پیرۆزی و زانست

916
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەلەند ڕزگار

زۆرینەی مرۆڤ؛ مرۆڤانێک کە ئارەزوویان لە پیرۆزکردنی شتەکانە، دەشێ ئەم شتە، وشەیەک، ڕووداوێک بێت کە بۆ هەزاران ساڵ پیرۆز بکرێت و جێگیر بکرێت. بەخشینەوەی پیرۆزی بە “شتەکان” مانەوەی تاکە لە ڕابوردوودا و نەمانی جووڵەیە لە ئێستا و داهاتوودا. بیرکردنەوەی پیرۆز؛ بیرکردنەوەیە لەو ساتەی کە شتەکان پیرۆزکراون نەک لەو ساتەی کە ژیانی “من” بەرجەستەیە، بەو واتایەی: تۆ لە شوێن و کاتێکی پیرۆزکراودا بەرهەمهینەرەوەی ژیانی خۆت نیت، بەڵکو بەرهەمهێنەرەوەی ئەوی تری کە مردووە، بەرهەمهێنەرەوەی ڕووداوێکی کە ڕوویداوە و کۆتایی هاتووە، نەک ڕووداوێک کە بیەویت ڕووبدات. ئەگەر سەرنج بدەین لە کیمیاگەری کۆندا توخمەکان خاوەنی پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆیانبوون وەک، شتێکی ناسرووشتی سەرنجدەدران بەو واتایەی: نامۆ بوون بە لای تاکەوە کە ئەمەش دەرەئەنجامی بە پیرۆزبوونی کەرەستەکانە، لێسەندنەوەی سرووشتی بوونیانە بۆ بوونێکی سەروو سرووشتی و دواجاریش ناسرووشتی. دەکرێت لەم ڕێگەیەوە بچین بۆ ئەو شتانەی یاخود ئەو شوێنانەی لە لایەن مرۆڤەوە پیرۆزکراون، لە ئەنجامی هەوڵدانیان بۆ جێگیربوون:

گەردوونی پیرۆز؛ گەردوون تا ئەو شوێنەی پیرۆزنەکراوە دەکرێت ببێتە جێگەیەک بۆ بیرکردنەوە و سەرنجدانی بەشێوەیەکی تاقیکارانە، گەڕان و دۆزینەوەی هەسارە و خانەی نوی لە گەردووندا بە بێبوونی شۆکبوون، چوون بە گەڕانەوەمان بۆ کردەی تاقیکردنەوە و بیرکردنەوە؛ گۆڕانکاریی ڕوودەدات لە هەموو ئەو تێڕوانینانەی کە بەرامبەر شتێک هەمانبووە. واتە: پیرۆزنەبوونی گەردوون، کردەی بەرهەمهێنانی گۆڕانکارییە دژ بە جێگیریی. کەواتە پیرۆزبوونی گەردوون، جگە لەوەی دەیکاتە ڕووبەرێکی جێگیر بێ گۆڕانکاری، لە داهاتووشدا وەک، یەک بیرکردنەوە و یەک سەرنجی تاکێک دەمێنێتەوە کە ڕەنگە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕایەکی هەبووبێت و بەخشیبێتی بە مرۆڤێک کە ئارەزووی لە جێگیری هەیە و بەهەمان شێوەش لە ڕێگەی پەیوەندی مرۆڤەکانەوە لەگەڵ یەکدیدا گواسترابێتەوە، یاخود لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی و سەپاندنی هێزەوە گواسترابێتەوە. هەربۆیە؛ پیرۆزی، بریتییە لە: ڕووبەرێکی فراوان لە جێگیری و توندوتیژی.

(( بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە ڕێکخرابوو تەواوکرا. ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواوببوو، ئینجا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشوویدا. خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆزکرد، چونکە تێیدا لە هەموو کارەکانی پشوویدا، هەموو ئەوەی خودا بەدیهێنا و درووستی کرد))

ڕۆژی حەوتەم؛پشوودان                                  

پەیدابوون_١

پەرتووکی پیرۆز

مرۆڤ وەک، پیرۆزکراوێک و پاشانیش وەک، ڕووبەرێک لە تاوان و خاوەن چیرۆکێکی تایبەت لە لایەن دەستەڵاتێکی بانسرووشتییەوە، ئەوکاتەی مرۆڤ وەک، بوونەوەرێکی پیرۆز و تایبەت لەم گەردوونەدا پێناسەدەکرێت؛ ئەوا بوونی مرۆڤ بۆ خۆی لە سرووشت جیادەبێتەوە بەو واتایەی: کە ئیدی مرۆڤ ڕووبەرێک نابێت لە گۆڕانکاری جیاواز، بەڵکو دەبێت بە خاوەن ڕووبەرێکی جێگیر و بەرنامە بۆ داڕێژراو، مرۆڤ دەبێتە خاوەن ئیگۆ و نامۆبوون بەوەی کە پێی دەوترێت سرووشت. هەروەها کاتێک “جەستە” دەبێت بە بەشێک لە بوونێکی جیاواز و پیرۆز ئەوا لە هەمان کاتیشدا دەبێت بە بەشێک لە تابۆ و ڕووبەڕێک کە پێش ئەوەی لە دایک بێت “ئەو گوناهبارە”. کاتێک جەستە دەبێتە ژێردەستەی هێزێکی بانسرووشتی بەوشێوەیەش دەبێتە کارەکتەرێکی نێو چیرۆکێک یان بوونێک لە نێو خەونێکدا کە دواجار سەرچاوەی نووسەری چیرۆک و خەونەکەش هێزێکی بانسرووشتییە کە دەشێ خاوەنی چەندان ناوی جیاواز بێت، بە پێی سەردەمەکان. نامۆبوونی جەستەی پیرۆزکراو لە خود؛ ئەو واتایە دەگەیەنێت کە جەستە نامۆیە بەخۆی و لە هەمان کاتیشدا خۆی وەک، کارەکتەرێک یەتە بەرچاو کە ڕابوردوو و ئێستا و داهاتووی بۆ نووسراوەتەوە و تووشی جۆرێک لە بێباکی دەبێت، تاکە کردارێک کە دەبێت بیکات بریتییە لە: زیاتر پیرۆزکردنی پیرۆزی.

ئەو کاتەی جەستە پیرۆز دەکرێت، بە هەمان شێوەش دەستبردن بۆ جەستە دەبێت بە بەشێک لە تاوان و گوناهکردن، هەروەک مێژوونووسی ئەمریکی “ویل دۆرانت” لە پەرتووکی ( ژن، پیاو و ئاکاری سێکسی لە لانکەی شارستانییەتەکاندا) دەڵێت: ‘سزایی گوناهە جەستەییەکان لە شەریعەتی زەردەشتیدا، وەکو شەریعەتی یەهودی زۆر سەختبوو، ئەو کەسەی دەستپەڕی بکردایە بە لێدانی قامچی سزایان دەدا…’

کەواتە ئێمە لە ڕێگەی بوونی پیرۆزییەوە، ڕووبەرێک لە نامۆی یاخود ڕووبەرێک لە تابۆ، ڕووبەرێک لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئەوی تر، ڕووبەرێک لە بوونی جێگیری و نەگۆڕان، بەو واتایەی: تاکی پیرۆز(مرۆڤی پیرۆز) بە بێ بوونی هیچ ڕووداوێک ژیان بەڕێدەکات. مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی پێناسەکراو تا هەزاران سەدەی دیکە، هەروەها جیابوونەوەی مرۆڤ لە زیندەوەرانی دیکە و بەرزکردنەوەی پلە و بەخشینی ئیگۆیەکی بەرز، بەو واتایەی مرۆڤ دەبێتە وێنەدانەوەی هێزێکی بانسرووشتی لەسەر زەوی کە پێگەکەی جیاواز دەردەخات لەوانی دیکە. بەخشینی ناوی پیرۆز و خاکی پیرۆز بە مرۆڤ، هەوڵدان بۆ پیرۆزکردن و بەرجەستەکردنی هێزێکی بانسرووشتی لە پەیکەرەکاندا کە دەشێ کارەکتەری نێو ئەفسانەیەک بێت یاخود هێزێکی پیرۆز بێت. هەربۆیە عەقڵییەتی پیرۆزی؛ عەقڵیەتێکی داگیرکەرە، بەو واتایەی: دەیەوێت هەموو سنوورەکان ببڕێت، جێگەی پیرۆزی لەناو هەموو عەقڵییەتەکاندا بکاتەوە و بیسەپێنێت، لە هەر شوێنێک هێمای خۆی بسەپێنێت و لە پاش ئەو توندوتیژی و خوێنەی بەجێیدەهێڵێت، مانیفێستی ئاشتەوای ڕادەگەیەنێت. هەروەها بێرتراند ڕاسڵ سەبارەت بەم جێگیرییەی پیرۆزی[ئایین] دەڵێت: ‘ جیاوازی عەقیدەی ئایینی لەگەڵ تیۆری زانستیدا، لەوەدایە کە یەکەم وای دادەنێت؛ حەقیقەتێکی ڕەهاو هەمیشەیی هەیە، لە کاتێکدا لە زانستدا شتەکان هەمیشە کاتین و بەردەوام گۆڕانکاری(درەنگ یان زوو) بەڕێوەیە…’

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە لای مرۆڤی پیرۆزکراو یاخود مرۆڤێ کە شتەکان پیرۆزدەکات وەک، کردەیەکی بانسرووشتی لێی دەڕوانێت، شتەکان بۆ ئەو کۆتایی هاتوون، بەو واتایەی: ئەوە ئەو مرۆڤە نییە کە لە ئێستادا دەژی بەڵکو ئەوە باوانییەتی یاخود ئەوە مردوویەکە لە ڕابوردوودا، لە ئێستادا دەژی. هەروەها پیرۆزی بە ڕەهای لە شتەکان دەڕوانێت، موتڵەقییەت لە کارەکانیدا بەرجەستە دەکات، ئەویش لە تێڕوانینی هێزێکی بانسرووشتییەوە[ببە، دەبێت] کاردەکات. لەو کاتەی مرۆڤ بە هیچ و زیندانییەکی تاوانبار، ئەوکاتە پیرۆزی باڵادەست دەبێت. ئەوە پیرۆزییە وا لە مرۆڤ دەکات لە خودێتی خۆی دەریبکات و هەوڵ بۆ گەیشتن بە دونیایەکی ئیدیاڵ بدات. کاتێک منی مرۆڤ، خودی دەکاتە دەرەوە و بۆ دونیایەکی دیکە تێدەکۆشێ، ئەم کردنە دەرەوەیە دەبێت بە سەبجێکتێک کە دەبێت بیپەرستێ و پارێزگاری لێ بکات، واتە: ئەو بابەتە منی مرۆڤ نیم بەڵکو ئەوە پیرۆزییەکی هەڵخەڵەتێنەرە کە کار دەکات بۆ پێگەیشتنی. هەربۆیە ناکرێت بێین بڵێن: ئەڵتەرناتیڤی پیرۆزی؛ پیرۆزی خۆیەتی، چوون دۆگما بە دۆگما تێکناشکێنرێت بەڵکو دۆخەکە زیاتر نامۆ و سامناکتر دەکات، هەربۆیە دەبێت دۆگماکان و بتەکان تێکبشکێنرێن و ڕێگەیەکی عەقڵانی و زانستییانە ببێت بەشێوە ژیانێک. ئەوەی لێرەدا ئاماژەمان پێدا بریتیی بوو لە: بوونی پیرۆزی شتەکان، پیرۆزکردنیان وەک، دوا وەڵام و بەخشینی ڕەهایەتی بە شتەکان. لە پاش ئەمەش دەچینە سەر بوونی زانست و ئەوەی کە پێی ئاشناین و هەروەها ئەوەی بە ناوی زانستەوە دەرخواردمان دەدرێت. تەمەنی زانست دەکرێت بەسەر سێ بەشدا دابەشی بکەین؛ سەردەمی زانست لای گریکەکان و سەردەمە تاریکەکان و سەردەمی مۆدێرن. زانست کردنەوەی دەلاقەیەکە بەڕووی کۆمەڵێک پرسیار و توێژینەوە و تاقیکردنەوەکانەوە، زانست پشت بەستوو نییە بە موتڵەقییەت و بەخشینی جێگیرییەت بە “شتەکان” بەڵکو بریتییە لە: کردەیەکی گۆڕاو و هەوڵدان بۆ ناسینی “شتەکان” بە بێ پشت بەستن بە خورافە. مەعریفەی زانستی؛ درووستکردنی دابڕانە لە بەرامبەر ئەو مەعریفە باوەی مرۆڤ بەرامبەر شتەکان هەیەتی، واتە: شیکردنەوەی ماددە و کەرەستەکانە لە ڕێگەی چۆنییەتی و چەندایەتییەوە، لێکردنەوەی ئەو بەهایانەیە کە هەیەتی. هەر بۆ بموونە، لە ڕێگەی مەعریفەی باوەوە دەکرێت ڕەنگەکان، ماددە شلەکان، ڕەقەکان، گازەکان، بەشێوەیەکی کۆنکرێتی بیانناسین بەبێ بوونی هیچ مەعریفەیەکی زانستی بەرامبەریان. بەڵام؛ ئەوە لە ڕێگەی مەعریفەی زانستییەوەیە دەتوانین درک بە ناوەڕۆکی شتەکان بکەین و باشتر بیانناسین و ببنە خاوەن تایبەتمەندی و بڕی خۆیان، واتە: زانست جیاکردنەوەی ڕاست و هەڵەی شتەکانە و لێکردنەوە و پەراوێزخستنی خورافەیە. لە پێش سەدەکانی ناوەڕاستەوە زانست تێکەڵەیەک بوو لە جادوو و خورافە، پەرتەوازەبوو کە ئەمەش هۆکارەکەی باڵادەستی کەسایەتییە ئایینی و ئایین بوو لەو ڕۆژگارەدا، مرۆڤ نەیدەتوانی هێندە بە ئاسانی بیر و باوەڕی بگۆڕێت، ئێمە ئەوەش دەزانین لابردنی باوەڕێک کە سەدان ساڵ درێژەی کێشا بێت، پێویستی بە کاتێکی درێژخایەنە بۆ لاوازکردنی. هەروەها زانست تەنیا لە ڕێگەی چۆنێتییەوە گرنگی پێ دەدرا، زیاتر شتەکان وەسفی بوون، بەو واتایەی:مرۆڤ تەنیا لە ڕێگەی مەعریفەیەکی باوەوە شتەکانی دەناسی و کارتێکراوبوو لە لایەن چواردەوەرییەوە و نەببوو بە بکەر. بەبێ بوونی زانست، تەنیا لە نێو واقیعێکدا دەجوڵێین کە شتەکان و زانینەکان لەڕێگەی ئەوانی ترەوە دەتوانین پەیپێبەرین، واتە: لە نێو دونیایەکی واقیعی بێ زانستدا دەژین کە هێشتاکە شتەکانمان بە باشی نەناسیوە یاخود بەشێوەیەکی ڕووکەشانە لە شتەکان تێگەیشتووین. بە تێکەڵبوونمان لەگەڵ زانستدا ئاشنایی دونیایەکی واقیعی زانستی دەبین، کە درک بە ناوەڕۆکی شتەکان دەکەین و هەوڵی ئەوە دەدەین کە زیاتر لێیان وردبینەوە و تێیانبگەین. لێرەدایە کە دابڕانێکی مەعریفی لە تێگەیشتنمان و بیرکردنەوەمان بەرامبەر شتەکان ڕوودەدات، هەربۆیە توانایی بینین و هەستکردنمان، دەست تێوەردانمان؛ ئەگەر پێمان وابێت پێی ئاشنابووین و لێی تێگەیشتووین و بەشێوەیەکی نەگۆڕاو و ڕەها سەرنجماندا، ئەوکاتە ئەمجۆرە تێگەیشتنە دەبێتە مەعریفەیەکی ڕووکەشانە و باو، کە تاڕادەیەکی زۆر تێگەیشتنێکی فریودەرە. بەڵام؛ لەگەڵ بوونی زانستدا، بە تەنیا ناتوانین پشت بە توانای بینین و هەستکردن و دەست تێوەردان ببەستین بەڵکو، هەوڵی بینین و تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی شتەکان دەدەین، هەوڵی تێگەیشتن لەو دونیا واقعییە زانستییە دەدەین کە لە پشتی شتەکانەوە خۆیان مەڵاسداوە و چاوەڕێن تاوەکو بدۆزرێنەوە لە لایەن مرۆڤەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت؛ کە ئەو دونیایەی تێیدا دەژین دونیای حەقیقەتە زانستییەکان نییە، بەڵکو دونیایەکە کە لەنێو خۆیدا ڕەهایەتی سەبارەت بە شتەکان هەڵگرتووە و سەرشارە بە هەڵە، گواستنەوە و بەخشینەوەی هەڵەیە لە منەوە بۆ ئەوی تر واتە: دونیایەکە کە تێیدا کارتێکراوی نەک بکەر، بەڵام؛ لە دونیای واقعییەتی زانستیدا شتەکان تاقیدەکرێنەوە و بە بەڵگە پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەگەر هاتوو لە تاقیکردنەوەکە ئەنجامی ڕاستمان دەستکەوت ئەوە دەمێنێتەوە بەڵام؛ ئەگەر لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچوو ئەوا توڕدەدرێت. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو دوو دونیایە دەشێ نموونەیەکی بچووک بهێنینەوە؛ ‘کاتێک منداڵین و دەچیتە خوێندنگە، تۆ تەنیا زانیاریت دەدرێتێ و ئەرکی تۆ تەنیا دەرخکردنی ئەو زانیاریانەیە کە لە سەرەوە پێت دەدرێت و فەرمانت پێ دەکرێت کە دەرخیان بکەیت. لێرەدا تۆ تەنیا خاوەنی دونیابینییەکی ڕووکەشیت و کارتێکراویت لە لایەن چواردەورەکەتەوە، بەڵام؛ کاتێک ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنیت پێویستت بە خۆداچوونەوە و لێ وردبوونەوەیە، لەم ڕێگەیەشەوە شتەکان دەچنە ژێر گومان و پرسیار و تاقیکردنەوەوە، هەر لەم کاتەدایە دابڕانی مەعریفی ڕوودەدات لە بیرکردنەوەماندا.’

مرۆڤ کاتێکی زۆری دەوێت تاکو دەستبەرداری ئەو خەیاڵانەبێت کە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ درێژەیان هەبووە.تیۆرییەکانی ئەرستۆ بۆ ماوەی نزیکەی هەزار و هەشسەد ساڵ بەردەوامی هەبوو تا ئەوکاتەی گالیلۆ بە خۆی و تەلیسکۆپەکەیەوە دەرکەوت و ئەو تێڕوانینە کۆنەی کە بۆ جووڵەی هەسارەکان لە پێشتردا هەبوو تێکیشکاند و ئەوەی سەلماند کە زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە و خۆریش چەقی گەردوونە. هەرچەندە پێش گالیلۆ کەسانی دیکە بەم کردارە هەڵسابوون، وەک: کۆپەرنیکۆس و جۆردانۆ برۆنۆ [کە پێش دە ساڵ لە گالیلۆ، بە زیندوویەتی سووتاندیان] پاش گالیلۆ ئەوە هەڵسا بە تیۆریزەکردن و تێڕوانینێکی فەلسەفیانە بۆ ئەو دابڕانانەی کە لەو ماوەیەدا ڕوویدابوو، ڕینیە دێکارت بوو؛ کە دەیویست ئەو یاسا و دۆزینەوانەی هەبوون بەسەر سرووشتدا جێبەجێیان بکات. هەروەها نیوتنیش بە دۆزینەوەی یاسای کێشکردنی زەوی دووبارە زانست زیاتر گەشەپێدەدات و دەیکاتە خاوەن تێڕوانینێکی جیاوازتر بۆ کات و شوێن و بۆشایی. هەروەها ئەنیشتاین کە دەبێتە هۆکارێک بۆ دۆزینەوەی تیۆری ڕێژەی و تێکشکاندنی تێڕوانینی نیوتن بەرامبەر کات و شوێن وبۆشایی. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لە زانسطدا هیچ شتێک بۆ هەمیشە بە جێگیری نامێنێتەوە، بەو واتایەی زانست خاوەن عەقڵییەتێکی شیکارییە و شتەکان لە زانستدا لە گۆڕانی بەردەوامدان. هەروەک چۆن ئەنیشتاین لە پەرتووکی ” پەرەسەندنی فیزیا لە چەمکە سەرەتاییەکانەوە بۆ ڕێژەی و کوانتەم” کە بە هاوکاری لیۆپۆڵد نووسراوە، دەڵێت: ” لە زانستدا هیچ شتێک هەمیشەیی نییە. زۆرجار ڕوودەدات کە هەندێک لەو ڕاستیانەی تیۆری پێشبینی دەکات، بەهۆی تاقیکردنەوەوە پووچ بکرێتەوە. هەموو تیۆرییەک سەردەمێکی گەشەی بەرە بەرە وسەرکەوتنی هەیە، کە دوای ئەوە تووشی خلۆربوونەوەی خێرا دەبێت…” ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زانست هیچ کات نابێتە کەرەستەی عەقڵیەتێکی داخرا و نەگۆڕ، بەڵکو دەبێتە کەرەستەیەک بۆ عەقڵیەتێکی ڕەخنەگر و تاقیکار. تێڕوانینی زانستیانە بۆ جەستە؛ شیکردنەوەی جەستەیە بۆ ئۆرگانەکانی و پاشانیش بۆ خانە زیندەییانەی کە لێی پێکهاتووە. زانستی پزیشکی و کیمیاییەکان دەتوانن جەستە کۆنتڕۆڵ بکەن، لە ڕێگەی کارکردن لەسەر هۆڕمۆنەکان و دەمارە خانەکان کە دەکرێت کەسێتی مرۆڤەکە بگۆڕدرێت و کاری لەسەر بکرێت. لێرەدا دەکرێ سەرنجی دوو شت بدەین: یەکەم، تێڕوانینێکی جیاوازە بۆ ئەو شتەی کە ئێمە بە جەستە ناوی دەبەین و وازهێنانە لە ڕووکەش و وردبوونەوەیە لە ناوەڕۆک. دووەم، ئەوەی کە زانستی پزیشکی یاخود زانستی کیمیای کۆنتڕۆڵی جەستەی مرۆڤ بکات لە ڕێگەی هۆڕمۆنەکان و کارتێکەرەکانی دیکەوە و مرۆڤ ببێتە بەندەیەک بۆ خودایەک کە ناوی زانستکارە، دواجار لەم ڕێگەیەوە کۆی ئەخلاقیاتی زانست دەکەویتە ژێر پرسیارەوە کە دەشێ وەڵامەکەی لە ڕێگەی فەلسەفەوە بدرێتەوە. هەروەها هەوڵی زانست بۆ ئاشنابوون بە دەرەوەی هەسارەی زەوی و گەشتکردن بۆ هەسارەکانی دیکە خەونێکی لە مێژینەیی مرۆڤ بووە. یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ سەرمانگ بوو کە ئەمەش هەوڵێکی گرنگ بوو، زانستکاران بەردەوامبوون بۆ ئاشنابوون بە سەرجەم هەسارەکانی دیکە. هەوڵدانی مرۆڤ بۆ گەشتکردن بۆ سەر هەسارەیەکی دیکە؛ هەوڵدانییەتی بۆ دۆزینەوەی ژیان لە شوێنێکی دیکە و ئامادەکاری بۆ بەجیهێشتنی شوێنێک کە لە پاش ملیۆنەها ساڵی دیکە ئەگەری لەناوچوونی هەیە. لێرەشدا دەگەین بەوەی بڵێین: زانست، کارکردنە لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و دۆزینەوە وردبینەکانەوە کاریان لەسەر دەکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەیان، هەرکات ئەم کردە ڕەخنەگر و تاقیکارییانە بۆ تێڕوانین لە شتەکان دەرکران، ئەوە ئێمە خاوەنی زانست نین بەڵکو خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی دۆگمای زانستین.

لە زانستدا پرسی قەدەغەکراو نییە،

بابەتی، هەستیار و سزائامێز بۆ پرسین بوونی نییە

لە زانستدا هیچ ڕاستییەک پیرۆزکراو نییە!

کاڕڵ ساگان

بڵاوکردنەوە: