فريمان دايسن

938
0
بڵاوکردنەوە:

نووسین و ئامادەکردنی: ڕاستی سەلام

چيرۆكى فيزيايى و ماتماتيكزانى بەريتانى ” فريمان دايسن” زياتر خۆى لە كارەكانيدا دەبينێتەوە، لەبارەى كوانتەمى كارۆدايناميک(١)، فيزياى دۆخى ڕەقى(٢)، گەردوونناسى و فيزياى ناوكيدا. ئه‌و پرۆفيسۆرى فيزيا بوو، لە پەيمانگاى پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان كە زۆرينەى ژيانى لێ بەسەر بردووە. دايسن چەندەھا چەمكى ھێناوەتە كايەوە لە فيزيا و بوارەكانى ديكەشدا، بەناوى خۆيەوە ناونراون، نموونەى ئەوانەش وەكو؛ گۆڕانى دايسن(٣) كە تەكنيكێكى بنەڕەتييە لە تيۆرى زيادكراوە ژمارەييەكان. درەختى دايسن(٤)، بريتييە لە ڕووەكێكى گريمانەيى بۆھێڵ دەستكاريكراو، لەتوانايدايە لەسەر كلكدارەكان گەشە بكات. زنجيرەى دايسن(٥)، بريتييە لە زنجيرەيەكى ماتماتيكى و جۆرێک لە شيكار بۆ ئۆپەرەيتەرى پەرەسەندنى كات، لە ھاوكێشەكەى شڕۆيدنگەر. گۆى دايسن(٦)، بريتييە لە تاقيكردنەوەيەكى زيھنى، ئەوە ڕووندەكاتەوە كە چۆن شارستانييەتێكى تەواو پێشكەوتوو سوود لە وزەى ئەستێرەيەک دەبينن، بە درووستكردنى پێكھاتەيەكى گۆيى گەورە بە دەورى ئەستێرەيەكدا و بەكارھێنانى وزەكەى.

قۆناغە سەرەتاييەكانى ژيانى دايسن:

دايسن لە پازدەی ديسەمبەرى ساڵى ١٩٢٣ لە ئينگلتەرا لەدايكبووە، كوڕى ئاوازدانەر و ميوزيكژەنى بەناوبانگ ” جۆرج دايسن” بووە، دايكى ھەڵگرى بڕوانامە بووە لە ياسادا، دواى لەدايكبوونى، دايسن وەكو پيشەوەرێكى كۆمەڵايەتى كاردەكات. دايسن خوشكێكيشى ھەبوو بە ناوى ئاليس، باسی دايسن بەوە دەكات، منداڵێک بووە ھەردەم ئينسايكلۆپيدياكان لە دەورى بوون و بەردەوام خەريكى ئەژماركارى بووە لەسەر پەڕە كاغەزەكا. لە ساڵانى ١٩٣٧ بۆ ١٩٤١ دايسن لە كۆلێجى وينچستێر دەيخوێند، لەو شوێنەى كە باوكى لێپرسراوى بەشى ميوزيك بوو. لە تەمەنى حەڤدە ساڵيدا دەست بە خوێندنى ماتماتيک دەكات لەگەڵ ماتماتيكزانى بەناوبانگ “جى.ئێچ. ھاردى” لە كۆلێجى ترينتى لە كەيمبريج(بە قەبوڵنامەيەكى خوێندن، بە پازدە ساڵى بردبوويەوە).  لە تەمەنى نۆزدە ساڵيدا پەلكێشى جەنگ دەكرێت، داواى لێدەكرد كە لە بەشى توێژينەوە كارپێكارييەكانى(٧) ھێزى ئاسمانى كاربكات. لەوێ ڕێگەيەكى شيكاريى پەرەپێدا، بۆ ئەژماركردنى چڕى پێكھاتەى ئەو موشەكانەى كە ئەڵمانييەكانى دەپێكا، لە جەنگى جيھانى دووەمدا. دواى جەنگ، دەگەڕێتەوە كۆلێجى ترينتى و لەوێ بەكالۆريۆسەكەى لە ماتماتيكدا دەھێنێت. لە ساڵى ١٩٤٦ بۆ ١٩٤٩دا، دايسن لە ترينتى ژوورەكەى لە نزيک ژوورى فەيلەسوفى گەورە ” لۆدويگ ويتگنشتاين”ەوە بوو. لە ساڵى ١٩٤٧ دايسن دوو پەيپەرى دەربارەى تيۆرى ژمارەكان بڵاوكردەوە. ھاوڕێ و ھاوپيشەكانى دايسن بە كەسێكى شەرمن و ڕۆشنبير باسی دەكەن، بە شێوەيەكى دژيەكيانە كە ھەندێک لە ھاوڕێكانى دڵخۆش دەكات، و ئەو كەسانەش توڕە دەكات كە لە بيروبۆچونەكاندا دژ بەيەكن. سيتڤن واينبێرگ دەڵێت: ” ھەستێكم ھەيە، ئەگەر يەكدەنگى و كۆكبوون لە بابەتێكدا وەكو بەستنى سەھۆڵ وابێت لە ڕووبارێكدا، ئەوا دايسن باشترينى ھەوڵى دەدات كە بەسەر سەھۆڵەكەدا خليسكێنە بكات”.  ئۆليڤەر ساكس،  دەمارزان و نوسەر دەڵێت ” وشە دڵخوازەكەى فريمان بۆ ئەنجامدانى زانست و داھێنان بريتييە لە (لادان)، پێى وايە كە ئەوە پێويستە، نەک بە تەنیا تەقليدى نەبين، بەڵكو سەرشێت بين، و لە تەواوى ژيانيدا ئەمەى ئەنجامداوە.

بەرەو نەتەوە يەكگرتووەكان:

لەسەر ئامۆژگارى و پێشنياری فيزيايى ” جى.ئاى. تايلەر”، دايسن ڕوو لە نەتەوە يەكگرتووەكان دەكات بۆ خوێندنى دكتۆراكەى لەگەڵ ” ھانس بێتە” لە زانكۆى كۆرنێل، لەوێ ئاشناى ڕيچارد فاينمەن دەبێت، دەبنە دوو ھاوڕێى نزيک و پێكەوە كاردەكەن. دواتريش ڕووى لە پەيمانگەى پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان كرد (١٩٤٨-١٩٤٩). لە ساڵى ١٩٤٩ دايسن پەيپەرێكى(٨) بڵاوكردەوە، تێيدا جەخت لەسەر ڕاستێتى و لێكچوی نێوان دوو مێتودى ناو كوانتەمى كارۆدايناميكى دەكاتەوە، ئەوانيش؛ ھێڵكارييەكان( كە لەلايەن فاينمەنەوە پەرەى پێدرابوو)، لەگەڵ مێتودى ئۆپەرەيتەر( كە لەلايەن شوينگەر و تۆمۆناگاوە پەرەى پێدرابوو). ئەو يەكەم كەس بوو، بەڕاستى تێگەشتبوو لە تواناى ھێڵكارييەكانى فاينمەن، ھەر لەو پەيپەرەيدا ئەوە دەخاتە ڕوو كە ” ھێڵكارييەكانى فاينمان تەنيا كەرەستەى ئەژماری نيين، بەڵكو تيۆرى وێنەييشن، وە ئەو ڕێسايانەى كە بۆ ھێڵكارييەكان پەرە پێدراون بەتەواوى كێشەى مۆدێلكردن چارەسەردەكات”. دايسن چەند ڕێسايەكى بۆ ھێڵكارييەكانيش پەرە پێدا، بەشێوەيەک، ئيشەكەى فاينمەنى لە كوانتەمى كارۆدايناميكدا بەشێوەيەک بەردەست كرد كە فيزياييەكان بتوانن بە ئاسانى لێى تێبگەن. لەناوياندا ڕۆبەرت ئۆپنھايمەرى(٩) قايل كرد بەوەى كە مێتودە نوێيەكەى فاينمەن بە ھەمان شێوەى ئەوەى شوينگەر و تۆمۆناگا ڕاستە. لە پاداشتى ئەمەدا، ئۆپنھايمەو ئۆفەرێكی هەمیشەیی خوێندنی لە پەیمانگەی پرینستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان پێدەدات. ھەروەھا لە كارێكى ديكەى ساڵى ١٩٤٩ دا، ” زنجيرەى دايسن” دادەھێنێت، لە دواييدا دەبێتە سرووشێک بۆ فيزياييانى وەكو “جۆن وارد” كە ھاوئەنجامى وارد-تاكاشى(١٠) پەرە پێبدەن. ساڵى ١٩٥١ دايسن نازناوى پڕۆفيسۆرى زانكۆى كۆرنێڵى پێدرا، لە كاتێكدا ھێشتا بڕوانامەى دكتۆراشى نەبوو، لە ساڵى ١٩٥٣ ئۆفەرێكى ھەميشەيى كاركردنى لە پەيمانگى پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان پەسەند كرد، بە درێژايى ژيانى لەوێ مايەوە. لە ساڵى ١٩٥٧ بۆ ١٩٦١ دايسن، لەسەر پڕۆژەيەک كارى دەكرد بەناوى ئۆريۆن (١١)، ئەم پڕۆژەيەش شيمانەى كەشتيە ئاسمانييەكانى دەخستە بەردەست بە بەكارھێنانى پرتەى پاڵپێوەنەرى ناوكى(١٢). يەكەم نموونەى خرايە بەردەست. بەڵام؛ دواى ئەوەى، لە ساڵى ١٩٦٣ پەيماننامەى قەدەغەى تاقيكارى ناوكى لە نێوان وڵاتاندا بەسترا، دايسنيش پشتگيرى لە پەيماننامەكە كرد، ھەر بۆيە پڕۆژەكەش وەستێنرا. لە ساڵى ١٩٥٨ دا، دايسن بووە ئەندام لە پڕۆژەى ديزاينى كارلێككەرێكى ناوكى بچووک و سادە بەناوى تريگا(١٣)، لە زانكۆ و نەخۆشخانەكانى سەرانسەرى جيھاندا بەكاردەھێنرێت بۆ درووستكردنى كەرەستە پزيشكييەكان. لە ساڵى ١٩٦٦ دا دايسن لەگەڵ ھاوكارێكيدا پەيپەرێكيان بڵاوكردەوە، ئەوەى دەخستە ڕوو، پرەنسپى دەركردنى پاولى(١٤) ڕۆڵێكى بنچينەيى ھەيە لە سەقامگيردنەوەى ماددەى بەڵكدا(١٥). ھەربۆيە، ئەوە بەرپەرچدانەوەيەكى ئەليكترۆموگناتيسى نێوان دوو ئەليكترۆنى خولگەى دەرەوە نين، ناھێڵن دوو تەختەى پێكەوە نوساو تێكەڵى يەک ببن، بەڵكو پرەنسپى دەركردنى پاولييە لەسەر پڕۆتۆن و ئەليكترۆنەكان كە ھێزێكى مايكرۆسكۆپى دروستدەكات. جگە لەمانە، دايسن لە چەندين بوارى ماتماتيكيشدا كارى كردووە، وەكو تۆپۆلۆجى، شيكارى، تيۆرى ژمارەكان، زنجيرە ھەڕەمەكييەكان(١٦). لە ساڵى ١٩٧٣ كاتێک ماتماتيكزان “ھيو مەنگۆمێرى”(١٧) سەردانى پەيمانگاى پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان دەكات، لەو كاتەدا تازە كارى لەسەر فكرەى دابەشبوونى سفرەكانى ناو “نەخشەى زێتاى ڕێيمان” دەكرد. كارەكەى خۆى پيشانى ماتماتيكزان ” ئاتلى سێلبێرگ”ى دا و ئەويش ئەوەى پێووت كە ئەمە لە شتێكى فيزيايى ماتماتيكى دەچێت و پێويستە مەنگۆمێرى كارەكەى نيشانى دايسن بدات. ھاوكێشەكە لاى دايسن ناسراو بوو بەوەى كە لەو جووتە ھاوپەيوەنديانە دەچێت، لە گرووپى تاكيى گاووسيدا بوونى ھەيە، ئەمەش شتێكە فيزياييەكان بەباشى پێى ئاشنان. ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو، دەكرێت پەيوەندييەكى بڕواپێنەكراو ھەبێت لە نێوان دابەشبوونى ژمارە خۆبەشەكان ( ٢ ، ٣، ٥ ،٧، ١١…..) و ئاستە وزەكانى ناو ئەتۆمى توخمە قورسەكانى وەک؛ يۆرانيۆم. ساڵى ١٩٩٤ دايسن لە پەيمانگاى پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان خانەنشين دەكرێت، لە ساڵى ١٩٩٨ دەبێتە سەرۆک بەشى توێژينەوە فەزاييەكانى پەيمانگاكە، دايسن ھيچ خەڵاتێكى نۆبڵى نەبردۆتەوە، ستيڤن واينبێرگى فيزيايى بەناوبانگ و براوەى خەڵاتى نۆبڵ لەم بارەيەوە دەڵێت: كە ليژنەى بەخشينى خەڵاتى نۆبڵ دايسنيان پشتگوێ خستووە. بەڵام؛ دايسن لەم بارەيەوە دەڵێت: ” پێم وايە ئەم شتە بەتەواوى ڕاستە، ئەگەر بتەوێت خەڵاتى نۆبڵ ببەيتەوە، ئەوا دەبێت ئارەزوويەكى ماوە درێژت ھەبێت بۆ ئەو شتەى كارى لەسەر دەكەيت، لەگەڵ ھەندێک لە كێشە قوڵ و گرنگەكاندا ڕابێيت و بۆ ماوەى ١٠ ساڵ لەگەڵ بمێنيتەوە، ئەوەش ستايلى من نەبوو”. فريمان دايسن لە نەخۆشخانەيەكى نزيك پەيمانگەى پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەكان لە ٢٨ ى فێبريوەوى ساڵى ٢٠٢٠ لە تەمەنى ٩٦ ساڵيدا كۆچى دوايى دەكات.

 

پەراوێز:

  1. : Quantum Electrodynamics
  2. : Solid state physics
  3. : Dyson’s Transformation
  4. : Dyson’s tree
  5. : Dyson series
  6. : Dyson sphere
  7. : Operational research socity(ORS)
  8. : The radiation theories of Tomonaga, Shwinger and Feynman
  9. : Robert oppenheimer
  10. : ward-takashi identity
  11. : orion nuclear propulsion project
  12. : nulear pulse propulsion
  13. : TRIGA
  14. : Pauli exclusion principle
  15. : Bulk Matter
  16. : Random Arrays
  17. : Hugh Lowell Mongomery

 

بڵاوکردنەوە: