ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان: جێبەجێکردنی تیۆری ڕەخنەییی مارکسی

954
0
بڵاوکردنەوە:

باسی دووەم

گۆران سەباح

خۆزگە ڕەخنەدۆزێک هەبایە ئەم کارەی لەباتی من بکردبا. هیوادارم، ئەم زنجیرە باسە وا لە ڕەخنەدۆزان بکات لەنێو پاش دەقی ئەدەبی بەم تیۆرە ڕەخنەییانە راڤە بکەن.

تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاریم جێبەجێ کرد لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، ئەمە بەستەرەکەی لە وارگەی کوردڕاوم.

گرێی دەروونی لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان: خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری

نۆرەی تیۆری مارکسییە. بۆ ئەم تیۆرە؟ ئەدی مارکسیزم و کۆمیونیزم شکستیان نەهێنا؟ وایە، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی تیۆری ڕەخنەییی مارکسی کۆمەڵگەی شکستخواردوو شرۆڤە بکەین. پێش مرۆڤی هەرزان بخەینە بەر هاوێنەی ئەم تیۆرە، دەبێ بزانین تیۆرەکە مانای چییە.

تیۆری مارکسیزم چییە؟

بەپێی تیۆرەکە، بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئابووری هەوێنی هەموو چاڵاکییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، تەنانەت هیی بوارەیلی پەروەردە، ئایین، زانست، تەکنەلۆژیا، میدیا و هونەر و فەلسەفەیشە (لۆیس، ٢٠١٥). لەبەرهەندێ، پێکهاتەیلی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی لەسەر بناغەی هێزی ئابووری دێنە بنیاتنان. بە واتەیەکی تر، دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێو دەسەڵاتی ئابووریدایە. بۆیە مارکسییەکان ئەوڕۆکە، کاتێ باسی پێکهاتەی چینایەتی دەکەن، زاراوەی چینی ئابووری/کۆمەڵایەتی بەکار دەبەن، نەک بتەنێ یەکیان.

دوو دۆخ زۆر گرنگن لە نێو تیۆرەکە: دۆخی مەتریەلی (واتە دۆخی ئابووری) و دۆخی مێژوویی (واتە بازنەی ئایدیۆلۆژی/کۆمەڵایەتی/سیاسی). ئایدیۆلۆژیای چەوسێنەر هۆردوو دۆخ دەشێوێنێت و ناهێڵێت تێیان بگەین، چونکە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا نییە. دەسەڵات دێ چینی هەژار و چینی مامناوەند تێکبەر دەدات بۆ ئەوەی هۆردووکیان دژی چینی زەنگین نەوەستنەوە. بۆ نموونە، دەسەڵات باج لە چینی مامناوەند وەردەگرێت و دەڵێ ئەوە بۆ هەژارانە، کەچی زۆرکەم دەدات بە هەژاران. چینی مامناوەند ڕکی لە هەژاران دەبێتەوە و دەڵێ لەبەر ئەوان ئێمە باج دەدەین. دروستکردنی ئەم دۆخە تەنێ یەک تەکنیکی دەسەڵاتە، دەیانی تریش هەن.

بەپێی تیۆرەکە، بەرهەم و ڕووداو و پێوەندیی چینەیلی ئابووری/کۆمەڵایەتی و چاڵاکییەکانی مرۆڤ لە ڕوانگەی دەسەڵاتی ئابووری دێنە شرۆڤەکرن (لۆیس، ٢٠١٥). مارکس بەشبەشبوونی خەڵک بەهۆی جیاوازیی چینایەتی بەهەندتر وەردەگرێت لەچاو بەشبەشبوونی مرۆڤ بەهۆی پرسی ئایین، ڕەگەز، ئیتنی و گێندەرییەوە (لۆیس، ٢٠١٥). شەڕ و ململانەکە لەسەر ئەم هاوکێشەیە: کێ چی هەیە و کێ چی نییە؟ ئەم هاوکێشە سەرچاوەی ململانەی نێوان پرۆلیتار (هەژار) و بۆرژوازییەکانە (زەنگین) (لۆیس، ٢٠١٥).

ڕۆڵی ئایدیۆلۆژیا

بەپێی مارکسیزم، ئایدیۆلۆژیا واتە سیستمی باوەڕ، هەموو سیستمێکی باوەڕیش بەرهەمی دۆخێکی کولتورییە (لۆیس، ٢٠١٥). تیۆرەکە دەڵێ ئایدیۆلۆژیا یارمەتی هێشتنەوەی دەسەڵات دەدات. تیۆرەکە پڕژاوەتە سەر ئەم ئایدۆلۆژیانە: نیشتمانپەروەری، ئایین، تاکگەرایی، بەکاربردن (یان شت بکڕە تا دۆش دەبی)، هتد.

دەسەڵات لە ڕێی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ وڵات وڵات، هەژار بە گژ هەژار وەدەنێت، هەژارانی وڵاتێک بەشەڕ دێن لەگەڵ هەژارانی وڵاتێکی تر، لە ئەنجامدا، زەنگینی هۆردوو وڵات سوودمەند دەبن.

پرسی وجودی خودا لای مارکس گرنگ نەبووە، ئەوە گرنگ بووە خەڵکی بە ناوی خوداوە چی دەکەن. سەتا دەی دانیشتووانی هەموو جیهان سەتا نەوەتی سامانی جیهانیان هەیە، بێگومان دێن پشتگیری ئایدیۆلۆژیای ئایین دەکەن چونکە ئایین بە خەڵک دەڵێت دەبێ شوکر بن و قەناعەتیان هەبێت بەوەی هەیانە، واتە ئایین دەرزیێکە کۆمەڵگە لە خۆی دەدات، بێ دەنگ دەبێت و قەت دژی دەسەڵات و زەنگین هەڵناستێ.

تاکگەرایی: ئەم ئایدیلۆژیایە فێڵ لە تاک دەکات بەوەی بتەنێ ئامانجەکانی بەدەست بێنێت، هەردەم بە دوای ئامانجی قورس و گەورەوە بێت، بەوەش تاک خۆی داوێتە سەر چەقووی بۆ ئیش، ئەمەش لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و زەنگینەکانە. ئەمە دژی کۆمەڵگەیە، چونکە هەر کەس بۆ خۆی کار دەکات. بەکاربردن (یان شت بکڕە تا دۆش دەبی) لە بەرژەوەندیی زەنگینەکانە. دروستبوونی ئەو هەموو مۆلە، خەڵك بێ ئەوەی پێویستی بە شت بێت دەیکڕێت.

خێزان و بەرهەم و ڕەفتاری مرۆڤ

کارەیلی دواتری مارکس لەسەر کۆمەڵگە بوو، نەک تاک. پێی وابوو کەرتی پیشەسازی تاک دەچەوسێنێتەوە و کۆمەڵگەش تێک دەدات. بۆ نموونە، ئەوانەی لە کارگەیەک کار دەکەن. ئەو هەموو شتە بەرهەم دێنن، ناویان لەسەر نانووسرێت و پارەیەکی زۆر کەمیش وەردەگرن لەچاو ئەو قازانجەی خاوەنەکەی دەیکات. ئەمەش تاک نەک هەر لە خودی خۆی دادەماڵێت، بگرە لە کۆمەڵگەش. سیستمی سەرمایەداری بەهای تاک ناهێڵێت، هەموو شتێک لە تاک تەنانەت خودی خۆیشی دەبەسترێتەوە بە پارە، بەوەی چەندی هەیە. ئەمانەش کار دەکەنە سەر ئەزموون و ڕەفتاری مرۆڤ. بنواڕە دەوروبەرت، وردبەوە، بزانە ڕەفتاری مرۆڤ چۆنە.

مارکسیزم و ئەدەب

خێزان تێمایەکە هەردەم لە دەقی ئەدەبیدا دووبارە دەبێتەوە. تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری دەنۆڕێتە دەروونیی تاک وەک بەرهەمی خێزان، بەڵام تیۆری مارکسیزم دەنۆڕێتە کێشەیلی دەروونیی تاک وەک بەرهەمی دۆخی مێژوویی و مەتریەل (لۆیس، ٢٠١٥). سەیری (پارە) بکە، چ تاکێک بەرهەم دێنێت؟ تاکێکی وابەستەی پارە باشە بۆ ئابووریی سەرمایەداری، بەڵام بۆ خودی تاک و کۆمەڵگە باش نییە، چونکە تاک دەسوێ، هەر غار دەدات و هەر ناگاتێ.

بەپێی تیۆرەکە (لۆیس، ٢٠١٥)، ئەدەب جیهانێکی ئیستاتیکا و بێ کات نییە، بگرە وەک هەر مانیفێستۆیەکی تر، ئەدەبیش بەرهەمی دۆخی ئابووری/کۆمەڵایەتییە، بەرهەمی ئەو کات و شوێنەیە لێی دێتە نووسین، جا نووسەر ئاگای لێ بێت یان نا.

ڕەخنەدۆزانی مارکسیزم بە دوو شێوە دەڕواننە ئەدەب چونکە پێیان وایە ئەدەب ڕەنگدانەوەی دۆخەیلی مێژوویی و مەتریەلییە. یەک، کارە ئەدەبییەکە ڕەنگە پاڵپشتی ئەو ئادیۆلۆژییەی ئەم سەردەم بکات؛ دوو، ڕەنگە وا لە خوێنەر بکات ڕەخنە بگرێت لە ئایدیۆلۆژییەکە. زۆر تێکست هەن، هۆردووکیان دەکەن. بێ شک، ئەدەب هەڵگری ناوەڕۆکی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە، بەڵام مارکسییەکان فۆرمەکەی بە ئایدیۆلۆژیا دادەنێن، وەک فرۆمی ڕیالیزم، سوریالیزم، مۆدێرنیزم، هتد. لۆیس (٢٠١٥) دەڵێ ئەگەر ناوەڕۆک (چی)ی ئەدەب بێت، ئەوا فۆرمەکەی (چۆن)ەکەیەتی.

با بێینە سەر هەندێ لەو پرسیارانەی ڕەخنەدۆزانی مارکسیزم دەیکەین لەمەڕ دەقێکی ئەدەبی. لۆیس (٢٠١٥) دەڵێ ئەم پرسیارانە پوختەی تیۆری مارکسین لەمەڕ دەقێکی ئەدەبی:

١-ئایا دەقەکە پاڵپشتی بەهاگەلی سەرمایەداری، ئیمپریالی یان چینگەرایی دەکات؟ جا بە ئاگاییەوە بێ یان نا. ئەگەر پاڵپشتی هەر یەکێکیان بکات، ئەوە کارەکە کارنامەیەکی سەرمایەداری، ئیمپریالی یان چینگەرایی هەیە. ئیشی ڕەخنەدۆزە بێ ئەمە بخاتە ڕوو و ڕەخنەی لێ بگرێت.

٢-ئاخۆ کارەکە ڕەخنەیە لە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و چینگەرایی؟ چۆن کارەکە سەرکۆنەی ئەو سیستمانە دەکات؟ چۆن دژی هێزەیلی چەوسێنەری ئابووری/کۆمەڵایەتییە؟ ئەگەر کارەکە ڕەخنە بێت لە دژی ئەم سیستمانە، یان وامان لێ بکات ڕەخنەیان لێ بگرین، دەکرێ بڵێین کارەکە کارنامەیەکی مارکسی هەیە.

٣-ئایا کارەکە بە هەندێ سەر پاڵپشتی کارنامەی مارکسی دەکات و بە هەندێ سەریش پاڵپشتی سەرمایەداری و ئیمپریالی و چینگەرایی دەکات؟ ئەگەر وا بێت، دەکرێ بڵێین کارەکە ململانەی ئایدیۆلۆژی تێدایە.

٤- چۆن کارەکە ڕەنگدانەوەی باری ئابووری/کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەیە کارەکەی تێدا نووسراوە، یان ئەو سەردەمەی ناو ڕۆمانەکەیە، هەروەها ڕەنگدانەوەکان چیمان پێ دەڵێن لەبارەی مێژووی ململانەی چینەکان؟

٥-کارەکە بە چ شێوەیەک ڕەخنەیەکە لە دژی ئایینێکی ڕێکخراو؟ واتە، چۆن ئایین لە کارەکە وا لە کارەکتەرەکان دەکات بەرگەی سیستمی چەوسێنەری ئابووری/کۆمەڵایەتی بگرن و بێ دەنگ بن؟

مەرج نییە هەر پێنج پرسیار جێبەجێ بن لەسەر دەقێکی ئەدەبی. مەرجیش نییە ڕەخنەدۆز تەنێ ئەم پرسیارانە بکات. دەکرێ پرسیاری تر بوروژێنێت، بەپێی دەقەکە. مەرجیش نییە ڕەخنەدۆزان، کاتێ دەقێکی ئەدەبی بەپێی ئەم تیۆرە شی دەکەنەوە، هەمان بۆچوونیان هەبێت. دەشێ ڕا و خوێندنەوە و ڕەخنەی جیاوازیان هەبێت لەسەر دەقێکی ئەدەبی.

ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە هاوێنەی تیۆری ڕەخنەییی مارکسیزم

ئایدیۆلۆژییەکان لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان

تاکگەرایی و بەکاربردن. لە لاپەڕە (٣٢)ی ڕۆمانەکەدا دیارە تاک ڕۆژانە چواردە سەعات ئیش دەکات. لە لاپەڕە (١٢)دا تاک بە ڕۆبۆتئاسا وەسف دەکرێت. بەهای مرۆڤی نێو مرۆڤی هەرزان، وەک تیۆری مارکسیزم دەڵێ، بەندە بەوەی تاک چەندی هەیە و ڕۆژانە چەند سەعات ئیش دەکات. تاک هێندە هیلاکە تام لە ژیانی ناکات، هەرچەندە هیچیان ئەمە بە گرفت نازانن، کارکردن وەک ڕۆبۆت بووەتە شتێکی باو. ئەمەش واتە سیستمی سەرمایەداری (کە بانک، کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانەکەیە، نوێنەرایەتیی دەکات) تاک بەکار دەبات بۆ مەرامی خۆی، بەرهەمی تاک ، وەک تیۆرەکە دەڵێت، بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەدارە، نەک خودی تاک یان کۆمەڵگە.

نیشتمانپەروەری. ڕۆمانەکە باسی ساڵی ٢١٠٠ دەکات. هاوکات لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەکە خوێنەر دەزانێت لە ئێستەوە تا ٢١٠٠ چی ڕووی داوە. لێشاوی گەورەی کۆچ لە دەیەی ٢٠٢٠ و ٢٠٣٠ بۆ ئەوڕوپا؛ تەواوبوونی نەوت لە جیهان لە دەیەی ٢٠٤٠ و داڕمانی سروشت؛ ڕەشەکوژی لە دەیەی ٢٠٦٠؛ مردنی یەک ملیار مرۆڤ بەهۆی میشوولەیەکی کوشندە لە دەیەی ٢٠٧٠؛ زنجیرەیەک هێرشی گەورەی چەشنی یازدەی سێپتێمبەر لە دەیەی ٢٠٨٠؛ دەیان شەڕی تر تێیاندا بەس خەڵکی هەژار لەناو دەچن. کەواتە دەسەڵاتەیلی ئابووری/کۆمەڵایەتی/سیاسی هەردەم بەرنامەی هەیە بۆ بەکاربردنی هەژاران بۆ بەرژەوەندیی مەرامەکانی خۆیان. شێوازی بەکاربردنەکە لە ٢١٠٠ دەگۆڕێت. ئەگەر لە دەیەکانی پێشوو بۆ شەڕ خەڵكی هەژاریان بەکار بردبێت، ئەوا لە ٢١٠٠ خەڵكیان کردووەتە کۆیلەی بەرهەمەکانیان. کاتێ ڕۆمانەکە دەخوێنییەوە، دەبینی خەڵک چۆن بوونەتە کۆیلەی بەرهەمەکان (ئارگ، بۆردی هەوایی، سکرین، تۆپی بکوژ، بەرنامەیلی سۆفتوێر، هتد). بێرنی لومۆ، کارەکتەرێکی ڕۆمانەکە، دژی بەکۆیلەبوونی مرۆڤە لە بازنەی تەکنەلۆژیادا.

ئایین. بەپێی تیۆرەکە، ئایین لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و زەنگینەکانە، تاک بێ دەنگ دەکات لە ئاستیان. بەڵام ئایین لە ڕۆمانەکە، لەسەر دەستی شووشە و ئیمام حەکیم، دەبێتە ئالییەتێک بۆ بەخەبەرهێنانەوەی مرۆڤ. ئایین لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان لە بەرژەوەندیی دەسەڵات و زەنگینەکاندا نییە، بگرە لە دژیانە. لە لاپەڕە (٢٨)دا بانک دەپرسێت، “دەکرێ سەدەیەک بگەرێینەوە پاش بۆ . . . ئایین . . .؟” بەتەواوی دژی هەر بۆچوونێکی ئایینییە بۆ چارەسەری خۆکوشتن. بەڵام شووشە بیرۆکەکەی لە هەناوی ئایین و زانستدا دێنێتە ئارا بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ.

ڕاستە تیۆرەکە دەڵێت ئایین خەڵک بێ دەنگ دەکات (هەرچەندە ئەگەر بێو سەیری خۆپێشاندانەکان بکەین لە دنیا، دەبینین چی تر وانییە)، بەس نەپڕژاوەتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی نەفس لە بەرانبەر ئارەزووەکان. ئایین لە ڕۆمانەکە باشترین ڕێی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەفس. لێرە دەبینین ڕۆمانەکە پێچەوانەی مارکسیزمە. بێ شک، سەرچاوەی هەموو کێشەکان (نەفس)ی بەڕەللایە. سیستمێک، ئایدیۆلۆژیایەک، فەلسەفەیەک، بەرنامەیەک، ڕێیەکم پێ بڵێ لە ئیسلام باشتر بێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەفس لە بەرانبەر ئارەزووەکان.

ئاخۆ ڕۆمانەکە ململانەی ئایدیۆلۆژی تێدایە؟

بەڵێ. ڕۆمانەکە لە یەک کاتدا ڕەخنە لە ئایین دەگرێت و پاڵپشتی ئایینیش دەکات. دەقەکە (میعراج)ی تەوزیف کردووە بۆ ڕەخنەگرتن لە هەندێ شتی باوی نێو ئایین، بۆ دروستکردنی پرسیار و گومان لە ئایین. کارەکتەری ئیمام، کە سەرۆکی فەتوای ئیسلامییە، پێمان دەڵێت مەرج نییە هەموو نوێژکەرێک بچێتە بەهەشت. هەروەها کارەکتەری مێتال، ناموسلمانە، پێمان دەڵێ مەرج نییە هەموو ناموسلمانێک بچێتە دۆزەخ. بەڵام پارادۆکسەکە لێرەدایە کە شووشە، موسلمانە و پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، بیرۆکەکەی تێکەڵەیەکە لە ئایینی ئیسلام و زانست بۆ چارەسەرکردنی خۆکوشتن. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە لاپەڕە (٤٣)ی ڕۆمانەکە:

“شووشه‌ كتێبه‌كانی فرانكلی خوێندووه‌ته‌وه‌، هی باوكی (لۆگۆسێره‌پی)ش، ئێدیت وێسكۆفجۆلسن. شووشه‌ پێی سەیرە ده‌سته‌ی لۆگۆسێره‌پیی زه‌وی ئه‌مه‌یان پشتگوێ خستووه‌. ئه‌و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ به‌ ته‌واوی پشت به‌و فه‌یله‌سووفانه‌ ببه‌ستێ چونكه‌ شكستیان هێنا له‌ ڕزگاركردنی مرۆڤ، پێی وایه‌، ئه‌م خۆكوژییه‌ به‌ری ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌یه‌ چه‌ندان سه‌ته‌یه‌ مرۆڤ داژۆن. شووشه‌ زاناكانی ڕۆژئاوا ده‌تاسێنێت كاتێ ده‌ڵێت ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ مرۆڤیان گه‌وجاندووه‌، كاتێ ده‌ڵێت ده‌روونشیكاریی فڕۆید به‌ند بوو به‌ ئیڕاده‌ی خۆشییه‌وه‌، فه‌لسه‌فه‌ی ئادلێر پێوه‌ست بوو به‌ ئیڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات و گرنگبوونی تاكه‌وه‌، كانت و نیچه‌ و فۆكۆ و ماركس و ئه‌وانی تریش، پێش ئه‌وانیش ئه‌فلاتوون و سوقڕات و ئه‌رستۆ، هیچیان نه‌یانتوانی مرۆڤ ڕزگار بكه‌ن، ئه‌وانه‌ مرۆڤیان به‌ره‌و په‌ڕپووتیی ئه‌خلاق و پووچگه‌رایی برد.” .

 

کەواتە ڕۆمانەکە نەیتوانیوە خۆی لە ململانەی ئایدیۆلۆژیی ئایینی دەرباز بکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندی ئایینی و فیکریی ڕۆماننووس. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەمە بگەڕێوە سەر باسی یەکەم لەبارەی جێبەجێکردنی تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری لەسەر مرۆڤی هەرزان، لە سەرەوە لینکەکەیم داناوە.

خێزان

بەپێی تیۆری مارکسیزم، دۆخی مەتریەل (پارە) کاریگەری هەیە لەسەر خێزان. لە ڕۆمانەکە، لە خێزانی (سامی سێڵ)ەوە تێدەگەین کە پەرستنی پارە لەلایەن سامی دەبێتە هۆی تێکدانی خێزانەکەی. تەنانەت ناوی باوکی سامی (سێڵ) واتە فرۆشتن بە ئینگلیزی، هەر بەڕاستی سامی هاوسەر و کچەکەی و دایکیشی هەڕاج دەکات لە پێناو ئیش و بەرژەوەندییەکانی.

لە خێزانی (بێرنی لومۆ)ەوە تێدەگەین پێکهێنانی خێزان هیچ بەهایەکی نەماوە. بێرنی ناهێڵێت منداڵیان ببێت، ئەویش بەهۆی ئە دۆخە مەتریەلەی لە ٢١٠٠دا هەیە کە ژیانی قورس کردووە بۆ تاک. لەبەرهەندێ خێزانی (بێرنی)یش تێک دەچێت.

با بێین ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان لە ژێر ئەم پرسیارەی تیۆرەکە ڕاڤە بکەین: ئاخۆ کارەکە ڕەخنەیە لە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و چینگەرایی؟ چۆن کارەکە سەرکۆنەی ئەو سیستمانە دەکات؟ چۆن دژی هێزەیلی چەوسێنەری ئابووری/کۆمەڵایەتییە؟

بەڵێ ڕۆمانەکە دژی ئەو سیستمانەیە و ڕەخنەیەکی توندە دژی بەڕۆبۆتکردنی مرۆڤ، فێڵکردن لە تاک، دژی هەر دەسەڵاتێکی چەوسێنەرە. پەتای خۆکوشتن لە ڕۆمانەکە دەرهاویشتەی ئەو سیستمانەیە کە وا لە تاک دەکەن نەفسی بەڕەللا بێت. بانک، سیمبولی سەرمایەداری لە نێو ڕۆمانەکە، هانی خەڵك دەدات خۆیان بکوژن و دژی هەر چارەسەرێکیشە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ.

مادام وایە، با ئەو پرسیارە بکەین: ئایا ڕۆمانەکە کارنامەیەکی مارکسیزمی هەیە؟ نەخێر، لەبەرئەوەی شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، دێ بە زانست و ئایین بیرۆکەکەی خۆی دەسەلمێنێت. لەسەرەوە باسم کردووە.

با ڕۆمانەکە لە ژێر هاوێنەی ئەم پرسیارە دابنێین: دەقەکە دژی ئایینە؟ نەخێر و بەڵێ. ئەم وەڵامە بەڵگەیە لەسەر ئاسێبوونی نووسەر لە ئایدیۆلۆژیای ئایین، کە لەسەرەوە باس کراوە.

 

سەرچاوە

Lois Tyson (2015). Critical Theory Today: A user-friendly guide. Routledge.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: