بیرکردنەوە؛ لە زەمەنی (دوای-راستی) دا
رابەر تەڵعەت
یەکێک لە خاسیەتەکانی سیاسەت لە وڵاتە قەیراناویی و دەسەڵاتخوازەکانی ئەم ناوچەیە، بەرهەمهێنانی زۆرترین توندوتیژیی زمانەوانیی و دەربڕین و بەرزترین وروژاندنی سۆزداریی و گۆشکردنی جەماوەرییە لە رێگای دەستبەردار بوون لە پرسیار و لێکدانەوەی ئەقڵانی، دوورکەوتنەوە لە ئەقڵانییەتی تاکەکەسی و چوونە پاڵ ئەقڵ و رەفتار و پەرچەکرداری جەماعی و جەماوەریی. لە کۆمەڵگاکانی هاوشێوەی ئێراق و کوردستان، قەیران لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیراندا هەیە، ئەقڵیەتی خوێندنەوە و تێگەیشتنی ناواقیعی بۆ قەیران و سیاسەت وایکردووە دەرچوون لە قەیران قورس بێت و بارگرانی کێشەکانیش لەسەر خەڵک و سیستەم چەند بەرابەر بێت.
لە سەردەمی دوای راستیدا( The Post truth) ئەوەی بەدرۆی دەزانین ڕەنگە ڕاست بێ، ئەوەش کە بەڕاستی دەزانین ڕەنگە درۆ بێ. دواجار کەس نازانێ ڕووی ڕاستی و درۆ کوێیە، هەر لە بنەڕەتەوە شتێک نیە بەو ناوانە، ئەوەی هەیە بریتییە لە خەیاڵ و باوەڕی ئێمەی مرۆڤ. ئێمە تەنها پێمانوایە، بەڵام نازانین خۆیان وان یان نا! مرۆڤایەتی بەگشتی لە قۆناغی دوای ڕاستی و ڕاستگۆییدا دەژی، هەموو ئەوەی دەیبینی و دەیبیستی، ئەگەر بە پێچەوەوە بۆی بڕوانی لەوانەیە شتێکت بۆ دەربکەوێ!! بۆ نمونە دوژمنەکان لەوانەیە بە تەنها هەڕەشە نەبن بۆ سەر یەکتر، بەڵکو ئەکرێ مایەی مانەوە و ژیان و هێزی یەکتریش بن.
رەخساندنی کۆمەڵگایەکی باشتر و ژینگەیەکی باشتر بۆ ژیان؛ پێویستی بە بیرکردنەوەی زیاتر و بەرهەمهێنانی پرسیاری زیاتر هەیە. سیاسه‌تی باش ده‌توانێ وا له خه‌ڵك بكات كه‌متر ئازار بكێشن و باشتر بژین، سیاسه‌تی خراپ وا له خه‌ڵك ده‌كات زۆرتر چاوه‌ڕوان بن و زیاتر ئازار بكێشن. مرۆڤ بۆ ژیانێكی باشتر، رێگاكان دەگۆڕێت و رێگای تر تاقی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت گۆڕینی بیركردنه‌وه و تێڕوانینە بۆ ژیان و بۆ رووداوەکان، دروستکردنی زۆرترین پرسیارە لەسەر دیاردەکان. بۆ نمونه؛ دروستبوون و لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبه‌كان، له‌دایكبوونی هه‌موو حزبێكی تازه و دابه‌شبوونی خه‌ڵك و ده‌نگده‌ره‌كانیان، ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌ی رێگایه‌كی تر و ره‌نگێكی تر و ده‌موچاوێكی دیكه‌یه، چونكه تێگه‌یشتنمان بۆ ژیان و بوونی خۆمان ناگۆڕن، به‌ڵكو باوه‌ڕمان به‌و كه‌س و كاره‌كته‌رانه ده‌گۆڕن كه كۆنتڕۆڵی ژیانی ئێمه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه، ته‌نها گواستنه‌وه‌ی ئیمتیاز و توانایی و ده‌سه‌ڵاته له گروپێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر.
چی ده‌توانێ ئازاره‌كانی مرۆڤێك كه‌مبكاته‌وه؟ چۆن ده‌توانین باشتر بژین؟ وڵامه‌كه‌ی لای خۆمانه! ئه‌و كورده‌ی له رێگای داهێنانێكه‌وه بیر له چاره‌سه‌ركردن و بنه‌بركردنی كێشه‌ی كاره‌با ده‌كاته‌وه، ئه‌و ده‌رمانسازه‌ی خۆی به دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی بۆ شێرپه‌نجه ته‌رخان كردووه، ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی بیر له دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی به‌دیلی نه‌وت و گاز ده‌كاته‌وه، ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ی ئاوه‌ر له داهێنانه‌كانی ئه‌وان ده‌داته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م خاكه گه‌شه‌ی پێده‌دات، ئه‌وانه‌ن ده‌توانن ژیان له‌سه‌ر ئه‌م سه‌ر زه‌مینه باشتر بكه‌ن، ئازاره‌كان كه‌متر بكه‌نه‌وه و كورد بكه‌ن به فریادره‌سی مرۆڤایه‌تی نه‌ك بار به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تییه‌وه. هیچ نیشتیمانێك به‌بێ ئه‌م تێگه‌یشتنه گه‌شه ناكات، هیچ رێگایه‌ك باشتر نییه له‌و رێگایه‌ی كه ئازار كه‌مده‌كاته‌وه و خۆشگوزه‌رانیی زیاد ده‌كات.
بۆ ئێمە کە لە زەمەنی (دوای-راستی) دا دەژین، وتن و نەوتنی راستییەکان، نە هیچ بەهایەکیان هەیە و نه هیچیش لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ جیهان دەگۆڕن. هیچ راستییەکیش بوونی نیە، چونکە لە بنەمادا خەڵک چیتر چاوەروانی بیستنی چیرۆکی زیاتر نین. مرۆڤی دوای-راستی، هەزار و یەک شەو گوێ شلناکا بۆ حیکایەتخوانێک تا بیگەیەنێت بەراستی یان کۆتایی چیرۆکەکەی بۆ باس‌بکات. هەموو ئەوەی دەیبینین یان دەیبیستین و ئەنجامی دەدەن، یەک شت کۆیان دەکاتەوە؛ ئەویش گۆرانکارییە، مرۆڤی ئەم سەردەمە لە راستی زیاتر، پێویستی بە گۆرانکارییە و لە بەهاش زیاتر پێویستی بە خۆگونجاندن و داهێنانە. شۆرشەکانی ئەمڕۆ هیچ پاڵەوانێکیان نییە، گۆڕانکارییەکان هیچ رابەرێکیان نییە، چونکە هیچ کەس هیچی نییە بۆ وتن، ئیتر حیکایەتخوانێک نییە خەڵکی گوێ بۆ چیرۆکەکانی بگرن. زەمەنی (دوای-راستی) زەمەنی دوای چیرۆکە، چونکە ئیتر هیچ پاڵەوانێک بوونی نیە!
زانین و دانپێدانان بەوەی کە نایزانین هەروەک سۆکرات ناوی بردووە بریتییە لە “دانایی”. خوێندنەوە و پێناسەکردنی جیهانیش تەنها لەريگای ئەوەندەوە کە دەیزانین؛ نەزانییە. زانین و تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئەوەی کە لەدەوروبەماندا روودەدات، رەنگە بەشێک بێت لە چییەتی و حەقیقەتی رووداو و دیاردەکان؛ بەڵام هەمووی نیە، بۆیە زۆر زەحمەتە هەموومان یەک تێگەیشتن و دونیابینیمان هەبێت، بەڵام دەتوانین یەک دونیامان هەبێت بە تێگەیشتنی جیاوازەوە، بەو مەرجەی بتوانین جیاوازییەکان قبوڵ بکەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە دەیزانین حوکم بەسەر ئەوانیتردا نەدەین کە ئەوەی ئێمە نازانن، یان نایەنەوێت بیزانن. زانین بەبێ دانپيدانان بە نەزانین، دەبێتە فاشیزم و توندرەوی و تیرۆرکردنی بەرامبەرەکەت.
ئاین و مەزهەب و تەواوی ئایدۆلۆژیاکان؛ له بەڵێن و ئیدیعای بەدیهێنانی یەکسانی و حورمەت بۆ مرۆڤایەتی هاوبەشن، لە وەدینەهاتنیشیدا هەموویان وەک یەک مرۆڤیان دووچاری نائومێدی و هەلاکەت کردۆتەوە. مرۆڤایەتی زۆری گوێ لەوە بووە کە چۆن ژیانی بۆ دەکەن بە بەهەشت؛ بەڵام زۆر کەمی لەو هەوڵانە بینیوە کە لە ئازارەکانی کەم دەکەنەوە! دواجار هەموو ئایدۆلۆژیاکان، هەموو جیاکارییە مەزهەبی و ئاینییەکان لەبەردەم ئیرادە و خواستی مرۆڤ بۆ ژیانێکی شایستەو بەڕێز، شکست دەهێنن.
مرۆڤ به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و بارودۆخه‌وه كه تیایدا ده‌ژی، بوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی زاڵه به‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته بایه‌لۆژییه‌كانیدا. شامپازی و گۆریلا، كه‌نگه‌ر و گورگ، یان زه‌رافه و حوشتر؛ له جیهانی ئاژه‌ڵه‌كاندا، ناتوانن وه‌ك یه‌ك بژین یان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا كارلێك بكه‌ن، چونكه خه‌سڵه‌تی بایه‌لۆژی هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌وان له‌یه‌كتری جودا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام بوونیان وه‌ك ئاژه‌ڵ یه‌كیان ناخات؛ به‌و مانایه‌ی ناسنامه‌ی ئاژه‌ڵبوون و جه‌نگه‌ڵنشینی ناتوانێ ئه‌وان له ده‌وری یه‌كتری كۆبكاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ره‌شه‌ی سروشت و مرۆڤیش له‌سه‌ریان ئه‌وه بخوازێت. به‌ڵام مرۆڤه‌كان له‌رووی بایه‌لۆژییه‌وه یه‌ك گروپن و له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه توانایی كارلێك و خۆگونجاندیان هه‌یه. له‌نێوان ئه‌ڵمانی، ئینگلیز، كوردێك و عه‌ره‌بێك و جوله‌كه‌یه‌كدا هیچ رێگرییه‌كی بایه‌لۆژی نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌ڵبكه‌ن، یان یه‌ك جۆر ژیان و شێواز بژین؛ بارودۆخی ژیان و بوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یان نه‌بێت. مرۆڤه‌كان؛ كاتێك ناتوانن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا هه‌ڵ بكه‌ن، یان رقیان له یه‌كه، كاتێك توركێك یان فارس و عه‌ره‌بێكی ره‌گه‌زپه‌رست له به‌رامبه‌ر كوردێك رق هه‌ڵده‌گرێ؛ له‌به‌ر ئه‌وه نیه كه ئه‌وان گیا خۆرن و ئێمه گۆشتخۆر؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نیه كه ئێمه ناتوانین خاڵی هاوبه‌ش و كۆك له‌نێوانماندا هه‌بێت، به‌ڵكو له ئه‌نجامی ئه‌و بارودۆخه سیاسی و ژیاریی و وجودیه‌یه كه چ ئێمه وه‌ك كورد و چ ئه‌وان وه‌ك غه‌یره كورد تیایدا ده‌ژین. مێژووی مرۆڤایه‌تی پره له گۆرانكاریی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گۆرانی به‌سه‌ردا هاتووه، مرۆڤ نه‌بووه، به‌ڵكو خودی مێژوو و دۆخی ژیانی مرۆڤ بووه. وەدیهێنانی گۆڕانکاری، دروستکردن و بزواندنی مێژوو؛ پێویستی بەوە نیە خەڵک بیر بکەنەوە، بەڵکو دەبێ وا لە خەڵک بکات کە باوەر بهێنن و متمانە بکەن و دواجار رەفتار بکەن. کۆمەڵگای پێشکەوتوو، یان دواکەوتوو، پەیوەندی بە خەڵکەکانیەوە نیە، پەیوەندی بەو بیرکردنەوە تاکەکەسیانەوە هەیە کە سەرکردایەتی خەڵك دەکەن، بیردەکەنەوە، باوەڕ و بەها بەرهەمدێنن، دامودەزگا دروست دەکەن و خەڵک لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و رەفتار باردێنن.خەڵک، گشت یاخود عەوام ناتوانن بزوێنەری مێژوو بن، بەڵام وەک سوتەمەنی بەکاردەهێنرێن. ئەوانەی گۆڕانکارییان لە مێژوودا وەدیهێناوە تاکەکان بوون، بەڵام وایان لە عەوام گەیاندووە کە ئەوە خەڵکن هێزو بازوی مێژوون، چونکە خواست بۆ دروستکردن و گۆڕینی مێژوو تاکەکەسییە، بەڵام وەدیهێنان و بەگەڕخستن و باوەڕهێنان بەو خواستە؛ ئیشی خەڵک و عەوامە. ئەو نوسەرانەی لەسەر باش ستایشی عەوام دەکەن و لەسەر خراپ سەرکۆنەی دەکەن؛ لەوانەیە درکیان بەوە نەکردبێ کە بیرکردنەوە (کردەیەکی تاکەکەسییە) باوەڕهێنان و پەیڕەویکردن (کردەیەکی جەماعییە).