“گەنجەی گۆرەوی لە پێ” کە لە هیگڵ نەدەبووەوە

417
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: عەلی حسێن

وەرگێڕانی: سامان عەلی حامید

 

قەشە “مارتنسن” واقی وڕما کاتێک تەماشای ئەو دارمەیتە بچووکەی کرد کە ژمارەیەک گەنج لە دەوری کۆبوونەتەوە. ئەو بەیانییەی ڕۆژی هەژدەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی١٨٥٥ هەوا یەکجار سارد بوو، ماتەمگێڕان ڕەشیان پۆشیوە. بە گوێی یاریدەدەرەکەیدا چرپاندی: “چ دژبەرییەکە.. ئێمەمانان بەدەگمەن بێشەرمیی لەم چەشنەمان بینیوە”. بەرلەوەی یاریدەدەرەکە سەبارەت بە جۆری بێشەرمییەکە پرسیار بکات، قەشەکە بە هەمان دەنگی نزم وتی: “ئەو مردووە قەشەکانی بە بخۆری گۆشتی مرۆڤ و مەیمون و گەمژە ناودێر دەکرد”، لەدوای ئەوە مارتنسن بە دەنگێکی ڕوون وتی: “بەڕێزان، ئێوە بە لۆژیکیی دەزانن مرۆڤێک کە دژایەتیی کریستیانیزمی کرد لەسەر خاکی پیرۆزی کڵێسا بنێژرێت؟”.  کەس گوێی بە قسەی قەشەکە نەدا لەو شوێنەدا کە هەمووان دەستیان بە وتنەوەی سروودی باوی ماتەمگێڕیی “کێ چووزانێت مردنم تا چ ڕادەیەک دەشێت نزیک بێت لێم” کرد. پێشتر سۆرین کیرکەگارد لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردبوو پاش ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٨٥٥دا لەسەر شەقام لە هۆش خۆی چوو بوو و کەوتبوو. لە نەخۆشخانە گاڵتەی بە پزیشکە چارەسەرکارەکە کرد کە ڕۆژێکیان لە کاتێکدا چاودێریی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەکەی دەکرد لێیپرسی ئاخۆ حەز دەکات لەلایەن یەکێک لە قەشەکانەوە لێخۆشبوون وەربگرێت، ئەویش بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامیدایەوە: “بەڵێ پێمخۆشە لێخۆشبوون وەربگرم، بەڵام لەلایەن قەشەیەکەوە نا، بەڵکو لەلایەن مرۆڤێکی سادەوە، قەشەکان فەرمانبەری فەڕمیین، فەرمانبەرە فەرمییەکانیش هیچ پەیوەندییەکیان بە کڵێساوە نییە”، لای پزیشکەکەش وەسیەت دەکات و دەڵێت: “ئەگەر سەبارەت بەو دەستەواژەیە پرسیارم لێ بکرێت کە هیواخوازم لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسرێت، لەم دەستەواژەیە بەولاوە داوای هیچ دەستەواژەیەکی تر ناکەم: “ئەو کەسە”، سەروەختێک هەندێک لە هاوڕێکانیشی داوایان لێ کرد لە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر کڵێسا بکشێتەوە و پاشگەز ببێتەوە، لە وەڵامدا وتی: “ویستم بمرم ئەوکات دەتوانم دڵنیابم لەوەی ئەرکەکەمم بەجێهێنا، ئەودەم خەڵکیی زیاتر گوێ بۆ قسەکانی مرۆڤێکی مردوو شل دەکەن وەک لە گوێشلکردن بۆ قسەکانی مرۆڤی زیندوو”.

قەشە مارتنسن کە لە دارەمەیتەکە ورد دەبووەوە، ئەوەی وەبیرهاتەوە ئەو مردووەی کە تیایدایەتی بەردەوام شەڕێکی بێبەزەییانەی لە دژی ئەوە بەرپا دەکرد دۆخێکی ئابووریی بە قەشەکان بدرێت، لەو شوێنەدا کە پێیوابوو دۆزینەوەی دەستەبەرێک بۆ کڵێسایەکی کریستیان، واتای ناپاکییکردن لە هەر باوەڕێک لەنێو ئامۆژگارییەکانی مەسیحدا دەگەیەنێت. کیرکەگارد لەنێو کتێبی “ساتەوەخت”دا ئەم گفتوگۆیە دەبینین کە گوارشت لە هەڵوێستی ئەو بەرامبەر بە قەشەکان دەکات:

-پۆڵسی پەیامبەر پلەوپایەیەکی فەڕمیی هەبوو؟

-نەخێر پۆڵسی پەیامبەر پلەوپایەیەکی فەڕمیی نەبوو.

-هیچ پارەیەکی زۆری بە ڕێگای دیکە کۆکردەوە؟

-نەخێر هەرگیز هیچ پارەیەکی زۆری کۆنەکردەوە.

کیرکەگارد هیچ دەرفەتێکی بۆ هێرشکردنە سەر کڵێسای فەڕمیی لە کیس نەدا، یواکیم گارف کە سەرگوزشتەنووسی کیرکەگاردە باس لەوە دەکات کیرکەگارد تا دوا ساتی ژیانی دەچوو بە گژ کڵێسادا. کاتێکیش کە کۆچی دوایی کرد لەسەر مێزی ژوورەکەی “ژمارەی دە”ی بڵاوکراوەیەک هەبوو بۆ پەلاماردانی کڵێسا دەریدەچواند کە کیرکەگۆرد بەوە تاوانباری دەکرد، واتە کڵێسای تاوانبار دەکرد، دەزگایەکی حکومەتییە هیچ کارێکی تری نییە تەنها ڕەوانەکردنی خەڵک نەبێت بۆ ئەودونیا. هێربەرت مارکۆز نووسیویە و دەڵێت: “کارەکانی کیرکەگارد دواهەمین هەوڵی گەورەن بۆ گەڕاندنەوەی ئایین بەوپێیەی کۆتا ئامرازی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییە لە کاریگەریی وێرانکەری سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ستەمکار. هەروەها فەلسەفەیەک کە ڕەخنەیەکی توندی جڤاکەکەی خۆی تێدایە، بەوپێیە ڕەخنەی دەکات کە جڤاکێکە بەهرە و توانا مرۆییەکان دەشێوێنێت و تێکیاندەشکێنێت”.

لە گۆڕستانەکە نزیکەی هەزار کەس لەوێ بوون ئامادەی ڕێ و شوێنی ناشتنی ئەو پیاوە کورتەباڵایە بوون، هەمووی چەند ساتێک دەخایەنێت کوڕێکی خوشکەزای کیرکەگارد کە کتێبێکی “ساتەوەخت” و ئینجیلێکی بەدەستییەوە گرتووە دەچێتە پێشەوە تاکو وتارێک بدات تیایدا کڵێسا بەوە تۆمەتبار بکات کە دەیەوێت لاشەی خاڵی بدزێت و لەسەر گڵکۆکەی کیرکەگارد چەند بڕگەیەک لە کتێبی “ساتەوەخت” دەخوێنێتەوە کە کیرکەگارد تیایدا پەلاماری بازرگانانی ئایین دەدات.

لەنێو ئەو ژاوەژاو و هەراوزەنایەدا کە لە کاتی بەڕێکردنی تەرمەکەدا ڕوویدا، هەندێک لە خەڵکەکە پرسییان: تۆبڵێی ئەو مرۆڤە لە ماوەی ژیانیدا چی کردبێت تا ئەو هەموو هەرایە بنێتەوە؟

کیرکەگارد بڕوای وابوو بوونی ئەو “لە هەر بوونێکی تر لە دانیمارکدا بزوێنەرترە” و لە داهاتوودا دەخوێنرێتەوە و نووسینەکان و ژیانی لەدوای مردنی دەبێتە بابەت و مایەی گرنگییپێدانی لێکۆڵیاران.

زۆرێک لە لێکۆڵیارانی مێژووی فەلسەفە پێیانوایە کیرکەگارد فەیلەسووف نەبوو بەو شێوازەی کە ئەفلاتون یاخود دیکارت فەیلەسووف بوون، ڕەنگە گرنگییشی نەگات بە گرنگیی هیگڵ یاخود کانت، ئەو خۆیشی قایل نەبوو خەڵک وەکو فەیلەسووف باسی بکەن و لەنێو کتێبی “ترس و لەرز”دا پێ لەوە دەنێت و دەڵێت: “نووسەری ئەم دێڕانە فەیلەسووف نییە، تێیشنەگەیشتووە لەوەی مەبەست لە میتۆد چییە، هەر بۆیە نازانێت ئاخۆ ئەو شتە هەیە کە بە میتۆدی فەلسەفی ناوزەد دەکرێت یان نا”، هەروەها باوەڕی وایە کە: “فەلسەفە ناتوانێت باوەڕ یاخود ئیمانمان پێبدات و پێویستیش نییە ئەوە بکات.. بەڵکو پێویستە لە خۆی تێبگات و بزانێت پێویستە لەسەری چی پێشکەش بکات”.

کیرکەگارد ژیانی خۆی بە هەوڵی نانەوەی گێرمە و کێشە و “ڕۆچوونە نێو قووڵاییەکان” بەسەربرد و هەوڵیدا بەدرێژایی ژیانی و لەپاش مردنیشی وەک ئەو لەگەز و مەتەڵۆکە وابێت کە هەڵهێنانی دژوارە: “تاکە دڵنەواییم ئەوەیە لەدوای کۆچیدواییکردنم کەس ناتوانێت لەنێو کاغەزەکانمدا تاکە ڕاڤەیەک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە کە هەموو ژیانمی لێوانلێو کردبوو، ئەو وشانە نادۆزێتەوە کە ڕاڤەی هەموو شتێک دەکەن”. دەیویست کتێبەکانی گوزارشتبن لە بوونی تایبەتی خۆی، تا لەدوای ئەوە تیۆرییەکی گشتی سەبارەت بەو مرۆڤە هەڵبهێنجێت کە پێیوایە بوونی ڕاستەقینەی خۆی لەڕاستییدا لە پەیوەستبوونی بە ئازادیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییدایە. ئەوانەش هەمووی لەڕێگای نیگەرانیی و نائومێدیی لەنێو دۆخێک لە کێشمەکێشی دژبەرەکان لەنێو ناخ و دەروونی مرۆڤایەتییدا بەجێ دێن، لەم سەروبەندەشدا بایەخێکی تایبەتی دا بە نیگەرانیی و وای لە نیگەرانیی کرد لە بوون جیانەبێتەوە، چونکە بوون ئازادیی و ئەو هەڵبژاردنەیە کە لەکۆتاییدا نیگەرانییە. بەڵام بوون تەنها ئامادەیی مرۆڤ نییە لەبەردەم خۆیدا، بەڵکو هەروەها ئامادەییشیەتی لەبەردەم خودا و لەبەردەم تاهەتاییدا. کیرکەگارد دەڵێت: “ئەو شەپۆلەی بەرەو قووڵایی کەندەڵان توڕم دەدات، هەروەها بەرەو ئەودیو ئەستێرەکانیش توڕم دەدات”. لەو گفتوگۆیانەدا کە سیمۆن دی بوڤوار کردوونی، سارتەر باس لەوە دەکات کە لەکاتێکی زوودا کیرکەگاردی خوێندووەتەوە و ڕۆحە دژوازەکەی کیرکەگارد و یاخییبوونی لە دژی تەرزەکانی فەلسەفەی بەرتر و ئەو بەکارهێنانە سەرنجی ئەوی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە کە کیرکەگارد وشەی “بوون” وەک ئاماژەیەک بۆ شێوازی بوونی مرۆڤ بەکاردەهێنێت و لەڕێگایەوە و لە هەر هەنگاوێکدا کە دەینێین بە خۆساخکردنەوە لەنێوان بژاردەکانی (ئەم یان ئەو)دا خۆمان بەرجەستە دەکەین. هەروەها سارتەر دەڵێت ئەو بژاردەیە کە کیرکەگارد دەیخاتەڕوو نیگەرانییەکی هەمیشەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، چونکە تۆ ناتوانیت بەئاسانیی خۆت لەو مەترسییانە بپارێزیت کە ئازادبوونت لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت.

زۆربەی لێکۆڵیاران بڕوایان وایە ئەو ژیانەی کیرکەگارد ژیا پاڵنەری یەکەمی ئەوە بوو ڕووی لە دامەزراندنی فەلسەفەیەک کرد کە گوزارشت لە ژیان بکات، دوور لە بەڵگەدەرهێنانە ئەقڵییەکانی دیکارت و تیۆرییە دیالەکتیکییەکانی هیگڵ. کیرکەگارد وتی فەیلەسووف پێویستە باسی خۆی بکات و فەلسەفەکەی ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆی بن و ئەم فەلسەفەیەش بە هۆی ئەقڵ و چەمکەکانییەوە پێکناهێنرێت بەڵکو بە هۆی سۆز و کارتێکرانەکانی مرۆڤەوە دروست دەکرێت، لە نموونەی سۆز و کارتێکرانەکانی ترس و نیگەرانیی و پەژارە و ئازار و هەموو ئەو کێشمەکێش و دژبەرییانەی ژیان لەخۆی گرتوون: “هیچ بیرۆکەیەکی پەتیی ناتوانێت گوزارشت لە کەسایەتیی من بکات و ڕابووردوو و ئێستام بزانێت، بەتایبەتی داهاتووم بزانێت و تواناکانم بەکاربەرێت.. هەروەها هیچ پێوانەیەک ناتوانێت ڕاڤەم بکات، هەم ڕاڤەی خۆم و هەم ڕاڤەی ئەو تاقییکردنەوانەی کە دەیانکەم، یاخود لەدایکبوون و مردنم لێکبداتەوە، هەر بۆیە باشترین کار فەلسەفە بیکات ئەوەیە دەست لە بانگەشە سەرشێتانەکانی خۆی سەبارەت بە لێکدانەوەی جیهان بە چەشنێکی ئەقڵانییانە هەڵبگرێت و چەقی گرنگییپێدانی خۆی بخاتە سەر مرۆڤ و بوونی مرۆڤ بەو شێوەیەی کە هەیە ڕاڤە بکات.. تەنها هەر ئەوە گرنگە و ئەوەی دەمێنێتەوە بێسوودە”.

سۆرین کیکەگارد لە ڕۆژی پێنجی ئایاری ساڵی ١٨١٣ لە کۆپنهاگن وەکو ڕۆڵەی بازرگانی کوتاڵ “میخائیل بیدرسن” لەدایکبووە، باوکی تەمەنی پەنجاوشەش ساڵ و دایکی چل و پێنج ساڵ بوو کاتێک کە سۆرینی کوڕیان هاتە دونیاوە. دایکی کارێکی زۆری کردووەتە سەر ژیانی و کیرکەگارد بەم جۆرە باسی دایکی دەکات: “وەکو ئەو مریشکەی کە جوچکەکانی خۆی دەپارێزێت، خێزانەکەی خۆی پاراست”، خانمی دایکی کیرکەگارد کابانێکی لێهاتوو و نەخوێندەوار بوو بەڵام لاپەڕەیەکی زۆری ئینجیلی لەبەر بوو، بەڵام باوکی کەسێکی توند و وشک بوو و بە هۆی تاوانێکەوە کە لە دوانزە ساڵیی تەمەنیدا کردبووی ژیانی خۆی بە نیگەرانیی بەسەربرد، تا ئەو ڕۆژەش کە لە دونیا دەرچوو پێیوابوو خودا ڕۆژێک لە ڕۆژان تۆڵەی لێ دەستێنێتەوە. سۆرینی هەرزەکار چاوی لە باوکی خۆی دەڕوانی و ئەو نیگەرانییەی دەبینی کە ناخی پڕ کردبوو و پێیوابوو تاوان و گانهی لە باوکییەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە. لە تەمەنی لاوێتییدا هەوڵیدا لەو دۆخ و کەشی خەمۆکییە خۆی ڕزگار بکات کە لە ماڵەوە لەگەڵ باوکیدا بەسەریبرد، هەر بۆیە بە هەموو تین و هێزێکەوە ڕووی کردە ژیانی گەمە و ڕابواردن و دروشمی “چێژ لە هەموو شتێکی هەستەکیی وەربگرە” بەرز کردەوە و دەبینین هەوڵدەدات بەهانە بۆ ئەم قۆناغە لە ژیانی بهێنێتەوە و لەنێو یادداشتەکانیدا دەنووسێت: “بەپیریی لەدایکبووم کاتێک کە هاتمە بوون، بەڵام چاکەی شاردنەوەی خەمەکانم بە هۆی شادییەکی ڕووکەش و ڕوواڵەتیی هینی خۆمە”. هەنگاوی یەکەمی لەگەڵ فەلسەفەدا لەگەڵ کتێبخانەکەی باوکیدا دەستپێدەکات کە ژمارەیەک کتێبی فەلسەفە و لاهوتی لەخۆگرتبوو، چونکە میخائیلی باوک بە نووسینەکانی فەیلەسووفە ئەڵمانەکان سەرسام بوو و لەگەڵ ناسیاوەکانیدا سەبارەت بە هەندێک لە کێشە لاهوتییەکان گفتوگۆی دەکرد و نووسینەکانی فەیلەسووفی ئەڵمان کریستیان فۆڵف سەرنجی ڕادەکێشا کە فەلسەفەکەی بانگەشەی بۆ بەدیهێنانی کەماڵی مرۆیی دەکرد، ئەو کەماڵەی کە دەشێت مرۆڤ لەنێو ئەو جیهانەدا کە تیایدا دەژین بە چەشنێکی ڕاستەقینە بەدیبهێنێت. کیرکەگارد لەسەر ڕاسپاردە و ئامۆژگاریی باوکی کە دەیویست کاریگەرییەکی زۆر و گەورە لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی کوڕەکەی دابنێت کارەکانی فۆڵفی خوێندەوە: “ئەو کە تێڕوانینی بۆ هەموو ژیان لەنێو قووڵایی باوکیدا خۆی شاردبووەوە، دەیبینی لەنێو بڕێک دژبەرییدا نووقوومم بووە کە ماوەیەکی دوورودرێژ شڵەژاندی و دووچاری دۆشدامانی کرد، بڕێک دژبەریی پەیوەست بە دڵکرمێبوونی لەوەی باوکی لەگەڵ خۆیدا دژواز و ناتەبا بێت”.

فریتیوف برانتی لەنێو کتێبەکەیدا بەناونیشانی “کیرکەگارد” وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی کیرکەگاردی تازەلاو و گۆشەگیر نیگار دەکێشێت پانتۆڵێکی کورتی لە پێ و کراسێکی ڕەنگاوڕەنگی لەبەر و جووتێک گۆرەویی درێژی لە پێدایە، هاوڕێکانی لە قوتابخانە بە “گەنجەی گۆرەوی لە پێ” بانگیان دەکرد. یەکێک لە هاوڕێکانی لە قوتابخانە نووسیویە و دەڵێت: “کیرکەگارد سەبارەت بە ئێمەی منداڵ کە بە ژیانێکی منداڵیی سادەدا تێپەڕ دەبین، منداڵێکی نامۆ و بابەتی بەزەیی بوو، بەتایبەتی جلوبەرگەکانی کە نەگۆڕان و لە خورییەکی زبر و تیسکن دروستکراون و ئاوێتەیەکن لە ڕەنگی مات و وردییەکی سەیر تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت لای خوارووی پاڵتۆکەی تیسکی درێژی هەبوو.. بەکورتی کیرکەگارد سەبارەت بە ئێمە هەموومان کەسێتییەکی نامۆ بوو خێزانەکەی بە تێکەڵەیەک لە نهێنیی ئاڵۆز و دڵرەقیی و نامۆیی دەوروخولیان دابوو”. لەو ساڵانەدا دایکی کیرکەگارد نیگەرانی کوڕەکەی بوو کە دەیبینی گەوجانە لە جیهانی دەڕوانی، بەڵام کاتێک کە بووە قوتابی لە قوتابخانەی ناوەندیی ئاستی بە جۆرێک چاک بوو تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لەدواییدا لەنێو ڕاپۆرتە قوتابخانەییەکەیدا دەربارەی دەنووسێت: “ئەقڵێکی چاکە، بە ڕووی هەموو شتێکدا کراوەیە.. ئارەزووی ئازادیی و سەربەخۆیی دەکات، گوزارشتی ئەو ئارەزووەی لەنێو هەڵسوکەوتیدا لە شێوەی ئازادبوونێکی نەرم و هەندێک جار نیان لە کۆتەکاندا بینییەوە کە ڕێی پەیوەستبوون بە هەر شتێکەوەی لێ قەدەغە دەکرد” بەڵام دواتر گیرۆدەی ئەو دۆخ و کەشی ڕەشبینییە دەبێت کە هەموو کونجێک لە کونجەکانی ماڵەکە دەتەنێت، قەدەر یاخود چارەنووسەکان ڕۆڵیان هەبوو کە پتربوونی خەمۆکیی و ڕەشبینیی باوکی کیرکەگارد، چونکە وێڕای هاوسەرەکەی پێنج لە ڕۆڵەکانی و خۆی بە دەستی خۆی ناشتبوون، کیرکەگارد باسی ئەو میزاژە ڕەشەمان بۆ دەکات و دەڵێت: “ئەو ژیانە، جیهانە بە بەراوەژوویی، ژیانێکی دڵڕەقە و تاقەت ناگیرێت، هەندێک جار دەڵێین کات تێپەڕ دەبێت و ژیان هەڵدەقووڵێت، بەڵام من وای نابینم، بەڵکو کات بە چەسپاویی دەمێنێتەوە، هەروەها منیش هەموو پلان و نەخشەکانی داهاتوو کە دایاندەنێم لە دژم پێچەوانە دەبنەوە، سەروەختێکیش کە دەمەوێت تف بکەم، بە ڕووی خۆمدا تف دەکەم”.

کیرکگارد باسی ئەو ڕابووردووەی دەکرد کە لەگەڵ باوکیدا بەسەریبرد و ئازاری دەچەشت، بەڵام نایەوێت ئەو ڕابووردووە جێبهێڵێت، سوورە لەسەر ئەوەی ئازارچەشتنی خۆی بکاتە خاڵی دەستپێکردن بەرەو تێگەیشتنێک لە ژیان: “ئەرکی من ئەوەیە هاوار بکەم و بانگی خەڵک بکەم، لە هەموو شوێن و جێیەک کێشە و ئاستەنگ دروست بکەم”.

لە حەڤدە ساڵیی تەمەنیدا خوێندنی ناوەندییەکەی تەواو دەکات و بەگوێی ئارەزووی باوکی دەکات کە داوای لێ کردبوو لاهوت بخوێنێت، ئیتر قۆناغێکی نوێ لە ژیانیدا دەستپێدەکات تیایدا هۆگر و شەیدای خوێندنەوەی کارەکانی فەیلەسووفە ئایدیالیستەکانی ئەڵمان بوو، بۆیە دەبینین شادییەکی زۆر دەردەبڕێت کاتێک چاوی بە شیلینگی فەیلەسووفی ئەڵمان دەکەوێت: “شادییەک کە لە باسکردن نایەت شادم بە گوێگرتن لە وانەکانی، تەنانەت بەپێی پێویست ئاهم کرد و ئایدیاکان لە ناخمدا ئاهیان کرد “. هەروەها هاوڕای هێرشەکەی شیلینگیش بوو بۆ سەر هیگڵ.

سەروەختێک تەمەنی بووە بیست و پێنج ساڵ باوکی کۆچی دوایی کرد، ئەم ڕووداوەش وەرچەرخانێکی گەورەی لە ژیانیدا دروست کرد، “باوکم مرد بەرلەوەی سزای خۆشەویستیی بۆ من وەربگرێت، ئەمە بۆ ئەوەی هەر خۆم بەتەنها سزاکە لە ئەستۆ بگرم”. لەپاش دوو ساڵ بڕوانامەیەکی لە لاهوتدا وەرگرت و ڕێژینا ئۆڵسنی مارە بڕی، بەڵام لەدوای ساڵێک دەزگیرانییەکەی هەڵوەشاندەوە و بەڕوونیی ڕایگەیاند کە ئەو بەکەڵکی ژیانی هاوسەریی نایەت، چونکە گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو مرۆڤێکە پەیامێکی مەزنی پێیە و هاوسەرگیریی و خێزان لەگەڵ ئەو ئامانجەدا ڕێک نایەنەوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٨٤١دا کیرکەگارد گفتوگۆی لەسەر نامەی ماستەرەکەی دەربارەی چەمکی تەنز کرد، لە نامەکەیدا سوکراتی کردبووە نموونەیەک بۆ تەنزی فەلسەفیی.

ساڵی ١٨٤٣ لەژێر ناوی خوازراوی “ڤیکتۆر ئاریمیتا”دا کتێبی “ئەم یان ئەو” بڵاودەکاتەوە، خوێنەران سەبارەت بە پۆلێنکردنی ئەو کتێبە دۆشیان داماوە، ئایا کتێبێکی فەلسەفییە یاخود لە خانەی ڕەخنەی وێژەییدا  خانەبەند دەکرێت یان وێنا و ئەندێشەی شیعریین، بەڵام سەربوردەنووسانی کیرکەگارد وەکو جۆرێک لە جۆرەکانی سەربوردەی ڕۆشنبیریی فەیلەسووفی بوونگەرا لەو کتێبە دەڕوانن، کە لەڕێگایەوە وێنا و بۆچوونی ئەیستاتیکییانەی خۆی بۆ بوون خستووەتەڕوو، لەنێو چەند بەشێکیشیدا باس لە هاوسەنگیی نێوان جوانییگەرایی و ئاکارگەرایی لە دروستکردنی کەسایەتییدا دەکات. لەنێو “ئەم یان ئەو” دا دەبینین بۆ یەکەمین جار گوزارشت لە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ژیان دەکات، هەڵوێستەکەیشی هەڵوێستی کەسێکی ڕەشبینە، “با لێگەڕێین ئەوانی تر داد و بێداد و سکاڵا لەم سەردەمە بکەن کە سەردەمی خراپە و بەدییە، من داد و بێدادمە چونکە سەردەمێکی بەدبەختە، سەردەمێکی بێسۆزە و بۆچوون و بیروڕای خەڵکیی لاواز و قرچۆکن وەکو قەیتانی پێڵاو، دەروونم بە ڕادەیەک بارگرانە هیچ بیرۆکەیەک ناتوانێت دڵنەوایی بکات”. کتێبی “ئەم یان ئەو” لەلایەن ڕۆژنامەکانەوە هێرشی کرایە سەر و لێکۆڵیارێک کە مامۆستایە لە لاهوتدا ژمارەیەک وتاری بڵاوکردەوە تیایدا شۆخیی و گاڵتەی بە کتێبەکە کرد و بە کارێکی وێژەیی مایەی بێز و هێڵنجهێنەر ناودێری کرد. ئەو ڕەخنەیە پاڵی کیرکەگاردی نا وەڵامیبداتەوە و بڵێت: “تەنانەت ئەگەر بە هۆی کتێبی (ئەم یان ئەو)مەوە هیچ شتێک نەسەلمێنم، بەهەرحاڵ ئەوە دەسەلمێنم کە مرۆڤ دەتوانێت کارێک لەبارەی وێژەوە بنووسێت و مرۆڤ دەتوانێت بەبێ پێویستییبوون بۆ بەرگی هاوسۆزیی گەرم و گوڕ کار بکات و مرۆ دەتوانێت کار بکات کاتێک کە تەوژم لەگەڵیدا نییە و لە دژێتی”.

لە هەمان ساڵدا، واتە ساڵی ١٨٤٣، کتێبی “ترس و لەرز” بڵاو دەکاتەوە و پاشان کتێبی “دووبارەبوونەوە” ی بەدوادا دەهێنێت، دواتر لە ساڵی ١٨٤٤دا کتێبی “چەمکی تەنز” و پاشان “پارچە فەلسەفییەکان” بڵاو دەکاتەوە. لەپاش تێپەڕبوونی ساڵێکیش کتێبی پێنجەمی، واتە “چەند قۆناغێک لەسەر ڕێگای ژیان” بڵاو دەکاتەوە. وادیارە کیرکەگارد هەستیکردووە ژیانی کورتە هەر بۆیە بەگەرمیی دەستی داوەتە نووسین و لە ماوەی سێ ساڵدا پتر لە کتێبێک بڵاو دەکاتەوە، ئامانجی سەرەکی لەو کتێبانەی ئەوە دەبێت فەلسەفەیەک بۆ بوون بخاتەڕوو پێچەوانەی ئەوە بێت کە هیگڵ نووسیونی، لەو شوێنەدا کە بەرهەمی وێڕای کۆچکردنی لە تەمەنی چلویەک ساڵییدا بەرهەمێکی زۆر بوو و کایەکانی ئەو لێکۆڵینەوانەش کە تیایاندا نووسی لە ڕووی بەرینییەوە هێندەی بەرینیی ئەو کایانە بوو کە هیگڵ دەربارەیان دوا، بەشێکی زۆریشی بۆ وەڵامدانەوەی خاوەنی کتێبی “فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح” تەرخان کرد، لە شوێنێکدا لە سەروبەندی مشتومڕکردن لەگەڵ هیگڵدا دەڵێت: “هەرچییەکت دەوێت دەتوانیت بیڵێیت، بەڵام من قۆناغێکی لۆژیکیی نێو فەلسەفەکەی تۆ نیم. من هەم و ئازادم، تاکەکەسم و وێنا و چەمک نیم، هیچ بیرۆکەیەکی ڕووت ناتوانێت گوزارشت لە کەسایەتیم بکات و ڕابووردوو و ئێستام بزانێت، بەتایبەتی داهاتووم بزانێت و تواناکانم بەکاربەرێت.. هەروەها هیچ پێوانەیەک ناتوانێت ڕاڤەم بکات، نە دەتوانێت من یاخود ژیانم یاخود ئەو ئەزموونانەی کە دەیانکەم ڕاڤە بکات و لێکدانەوە بۆ لەدایکبوون و مردنم بکات، هەر بۆیە باشترین کارێک فەلسەفە بیکات ئەوەیە دەست لە بانگەشە سەرشێتانەکانی سەبارەت بە ڕاڤەکردنی ئەقڵییانەی جیهان هەڵبگرێت و ڕۆشنایی بایەخی خۆی بخاتە سەر مرۆڤ و ڕاڤەی بوونی مرۆڤ بکات بەو جۆرەی کە هەیە.. بەتەنها هەر ئەمە گرنگە و ئەوەی دەمێنێتەوە بێسوودە”. ئەو دەستەواژەیەی کیرکەگارد بەو مانایە دێت کە فەلسەفە پێویستە گوێ بە بوونی مرۆڤ بدات لەو ڕووەوە کە خودە نەک لەو ڕووەوە کە بابەتە، واتە بەوپێیەی بوونەوەرێکە بڕێک ئەزموونی زیندوو و تاقییکردنەوەی بوونگەرایانە دەژی. تاکەکەسی هەبووش بەو جۆرەی کیرکەگارد دەیناسێنێت ئەو کەسەیە لەگەڵ خۆیدا لە پەیوەندییدایە.. ئەو کەسەیە گرنگییدانێکی بێکۆتا گرنگیی بە خۆی و بە چارەنووسی خۆی دەدات.. وێڕای ئەوە ئەم کەسە هەبووە هەمیشە هەست دەکات لە دۆخی “گۆڕان” ێکی هەمیشەییدایە و خاوەنی پەیامێکە پێویستە بیگەیەنێتە جێ.. کیرکەگارد بۆچوون و چەمکە ئایینییەکەی خۆی لەسەر بناغەی ئەم خودێتییە دادەمەزرێنێت، چونکە بەگوێرەی ئەو خودێتییە خودا ئەو هەبووەیە کە لە پەیوەندییم لەگەڵیدا بەتین و تاوترین هەستەکان هەست پێ دەکەم. ناسینی خوداش بە گەڕانەوە بۆ بەتاویی ئەو هەستانە دێت کە خودێتیم جمەی دێت لێیان. کیرکەگارد پەنا بە بەڵگە ئەقڵییەکانی بوونی خودا نابات، چونکە ئەو بەڵگانە، بە بڕوای ئەو، بەڵگەی جۆرێک لە شک و گومانن. لەبەرئەوەی ئەو بڕوای بە دۆزینەوە و ئاشکراکردنە وەک بناغەیەک بۆ باوەڕبوون بە بوونی خودا، هەروەها پێیوایە ڕۆچوون و قووڵبوونەوە لە تێگەیشتن لە تاوان یاخود گوناهدا بەرەو خودامان دەبات، لەوبارەیەشەوە نووسیویە و دەڵێت: “هۆ خودای ئاسمانەکان.. لە گوناهەکانماندا لە دژمان مەبە، بەڵکو لە گوناهەکانماندا لەگەڵمانبە، تا بیرکردنەوە لە تۆ وەبیرهێنانەوەی گوناهەکانمان نەبێت، بەڵکو وەبیرهێنانەوەی بەخشندەیی تۆ بێت، هەروەها ئەوە نا کە سەرسوڕمانمان چۆن دەبێت، بەڵکو ئەوەی چۆن ڕزگارمان دەکەیت”، هەر بۆیە بوونی ڕاستەقینە لای کیرکەگارد تەنها بوونە لەبەردەم خوادا، واتە ئەو بوونەی گرێدراوی ڕەهایە.

کتێبەکانی کیرکەگارد سەرلەبەریان گفتوگۆن لەگەڵ خود، یاخود ئەو شتەی کە دەکرێت بە مەنەلۆگێکی ناوخۆیی دوورودرێژ ناوزەد بکرێت، نیگەرانیی شقڵی سەرەکیی نێو هزر و ژیانی ئەون وەکو یەک و بە یەک ئەندازە. هەروەها ئەوە تایبەمەندییەکە تیایدا هەڵوێستی بەرامبەر بە خودا و بەرامبەر بە ئەوانی تر و بگرە بەرامبەر بە خودی خۆیشی شقڵ دەبێت لە گەڕان بە شوێن ڕاستیی خۆیدا، چونکە خودێتیی میتۆد و ئامانجە. لەبەرئەوەی ئێمە لە قووڵاییەکانی خودماندا خودا دەدۆزینەوە. تەنها بە کۆششێکی خودیی بێکۆتایش ڕووەو باوەڕی راستەقینە نوێژ و نزا دەکەین. چونکە ڕێگای بەرەو خودا ڕێگایەکی پڕ لە دڕک و داڵ و ئەشکەنجەیە و ڕادەی پەیوەندییت لەگەڵ خودا بە ڕادەی ئەو تاقەتگرتنەیە کە تاقەتی ئێش و ئازارەکان دەگریت.

بەڵام بوون لای کیرکەگارد چی دەگەیەنێت.. لێرەدا دەبینین بوون هەڵبژاردن و لە هەمان کاتیشدا ژیانی تەنهایی و تاکەکەسییە و سەرقاڵبوونی بێکۆتایە بە خودی مرۆڤایەتییەوە.. خود لای کیرکەگارد شوناسێکی ڕووت نییە، بەڵکو لە دۆخگۆڕانێکدا دەژی هەمیشە ئەرکێکی دیارییکراوی بەسەردا دەسەپێنێت. ئازادییش مەزنترین شتە لەنێو بوونی مرۆڤدا، کیرکەگارد پێ لەوە دەنێت بوونی ڕاستەقینە لەڕاستییدا بەندە بە ئازادیی و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەوە. بوون لای کیرکەگارد پتر واتا دابڕان و جیابوونەوە وەک لە پەیوەستبوون، “چەند زیاتر بەرکەوتن لەگەڵ بوون دەکەم هیچم دەست ناکەوێت، من لەکوێم؟ ئەو شتە چییە بە گەردوون ناودێر دەکرێت؟ کێ لەم جیهانەدا منی بە دونیا هێناوە؟ ئێستاش لێرە بەتەنها جێمدەهێڵێت؟ من کێم؟ چۆن هاتوومەتە دونیا؟ بۆچی کەس ڕاوێژ و پرسی پێ نەکردم؟”.

بەگوێرەی تێڕوانینی کیرکەگارد بۆ فەلسەفە، ژیان هەمیشە سنووری یەکلاکەرەوە و نیشانەڕۆشنی نین، چونکە ئەزموون و زانینمان بەردەوام بڕێک پارچەی نووقسان و ناتەواون، ڕەنگە پەیامی هەرە گرنگی کیرکەگارد ئەو پەیامە بێت کە تێگەیشتن لە جیهان و ئیشکردن لەسەر خود پێویستیان بە بوونی تەواوەتیی خۆتە.

بەر لە ڕۆژێک لە کۆچیدواییکردنی، نامەیەک بۆ ڕێژینا ئۆڵسنی دەزگیرانی پێشووی دەنووسێت و دەڵێت: “سڵاوم بگەیەنە بە هەموو مرۆڤەکان، خۆشمویستن و زۆرم خەمیان بوو، پێیانبڵێ ژیانم ئازار و ئەشکەنجەیەک بوو ئەوانی تر نەیانبینوە و تێینەگەیشتوون، ڕەنگە وەکو فیز و لەخۆباییبوون ببینرێت، بەڵام هەرگیز شتێکی لەو جۆرە نەبوو، بەدرێژایی ژیانم ئەنجامگیریی ئەوەم کرد ئەرکی من لە ژیاندا ئەرکێکی سادە و ئاسایی نییە و ئەوەندەی پێمکرا ویستم ئەو ئەرکەم بەجێبهێنم”.

ژان ڤال لەنێو “ڕێگای فەیلەسووف”دا نووسیویە و دەڵێت: “وەک چۆن هیگڵ بە مامۆستای دیالەکتیکی ئەقڵیی دەمێنێتەوە لە سەردەمە نوێیەکاندا، کیرکەگاردیش بە مامۆستای دیالەکتیکی بوونگەرایی دەمێنێتەوە، چونکە ئەو فێری هونەری دژەکانمان دەکات لە ژیاندا”.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: