فەلسەفەی وەرگێڕان

548
0
بڵاوکردنەوە:

-مەلەف وەرگێڕان-

-٢-

ساگاڵ مای کۆمافای

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

١٠ی ژولیێ ی ٢٠١٨

ئیسپانی دەگونجێت بۆ ئاخافتنی خێرا؛ وشەکان هەروا ئاسان لەنێو کەسێکەوە دەردەپەڕن. فەڕەنسی دەگونجێت بۆ ئەوەی مرۆ جوان و زۆر بئاخڤێت، وەلێ هیچ نەبێژێت. گەر مرۆ بە ئەڵمانی دانوستان بکات، ئەوسا دانوستاندنەکە گیردەخوات، چونکە کەسی بەرانبەر ناتوانێت ئاخڤەر بپچڕێنێت، بەڵکو دەبێت بەهۆی لاڕستەی ناوی کاراوە (Partizipialsatz) لە ئەڵمانیدا، تا کۆتایی ڕستەکە چاوەڕوان بێت، تاکو ئیدی لە ناوەرۆکی دەربڕراو تێبگات و بیرۆکەکانی خۆی وەک وەڵام بخاتە بەردەم.

من لە تسیوریش لە خۆییەکی فێرخوازانی زانستەگییدا دەژیم، کۆمەڵە تەلارێکی پێنج نهۆمی، بورجێکی بابل، کە فێرخوازانی ئاڵوگۆڕکراو (Austauschstudenten) تێیدا دەژین. لەتەک شەش فێرخوازی دیکەدام لە ئەپارتمانێکدا؛ لای ئێمە ئەڵمانی، ئیسپانی، کەتالانی، کانتۆنێزی، سەربی و ڕۆمانی دەئاخڤرێن. پێکەوە زۆر نوکتە و گوتە وەردەگێڕین، لەکاتی نانخواردنی ئێوارەدا زۆر دانوستان دەکەین – لەبارەی زمانیش. ئایا چە ئەڵمانییەکی سویسری خۆشترین زرنگەی هەیە؟ ئایا چیژێکی، ئارۆمایەکی (بەرامەیەکی) زمان هەیە کە وەک ئومبێرتۆ ئێکۆ دەبێژێت نەشیاوی وەرگێڕانە؟ ئێکۆ خۆزگە بۆ ئەوروپایەکی فرەزمان (مولتیلینگوال) دەخوازێت کە تێیدا هەموو یەکێک، جا گەر نەزانێت بە زمانەکانی دی بئاخڤێت، سەرباری ئەوە لێیان تێبگات، وەک بۆ نموونە لە زنجیرەی ‘Altered Carbon‘دا کە ڕووداوەکانی لە سەدەی 24دا دەنوێنرێن: لە کەسێک بە عەرەبی پرسیار دەکرێت، ئەویش بە ئیسپانی وەڵامدەداتەوە.

ئایا دەشێت مەبەست لەم بەرامەیەی زمان چی بێت؟ هانز ماگنوس ئێنتسنسبێرگەر لەبارەی وەرگێڕانی هۆزانەکانی ویلیەم کارۆلس ویلیەمس لە ئینگلیزییەوە بۆ ئەڵمانی دەبێژێت: “هەموو هەوڵێک بۆ وەرگێڕانی ویلیەمس تەنیا پرۆبەیە. ئێمە بە ئەڵمانی دەرەقەتی کەم-وشەیی هۆزانەکانی نادەین. پۆیێزییەکەمان، بەڵێ ئەدەبەکەمان بەگشتی، زمانی ڕۆژانە ناناسێت. (…) هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی زمانی ڕۆژانە کە بەبێ بیرلێکردنەوە دەردەبڕرێت، بەهەڵە وەک نارۆشن دادەنرێت”. کەواتە هۆزانەکانی ویلیەمس دەتوانن خۆیان بە زمانی ئۆریجیناڵی ئینگلیزی باشتر ئاوەڵابکەن وەک بە ئەڵمانی، هۆزانەکان بە ئینگیلیزی پتر هەست بە مورتاحی دەکەن، هەست دەکەن لەوێ لە ماڵی خۆیاندان. ئایا ئێنتسنسبێرگەر چیی وەک وەرگێڕ پێدەکرێت؟ ئەو دەبێت بەبێ گومان هەستێکی بۆ پۆیێزی (هونەری هۆنینەوە) هەبێت و هەروا سانا تەرجومان نەبێت. ئەو بە تێڕوانینی شلایەرماخەر دوو بژاردەی هەیە: ئەو دەتوانێت خوێنەر بۆ لای نووسەر یان نووسەر بۆ لای خوێنەر بەرێت. شلایەرماخەر خۆی لە وەرگێڕانی پلاتۆندا بژاردەی یەکەمی پەیڕەو کرد و بونیادە گراماتیکییەکانی زمانی گریکیی تا ڕادەی شیان هێنایە نێو ئەڵمانییەوە، ئەویش بەوە کە ڕستە درێژ و پەلهاویشتووەکانی زمانی گریکیی وەرگرت. بەم شێوەیە چۆن شلایەماخەر خۆی ئەزموونی خوێندنەوەی ئۆریجیناڵە گریکییەکەی کردووە، هەر ئەوها کتومت ئەزموونەکەی بە ئەڵمانی دەداتەوە و تا ڕادەی شیان نزیک لە ئۆریجیناڵەکە دەمێنێتەوە. مرۆ بەم شێوەیە، وەک شلایەرماخەر دەبێژێت، لەنێو تێکستەکەدا هەست بە غوربەت دەکات. گەر مرۆ نووسەر بۆ لای خوێنەر بهێنێت، ئەوسا بە چەشنێک تێکستەکە بۆ ئەڵمانی وەردەگێڕێت کە هەروەک ئەڵمانی زمانی دایکی نووسەر بێت، کەواتە نووسەر بۆ خوێنەر ئەوپەڕی شیاوی لێتێگەیشتنە.

نووسەری پۆلۆنی ئاندرژەی ساپکۆڤسکی لە دیمانەیەکەدا دەبێژێت، ئەو زۆر بەدەگمەن لە لایەن دەزگای پەخشە بیانییەکانەوە کە کتێبەکانی بەچاپدەگەیەنن، پرسیاری لەبارەی بۆچوونی خۆی لێدەکرێت. زۆر جار هەر ئەوەندە دەگۆترێت کە گۆیا ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە وەرگێڕانەکەوە نییە. وەک ساپکۆڤسکی دەبێژێت، تەنیا زۆر بەدەگمەن، ئەویش گەر هاتوو وەرگێڕەکان تروسکاییەکی نەزاکەتیان تێدابێت، بە تکاوە پەیوەندیی پێوە دەکەن تاکو نوکتەیەکیان بۆ ڕوونبکاتەوە. بێگومان، وەک خۆی دەبێژێت، ئەو تێدەگات کە وەرگێڕان پرۆسەیەکی هونەری و ئەدەبییە و نایەوێت خۆی هێندە لێ هەڵبقورتێنێت یان سنوور بۆ ئازادیی وەرگێڕ دابنێت. ئەوجا گەر وەرگێڕانەکە نالەبار بێت و بۆ نموونە پێی نەکرێت نوکتە و دڵفڕێنیی کتێبەکە بە زمانی نوێ بگەیەنێت، هیچ کەس نابێژێت ئۆریجیناڵەکە باشە و تەنیا وەرگێڕانەکە نالەبارە، نەخێر، خوێنەر جیاوازی لە نێوان ئۆریجیناڵ و وەرگێڕراودا ناکات و دەبێژێت، کە گۆیا کتێبەکە نالەبارە و ساپکۆڤسکیش نووسەرێکی بێمستەوایە. وەلێ گەر وەرگێڕانەکە سەربگرێت، ئەوسا چە نووسەر و چە خوێنەر سوودی لێوەردەگرن، ئەوسا چە کار و چە زمانی کار بۆ وەرگێڕراو سوودی لێوەردەگرن. کارەکە سەرلەنوێ دەژێتەوە، زمانی وەرگێڕانەکە دەوڵەمەندتر دەبێت و توانستیشی بۆ وەرگێڕانی ئەو کارە دەسەلمێت.

کتێبەکانی ساپکۆڤسکی بە جۆرێکی تایبەتیی گێڕانەوە دەژین، بە زمانێکی چەتوون و زۆر وێنەیی و بەرەڵابوو مۆرکی ئەوانە کە بێگومان هاوکات دەشێت ناسک و هۆزانیانە بێت. وتە و مەسەلەکانی ساپکۆڤسکی زیندوون و زۆر جار تاریکتر و دەردەدارترن لەو وتە و مەسەلانەی لە ئەڵمانیدا هەن. ئەم ڕەوشە کەمێک زمانی سەربیم دەهێنێتەوە یاد. بۆ نموونە مرۆ دەتوانێت ببێژێت: “Spavao sam kao zaklan”، ئەمەش نزیکەی بەواتای: “(هێندە قووڵ) خەوتم هەروەک سەربڕرابم”. ئەڵمانی بە کتێبەکانی ساپکۆڤسکی بە بڕی جۆر و شێوازێکی گوزارشتی گێڕانەوە دەوڵەمەندتر دەبێت. کاتێک کتێبەکانی دەخوێنینەوە، کەمێک تامی ئارۆمای (بەرامەی) زمانی پۆلۆنی دەکەین، یان لایەنیکەم بۆنی ئەو زمانەمان پێدەگات و خۆمان دەتوانین وێنەی چێژی زمانی پۆلۆنی بکێشین. ئەمە هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ ئێریک سیمۆن ی وەرگێڕ کە غوربەتی کتێبەکەی پاراستووە.

وەرگێڕان پەیوەند بە تێکستی فەلسەفەییەوە کاراییەکی تەواو گرنگی هەیە، چونکە وەرگێڕان لێرە هەمیشە هەروەها واتای ڕاڤەکردن دەگەیەنێت. کەواتە وەرگێڕانێکی نوێ هەمیشە ڕاڤەکردنێکی نوێیە. وەرگێڕانەکان بۆ فەلسەفە زۆر تایبەت ناخ-بزوێنن، چونکە فەلسەفە گەنجی وشەی (فەرهەنگۆکی) بەشە زانستییانەی ئەوتۆی نییە کە بەڕوونی بۆ کایەیەکی بەکارهێنان بەگەڕبخرێت، بەڵکو تێگەکانی لە زمانی ڕۆژانەوە سازێنراون و بۆ کایەیەکی ئیسفنجی و ناتەواو بەکاردەبرێن. فەلسەفە پێناسەیەکی خۆیی بەم تێگانە دەدات. هەروەک (Theo Harden) دەبێژێت:

” Philosophical texts do not have a ‚home‘, they are polyglot by their very nature and they are obscure”.

کەواتە ئەوە ئەرکی وەرگێڕە کە ئەم تێگە گشتییانە ڕاڤەبکات و هاوبەشییان بە تێگەکانی زمانی نوێ بەراورد بکات…

بۆ نموونە دەشێت ‘گایست’ (Geist / هۆش) وەربگێڕرێت بۆ ‘سپیریت’ (spirit)، وەلێ مەرج نییە ‘گایستیگ’ (geistig / هۆشەکی) وەربگێڕرێت بۆ ‘سپیریتواڵ’، چونکە ئەمیان پتر واتای شتێکی ئێزۆتێریکی (نهێنیئامێز) دەگەیەنێت و سەر بە هەمان کایەی بەکارهێنانی ‘گایستیگ’ نییە. سەرەڕای ئەوە ناشێت وەرگێڕان فرەواتایی ئۆریجیناڵەکە شیبکاتەوە، وەک پرسیاری: ئایا ڕوونە کە مەبەست لە گایست چییە؟ ئایا گایست دەروونە؟ مەدرەکە (Verstand)؟ گەر لە تێکستی دەرچەدا فرەواتاییەک هەبێت، دەبێت لە وەرگێڕانەکەدا ڕەچاوبکرێت، لێ دەبێت مرۆ لەوە بەئاگا بێت کە داخۆ پێشتر وەرگێڕانی چەسپێنراو بۆ واژە بەش-زانستییەکان هەبێت و ئەوجا داخۆ فەیلەسوفێک هێندە بەهێز مۆرکی بە تێگەیەک دابێت کە ئیدی مرۆ ئەو تێگەیە بەزۆریی بە خودی ئەو فەیلەسوفە و تیۆرییەکەیەوە پێبەند بکات. واتای تێگەیەکی بەش-زانستی لە فەلسەفەدا زۆر بەهێز بەندە بە کۆنتێکست و هەر یەکەی خودی فەیلەسوفێکەوە…

ئایا شێوانی بابلیانەی زمان سزای خودایە؟ بە دیدی ڕیکوێر ئەوە لە بیبلدا وەک سزا نەهاتووە، بەڵکو وەک کەتوارێکی بێلایەن. ئیدی مەسەلەکە ئەوهایە. فرەجۆرییەکی زمان هەیە، ئێمەش دەبێت مامەڵەی لەتەکدا بکەین و کاری وەرگێڕان ئەنجام بدەین. ڕەنگە هەندێک کەس بەرپەرچ بدەنەوە: بۆچی ئینگلیزی لەبریی سەرجەم زمانەکان دانەنێین، ئایا ئەمە پراکتیکیتر نییە؟ ئێمە پەیوەند بەم پرسیارەوە دەتوانین سەرەتا ببێژین: ئێمە دەتوانین هەموو ڕۆژێک هەمان شت بخۆین، ئێ خۆ ئەمە زۆر پراکتیکیترە! بۆ ڤیتگنشتاین لە “توێژینەوە فەلسەفەییەکان”دا زمان وەک شارێک وایە: شارەکە زیندووە، گەشەدەکات، گەڕەکی نوێ پێکدێن، گەڕەکی کۆن دەگۆڕرێن، شارەکە گۆڕانی بەسەردا دێت. با ئەم بیرۆکەیە بەردەوامی پێبدەینەوە: گەر مرۆ بە زمانی جیاواز بئاخڤێت، مرۆ بەنێو شارانی جیاوازدا گەشت دەکات و ئەزموونی ڕوانگەی نوێ بۆ جیهان دەکات. مەرج نییە ڕوانگەکان لە بنەڕەتەوە نوێ بن، وەلێ هەر نوێن. یان با ئەم پرسە بە سیتاتێکی (ئیقتیباسێکی) نیکۆلای زێرگیەڤیچ تروبێتسکۆی پوختبکەینەوە: “هەموو زمانێک تۆڕێکە کە بە هەموو ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە دەدرەوشێتەوە، تۆڕێک کە بەگوێرەی فراوانیی کەلووەکانی، ماسیی جیاواز لەنێو ئاوەوە دەردەهێنێت.”

 

سەرچاوە

Sagal Maj Comafai: Philosophie des Übersetzens. Philosophie.ch. SWISS PORTAL FOR PHILOSOPHY.

 

تێبینیی وەرگێڕ

ساگاڵ مای کۆمافای سەربییە. لە سەرچاوەیەکی ئینتەرنێتدا نووسراوە:

“ساگاڵ مای کۆمافای لە تسیوریش فەلسەفە و هیندۆلۆژی دەخوێنێت، هەروەها بابەتی ئەدەبی، فەلسەفەیی و ئێرۆتیکی دەنووسێت. نووسینە کورت و هۆزانەکانی لێرە و لەوێ بڵاودەکرێنەوە و دەخوێنرێنەوە. لەوە زیاتر هیچی دی لەبارەی ئەو نییە”. ک.ج.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: