کامۆ (سەما لەژێر شمشێرەكەى دیمۆكلیس‎دا)

721
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئازاد بەرنزجی

“ڕۆڵى من ئەوە نییە جیهان، یان مرۆڤایەتى بگۆڕم، چونكە نە هێند چاكم و نە ئەو داناییەشم هەیە شیاوى ئەو كارەم بكات. بەڵام دەشێ ڕۆڵم ئەوە بێ لە هەر كوێیەك بم خزمەتى ئەو بەها كەمانە بكەم كە ئەگەر جیهان لێیان بێبەری بێت دەبێتە شوێنێك شایستەى ژیان نابێت، هەروەها مرۆڤ بەبێ ئەو بەهایانە، چەند خۆشى تازە بكاتەوە، شایانى ڕێز نابێت”

ئەلبێر كامۆ

تەمەنێكى كورت كە وەكو تیرەستێرە تێپەڕى، تەمەنێك پڕ لە ئاسەوارەكانى هەردوو جەنگە گەورەكەى جیهان، كە بە مەرگێكى پووچ كۆتایى هات، ئەو بیرمەند و نووسەرە مەزنەى تەواوى ژیانى ململانێ بوو لەگەڵ پووچى (عبث)دا، دواجار زۆر بێبەزەییانە ڕێكەوتێكى پووچ، (كارەساتى ئوتۆمبێل) كۆتایى بە ژیانى یاخیگەرییانەى دەهێنێت، ئەو نووسەرەى ئازایانە بەرەو ڕووى تراجیدیاكانى ڕۆژگار دەبووەوە و وەكو سیزیفەكەى لەسەر ترۆپكى كێوەكانەوە پێكەنینى بە تاوێرەبەردەكەى ژیان دەهات، كاتێ بەرەو خەرەند خلۆر دەبووەوە، تراجیدیایەکی بێمانا کۆتایی بە ژیانی هێنا.

كامۆ (1913- 1960) لە ڕۆژگارێكدا ژیا كە ڕۆژگارى دابڕانى ژیان لە مانا و دابڕانى سیاسەت لە ئاكار و ڕۆژگارى ئۆردوگا بەكۆمەڵەكان ‎و ئایدیۆلۆجیا تۆتالیتارەكان بوو. ئەم هەر لە مناڵییەوە هەژارى فێرى خۆشویستنى ئازادیى كرد “لە هەژارییەوە فێرى ئازادى بووم، نەك لە كتێبەكانى ماركسەوە”. هەر لە مناڵییشەوە هەستكردن بە “هیچ” ڕۆدەچێتە ویژدان ‎و هەست ‎و سۆزیەوە، ئەوەتانێ بەردەوام كە دایكى دەبینى لە گۆشەیەكدا بە ماتى دانیشتووە و چاوى بڕیوەتە خاڵێك ‎و بۆ ماوەیەكى زۆر لەو بارەدا دەمێنێتەوە، كاتێ لێى دەپرسێ: بیر لە چى دەكەیتەوە؟ دایكى لە وەڵامدا دەڵێت: “لە هیچ”. هەر بۆیە هەستكردن بە “پووچى”ى ژیان شتێك نییە ئادەمیزاد لە كتێب‎ و تیۆری و ئایدیۆلۆجیاكانەوە فێرى ببێت، بەڵكو ئەم هەستە لە ژیان خۆیەوە بەرەو ناخى مرۆڤ دەكشێت، هەر ئەم “پووچى”یەش دواتر دەبێتە تەوەرى گشتیى كارە فیكرى و ئەدەبییەكانى كامۆ.

كاتێ فەیلەسووفى ئەڵمانى “فریدریش نیچە” لە كۆتاییەكانى سەدەى نۆزدەهەمدا لەسەر زمانى “زەردەشت”ەوە مەرگى خواوەندى ڕاگەیاند، ئەوە وەكو زەنگێك بوو بۆ سەردەمێكى خاڵى لە پرنسیپە مرۆیى و بەها ڕۆحییەكان، سەردەمێك كە تیایدا بە شێوەیەكى ئەقڵانى و نائەقڵانى بیانوو بۆ كوشتنى تاك ‎و بەكۆمەڵى ئادەمیزاد دەهێنرێتەوە، سەردەمێك كە تیایدا بێمانایى باڵى بەسەر ژیانى مرۆدا دەكێشێت و هەموو شتەكان دەچنەوە ژێر پرسیارى مانادارى و بێمانایى. ئایا لە كاتێكدا ئاسمان بەرامبەر كارەسات ‎‏و تراجیدیا و ئازارەكانى ئادەمیزاد بێدەنگە، ناكرێ مرۆڤ بەبێ پشتبەستن بە خواوەندێك ببێتە قدیس؟ ناكرێ بە كۆمەڵێك بەهاوە وابەستە بێت كە بە هۆیانەوە ژیانێكى ئابڕوومەندانە بۆ مرۆڤ ‎و مرۆڤایەتى دابین بكات.

بە باوەڕى كامۆ ژیانێكى لەو جۆرە ئەستەم نییە، مادامەكى “سروشتێكى مرۆیى” هەیە، گەرچى سروشتێکی ڕێژەییشە، كە مرۆڤایەتى تیایدا بەشدارن، كەواتە دەكرێ كۆمەڵێك بەهاى ئینسانى، بەوەشەوە كە ڕێژەیین ‎و قابیلى گۆڕانن، مرۆڤەكان پێكەوە ببەستنەوە و ڕێز بۆ ئەم بوونەوەرە تەنیایەى گەردوون بگەڕێننەوە. بەڕاى كامۆ پێویستە لەسەر مرۆڤ لەپێناوى دەستەبەركردنى ئەو بەهایانەشدا بجەنگێت و هەمیشە لە ململانێدا بێت؛ بەهاگەلێكى وەك: مرۆڤ، هاوڕێیەتى، بەختەوەرى، دادپەروەرى، خۆشەویستى، كە دەشێ ئەم بەهایەى دواییان، واتە “خۆشەویستى” گەورەترین و بەرزترین بەها بێت لە ژیاندا، خۆشەویستى بە مانا فراوانەكەى و لەسەر هەموو ئاستەكان.

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەسەر هەردوو ئەو قۆناغە فیكرییە بوەستین كە تانوپۆى هزری كامۆ پێكدەهێنن ‎‎و دواجار ئاوێتەى یەكدى دەبن، كە ئەویش قۆناغى پووچى (عبث) و قۆناغى یاخیبوونە.

لە ڕاستیدا ئەم دوو قۆناغە لە دوا كارەكانى كامۆدا بەجۆرێك یەكانگیر دەبن كە لێكجوداكردنەوەیان ئەستەمە، بەڵام لە ڕووى تیۆرییەوە دەكرێ كارەكانى سەرەتاى بە قۆناغى (پووچى) دابنێین ‎و كارەكانى دواتریشى بە قۆناغى (یاخیبوون). جا لەبەر ئەوەى بە بۆچوونى ئێمە (ئەفسانەى سیزیف) سیما و ئەدگارەكانى بیرى فەلسەفیى قۆناغى یەكەم دەستنیشان دەكات‎ و (مرۆڤى یاخى)یش هیى قۆناغى دووەم، هەر بۆیە بە پێویستمان زانى كە پتر لەسەر ئەم دوو كتێبەى بوەستین‎ و لە كاتى پێویستدا و بە مەبەستى زیاتر ڕوونكردنەوە نەبێت، ئاماژە بۆ كارە ئەدەبییەكانى نەكەین‎ و ئەوە هەڵگرین بۆ نووسینێكى دى.

1-ئەفسانەى سیزیف:

“ئاە… ئەى ڕۆحى من… بەدوا ژیانێكى جاویداندا وێڵ مەبە، بەڵكو سەرگەرمى ئەوە بە كە لە بەردەستدایە.”

ئایا ژیان ئەوە دەهێنێت كە ئێمە بژیین؟ ئەگەر ئەوە ناهێنێت، كەواتە بۆچى كۆتایى بەو ژیانە نەهێنین ‎و خۆمان نەكوژین؟ پاشان ئایا تۆ بڵێیت خۆكوشتن چارەسەرى كێشەكە بكات؟

بە لاى كامۆوە ئەم پرسیارانە لە سەردەمێكى وا شپرزە و نیگەران ‏و‎ پڕ شەڕوشۆڕ و نائارامدا، گەوهەرترین ‎و سەرەكیترین پرسیارن كە دەبێ لە خۆمانى بكەین ‎و دواى ئەم پرسیارانە مەسەلەكانى تر دێنە پێشێ.

“ئەفسانەى سیزیف” گەرچى لە ساڵى 1941ەوە دەسنووسەكەى تەواو بوو، بەڵام لە ساڵى 1942دا چاپ كرا. هەر بە بڵاوبوونەوەى ئەم كتێبە ناوى فەیلەسووفى پووچى (فەیلەسووفى ئەبسێرد) بەسەر كامۆدا دابڕا. گەرچى ئەو خۆى لە پێشەكیى كتێبەكەشدا دەڵێت كە ئەو نەهاتووە “فەلسەفەیەكى پووچى” دابمەزرێنێت، بەڵكو تەنها وەسفى “هەستكردن بە پووچى” دەكات‎ و ئەم كارەشى سەرەتایەكە و بەس.

كامۆ لە “ئەفسانەى سیزیف”دا مرۆڤ بە سیزیف دەشوبهێنێت ‎و ژیانیشى بە تاوێرەبەردەكە. لە ئەنجامى سەرپێچیكردنەوە خواوەندەكان سزاى سیزیف دەدەن بەوەى كە دەبێ بۆ هەتاهەتایە تاوێرەبەردێك بۆ سەر لوتكەشاخێك ببات‎ و كاتێ دەگاتە لوتكەكە، تاوێرەبەردەكە بۆ خوارەوە خل دەبێتەوە و ئەویش هەمدیسان ‎و بۆ هەمیشە دەبێ بچێتەوە و تاوێرەبەردەكە بخاتەوە سەرشانى و بەرەو ترۆپكى شاخەكە بیباتەوە.

ئەمەیە ئەو عەزابەى بۆ ئادەمیزاد بڕاوەتەوە، ئەو ئادەمیزادەى كە هەرچى دەكات ناگاتە “مەحاڵ” و چەند پرسیار دەكات وەڵامێك لە ئاسمان نابیستێ و لە ژیانێكى كورت ‎و پڕ ڕێكەوت ‎و ژان‎ و ئازاردا بە “نامۆ”یى دەژى و هەر بە نامۆییش جێی دەهێڵێت.

كامۆ لە ئەفسانەى سیزیفدا دەیەوێ خۆى لە قەرەى شتێك بدات كە بووبوو بە جۆرە نەخۆشییەك، یان پەتایەكى سەردەمەكەشى، ئەویش ئەو نەخۆشییە بوو كە ژیان هیچ مانایەكى نەماوە و خاڵى بووە لە مانا، ڕەنگدانەوەى ئەم هەستەش لە زۆربەى ڕێباز و تەوژمە فیكرى و ئەدەبییەكانى سەرەتاكان ‎و دەیەكانى دواترى سەدەى بیستەمدا دەبینینەوە. هەر بۆیە ئەو ویستى لەم كتێبەدا تۆژینەوەیەكى لۆژیكییانە سەبارەت بە “پووچى” پێشكەش بكات ‎و بیكاتەوە بە سەرەتاگەیەك بۆ ژیانێكى دیكە. بۆیە دەشێ “ئەفسانەى سیزیف” وەكو وتارەكەى دیكارت لەمەڕ میتۆدەوە، ناو بنێین “وتارەكەى كامۆ سەبارەت بە میتۆد”، چونكە ئەمیش لەسەر بناغەى “گومان” دادەمەزرێ ‎و خاوەن “كۆجیتۆ”ى خۆشیەتى.

كامۆ لە سەرەتاى ئەم كتێبەیدا دەڵێت “تاقە كێشەیەكى فەلسەفیى ترسناك هەیە، ئەویش خۆكوشتنە”. بەڵام كام خۆكوشتنە؟ ئەو خۆكوشتنەى لە ئەنجامى پەیبردن بە بێمانایى و پووچیى ژیانەوە ڕوو دەدات‎ و مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕوایەى كە ژیان ئەوە ناهێنێت مرۆڤ بژى. هەر بۆیە مەسەلەى سەرەكى لەم كتێبەدا مەسەلەى پووچى و خۆكوشتنە.

بەڵام ئاخۆ هەستكردن بە پووچى چۆن پەیدا دەبێت؟

پووچى بەركەوتنى هۆشە بە دیوارەكانى بێماناییدا، هەستێكە بوونەوەر دادەگرێت ‎و تیایدا هەست بە “بۆشایى” دەكات. بە مانایەكى دى دەتوانین بڵێین ئەو هەستكردن بە نامۆییەیە كە تیایدا ئادەمیزاد لە شتەكان‎ و بوونەوەرەكانى دەوروبەرى دادەبڕێت.

هەستكردن بە پووچى هەستێكى كوتوپڕە، دەشێ لە وەختێكدا كە لە پیاسەیەكى تەنیاداین، یان لە شوێنێكى گشتیدا دانیشتووین ‎‏و دیمەنى ئەوانى ترمان وەكو فیلمێكى سینەمایى دێتە پێش چاو، ئەم هەستە دامانبگرێت. ئەم ئەزموونى هەستكردن بە پووچییەش ئەزموونێكى تاكەكەسییە و بۆ كەسێكى دى نەقڵ ناكرێ، ئیدى مرۆڤ لەو ساتانەدا هەست بە جاڕسى و بێزارییەك دەكات لە ژیان، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەم جاڕسى ‎و بێزارییە هۆشمەندى و ویژدان دەبزوێنێت ‎و پرسیارى (بۆ؟) دەورووژێنێت.

ڕۆتینى ژیان، دووپاتبوونەوەى كارە ڕۆژانەییەكان‎ و سروشتى میكانیكییانەى ژیان “جلوبەرگپۆشین، ترام، چوار سەعات لە نووسینگە یا كارگە، ژەمێك خواردن، ترام، چوار سەعات كار، دووشەممە، سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە، هەینى، شەممە، بە هەمان ڕیتم…” یەكێكە لە سەرچاوەكانى هەستكردن بە پووچى.

بەڵام ئەمە تاقە سەرچاوەى هەستكردن بە پووچى نییە ، بەڵكو سەرچاوەیەكى تر، هەستكردنمان بە تێپەڕینى زەمەنى تاكەكەسیى خۆمانە. ئەمەش بۆ سەرچاوەیەكى ترى هەستكردن بە پووچیمان ڕادەكێشێت كە ئەویش “مەرگ”ە. مەرگ شتێك نییە تاقى بكرێتەوە، ئێمە ناتوانین مردن تاقی بكەینەوە، ئەوەى دەمرێ ئەزموونى مردنیش لەگەڵ خۆیدا دەبات. كەواتە مادامەكى مەرگێكى حەتمى چاوەڕێمانە، مەرگێك كە نە دەتوانین لەدەستى هەڵێین ‎‏و نە دەتوانین بەتەواوى لێى حاڵى بین، داخۆ دەبێ ماناى ژیان چى بێت؟!

پاشان سەرچاوەیەكى ترى هەستكردن بە پووچى، هەستكردنمانە بە تەنیایى، هەستكردن بەوەى بە ڕێكەوت فڕێدراویتە ناو گەردوونێكەوە و بەبێ هۆیەكى “مەعقول” تووڕ دراویتە ناو جیهانێكى نامۆوە، هەڵبەتە ئەم هەستەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكى دى جیاوازە. ئەمەش هەستێكە لاى زۆر لە فەیلەسووف ‎‎و نووسەرە ئیگزستانسیالیستەكان دەیبینینەوە. هەروەها هەستكردنى مرۆڤیش بە نامۆیى بەرامبەر بە خودى خۆى سەرچاوەیەكى ترى ئەو پووچییەیە.

وتمان پووچى بەرەنجامى بەریەككەوتنى هۆشیارى (یان ئەقڵ) و دیوارەكانى بێهوودەیى (یان جیهان)ە، وەختێ ئەقڵ لە توانایدا نامێنێ هەموو شتەكان ڕاڤە بكات‎ و لە سنوورێكدا دەوەستێ. بەڵام ئاخۆ دەروویەك هەیە بۆ قوتاربوون لە پووچى؟ بەڵێ… دەروو هەیە… بەڵام بە نەفیكردنى تەرەفێك لەو دوو تەرەفەى كە دەبنە مایەى پووچى، بیرمەندان ‎و كەسانێك هەن كە ئەو كارە ئەنجام دەدەن، بەڵام كامۆ هاوڕایان نییە. بۆ ئەمەش پەنا دەبەنە بەر دوو جۆر خۆكوشتن: خۆكوشتنى فەلسەفى و خۆكوشتنى جەستەیى.

خۆكوشتنى فەلسەفى چییە؟ خۆكوشتنى فەلسەفى لاى كامۆ بریتییە لە نەفیكردنى “ئەقڵ” و “باوەڕهێنان” بە دونیایەك، یان ئاڵتەرناتیڤێكى دى كە لە “ئیمان”ەوە سەرچاوە دەگرێ.

فەیلەسووفانێكى وەكو تارتۆلیان‎ و پاسكاڵ و كیركەگۆر و بیرمەندانێكى تریش لەم بەرەیەن. گەرچى كامۆ باوەڕى بەوە هەیە كە ئەقڵ لە شیكردنەوەیدا بۆ بوون سنوورێكى هەیە، بەڵام هەر خۆشى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەقڵ تاكە ئەڵقەیەكە لەنێوان واقیع ‎و مرۆڤدا و باوەڕهێنان بە ئەڵقەیەكى دى خیانەتە لە لۆژیكى پووچى، ئەو لۆژیكەى فەرمانڕەوای بوون ‎و ژیانە.

هەر بۆیە كامۆ لە “ئەفسانەى سیزیف”دا ناوى كۆمەڵێك بیرمەند ڕیز دەكات كە هۆشیارییەكى فرە و خەستیان بە “پووچى” هەبووە، وەك كیركەگۆر، شیستۆف‎، هایدیگەر، یاسپەرز، هۆسێرڵ ‎و شێللەر، بەڵام ئەمانە دواى ئەوەى دەگەنە ئەو باوەڕەى كە “ئەقڵ” بەرەو ڕێگەیەكى داخراومان دەبات، ڕێچكەى تر دەگرنە بەر كە نەفیى ئەقڵ و لۆژیك دەكات. ئەمەش چارەسەرێك نییە بۆ كێشەى “پووچى”.

“خۆكوشتنى جەستەیى”یش بە هەمان شێوە ڕەتكردنەوەى لۆجیكى پووچییە، چونكە مرۆڤ كە خۆى دەكوژێت مانای وایە بە پووچى قایلە، لە كاتێكدا دەبێ مرۆڤ هەمیشە لە پووچى ناقایل بێ و ژیان واتە ڕێ بدەین پووچى بژى و بمێنێ، مرۆڤ دەبێ لەنێو دیوارەكانى “پووچى”دا بمێنێتەوە. ئادەمیزاد وەختێ خۆى دەكوژێت، نائومێدى بۆ ئەو كارە هانى دەدات، بەڵام مرۆڤى ئەبسێرد “پووچى” ئومێدى نییە ، لەبەر ئەوەى نازانێ ئومێد چییە، هەر بۆیە خۆى ناكوژێت.

كەواتە خۆكوشتن نەفیكردنى “پووچى”یە و هەڵاتنە لەم دونیایەى بێجگە لەو هیچى دى شك نابەین، مەزنیى مرۆڤیش لەوەدایە بەرامبەر بە “پووچى” سەركەش ‎و یاخى بێت ‎و لە ئاستیدا خودى خۆى بسەلمێنێت.

جگە لەوە خۆكوشتن پرسیار دەكوژێت، لە كاتێكدا ڕەتكردنەوەى خۆكوشتن پێداگرتنى مرۆڤە لەسەر پێداویستیى پرسیاركردن ‎و ژیان لەناو گرفتامێزیى بوون ‎و پرسیارى بەردەوامدا و ئابڕوومەندیى ئادەمیزاد و گەورەیى ئیرادەشى بەمانەوە بەندە.

كەواتە ژیان لەناو “پووچى”دا واتە ژیان لەناو یاخیبوونێكى هەمیشەییدا، یاخیبوونى بەردەوامى مرۆڤ دژ بە تەواوى ئەو شتانەى دەیانەوێ لە ئینسانییەتى كەم بكەنەوە.

پاڵەوانەكانى پووچى:

كامۆ لە “ئەفسانەى سیزیف”دا چەند نموونەیەك دەهێنێتەوە كە تیایاندا پاڵەوانى پووچى بەرجەستە دەبێ، كە ئەمانەن:

  • دۆن جوان: دۆن جوان كەسێتییەكە كە بەردەوام خۆشەویستى لاى دووپات دەبێتەوە، خۆشەویستییەك نەك ئایدیالیستییانە، بەڵكو خۆشەویستییەكى ئیرۆتیكانە. ئەو كاتێك ئافرەتێك خۆشی دەوێت ‎و پێى دەڵێت “دواجار من خۆشەویستیم پێ بەخشیت، لە وەڵامدا دەڵێ: مەڵێ دواجار، بەڵكو بڵێ جارێكى دیكە”.

دۆن جوان هەموو ساتەكانى ژیانى بە جۆش‎وخرۆشەوە دەژى و بەردەوام لەگەڵ ساتەكاندا تازە دەبێتەوە. ئەو باوەڕى بە “ئاكارى چەندێتى” هەیە نەك “ئاكارى چۆنێتى” و هەمیشە لە هەوڵى گۆڕانكاریى ساتەكانى ژیانیدایە بەو مەبەستەى فرەچەشنى بكات. هەر بۆیە باوەڕى بە ئەوهام‎ و خەیاڵات‎ و خۆشەویستیى ڕۆمانسییانە نییە و وا دەڕوانێتە خۆشەویستى كە نابێ لەسەر تاقە كەسێك پاوان بكرێ.

  • ئەكتەر: شەكسپیر لەسەر زمانى ماكبێسەوە دەڵێت: “ئەى مۆمە چكۆڵەكە بكوژێوە!‍ ژیان سێبەرێكە دەڕوات، ئەكتەرێكە سەعاتێك لەسەر شانۆ دەلەنگێت و دێت ‎و دەچێ و پاشان خامۆش دەبێت، بەسەرهاتێكە گێلێك دەیگێڕێتەوە، پڕە لە هەروازەنا و توندوتیژییەكى بێمانا”.

لاى ئەلبێر كامۆش كەسێتیى ئەكتەر نموونەیەكى ترى پاڵەوانەكانى ئەبسێرد (یان پووچى)یە. چونكە ئەكتەر گەرچى ئەو هەقیقەتە دەزانێت كە ئەو دەورەى لەسەر تەختەى شانۆ دەیبینێت لە دوو سەعات تێناپەڕێت‎ و بۆ ماوەیەك هەمان دەور چەندبارە دەكاتەوە، كەچى بەوپەڕى توانا و هەست ‎و سۆز و ویژدانەوە دەیەوێت ئەو ساتانەى دەورەكەى بژى، هەروەها سوور ئەوەش دەزانێت كە ئەو كارەى ئەم دەیكات نەمر نییە و پەردەى شانۆى بەسەردا دادەدرێتەوە، كەچى كۆشش دەكات بەوپەڕى ڕاستگۆییەوە ئەو ساتانە بژى. هەر بۆیە دیوارەكانى شانۆكە دەبنە “دیوارەكانى بێهودەیی” و شانۆكەش خۆى ڕەمزى ژیان، یان واقیعە و پەردەكەش ڕەمزى مەرگە.

  • جیهانگیر (الفاتح): نموونەى سێیەمى پاڵەوانى پووچى لاى كامۆ كەسێتیى جیهانگیرە. كە لە “ئەفسانەى سیزیف”دا چەند لاپەڕەیەكى بۆ تەرخان كردووە.

كامۆ مەبەستى لەم كەسێتییە سەركردەى سەربازى نییە، بەڵكو مەبەستى لەو ئادەمیزادە جەربەزەیەیە كە هۆشیارییەكى فرەى بە تەنیایى مێتافیزیکى هەیە و بەدوا ڕێیەكدا دەگەڕێت تا لە خودى خۆى ڕابكات، ئەم سیفەتەش لە هەردوو پاڵەوانەكەى ترى پووچیدا، واتە دۆن جوان‎ و ئەكتەردا دەبینینەوە. ئەم كەسێتییە، كەسێتییەكى یاخییە، بەڵام یاخیبوونەكەى هەوڵێك نییە بۆ چارەسەركردنى كێشەى پووچى، هەروەها وەكو سەركردە مێژووییەكانى كۆن نییە بچێت خاك ‎‎و زەوى داگیر بكات، هەر بۆیە نموونەى ئەم پاڵەوانە پرۆمیسیۆسە نەك ناپۆلیۆن. ئەوەى (جیهانگیر) دەیكات لەپێناوى مرۆڤ ‎و بەها مرۆڤایەتییەكاندایە.

  • داهێنەر: نموونەى چوارەمى پاڵەوانى پووچى كەسێتیى داهێنەرە، بگرە داهێنەر لە هەموو ئەوانى تر زیاتر بەرجەستەى مرۆڤى ئەبسێرد دەكات. چونكە بە لاى داهێنەرەوە كارى هونەرى ئامرازێكە بەدەست هۆشیارییەوە، كە لە ڕێیەوە ژیان ‎‎و دونیا دەخوڵقێنێتەوە و ناڕەزامەندى بەرامبەر چارەنووسى مرۆڤایەتى دەخاتە ڕوو.

پاش ئەم نموونانە كامۆ دێتەوە سەر سیزیف كە هەموو ئەم وێنانە لە خۆیدا كۆدەكاتەوە و دەبێتە پاڵەوانێكى نموونەیى بۆ پووچى.

سیزیف دواى ئەوەى دەمرێت، ئیزن لە پلۆتۆ دەخوازێت تا بۆ ماوەیەكى كورت ڕێى پێ بدات بگەڕێتەوە بۆ سەرزەوى تا تۆڵەیەكى خۆى بسەنێتەوە. بەڵام وەختێ دەگەڕێتەوە سەرزەوى، زۆر جوان‎ و چێژبەخش دەیبینێت ‎و لە بەڵێنەكەى پەشیمان دەبێتەوە و ناگەڕێتەوە بۆ دونیاى مردوان. بەرامبەر بەمە خواوەندەكان لێى تووڕە دەبن ‎و حوكمى ئەوەى بەسەردا دەدەن كە دەبێ بۆ هەتاهەتایە تاشەبەردێكى گەورە بە كۆڵ بۆ سەر لوتكەى شاخێك بەرێت ‎‎و دوایى كە لەوێوە بۆ نشێوەكە خل دەبێتەوە، هەمدیسان بیداتەوە بە كۆڵیدا بۆ سەر لوتكەى شاخەكە و ئیدى بەم جۆرە و بۆ هەمیشە دەبێ ئەو كارە دووپات بکاتەوە.

بە لاى كامۆوە ئەمە پاداشتى سیزیفە لەبەر ئەوەى ڕقى لە خواوەندەكان ، هەروەها لە مردن ‎ دەبێتەوە و ژیانیشى زۆر خۆش دەوێت. ئیدى ئەمە ئەو ئازارەیە كە بەرامبەر چێژ و جوانییەكانى زەمین دەبێ بیچێژێت.

2-مرۆڤى یاخى:

“كاتێ لە ئەفسانەى سیزیفدا هەستكردن بە پووچیم شی كردەوە، بەدوا میتۆدێكدا دەگەڕام، نەك ڕێبازێك. پرۆسەى گومانى میتۆدییانەم پراكتیك دەكرد، ئەو پرۆسەى “ڕووپێوان-مسح”ەى كە دەكەوێتە پێش هەر پرۆسەیەكى بیناكردنەوە”

ئەلبێر كامۆ

ئەگەر (ئەفسانەى سیزیف) لێكۆڵینەوەیەك بێت سەبارەت بە چەمكى پووچى و خۆكوشتن، ئەوا (مرۆڤى یاخى) لێكۆڵینەوەیەكە سەبارەت بە یاخیبوون ‎و كوشتن.

لە كاتێكدا مرۆڤ بڕواى بە هیچ مانایەك نەمێنێت بۆ ژیان ‎و بیانوو بۆ كوشتن بهێنێتەوە، دەكرێ هەمان بیانووش بۆ كوشتنى كەسانى دى بهێنێتەوە و لە بەرگى كوشتنێكى لۆجیكییانەدا بیخاتە ڕوو.

هەر بۆیە دەبینین لە سەدەى بیستەمدا چەندەها تاوانى گەورە بە ناوى عەقڵ و خۆشەویستیى مرۆڤ ‎و ڕەگەزێكى باڵاتر لە ڕەگەزەكانى ترەوە كراوە و لەژێر ئاڵاى ئازادیدا ئۆردوگاى كۆیلە ساز كراوە.

بەڵام جارێ با بپرسین: مرۆڤى یاخى كێیە؟

مرۆڤى یاخى مرۆڤێكە دەڵى: نەخێر. كە ڕەتیش دەكاتەوە، دەسبەردار نابێت. ئەو مرۆڤێكە دەشڵێت: بەڵێ، هەر لە یەكەم هەنگاوەوە. ئەو “نەخێر”ە جەخت لەسەر بوونى “سنوور”ێك دەكات كە نابێ بەرامبەر بیبەزێنێت. ئەم وتنى “نەخێر”ە خۆى لە خۆیدا هەڵگرى بەهایەك یا چەند بەهایەكە و ڕەتكردنەوەى حاڵەتێك، یان بارێكى ترە. كۆیلەیەك وەختێ ئەو فەرمانە ڕەت دەكاتەوە كە گەورەكەى بەسەریدا دەدات، لە هەمان كاتدا ئەو حاڵەتى كۆیلایەتییەش ڕەت دەكاتەوە و داواى ئەوە دەكات بە یەكسانى لەگەڵ گەورەكەیدا تەماشا بكرێ. بۆیە جۆرە هۆشمەندییەك لەگەڵ یاخیبووندا لەدایك دەبێت. هۆشمەندییەك بە “خود” و بە بەها، یان بە “ماف”ێك كە مرۆڤى یاخیبوو دەشێ ئامادە بێت لەپێناویدا بشمرێت. كەواتە ئەو مافە دەخاتە سەرووى خودى خۆشیەوە و دەبێتە بەشێك لە مافێكى گشتى، یان “سروشتێكى مرۆیى” وەكو ئەوەى كاتى خۆى گریكەكان باوەڕیان پێى هەبووە.

كەواتە بزاوتى یاخیبوون لە گەوهەردا بزاوتێكى خۆپەرستانە نییە، هەروەها مەرج نییە بەتەنها لاى كەسى چەوساوە سەر هەڵبدات، بەڵكو دەشێ بە بینینى دیمەنى چەوساندنەوەى كەسانى تریش سەر هەڵبدات. هۆیەكانى سەرهەڵدانى یاخیبوونیش لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێك ‎و لە ژیارێكەوە بۆ ژیارێكى دى دەگۆڕێت، هەر بۆیە لە كۆمەڵگەى تەوتەمپەرستى و شتە بەپیرۆزكراوەكاندا كێشەى یاخیبوون نابینینەوە، چونكە وەڵامى هەموو شتەكان لەپێشدا دراونەتەوە و پرسیار لەگۆڕێدا نەماوە، بەڵكو وەڵامى ئامادە و ڕاڤەى ئامادە. لەبەر ئەوە مرۆڤى یاخى ئەو مرۆڤەیە كە بەر لە جیهانى تەوتەمپەرستى و دواى جیهانى تەوتەمپەرستى هەیە و داواى دۆخێكى مرۆیى وەها دەكات كە تیایدا تەواوى وەڵامەكان مرۆیى بن. كەواتە دەتوانین بڵێین بە لاى فیكرى مرۆییەوە دوو جیهان هەیە، جیهانى شتە بەپیرۆزكراوەكان‎ و جیهانى یاخیبوون، ئامادەنەبوونى یەكێكیان ئامادەبوونى ئەویتریان دەگەیەنێ.

وتمان مرۆڤ كە یاخى دەبێت، بە ناوى بەهایەكەوە یاخى دەبێت، بەڵام ئەم بەهایە چەند بەهایەكى تاكەكەسییە، هێندەش بەهایەكە تاكەكەس بە مرۆڤایەتییەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر لە ئەزموونى هەستكردن بە پووچیدا ئازارەكە ئازارێكى تاكەكەسى بێت، ئەوا لە ئەزموونى یاخیبووندا ئەو ئازارە دەبێ بە ئازارى كۆمەڵێك‎ و چارەنووسێكى هاوبەش. هەر بۆیە ئەزموونى یاخیبوون ڕۆڵى هەمان كۆجیتۆكەى دیكارت دەبینێت، بەڵام لە قەڵەمڕەوى یاخیبووندا و كۆجیتۆى مرۆڤى یاخى دەبێت بە:

من یاخى دەبم، كەواتە ئێمە هەین.

كتێبى “مرۆڤى یاخى” ساڵى 1951 لە فەرەنسادا چاپ كرا. ئەم كتێبەى كامۆ لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا بووە مایەى مقۆمقۆ و لێدوان‎ و تەنانەت لەسەر لاپەڕەكانى گۆڤارى “سەردەمە نوێكان” بووە گفتوگۆیەكى گەرم لەنێوان سارتەر و كامۆدا.

كامۆ لەم كتێبەدا سەبارەت بە یاخیبوون ‎و شۆڕش دەدوێت ‎و لە جۆرەكانى یاخیبوون ‎و شۆڕش دەتۆژێتەوە. بە لاى كامۆوە زۆربەى شۆڕشە تازەكانیش لەسەر بنچینەى كوشتن ‎و تیرۆر دامەزراون ‎و لەدوا ئەنجامەكانیشیاندا بە دیكتاتۆریەت شكاونەتەوە. هەر بۆیە ئەو كوشتن و تیرۆرانە هەندێ جار بە ناوى “ئەقڵ”ەوە كراون‎ و هەندێ جاریش لە “نائەقڵ”ەوە سەرچاوەیان گرتووە. بۆیە تیرۆرى ئەقڵانیمان هەیە كە ڕێگەیەكى ئەقڵانى و لۆجیكى دەگرێتە بەر (كە بە بۆچوونى كامۆ ئەوە لە ماركسیزمدا بەرجەستە بووە)، هەروەها تیرۆرێك هەیە كە لە نائەقڵەوە سەرچاوە ئەگرێ و ئەمەشیان لە نازیزم‎ و فاشیزمدا خۆى بینیوەتەوە.

هەر بۆیە كامۆ “یاخیبوون” بەسەر “شۆڕش”دا پەسەند دەكات، یاخیبوونێك كە لە كۆمەڵێك بەهاى مرۆییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە گەر كۆمەڵێك بەها نەبێت ئیدى مرۆڤەكان هەواوهەوەس دەكەنە پێوەر بۆ تەواوى چاكە و بەدییەكان.

كامۆ دواى ئەوەى یاخیبوون بۆ دوو جۆر پۆلێن دەكات:

1-یاخیبوونى مێتافیزیکى.

2-یاخیبوونى مێژوویى.

لە ئەنجامى شیكردنەوەیانەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەى، یاخیبوونى مێتافیزیکى كە بە ناوى ئازادیى مرۆوە دەست پێ دەكات بە لافێكى زێدەڕۆ بۆ ئازادی ‏و پاشان بە ستەم دژ بە كەسانى دى كۆتایى دێ. هەروەها یاخیبوونى مێژووییش بە ناوى دادپەروەرییەوە دەست پێ دەكات ‎و بە تیرۆرێكى ئاڕاستەكراو دژ بە ئازادیى تاك كۆتایى دێت. بۆیە هەر یاخیبوونێك بە ناوى ئازادیى ڕەها و دادپەروەریى ڕەهاوە پیادە بكرێ، یاخیبوونێكە دژ بە مرۆڤ ‎و مرۆڤایەتى دەشكێتەوە، لەبەر ئەمە یاخیبوونى دروست هەمیشە ڕێژەییە و بە ناوى كۆمەڵێك بەهاى ڕێژەییەوە پیادە دەكرێ.

یاخیبوونى مێتافیزیکى:

یاخیبوونى مێتافیزیکى شۆڕشى مرۆڤە دژ بە دۆخى خۆى و دژ بە هەموو گەردوون. بۆیە پێیشى دەوترێ مێتافیزیکى لەبەر ئەوەى باوەڕى بە مەبەستێك نییە لەودیو مرۆڤ‎ و گەردوونەوە. كۆیلە دژ بە بارى كۆیلایەتى یاخی دەبێت. بەڵام یاخیبووى مێتافیزیکى دژ بەو دۆخەى كە وەكو “مرۆڤ” تیایەتى یاخی دەبێت.

یاخیبووى مێتافیزیکى لەنێو داروپەردووى جیهاندا خوازیارى یەكێتییە. ئەو بەپێى ئەو پرنسیپى دادپەروەرییەى لەناو خودى خۆیدا هەیە دژ بەو ستەمە دەوەستێتەوە كە لە دونیادا هەیە. هەر وەكو پێشتر وتمان بە لاى كامۆوە یاخیبوون لە جیهانى (یان سەردەمى) شتە بەپیرۆزكراوەكاندا نایەتە گۆڕێ، بۆیە لە مێژووى یاخیبوونى مێتافیزیکییشدا ئەم پەیوەندییە لەنێوان یاخیبوون ‎‎و ئاییندا دەبینینەوە.

بە بۆچوونى كامۆش (مێژووى ژیارى خۆرئاوا) بریتییە لە كۆمەڵێك قۆناغى تەبایى مێتافیزیکى كە بەدوایدا یاخیبوونى مێتافیزیکى دێ. لە قۆناغى تەبایى مێتافیزیکیدا مرۆڤ تەبا و قانیعە بە خوا و سروشت ‎و وەڵامەكانى ئایین ‎، هەست بە ئولفەت دەكات، لە قۆناغى یاخیبوونى مێتافیزیکییشدا بە پێچەوانەوە، مرۆڤ لەگەڵ خوادا تەبا نییە و بە وەڵامەكان قانیع نییە و هەست بە نامۆبوون دەكات.

هەر بۆیە یاخیبوونى مێتافیزیکى گەرچى بە شێوەیەكى توندوتۆڵ لە كۆتاییەكانى سەدەى هەژدە و سەرەتاكانى سەدەى نۆزدەیەمدا هاتە ئاراوە، بەڵام ئادەمیزادە دێرینەكانیش لێی بێئاگا نەبوون، ئەوەتانێ میتۆلۆجیاى یۆنانى بەرزترین و ئابڕوومەندترین نموونەى یاخیبوونى مێتافیزیكیى لە كەسێـتیى “پرۆمیسیۆس”دا بۆ خستووینەتە ڕوو.

هەروەها بەر لەوەى ئایینى مەسیحییەت بێت‎ و قۆناغى پیرۆز دەست پێ بكات، لە كۆتاییەكانى ژیارى یۆنانى و ڕۆمانیدا، ئەبیقۆر و لۆكریس هەڵوێستى یاخیبوونیان دژ بە بارى مرۆیى نواند.

بە هاتنى مەسیح‎ و مەسیحییەت “قۆناغى پیرۆز” دەست پێ دەكات ‎‏و چەند سەدەیەك دەخایەنێت. “مەسیحیش” هات تا دوو كێشەى سەرەكى چارەسەر بكات، كێشەى خراپە(شر) و مەرگ، ئەمانەش دوو كێشەكەى یاخیبووانن”. لەبەر ئەوەى مەسیح وەكو خواوەند- مرۆڤ هات، ئەویش وەكو ئادەمیزاد بەرگەى ژان ‎و ئازار دەگرێت. بۆیە ناكرێ بە سەرچاوەى خراپە و مەرگى لەقەڵەم بدەین، چونكە خۆشى ژان دەچێژێت و دەمرێت.

ڕەتكردنەوەى ڕەها:

لە سەرەتاى سەدەى نۆزدەیەمدا ئەدیبێكى وەكو ماركیز دو ساد دەبینینەوە، كە كامۆ وەكو یەكێك لە نموونەكانى یاخیبووى (یان ڕەتكەرەوەى) ڕەها دەیهێنێتەوە. ماركیز دو ساد بە ناوى غەریزەى سێكسەوە مرۆڤ‎ و ئاكارى مرۆیى و تەنانەت خوداش ڕەت دەكاتەوە “بە لاى ئەوەوە سروشت بریتییە لە سێكس ‎و بەم جۆرە ئەم لۆجیكە بەرەو جیهانێكى بێیاساى دەبات، كە تیایدا تەنها وزەى شەهوەتى سێكسى فەرمانڕەوایە”. یاخیبوونى ساد لە مەبدەئێكەوە سەرچاوەى نەگرتبوو، بەڵكو وەكو وتمان لە غەریزەى سێكسییەوەیە، بۆیە گەیشتە ئەوەى بەرگرى لە تاوان بكات ‎و تەواوى بەها ئاكارییەكان پێشێل بكات.

پاشان كامۆ دێتە سەر ڕۆمانسییەكان ‎و دەڵێت “پاڵەوانى ڕۆمانسى بە قووڵى چاكە و خراپە پێكەوە تێكەڵ دەكات، بەڵكو بە شێوەیەكى ئایینییش. ئەو باوەڕى بە قەزاوقەدەرە، لەبەر ئەوەى قەدەر چاكە و خراپە تێكەڵ دەكات بەبێ ئەوەى مرۆڤ بتوانێ بەرگرى لە خۆى بكات.”

پاڵەوانى ڕۆمانتیکیش باوەڕى بە قەزاوقەدەر هەیە، چونكە چەند بەهێزتر و بلیمەتتر بێت، هێزى خراپەى تێدا گەورەتر دەبێ. پاڵەوانى ڕۆمانتیک وا خۆى دادەنێت ناچار بێت خراپە بكات تا چاكەیەكى ئەستەم بكات. بۆیە ئیدى چاكە و خراپەى لا دەبێت بە یەك.

لە كاتێكدا یاخیبووى ڕۆمانتیک تەنها بە ناوى خۆیەوە یاخی دەبێت، دەبینین ئیڤان كارامازۆڤ كە یەكێكە لە پاڵەوانەكانى ڕۆمانى “برایانى كارامازۆڤ”ى دۆستۆیڤسكى، بە ناوى خەڵك ‎و بێگەردیى مناڵانەوە یاخی دەبێت. بە ناوى دادپەروەرى و بەهاى ئاكارییەوە دژ بە یەزدان یاخی دەبێت. “هەرچى زانستە لە گەردووندا ناكاتە فرمێسكى مناڵان” هەر بۆیە ئیڤان دەڵێت “یان هەموو شتێك، یان هیچ شتێک”. جا لەبەر ئەوەى مردن حوكمێكى قورسە بەسەر مرۆڤدا دراوە و مناڵان بێ هۆ ئازار دەچێژن ‎و دەمرن، ئیڤان بوونى دادپەروەریى خودایى ڕەت دەكاتەوە، چونكە بە ڕاى ئەو گەر ئەو دادپەروەرییە هەبوایە، یان خۆى هەبوایە ئادەمیزادەكان بەو جۆرە ئازاریان نەدەچەشت‎ و مناڵان بەبێ هۆ نەدەمردن. بەم شێوەیە ئیڤان نموونەى بەرجەستەكردنى “ڕەتكردنەوەى ڕزگاربوون”ە و دەگاتە ئەوەى “گەر یەزدان نەبێت، هەموو شتێك ڕەوایە”. بەم جۆرە ئیڤان بە ڕەتكردنەوەى لۆجیكى یەزدانى و ڕەوایەتیدان بە هەموو شتێك لە نائامادەگیى ئەودا، سەرئەنجام ڕەوایەتی بە كوشتنیش دەدات ‎و بە تایبەتییش كوشتنى باوكى.

یاخیبوونى مێتافیزیکى لاى ئیڤان كارامازۆڤ تا ئەوپەڕى دەڕوات، چونكە مادامەكى یەزدان لاى ئیڤان شەرعیەتى نامێنێت، مرۆڤ دەبێ جێى بگرێتەوە و هەموو شتێك بە ڕەوا بزانێت و جگە لە یاساى خۆى، هەموو یاسایەكى دیكە ڕەت بكاتەوە. بەم جۆرە یاخیبوون لاى ئیڤان دەگاتە لۆجیكێكى نامرۆیى كە دەرگا بە ڕووى ڕەوایەتیدان بە كوشتن‎ و تاواندا دەكاتەوە.

قبووڵكردنى ڕەها:

فریدریش نیچە لەبرى پەیڕەویكردن‎ و پراكتیزەكردنى گومانى میتۆدییانە، پەیڕەویى لە ڕەتكردنەوەى میتۆدییانە كرد و بە ڕاگەیاندنى مەرگى خواوەند ویستى ئەوە بسەلمێنێت كە مرۆڤ دەتوانێ بە بێ باوەڕهێنان بە شتێك بژى، بە مەرجێك باوەڕلەدەستدان بكاتە ڕێباز و نیهیلیزم تا ئەوپەڕى بەرێت.

هەر بۆیە فەلسەفەى نیچە فەلسەفەیەكە سەبارەت كێشەى یاخیبوون، یاخیبوونێك كە لە “خواوەند مرد”ەوە دەست پێ دەكات، بەڵام وەختێ خواوەند نەبێت، كەواتە هیچ مەبەستێك لەودیو ژیان ‎و گەردوونەوە نییە و هیچ یاسایەكیش لەگۆڕێدا نییە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ كە مرۆڤ چۆن دەتوانێ بە ئازادى و بەبێ یاسا بژى؟ نیچە لە وەڵامدا دەڵێت بەوەى كە ئادەمیزاد ئامێز بە ژیاندا بكات ‎و بە ژیان بڵێت “بەڵێ”. هەموو شتەكانمان پێ قبووڵ بێت.

بەڵام ئەم قبووڵكردنە ڕەهایەى شتەكانى ژیان، نەك تەنها چاكە، بەڵكو خراپەش دەگرێتەوە، پاساودانێك دەبێت بۆ تاوانیش. بۆیە بە بۆچوونى كامۆ قبووڵكردنى ڕەها لاى نیچە جۆرێكە لە جۆرەكانى لادان (انحراف)ى یاخیبوون لە لۆجیكى ڕاستەقینەى خۆى.

دواتر كامۆ دێتە سەر چەمكى یاخیبوون لە شیعردا و بە تایبەتییش لاى شاعیران لۆتریامۆن ‎و ڕامبۆ و سوریالیستەكان. ئەوەتانێ لە “سروودەكانى مالدۆرۆر”ى لۆتریامۆن‎دا، مالدۆرۆر وەكو یاخییەكى ڕۆمانتیک دواى ئەوەى لە دادى یەزدانى نائومێد دەبێت، دەبێتە لایەنگرى خراپە، هەر بۆیە “سروودەكان” پاڕانەوەیەكى ڕاستەقینەن بۆ خراپە. تیایاندا هێرش دەكرێتە سەر گەردوون ‎و خوڵقێنەریان، سروودەكان بە پیرۆزیى تاواندا هەڵدەدەن. ڕامبۆش بەتەنها لە بەرهەمەكانیدا شاعیرى یاخیبوون بوو “مەزنیى ڕامبۆ لەو هاوارانەیدا نەبوو كە یەكەم جار لە شارى شارلڤیل كردنى، هەروەها لەو كارە بازرگانیانەشیدا نەبوو كە لە هەرار (لە حەبەشە) بە ئەنجامی گەیاندن، بەڵكو لەوەدایە كە سەمەرەترین گوزارشتى ڕاستەقینە لە یاخیبوون دەكات ‎و سەركەوتن ‎و خەمى خۆى بەرجەستە دەكات‎ و ئەو ژیانەى كە خافڵە لە جیهان- و ئەو جیهانەى قوتاربوون لێى نییە”، بەڵام دواتر دەبینین ڕامبۆ (ئەم شاعیرە نەفرەتلێكراوە) هەر خەمى پارە و پرۆژە بازرگانییەكانێتى.

سوریالیزمیش بریتى بوو لە “یاخیبوونێكى ڕەها، سەرپێچیكردنێكى تەواو، وێرانكردنى دیسپلینكراو، هەوەسێكى گاڵتەجاڕانە و پەرستنى پووچى.” سوریالیزم ڕەتكردنەوەیەكى ڕەهاى ژیان بوو. هەموو ڕەتكردنەوەیەكى ڕەهاش بە تاوان كۆتایى دێ، بۆیە ئەوەتانێ ئەندرێى بریتۆن لە ساڵى 1933دا دەڵێت: سادەترین كردەوەى سوریالییانە ئەوەیە بچیتە سەرشەقام ‎و دەمانچەیەكت بە دەستەوە بێت ‎و كوێرانە تەقە لە خەڵك بكەیت. بەم جۆرە پەرستنى نەست (لاشعور) و دژایەتیكردنى ئەقڵ دەبێتە دەستوورى كار لاى سوریالیستەكان.

یاخیبوونى مێژوویى:

بە لاى كامۆوە یاخیبوونى مێژوویى، یان بە دەربڕینێكى دیكە بڵێین شۆڕشەكان، هەر لە شۆڕشى كۆیلەكان ‎و كوشتنى شاكانەوە تا دەگاتە شۆڕشەكانى سەدەى بیستەم. درێژكراوەى یاخیبوونى مێتافیزیکین، چونكە ئەم شۆڕشانە ویستوویانە ئەو عەدالەتە ڕەهایەى كە لە دونیادا نییە بیهێننە دى. لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ جیاوازیى نێوان چەمكى یاخیبوون ‎و چەمكى شۆڕش لاى كامۆ بكەین:

شۆڕش لە بیرۆكەوە دەست پێ دەكات ‎و ئاخنینى فیكرە بۆ نێو ئەزموونى مێژوویى و گۆڕینى ڕیشەیى تەواوى دامودەزگاكانى حكومەتى حوكمڕانە.

بەڵام یاخیبوون لە ئەزموونەوە بەرەو فیكر دەست پێ دەكات ‎و بە ناوى كۆمەڵێك ئایدیاى ڕەهاوە نادوێت.

جا لەبەر ئەوەى ئەم شۆڕشانە خوازیارى ڕەهاییەكن لە ئامانجەكانیاندا، ڕەهاییەك كە لە ئەنجامى نائامادەگیى خواوەندەوە هاتووەتە گۆڕێ، هەر بۆیە ئەم شۆڕشانەش لە دەرئەنجامدا مێتافیزیکین (تەنانەت ئەو شۆڕشانەى لافى ئەوپەڕى ماددییەتیش لێدەدەن) لە دواجاریشدا بەرەو ئەنجامى ترسناكمان دەبەن.

خیانەتكردن لە لۆجیکی یاخیبوونیش ئەنجامى خەتەرناكى لێ دەبێتەوە، هەر بۆیە شۆڕشگێڕان چەند ئامانجەكانیان ئابڕوومەندە، دەبێ وەسیلەكانیشیان هێندە ئابڕوومەند بن. نابێ ئێستا بكرێ بە قوربانى ئایندە، نابێ بە ناوى بەختەوەرییەكەوە كە (دەشێ) لە ئایندەدا بۆ خەڵكانێك بێتە دێ (دەشێ نەیەتە دییش) ئەمڕۆ بە سەدان ‎و هەزاران كەس بكەین بە قوربانى. بەم جۆرە و لەم ڕوانگەیەوە كامۆ دێت‎ و یاخیبوونە مێژووییەكان، هەر لە یاخیبوونى سپارتاكۆس‎ و شۆڕشى كۆیلەكانەوە تا شۆڕشى فەرەنسایى و شۆڕشەكانى سەدەى بیست دەخاتە بەر هەڵسەنگاندن.

“زۆربەى شۆڕشەكان شێوەی ڕەسەنایەتیى خۆیان لە تاوانى كوشتندا دەبیننەوە. بەڵام هەندێكیان جگە لەوە كوشتنى شا و كوشتنى خواوەندیشیان ئەنجام داوە.”

كامۆ وەختێ سەبارەت بە كوشتنى شا لەسەر دەستى فەرەنساییەكان دەدوێت، دەربارەى ئەو تیۆرییانەش دەدوێت كە ڕێخۆشكەر بوون بۆ ئەو حاڵەتە تا دەگاتە نووسینەكانى ژان ژاك ڕۆسۆ، بە تایبەتییش كتێبى “پەیمانى كۆمەڵایەتى”. “تا دەرچوونى پەیمانى كۆمەڵایەتى، خوا ئەو شایانەى دروست دەكرد كە ئەوانیش خەڵكیان دروست دەكرد.

بەڵام لە پەیمانى كۆمەڵایەتى بەدواوە، گەلان بەر لەوەى شاكانیان دروست بكەن، خۆیان دروست دەكرد”. هەر بۆیە شۆڕشى فەرەنسایى كە لە ساڵى 1789وە دەستی پێ كرد ئەو مافە خوداییەى لە شا سەندەوە و بە ناوى “ئەقڵ” و “ڕەندى- فەزیلەت”ەوە ئەو مافە ڕەهایەى دایە دەست گەل. هەر بۆیە كامۆ لەسێدارەدانى شا لویسى شانزدەهەم بە “خاڵێكى وەرچەرخانى گەورە لە ڕەوتى شۆڕشدا لەقەڵەم دەدات، لەبەر ئەوەى سەرەتاى ئەفەرۆزكردنى لایەنى ڕۆحیى مێژوو و بەعەلمانیكردنى خواوەندە” بە مانایەكى دى سەندنەوەى ڕەهاییە لە خواوەند و بەخشینێتى بە ئیرادەى گەل. بەڵام كامۆ دەڵێت وێڕاى جەختكردنەوەى شۆڕشى فەرەنسایى لەسەر ئەقڵ و ڕەندى، بەڵام پاش ماوەیەكى كەم قایل بوو بەوەى پەیڕەوى لە سیاسەتى ستەم ‎و تۆقاندن بكات.

سان جۆست كە لە ڕاڤەكەرانى ڕۆسۆ بوو، وتوویەتى: “هەموو بەردەكان لەپێناوى تاقى ئازادیدا تاشراون، بە هەمان ئەو بەردانە دەتوانن پەرستگەیەك بۆ ئازادى بنیاد بنێن ‎و بە پێچەوانەشەوە دەتوانن گۆڕێكى بۆ دروست بكەن” هەمان پرنسیپەكانى “پەیمانى كۆمەڵایەتى” بوونە ڕێخۆشكەر بۆ بیناكردنى ئەو گۆڕەى كە دواتر ناپۆلیۆن بۆناپارت هات تا قایمى بكات.

پاش كوشتنى شاكان لە سەدەى نۆزدەهەمدا، كوشتنى خواوەند دێ لە سەدەى بیستەمدا. ئەو بكوژانەى خواوەند كە ویستیان سەرزەمین بكەن بەو بەهەشتەى تیایدا ئادەمیزاد خۆى دەبێتە خواوەند. بەم جۆرە ئەم یاخیبوانەش تا ئەوپەڕى یاخیبوون ڕۆیشتن ‎و ناپاكییان بەرامبەر لۆجیکی یاخیبوون كرد.

كامۆ دەڵێت بەگوێرەى فەلسەفەكەى هیگڵ مرۆڤ خۆى چارەنووسى خۆى دیارى ناكات، بەڵكو ڕەوتێكى حەتمیى مێژوو كە ڕووداوەكان بەڕێوە دەبات، چارەنووسى ئەویش دیاری دەكات. كەواتە ئەم بەخوداییكردنەى مێژوو بە پێویست هەق دەخاتە پاڵ ئەوانەى سەركەوتن وەدەست دەهێنن، لەبەر ئەوەى مێژوو واى دەوێت‎ و لە كۆتاییدا ئەمەش پێویستە بۆ ڕزگاركردنى مرۆڤایەتى. هەر ئەمەش بوو كە ئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم قۆستیەوە. بەپێى ئەو ئایدیۆلۆجیایە مادامەكى مێژوو دواجار ڕزگارى بۆ مرۆڤایەتى دەهێنێت، كە ئەو ڕزگارییەش خۆى لە كۆمەڵگەیەكى بێچیندا دەبینێتەوە، كەواتە بۆ پەلەكردن لە وەدیهێنانى ئەو ڕزگارییە و ئەنجامدانى ئەو پرۆسە مێژووییە، پەنابردن بۆ هەر وەسیلەیەك ڕەوایە، هەر لێرەشەوە ڕەوایەتیى دیكتاتۆریەتى پرۆلیتاریا دێ.

كامۆ پاش ئەوەى سەبارەت بە ئاژاوەخوازە ڕووسەكانى وەك بیزاریف ‎و باكۆنین ‎و نیچاییڤ دەدوێت، دێتە سەر ئەو یاخیبووانەى كە پێدەچێت بەتەنها لەوان ڕەزامەند بێت‎ و لە كتێبەكەیدا ناویان دەنێت “بكوژە بەبەزەییەكان”.

ئەمانەش كۆمەڵێك لاو بوون وەك” كالیاییڤ، دۆرا بریلیانت… هتد كە ساڵى 1905 دۆقى گەورە “سیرج”یان كوشت. جێى ئاماژەیە كامۆ لە شانۆنامەیەكیشدا كە ناوى “دادپەروەرەكان”ە هەمان ئەم لاوانە وەك نموونەى یاخیبووى ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو. ئەم لاوانە گەرچى بۆ ئامانجى دوور خەباتیان دەكرد و ئومێدیان بە پاشەڕۆژێك هەبوو كە ئامانجەكانیان تیایدا بێتە دى، بەڵام شێوازى خەبات‎ و وەسیلەكانیان ئابڕوومەندانە بوو. ئەمانە گەرچى باوەڕیان بە شێوازى تیرۆرى سیاسى هەبوو، بەڵام هەرگیز ئافرەت‎ و مناڵیان نەدەكوشت. هەر لەو شانۆنامەیەدا وەختێ سەعاتى سفر دێ و ماشێنەكەى دۆق بە شوێنى دیاریكراودا تێدەپەڕێ، كالیاییڤ دەبێ نارنجۆكەكەى بۆ فڕێ بدات ‎و بیكوژێت، بەڵام كە چاوى بە دوو مناڵ دەكەوێ لەنێو ماشێنەكەدا، نارنجۆكەكە فڕێ نادات ‎و دواتر كە لێى دەپرسن بۆ كارەكەى ئەنجام نەدا؟ لە وەڵامدا دەڵێت:

“كوشتنى مناڵان شتێكە لەگەڵ شەرەفى ئادەمیزاددا ناگونجێت، خۆ گەر شۆڕشەكەمان دەسبەردارى ئەو شەرەفە بوو، ئەوا منیش دەسبەردارى شۆڕش دەبم”. بۆیە بە بۆچوونى كالیاییڤ ئامانجەكانى شۆڕش چەند پیرۆز بن، دەبێ شێواز و وەسیلەكانیش هێندە پیرۆز و مرۆڤدۆستانە بن.

لێرەوە كامۆ دێتە سەر شۆڕشەكانى سەدەى بیست كە لە ئەنجامدا دەوڵەتى تیرۆریان بەرهەم هێناوە، جا ئیدى ئەو تیرۆرە نائەقڵانى بووبێت (وەك لە فاشیزم ‎و نازیزمدا دەیبینینەوە)، یان ئەقڵانى (وەك لە دەوڵەتى شیوعیدا دەیبینینەوە، كە لێرەشدا مەبەست لە یەكێتیى سۆڤێتە). پەشێوییەكانى ئیتاڵیا لە سییەكاندا مۆسۆلینیى بەرهەم هێنا و كۆمارى ڤایمەر هیتلەرى هێنا و شۆڕشى ئۆكتۆبەر 1917یش ستالینى دروست كرد.

(مۆسۆلینى و هیتلەر ویستیان ئیمپراتۆریەتێك بخوڵقێنن، بیرمەندە نیشتمانپەروەرە سۆشیالیستەكانیش بە شێوەیەكى ڕاشكاوانە بیریان لە ئیمپراتۆریەتى جیهانى كردەوە. جیاوازییەكەشیان لەگەڵ بزاڤى شۆڕشگێڕانەى تەقلیدیدا لەوەدایە، ئەوان لە میراتیى نیهیلیزم لەبرى ئەقڵ، نائەقڵانییان پەرست…).

مۆسۆلینى و هیتلەریش (یەكەم كەس بوون كە دەوڵەتیان لەسەر ئەو ئایدیایە بنیات نا كە دەڵێت هیچ شتێك ماناى نییە و مێژوو چ نییە، تەنها خستنەڕووى هێز نەبێت. هێندەى نەبرد كە ئەنجامەكانیش بەدەركەوتن…).

ئەو نیهیلیزمەى خۆى لە نازیزم‎ و فاشیزمدا بەرجەستە كرد و لە شێوەى یاخیبوونێكى نادروست ‎و ناپاك (نائەمین)دا دەركەوت، جگە لە وێرانكردن ‎و كوشتن‎ و خۆكوشتن هیچى ترى لێ نەكەوتەوە.

فەلسەفە فاشیستیەكان، گەرچى ویستیان وردەوردە ڕابەرایەتیى جیهان بكەن، بەڵام هەرگیز خوازیارى ئیمپراتۆریەتێكى جیهانى نەبوون. ئەوەى هەبوو ئەوە بوو هیتلەر كە لە سەركەوتنە تایبەتییەكانى خۆى سەرى سووڕما بوو، لە جووڵانەوە ئیقلیمییەكەى خۆى لای دا و ڕووى كردە خەونێكى سەیر بە ئیمپراتۆریەتێكى ئەڵمانییەوە كە هیچ پەیوەندییەكى بە ئیمپراتۆریەتى جیهانییەوە نەبوو. بەڵام کۆمۆنیزمی ڕووسیایى بە ئاشكرا و لە بنەڕەتدا خوازیارى ئیمپراتۆریەتێكى جیهانییە.

شۆڕشى ڕووسیایى ئەم خواستە مێتافیزیکییەى گرتە ئەستۆ كە ئەم لێكۆڵینەوەیە لێى دەدوێت ‎و بەڵێنى بیناكردنى بەهەشتى مرۆڤی دا كە دواجار پاش مەرگى خواوەند خۆى تیایدا دەبێ بە خواوەند.)

لێرەوە كامۆ دێتە سەر تیرۆرى ئەقڵانیى دەوڵەت ‎و لێكۆڵینەوە لە پێشبینییەكانى ماركس.

كامۆ دەڵێت “ماركس لە هەمان كاتدا پێغەمبەرێكى بۆرژوا و پێغەمبەرێكى شۆڕشگێڕیشە”.

خەونە زانستییەكانى ماركس لە ئەسڵدا خەونى بۆرژوا بوون، پێشكەوتن ‎و پاشەڕۆژى زانست ‎و پەرستنى تەكنۆلۆژیا و بەرهەمهێنان… تەنانەت كرۆكى تیۆرییەكەى خۆى سەبارەت بە زێدەبایى، لە ڕیكاردۆ وەرگرتووە، كە ئابووریزانى شۆڕشى بۆرژوازى و پیشەسازى بوو.

هەروەها ماركس جەختى لەوە كرد (وەكو كامۆ دەڵێت) كە مێژوو لە هەمان كاتدا دایەلەکتیک ‎و ئابوورییە. بەڵام هیگڵ پێشتر وتبووى كە مێژوو ماتەر و ڕۆحە. بە هەرحاڵ مێژوو چەند ماتەرە ئەوەندەش ڕۆحە، پێچەوانەى ئەمەش ڕاستە. ماركس وەكو گەوهەر نكووڵى لە ڕۆح دەكات‎ و بانگەشەى ماتێریالیزمى مێژوویى دەكات. بەڵام هەر وەكو (بێردیاییف)یش دەڵێت دایەلەکتیک‎ و ماتێریالیزم پێكەوە ناگونجێن. تەنها یەك دایەلەکتیک هەیە كە ئەویش دایەلەکتیکى فیكرە.

لە شوێنێكى تردا كامۆ دەڵێت كورتكردنەوەى مرۆڤ لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا لەڕێى جەختكردن لەوەى كە ئابوورى دیاریكەرى بوونێتى، ماناى نەفیكردنى تاكبوونى مرۆڤ‎ و تەنیاییەتى. بە ڕاى كامۆ ئەوەى واى لە ماركس كردووە ئابوورى بكاتە تاقە فاكتەرى دیاریكەرى بوون ‎‎و ژیانى مرۆڤ، ئابووریى داڕماوى كۆمەڵگەى سەدەى نۆزدەهەم بووە.

كامۆ تێڕوانینى جیهانى مەسیحى و تێڕوانینى جیهانى ماركس بۆ مێژوو بەیەك دەشوبهێنێت و دەڵێت هەردووكیان وا دەڕواننە مێژوو كە زنجیرەیەكە سەرەتاى هەیە و كۆتایى هەیە و لەم ڕەوتەدا و لە كۆتاییدا مرۆڤ، یان پاداشت دەدرێتەوە و یان سزا دەدرێ.

لاى ماركسیش ئەو پاداشتە بۆ چینى پرۆلیتارە و سزاكەش بۆ چینى سەرمایەدار، ئەم سزایەش لە لایەن دەسەڵاتى دیكتاتۆریەتى پرۆلیتاریاوە بەسەر چینى سەرمایەداردا دەسەپێت. بەم جۆرە ماركس گفت بە هەژاران ‎و چەوساوەكان، بە تایبەتییش چینى كرێكار دەدات كە ئایندە هیى ئەوانە و گومان لەوەدا نییە كە كۆمەڵگەیەكى بێچین لە هەناوى قەیرانەكانى سەرمایەدارییەوە سەر دەردێنێت، كۆمەڵگەیەك كە بەختەوەریى ڕەها لەگەڵ خۆیدا بۆ مرۆڤایەتى دەهێنێت، ئەمەش ئەو پەیامەیە كە پرۆلیتاریا بەجێی دەهێنێت.

بەڵام نە پرۆلیتاریا ئەو پەیامەى بەجێ گەیاند و نە قەیرانەكانى سەرمایەدارییش بوونە مایەى فەوتاندنى، چونكە سەرمایەدارى لەڕێى بەرنامەڕێژى و زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانانەدا و چاككردنى هەلومەرجى كارى كرێكارانەوە، توانیى كۆنترۆڵى ئەو قەیرانانە بكات ‎و پێشبینییەكانى ماركس بەدرۆبخاتەوە. هەروەها كامۆ سیفەتى زانستى لە سۆشیالیزم دەسەنێتەوە و دەڵێ ئەو سۆشیالیزمە زانستى نەبووە، بەڵكو پێشبینیكەر و دۆگماتیك بووە.

(گەر فیكر بە تەنها ڕەنگدانەوەى شتەكان بێت، كەواتە ناتوانێ پێشبینیى شتەكان بكات تەنها بە گریمانە نەبێت. گەر ئەو تیۆرییەش تەنها بە ئابوورى پشتئەستوور بێت، ئەوا بەتەنها دەتوانێ ڕابردووى ئابوورى، نەك داهاتووى دەستنیشان بكات).

بۆ وەدیهێنان ‎و بەجێهێنانى ئەو پەیامەى كە لە سەرەوەش ئاماژەمان پێ دا، ماركسیزم هەموو ڕێگە و وەسیلەیەك بە ڕەوا دەزانێت. بەم جۆرە تیرۆرى ئەقڵانى، لە پێناوى هێنانەدیى بەهەشتێكدا كە لە بەهەشتەكەى مەسیح دەچێت، بیانوو بۆ هەموو شێوازێك دەهێنێتەوە. بەڵام ئەمیان مەسیحێكى پرۆلیتار وەدیهێنەرێتى. كەواتە دەبێ هەڵگرانى ئەو باوەڕە قوربانى بە ئەمڕۆیان بدەن لەپێناوى سبەینێدا، ئەمڕۆ تەواوى ئازار و ئەشكەنجەكان بچێژن لەپێناوى سبەینێیەكى خاڵى لە ئازار و ئەشكەنجە، ئەمە ئەو خەونە یۆتۆپیاییەیە كە ماركسیزم وەك مژدەیەك، یان وەك بەنجێك دەیدات بە چینى كرێكاران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە (ڕاست نییە كە ئامانجەكانى فاشیزم ‎و کۆمۆنیزمی ڕووسیایى وەك یەك تەماشا بكەین. فاشیزم شكۆدانە بە جەللاد لە لایەن جەللادەوە… بەڵام کۆمۆنیزمی ڕووسیایى شكۆدانە بە جەللاد لە لایەن قوربانییەوە.. فاشیزم هەرگیز خەونى بە ئازادكردنى تەواوى مرۆڤەوە نەدیوە، بەڵكو بە ئازادكردنى هەندێك لە خەڵكى لەڕێى ملكەچكردنى خەڵكانى ترەوە… بەڵام کۆمۆنیزمی ڕووسیایى لە ناخەوە خوازیارى ئازادكردنى تەواوى مرۆڤە لەڕێى بەكۆیلەكردنیانەوە بە شێوەیەكى كاتى. هەر بۆیە دەبێ ددان بەوەدا بنێین كە ئامانجەكەى گەورەیە).

دواجار دەگەینە ئەو ئەنجامەى كە چ تیرۆرى ئەقڵانى و چ تیرۆرى نائەقڵانى خیانەت لەو بەهایە دەكەن كە بزاڤى ڕاستەقینەى یاخیبوون نوێنەرێتى. یاخیبوونى ڕاستەقینە باوەڕى بە چارەنووسێكى هاوبەشى مرۆڤایەتى و پەیوەندیى ڕۆحیى نێوان ئادەمیزادەكان هەیە. ئەو (داواى ئازادییەكى دیاریكراو بۆ خۆى دەكات، بەڵام نایەوێ ئازادى و بوونى كەسانى دى بفەوتێنێت). نایەوێ كەس زەلیل بكات ‎و ئەو ئازادییەى خوازیارێتى، بۆ هەموو كەسانى تریش داواى دەكات. ئەو ئازادییەى ڕەتیشى دەكاتەوە بۆ هەموان ڕەتى دەكاتەوە. ئەو كۆیلەیەك نییە دژ بە سەروەر و بەس، بەڵكو مرۆڤێكیشە دژ بە دونیاى سەروەر و كۆیلە.)

مرۆڤى یاخى بڕواى بە ڕێژەییبوونی شتەكانە، تەنانەت ڕێژەییبوونی ئەو بەهایانەش كە لەپێناویاندا یاخى بووە. هەر بۆیە گەر فەلسەفەیەكیشى هەبێت، ئەوا ئەو فەلسەفەیە فەلسەفەى سنوورە. مرۆڤى یاخى دەزانێت كە سنوورێك هەیە نابێ بیبەزێنێت، ئەویش ئەو سنوورەیە كە تیایدا دەتوانێ مومكینەكانى بەدى بهێنێت ‎و لەپێناوى بەدیهێنانیاندا بجەنگێت. مرۆڤى یاخى لە نزیكەوە ئاگاى لە عەزاب‎ و هەژانى جوانییەكانى ژیانە و بە بڕواى ئەو دەبێ سیاسەتیش ملكەچى ئەو هەقیقەتانە بێت. (كە دەشیەوێت “واتە مرۆڤى یاخى” لەو عەزابەى ئادەمیزادەكان كەم بكاتەوە، تەقەللا دەدات بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژى ئەوە ئەنجام بدات).

دواشت، ئەمەوێ بڵێم كە دەبوو لەم پیاچوونەوەیە بە “ئەفسانەى سیزیف” و “مرۆڤى یاخى”دا لەسەر فەلسەفەى جوانى (یان ئێستاتیكا)ى كامۆش بوەستامایە، كە ڕوانینى فەلسەفیى كامۆیە بۆ هونەر و ئەدەب ‎و جوانى، بەڵام بەئومێدم لە نووسینێكى تردا بەتایبەتی لێیان بدوێم*.

جێی ئاماژەپێدانە کە ئەم کتێبە سەرەکییەی کامۆمان کردووە بە کوردی و ساڵانێک لەمەوبەر، چاپ و بڵاو بوونەتەوە.  ئازاد بەرزنجى

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: