مرۆڤ وەک؛ بەرخۆرێکی ھەمیشەیی

773
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: ئەلەند ڕزگار

مرۆڤ بە درێژایی شارستانییەتە جیاوازەکان، ئەو زیندەوەرە بووە کە بەردەوام ھەوڵی دۆزینەوە و گۆڕانکاری داوە. ئەم زیندەوەرە سەرەتا ھەوڵی ئەوەیدەدا دەربازی بێت لەو نامۆییەی بە سرووشت ھەیبوو، ئەویش بە چاکسازی گرنگ لە گوزەرانیدا، ھاتنە دەرەوەی لە نێو ئەشکەوتەکان و پەنابردنی بۆ سرووشتێکی ناوازەتر. لە دواییدا باسێکی گرنگ ھاتەپێشەوە، ئەویش چۆنیەتی پەیداکردنی خۆراک بوو، سەرەتا لەسەر کوشتنی ئاژەڵەکانی دیکە و ھەندێک جاریش کوشتنی یەکدی، دەژیان. بۆیە لەم سەردەمە سەرەتاییەدا دەستیانکرد بە کشتوکاڵکردن و داگیرکردنی شوێنێک بۆ نیشتەجێبوون، کە سەرەتا لە کوخێکدا ژیانیان بەڕێ دەکرد. کات لە دوای کات زیرەکی مرۆڤ گۆڕانکاریی گرنگی بەسەردا ھات، وایکرد لە ژیانێکی سەرەتاییەوە بازبدات بەرەو ژیانێکی بڵندتر، ئەویش خۆی لە درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە، درووستکردنی خێزان، گۆڕانکارییکردن لە شوێنی نیشتەجێبوون، ئەمە وایدەکرد مرۆڤ زیاتر ھەست بە خاوەندارییەتی بکات. بۆ دەستکەوتنی خۆراک خاڵێکی دیکە بۆ ژینی زیاد بکات ئەویش “کارکردن”، بە چەندین جۆری جیاواز کار دەکرا، مرۆڤ لە دوایی ئەم کردارانە ھەنگاوی بەرەو سەردەمێک نا کە دەکرێت ناوی بنێین سەردەمی سامانداری مرۆڤ؛ تێیدا مرۆڤ لەو زیندەوەرە سەرەتاییەی پێی دەناسرا داماڵرا. تەماحکاری مرۆڤ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیادی دەکرد، داواکارییەکانی رانەدەوەستان، ئەمەش دەبووە ھۆکاری نائارامی لەسەر زەویی یاخود تێکچوونی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤ لەگەڵ دراوسێکەیدا ھەیبوو. ناکۆکییەکان زیادیان دەکرد و بەدوایخۆیاندا جەنگ و کوشتارێکی زۆریان درووست دەکرد. جا ئەم جەنگانە زیاتر بەھۆی ناکۆکی ئایدۆلۆجییەوە بووبێت یاخود تەماحکاری مرۆڤ بۆ داگیرکردنی خاکی دراوسێکەی بۆ زیادبوونی ڕووبەری نیشتەجێبوون، مرۆڤ ئەو خانە شێرپەنجەییە بووە، کە دەستەڵاتی خۆی بەسەر خانەکانی ھاوسێیدا دەسەپاند، وێرانکاری لە  دوای خۆی بەجێدەھێشت. زەوی ھەمیشە ئەو ڕووبەرە بووە، کە خزمەتی مرۆڤی کردووە، بەڵام؛ مرۆڤ نەیتوانی لە پای ئەم خزمەتە، ببێتە ھۆکارێک بۆ ئارامی زەوی. بەڵام؛ لەدوای ئەوەی مرۆڤ ئاستی مەعریفی و تێگەیشتنی بۆ ڕووداوەکان زیادیی دەکرد، لێرەدا مرۆڤ وردە وردە  دەبووە خاوەن زانستێکی تۆکمە (زانستیش يەكێكە لەو ڕێگايانەی كە بۆ دەستخستى مەعريفە مرۆڤ ھێنایە كايەوە، تا ڕادەيەک  نوێترين و بەھێزترينيانە، ئێمە لە دەستپێكى گۆڕينى ژيانى مرۆڤداين “يۆنانييەكان” بە يەكەمين كەسانێک دادەنرێن كە ھەوڵيان دابێت ئەوە ڕوونبكەنەوە كە چی لە سرووشتی دەوروبەریان دەگوزەرێت بە بێ پشت بەستن بە خورافە يان ھەر لێكدانەوەيەكى سەروو سرووشتيانە، واتە سەرنجدانی “شت”ەکان وەک خۆیان)، بەو واتایەی لەو زانستە بێ میتۆد و ھەڕەمەکییانە دەرچوو، کە بۆ چەندین سەدە بەھۆی نەبوونی کەرەستەی گونجاوەوە دەیناڵاند، پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینی.  جیا لەو خزمەتانەی زانست، لە ڕێگەی مرۆڤە چالاکەکانەوە، بە مرۆڤایەتی کرا، لە سەدەی نۆزدەیەمدا و لە لایەن (کیمیاگەر)انەوە(١) ھەڵسان بە درووستکردنی نایلۆن و پلاستیک. گرنگترین ئاسانکاری بوو بۆ مرۆڤ و دڵخۆشییەکی زۆری پێ دەبەخشین، ھۆکاری ئاسانی بڵاوبوونەوەی بریتیی بوو: لە ھەرزانی نرخ، تا وای لێ ھات بووە بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ. لە دوای ئەوەی زیاتر وردبوونەوە لەم دۆزینەوەیە دڵخۆشیش کەمی دەکرد، “لەبەر ئەو ھۆکارەی ھۆشیاری مرۆڤ بەو ئاستە نەگەیشتبوو، کە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا خۆی بگونجێنێت”، چون تەنھا ئەوە دەزانرا ھەر شتێک لە خوار ئاستی بوونیەتی مرۆڤەوە بێت، دەبێت بچێتە خزمەتییەوە، ئەم شێوە بیرکردنەوەیە کارەساتی بە دوای خۆییدا دەھێنا، لە ئێستادا زەوی خاوەنی چەندین دوورگەی پاشماوەی مرۆڤە لەسەر دەریاکان، جگە لە پلاستیک چەندین جۆر پاشماوەی دیکەش بوونی ھەیە، لەبەر ئەم ھۆکارانەش ژیانی زیندەوەرە دەریاییەکانی وەک (ماسی، کیسەڵ، باڵندەی دەریایی،…ھتد) چەندین جۆری دیکە کەوتە مەترسییەوە. بەڵام؛ دوا بە دوای ئەم ڕووداوانە زانستدۆستان (ژینگە دۆستان)، ھەڵسان بە دۆزینەوەی چەندین ڕێگە چارەسەری گرنگ، یاخود بڵێین چەندین دۆزینەوە کە سرووشت خۆی دەبووە ھۆکارێک بۆ تیمارکردنی برینەکانی، کەمێک لەو دۆزینەوانە: دۆزینەوەی جۆرە بەکتریایەک، دەبووە ھۆکارێکی باش بۆ شیبوونەوەی ماددە پلاستیکیەکان لە دەریادا. ھەر لەم چەند ساڵەی پێشوودا بوو، ھەواڵی ئەوە بەخشرایەوە کە جۆرە کرمێکی نێو سرووشت بە نێوی (کرمی واکس)، پلاستیک بۆی دەبێتە خۆراکێکی باش، لەسەر زەوی و شیدەکاتەوە. درووستکردنی پلاستیک لە شەربەتی کاکتەس، کە زووتر لە پلاستیک شیدەبێتەوە. داھێنانێک کە چەندین ساڵە  زانایان خەریکی چاکسازی و بەرەو پێشبردنین، ئەویش سوودمەندبوونە لە قارچک وەک؛ ڕاوچییەکی پلاستیک، کە دوو شێوەی سەرەکی پێکدێنن، ھەندێکیان لە نێو تاقیگەکاندا بەرھەم دەھێنرێن، رێژەیەکی باشیش لە دارستانەکانی ئەمازۆندا دۆزراوەتەوە. وە ھەروەھا درووستکردنی “زەرفی نایلۆن” لە نیشاستە کە ئەمە کاریگەرییەکی باشی دەبێت بۆ زەوی، لەو ڕووەوەی دەبێتە ماددەیەکی ئەندامی بۆ زەوی و زووتر لە زەرفی نایلۆن شیدەبێتەوە. لێکۆڵەرەوان بەم چەند دۆزینەوەیە ناوەستن بەڵکو ھەمیشە لە ھەوڵی بەردەوامدان، و دۆزینەوەکان تا بێن زیاد دەکەن، بۆ زیاتر پاراستنی ژینگە. جگە لە ھەموو ئەم ڕووداوانە بوونەتە ھۆکارێکی دیکە بۆ زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە، کە پلاستیک بە تایبەتتر (پلاستیک بوتڵ)(٢) بە یەکێک لە ھۆکارەکان بۆ زیادبوونی ئەم جۆرە نەخۆشییە دادەنرێت. بۆیە لە سەردەمی سامانداریدا، مرۆڤ بە چەندین کرداری دیکە گەیشت، درووستبوونی کارگەکان، کە بوونە ھۆکارێک بۆ زیادبوونی دوانەئۆکسایدی کاربۆن و گازەکانی دیکە لە بەرگە ھەوای زەوییدا، زیاتر گەرمبوونی زەوی و توانەوەی شاخە بەستەڵەکییەکان، و تێکچوونی کەشی ژیانی ئەو زیندەوەرانەی لەوێدا دەژین، بەھۆی ئەم ڕووداوانەوە داھاتووی زەوی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی جیدی لە کەش و ھەوادا دەبێتەوە. ھەربۆیە لەگەڵ زیاتر گەشەسەندنی زانستدا، ئەگەر توانای کۆکردنەوەی ھۆشیارییەکی باشمان نەبێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی ڕوودەدەن، بە جێدەمێنین، زەوی بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون دەبەین. ناتوانین بەرەنگاری ئەو ڕووداوانە ببینەوە، کە لە ئەنجامی ئاسانکارییەکان تووشمان دەبێت. وە بۆیە زانست بەرجەستەکردنی بیرکردنەوەیەک بوو کە مرۆڤ دایھێنا، بۆ ئەم مەبەستەش ھەردەم مرۆڤە دەبێتە ھۆکاری چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانەی، بەھۆی ناھۆشیارییەوە مرۆڤایەتی تووشی بوو، بۆیە ھێشتا ھیوایەک بوونی ھەیە، ببینەوە بە خاوەنی زەوییەکی تەندرووستتر و ژینگەیەکی پڕ سەوزایی.

پەراوێز:

(١) مەبەست لە بوونی “کیمایەگەر”ی، زانستی کیمیایە کە لە کۆتای سەدەی ھەژدەیەمەوە، بەھۆی تاقیکردنەوە شۆڕگێڕییەکانی  ئەنتۆنیۆ لاڤوازێوە سەریھەڵدا.

(٢)plastic bottle

پاشکۆ:

پلاستیک:  لە ماددەى سرووشتى وەكو؛ سليلۆز، خەڵوز، گازى سرووشتى، خوێ، نەوتى خاو درووستكراوە. لە ڕێى پڕۆسەى پۆليمەراندن و پۆليمەرە خەستبوونەوەوە. ھەر لەو ماددە سرووشتييە ئۆرگانيانەى وەک؛ سليلۆز، خەڵوز، گازى سرووشتى، خوێ و نەوتى خاوەوە دەردەھێنرێت.

نایلۆن:  پێكدێت كاتێک بڕێكى گونجاوى مۆنۆمەر( ئەو يەكە كيمياييە بنچينەييانەن كە پۆليمەرەكانيان پێكھێناوە) يەكدەگرن بۆ پێكھێنانى زنجيرەيەكى درێژ لە ڕێى پڕۆسەى پۆليمەرە خەستبوونەوەوە. مۆنۆمەرەكانى نايلۆن ٦-٦ بريتين: لە ترشى ئەسیدیک و ھێكسا_ميسيلين دایئەمين.

سەرچاوە:

-the wax worms, national geographic, PUBLISHED APRIL 24, 2017

-This Edible Mushroom From The Amazon Thrives By Eating Plastic!, intelligent living, published August 13, 2019

بڵاوکردنەوە: