ئەستێرەکوژ

1149
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەرسەلان چەلەبی

“کورتە چیڕۆکێکی هەزار وشەیی”

یەکەم:

بە تەنیشت ئەستێراوێکی بچووکەوە دانیشتبووم. مانگ بە تاقی ئاسمانەوە تا دەهات ڕووناکتر دەبۆوە. هەر خۆم بووم، بە تاقی تەنیا، لە بیابانێک، بە تەنیشت لەبتابە ڕەشێکەوە کە باتریەکەی نزیک تەواو بوون بوو. خۆم مت کردبوو، چاوم لە موبایلەکەم بوو، دەتگوت پێڵاوی جیرە، مۆبایلێکی مۆتۆڕۆلای کۆن، دەتگوت بەردە، بۆوەی دەبوو شەڕە بەردی پێ بکەی  و سەر و گوێلاکی خەڵکی پێ بێنییە خوارێ، چەند جاران لە سەر کار بە سەر ئاسنانەوە لە گیرفانم بەربۆتەوە، جارێک بە سەر سەری مەمدا کەوت، سەری بۆ حەوتوویەک هەڵتۆقیبوو. سیامەند هەموو جارێک پێی دەگوتم:

_مۆتورۆلا زۆر موبایلی چاکن، قەتی هیچ لێ نەکەی سەیدەوان!  بابەتی جێگەی سەنعەتین. منیش دەبێ دانەیەک لەوەی تۆ بکڕم. ئەو گالێکسییەم کۆن کۆن بووە لە سەر کار.

زۆر جاران دەمویست فڕێی هەڵدەم، بە مەودای دوور، ئەوێ ڕۆژێ لە ناو غورفەکە هەتا سەر لە ئێوارە لە پاش پەیامێک کە بۆ مۆبایلەکەم هاتبوو هەر بە تەواوی لێی وەڕەز ببووم،  ئەگەر دەمدی دەتگوت جنێوم پێ دەدەن، مۆبایلێکی ڕەزاگران و سادە و هیچەکە و پووچەکە بوو، ئەوەتا هەمبوو جگە لە هەواڵی قۆڕ چی دیکەی لێ هەڵنەوەریبوو، ئەو ڕۆژەش بۆ ئێوارەکەی لە داخان چەند جارم لە بەر دەرگای پاڵاوگەکەوە فڕێ هەڵدایە ناو گەنمەجاڕێک، بەڵام هەر دەچووم هەڵمدەگرتەوە.

شەو بەسەرداهاتبوو، کارەبا پچڕابوو، ئاو نەبوو، هیچ نەبوو، ئاشتەبای خودام شک نەدەبرد، دەتگوت بەردی ئاورم و لە بیابانێک لە پاش چایی خواردنەوە جێیان هێشتووم، ببووم بە بەردێک، کەس نەبوو:

فڕێم هەڵدا

فڕێم هەڵدا

فڕێم هەڵدا

فڕێم هەڵدا.

دووهەم:

هەر من بووم و بیابانێک و سەگە پاڵاوگەیەکی کۆن، تا چاو هەتەری دەکرد تاریک، لە هەر لایەکەوە بە مەودای دوور،  گڵۆپێک یا دوو گڵۆپ لە دوورەوە داییسان، هەموو سەگە پاڵاوگە بوون، سەگە پاڵاوگە ئەو دەشتەی نێوان هەولێر و کەرکووکی داگیر کردبوو، شەقت هەڵێنابایە لە سەگە پاڵاوگە دەکەوت. پاڵاوگە بە پاڵاوگەی دەگۆ:

_ جێم کە!

پاڵاوگەی نەوت، نەوت دەڕۆیی و دەهات و نەدەهات.

ئەو شەوە دەتگوت لە مەیدانی شەڕم، خۆم لە ترسی گولله و فیشەک لە ناو غورفەکەم شاردبۆوە، تەنگاو ببووم، کارم قورس بوو، بۆوەش نەدەبوو هەر وا هەڵیدێرم لە گۆشە و کەنارێ.

توالێتەکە سێسەد میتر لە من دوور بوو، لە دەرەوەی حەوشە و پاڵاوگەکە بوو، چواردیوارێکی لاڕووخاو و کۆن بوو بە مەودای دوو میتر لە یەک میتر، ئافتاوە “مەسینە” شکاوێکی تێدابوو، ئاوی نەبوو، دەبوو ئافتاوەی هەڵگریی و خۆ بگەیەنییە ئەستێراوەکە، لە شێوەی مەلەوانگەیەکی بچووک لە ناو حەوشەی پاڵاوگەکە بە سەر تەپکێکەوە بەرانبەر غورفەکە و تانکییەکان ساز کرابوو. دەبوو لەوێ پڕی کەی، ئەوجار ڕوو بکەیەوە توالێتەکە، ئەوێ شەوێ سەرباری هەموو ئەو کەین و بەینە، تەقەی  چەک و چۆڵ، لە کڵاشینکۆف و کۆڵتەوە بگرە تا دەگاتە بی‌کەی‌سی و تەنانەت جارە جارەش ئارپیجی، هەر تەقەی لە لایەک دەهات، بە دانە و بە ڕەگبار،  فیشەک بە بەرچاومەوە لە گۆشە و کەناری پاڵاوگەکە دەدرا، هەر تەقەی تفەنگ بوو دەهات .

ئەستێراوەکە چەند فیشەکی بەرکەوت، جار جارە ئاسمانی ڕەش بە ئارپیجی و بی‌کەی‌سی ڕووناک دادەهات، مەیدانێکی جەنگ بوو، زەندەقم چووبوو، بۆوەی نەدەبوو ڕاست ڕاست بچییە توالێتی.

هەرچۆنێکی بێت بە قوونە خشکە و بە سەر سینگ، بە چنگ و پەلان هێواش هێواش، ڕیگای سێسەد میتریم بە یەک ساعەت بڕی هەتا گەیشتمە بن توالێتی. ئەو شەوە سامناکە هەرچۆنێکی بوو تێپەڕی.

سێهەم:

سەگە پاڵاوگەیەک بوو، لە نزیک قۆشتەپە، لە دوێشەوێوە بە تاقی تەنیا مابوومەوە، مەم و سیامەند ڕۆشتبوونەوە بۆ ڕۆژهەڵات. بڕیار وابوو لە پاش هاتنەوە سەرجەم بۆڕی و لوولەی ئەو پاڵاوگە نوێ بکەینەوە و چاکیان کەین. کارەکەمان بە قۆنتەرات گرتبوو.

_ تەقە بۆ دەکرا دوێشەو؟ شەڕ بوو؟ وەهای گوت خوێنەرێک.

نەوەڵڵا شەڕ نەبوو، بەیانی ڕۆژی دووهەم سێحەب پاڵاوگەکە هاتبوو، شەوی یەکەمی لە گەڕەکەکەی خۆیان تەقەی کردبوو. بەیانییەکەی سەیارەکەی گەیشتە لای من و کڵاشینکۆفێک و چوار خەشابی پێ بوو، هێنایە دەر و لە ناو غورفەکەی دانا،  دوو مریشکی سەربڕاوی تووک‌وپەڕ سپی لە سەر جادە قیلەکەی نزیک سەیتەرەکەی هەولێر کڕیبوو و لە ناو حەلاگەیەکی خستبوو و لە کونجی غورفەکەی دانابوو. هاتبووە لام و گوتی:

_پزمام گیان ئەوە لۆ خۆت چێی کە و بیخۆ. ئەوەی کەش لە سەلاجەکەی هاوێ بۆ ڕۆژانی دیت. ئیشەڵڵا حەوتووی تر دەست بەکار دەبین. ئەو سیلاحانەش بۆ ئەوشەوە. گەر حەزت لێ بوو خەشابێکی دەدەمە خۆت بیتەقێنەوە، بە نێوچاوانی ئاسمانێ. ئەوانە تەقەی خۆشییە، تەقەی خۆشی گەل! هەڵبژاردن تەواو بوو و سەرکەوتین.

_دەی باشە تەقاندت؟ وەهای وت خوێنەرێک.

کوڕە بریا ئەو شەوانە تەنیا نەبام و لانیکەم یەکێک لە ئێوە لەوێبان. کابرای سێحەب پاڵاوگە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووهەم نزیک بۆ کاتژمێرێک، خۆی و ماڵ و منداڵی هاتبوون. بە کۆڵت و بی‌کەی‌سی و کڵاش هەر تەقەیان کرد. پێش ئەوەی بڕۆنەوە هەولێر هاتە لام و گوتی:

_ پزمان ئەوە بەشی تۆ. بەخوا هۆشمان نەبوو مناڵەکان هەموویان تەقاند بێ‌قەزا بن. چوار گوللە ماوە، ڕێی هاڵێنە لەو دەشت و شیو و ئاسمانەی! سیبلێ لۆ خۆت دوروس کە. بە حەزی خۆ. با ئێستا نەبێ سبەی بێ، ڕووناک و خۆشە. دەنا حەزت کرد بیتەقێنە با لەو شەوە موبارەکەی بێ بەش نەبی.

کابرا ڕۆیشتبوو و دیسان شەو هاتبوو بۆ حاڵی من.

چوارەم:

شەوەکەی هەتا بەیانی دیسان هەر تەقە بوو، لێ کەمتر ببۆوە. سەر لە بەیانی رۆژی سێهەم هەتا ئێوارە بە دیار لەبتۆبە ڕەشەوە خەریکی نووسینی شیعرێکی درێژ بووم. سەر لە تاریکانی شەو گوللەکانم لە خەشابەکە خست. چوومە تەنیشت ئەستێراوەکە. تەقە کەم ببۆوە. ناو بە ناو دەنگی تەقە دەهات بە کزی.

گەلەنگەدەنی کڵاشینکۆفەکەم کێشا و تفەنگەم ڕوو لە ئاسمانێ کرد. مانگەشەوێکی گەلێک خۆش بوو. ئەستێرە بە ئاسمانەوە خەرمانەی دابوو.

دەنگی تفەنگەکە کاسی کردبووم. هەر چواریانم بە سەر یەک‌دا بەرەو ئاسمان تەقاندبۆوە. لە سەر ڕەگبار ببوو.

گوێچکەم بۆ ماوەی چەند خولەک کاس ببوو. بە تەنیشت ئەستێراوەکەوە وەستابووم و لە ناکاو شتێک بە سەر سەرم‌دا کەوت و چووە ناو ئاوەکەوە.

دەستم بە سەرم داهێنا هیچی وام هەست پێ نەکرد. زرمەیەکی‌ تر لە سەرم هەستا. بوونە دووان…! تەرمی ئەستێرەیەکم دی بە سەر ئاوەکەوە. تفەنگەکەم لە شانم کردەوە. چوومە پاڵ ئەستێراوەکە و بژاردمن:

یەک

دوو

سێ…!

تەرمی سێ ئەستێرە بە سەر ئاوی ئەستێراوەکەدا شەپۆلانیان دەدا. ژێر ئەستێراوەکە ڕووناکاییەکی تیژ تەوژمی دەدا بۆ سەرەوە. جل و بەرگەکانم داکەند. خۆم هاویشتە ناو ئەستێراوەکە.

چوار.

تەرمی چوارەمیان کەوتبووە ژێرەوە بە بن بەردێکەوە گیری کردبوو. بە هەرتک دەستم گرتم و بە قاچەکانم مەلەم کرد بۆ سەرەوە. هێواشێکی لە ناو مشتم‌دا فڕێم هەڵدایەوە سەر ئاوەکە. چاوم بڕیبووە ئاسمان. مانگ دەستی دابووە بێڵ و قوڵینگ و جانتایەکی زەردی بە کۆڵەوە بوو. بەرەو سیاچاڵێکی دوور لە بۆشاییدا خولی دەخوارد و هەنگاوی دەنا و دوور دەبۆوە. من مابووم و ئەستێراوێکی وشک و تەرمی چوار ئەستێرەی کوژراو.

بڵاوکردنەوە: