ئەم جیهانە، تەنها لە ماڵەوەیە

783
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: حازم جەعفەر

خەوزڕانێک بۆ هەتاهەتایە یەخەم دەگرێت و،

هەموو شتێک؛ هیچ شتێکی

بۆ ئەم نیگەرانییە نەهێشتووەتەوە،

منیش سەرقاڵی ئەوەم

ڕۆژيک لەو جیهانە هەڵبگەڕێمەوە و

قەبرێک بە ئاگاهاتنەوەی شاعیرێک

لەم ڕۆژگارە سەخیفە قبووڵ بکات.

 

من فێڵم لە کودەتا کرد بەسەر

نیگەرانییەکانمدا سەربکەوێ، چونکە

نیگەرانیی من سەربازێکی هێندە ترسنۆکە، تەقە ناکات.

منیش لە دەردی مەجبووری توند دەستم بە نیگەرانییەکانمەوە گرت و

شەوێکی زۆر خراپ کە دنیا ژوورەکەمی گەمارۆ دابوو، گوتم:

ئەم جیهانە هێشتا لە پێخەفدایە، کێ هەیە گوێی لەو هاوارە بێت، هۆ خەڵکینەخەریکە شاعیريک دەموچاوینی دەتەقێنێ.

 

من ناتوانم ئەو بڕوایە دروست بکەم

کە تۆ ڕۆیشتی جیهان کەموکوڕییەکانم پەرە پێ نادات و

بە حەسرەتی گەورە گەورەش داخم ناکا،

چونکە من خەریکم بە بۆنەی نیگەرانییەکانمەوە بەختەوەریی بەدەست دێنم،

بەختەوەرییەک کە لە پاشماوەی جەستەیەکی بچکۆڵە و زۆنگاوێکی گەورەدا خۆی نمایش دەکات.

تەنانەت ئەمشەو گۆرانییەک متمانەی زیاتری بە نیگەرانییە سارد و سڕەکانم بەخشی.

 

تۆ غەمگینی من بە هەند وەرمەگرە،

چونکە نیگەرانییەکانی ئەم جیهانە

لە ڕۆژی ڕووناکدا ناژمێردرێن،

ئەم جیهانە تەنها لە ماڵەوەیە،

لە ژوورەکەی مندا،

نیگەرانییەکانی لە ڕەفەی خەوزڕانێکی

پڕ لە تەرم و گۆڕستانێکی بێ درز حەشارداوە.

ڕۆژيک پێش ئەوەی دایکم بمرێت، ئاو لە چاوم دەهاتە خوارەوە و خەیاڵی تابوتێکی پڕ لە ترس، لە دەرگای پشتەوەی نەخۆشخانەکە، لە درزیدەرگایەکەوە وەک کڕێوە هاتە ژوورێ، هاتە ژوورێ و نەیهێشت دوایین هەناسەت لە دەممدا زیندانی بکەم، نەیهێشت پەردەی پەنجەرەکەتبکەمەوە و بڵێم: تۆم خۆش دەوێ، بەڵام جیهان شەمەندەفەرێکی خێرایە، ناگیرێ.

ئیتر فرمێسکە بێنازەکانم سەر کێلی قەبرەکەت دەگرن و دەنگت نایەت، خوێن لە لووتم دەڕژێ و هاوار ناکەی. ئەمشەو تۆز و خۆڵی گۆڕستان،چیرۆکی شەهیدبوونی خۆزگەکانمت بۆ دەگێڕنەوە و تۆش لە قەراغی گۆڕستانەوە، بە دیار فریشتەکانەوە بۆ من دەگریت.

 

نازانم ئەوەی هەمیشە لە مندا دەشکێ چییە،

بەڵام هیلاکی من نابیندرێت.

ڕاستییەکەی دەرونی من هەموو ڕۆژێک

لەو جیهانەدا بریندار دەبێت

کە ئێوە تێیدا شادن.

نا، ناکرێ کابوسەکانم لەدەست بدەم،

ناکرێ کەئابە لە دونیای پەرتەوەزادە نەمگەڕێنێتەوە بەر دەرگای ئەو دۆزەخەی کە لێوەی هاتووم.

تەنانەت وەک شاعیرێک دەمەوێ بڵێم: ئەم شارە سەتڵە زبڵەکانیشی ناخۆشە، منیش مەخلوقێکی ناچارم.

نیگەرانییەکانم وەک سەگ دەڕەونەوە، ئەگەر درەنگانێکی شەو پشت بە خوا ببەستم و، لە نهۆمی بیستەمی باڵەخانەیەك باز بدەم.

 

تاوانی هاتنە دونیای من گرفتێکی ئێجگار گەورەیە لەبەردەم ئەم جیهانە و شاعیرێک خەمی ئەوەیەتی بەرە بەرە ئاوارەبوونی بە ئاگا دێتەوە وهەست دەکات هەموو شتێک لەدەست دەدات، خەوزڕانەکانی نەبێت.

 

ئەو شادییانەی لە ناوەوەی خۆمدا ڕشانەوە، تەواوی ژیانمی خستووەتە هەڵەیەکی گەورەوە.

شادی بارودۆخێکی کورتە، نیگەرانیی چەسپاوە و، لە هەموو شوێنێکدا هەیە، لە شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵ نیگەرانیی، لە پیاسە و کافێ وگەڕان و دانیشتنە نیگەرانیی.

تەنانەت ئەمشەو بە ئەندازەی مردن بیر لە ژیان دەکەمەوە.

 

من زۆر ماندووم و ماوەیەکیشە بێتاقەتیم وەک ڕووبار ژانی لێ دەڕژێ، ماوەیەکە بێتاقەتیم کوچەیەکی تەنگە، بۆنی پشیلەیەکی بۆگەنهەراسانی کردووە، بێتاقەتیم کوچەیەکە هەموو ڕۆژێک نیگەرانیی من دەبینێت و قسە ناکا و ڕەحمێ ناکا و گلەیییەک ناکا.

من ماندووم و سەقفی خانووەکە هێڵنج لە بێزاری من دەدا، من ماندووم و شەوانە هێرشی دیوارەکانم لێوە دیارە، کە هێدی هێدی دەموچاومدەتەقێنێ.

 

هەمدیس وەک شاعیرێک دەمەوێت بڵێم: بێتاقەتیم وا بە حەسرەتەوە خوێنی لێ دەرژێ و حەز بە ڕۆشنایی ڕۆژگار ناکەم، ماڵی هەڵەمکەوتووەتە جیهانێکی نامۆ و خەتەرناکەوە، جیهانێک کە لە دڵێکی تەنگ و کوچەیەکی پڕ لە عەزاب دا هەڵکەوتووە.

 

من ماندووم و سەقفی خانووەکە هێڵنج لە بێزاری من دەدا، من ماندووم و شەوانە دیوارەکان گلەیی قوڵ دەکەن، جەستەی منیشنیگەرانییەکی پڕ ئازارە.

بڵاوکردنەوە: