قەشە یووسف پەری

989
0
بڵاوکردنەوە:

فریشتەی نیشتمان و کریستیانیزم

ئالان پەری

پەری، ناوی داپیرەی بووە، واتا دایکی باوکی قەشە یووسف پەری، ژنێکی لەڕادەبەدەر جوان ‌و قەشەنگ بووە، بەڵام کوێر بووە، بەو کوێرییەوە توانوییەتی خۆی ‌و منداڵەکانی بەدروستکردنی شەراب بەخێو بکات.

ناسنامە

یووسف پەری، کوڕی سلێمان حەننا-یە، لە شاری کۆیە لە ساڵی ١٩٣٧ لەدایک بووە. لەدوای تەواوکردنی پۆلی شەشی سەرەتایی لە خوێندنگەی لاهووت لە مووسڵ، دوانزدە ساڵ خوێندنی لاهووتی مەسیحیی دەخوێنێت و لەوێ جگە لە پەروەردەی مەسیحی، چەندان زمانی دیكە فێر دەبێت، لەوانە لاتینی و ئیتاڵی. لە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو، دەبێتە قەشەی کەنیسەی کلدانیی سلێمانی و هەتا ساڵانی حەفتا لەو کەنیسەیە دەستبەكار دەبێت و هەر لەو کاتانەدا وێڕای ئەوەی وەک قەشەیەک دەست بە کاری چالاکیی سیاسی دەکات و دەبێتە ئەندام ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی. لەدوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئەمنی بەعس، ڕاپێچی گرتووخانەی کەرکووک دەکرێت و دواتر لە ئەمنی بەغدا دەستبەسەر دەکرێت و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت و دواتر لەڕێی قەشە و مەترانەکانی کلدانی وەک ڕۆڵەیەکی مەسیحی ئازاد دەکرێت، بەمەرجی نەفیکردنی بۆ بەسڕە و دوای ماوەی ساڵێک دێتەوە بۆ سلێمانی. لەسەرەتای حەفتاکاندا بەرەو فەڕەنسا دەڕوات و لەوێ خوێندنی باڵای ماستەرپلانی شار بەدەست دەهێنێت. لە ڕۆژی ٦/١٢/٢٠٠٣ لەتەمەنی ٦٦ ساڵیدا لە پاریس، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی دەکات. لە وەسیەتەکەیدا داوای کردووە: لە پاش مردنی، تەرمەکەی بە ئاڵای کوردستان دابپۆشرێت ‌و ببرێتەوە بۆ سلێمانی و‌ لە گۆڕستانی کەنیسەی کلدانیی سلێمانی بەخاک بسپێردرێت.

هاتنی بۆ سلێمانی

سەبارەت بە هۆکاری هاتنی بنەماڵەی پەری بۆ سلێمانی، کاتێک لە شەستەکانی سەدەی ڕابردودا، قەشە یووسف پەری لەنێوان ساڵەکانی ١٩٦٢ تا ١٩٧٣ وەک قەشەی کەنیسەی کلدان لە سلێمانی دیاری دەکرێت، باوک‌ و دایکی ‌و دوو خوشک ‌و برایەکەی دێنە سلێمانی، چونکە بەپێی ئایینزای کلدانیی قەشە نابێت ژن بهێنێت، بۆیە زۆربەی ئەندامی خێزانەکەی لەگەڵی دێنە سلێمانی ‌و لەتەنیشت ماڵی کەنیسەی مەریم لەگەڕەکی گاوران لەسەر میلاکی کەنیسە خانوو بەکرێ دەگرن ‌و نیشتەجێ دەبن.

لەوێوە بەشداریی لە چەندان بۆنەی ئایینیی مەسیحی و ئیسلام و جووی کردووە، بێ جیاوازی و تێکەڵاوییەکی زۆری لە گەڵ مەلا موسڵمانەکانیش هەبووە. چەندان پێوەندیی کۆمەڵایەتی لەنێوان خێزانە مەسیحی و ئیسلام و جووەكاندا دروست کردووە و لە سایەیدا، تا ئێستەیش شوێنەواری ئەو پێوەنەدییە توندوتۆڵە بەدی دەکرێت. حەزی بۆ نیشتمان و زمان و ڕۆشنبیری بە شێوازێکی زۆر شارستانیانە مامەڵەی کردووە، لە کەنیسەی خۆی، چەند گەنجێکی کۆکردۆتەوە و دەستەی کۆرسی سروود و مۆسیقای دامەزراندووە، بە ڕابەرایەتیی مامۆستا ولیەم یۆحەننا و فەرید عیسا و ئەلبێرت عیسا کە دواتر دەبنە سێ کەسایتیی مۆسیقیی شاری سلێمانی و چەندان نەوەی تامەزرۆی مۆسیقا پێک دەهێنن، هەتا لەم دواییانەدا مامۆستا ولیەم یوحەننا تا لە ژیاندا مابوو، یەکەمین کەس بووە کە سروودی ئایینیی بە زمانی کوردی لە کەنیسەی کلدانی سلێمانی بوترێت. لە کاتی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە بۆ گێڕانی چەندان کۆڕ و سیمیناری ڕۆشنبیری بۆ گەنجانی شاری سلێمانی بێ جیاوازی و هەمیشە لە خەمی پێکەوە ژیان و تەباییدا هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە. هەروەها لە بواری وەرگێڕان و فەلسەفە و لاهووت و ئایینزانیی چەندان کاری هەبووە دیارترینیان وەرگێڕانی ئینجیلی پیرۆز بووە لە زمانی ئارامیی کۆن بۆ سەر زمانی کوردی بە یاوەری مامۆستا کەریم زەند و کتێبی ئەم وەرگێڕانەش توانی ببێتە براوەی باشترین کتێبی ئایینی لە کۆمەڵگای ئایینی مەسیحی لە لوبنان.

ناسناوی پەری

پەری، ناوی داپیرەی بووە، واتا دایکی باوکی قەشە یووسف پەری، ژنێکی لەڕادەبەدەر جوان ‌و قەشەنگ بووە، بەڵام کوێر بووە، بەو کوێرییەوە توانوییەتی خۆی ‌و منداڵەکانی بەدروستکردنی شەراب بەخێو بکات، ئەو ناوە وەک هێمایەک بۆ جوانی ئەو ژنەو سەرەڕای کوێرییەکەشی توانوییەتی ڕۆڵەکانی بەباشترین شێوە بەخێو بکات، لێرەوە ئەم ناسناوە بەسەر بنەماڵەکەیاندا دابڕاوە “ئێمە شانازی بەم ناوەوە دەکەین، لەبەرئەوەی سیمبولی بوێری‌و جوانی ‌و سووربوونە لەسەر بەردەوامی ‌و کۆڵنەدان‌ و سڵ نەکردنەوە لەئاست تەنگەژە و ئاستەنگییەکانی ژیان”. هەمان نازناوی پەری ئێستا بۆ نەوەی خوشک و براکانی بەجێهێشتووە و هەمیشە شانازی بە ناوی (پەری) دەکەن و هەوڵیان داوە هەمان ئابڕوو و جێی دەستی خۆیان دیار بێت لە نیوان کۆمەڵگەی کوردیدا.

پەری

کەسایەتییەکی پڕ کاریزما

قەشە یووسف کەسایەتییەکی پڕ کاریزما و قسەزان بووە و چەندان زمانی وەک لاتینی ‌و ئیتاڵی‌ و کوردی ‌و عەرەبی ‌و فەرەنسی ‌و سریانی زانیوە. قەشە یووسف پەری هەر لەسەردەمی باوک‌ و باپیرانییەوە بەپرسی کورد ئاشنا بووەو هەمیشە لەخەمی هاونیشتمانی خۆیدا بووە بۆ بەدەستهێنانی مافی ئازادی ‌و مانەوەی وەک هاوڵاتییەکی ئەو دەڤەرە، هەمیشە وتویەتی ”ڕاستە ئێمە مەسیحین، بەڵام هاونیشتمانیی کوردستانین ‌و نابێت وەک کەمایەتی سەیری خۆمان بکەین، هیچمان لەهاونیشتمانیانی تر کەمتر نییەو دەبێت ئێمەش ڕۆڵ ‌و بەرپرسارێتیمان هەبێت”.

سیاسییەکی کوردپەروەر

ڕۆڵی هەبووە لەخەباتی کوردایەتی‌ و چەندان گەنج ‌و لاوی شارەکەی ڕزگار کردووە لەچنگی بەعسی ئەو کاتە. تا کار دەگاتە ئەوەی ئەمن ڕاپێجی بەغدای دەکەن ‌و ئەشکەنجەی دەدەن ‌و حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام قەشەو مەترانەکانی کلدانی دێنە سەرخەت‌و وەک ڕۆڵەیەکی مەسیحی ڕزگاری دەکەن، بەو مەرجەی نەفی شاری گورنەی بەسڕە دەکرێت بۆ ماوەی ساڵێک.وەک کەسایەتییەکی ئایینی مەسیحی شتێکی نامۆ بووە کە قەشیەک تێکەڵی کایەی سیاسی و هەڵگری چەندان بیر و ڕا و داوای سەربەستی بۆ کورد بکات. چونکە قەشەکانی پێش خۆی تەنها ڕۆڵێکی ئایینیان هەبووە ئەویش لە چۆنییەتی پێکەوە ژیان و مانەوە بە ئاشتیی لەگەڵ چین و توێژەکانی تری کوردستان. بەڵام قەشە یووسف پەری لەبەر ئەو گیان کوردپەروەرییە و لەبەر ئەو بە ئاگابوونەی بۆ پرسی کورد و کەلتوری کوردی ئەو نەریتە شکاند و وە ک قەشەیەک تێکەڵی حیزبێکی سیاسیی وەک پارتی دیموراتی دەبێت کە ئەو کات بۆ داخوازی مافە ڕەواکانی کورد خەباتی دەکرد و ویستی ئەو بووە کە ئەویش ببێتە بەشێک لە دۆزی گەلەکەی،بەڵێ ئەویش هاونیشتمانی ئەو دەڤەرەیە و دەکرێ بەرپرسیارێتی هەبێت لە دەستەبەرکردنی مافی کەلتووری و سیاسی بۆ کوردستان.

لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەندامی ناوچەی سلێمانی پارتی دیموکرات کوردسان بووە و بەشداری سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پارتی کردووە. بە شداری چەندان کۆبوونەوەی نهێنی کردووە لە کارگەی جگەری سلێمانی لە دواترینیان لەگەڵ هاوڕێکانی دەبێت لە کۆبوونەوە و هاوڕێکانی هەڵدێن و ئەویش دەستگیر دەکرێت بۆ ئەمنی کەرکوک. لە چەندان بۆنەدا مەلا مستەفای بارزانی بە کەسایەتییەکی بیرمەند و کوردپەروەر ناوی بردووە و خۆشەویست بووە لەلای.

قەشە پەری لەگەڵ مەلا مستەفا

دوای ئازاد کردنی لەحەفتاکانی سەدەی رابردودا، قەشە یووسف کۆچ دەکات بۆ فەرەنسا لە دوای ئەوەی کەنیسەی کلدانی ڕێی پێ نادەن کۆچ بکات، ناچار دەبێت لەسەر ناوی کەنیسەی ئەرسەدۆکسی بە پارەی خۆی سەفرەکەی بۆ فەڕەنسا دابین بکات. لە فەڕەنسا سەرقاڵی خوێندن و کاری جۆراو جۆری بووە، هەتا بڕوانامەی باڵای وەرگرتووە لە ماستەر پلانی شارە مۆدێرنەکان و لەو کاتانەشدا وەک دیبلۆماتکارێکی کورد درێژە بە خەباتی خۆی دەدات ‌و پێوەندی بە هێزە کوردییەکان دەکات و لینک و کەناڵی باش لەگەڵ کاربەدەستانی فەرەنسی‌ رێکدەخات، لەدوای ڕاپەڕینیش وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لەڤاتیکان دەست بەکار دەبێت.

چەندان کەسایەتی وەک مام جەلال و مەسعود بارزانی بوونەتە میوانی لە پاریس و چەندان هەوڵی داوە لە پێناو یەکخستنی دەنگی کورد لە ئەوروپا و گەیاندنی پرسی نەهامەتییەکانی کورد بە فرانسوا میتیران و هەر ئەو کاریگەرییەش وای لە فراونسوا میتران کردووە کە بە دۆستی کورد بچوێنرێت.

لە کاتی شەڕی ناوخۆشدا هەمیشە بۆتە پەیامبەری ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی و لە چەندان دانیشتینی کەسایەتی هەردوو حیزبەکە، کە ئەوکات لە کێشمەکێشی سیاسی و پشێوییدا ڕۆڵی هەبووە لە سەقامیگریکردنی ئاشتی لە نێوان ئەو دوو حیزبە، ئەویش بە سەردانی کردنییان و پرس و ڕاوێژکردنی دیبلۆماتییانەی پێ کراوە.

لە ساڵی نەوەدەکان و دوای راپەڕین کاتێک دەهاتەوە بۆ کوردستان هەمیشە ماڵی براکەی ئیسحاق پەری پڕ بووە لە کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە پرس و ڕاکانی بێ بەشی نەکردوون. بۆ نمونە هەمیشە شاعیری ناوداری کورد شیرکۆ بێکەس هەمیشە سەردانی تایبەتی کردووە و لە نزیکەوە هاوڕێی قەشە یووسف پەری بووە و لە زۆر پرسی ئەدەبی و زمانەوانی قسەیان کردووە.

لە کاتی کرانەوەی زیاتری کوردستان بە ڕووی جیهاندا و دوای ڕاپەڕین بەچەندان کار و پرۆژەی بنیاتنانەوە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، دیارترینیان پڕۆژەی دانانی پێگەیەکی وزەی سروشتی لە خۆر و هەوا و دەستنووسی پرۆژەکان تا ئیستاش لە ئەرشیفی بنامەڵەکەیدا پارێزراون. هەمیشە لە خەمی کوردستانێکی هاوچەرخ و خاوەن پێگە و  ناوبانگ بووە و هەوڵی بێ وچانی خۆی داوە لەو  پێناوەداو هاوڕێ نزیکەکانی کە هەتا ئێستاش لە ژیاندا ماون ئەو شایتییە بە حەقی قەشە یووسف پەری بە ڕەوا دەبینن.

 

بڵاوکردنەوە: