غەزەلیاتەكانی حافزی شیرازی

950
0
بڵاوکردنەوە:

بە ڕیوایەتی عەباسی كیاڕۆستەمی

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی

ئەوین و

عەدەم و

گەنجێتی و

سەرەتای بەهار

*

باسی كەسانی دیكەم بۆمەكە

من كۆیلە ی ئازیزم

*

ئەوین و

گەنجێتی و

سەرگەرمی،

دوا ئاواتمانە

*

عەشق و

گەنجێتی و

شەرابی ئەرخەوانی

*

چاوگی خۆشەویستی

لە و جێیەیە

کە ئازیزی لێیە.

*

خودایە

لە وەرزی گوڵدا

لە گوناهی عەبدی خۆت خۆشبە

*

دەزانی بەختەوەریی چییە؟

بینینی ڕوخساری ئازیز

*

خێرت دەگات

ڕووی خۆت بشارەوە،

لە وانەی كوژراوی دەستی تۆن.

*

سەلامەتی هەموو دنیا

بەسەر سەلامەتی تۆوە بەندە

*

لە چاوی بەد بەدوور بیت،

ئاخر تۆ هەم ڕۆح و

هەم ئازیزیت

*

سەری ئێمە و پێیەكانی

یان لچ و لێومان و دەمی ئەو

*

گەر بەخت یاوەرم دەبوو،

چمكی كراسەكەیم بەدەست دەگرت

*

مەبەستی من

لە چونە مزگەوت و ئامشۆ و ڕۆتی مەیخانە،

گەیشتنە بە تۆ

*

تەنها بولبولە

نرخی كتێبی گوڵ دەزانێ‌

*

سەردەمی (مەجنون) بەسەرچوو

هەنووكە نۆبەی ئێمەیە

*

دوێنێ‌ شەو بە خۆمم وت

یاقوتی دەم و لێوی

دەرمانە بۆم

*

چی دەبێت گەر

لە باخەكەت

گوڵێك بچنم؟

*

وەرە ساقی، وا ئازیزم

پەچەی لە سەر ڕووی لادا

ئەو بێ‌ مروەتە

لوت بە كەسدا ناهێنێ‌.

*

ئازیز ڕۆیی

بێ‌ ئەوەی، خەبەر بە عاشقان بدات

ڕۆی و

شایی لێكردم بە شین.

*

هەفتەیەكە (مانگ)ـەكەم دیار نییە،

لە من وایە ساڵێكی ڕەبەقە.

*

ئازیزم ڕۆیشت،

دەسا برایان ڕەحمەتێ‌

*

بە بۆنەی تۆوە

كەوتمە چیا و دۆڵ و

تاكوو ئێستاش هەر لە وێدام

*

دڵی بردم و بزر بوو

*

ئێستا ئەو،

باعیسی وێرانبوونی

دڵ و دینمە.

*

دەردم بە دەستی ئازیزە و

دەرمانیشم هەر لای ئەوە

*

دڵم خوێن دەدەڵێنێ‌

بۆ ڕۆیشتنی ئازیز

*

دەبێ‌ لە گەڵ كێدا بێت و

كێ‌ لە باخەڵیا نووستبێ‌؟

*

ئەم غایەلە بەدفەڕانە

خەویان لە چاوم تەران

*

لە پەل و پۆ كەوتین،

سەروەختێك

خەمی كۆچت دایگرتین

*

گەر بەرد

بەم قسانە دڵگران بوو

سەرسام مەبە

*

سەرم لێم تەوەلا بووە و

چاوانیشم لە چاوەڕوانیدا هەڵقرچان

*

یان مەیلی تۆ

یان هەواڵێكت

*

وای لە و ئازارەی

كە چەشتم

بە ڕۆشتنت

*

شەو و ڕۆژ

من لە گەڵ فرمێسكدا

لە گێرمە و كێشمەدام.

*

ڕۆحم دەفرۆشم

بە ماچێك لە لێوەكانی

*

چۆن دەتوانێت وا دڵخۆش بێت؟

دڵم غەمگینە

*

عەیامێكە

ئازیز نامەیەكی نەناردووە؟

*

من هەر ئەوەندەم لە دەست دێ‌:

بە نهێنی عاشقی بم

*

چەند بە عەزرەتی ئەوەوەم

قسەت بۆ بكەم

لە بارەی حاڵی دڵمەوە

*

موسیبەتی پرچی ڕەشت،

دوایی نایەت.

*

خۆش بە حاڵی ئەو دڵشفتەیەی

وەڵامێكی لە ئازیزەوە پێدەگات

*

سپێدە

بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە

قسەم بۆ نەسیم دەكرد

*

هەر شەوە و

لە گەڵ ئەستێرەیەكدا

بەسەرهاتێكم هەیە.

*

جەستەم فەنابوو

لە دووری ئازیز

*

بە یەك نیگا

عەلەممان نامێنێ‌

*

لە كەوانی ڕاستگۆییەوە

هەزار تیری پاڕانەوەم هاویشت

*

تەمەن بە هەدەر دەڕوا

بەبێ‌ مەی و

بەبێ‌ ئازیز

*

هەتاكەی ژان و ژاری ئەم دنیا پووچە دەنۆشى‌؟

پێكێك هەڵدە.

*

ئەم دنیا و ئەو دنیا

بە فیدای ئازیز و ساقی بن

*

بە شەرابی كۆن

غەمە كۆنەكانتان بدەن بەبادا

*

شەوی دوێنێ‌

فریشتەم بینی،

لە دەرگای مەیخانەی دەدا

*

بە مەی هەموو كتێبەكانی

زانینمان دەشۆم

*

خەم بە دنیاوە هەڵمەگرە و

ئامۆژگارییەكانی منیش لە یاد مەكە.

*

سەر بە مەیخانەكاندا مەكە

بەڕێز و ویقارەوە نەبێت

*

حافز كونجی مەیخانەی گرتووە و

بەری نادا

*

ئەی شێخی مەیخانە

بە هانامەوە وەرە

*

بە چاوی پڕ گریانەوە

ڕووەو مەیخانە ڕادەكەم

سواڵی بەزەیی و ئینساف دەكەم

*

لێرە بەدوا

مەست دەبم و

بێئاگا دەبم لە دونیا

*

پێكێ فڕكە و

قنج و قیت بكەوەڕێ‌

*

گەر موسیبەت یەخەی گرتی

دەردە دڵ بۆ مەی بكە

*

چارەی ئێمە

بە دەستی، شەرابێكی كۆن بوو

*

لە زەمەنی قات و قڕیدا

پەنا بۆ چێژ و سەرگەرمی دەبەم

*

ئەگەرچی مانگی ڕەمەزانە،

وەلێ‌ پێكێكم بدەرێ‌

*

هەرچەندە لە یەكتر دوورین،

بەڵام بە یادی تۆوە دەخۆینەوە.

*

جێیەكی ئارام و

بادەیەكی بێگەرد و

هاوڕێیەكی دڵسۆز

*

بەزەیی خوداوەند

زۆر لە گوناهی ئێمە گەورەترە

*

دەی تۆش

لە گەڵ خۆتدا مەی بەرە و

ڕوو بكەرە دەشت و دەر

*

بەبێ‌ مەی

بەهار بێ‌ جۆشە

*

ئەی با

بۆنێكی ئەو مەیەم

بۆ بێنە

*

بە خوای خۆتان سوێندتان دەدەم

عەباكانتان

بە شەرابی من بشۆن

*

جڵەوی ژیانت

بدەرە دەست پێكێك

*

عەباكەی حافز

هەمیشە بارمتەی شەراب و مەیە

*

بە ئاوی شەراب

خۆڵی بوونمان دەشێلم

*

نەكەی حافز

جگە لە لێوی یار و پێكی بادە

شتێكی دیكە ماچ بكەی

*

بە سەرخۆشی

دەرگەی خواپەرستی دەكوتم

*

با دڵت وەك

پێكی بادە فراوان بێت

*

پرس و ڕام بە ئەقڵ كرد

پێی وتم:

حافز مەی بنۆشە

*

بە ویستی خۆم

لە مزگەوتەوە چوم بۆ مەیخانە

*

دوو شت هەن، دەست بەرداریان نابم

لێوی یار و پێكی بادە

*

دەرمانی دەردم مەكە

بۆچی بە دەردم نازانی؟

*

تۆ بریندارم بكەیت

بۆ من چاكترە

لە تیماركردنی ئەوانی دی

*

دۆستایەتی كردنی فەرمانڕەوایان

دەیجوری شەوی یەڵدایە

*

چاوەڕێی

خواپەرستی و سەرڕاستی و

وەفاداری لە من مەكە

*

حاشا

دەسبەرداری مەی ببم

لە وەرزی گوڵدا

*

گەر باسی خراپەكانی مەیت كرد

باشەكانیشی بڵێ‌

ئەی دڵ

ڕێگای ئەوین

پڕە لە ئاشوب و ماڵوێرانی

*

جوان بیت

مانای ئەوەنییە

عاشقەكەت بكوژیت

*

پێویستت بە بیانوو نابێت

گەر تۆ مەبەستت خوێنمان بێت

*

ڕۆژی مردنم، بەڵێنم بدەرێ‌

بۆ ساتێك بت بینم

*

ڕەوای هەق نییە

بمكوژیت و

تێێ‌ تەقێنی

*

گەر بەلامدا ڕەت بوویت

چمكی كراسەكەت هەڵكە،

نەك خۆڵاوی و خوێناوی بێت

*

كەس شك نابەم

وەكوو من غەرقی گوناهـ بێت

*

شێر دەبێت بە ڕێوی

لە بیابانی ئەوینتدا

*

ئەی خۆری بەیانی ئومێد

دەركەوە

*

مەقسەدی كەلام ئەوەیە،

ئێمە ژیانمان بێ‌ تۆ ناوێت

*

ڕێگەی ئەوین

پڕە لە ئاشوب و نەهامەتی

ئەی دڵ

*

بڕستم لێبڕا و

كەناری خۆشەویستیم بەدی نەكرد

*

قافڵەكە تێپەڕی و

تۆ نووستبووی

بیابان لە پێشدەمتدایە

*

شەوێكی دەیجور

شەپۆلگەلێكی ترسناك

باهۆز و بارانێكی بە خوڕ

*

ژیری نییە

دڵت ڕادەستی نیگەرانی و خەفەت بكەیت!!

*

بەبێ‌ چاوساغ

پێ‌ مەخەرە كوچەی ئەوین

*

ئەوەی بە ناز و نیعمەت گەورە بووبێت

بە ئازیز ناگات

*

هەرگیز نامرێت

ئەوەی دڵی

بە ئەوین جۆش دابێت

*

خەزنەی دڵ

مەدەرە دەست

جوانی دەڵە قۆڕەكان

*

سوتانی دڵ

ورووژمی فرمێسك

شین و ناڵەی سپێدە

ئاهـ و حەسرەتی شەو

*

چەند خۆشە ئەو ڕۆژەی

كەلوپەلەكانم كۆدەكەمەوە و

ئەم ماڵە جێدێڵم

*

هەموو درەختێك

بەرگەی شەختەی پایز ناگرێت

*

وا دەمی بەهارە

هەوڵبدە بەختەوەربیت

*

جێی داخە

باڵندەیەكی وەكوو تۆ

دیلی قەفەز بێت

*

سەربوردەی من لە گەڵ ئازیز

دوایی نایەت

*

دڵی مەلولی حافز

ئارەزووی خوێندنی وانەی خۆشەویستی دەكات

*

خۆشەویستی

پشوو درێژی گەرەكە

ئەی دڵ خۆت ڕاگرە

*

بەبێ‌ جوانی ئازیز

ڕۆح تاقەتی مانی نابێت

*

قریوەی عاشقان و

شین و گریەیان

سەر بە جێگەیەكی دیكەیە

*

باڵندەی ژیر

گەر بە تەڵەوە بوو

پێویستە دان بەخۆیدا بگرێ‌

*

لە ئەویندا نابێت

لە سوتان و پشوو درێژی تەوەللا بیت

*

خۆشەویستی گاڵتە نییە

دەسا ئەی دڵ

ڕسك بە سەری خۆتەوە بكە

*

لە خۆشەویستیدا

فەرق لە نێوان،

مەیخانە و پەرستگادا نامێنێ‌

*

نهێنی خۆشەویستی

لە پەرستگادا جێی نابێتەوە

*

نهێنی ئەوین و مەستی

بۆ نەیاران باس مەكەن

*

لە ئەوینداریدا

سەرسەختبە ئەی دڵ

*

بولبولێك

ڕەنجێكی زۆرى بە خەرج داو

گوڵێكی بە نسیب بوو

*

حافز

بیر لە ناسكی دڵی یار بكەرەوە

*

ئومێدی گەیشتن بەتۆ

وام لێدەكات بژیم

*

گەر دەروێشی ڕێگەی عیشقیت

لە بەدنانوبوون و حەیا چوون

سڵ مەكە

*

عاشقێك نییە

وشەی زبری بە مەعشوقەكەی وتبێ‌

*

گەر بەد و بێ‌ فەڕ بین

تۆش وەها

حیسابمان بۆ مەكە

*

دڵم لەبەر دەرگات

هەڵكورماوە

میهرەبانبە لەگەڵیدا

*

زۆرم چەشت

تا بە ئازیز گەیشتم

*

پیادەڕۆم و هاوڕێیانی ڕێگەش

سوارەن

*

غەریبی و

بێ‌كەسی و

خەمی دڵ

پیریان كردم

*

زۆری لێ‌ پاڕامەوە، تا نەڕوات

بەڵام بێ‌ هودە بوو

*

نزای نیوە شەو و

پاڕانەوەی دەمەوبەیان

*

واچاكە وەك هەوری زستان

بەسەر ئەم مێرگانەدا بگریم

*

لە دووری تۆ

لە كوخە بێنازەكەمدا

سەر كز دەكەم

*

وتم بەڵكوو بە شین و گریان

بەزەیی بخەمە دڵیەوە

*

لە جەنگ و ئاشتیدا

بەرامبەر قەدی سەروی تۆ

من دەمرم

*

گەر كەنفت و پەژموردە بووم

شەوێك بە نەرم و نیانی

لە ئامێزم بگرە

*

مژدەی خۆشەویستی هات:

ڕۆژانی دڵتەنگی

بەردەوام نابێت

*

جگە لە بەسەرهاتی

ئەوین و وەفاداری

پرسیاری هیچمان لێ‌ مەكە

*

خوا خۆی دەزانێت

لە هەركوێ‌ بووبێت

لە گەڵیدا بووم

*

یوسفی ونبوو

دەگەڕێتەوە بۆ كەنعان

دڵگیر مەبە

*

لێرە بەدوا

لە هەڵسوكەوتی غەریبان

گلەیی ناكەم

*

چۆن بتوانم لە حیشمەتا،

سەرم لە بەردەم ئازیزدا هەڵبڕم؟

*

سەدان هەزار گوڵ

شكۆفەیان كرد و كەچی

دەنگی باڵندەیەكمان نەبیست

*

بەهۆی حەز و سەرچڵیەكانمەوە

بەدناو بووم

*

 

لە سەرە مەرگدام و

ڕازی دڵم نەهاتەدی

*

چارەنووسی خۆت

ڕادەستی خودات بكە و

بەختەوەربە

*

مەی بنۆشە و واز لە قسە و باسی

عاد و سەمود بێنە

*

هەموو عومرم

لە پاڕانەوەدا بەسەرچوو

*

سوپاس

بۆ دڵڕەقی هەمیشەیت

*

گەنجی ڕابوورد

لە باخی ژیاندا، گوڵێكت نەچنی ئەی دڵ

*

زەمانە هەروا نابێت

دڵتەنگ مەبە

*

دنیای بێ‌عارە

متمانە بە هیچی مەكەن

*

بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوەیە

كە بەبێ‌ خۆڕەتاندن، دەبێت بە نسیبت

*

نە عومری خدری زیندە ماو

نە تاجی ئەسكەندەر

كەس نازانێ‌ عاقیبەت چی دەبێت؟

*

شان بە شانی مەیگێڕ دانیشە و

لە بەسەرچوونی عومر ڕامێنە

*

چاوەڕێی چیت

لە دنیایەكی ڕاگوزەر؟

*

ویژدانی خۆت

بە بوون و نەبوون ماندوو مەكە

*

بەختەوەربە

متمانە بە دنیا ناكرێ‌

*

وەك حافز قەناعەتت هەبێ‌ و

لەم دنیا پەتەڕییە هەڵبێ‌

*

هیچ ئەستێرە ناسێك

ئەستێرەی بەختی منی بەدڵ نەبوو

*

پێویستی بە گەڕان چییە

ئەوەی گۆشەگیرە و

تەنهایی كردۆتە پیشە؟

*

لێرە بەدوا، بە دڵم

دنیا ڕووناك دەكەمەوە

*

لە هانگی ژیاندا

پێكێ دوو پێك

هەڵدە و بڕۆ

*

ماڵی ڕاستەقینەمان

كونجی مەیخانەیە

*

بڵاوکردنەوە: