حەقیقەتی هونەر

1259
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بۆریس گرۆیس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

 

پرسیاری سەرەکی کە دەربارەی هونەر بکرێت ئەمەیە: ئایا هونەر دەتوانێت ببێتە ئامڕازێك بۆ حەقیقەت؟ ئەم پرسیارە زۆر گرنگە بۆ بوون و مانەوەی هونەر، چونکە گەر هونەر ئامڕازێك نەبێت بۆ حەقیقەت، ئەوا هونەر تەنیا پرسێکی چێژییە. مرۆڤ دەبێ حەقیقەت پەسەند بکات گەر بێت و بە دڵیشی نەبێت. بەڵام گەر هونەر تەنیا پرسێکی چیژیی بێت، ئەوا بینەر زۆر گرنگتر دەبێت لە بەرهەمهێنی هونەر (هونەرمەند). لەم بارەدا هونەر دەتوانرێت تەنیا لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆجییاوە، یاخود لە ڕوانگەی بازاڕی هونەرییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەم دۆخەدا هیچ سەربەخۆیی و هێزێکی نییە. بەمجۆرە هونەر لەگەڵ دیزایندا دەبن بە یەک.

ئێستا ڕێگای جیاواز هەن کە بەهۆیانەوە دەتوانین دەربارەی هونەر وەك ئامڕازێك بۆ حەقیقەت بدوێین. با من ڕێیەك لەم ڕێیانە هەڵبژێرم تا دەربارەی بدوێم: دونیای ئێستامان لەژێر هەژموونی زۆر کۆمەڵەی گەورە دایە، لەوانە: دەوڵەتان، حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوەکان، کۆمەڵە زانستییەکان…هتد. لەناو ئەم کۆمەڵانەدا تاك ناتوانێت ئەزموونی شیاویی و تایبەتمەندیی کردارەکانی خۆی بکات؛ بە واتایەکی تر، ئەم کردارانە دواجار  لەلایەن کۆمەڵەکانەوە ون دەبن.

هەر چۆنێك بێت، بناغەی سیستمی هونەریی ئێمە لەسەر ئەو پێشەکی وادانانە دامەزراوە کە بەرپرسیارییەتی بۆ بەرهەمهێنانی کارە هونەرییە تاکییەکان، یاخود بەڵێنی ئەو کردارە هونەرییانە، بەتەنیا هونەرمەندەکە خاوەنییەتی. بەم شێوەیە لە دونیا هاوچەرخەکەی ئێمەدا، هونەر تاکە بواری ناسراوە لە ڕووی بەرپرسیارییەتی کەسییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بواری دیکەی نەناسراو هەن بێگومان، ئەویش بواری کارە تاوانکارییەکانە. لێكچوونی نێوان هونەر و تاوان مێژووییەکی درێژی هەیە، من ئێستا ناچمە ئەو بابەتەوە. ئەمڕۆ پێم باشە پرسیارێك بکەم: تا چ پێوەرێك تاك دەتوانێت گۆڕانکاریی لەو جیهانەدا بکات کە تێیدا دەژیت؟ با هونەر وەك مەیدانێك سەیر بکەین کە هەوڵی گۆڕانکارییەکانیی، هونەرمەندان گرتوویانەتە بەر و، ببینین چۆن ئەم هەوڵانە کار دەکەن. لە چوارچێوەی ئەم تێکستەدا، بەوجۆرەی گرنگی بە ستراتیجییەکانی ئەم هەوڵانە دەدەم، گرنگی بە ئەنجامی ئەو هەوڵانە نادەم کە هونەرمەند دەیگرێتە بەر.

بێگومان گەر هونەرمەندان دەیانەوێ جیهان بگۆڕن، ئەم پرسیارانە سەر هەڵدەدەن: لە چ سۆنگێکەوە هونەر کار دەکاتە سەر ئەو جیهانەی کە ئێمە تێیدا دەژین؟ لە ڕاستیدا دوو وەڵامی گونجاو هەن بۆ ئەو پرسیارە، یەکەم وەڵام ئەوەیە: هونەر دەتوانێت بەسەر ئەندێشەدا زاڵ بێت و هۆشیاریی خەڵك بگۆڕێت. گەر هۆشیاریی خەڵك بگۆڕێت، پاشان ئەو خەڵکانەی گۆڕاون ئەو جیهانە دەگۆڕن کە تێیدا دەژین. لێرەدا هونەر وەك زمانێك وایە کە ڕێگە بە هونەرمەندان دەدات پەیام بنێرن. وە ئەم پەیامەش دەبێت بگاتە ڕۆحی وەرگر، لایەنی هەستی بگۆڕێت، هەڵسوکەوتییان بگۆڕێت، ئەخلاقییان بگۆڕێت. ئەمەش با بڵێین جۆرە تێگەیشتنێکی ئایدیاڵیستانەیە بۆ هونەر، بە واتایەکی تر، هەمان شێوە تێگەشتنی ئێمەی هەیە بۆ ئاین و کاریگەرییەکەی بۆ سەر جیهان.

هەرچۆنێك بێت بۆ  گەیاندنی پەیام، یان هونەرمەند بۆ ئەوەی پەیامەکەی بگەیەنێت، دەبێت زمانێکی هاوبەش لەگەڵ بینەردا کۆیان بکاتەوە. ئەو پەیکەرانەی لە پەرستگا کۆنەکاندا هەبووە وەکو بەرجەستەکەرێکی خوا سەیرکراوە: ڕێزیان لێگیراوە، مرۆڤەکان لەبەردەمیدا چەماونەتەوە لە کاتی داوا و نوێژەکانیاندا، چاوەڕێی یارمەتییان لێکردوون و ترساون لەبەرامبەر توڕەیی و هەڕەشەی سزاکانیان. هەروەها ڕێزگرتنی ئایکۆنەکان مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە لەگەڵ مەسیحییەتدا، تەنانەت گەر واش داندرابێ خودا نادیارە. لێرەدا زمانە هاوبەشەکە ڕەگ و ڕیشەی خۆی وەرگرتووە لە ترادیسیۆنی ئاینە هاوبەشەکاندا.

هەرچۆنێك بێت، هیچ هونەرمەندێکی مۆدێرن نییە کە چاوەڕێی ئەوە بکات هیچ کەسێك لە بەردەم کارە هونەرییەکەی ئەودا بچەمێتەوە و نوێژی بۆ بکا و داوای هاوکاری کردارییانەی لێبکات، یاخود بەکاری بهێنێ بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەخۆی. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، هیگڵ وایدانا کە لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش بە خوداوەندە بەرجەستەکان، هۆکارە بۆ ئەوەی هونەر حەقیقەتی لە دەستداوە. بە گەڕانەوە بۆ هیگڵ حەقیقەتی هونەر ئیتر بووە بە پرسێکی ڕابردوو.  ئەو دەربارەی وێنە و بیرکردنەوەی ئایینە کۆنەکان قسە دەکات لەبەرامبەر یاسا نادیارەکان و هۆکار و ئەو زانستەی کە فەرمانڕەوایی دونیای مۆدێرن دەکات. بێگومان لە سیاقی مۆدێرنیتیدا، زۆرێك لە هونەرمەندە مۆدێرن و هاوچەرخەکانیش هەوڵی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو زمانەیان داوە لەگەڵ بینەرەکانیان بەشێوەیەك لە شێوەکان، جا ئاخۆ بە بەشداری سیاسیی بێت یاخود ئایدیۆلجی. بزاوتە سیاسییەکان وەها جێگەی کۆمەڵە ئاینییەکانییان گرتەوە کە هەردووك، (هونەرمەند و بینەرەکانیان) تیایدا بەشدار بوون.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەر بمانەوێ هونەر سیاسییانە کاریگەر بێت و وەکوو پروپاگەندەیەکی سیاسی بەکار بهێندرێت…پێویستە جەماوەر بەدڵیان بێت و پەسەندی بکەن. بەڵام گەر کۆمەڵگایەك لەسەر بناغەی پڕۆژەیەکی هونەری دامەزرابێ کە زۆرینە بەدڵی بێت و بەلایەوە باشبێ، ئەوا کۆمەڵگایەك نییە قابیلی گۆران بێت؛ کۆمەڵگایەك نییە بتوانێت بەجدی جیهان بگۆڕێت. هەموومان دەزانین، گەر بمانەوێ وەکوو (داهێنەر، ڕادیکاڵ، پێشکەوتووخواز) دابنرێین، کارە هونەرییە مۆدێرنەکان پیویستە کارەکانی پێش مۆدێرنە ڕەتبکەنەوە؛ ئەگەرنا ئەو کارە هونەرییانە دەکەونە ژێر گومانی لاساییکردنەوە، بێبایەخبوون و، بە تەنها لە بواری بازرگانیدا ئاڕاستە دەکرێن. ئێمە ئەوە دەزانین کە بزاوتە پێشکەوتووخوازەکان سیاسییانە، زۆربەی کات کولتوورییانە کۆنسەرڤاتیڤ بوون و، لەکۆتاییدا ئەو ئاراستە کۆنسەرڤاتیڤە بووە کە بردوێتییەوە. هەر ئەوەش هۆکارە کە هونەرمەندە هاوچەرخەکان گومانیان لە شێوازی چێژبینینی پەبڵیك هەیە. هەروەها پەبڵیکی هاوچەرخیش گومانیان لە شێوازی چێژبینینی خۆیان هەیە. ئەو ڕاستییەی کە پێمان وایە، گەر کارێکی هونەریمان بەدڵبوو ئەوە مانای ئەوەیە کارێکی زۆر باش نییە، وە گەر بەدڵمان نەبوو ئەوە مانای ئەوەیە کارێکی زۆر باشە. (کازیمیر مالێڤیچ) دەڵێت: گەورەترین دوژمنی هونەرمەند، دڵسۆزییەکەیەتی. هونەرمەند هەرگیز نابێت کارێك بکات کە دڵسۆزانە بەدڵیبێت، چونکە ڕەنگە کارێکی بە دڵسۆزانە بەدڵ بێت کەچی خراپبێ و هونەرییانە پەیوەندیدار نەبێت. بێگومان هونەرییەکانی ئاڤانت گارد، نەیان ویستووە قبوڵکراو بن. ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە: نەشییان ویستووە خەڵك تێیان بگەن – نەیان ویستووە ئەو زمانە بەشبکەن لەگەڵ بینەرەکانییاندا کە پێی دەدوێن. پشتبەستن بەمەش، ئاڤانت گاردەکان بە تەواوەتی دوودڵ بوون لەوەی کە بتوانن کاریگەری لەسەر ڕۆحی پەبڵیك دابنێن و کۆمەڵگایەك درووستبکەن کە بەشێك بن تیایدا.

 

لەم جێیەدا، دووەمین ڕێتێچوون و ئەگەری گۆڕینی جیهان لە ڕێی هونەرەوە دێتە ئاراوە. لێرەدا تێگەیشتنەکە ئەوەیە کە هونەر بەرهەمهێنەری پەیامەکان  نییە، بەڵکو  وەکوو بەرهەمهێنەری  شتەکانە. تەنانەت گەر هونەرمەند و بینەرەکانیشییان زمانی هاوبەش بەش نەکەن لەنێوان خۆیاندا، ئەوا ئەو جیهانە ماتریاڵییە بەشدەکەن کە تیایدا دەژین. هونەر وەکوو جۆرێکی دیاریکراو لە تەکنەلۆژی، ئەو ئامانجەی نییە کە ڕۆحی بینەرەکانی بگۆڕێت، بەڵکو ئەو جیهانە دەگۆڕن کە بینەرەکان تیایدا دەژین بە حەقیقی. بە هەوڵدان بۆ خۆگونجاندنیان لەو باروودۆخە نوێیەی ژینگەکەیان، ئەوان لایەنی هەستەکی و ڕەفتارییان دەگۆڕن. گەر بە دەستەواژەی مارکسی بدوێین: هونەر دەکرێ وا ببینرێ کە بەشێك بێت لە سەرخان یاخود ببێتە بەشێك لە ژێرخانێکی ماتریاڵی. یاخود بە شێوەیەکی تر بڵێم، دەکرێ وەکوو ئایدیۆلۆجی یان تەکنەلۆژی لە هونەر بگەین. هونەرمەندە ڕادیکاڵەکانی ئاڤانت گارد شوێن ڕێگەی دووەم کەوتن، ئەویش ڕێگا تەکنەلۆژییەکە بوو بۆ گۆڕینی جیهان. ئەوان هەوڵیاندا ژینگەیەکی نوێ درووستبکەن کە تیایدا بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ ناو ئەو ژینگە نوێیانە، بگۆڕێن. لە ڕادیکاڵترین فۆڕمیدا، ئەم کۆنسێپتە لەلایەن بزاوتەکانی ئاڤانت گاردەوە پەیڕەو کراوە لە ساڵانی ١٩٢٠ دا لەوانەش: کۆنسترەکتیڤیزمی ڕووسی، باهاوس، دی ستایل. ئاڤانت گارد نەیان ویستووە هونەرەکەیان لەلایەن پەبڵیكەوە قبوڵکراو بێ، وەکوو دەزانین. ئاڤانت گارد دەیویست پەبڵیکێکی نوێ بۆ هونەرەکەی درووستبکات. بێگومان گەر مرۆڤ ناچار بکرێت لە شوێنێکدا بژیت کە دەوردراوە بە ڤیژواڵێکی نوێ، ئەوا دەستدەکات بە گونجاندنی لایەنی هەستەکی خۆی لەگەڵ ئەو ژینگەیە و فێردەبێ کە بەدڵی ببێت و بەلایەوە قبوڵکراو بێت (تاوەری ئیفێڵ لە پاریس نمونەیەکی باشە بۆ ئەوە). لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندانی ئاڤانت گارد دەیان ویست کۆمەڵگایەك درووستبکەن، بەڵام ئەوان خۆیان وەکوو بەشێك لەو کۆمەڵگایە نەدەبینی. ئەوان جیهانییان لەگەڵ بینەرەکانیان بەشکرد، بەڵام زمانەکەیان بەش نەکرد.

بێگومان ئاڤانت گارد کاردانەوەیەك بوو بۆ تەکنەلۆژیای مۆدێرنە، کە بە تەواوی ژینگەیان گۆڕی و ئێستاش بەردەوامن لە گۆڕینی. ئەم کاردانەوەیەش ناڕوون بوو. هونەرمەندەکان هەستییان بە ڕووکەشییەکی تەواو دەکرد کە لە دونیای تەکنەلۆژی و نوێدا هەبوو. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەوان وەڕەس دەبوون لە کەمی ئاڕاستەکردن و مەبەستە ئایدیاڵییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی کە ببووە تایبەتمەندییەك بۆی. (مارشاڵ مکلۆهن) دەڵێت: هونەرمەندان لە تاوەری ئایڤۆری1 دەڕۆن بەرەو تاوەری چاودێری2 . ئاڤانت گارد وەکوو کۆمەڵگایەکی تەواو ((perfect لە ڕووی سیاسی و  ئێستەتیکییەوە لەم ئامانجە تێگەشتن، وەکوو یوتۆپیا، ئەمە بێگومان گەر مرۆڤ هێشتا ئامادە بێت ئەم وشەیە بەکار بهێنێ. لێرەدا یوتۆپیا هیچ نییە جگە لە کۆتا قۆناغی گەشەکردنی مێژووییی، کۆمەڵگایەك کە زۆر کامڵە و چیدی پێویست ناکات بگۆڕێت، پێویست بە خەمڵاندنی هیچ پێشکەوتنێکی تر نەکات. گەر بە شێوازێکی دیکە بیڵێین: هەماهەنگی نێوان کارە هونەرییەکان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئامانجی وەستاندنی ئەم پێشکەوتن و پرۆسەیە  بوو. ئەم کۆنسەرڤاتیزمە…کە دەکرێ ببێتە کۆنسەرڤاتیزمێکی شۆڕشگێڕییانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسڵی هونەر بە هیچ جۆرێك لە جۆرەکان ڕێکەوت نییە. دەی کەواتە هونەر چییە؟ گەر هونەر جۆرێك بێت لە تەکنەلۆژیا، کەواتە بەکارهێنانی هونەریییانەی تەکنەلۆژیا جیاوازە لە بەکارنەهێنانی هونەرییانەی تەکنەلۆژیا. پرۆسە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە شتە کۆن و بەسەرچووەکان بگۆڕێت بۆ شتانی نوێ (باشتر). نەك بڵێین داهێنانی تێدا بکات، بەڵکوو گەشەی پێبدات. داهێنان بە تەنها دەکرێ لەناو هونەردا بێت، چوارگۆشە ڕەشەکەش دەکەم بە نمونە3 . تەکنەلۆژیای هونەری، بە پێچەوانەی ئەوەوە، تەکنەلۆژیایەك نییە بۆ گۆڕین و بەرەوپێشچوون، بەڵکو تەکنەلۆژیای هونەری بۆ پاراستن و گێڕانەوە و زیندوو کردنەوەیە…تەکنەلۆژیایەکە کە پاشماوەی رابردوو دەهێنێتە ناو ئێستا و شتەکانی ناو ئێستاش پەلکێش دەکاتە ناو داهاتووەوە. (مارتن هایدیگەر) زۆر بەتەواوی، باوەڕی بەمجۆرەی گەڕاندنەوەی حەقیقەتی هونەر هەبوو: لەڕێی وەستاندنی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تەنانەت گەر بۆ ساتێكیش بێت، هونەر دەتوانێت پێناسی ئەو جیهانە تەکنەلۆژییە و چارەنووسی مرۆڤ لەناو ئەو جیهانەدا دەربخات. هەرچەندە هایدیگەر بڕوای وابوو کە ئەم دەرخستنە ساتییە؛ لە ساتی دواتردا ئەو جیهانەی کە لەلایەن هونەرەوە کرابۆوە، دووبارە دادەخرێتە…وە هونەر دەبێتەوە بەو شتە ئاساییەی کە لەلایەن ئینستیوتەکانمانەوە بەڕێ دەبرێ. هایدیگەر ئەم شێوازەی کارە هونەرییەکان وەلا دەنێت وەکوو بابەتێكی نا پەیوەست بە بنچینەی، تێگەشتنی راستەقینەی فەلسەفییانەی هونەر…چونکە بەلای هایدیگەرەوە، ئەوە بینەرە کە بابەتی سەرەکییە بۆ تێگەشتنی بنچینەیی، نەوەك بازرگانی کارە هونەرییەکە، یاخود کورەیتەری مۆزەخانەکان. بێگومان، ئەگەر سەردانکەرانی مۆزەخانەکە کارە هونەرییەکە وەکوو شتێکی دابڕاو لە دونیایی و ژیانی پراکتیکی سەیربکەن، ئەوا کارمەندانی مۆزەخانەکە هەرگیز بەوجۆرە پیرۆزکراوە ئەزموونی کارە هونەرییەکان ناکەن. کارمەندانی مۆزەخانەکە سەرنج لە کارە هونەرییەکان نادەن و بیرییان لێناکەنەوە، بەڵکوو ئەوان پلەی گەرمی و ڕێژەی شێ ڕێکدەخەن لە مۆزەخانەکەدا، کارەکان دووبارە  ڕێکدەخەنەوە و تۆزوخۆڵەکەی سەرییان لادەبەن. لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاری هونەری، ڕوانگەی سەردانکەری مۆزەخانەکەمان هەیە، بەڵام ڕوانگەی ئەو خانمەشمان هەیە کە سپەیسی مۆزەخانەکە وەک هەر سپەیسێکی دیکە خاوێن دەکاتەوە. تەکنەلۆژیای کۆنزەرڤەیشن، دووبارە ڕێکخستنەوە و پێشانگا، تەکنەلۆژی ناپەیوەستن بە پیرۆزییەوە، تەنانەت گەر بەرهەمەکەشی ئۆبجێکتی تێڕامانی بێت لە جوانی. مۆزەخانە پێویستی بە هیچ  پێشێلکردنێکی (ڕوانگەی دینی و پیرۆزی) زیادە نییە، یاخود هیچ هەوڵێکی زیادە بۆ هێنانە ناوەوەی هونەر بۆناو ژیان یان ژیان بۆناو هونەر، بەڵکوو مۆزەخانە خۆی لەخۆیدا بە تەواوی شتێکی ناپەیوەستە بە پیرۆزییەوە. مۆزەخانەش وەکوو بازاڕی هونەر، وەکوو پەیام مامەڵە لەگەڵ کارە هونەرییەکاندا ناکەن، بەڵکوو وەکوو شتێکی دونیایی و ناپەیوەست بەپیرۆزییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

بەگشتیی ئەم ژیانە دونیایی و ناپەیوەستە بە پیرۆزییەوە لە بینەری گشتی گیراوەتەوە بەهۆی دیواری مۆزەخانەکانەوە. بێگومان، لانیکەم لە سەرەتای دەسپێکردنی سەدەی بیست، هونەری مێژوویی ئاڤانت گارد هەوڵیداوە بابەتە هونەرییەکان دیاری بکات، بۆ دەرخستنی لایەنی واقعی و ماتریاڵی و دونیایی (ناپەیوەست بە پیرۆزی) هونەر. هەرچۆنێك بێت، ئاڤانت گارد هەرگیز نەیتوانی بە تەواوەتی سەرکەوتوو بێت لە هەوڵەکەی بۆ گەشتن بە واقع، چونکە واقعی هونەر و لایەنە ماتریاڵییەکەی کە ئاڤانت گارد هەوڵیدا دیارییان بکات، دووبارە بەشێوەیەکی هەمیشەیی خۆی بە ئیستاتیک کردەوە، ئەم دیاری کردنانەش لەژێر مەرجەکانی ناساندنی هونەردا داندراوە. هەمان شتیش دەکرێ بوترێ بۆ ئینستیتیوتی ڕەخنەکردن، کە ئەویش بەهەمان شێوە هەوڵیدا لایەنە واقعی و دونیاییەکەی (ناپەیوەست بە پیرۆزی) ئینستیتیوتەکانی هونەر دیاری بکات. ئینستیتیوتە ڕەخنەییەکانیش بەهەمان شێوە لەناو ئینستیتیوتە هونەرییەکاندا مایەوە. ئێستا دەتوانم پێداگری بکەم کە ئەم باروودۆخە لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕاوە، بەهۆی ئینتەرنێت و ئەو ڕاستییەی کە ئینتەرنێت ئینستیتیوتی هونەری ترادیسیۆنی گۆڕیوە بە سەکۆی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هونەر. ئینتەرنێت بێچەندوچوون لایەنی دونیایی (ناپەیوەست بە پیرۆزی)  هونەری دیاری دەکات. ئەمە بۆ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تەواو ئاسانە:  لە جیهانە هاوچەرخەکەی ئێمەدا، ئینتەرنێت جێگای بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی هونەریشە لە هەمان کاتدا.

 

ئەمە نیشاندانێکی گەورە دەکات لە دەرچوونی نموونەکانی پێشوو لە بەرهەمهێنانی هونەریی، وەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا:

هەر لە کۆنەوە، هونەرمەند لە ستۆدیۆکەی خۆیدا کاری هونەری بەرهەمهێناوە، دوور لە چاوی خەڵك، پاشان ئەنجامەکەی لە پێشانگایەکدا نیشانداوە، بەرهەمێك کە قەرەبووی ئەو ماوەیە دەکاتەوە کە تیایدا هونەرمەندەکە نادیاربووە. ئەم کاتەی کە تیایدا هونەرمەندەکە نادیاربووە، ئەوەیە کە پێی دەڵێین ماوەی داهێنان. لە راستیدا ئەمە ڕێك ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین پرۆسەی داهێنان. ئەندرێ بۆرتۆن چیرۆکی شاعیرێکی فەڕەنسیمان بۆ باس دەکات: کاتێك دەچێتە ناو جێخەوەکەی بۆ ئەوە بنوێت، نووسینێك لەسەر دەرگاکەی هەڵدەواسێ کە لەسەری نووسراوە “تکایە بێدەنگبن، شاعیرەکە سەرقاڵی کارکردنە.” ئەم چیرۆکە تێگەشتنە ترادسیۆنەکەی (کاری داهێنەرانە)مان بۆ پوخت دەکاتەوە. کارێکی داهێنەرانە، داهێنەرانەیە چونکە شوێنێك داگیر دەکات کە ئەودیوی کۆنترۆڵی بینەرە. تەنانەت ئەودیوی کۆنترۆڵی ئاگایی دانەریشە (مؤلف). ئەم ماوەیەی کە تیایدا هونەرمەندەکە خۆی دەشارێتەوە و دیار نامێنێ، لەوانەیە چەند ڕۆژێك بخایەنێ یاخود چەند مانگێك، یان چەند ساڵێک و لەوانەشە هەموو ژیانی هونەرمەندەکە ببات. تەنها لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا کە دانەرەکە (مؤلف)  تیایدا دیار نییە و ئامادە نییە، چاوەڕوانی ئەوە دەکات کارێکی خۆی پێشکەش بکات (لەوانەیە لە لاپەڕەکانیدا بیدۆزینەوە لە پاش مردنی)، ئەمە بێچەندوچوون دەبێتە کارێکی داهێنەرانە، چونکە وا دەر دەکەوێت کە لە نەبوونەوە ئەم کارە هاتبێتە بوون.

بە مانایەکی تر، کاری داهێنەرانە کارێکە کە گریمانەی ناهاوکاتی کاتی کارەکە و، ئەو کاتەشی کە تیایدا ئەنجام و بەرهەمی کارەکەی تیایدا نیشان دەدرێت. هۆکارەکە ئەوە نییە کە هونەرمەند تاوانێکی ئەنجامدابێ یاخود نهێنییەکی چەپەڵی هەبێ و بیهەوێ لە نیگاکردنی ئەوانیتر بەدووری خات. ئێمە وەها ئەزموونی بینین و نیگاکردنی ئەوانیترمان کردووە، وەکوو چاوی شەیتانێك کە دەیهەوێ نهێنییەکانمان دەربخات و ئاشکرای بکات (وەکوو ئەوەی دەرخستنی نهێنییەکانمان لەلایەن ئەوانەوە زۆر خۆش و چێژبەخش بێت). بەڵام کاتێک ئەو دان بەوەدا نانێت کە ئێمە هیچ نهێنییەکمان هەیە، کاتێك ئێمە وەلا دەنێت بۆ ئەو شتەی کە خۆی دەیبینێت و تۆماری دەکات، کاتێك بینینی ئەوانی تر لاوازمان دەکات و بەهیچمان دانانێت. (سارتەر: ئەویدیکە دۆزەخە، ڕوانگە و بینینی ئەویدیکە ئێمە پشگوێ دەخات، پرۆژەکەمان وەلا دەنێت. لاکان: چاوی ئەویدیکە هەمیشە چاوێکی شەیتانییە). ئەمڕۆکە باروودۆخەکە گۆڕاوە. هونەرمەندە هاوچەرخەکان لە درووستکردنی کارەکانییاندا ئینتەرنێت بەکار دەهێنن، هەروەها کارەکانیشیان دەخەنە نێو ئینتەرنێتەوە. دەکرێ کارەهونەرییەکانی هونەرمەندێك لە ئینتەرنێتدا بدۆزرێتەوە کاتێك دەگەڕێم بۆ ناوی هونەرمەندەکە لە گووگڵدا. کاتێك لە ئینتەرنێتدا دەربارەی ئەو هونەرمەندە شتێك دەدۆزمەوە، لە سیاقی زانیاری تردا پێم نیشان دەدرێت: ژیاننامە، کارەکانی دیکەی، چالاکییە سیاسییەکان، خوێندنەوە ڕەخنەگرییەکانی، زانیاری دەربارەی ژیانی تایبەتی هونەرمەندەکە…هتد. لێرەدا من مەبەستم لە خاوەنی کارە ئەدەبییەکە یان خودی  دانەرەکە بانگەشەی ئەوە بکات کە گوایە کاری هونەری بە نیازە تایبەتییەکانی خۆی بەرهەمدەهێنێت، بەڵکوو  دەبێت بە  شێوەیەکی هێرمۆنتیکی(ڕاڤەگەری) کۆدەکانی بکرێتەوە و ئاشکرا بکرێت. ئەم بابەتی (خودی  دانەر)ە پێشووتر هەڵوەشێنراوەتەوە و جاڕی مەرگ و مردنی دراوە  زۆرجار. مەبەستم ئەوەیە مرۆڤی ڕاستی (حەقیقی) لە دونیای (ئۆفڵاین)4دا بوونی هەیە، بەو مانایەی کە ئینتەرنێت پێمان دەڵێ. ئەم دانەرە بەتەنها بۆ بەرهەمهێنانی هونەر ئینتەرنێت بەکار ناهێنێ، بەڵکوو بۆ کڕینی بلیت و حیجز کردنی خواردنگە و بەڕێوبردنی کارەکەی خۆیی و چەندان شتی تر بەکاری دەهێنێت. هەموو ئەم چالاکییانە یەکدەگرن و هەمان جێ دەگرن لە سپەیسی ئینتەرنێتدا و، هەمووشی زۆر بەباشی لەلایەن بەکارهێنەرانی دیکەی ئینتەرنێتەوە پەسەند کراوە. لێرەدا کاری هونەری دەبێتە “حەقیقەت” و دونیایی (ناپەیوەست بە پیرۆزی)، چونکە کارلێک دەکاتە ناو زانیاری نووسەرەکەی وەکوو کەسێکی ڕاستی و دونیایی. هونەر لەناو ئینتەرنێتدا وەکوو جۆرێکی تایبەت لە چالاکی نیشاندراوە: وەکوو  دیکۆمێنتکردن و  بەڵگەنامەکردنی بۆ پرۆسەی ڕاستەقینەیی کار کە لەناو  جیهانی  ڕاستید ا بوونی هەیە لە  دەرەوەی  ئینتەرنێت. بێگومان لەناو ئینتەرنێتدا، هونەر لە هەمان سپەیسی پلانی سەربازی و بازرگانی گەشتیاری، جوڵە و  هروژمی  سەرمایەگوزاری و…هتد. ئۆپەراسیۆن دەکات. گووگڵ ئەوەمان نیشان دەدات کە هیچ دیوارێك نییە لە سپەیسی ئینتەرنێتدا. بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ئەو ڕۆتینە ناگۆڕێت، لە بەکارهێنانی بەردەوامی ڕۆژانەی شتەکانەوە بۆ شتێك کە لێی ڕابمێنێت بەڵام لەگەڵ حەزی یەکنەگرێتەوە، بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت زانیاری دەربارەی هونەر، ڕێك بەهەمان شێوەی زانیاری دەربارەی هەموو ئەو شتانەی دیکەوە بەکار دەهێنن کە لە دونیادا هەن. وەکوو ئەوە وایە کە ئێمە هەموومان بەشێك بین لە کارمەندانی مۆزەخانە و گالێرییەکان، هونەر بە ڕوونی و جوانی بە بەڵگە کراوە، وەکوو ئەوەی شوێنبگرێت لەو سپەیسە یەککگرتوەی چالاکییە دونیاییەکان (ناپەیوەست بە پیرۆزیی).

وشەی (بەڵگەنامەکردن) گرنگە لێرەدا. لەم دەیانەی دواییدا، بە بەڵگەنامەی هونەری زیاتر و زیاتر دەخزایە ناو پێشانگا و مۆزەخانە هونەرییەکانەوە، لەپاڵ هونەری ترادسیۆن. بەڵام ئەم مەیدانە هەمیشە کێشاویی بووە. کارە هونەرییەکان هونەرن، راستەوخۆ وەکوو هونەریش خۆیان پیشاندەدەن. هەربۆیە دەکرێ پەسەند بکرێن، بەسۆزانە ئەزموون بکرێن و هتد. بەڵام بە بەڵگەکردنی هونەر، هونەر نییە: بەتەنها بۆ بۆنەیەکی هونەری دەگەڕێتەوە، یاخود پێشانگایەك، یان ئینستەڵەیشنێك، یاخود پڕۆژەیەك کە ئێمە دانیپێدا دەنێین کە شوێنی خۆی گرتووە. بەڵام  دیکۆمێنتکردنی هونەر یان بەبەڵگەکردنی هونەر ناکاتە  هونەر: تەنها  ئاماژەیەکە بۆ ڕووداوە هونەرییەکە، یان پیشانگاکە، یان ئینستەڵەیشنەکە  یان پرۆژەکە، ئێمە  وەک ڕاستی  وێنای  دەکەین، (بە بەڵگەکردنی) هونەر ئاماژەیە بۆ هونەر، بەڵام هونەر نییە.  واتە  تەنها  ئاماژەیەکە بۆ هونەرەکە بەڵام خۆی  هونەر  نیە هەربۆیەشە بەڵگەنامەکردنی هونەری دەکرێ چاکبکرێ، دووبارە بنووسرێتەوە، درێژبکرێتەوە، کورت بکرێتەوە…هتد. مرۆڤ دەتوانێت سەبجێکتی بەڵگەنامەکردنی هونەر بۆ هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانە دابنێت کە قەدەغەکراوە لە حاڵەتی کاری هونەریدا، چونکە ئەم ئۆپەراسیۆنانە شێواز و فۆرمی کارە هونەرییەکە دەگۆڕێت.  فۆڕمی کارە هونەرییەکە ئینستیتیوتانە گرەنتی کراوە، چونکە تەنها فۆڕم گرەنتی دووبارە توانایی بەرهەمهێنانەوە و ناسنامەی کارە هونەرییەکە دەکات. بە پێچەوانەوە، بەڵگەنامەکردن لە ویستدا دەکرێ بگۆڕێت، چونکە ناسنامە و توانایی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی گرەنتی کراوە لەلایەن سەرچاوە راستەقینە دەرەکییەکەی نەك لەلایەن فۆڕمەکەی. بەڵام تەنانەت ئەگەر دەرکەوتنی بەڵگەنامەکردنی هونەری پێش دەرکەوتنی ئینتەرنێت کەوتبێت وەکوو میدیەمێکی هونەری، ئەوا داخڵ بوونی ئینتەرنێت تەنها شتە کە جێگەیەکی ڕەوای داوە بە بەڵگەنامەکردنی هونەری. (لێرەدا دەتوانین بەوجۆرە بیڵێین کە بنیامین تێبینی کرد: مۆنتاژ لە هونەر و سینەما). لە هەمان کاتدا، ئینستیتیوتە هونەرییەکان بۆ خۆیان دەستییان بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت کرد وەکوو مەیدانێکی سەرەکی بۆ دەرخستنی خۆیان. مۆزەخانەکان کۆکراوەکانییان لەسەر ڕووکارێك لە ئینتەرنێتدا دانا. بێگومان کۆگا دیجیتاڵییەکانی وێنە هونەرییەکان پتەوتر و سەلامەت تر و هەرزانتریشە لەچاو مۆزەخانە ترادیسیۆنە هونەرییەکان. بەمجۆرە، مۆزەخانەکان تواناییان هەیە بۆ پشاندانی بەشێك لە کۆلێکشنەکانییان کە بە بەردەوامی لە کۆگاکانییان هەڵدەگیرێن. هەمان شت دەکرێ بوترێ سەبارەت بە وێبسایتە تایبەتییەکانی هونەرمەندەکان، مرۆڤ دەتوانێت بەچڕی هەموو کارەکانی ببینێ لەوێدا کە کردوونی. لە ئێستادا ئەوە هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی کە هونەرمەندەکان پیشانی سەردانکەرانی ستۆدیۆکانیان دەدەن. ئەگەر یەکێك سەردانی ستۆدیۆی هونەرمەندێك بکات بۆ بینینی کارە تایبەتەکانی، ئەم هونەرمەندە لاپتۆپەکەی دەخاتە سەر مێزێك و بەڵگەنامەی چالاکییەکانی پشانی ئەو کەسە دەدات، لە ناویشیاندا بەرهەمە هونەرییەکانی و، هەروەها بەشدارییەکانی لە پڕۆژە دوور مەوداکان، ئینستەڵەیشنە کاتییەکانی، جموجوڵ وچالاکی ژیارییە کانی، هەڵوێستە سیاسییەکانی و هتد. کارە ڕاستەقینەکانی هونەرمەندی هاوچەرخ لە سیڤییەکانیاندایە.

 

لەمڕۆدا، هونەرمەندانیش وەکوو هەر تاکێکی تر و ڕێکخراوەکان، دەیانەوێ تەواو لە دیاربوون هەڵبێن ئەویش بە درووستکردنی سیستمێکی سەخت بۆ تێگەشتن، لە وشەی نهێنی و پاراستنی داتا. بەوجۆرەی من لە ڕابردوودا باسم کردووە،  بۆ لە بەرچاوگرتنی چاودێری ئینتەرنێت:

ئەمڕۆکە خودێتی بووە بە کۆنستراکشنێکی تەکنیکی. پێناسەکردنی سەبجێکتی هاوچەرخ بەوە دەکرێ کە خاوەنی کۆمەڵێک وشەی نهێنییە کە بۆ خۆیان دەیزانن و خەڵکی دیکە نایزانێت. (سەبجێکت)ی هاوچەرخ لە بنچینەدا پارێزەری نهێنییە. بە واتایەکی تر، ئەمە پێناسەیەکی زۆر ترادسیۆنییە بۆ سەبجێکت: سەبجێکت لە زووەوە وا پێناسەکراوە کە شتێك دەربارەی خۆی دەزانێت کە بەتەنها خودا زانیوییەتی، شتێك کە خەڵکی دیکە ناتوانن بیزانن چونکە ئۆنتۆڵۆژییانە ڕێگرییان لێکراوە بیزانن “خوێندنەوەی بیرکردنەوەی کەسێك.” ئەمڕۆکە، هەرچۆنێك بێت،  بوون بە سەبجێکت کەمتر  پەیوەندی بە لایەنی ئۆنتۆڵۆژییەوە هەیە و، زیاتر پەیوەندی بەلایەنی تەکنیکی پاراستنی نهێنییەوە هەیە. ئینتەرنێت جێگایەکە تیایدا سەبجێکت لە بنەڕەتدا بە پێناسە ڕوون و ئاشکراکەی درووست دەبێت، سەبجێکتێکی تێبینی کراوە، دوای ئەوە پاراستنەکە لە لایەنی تەکنیکییەوە دەستپێدەکات بۆ شاردنەوەی ئەو نهێنییەی کە لە بنەڕەتدا خۆی ئاشکرا بووە. هەرچۆنێك بێت، هەموو پاراستنێکی تەکنیکی دەکرێت ئاشکرا ببێت و بشکێندرێت. لەمڕۆدا هاککەر جێی هێرمۆنتیکەر (ڕاڤەکار)ی گرتۆتەوە. ئینتەرنێتی هاوچەرخ مەیدانێکە بۆ جەنگی تەکنەلۆجی کە تیایدا دەستکەوتەکەی نهێنییە. بۆ ئەوەی نهێنییەکان بزانیت دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو سەبجێکتە بکەی کە لەلایەن ئەم نهێنییەوە درووست بووە. جەنگە تەکنەلۆجییەکان جەنگێکن بۆ ئەم پرۆسەی بە سەبجێکت کردن و گۆڕینی ئەم بە سەبجێکت کردنە. ئەم جەنگانەش تەنها لەبەر ئەوە جێگا دەگرن چونکە ئینتەرنێت لە بنەڕەتدا جێگایەکی شەفافە (ڕوونە). ئەنجامی چاودێریخستنە سەرەکان لەلایەن ئەو ڕێکخراوانەوە دەفرۆشرێن کە کۆنتڕۆڵی ئینتەرنێتییان کردووە، چونکە ئەوان خاوەنی سەرەکی بەرهەمەکەن، خۆیان داڕێژەر و درووستکەر و دیزاینەری ئینتەرنێتن. مرۆڤ نابێ ئەوە لە یاد بکات کە ئینتەرنێت نهێنییانە خاوەنداری دەکرێت. قازانجەکەشی بەزۆری لە ڕیکلامەکانەوە بۆ دێت. ئەمەش ڕێخۆشدەکات بۆ فینۆمینیاییەکی سەرنجڕاکێش: بەدراوکردنی هێرمۆنتیك. هێرمۆنتیکە (ڕاڤەکار) کلاسیکەکان، کە بەدوای دانەری پشتی کارەکەوە گەڕاون، لەلایەن بیردۆززانانی سترەکتورالیزو و خوێندنەوەی ڕژد -لقێکی ڕەخنەی ئەدەبییە- و هتد. ڕەخنەیان لێگیراوە، کە وایان بیرکردۆتەوە هیچ مەبەستێك نادا بەدەستەوە گەر  بتەوێ نهێنی ئۆنتۆڵۆژی بزانی کە ماناکردن ناتوانێ بیگاتێ. ئەمڕۆ ئەم هێرمۆنتیکا ترادسیۆنە دووبارە لەدایک بۆتەوە وەکوو هۆکارێك بۆ سوود وەرگرتن لە ئابوری بۆ ئەو سبەجێکتانەی لەسەر ئینتەرنێتدا کار دەکەن، ئەو شوێنەی کە نهێنییەکان تیایدا هەمووی ئاشکرا کراون. لێرەدا سەبجێکت چیدیکە شاراوە نییە لە پشتی کارەکانەوە. ئەو زێدەباییەی کە سەبجێکتێکی وەها بەرهەمی دەهێنێت و لەلایەن ڕێکخراوەکانی ئینتەرنێتەوە دەستی بەسەردا گیراوە پێی دەگوترێت بەهای هێرمۆنتیکی: سەبجێکت بە تەنها شتگەلێک لەناو ئینتەرنێتدا ناکات، بەڵکوو  خۆی وەکوو مرۆڤێكیش ئاشکرا دەکات کە حەز و ئارەزوو و پێویستی تایبەتی هەیە. بە دراوکردنی هێرمۆنتیکی کلاسیکی یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین ئەو پڕۆسانەی کە لەم دەیەی دواییدا سەری هەڵداوە. هونەرمەند لە حەزی بەرهەمهێنەرییەوە دەڕوات بەرەو حەزی بوون بە بەکاربەر. بەرهەمە هونەرییەکان لەلایەن کەنتێنت پرۆڤایدەر (لایەنی دابینکار)ەوە یەك ئامانجی لە پشتە، ئەویش پێشبینیکردنی ئەدگاری بەرهەمە هونەریەکانە و، هەر ئەم پێشبینییەیە بەتەنها پەیوەستە بە بابەتەکەوە چونکە ئەم پێشبینییە قازانج دەهێنێت.

 

بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارانە سەر هەڵدەدەن: کێ چاودێرە لەسەر ئینتەرنێت؟ مرۆڤێك بە تاقی تەنیا ناتوانێ ببێتە چاودێرێكی لەم چەشنە. بەڵام ئینتەرنێتیش خودای پیویست نییە وەکوو چاودێر بەسەرییەوە، ئینتەرنێت گەورەیە بەڵام سنوردارە. لەڕاستیدا ئێمە دەزانین کێ چاودێرە بەسەر ئینتەرنێتەوە: ئەلگۆریزمە، وەکوو ئەو ئەلگۆریزمەی لەلایەن ناسا و گووگڵەوە بەکار دەهێندرێت. بەڵام ئێستا با بگەڕێمەوە بۆ ئەو پرسیارەی پەیوەندی بە حقیقەتی هونەرەوە هەیە-  تێگەیشتنێک بووە  سەبارەت بە  پیشاندانی  سنورداری و  ئەگەرکردنی ئەکشنی  تاکەکان لە جیهاندا. پێشووتر باسی ئەوەم کرد کە ستراتیجییە هونەرییەکان بۆ ئەوە نەخشێندراون تا کاریگەری بخەنە سەر جیهان: بەڕێگای قایلکردن یاخود ڕاهاتن. هەردوو ستراتیجییەکە پێشوەختە خەمڵاندنی ئەوە دەکەن ئەو ناوە دەبێ چی بێ کە (زێدەبینین )ە، وەک بەشێک لە هونەرمەند – بە بەراورکردن لە  گەڵ ئاسۆی ئەو جەماوەرەی هەیانە. ترادسیۆنانە، هونەرمەند وەکوو کەسێکی لە رادەبەدەر نایاب داندراوە کە دەتوانێ ئەو شتانە ببینێ کە خەڵکی ئاسایی و عەوام ناتوانن بیبینن. ئەم زێدەبینینە وا داندرابوو بگوێزرێتەوە بۆ بینەر لەڕێی هیزی وێنەوە یاخود بە زەبری گۆڕانکاری تەکنەلۆجی. هەرچۆنێك بێت، لەژێر مەرجەکانی ئینتەرنێتدا، زێدەبینینە کە لە بەرەی تەماشاکردنی ئەلگۆریزمییەوەیە، چیدی لە بەرەی هونەرمەنددا نییە. ئەم تەماشاکردنە هونەرمەندەکە دەبینێ و نیگای  دەکات ، بەڵام نادیار لە  هونەرمەندەکە. (لانیکەم بەو ڕادەیەی کە هونەرمەند دەست بە درووستکردنی ئەلگۆریزم ناکات، کە دەبێتە هۆی گۆڕانی چالاکی هونەری چونکە نادیارن، بەڵام ویست هەمیشە (دیار) دروست دەکات. لەوانەیە هێشتاکە هونەرمەندان لە خەڵکی ئاسایی زیاتر شت ببینن، بەڵام ئەوان لە ئەلگۆریزم زیاتر شت نابینن. هونەرمەندان ئەو جێگا باڵاو نایابەیان  لە دەست دەدەن، بەڵام ئەو لەدەستدانەشییان قەرەبوو دەکرێتەوە: لەجیاتی  بوونە کەسێکی باڵاو  نایاب، هونەرمەند دەبێتە کەسێکی نمونەیی و نوێنەر. بێگومان دەرکەوتنی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی ڕێخۆشکردن بۆ تەقینەوەی بەرهەمهێنانی هونەری جەماوەریی. لەم دەیانەی دواییدا، پراکتیسی هونەری زۆر بەرفراوان تەشەنەی کردووە کە پێشووتر تەنها دین و سیاسەت ئەوەی بە  خۆیەوە  دیوە. لەمڕۆدا ئێمە لە چاخی بەرهەمهێنانی هونەری جەماوەریدا دەژین وەکوو لەوەی لە چاخی بەکارهێنانی هونەری جەماوەریدا بژین. ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی وێنە لەمڕۆدا، وەکوو وێنە و کامێرا ڤیدیۆی، بە نزیکەیی  هەم هەرزانە وهەم  جیهانییانە بەردەستە. پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێتی ئەمڕۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان  وەکوو فەیسبوك و ئینستاگرام و یوتیوب، ڕێ بە جەماوەر دەدات لەسەر تاسەری جیهان تا وێنە و ڤیدیۆ و نووسینەکانییان جیهانییانە بەردەست بێت، دوور لە کۆنترۆڵ و چاودێری لەلایەن دەزگا و دامەزراوە ترادسیۆنەکان. لە هەمان کاتدا، دیزاینی هاوچەرخ بۆ هەمان جەماوەر وا دەکات شێوە و ئەزموونی باڵەخانە و شوێنی کارکردنەکانییان وەکوو ئینستەڵەیشنێکی هونەری لێبکەن. پارێزی خۆراکی (ڕێجیم)، یاری لەشجوانی و نەشتەرگەری جوانکاری ڕێیان پێدەدات فاشنی جەستەیان بکەن بە ئۆبجێکتە هونەرییەکان. لەم کاتەی ئێستاماندا بە نزیکەی هەموو کەس وێنە دەگرێت، ڤیدیۆ دەگرێت، دەنووسن، چالاکییەکانییان تۆمار دەکەن، پاشان ئەوانەی تۆماری دەکەن لە ئینتەرنێتدا دای دەنێن. لە پێشوودا، باسی بەکاربەری کولتووری جەماوەرمان کرد، بەڵام ئەمڕۆکە پێویستە قسە دەربارەی بەرهەمهێنانی کولتووری جەماوەری بکەین. لەژێر باروودۆخی مۆدێرنیتی، هونەرمەند فیگەرێکی دەگمەن و نامۆ بوو. لەمڕۆدا هیچ کەسێک نەماوەتەوە بەجۆرێك لە جۆرەکان تێکەڵی چالاکی هونەری نەبووبێت. بەمجۆرە، هەموو کەس تێکەڵ بە یارییەکی ئاڵۆز بووە لەگەڵ چاو تێبڕینی (نظرة) ئەویدیکە. ئەمە ئەو یارییەیە کە نموونەییە لە کاتی ئێستاماندا، بەڵام هێشتاکە یاساکانی ئەم یارییە نازانین. هەرچەندە هونەری پیشەگەر  (پرۆفیشناڵ) لەم یارییەدا مێژووییەکی هەیە. شاعیران و هونەرمەندان لە ماوەی ڕۆمانتیکیدا ژیانی تایبەتی خۆیانییان وەکوو کارێکی هونەریی ڕاستی دەبینی. نیچە لە بەرهەمەکەی خۆیدا (لەدایك بوونی تراجیدی)دا دەڵێت: بوون بە کاری هونەری باشترە لە بوون بە هونەرمەند. (بوون بە ئۆجێکت باشترە لە بوون بە سەبجێکت،  دڵخوازکراوبیت باشترە لەوەی دڵخوازکەربیت.) دەتوانین بۆدریار بخوێنیەوە کە باس لە ستراتیجییەکانی فریودان دەکات، هەروەها دەتوانین رۆجەر کایڵیس و ژاك لاکان بخوێنینەوە کە دەربارەی لاساییکردنەوەی خەتەرناک، یاخود دەربارەی چاوتێبڕینە شەیتانییەکەی ئەوی تر بۆناو تەڵەیەک بەهۆی هونەرەوە دەدوێت. بێگومان، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەلگۆریزم ناکرێت فریو بدرێت و بترسێندرێت. هەرچۆنێك بێت، ئەمە ئەوە نییە کە لە واقعدا هەیە. ئێمە وەکوو شتێکی تایبەت و خودی لە پراکتیسی هونەری تێگەشتووین. بەڵام ئایا لە ڕاستیدا خودی و تایبەتی بە مانای چیدێن؟ بەزۆری خودێتی بە مانای جیاوازبوون دێت لەوانی دیکە. (لە کۆمەڵگای تۆتالیتاریدا هەمووان لە یەك دەچن و وەکو یەکن. بەڵام لە کۆمەڵگای دیموکراسی و پڵوراڵیدا هەمووان لە یەك ناچن و جیاوازن، و وەکوو جیاوازێك ڕێزت لێدەگرن). لەگەڵ ئەوەشدا، لێرەدا مەبەستەکە ئەوە نییە تاك لە یەکێکی دیکە جیاوازبێت، بەڵکوو ئەوەیە تاك لە خودی خۆی جیاوازبێت. ڕەدکردنەوەی ئەوەی ناسراو بیت بە گەڕانەوە بۆ بنچینە و ستانداردە گشتییەکانی ناسراوبوون. بێگومان، ئەو پێوانانەی کە شوناسی ئێمە دیاری دەکەن لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، نامۆن بە ئێمە. ئێمە خۆمان ناوی خۆمانمان هەڵنەبژاردووە، شوێنی لەدایك بوون و کاتی لەدایکبوونی خۆمانمان دیاری نەکردووە، خێزانەکانی خۆمانمان هەڵنەبژاردووە، نەتەوەی خۆمانمان هەڵنەبژاردووە و هتد. هەموو ئەم پێوانانەی کەسێتی ئێمە یەکانگیر نابێت لەگەڵ هیچ بەڵگەیەکی سەبجێکتیڤی کە ڕەنگە ئێمە هەمانبێت. ئەو پێوانانە ئەوە دەردەخەن کە ئەوانیتر چۆن ئێمە دەبینن. ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا هونەرمەندە مۆدێرنەکان یاخیبوون لە بەرامبەر ئەو شوناس و پێناسانەی کە دەسەپیێندران بەسەر ئەواندا، لەلایەن کۆمەڵگا و دەوڵەت و خێزان، ئەوەیان سەلماند کە سەربەخۆن لە دیاریکردنی شوناسی تایبەتی خۆیان. بەرەنگاری ئەو بۆچوونانە بوونەوە کە پەیوەندی بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی هونەرەوە هەیە، وەکو پیشەگەرێتی هونەری و کوالێتی ئیستاتیکی. بەڵام بەهەمان شێوە ئەوان ئەو پێناسە کولتووریی و نەتەوەییەیان ڕووخاند کە درابووە پاڵیان. هونەری مۆدێرن وەها  لە  خۆیگەیشتووە کە  بریتییە  لە  گەڕان بۆ  (خودی ڕاستەقینە). لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە ئاخۆ خودی ڕاستەقینە شتێکی ڕاستەقینەیە یاخود فیکشنێکی میتافیزیکییە. پرسی شوناس، پرسی حەقیقەت نییە، بەڵکوو پرسی دەسەڵاتە: کێ هێز و توانای هەیە بەسەر شوناسی منەوە، خودی خۆم یاخود کۆمەڵگا؟ گەر گشتگیرتر بین: ئەوە کێیە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردن و سەروەریی دەدات لەسەر پۆلێنکردنی کۆمەڵگا، یاخود میکانیزمی کۆمەڵایەتیی شوناسکردن کە پێناسمان دیاری دەکات، دەزگاکانی دەوڵەتن یاخود هەر خۆمم؟ ئەو ململانێیەی دژی کەسایەتی پەبڵیکی خۆم و ئەو شوناسە ڕووکەشەی سەربەخۆ بوونی خۆم، یاخود شوناسە سەربەخۆکەی خۆشم ڕەهەندێکی پەبڵیکی و سیاسی هەیە، چونکە ئەوە ئاڕاستەکراوە لە لە دژی میکانیزمی زاڵبوونی پێناسکردن، زاڵێتی پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی، بە هەموو بەشەکانی و پلەبەندییەکانییەوە. دواتر، ئەم هونەرمەندانە وازییان لە گەڕان بەدوای خودی ڕاستەقینەی شاراوە و نادیار هێنا. لە بری ئەوە، دەستییان بە بەکارهێنانی شوناسە ڕووکەشەکەیان کرد، وەکوو (ڕێدی مەید)، بۆ ڕێکخستنی یارییە ئاڵۆزەکەیان لەگەڵ ئەواندا. بەڵام ئەم ستراتیجییە هێشتا وادانانی بێشوناسی دەکات لە شوناسە ڕووکەش و کۆمەڵایەتی و چەسپاوەکان، بە ئامانجی دووبارە پێدانەوەی تایبەتمەندێتی و گۆڕان و هەڵسوڕانی بەشێوەیەکی هونەرییانە. سیاسەتی هونەری هاوچەرخ و مۆدێرنە، سیاسەتی بێ ناسنامەییە. هونەر بە چاودێرە و بینەرەکەی خۆی دەڵێت: من ئەوە نیم کە تۆ بیری لێ دەکەیتەوە (بە دژیەکێکی بەهێز: من ئەوەم کە هەم.) لە ڕاستیدا حەزی بێ ناسنامە و بێ شوناسی حەزێکی ڕاستەقینەی مرۆڤە، ئاژەڵ ناسنامەی خۆی قبوڵ دەکات بەڵام مرۆڤی ئاژەڵ ئەوە قبوڵ ناکات. بەم مانایەیە کە ئێمە دەتوانین دەربارەی فەرمانی نموونەیی و نوێرایەتی هونەر و هونەرمەند قسە بکەین.سیستمی ترادسیۆنی مۆزەخانە دژیەکە لەگەڵ پەیوەندی حەزی بێ ناسنامەیی. لە ڕوانگەیەکەوە، چانسێك پێشکەشی هونەرمەند دەکات بۆ لادان لە خودی کاتی خۆیان، بە هەموو پۆلێن و ناسنامە ڕووکەشەکانییانەوە. مۆزەخانە بەڵێنی ئەوە دەدات بە هونەرمەند کە کارەکەی بباتە ناو داهاتووەوە. لە هەمان کاتدا مۆزەخانەکە ناپاکی لەو بەڵێنە دەکات کە داینابوو بۆی بێنێتە دی. کاری هونەرمەندەکە دەچێتە داهاتووەوە، بەڵام شوناس و ناسنامە ڕووکەشەکەی دووبارە دەسەپێتەوە بەسەر کارە هونەرییەکەیدا. لە کەتەلۆگی مۆزەخانەدا ئێمە هێشتاکە ناوی هونەرمەندەکە و بەرواری لەدایكبوون و شوێنی لەدایکبوون و نەتەوە و هتد. دەخوێنینەوە. (لەبەر ئەوەیە هونەری مۆدێرنە ویستی مۆزەخانە لەناو بەرێت.) با دەرئەنجامێك بکەم بە وتنی شتێکی باش دەربارەی ئینتەرنێت. ئینتەرنێت بە شێویەکی نا مێژوویانەتر لە کتێبخانە ترادسیۆنەکان و مۆزەخانەکان ڕێکخراوە. یەکێك لە سەرنجڕاکێشترین لایەنەکانی ئینتەرنێت وەکوو تۆمارکەرێک و ئەرشیفکارێك، بە وردی نەهێشتنی سیاق و دووبارە سیاقکردنەوەیە لەڕێگای بەکارهێنانی کەت و پەیست (cut, paste) ەوە کە ئینتەرنێت خستویەتییە بەردەستی بەکارهێنەرانی. لەمڕۆدا ئێمە زیاتر حەزمان بە بێ ناسنامەیی و بێ شوناسییە کە ڕێ بۆ هونەرمەند خۆشدەکات بۆ دەرچوونی لەو سیاقە مێژووییەی وەک لەوەی حەزمان بەخودی سیاقەکە بێت.   من پێم وایە کە ئینتەرنێت شانسی زیاترمان پێ دەدات بۆ شوێنکەوتن و تێگەیشتن لە ستراتیجی هونەری بۆ بێناسنامەیی و بێشوناسیی وەک لە ئەرشیفە ترادسیۆنەکان و دەزگاکان.

 

پەراوێز:

١- تاوەری ئایڤۆری (ivory tower): جێیەکی مێتافۆرییە یاخود کەشێکە کە مرۆڤ لەبەر خاتری خۆشبەختی خۆی، خۆی لە دونیای ڕاستی و خەڵک دادەبڕێت، بەزۆری شتێکی عەقڵییە.

٢- تاوەری چاودێری (control tower): ئەو شوێنە بەرزەیە کە لە فڕۆکەخانەکاندا بۆ چاودێری فڕۆکە دادەنرێت، یاخود هەر تاوەری تر کە چاودێری بکات.

٣- چوارگۆشە ڕەشەکە (the black square): نیگارێکی ئایکۆنی کازیمیر مێڵیڤیچە، یەکەمین جۆری لەساڵی ١٩١٥ دا درووستکرا.

٤- دونیای ئۆفڵاین (offline world): لێرەدا بە شێوازە تەکنەلۆجییەکەی باسی لیوەدەکات، دونیای ئۆفڵاین واتە دونیای راستی.

 

سەرچاوە:

https://bit.ly/3G6wGCX

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: