەلایشیەوە گرنگ نیە چۆن ئەوانی دی تەماشای دەکەن. چونکو گەورەیی ئەو ئازارە و ستەمیی زاڵبوون بەسەریدا هەموو ئەو ساتە پووچانە بەدرۆ دەخاتەوە کە لەناو پرسەیەکی نمایشئامێزی کۆمەڵایەتی بەڕێ دەکرێت.

 لە ڕووی ئایینی:

لەدێرزەمانەوە، سەرجەمی مرۆڤایەتی بایەخی بە ڕێورەسمی پرسەگێڕان داوە. لە ڕووی ئایینەوە، بەدەر لەوەی کەسەکە بڕوادار یان بێ بڕوا بووە، ئەو جۆرە ڕێوڕەسمانە گرنگیی خۆیان هەیە بۆ دڵدانەوەی کەسەکانی کۆچکردووەکە. پێشکەشکردنی پرسەنامە و وەستان لەگەڵ کەسوکاری کۆچکردووەکە بەشێکە لەبەڕێکردنی ئەو هەستکردنە بە ئازار و ڕێزگرتن لە ڕابردووی. ئەوانەی زۆر باش لەوە تێگەیشتوون پشت ناکەنە ئەو ڕێوڕەسمە ئایینیانە، چونکو لەسەرێکەوە ڕووکەشی نەریتێکی پێ ئەنجام دەدەن و گەردنیانی پێ ئازا دەکەن؛ لەسەرێکیشەوە بە بڕوای خۆیان ڕێگا بۆ لێخۆشبوونی پەروەردگار لە کۆچکردووەکە ئاسان دەکەنەوە. ئەوانەی لەو دۆخانە تێدەگەن، ئامادەبوونێکی وەبەرچاویان لەو ڕۆژانەدا هەیە و توانایەکی پڕ وزەیان هەیە لە ڕاگرتنی هەستی کەسانی خاوەن پرسەکە. ئەم لایەنی ئایینە تەنانەت لە ڕۆژئاواش پەیڕەو دەکرێت و بایەخێکی گەورەی پێ دەدەن.

ڕوویەکی رەخنەگرانەش لە ئایین، سەبارەت بە پرسەگرتنی کەسانێکە کە خۆیان کوشتووە. ئایین دانیشتن و پرسەگێڕانی بۆ ئەو کەسانە قەدەغە کردووە. ئەم دۆخە تایبەتە وا دەکات، خاوەنی پرسە، بێجگە لەبارگرانی دەروونی، شەرمەزاری کۆمەڵایەتی، ئەوەیشی دێتەسەر کە نابێت پرسە بۆ کەسێک بگێڕن خۆی کوشتووە، واتە خۆی هەڵقورتاندوەتە نێو چارەنووسی لە کاتێکدا ژیان و مردن تەنها لەدەسەڵاتی یەزدانە. ئەم دۆخە بەتایبەتی بۆ ژنێک خۆی کوشتبێت، بە قورستر دەکەوێتەوە. چونکو لەلایەکەوە کۆمەڵ و ڕەوشت دژێتی و لەلایەکەوە ئایین هانی کەسوکاری دەدات پرسەی بۆ نەگرن، یان هیچ نەبێت بە شاراوەیی بەڕێوە بچێت.

لە ڕووی ئابووری:

یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی بەرەوڕووی خاوەن پرسە دەبێتەوە، نەبوونییە لە کاتی گێڕانی پرسەکە. نەریتی کۆمەڵگا داوات لێ دەکات بە باشترین شێوە ڕۆژانی پرسە بەڕێوە بچێت. لە کوردستان، بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا، دەبوو وێڕای نەداری سێ ڕۆژ پرسە لە نێوان ڕێزگرتن لە نەریت و ناوی مردووەکە خواردن و چا و قاوە بۆ خزم و دراوسێ و ناسیاو ئامادە بکرێت و ئەوانەی لە دوورەوە هاتوون لە ماڵی خاوەن پرسەکە بمێننەوە. بێجگە لە خەرجی کڕینی گۆڕ و هەڵگتنی. پاشان لە ڕۆژی چلەی مردووەکە، دیسان ڕۆژێکی دی لە ڕێوڕەسم بەڕێوە بچێت. دۆخی ئابووری دووهێندە غەم دەخاتە سەر کەسانی خاوەن پرسەکە، چونکو لەلایەکەوە نەبوونی و لەلایەکەوە هەڵگرتنی باری غەم کە هێشتا لە سەرەتای قۆناغەکانی یەکەمدایە. دیارە سەردەمانی پێشوو ئەوەش هەبوو کە ماڵانی دراوسێ سینییەک خواردنیان ئامادە دەکرد بۆ پشتگیری لەو کەسانەی خاوەن پرسەکەن، بەڵام ئەوەش بەشێکە لە نەریت و لەگەڵ کاتدا ئەوەش نەما.

لە ڕووی سیاسی:

بابەتی سیاسەت لە بەڕیوەچوونی پرسە زۆر گرنگ و تایبەتە. بەگەڕانەوە بۆ ساڵانی حوکمڕانی بەعسیەکان، هەموو پرسەیەکی ”ئاسایی” دەبووە پرسەیەکی تایبەت بە کەسێک کە پێشتر لە سێدارە دراوە و لەلایەن ڕژێمەوە کوژراوە و بێسەروشوێن بووە. لەبەر ئەوەی سەرجەمی ئەو کەسانەی بە دەستی ڕژێم کوژرابوون پرسەگێران بۆیان قەدەغە بوو، بێجگەلەوەی دەبوو بڕی تێچوونی هێنانەوەی تەرمەکەی، زۆربەی کات لە موسڵ و بەغداوە، لەئەستۆی کەسوکاری کوژراوەکە بێت. ئەو جۆرە پرسە نهێنیە زۆر توندوتیژە، چونکو لەلایەکەوە دەبێ دەنگ دەرنەچێت، کەسانی نزیک و دراوسێ بە نهێنی بچن و پرسەی خۆیان ئاراستەی ئەو ماڵە بکەن. تەنانەت وێنەی کەسەکە بە تولێکی ڕەش دادەپۆشرا، ئیدی لە نێوان مردنی و نەمری لە خەیاڵدانی کەسەکانی تەنها سێبەرێکی ئەو وێنەیە لەسەر دیوارێک دەمێنێتەوە.

دواجار:

کەسی کۆچکردوو، هەرچەندە بە رەنگێکی ئیدیاڵ و دوور لە کەموکوڕی یادی دەهێندرێتە پێشێ، بەڵام ئەو ئیدیاڵکردنە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە پرسە چەند دەرگایەک لەسەر هزری مرۆڤ دەکاتەوە، ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوانتر دەکات و ئاسانکاری دەکات لە تێگەیشتنمان بۆ مردن. پرسەگێڕانی کەسێکی خاوەن فیکر، روانگەی نوێی بۆ دەکاتەوە بەسەر پرسی گەورە و وەک لایەنێکی روحی بۆ تێرکردنی هەست و سۆزی، بەشێوەیەکی لۆجیکی ئەو پرسەی خۆی دەگێڕێت، بەڵام بە کاوەخۆی و بەریتمێکی تایبەت پرسەکەی ئەنجام دەدات.

 

بەسوودوەرگرتن لەم سەرچاوانە:

– ARIÈS Philippe, L’homme devant la mort 2. La mort ensauvagée, Paris, Le Seuil, 1985.

– CAREAU, F. (2002). La question des valeurs dans Totalité et infini de Lévinas.
Horizons philosophiques, 12(2), 33–44. https://doi.org/10.7202/801206ar.

– LÉVINAS, Emmanuel, Totalité et infini : essai sur l’extériorité, La
Haye, Martinus Nijhof, (1961) deuxième édition 1965.

https://fr.inmemori.com/deuil/etapes-du-deuil

[1] Careau, F. (2002). La question des valeurs dans Totalité et infini de Lévinas.
Horizons philosophiques, 12(2), 33–44. https://doi.org/10.7202/801206ar.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: