گرێی دەروونی لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان: خوێندنەوەیەکی دەروونشیکاری

624
1
بڵاوکردنەوە:

نووسیی: گۆران سەباح

بەرکوڵ

لەوەتەی لە ئەمریکا گەڕاومەتەوە، چەند هەوڵێکم داوە لە بواری نووسین و ئەدەبدا. یەک لەوانە پاکێجێکە؛ لە سێ بەش پێک دێت. یەکەم، بڵاوکردنەوەی دە باسی تێروتەسەل لەسەر چۆنێتیی نووسینی خەیاڵی زانستی (لە زەمەن پرێس بڵاوم کردنەوە)؛ دووەم، نووسینی خەزێک (مرۆڤی هەرزان)؛ سێیەم دوو بەشە؛ یەکەم، جێبەجێکردنی تیۆرەیلی ڕەخنەی ئەدەبی لەسەر ڕۆمانەکە. تیۆری یەکەم دەروونشیکارییە. پاشان تیۆری ڕەخنەیی مارکسی، فێمنیستی، تیۆری ڕەخنەی نوێ، ڕەخنەی وەڵامی خوێنەر، سترەکچورالیست، دیکۆنستڕەکتیڤ، ڕەخنەی نوێی کولتوری و مێژوویی، پۆستکۆلۆنیال. دووەم، خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بەپێی تێڕوانین و هزری بیرمەندانی خۆماڵی.

بۆ ئەم هەوڵە؟

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ سێ مەبەستی سەرەکی: یەک، پڕکردنەوەی کەلێنێک لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی. دوو، شکاندنی ئەو پرسە باوەی گۆیا نووسەر ناتوانێت لەسەر ڕۆمانەکەی بنووسێت. سێ، خوێندنەوەی ڕۆمانی کوردی بەپێی ئەو تیۆرە ڕەخنەییانە کەم و کز و کاڵ و کڵۆڵە. ئەمە هەنگاوی یەکەمە، هیوادارم دەیان ڕەخنەدۆز دروست بن و سوود لەم نووسینە وەرگرن و پەرە بە بواری ڕەخنەی ئەدەبی بدەن.

تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری  

خوێندنەوەی دەق بە هاوێنەی تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکاری پێویستی بە چوار ڕەهەند هەیە. یەک، ژیان و ڕەهەندی دەروونیی نووسەر. دوو، ناوەڕۆکی دەقەکە و پاڵنەر و لایەنی دەروونیی کارەکتەرەکان. سێ، شیکردنەوەی پێکهاتەی هونەریی دەق. چوار، ڕەهەندی دەروونیی خوێنەر. وا لە خوارەوە، بەپێی توانا، هەر یەکەیان لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا جێبەجێ دەکەم.

ژیان و ڕەهەندیی دەروونیی نووسەر

باکگراوندی نووسەر لە نێو بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و ئامادەیە. ماری بۆناپارت تۆژینەوەیەکی دەروونشیکاری لەسەر شیعر و چیرۆکەکانی ئێدگار ئالان پۆ کرد. گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە حەزی شادبوونەوە بە دایکی لە پشت هەموو بەرهەکانیەتی چونکە ئێدگار سێ ساڵان بوو کاتێ دایکی مرد (ماری، ١٩٤٩).

بەپێی تیۆری دەروونشیکاری، دەقی ئەدەبی دەربڕی نهێنی و ئارەزوو و دڵەڕاوکەی نووسەرەکەیە (لۆیس، ٢٠١٥). ڕاڤەی دەروونی نووسەر لەسەر دەق کۆنە. ڕەخنەی نوێ پێوەندی بە نووسەرەکە و لایەنی دەروونییەوە نییە، بەڵام ئەم نووسینە باسی تیۆری ڕەخنەییی دەروونشیکارییە. مەبەست لێرە گێڕانەوەی ژیانی نووسەر نییە، بگرە ڕۆچوونە بە نێو هەندێ وێستگەی دەروونیی نووسەر، ئەو وێستگانەی پێوەندییان بە دەقەکەوە هەیە.

هەندێ لە گرێیە دەروونییەکانم ڕاستەوخۆ کاریان کردووەتە سەر مرۆڤی هەرزان. هەر ئەو گرێیانەش بوونە هۆی لەدایکبوونی ڕۆمانەکە.

گرێی یەکەم: هەستی بەراوردکاری

ئەزموونی ژیانم لە ڕۆژئاوا و کوردستان وای لێ کردووم بەردەوام ئێرە و ئەوێ بەراورد بکەم. کاتێ لە ئەمریکا نان دەکڕم، بەراوردی دەکەم بە نانی کوردی: جۆری نانەکە، تامی نانەکە، نرخی نانەکە، شێوازی دروستکردنی، خاوێنی. کاتێکیش لە کوردستان نان دەکڕم، هەمان تاسانە، لێرە سڕەکەشی بۆ زیاد دەبێت. هەر تەنیا سڕە نییە، چۆنێتیی سڕەکە و خەڵکەکە و شوێنەکە و هتد.

ئازاری هەستی بەراوردکاریم بەسوێترە کاتێ دێمە سەر نووسین و زمان و ئەدەب. بە هۆردوو زمان دەنووسم، ئینگلیزی و کوردی. خەم دەخۆم کاتێ دەبینم کورد زمانێکی ستانداردی نییە و ئینگلیز هەیەتی. گۆج دەبم کاتێ حاڵی ڕۆمان لێرە و لەوێ دەبینم. کوێر دەبم ئەو هەموو خەزە دەبینم لەوێ، ئێمەش نیمانە. بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە و شکاندنی ئازارم، هەوڵم دا مرۆڤی هەرزان بنووسم. بۆیە هەوڵم داوە حسێبی زمانی نووسینی خەز بکەم.

گرێی دووەم: ناسنامە و کێشەی نەتەوەیی

ژیانم لە تاراوگە کێشە نەتەوەییەکەی لێ کردیمە دێوەزمە. ئەم گرێیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای چوونم بۆ ئەمریکا. دەمگوت کوردم. ئەی باشە بۆ پاسەپۆرتت عێراقییە؟ دەمگوت کوردم. ئەی بۆ لەسەر فۆرمەکەت نووسراوە عێراق؟ دەمگوت کوردم. کام پارچە؟ وای لێ هات زراوم لە یەکترناسین چوو. دەبوایە هەموو جار هەمان قەوانی مێژووی کورد بڕێسمەوە. ئازارەکە لە دووبارەکردنەوەکەدا نەبوو، لەوەدا بوو کە دەیانزانی بێ وڵاتم، لێم دەکشانەوە.

چۆن ئەم گرێیە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزانی داگیر کردووە؟

لە جیهانی ڕۆمانەکە پایتەختی کوردستانم کردووەتە چەقی هەموو دنیا. تاکی کوردم کردووەتە پێشەنگ لە زانست و تەکنەلۆژیا. ئەمانە بۆ پڕکردنەوەی ئەو گرێ دەروونییەی خۆمە چونکە لەبەر نەبوونی وڵات و کیان، تاکی کورد بە هیچ ناچێ: نووسەرمان، ئەندازیارمان، مامۆستامان، دکتۆرمان، هتد. ئێمە هیچمان لەوان کەمتر نییە، بەڵام هۆیەلی سیاسی و نەتەوەیی ئێمەی وا سووک کردووە.

گرێی سێیەم: خۆکوشتن

گرێی خۆکوشتن لای من دوو جۆرە. دەرەکی و ناوەکی. ناوەکی هیی ناخمە. کەس نییە، لانی کەم، جارێک یان دووان خۆکوشتنی بەخەیاڵدا نەهاتبێ. بە سێ جۆر بیرت بۆ دەچێت: بروسکەئاسا، ئەمەیان زۆر خێرایە، وەک بروسکە بە مێشکتدا دێ و دەڕوا. دووەم جۆر، گرمەگرم، ئەوەیان لە نێو مێشکتدا دەگرمێنێ بەڵام قەت نایکاتە باران، واتە ئەویش دەڕوا. سێیەمیان، فیلئاسا، ئەوەیان هێدی هێدی دێ، وەک فیل قورس و خاوە، دێ تێکتدەشکێنێت.

جار جار بروسکەئاسا بە مێشکمدا هاتووە، ویستم بۆ مانەوە بەهێز بووە و (خۆکوشتن)م لە عاردی داوە.

گرێی دەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە چوار دەورم. ئەمانەش کاریگەرییان هەیە لەسەر تاک. خێزانی برادەرێکم خۆی سووتاند. هەرچەندە یەکجار بینیبووم، بەس زۆر پێی تێکچووم. خزمێکی دوور خۆی کوشت، هەرچەندە نەشم بینیبوو، زۆر تێکچووم. ئێستەشی لەگەڵدا بێ، تەنانەت لە هەواڵەکانیش ببیستم، یەکێ خۆی کوشتووە، بیناسم و نەیناسم، شێت دەبم و ئەم پرسیارە بۆ چەندان ڕۆژ سەرم دەخوات: بۆ؟ کەسمان نازانین لە نێو مێشکی خۆکوژ چی دەگوزەرێت بە چەند چرکەیەک پێش ئەوەی خۆی بکوژێت.

گرێی چوارەم: فەلسەفەی ڕۆژئاوا

ئەم گرێ دەروونییەم لەوەوە بۆ دروست بووە کە کورد خۆی بەستاوەتەوە بە نیچە و فرۆید و کانت و مارکس و هایدگەر و ڕۆسۆ و هتد. هێندەی کورد باسی ئەوانە دەکات، خۆیان هێندەیان لەمەڕ ناڕێسن و بگرە تێشیانپەڕاندوون. ئەمە وای کردووە هەموو شتێکی خۆماڵی بێتە ڕەتکردنەوە. وای کردووە هەر کەسێ دوو کتێبی لەسەر نیچە خوێندەوە، تەواو ئیتر پێی وایە دەتوانێت حوکمی دنیا بکات.

لایەکی تری ئەم گرێیە ئەو گواستنەوە سەقەتەیە کە لە کتێبی وەرگێڕدراو دەگاتە کورد. کورد وا دەزانێت حاڵی ڕۆژئاوا لەوپەڕی خۆشیدایە، پێی وایە بیرمەند و فەیلەسوفی ئەوێ مامۆستای مرۆڤایەتین. کاکە/دادە وا نییە. ڕۆژئاوا بەو هەموو بیرمەندانەی خۆیەوە حاڵی لە حاڵی ئێمە باشتر نییە. لە ئەخلاق و خێزان و ڕووحانییەت ئیفلاسیان کردووە. ڕەشوێرس کیدەری ئەمریکی لە پێشەکی کتێبی (چۆن خەڵكی باش بڕیاری قورس دەدەن) دەڵێ ڕۆژئاوا ئیفلاسی کردووە لە ئەخلاق. ئامارەکان پشتڕاستی ئەمە دەکەنەوە. وەرە سەیری ئاماری زینای مەحاریم بکە، سەیری ئاماری ئیغتیساب بکە، سەیری ئاماری منداڵکوشتن بکە، ئاماری خۆکوشتن و هتد.

مرۆڤی هەرزان ڕەخنەیەکی ڕژدە لە بیر و فەلسەفەی ڕۆژئاوا، چونکە بە کەڵکی خۆیان نەهاتن، چۆن بە کەڵکی ئێمە دێن. کاتی هاتووە ئەو پەتە ئەستوورەش بپسێنین و چی تر خۆمان هەڵنەدەینەوە بە نیچە و کانت و فرۆید و ئەم و ئەو. دەکرێ سوودیان لێ وەرگرین، بەس نابێ ببنە مەرجەعمان. ئەوان مەرجەعی ئێمە نین. خەم دەخۆم کە دەبینم گەنجێک، نووسەرێک یان ڕۆشنبیرێک زۆر کەیفی بە خۆی دێت کاتێ ڕستەی فەیلەسوفێکی بیانی دەڵێتەوە. هەر لە ئەدەب و فیکر و فەلسەفە وا نییە، وەرە سەیری کوردستان بکە، پڕە لە دۆڕاوی ڕۆژئاوایی کە بێرە خەنی بوونە، مووچەیان دوو، سێ، چوار هێندەی تاکێکی کوردە لە شوێنی کار. لە وڵاتی خۆیشیان کاریان دەست ناکەوێت. ئەم هەویرەش ئاوی زۆر دەوێت، با بۆ کۆڕێک بێت.

گرێی پێنجەم: ئایینی

موسلمانم. جاروبار شەونوێژ دەکەم. نوێژی بەیانیان تا پێم بکرێ لە مزگەوت بە جەماعەت دەکەم. مانگی جارێک قورئان ختم دەکەم. جارجار پێشنوێژیش دەکەم. زۆر خۆش و جوان قورئان بە تەجوید دەخوێنم. زۆر موعجیبی ئیسڕا و میعراجم. بەڵام کەس هەنکی من ڕەخنە و گومان و پرسیاری نییە لە ئایین. ئەوە گرێی ئایینی منە. ڕەخنە دەگرم، پرسیار دەکەم و گومانیشم هەیە. بۆیە خۆم بە باوەڕدارێکی تەندروست دەزانم؛ بە پرسیار و گومان کافر نابی.

مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ کردنەوەی ئەو گرێیە.

لای ئەدیب و نووسەران وایە ئەگەر دژی ئایین بی، ئەگەر خوانەناس بی، ئەگەر گاڵتە بە قورئان و ئایین بکەی، ئەوا یەکسەر دەبیتە نووسەر و ئەدیبێکی زۆر گرنگ و خەڵاتی نۆبڵ وەردەگری. ئەدیبانی ئێمە ڕەگی ئەدەبی کوردییان فەرامۆش کردووە، حاجی قادر و نالی و مەحوی و گۆران ئەوانی تریان لە بیر کردووە. هەمووی خۆی بە مارکس و هایدگەر و کانت و فرۆید هەڵدەداتەوە. بۆ؟ پێی وایە دوو بیرە بخواتەوە، جوێن بە خوا بدات و دوو شیعر بنووسێت، ئەوا دەبێتە گەورەترین بیرمەندی دنیا. ئەمە جەهالەتە.

ئەدیبی ڕاستەقینە دەبێ گومان لە حەقائیقی ئایینی دروست بکات لە نێو ئەدەب. تەوزیفکردنی حەقائیقی ئایین گرنگە بۆ دروستکردنی پرسیار، وەڵامدانەوەی پرسیار و لێکهەڵوەشاندنەوەی حەقائیق و پێشاندانی دیوی تریان. مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ ئەمە. وەک هۆشەنگ شێخ محمد لە ڕۆمانی میدیادا وای کردووە، بیرۆکەی ئیمانی ئازاد دێنێتە ئاراوە. تا سەر ئێسک سەرسامم بە بیرۆکەی ئیمانی ئازاد.

مرۆڤی هەرزان تێکەڵەیەکە لە فەلسەفە، زانست، تەکنەلۆژیا، دەروونناسی و ئایین. ڕۆمانەکە دیوی گوماناوی هەر یەک لەمانە هەڵدەداتەوە.

ڕەهەندی دەروونیی کارەکتەر

یەک کارەکتەر وەردەگرم و لایەنی دەروونیی شی دەکەمەوە. کارەکتەرەکانی تر جێ دەهێڵم بۆ ڕەخنەدۆزانی تر. داوایان لێ دەکەم و هیوادارم بەو کارە هەستن، هەر لە ڕۆمانی من نا، لەوانی تریش.

ڕکابەری، ئیرەیی، ململانە، هەستکردن بە کەمی، ئەم جۆرە سیفەتانە ژیانمانیان داگیر کردووە. هەستیان پێ ناکەین. پێویستمان بە شیکردنەوەیانە تا لە ڕەفتاری مرۆڤ تێبگەین، هەر بۆیەش گرنگن بۆ تێگەیین لە دەقێکی ئەدەبی. لە دەروونشیکاریی مۆدێرندا قۆناخەکانی سێکسیی فرۆید گرنگ نین، بگرە هێزی نەست (لاشعور) گرنگە (لۆیس ، ٢٠١٥). ‌دەروونشیکاری پێمان دەڵێت نووسەر چی دەڵێ و چیش ناڵێ.

نەک هەر بۆ مرۆڤی هەرزان، بۆ هەر دەقێکی ئەدەبی، دەکرێ ئەم پرسیارانە بکەین (لۆیس، ٢٠١٥): پاڵنەری نەست لای کارەکتەرە سەرەکییەکان چییە؟ گرفتی ناوەکی کارەکتەران چییە؟  گرێی خیزانی، گرێی ئۆدیب، ئەمانە چۆن کار لە ڕەفتاری کارەکتەر دەکەن و چیش ئاشکرا دەکەن؟ ئاخۆ منداڵیی کارەکتەر پێوەستە بە ژیانی کارەکتەر؟ قەیران و کێشە دەروونییەکان پێوەندییان چییە بە ئید، من و منی باڵا؟ ئید بارێکی فتڕییە، نەستە، کارێکە ئێستە دەتەوێ بیکەی. منی باڵا بریتییە لە ڕێگربوونی ئاکار و داوونەریت لە ئەنجامدانی هەر شتێک، نائاگاییە، بەڵام من واگایە، دەڵێ جارێ نا، جارێ نایکەم.

فرۆید مێشکی مرۆڤی کردە دوو بەش (فرۆید، ١٩٨٩): هەست و نەست (ئاگایی و نائاگاییش دێنە بەکاربردن). نەست بریتییە لە برین، ترس، ململانەی چارەنەکراو، هەستکردن بە تاوان، هەموو ئەو شتانەی کپ کراون لە شوێنێکی ناو میشکی مرۆڤ (فرۆید، ١٩٨٩). کەسایەتیی مرۆڤی کردە سێ بەش: ئید، من، منی باڵا. دەکرێ ئەمانە وەک هاوێنە بەکار ببەین بۆ نۆڕین لە پاڵنەر و کردار و کاردانەوەی کارەکتەرانی مرۆڤی هەرزان.

شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بارێکی دەروونی ئاڵۆزی هەیە. بۆ؟ وەڵامەکەی ئاسانە: کچێکی ١٦ ساڵی دەموچاو سەقەتە، بەپێی مانای گشتیی جەستەیی، زۆر ناشرینە. دێبابی خۆیان کوشتووە. براکەشی لەبەرچاوی ئەو خۆی کوشت. بە منداڵی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بوو. ئەمانە ڕووداوی گەورەن لە ژیانی هەر کەسێک. باشە کاریگەرییەکانیان چییە لەسەر چیرۆکەکە؟ بۆ وەڵام دەبێ سەیری کاردانەوەی شووشە بکەین. کاردانەوەکەی ئەوەیە دەیەوێت چارەسەری خۆکوشتن بکات. هێزی شووشە لێرەدا بەدەر دەکەوێت. ناچێت لە ماڵەوە بگری و شین بکات. دێ بەرەنگاری هەموو دنیا دەبێتەوە، قایلیان دەکات بە بیرۆکەکەی. دەکرێ بپرسین بۆچی وا دەکات؟ بۆ پڕکردنەوەی ئەو سوێیەی کە نەیتوانی هیچ بۆ براکەی و دێبابی بکات. لەبری ئەوە دەیەوێت هەموو دنیا ڕزگار بکات. بۆیە لە لاپەڕە (٦٥)دا دەڵێت بۆچی زووتر ئەو بیرۆکەی بە مێشکدا نەدەهات.

لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکە باری دەروونیی خراپتر دەبێت. لەبەر پڕۆژەکەی ئەو پێنج کەس دەمرن. دەگری و خەم دەخوات. پرسیارەکە ئەوەیە چ هێزێک وا لە شووشە دەکات بەردەوام بێت و واز نەهێنێت؟ (ئید)ێکی زۆر پاکی هەیە، فیتڕەتی پاکە و (منی باڵا)ی نییە، بەند نییە بە هیچ نۆرمێک، ئیدی زاڵە بەسەر منی باڵا، ئەمە بەڕوونی دیارە کاتێ بە ئارگەکەی دەڵێ یەکسەر بچێتە ناو کۆنفڕانسەکەی هەولێر. هەست و نەستی تەندروستە، ئەمانەش کەسایەتییان بەهێز کردووە.

خوێندنەوەیەکی لاکانی بۆ کارەکتەری شووشە

لاکان نەیتوانیوە باش بیرۆکەکانی شی بکاتەوە. زۆرجار ناوی چەمکەکانی گۆڕیوە. هەوڵ دەدەم بە کورتی بیرۆکەکانی باس بکەم. لاکان پێی وایە سێ قۆناخ کار دەکەنە سەر دەروونی مرۆڤ (لۆیس، ٢٠١٨). قۆناخی ئاوێنە، هەندێ جار پێی دەڵێت خەیاڵی. ئەم قۆناخە لە کۆرپەییەوە دەست پێ دەکات تا هەژدە مانگی. منداڵ وا دەزانێت بەشێکی جیا نەکراوەیە لە دایکی. دایکی تەنیا هیی ئەوە. لەم قۆناخەدا منداڵ هەست بە ئەندامانی لەشی خۆی ناکات، هەر بۆیە زۆرجار پەنجە و پێی دەمژێت. یان کاتێ لەبەردەم ئاوێنە خۆی دەبینێت نازانێت خۆیەتی، وەک شتێک دەیبینێت. قۆناخی دووەم ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە فێری زمان دەبێت، پێی دەگوترێت سیمبولی. واتە مانا بە شتەکان دەدات و دەزانێت “من منم، من تۆ نیم.” پاشان قۆناخی لەدەستدان دێت. کاتێ مرۆڤ دەزانێت دایکی بتەنێ هیی ئەو نییە، هی باوکییەتی، دەروونی دەشێوێت، هەموو شتێک دەکات تا بگاتەوە قۆناخی یەکەم، کڕینی ئۆتۆمبیل، خانوو، شتی گرانبەها، هاوسەرگیری و هتد، هەموو ئەمانە لە نەستی تاکدا بۆ گەیشتنەوەیە بە قۆناخی منداڵی. ئەم لەدەستدانە دەچێتە نەستی مرۆڤ و دەبێتە گرێیەکی دەروونی، تۆزێک لە گرێی ئۆدیب نێزیکە. شەڕی ئەو حەزەی گەڕانەوە بۆ قۆناخی منداڵی لە نائاگاییدایە و کار دەکاتە سەر ڕەفتارەکانی تری تاک. لە تەک ئەمە شەڕی قۆناخی یەکەم و دووەمیش هەیە. لە قۆناخی یەکەمدا، کەس کۆنتڕۆڵی مرۆڤ ناکات، بەڵام لە دووەمدا، کۆمەڵگە، ئایین، نەریت، دەسەڵات و هتد کۆنتڕۆڵی دەکات.

بە پێی لاکان، شووشە هۆردوو شەڕ دەکات. شەڕی نەست و شەڕی قۆناخی یەکەم و دووەم. لەدەستدانی دێبابی لە نەستی شووشە وای لێ دەکات هەموو شتێک بکات تا پێیان بگاتەوە، تەنانەت بێ سێ و دوو خۆی دەمرێنێت. لە لووتکەی هەولێر دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی بکەن، بانک دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بکات، بەڵام ناتوانن، ئەو شەڕەش دەباتەوە.

مردن: ڕەهەندی دەروونشیکاری

مردن غەریزەیە. فرۆید دەڵێت، “ئامانجی هەموو ژیان مردنە.” پێی وایە ئەوە غەریزەی مردنە بە شتی دەرەکی دەریدەبڕین، وەک توندوتیژی. هەندێ جار ئەم غەریزەیە بە شتی ناوەوە دەردەبڕین بۆیە دەبێتە هۆی ئازاردان و خۆکوشتن (فرۆید، ١٩٨٩). فرۆید پێی وایە هەموو تاکێک لە نەستیدا حەز دەکات بمرێت. زۆری هێناوە و بردووە، نەیتوانیوە چۆنی شی بکاتەوە. بەڵام لە قورئان، بە یەک ئایەت، بابەتەکە جوان هاتووەتە باسکرن: هەموو کەسێک چێژی مردن دەکات (کل نفس ذائیقە الموت). چێژ ئەو حەزەی نەستمانە. لەوانەی تووشی کێشە دەبن حەزەکە زیاترە. بەڵام کاتێک مرۆڤ بەمە دەزانێت خۆی باشتر دەکات، ئەمەش ڕەخنەیەکی جدییە لە فرۆید کە حسێبی ئەوەی نەکردبوو کاتێ مرۆڤ واگا دێتەوە و ئەگەری زۆرە چاک بێتەوە. فرۆید زاراوەی ئیرۆس و تاناتۆس بۆ خۆشەویستی و مردن بەکار دەبات. پاڵنەری مردن وا لە مرۆڤ دەکات خۆی تێک بشکێنێت. زانایان پێیان وایە بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین دەبێ واز لە سۆز بێنین. شووشە وای کرد. لۆیس (٢٠١٥) پێی وایە ناتوانین لە مردن تێبگەین چونکە ئەبستڕاکتە و هیچی لەگەڵ ناکرێت. مرۆڤی هەرزان ئەم هزرە ئەبستڕاکتەی لێکهەڵوەشاندووەتەوە. شووشە دەچێتە گەشتی مردن لە پێناو ژیان. ئەوانەی پێش ئەویش چوون بۆ گەشتەکە تا مانای ژیان بدۆزنەوە. یەک لە تێماکانی ڕۆمانەکە ئەوەیە مانای ژیان لە ڕێی مردن بێتە دۆزینەوە.

سێکسوالیتی، ڕەهەندێکی تری دەروونشیکاری

سێکسوالیتی هەر گانکردن نییە. زۆر شتی تر هەن مرۆڤ دەگەیەننە حاڵەتی ئۆرگازم: لەبەرکردنی جلێکی جوان، بەخۆداکردنی بۆنێکی خۆش، خواردنێکی خۆش، سەرتاشین، خۆشووشتن، قسەی خۆش، وەرزشکردن، هەموو ئەمانە پێوەستن بە دەروونی مرۆڤ. هەر یەکێک لەو خۆشییانە سەرکوت کرا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر دەروون و ڕەفتاری مرۆڤ. کۆمەڵگە، ئایین، خێزان، دەسەڵات دەتوانن یاری بەمانەوە بکەن. مرۆڤی هەرزان پڕژاوەتە سەر سێکسوالیتی لە ڕێی ستایلی جل و قژ و خواردن و دەوروبەر. لە ڕۆمانەکەدا، ئەگەر بە وردی تەماشای جل و قژ و خواردن و دەوروبەر بکەیت، بەدییان دەکەیت.

ڕەهەندی سێکسوالیتی لە نیوەی دووەمی ڕۆمانەکە لە نێوان شووشە و ڕامدا دروست دەبێ و کاریگەریشی هەیە لەسەر پڵۆتەکە. هۆردووکیان سەرسامی یەکتر دەبن لەبەر لێهاتوویی و زاناییان. ڕام گەنجێکی بلیمەتە لە تەکنەلۆژیا. شووشەش بلیمەتێکە لە بواری دەروونیی تەکنەلۆژی. پێشتر یەکتریان نەناسیوە، لە زەوی بڵند یەکتر دەبینن. شووشە کورد و ئەوی تریان ئەمریکی. ئەم سەرسامییە هێزیان پێ دەبەخشێت. دەبن بە پشت و پەنای یەکتر و گرنگی بە یەکتر دەدەن.

بەرگری، ڕاڕایی و پرسە سەرەکییەکان

نەستی مرۆڤ پڕە لە شتی کپکراو. کەسایەتی و ناسنامەمان بەندە بەو شتە کپکراوانە. بۆیە دەترسین لە نێزیکەوە لێیان بنۆڕین. بۆیە دەست دەکەین بە بەرگری. نکووڵیکردن جۆرێکە لە بەرگری، دەڵێی ئەم شتە قەت ڕووی نەداوە. خۆدزینەوە لە بابەتەکە، تێکەڵنەبوون لەگەڵ خەڵکی و شاردنەوەی شتەکان بەرگرین. لۆیس (٢٠١٥) پێیان دەڵێت selective perception, selective memory, denial, avoidance. هەریەک لەم کارەکتەرانە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا پڕن لە شتی کپکراو. سامی سێڵ دەناڵێنێت بەو ئاریشانەی لەگەڵ دایکی، خێزانی و کچەکەیدا هەیبوون، هەموو ئەو ڕووداوانەی کپ کردوون. بێرنی و ئیمام حەکیم بە هەمان شێوە.

هەندێ جار دەتەقینەوە بەسەر ئەو کەسانەی کە سەرچاوەی شتە کپکراوەکانن. هەندێ جار ڕەخنە لە یەکێک دەگرین کە هەمان گرفتی خۆمانی هەیە، بەوە دەمانەوێ ئەوەی خۆمان بشارینەوە. وەک ئەو دەمەتەقێیەی لە نێوان ئیمام حەکیم و سامی ڕوو دەدات، سامی لە کاتی لەدەستدانی کچەکەی، بەسەر هەموو کەسێکدا دەتەقێتەوە و کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات. زێتریش بەسەر کانگۆیەکاندا دەتەقێتەوە، چونکە پێی وایە ئەوان بوونە هۆی مردنی کچەکەی.

یەکێک لە ئاڵۆزترین و خراپترین بەرگری گەڕانەوەیە بۆ دۆخێکی دەروونی پێشوو (regression)، هەر تەنیا خەیاڵی ناکەی، پێی دەحەسێیەوەش. بۆ نموونە، مێتال حەز دەکا بگەڕێتەوە حاڵەتی پێش جیابوونەوەی دێبابی. کاتێ لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تەکنەلۆژی (ژیانی باشتر) دەگەڕێتەوە سەردەمی منداڵی، زۆر دڵشاد دەبێت، حەز دەکات نەگەڕێتەوە.

گەڕانەوە تەنیا بۆ خۆشی نییە، دەکرێ بۆ ئازاریش بێ. ئەمەش بەرگرییە چونکە لە دۆخی ئێستە دوورمان دەخاتەوە. دەتوانین کاریگەری برین بگۆڕین ئەو کاتەی ئەزموونی برینەکە تێپەڕێنین، بۆیە گەڕانەوە ئامێرێکی سێرەپی (چارەسەری سروشتی) بەسوودە. بێرنی و ئیمام و سامی و مێتال برینی دڵیان کپ کردووە، بەڵام تێیاننەپەڕاندووە، بۆیەش لە جیهانی مردن دێتەوە پێشیان.

کاتێ بەرگرییەکانمان تێک دەشکێن، دەچینە حاڵەتی دڵەڕاوکە. واتە هەست بە مەترسی دەکەین. مێتال و شووشە چەند جارێک تێک دەشكێن و تووشی دڵەڕاوکە دەبن. هیی مێتال هەوڵی خۆکوشتنی لێ کەوتەوە، بەڵام هیی شووسە داهێنان. دڵەڕاوکە گرنگە چونکە پرسە سەرەکییەکان ئاشکرا دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی ڕەگیان داکوتاوە و بوونەتە هۆی خۆتێکشکاندن: لەمانەی خوارەوە پێوەندی هەیە لە نێوان دڵەڕاوکە و پرسە سەرەکییەکان: ترسی نێزیکبوونەوە، ترسی مانەوە بتەنێ، واتە کەسوکارمان گرنگیمان پێ نادەن، ترس لە خیانەت و متمانە بە کەس ناکەیت، هەستی بە کەمزانین، هەندێ جار هەست دەکەین شایەنی سزاین لە ژیان. هەست بە نائارامی دەکەین، ناسنامەیەکی کەسی جێگیرمان نییە، بۆیە بە ئاسانی دەکەوینە ژێر کاریگەری ئەوانی تر، بۆیە بەردەوام خۆمان دەگۆڕین، ستایلمان دەگۆڕین.

خۆکوشتن

یەک لە تێما هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤی هەرزان خۆکوشتنە. لەبەرئەوەی زانست و فەلسەفە و دەروونشیکاری چارەی خۆکوشتنیان نەکردووە، مرۆڤی هەرزان هەوڵێکی خەیاڵییە بۆ چارەسەر. بێ لەوەی کارەساتێکی تاک و کۆمەڵایەتییە، خۆکوشتن ڕەهەندێکی قووڵی فەلسەفی و دەروونی هەیە. سەروبەندی نیچە و خۆکوشتن وای کردووە ئەم پرسیارە دروست بێت: بۆ نیچە خۆی نەکوشت؟ زۆرجار بیری لە خۆکوشتن کردووەتە و بۆیە دەڵێت، ” بیرکردنەوە لە خۆکوشتن پەناگەیەکی باشە، چونکە زۆر شەو هەیە فریات دەکەوێ.”

ئەدۆلف واگنەر، هێنری مۆرسێل، دەیڤد ئەمیل دۆرکهایم، ئەم زانا دەروونییانە قسەیان زۆر لەسەر خۆکوشتن کردووە، بە تایبەتی دۆرکهایم. ئەو دەڵێت کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی کاسۆلیکەکان ڕێژەی خۆکوشتن کەم دەکاتەوە، کەواتە بە ئایین دەیبەستێتەوە. نایبەستێتەوە بە پاڵنەر و هەستی تاک، دەیبەستێتەوە بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، واتە کەمی پێوەندیی نێوان خەڵك و نەبوونی سیستمێک بۆ ڕیكخستنی ڕەفتار. نەیبەستاوە بە هۆکاری کەسی وەک تەڵاق و ئیفلاس و لەدەستدان. دەڵێ خۆکوشتن دیاردەیە و لادانێکی کۆمەڵایەتییە. لادان لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. دۆرکهایم باسی چوار جۆر خۆکوشتن دەکات (پیکەرنگ و والفۆرد، ٢٠١٤):

  • ئێگۆیستیک (Egoistic): واتە کەمی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی، هەست دەکەی جێت نابێتەوە لە گروپێکی کۆمەڵایەتی، هەست دەکەیت ناتوانی هیچ بکەیت لە ژیانی یەکێکی تر.
  • ئاڵترویستیک (Altruistic): واتە زۆری ئاوێتەبوون: گروپێک کۆنتڕۆڵی تاک دەکات، تاک لە نێو گروپەکە هەست دەکات ژیانی بێ مانایە.
  • ئەنۆمی (Anomic): واتە ناتوانی تێکەڵ بیت و هەستی بێهودەیی زاڵە بەسەرتدا، ناتوانی هیچ شتێک وەک خۆی ببینی و ناتوانی چاوەڕێی هیچ بکەی.
  • فاتەلیستیک (Fatalistic): واتە ڕۆتین، هەست دەکەی هەموو شتێک بێ مانایە و دووبارەیە و هیچی نوێ نییە.

من سێ جۆر خۆکوشتن لێرە زیاد دەکەم. یەکیان هیی ڕێبوار سیوەیلییە کە دەڵێ خۆکوشتنێک هەیە لە نێو کوردان و شەڕوانان لە پێناو پاراستنی نهێنی. ئەوەی دووەم هیی ڕۆماننووس نەریمان کاکەسوورە کە دەڵێ خۆکوشتن هەیە لە پێناو پاراستنی شەرەف. سێیەم هیی خۆمە، ئەویش خۆکوشتنی ئارەزووەکانە، واتە مرۆڤ تەنێ دوای ئارەزووی دەکەوێت، پاش تێربوونی بۆی دەردەکەوێت هیچ نییە و دواتر خۆی دەکوژێت. ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بەندە لەسەر ئەم جۆرەی کۆتایی.

خۆکوشتن لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان ئەو جۆرانەی دۆرکهایم و ڕێبوار و نەریمان نین. لە ڕۆمانەکە، ئەوانەی خۆیان دەکوژن هیچ گرفتێکیان نییە. لە کۆتایی ڕۆمانەکە ڕوون دەبێتەوە کەوا دوای بێزاربوون و تێربوون لە ئارەزووەکان، خەڵک تووشی پووچگەرایی و بێهوودەیی دەبن، بۆیە کۆتایی بە خۆیان دێنن. لێرەش بایەخی کۆنتڕۆڵکردنی نەفس و ئارەزووەکانمان بۆ دەر دەکەوێت.

خەون و سیمبولی خەون

کاتێ دەنووین، بەرگرییەکانمان وەک ئاگایی کار ناکەن (لۆیس ، ٢٠١٨). نەست لە خەون بەڕەلڵا دەبێت و خۆی دەردەبڕێت. تەنانەت لە خەونیش سانسۆر هەیە، هەندێ پاراستن هەن لە ترسی ئەو شتانەی کپمان کردوون لە نەستماندا، بۆیە خەونەکە چەواشەکارە یان ناڕوونە (لۆیس، ٢٠١٨). بۆیە پەیامی خەونەکە دێتە گۆڕان، چەواشە دەکرێت و بە باشی ناگات. بۆ نموونە، مامۆستا دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر یەکێک، بەڵام ئەو خەون بەوە دەبینی یەکێکی تر وای لێ کردووە، سانسۆر هەیە، بۆ ئەوەی ئەو برینەی نەکولێتەوە. هەندێ جار خۆت ناوەڕۆکی خەون دەگۆڕی چونکە ناتەوێ ڕاستییەکە ئازارت بدات.

ڕەخنەی ئەدەبیی دەروونشیکاری، لایەکی، جەخت دەکاتە سەر خەون، چونکە خەون ڕەنگدانەوەی نەستە. فرۆید، بۆ نموونە، دەڵێ خەون “پاسەوانی خەوە”، خەون دەبێتە “تێرکردنی ئارەزووە کپکراوەکان”. فرۆید دەڵێ خەون ئاوێنەی نەستمانە. ڕێگەیەکی شاهانەیە بۆ چوونە نێو نەست. شووشە دوو خەون دەبینێت. لە هۆردووکیان دنیا خرابوون دەبینێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو خەمە گەورەیەتی کە دەیەوێت چارەسەری بکات. پڕۆژە زانستییەکە بەندە بە جۆری دووەمی مردن کە خەوتنە. ئەوانەی دەچنە گەشتی مردن لە ڕێگەی خەوتنەوە دەچن، بەڵام خەونیان واقیعییە.

ڕەهەندی هونەریی دەقەکە

نامەوێ بچمە نێو وردەکاریی لایەنە هونەرییەکەی مرۆڤی هەزان. ئەمەیان جێ دەهێڵم بۆ ڕەخنەدۆزێکی تر، لە ئێستەوە سوپاسی دەکەم بێو ئەو کارە بگرێتە ئەستۆی خۆی. هەندێ سەرەداو دەخەمە بەردەست. یەک، ڕۆمانەکە بە دەمی ڕانەبردووی سادە هاتووەتە گێڕانەوە. مەبەستم هێڵی سەرەکیی گێڕانەوەکەیە. لێرە و لەوێ، بە پێی فلاشباک، دەبێتە دەمی ڕابردووی سادە و دوور و بەردەوام. دوو، بە گۆشەنیگای کەسی سێیەمی تاکی سنووردار هاتووەتە گێڕانەوە. سێ، تەکنیک و فۆرم و ستایل و پێکهاتەی نوێم تاقی کردوونەتەوە. فرە دەنگی تێدایە. چوار، جیهانێکم دروست کردووە، بە زمانی کانگۆیەکانیشەوە. پێنج، شوێن و کات بە جۆرێکی تر هاتوونەتە بەکاربردن. شەش، هەڵبژاردنی کارەکتەری جیاواز ڕەهەندێکی ترە ڕەخنەدۆزان دەتوانن قسەی لەسەر بکەن. ئەوانە و دەیان کۆدی تر هەن پێویستیان بە کردنەوە و ڕامانە.

ڕەهەندی دەروونیی خوێنەر

باکگراوندی دەروونیی خوێنەر کاریگەری هەیە لەسەر خوێندنەوەی هەر دەقێکی ئەدەبی. یەک لەو هۆیانەی خوێنەر بە دەق دەبەستێتەوە یان دووری دەخاتەوە باکگراوندە دەروونییەکەیەتی. ئەگەر دەروونی خوێنەر لە نێو زانستدا کوڵا بێت، ئەگەر تەکنەلۆژیا کاری کردبێتە سەر خوێنەر (لەم سەردەمەدا زۆربە لە ژێر کاریگەریی تەکنەلۆژیادایە)، ئەگەر دەروونی خوێنەر تەنرا بێت بە کێشەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئایینی، ئەوا خۆی دەبینێتەوە لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا.

کاردانەوەی دەقەکە لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاوازە. با لێرە نموونەی لایەنە ئایینییەکەی ئەم دەقە وەرگرین. ئەو خوێنەرەی ڕەتی ئایین دەکاتەوە و باوەڕی بە هیچ نییە، کاردانەوەی لەسەر دەقەکە نەرێنی دەبێت ئەگەر تەنێ لایەنە ئایینییەکەی ببینێت. ئەو خوێنەرەی ئایینی قەبوڵە و باوەڕی بە خوا و پێغەمبەر و قورئان هەیە، کاردانەوەی ئەرێنی دەبێت ئەگەر تەنێ لایەنە ئایینییەکەی ببینێت. بەڵام، جۆرێکی تر لە خوێنەر هەن، ئەوانەی تەماشای پشت دەقەکە دەکەن و دەیانەوێ بزانن نووسەر دەیەوێت بڵێت چی و بۆچی کەرستەیلی ئایینی تەوزیف کردووە. لێرەدا جوانیی دەقی ئەدەبی بەدیار دەکەوێت، ئەم جۆرە خوێنەرانە بەهایەکی تر دەدەن بە ڕۆمان.

یەکێ لە ئەرکەیلی ڕۆماننووس دروستکردنی پرسیار و گومانە، لێکهەڵوەشاندنەوەی تابووەکان و شکاندنی پیرۆزییەکانە. دەبێ لەم سۆنگەوە مرۆڤی هەرزان بێتە خوێندنەوە. گومان و پرسیار هەر لە ئایین دروست ناکەم، بگرە لە زانست و فەلسەفە و دەروونشیکاری و سروشت و تەکنەلۆژیاش دروست دەکەم. پیرۆزی و باوێتی و تابووەکانیان تێک دەشکێنم، لانی کەم، هەوڵم داوە ئەوە بکەم. بەس ئەمە خوێنەرێکی بیرتیژ و بێلایەنی دەوێت، دەبێت چاوی بە دەقەکە هەڵبێت و ڕاست و چەپ و لەخۆڕا نەکەوێتە وێزەی دەقەکە.

ئەنجام

ئەم باسە چەند سەرەقەلەمێکە لەمەڕ ڕاڤەی دەروونشیکارییانەی دەقێکی ئەدەبی. دەتوانین بڵێین واڵاکردنی دەرگەیە بۆ ڕەخنەدۆزانی تر تا بێن زێتر لێی قووڵ ببنەوە. هیوادارم ڕەخنەدۆزانی تر بێن ڕەهەندەکانی تریشی وەرگرن و لێی بکۆڵنەوە. هەوڵ دەدەم لە باسەکانی تردا، تیۆرە ڕەخنەییەکانی تریش لەسەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان جێبەجێ بکەم.

 

سەرچاوەکان

گۆران سەباح (٢٠٢١). مرۆڤی هەرزان. چاپی یەکەم. کۆپنهاگن.

Lois Tyson (2015). Critical Theory Today: A user-friendly guide. Routledge.

Marie Bonaparte, The Life and Works of Edgar Allan Poe (London: Image Publishing, 1949).

”Sigmund Freud. The Interpretation of Dreams in The Freud Reader, ed. Peter Gay, (New York: Norton, 1989).

https://cutt.ly/mv3sth8

The Purloined Letter”Edgar Allan Poe, “The Purloined Letter,” in Tales of Mystery and Imagination (London: J. M. Dent, 1912; University of Virginia Library Electronic Text Center, 1994)

The Sins of the Fathers: Hawthorne’s Psychological Themes (1966).Frederick Crews, The Sins of the Fathers: Hawthorne’s Psychological Themes (Berkeley: University of California Press, 1989)

W.S.F. Pickering and Geoffrey Walford (2014). Durkheim’s Suicide: A Century of Research and Debate. Routledge.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: