نووسینی: هەندرێن
ئه‌مڕۆ له‌دۆخێکدا ده‌ژین که گه‌ڕان به‌دوای هه‌ڵبژاردنی خودێکی ڕه‌سه‌ن ده‌بێته مایه‌ی دۆستایه‌تی بوونێکی حوزنبارو هه‌ڵبژاردنی ڕامانێک لە خوێنتاڵی. ئه‌و دۆخە ئاسته‌نگێک نییه که مرۆڤ هه‌ر له‌کوردستاندا گیرۆده‌ی بوو بێت، به‌ڵکوو ئه‌وه کێشه‌یه‌که لە سەرەتایەکانی سەتەی بیستدا لە بواری فەلسەفیی و دەروونییەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەمەیش پەیوەندی بە دۆخی کۆمەڵگەی مۆدێرن و لێکەوتەکانییەوە هەیە. له ڕۆژائاوادا بۆئه‌وه‌ی بتوانیت وه‌ک که‌سێک له‌به‌رچاوی ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک و سیستمی باڵاده‌ستی سه‌رمایه‌دارییدا به‌خته‌وه‌ر بیت و له خواسته ڕووکه‌ش و خۆویسته‌کانتدا سه‌رکه‌وتن تۆمار بکه‌یت، ده‌بێت ماوه‌یه‌کی زۆر په‌نا بۆ دکتۆری چا‌ره‌سەریی ده‌روونیی/tarapeft ببه‌یت، که وه‌ک بازاڕێکی بەهەڕمێن، خودی سیستەمی سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌می هێناوه.
ئه‌مڕۆ له‌کوردستاندا بۆئه‌وه‌ی بتوانێت خاوه‌نی ئه‌و خوده خۆویسته خۆتێرکه‌ر و سه‌رکه‌وتووه ڕووکه‌شه بیت/بن، له‌بری دکتۆری چاره‌سەری ده‌روونی، ده‌بێ به‌لێزانی لەگەڵ بۆنە و ئاهەنگە گشتییە ڕووکەشەکان، مۆدەی جلپۆشین، حەزکردن بە گۆرانبێژە باوەکان، خۆکردن بە مشەخۆر، وێنەی سێڵفی لە گەشتوگوزار و نووسەر و دەستەڵاتدارە ناسراوەکان، وەک نووسەر و ئەکادیمیش بۆ ئەوەی سەرنجڕاکیش بیت، دەبێت خۆت بە هاوکۆفی کەسگەلێلی دەستەڵاتدار و سیاسییەکان بیت و بەردەوام وێنەی خەڵاتەکانت لە کۆرس و کۆنفڕانس و ئاهەنگەکانی دەرچوون و پەیوەندییە باوەکان ئامادەییت هەبێت. هەروەک گەرەکە، خاوەن دوا مۆدێلی ئۆتۆمبێل و خانوو، سه‌رکه‌وتنه هه‌سته‌کییه‌کان و… تاد. به‌گه‌رمی ئاماده‌بیت و… هتد.
لێره‌وه له کۆمەڵگەی ئه‌مڕۆی کوردی‌دا، ئاکامی هه‌ڵبژاردنی هزری گەڕان به‌دوای خودێکی ڕه‌سه‌ن و ڕاستینه بۆ تاکەکه‌سه‌کان ده‌بێته مایه‌ی بێبه‌شبوون له‌مافی ژیانێکی خۆکرد و لێوان‌لێو له خوێنتاڵی. هه‌ربۆیه مرۆڤی کورد له دوو هه‌ڵبژاردە زیاتر هیچی تری بۆ نامێنێته‌وه: بۆئه‌وه‌ی وه‌ک که‌سێکی به‌خته‌وه‌ر و سه‌رکه‌وتوو خۆت بناسێنیت، ده‌بێت به‌بێ بوونی هیچ گومانێک بچیته ڕیزی ئه‌و مۆدە و نەریتە باوانەوە کە هەڵبژاردنی خۆت نین.
ئه‌گه‌ریش تۆ وه‌ک که‌سێک که ده‌ته‌وێت ناخت سه‌روه‌رت بێت به‌مه‌یلی ناوه‌کییه ڕه‌سه‌نه‌که‌ت ڕه‌فتار بکه‌یت و خۆت ده‌رببڕیت، ئه‌وه ده‌بێت ده‌ستبه‌رداربیت له مافێک که ناسنامه‌ی تاکەکەسی خۆتە. دواجاریش له ژێر سەرکۆنە ڕه‌قه‌کانی هاوڕێ، خاوەنکار و کارمەندەکان، ماڵ، گەڕەک، شار و دەوروبەرەکەتدا، ناچار ده‌کرێیت له‌گه‌ڵ خودی خۆت، ناسنامه‌که‌ت، زێده‌که‌ت و مانای بوونایه‌تییه‌که‌تدا نامۆ بیت. به‌م جۆره له‌و داوێنگیربوونه به ڕق بارگاویکراوه‌دا، گیرۆده‌ی تەنیایی دەبیت.
ڕاستییەکەی ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ئه‌و نهێنییه‌ی که لە پشتە‌وه‌ی چالاکییه کولتووری، ئەکادیمیی، سیاسی و… هتد. خۆی شاردۆته‌وه، ده‌ربڕینی مه‌یلێکی چالاک و ئیستێتیکییانه نییه، بەڵکوو ڕه‌نگه به‌شێکی فره‌ی ئه‌و چالاکییانه به‌رته‌کێکی کپکراوی ده‌روونیی و دڕدۆنگییه‌کی ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتی کولتووری سیاسیی و جڤاکیی بێت له به‌رانبه‌ر ئه‌وی تردا، چونکه ئاکامی به‌شێکی فره‌ی ئه‌و چالاکییانه، هه‌م له ئاستی ناوه‌کیی خودی کورد و هه‌میش له ئاستی ده‌ره‌کییدا، هه‌میشه بۆشایی و خۆبەجیاواز و باشتر نیشاندان بووه. لێره‌وه ڕه‌نگه به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چین ئەگه‌ر بڵێین، ئەو مۆدە، نەریت، ئاهه‌نگە یه‌ک ته‌رز و گشتییانەی که لە کۆمەڵگەی کوردی‌دا ئامادەییان هەیە، ئەگه‌ر به‌مه‌به‌ستی ورووژاندن و بێزارکردنی “ئه‌وانی تر” نەبن، ئه‌وه له‌دواجاردا مانای بە ئاپۆڕەکردنی خه‌ڵک ده‌گه‌یه‌نن.
چونکه ئه‌و نەریت و مۆدە و ئاهەنگانە بەشێکن لە پڕۆسەی بەگشتییکردنی مرۆڤەکان و مەیلی تاکەکەسەکان. چونکە تۆ ئەگەر وەک تاکەکەسێک هاودەم و هاوڕەوتی ئەو نەریتە گشتییانە نەبیت، دەوروبەرەکەت سەرکۆنەت دەکەن.
به‌هه‌مه‌حاڵ، ئه‌م نووسینه بانگه‌شه بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌و دۆخه ناکات که بوونی کورد به خه‌ون و غه‌مگه‌لێکی ناهاوئاهه‌نگ بووە بە بەرخۆرێکی ناوشیاریی کاڵایە تەکنەلۆژیی و کولتوورییەکان. ئه‌و مه‌یله سنوورداره‌ی که ئه‌م نووسینه گه‌ره‌کییه‌تی بریتییه له:
ئایا مه‌به‌ستمان چییه له هزری بوونێکی ڕه‌سه‌ن؟ ئایا ده‌کرێ به‌خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ مه‌رج و داوایه باوه‌کانی ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک، ئه‌و ته‌رزه بوونە ڕەسەن و ڕاستینه‌یه بخەمڵێنین؟ به واتەیە‌کی تر، ئایا ده‌کرێ له‌م رۆژگاره‌دا، ببین به‌خاوه‌نی ده‌ربڕینی خواست و ویستی ناوه‌کیی خۆمان؟
هه‌وڵده‌ده‌م له‌ڕوانگه‌ی هزری مارتن هایدیگەره‌وه که له کتێبی “بوون و کات”، به زمانی سوێدیی له به‌شی یه‌که‌می کتێبی یه‌که‌مدا باس له‌هزری “egentlighet” و “oegentlighet” ده‌کات، به‌چڕی ئه‌و هزراندنە سەبارەت بە خودی ڕەسەن و ناڕەسەن ڕاڤه بکه‌م. ده‌کرێ به‌کوردیی به ”ڕەسەنایه‌تیی و ناڕه‌سه‌نایه‌تیی” وه‌ریبگێڕین.
وه‌ک ده‌زانین مارتین هایدیگەر، فه‌یله‌سووفی بوونایەتی ئه‌ڵمانیی، له کاره سه‌ره‌کییه‌که‌یدا، “بوون و کات”، که له1927دا چاپکراوه، به‌دوو شێوازی جودا له مرۆڤ ده‌ڕوانێت و به‌مه‌ش بوونایه‌تییه‌که‌ی نمایش ده‌کا. ئه‌وانیش: که به‌سوێدییه‌که‌ی پێی ده‌گوترێ “egentlighet” و “oegentlighet”، یان “ئاوتێنینسینێت”، که هایدیگەر به‌ئه‌ڵمانی به‌ئایگێنتلیشهات Eigentlichkeit پێناسه‌ی ده‌کات. وه‌ک گوتمان ده‌کرێ له کوردییدا به “ڕەسەنایه‌تی” و “ناڕه‌سه‌نایه‌تی”، یان “ڕاستینه” و “ناڕاستینه” وه‌ریانبگێڕین. هه‌رچه‌نده به‌و وه‌رگێڕانه به‌شێک له‌و واتەیە ون ده‌که‌ین که هایدیگەر به هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌واژه‌کانی ده‌یه‌وێت جه‌ختیان له‌سه‌ر بکاته‌وه. هه‌ڵبه‌ت بۆئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی هایدیگەر ڕوون بکه‌ینه‌وه، لێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێین که هایدیگەر مه‌به‌ستی له ده‌سته‌واژه‌ی “ڕەسەنایه‌تی” و “ناڕه‌سه‌نایه‌تی” ئه‌و تشتە ڕەسەنه، یان بێگه‌رده‌یه که وه‌ک خۆیه‌تی، واتە ساخته نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هایدیگەر ده‌خوازێ باسی بکا به هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌واژه‌کانی خۆی زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه.
بنه‌مای هزری هایدیگەر ئه‌وه‌یه که ژیانی مرۆڤایه‌تی هه‌میشه بەتاکەکەسیی کراوه، به‌ڵام هاوکاتیش مرۆڤ له ژیانی هاوبه‌شیدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی تر له نادیاریدا ژیانی له گشتگریدا ده‌توێنرێته‌وه، که هایدیگەر ئه‌و ژیانه گشتییه به “ئەوان”، یان پیاو، به‌ئه‌ڵمانی “Das man” ناودێری ده‌کا. واتا ئێمه له‌بری ئه‌وه‌ی خۆمان ته‌رخان بکه‌ین بۆ ئه‌و توانایانه‌ی که خۆمان سه‌ربه‌خۆیانه تێیده‌گه‌ین و هه‌مانه، که‌چی قسه و ڕه‌فتار ده‌که‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌و نەریت و هێزە باڵادەست و باوانەی کۆمەڵگە، واتە “پیاو”ه ڕەفتار دەکەین. به دیدی هایدیگەر ئێمه خۆمان ده‌دزینه‌وه له‌و بۆچوونه بێ‌ماڵ و ترسناکانه، دواجاریش ده‌بێ ئێمه له‌ژیانماندا بۆ ئه‌و تشتە مردۆخ و ڕووکه‌ش و بووده‌ڵانه مانایه‌کی باش دابهێنین، بۆئه‌وه‌ی به‌و مانایانه‌وە بتوانین بۆ ساتێک خۆمان هێمن و ڕازی بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌و کاره له‌پێناو تێگه‌یشتنێکی قوڵدا ناکه‌ین، بەڵکوو ئێمه ئه‌وه ده‌که‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌و “پیاو”ه ده‌یکات. واتا ئه‌وه ئه‌و “پیاو”ه، واتە نەریتی باوە پێمان ده‌ڵێت که ده‌بێ وا بکه‌ین، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه ئێمه ته‌واو نین، واتا به‌بینینی گشتگیر وه‌ک گشت نه‌که‌ین لێمان تێکچووه. جا ئه‌و ڕه‌فتار و قسه‌کردنانه هه‌ر تشتێک بن، سه‌باره‌ت به کار، سیاسه‌ت، سه‌رۆکایه‌تی و مۆڵه‌قبوون به دیار گۆرانیبێژ و پڕۆگرامه ناسراوه‌کانه‌وه… تاد. ئه‌و دید و ڕه‌خنه‌یه‌ی که هایدیگەر له‌مه‌ڕ ژیانی ڕووکه‌شی و خواستی گشتی و جه‌ماوه‌ر و دیکتاتۆرییه‌ت و … هتد. باسی ده‌کا، ئه‌مڕۆ له ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ باڵاکردنی ژیانی خۆشگوزه‌رانی و ئاسۆ فره‌کانیدا له په‌ڕەسەندندایه، که ئێمه ده‌بێت له‌پێناوی ژیاندا ببینه کۆیله. ڕاستگۆبوون له‌گه‌ڵ خودی خۆت و هاوئاهه‌نگبوون له‌گه‌ڵ بنه‌مای هاواره‌کانی ناخت، ئه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌که که ده‌بێته بارگرانییه‌ک له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاکاره باوه‌کانی وه‌ک مافپه‌روه‌ری، هاوڕێیه‌تی، سه‌رڕاستی، ژیریی و هه‌ستپێکردن. لە ڕۆژئاوادا ده‌رکه‌وتن و به‌ڕه‌واجبوونی چارەسەر‌ی ده‌روونیی “سایکۆته‌رپی” رۆڵێکی گرینگی بۆ تێگه‌یشتن له‌گرینگی ڕاستینه‌ی خود هه‌یه.
ئه‌مڕۆ ڕەسەنایه‌تی سوودمه‌ندییه‌کی ئابووريی و کارگەیەکی سه‌رنجکڕاکێشی هه‌یه: چاره‌سەرکردن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌روونێکی ڕەسەنی خود، فره‌ن، به‌ڵام له شێوه‌کانیاندا هه‌میشه به‌دوای له خۆڕازیبوونه ئاسانه‌کاندا بوونیات نراوه. ئه‌و به‌رنامانه‌ی که بۆ یارمه‌تیدانی خۆچارەسەر‌کردن ئاماده‌کراون، تا بێنه بازاڕ و له‌ئاستی خۆڕازیکردن بفرۆشرێن.
لێره‌دا له په‌یوه‌ندی به ئاماژه زووه‌کانی هایدیگەر سه‌باره‌ت به‌شێوه‌ی ڕەسەنایه‌تیی و ناڕه‌سه‌نایه‌تیی بوون، ده‌کرێ بڵێین که گوتاری/ دیسکۆرسی ڕاستینه‌ی ئێستا له‌چه‌ند شێوه‌دا گۆڕانی به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌و شێوانه‌ش: شێوه‌ی یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که ئێستا ئاخاوتن سه‌باره‌ت به ڕاستینه‌ی خود بۆته ئاخاوتنێکی به‌تاڵ، یان بێ‌مانا، به‌م جۆره ئه‌و “پیاو”ه‌ی که ڕۆژانه پێمان ده‌ڵێ ده‌بێ وا ره‌فتار بکه‌ین و وا بین، ئه‌و خوده ڕاستینەیه‌ی داگیر کردووین. بوون به خۆت بوون بۆته ئه‌و تشتە‌ی که “پیاو ده‌یکا”، ده‌بێ به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت به‌هۆی ئه‌و گوێگرتنه‌وه له خه‌ڵک، به‌دوای چاره‌کردن و گونجاندنی جه‌سته و ڕۆحماندا سه‌رقاڵ ببین. شێوه‌ی دووهه‌میان ئه‌وه‌یه که هه‌وڵدان بۆ ژیانێکی ڕەسەن یان ڕاستینه‌ی سه‌ربه‌خۆ به جۆرێک ده‌بێته خۆپه‌رستیی و خۆویستی. به‌و مانایه‌ی که من ده‌بێت خۆم بدۆزمه‌وه به‌رله‌وه‌ی غەم له یه‌کێکی تر بخۆم. شێوه‌ی سێیه‌میان ئه‌مڕۆ وێده‌چێ ڕەسەنایه‌تیی و بێگه‌ردیی چیتر وه‌ک ئامانجێک مانای نه‌مابێته‌وه، بەڵکوو به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ڕەسەنایه‌تی خود ته‌نیا ڕێگەیەکه بۆ سه‌رکه‌وتنێکی هه‌میشه‌یی، له ڕۆژئاوادا ڕۆڵی گرینگی به‌ڕه‌واجبوونی “چار‌ەسەرکردنی ده‌روونی- ته‌ره‌پی” هه‌ڵگری ئه‌و ئامانجه‌یه که خه‌ڵک بتوانن ئه‌و سه‌رکه‌وتنه به خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ڕه‌فتار و کرده‌کانی ئەو “پیاو”ەدا به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام له کوردستاندا ڕه‌نگه ئه‌و ڕێگەیە بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه خۆکردنه مشه‌خۆر، واتا شێوه‌ی خۆبه‌مشه‌خۆرکردن له ڕێگەی پەیوەندییە سیاسیی، ئه‌و خه‌ڵات و ئاهه‌نگ و یادکردنه‌وه و فیستیڤاڵ و کتێب واژۆکردن، پەیوەندییە باوەکانی کۆمەڵایەتیی، مۆدە باڵادەستە بە کۆمەڵییەکان و… تاد. نموونەگەلێک بن لەوانەی کە لە ڕۆژئاوادا هەن.
مه‌به‌ست له‌و پێشه‌کییه سه‌باره‌ت به‌قسه‌کردن له‌سه‌ر “ڕەسەنایه‌تی” لای هایدیگەر، مانای ئه‌وه نییه که کتێبی “بوون و کات”ـه‌که‌ی ئه‌و ته‌نیا هه‌ڵگری چاره‌کردنی ئه‌و کێشه‌یه بێت. ڕەنگە پیاده‌کردنی پڕۆژه‌یه‌کی له‌مجۆره غەمی هایدیگەر نه‌بوو بێت، به‌ڵام ده‌کرێ بپرسین ئایا ئه‌مڕۆ ڕاستینەی خود وه‌ک چه‌مکێک واتەیە‌کی ماوه له هزردا؟ دواجاریش ئایا ئه‌مڕۆ کارێکی ڕه‌وایه له پێناو ڕەسەنایه‌تیی خودی خۆماندا هه‌وڵبده‌ین، هه‌رچه‌نده به‌و کاره‌شمان خه‌ڵکانی تری ده‌وروبه‌رمان داماو و مافخوراوتریش بن؟
لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین که مه‌به‌ستمان له ڕه‌سه‌نایه‌تی خود، لە ئاستی ڕۆژئاوادا ئه‌و لێکترازانه‌ی نێوان ناوه‌کیی و ده‌ره‌کیی خودی مرۆڤه که له‌م ڕۆژگاره‌دا ئه‌و مانایه‌ی له ده‌ستداوه که پێشتر له ڕێگەی هێزێکی باڵای وه‌ک ئایین و ڕوانگه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی ئایدیالییه‌وه ده‌یبه‌خشی، به واتەیە‌کی تر له ئاستی مێژووی هزردا ڕۆسۆ وه‌ک ئاگۆستینۆس له دڵه‌وه به دوای خواوه سه‌رقاڵ نه‌بوو، بەڵکە ڕۆسۆ به دوای سروشتێکی له‌ده‌ستچوودا سه‌رقاڵبوو که واتایەکه‌ی ئه‌وه نه‌بوو که ئه‌و سروشتە به ئه‌زموونگەرییه‌کانی زانستزانێک به‌ده‌ست بهێنێته‌وه. بۆ نموونه لای ڕۆمانتیکه‌کان ئه‌و خوده شیکردنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی سروشت بوو، بابه‌تی سه‌ره‌کی لای ئه‌وان ده‌به‌سترێته‌وه به‌ده‌ربڕینی خود، واتا هه‌وڵدان نه‌بوو بۆ گه‌ڕان به‌دوای دیوی ناوه‌کیی سروشتدا، بەڵکە ئه‌و گه‌ڕانه واتای کرده‌یه‌کی هونه‌رییانه‌ش بوو، که له‌وێدا داهێنان ئه‌و ناوه‌کییه‌ی وه‌ک به‌رهه‌مێک بۆ ده‌ره‌وه ده‌رده‌بڕێت، که ئه‌مه‌ش مانای ئەفراندنی ئه‌و که‌سایه‌تییانه بوو. به‌م چه‌شنه بوونه مرۆڤ، بوون به‌خۆت، کارێکه که ناوه‌وه‌ی خۆت بۆ ده‌ره‌وه ده‌رببڕێت، یان ئه‌و ناوه‌کییه له‌ده‌ره‌کییه‌که‌تدا به‌رجه‌سته بکه‌یته‌وه. جوداکردنه‌وه‌ی ناوه‌کیی و ده‌ره‌کیی تەنێ بوونی هزریه‌ک ناگه‌یه‌نێت له‌مه‌ڕ ڕەسەنایه‌تیی خود، بەڵکە هزرێکە که واتای ژیانێک و بوونی خودێک “من”ێکیش به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. ئێمه بوونێکی ده‌ره‌کییمان هه‌یه، که نه‌ک ته‌نیا هه‌ر بۆ خودی ئه‌و منه‌ی خۆمان بینراوه، بەڵکە به‌شێکی بۆ ئه‌وانی تریش بینراوه، هه‌روه‌ها ناوه‌کییه‌کی قووڵ و ڕاسته‌قینه‌تر هه‌یه، که ده‌کرێ ته‌نی به هونه‌ر و ورده‌کارییه‌کی تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ر بکرێت.
تیۆریی فرۆید له‌مه‌ڕ پریشکی نائاگایی له‌ژێر ئاگاییدا جه‌خت له‌سه‌ر به دواگەڕانی ڕەسەنایه‌تی ده‌کاته‌وه. نائاگایی ئه‌و ناوه‌کییه، که غه‌ریزه مه‌سته‌کان له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام هاوکاتیش لێوانڕێژه له تشتە قه‌ده‌غه‌کراو و ترسناکه‌کانیش.
بوونخواز “ئێگزیستێنسیالیست”ه‌کان، له‌وانه سارته‌ریش، هزری ڕەسەنایه‌تی خود ناخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ته لای ئه‌و بیرکردنه‌وه له سروشتی ناوه‌کییه‌ت ده‌کرێت به‌شێوه‌ی ئه‌رکۆلۆژییه‌کی، هەڵکپڵینێکی که‌سایه‌تییانه شی بکرێته‌وه. ئه‌و منه ڕەسەنایه‌تییه لای ئه‌وان، به‌تایبه‌تی لای سارته‌ر، به ڕێگەی ئازاديی ده‌خوڵقێنرێت، که به‌مه‌ش ئه‌و منه ڕەسەنه خۆی له گێربەستی کۆمه‌ڵایه‌تیی و بیروڕای سیستمه ساخته‌کاندا به‌دوور ده‌گرێت و له بری ئه‌وه گرینگی به‌خودی خۆی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و گرینگی پێدانه به جۆرێک له جۆره‌کان ته‌واو له مانا به‌تاڵه. ئه‌و به‌تاڵییه‌ش که ده‌بێ به مانای تایبه‌تی ئه‌و منه پڕ بکرێته‌وه.
لێره‌دا یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هزری سروشتی ناوه‌کیی له‌سه‌ر حیسابی هه‌موو ڕێگە کارایه‌کانی ژیانێکی ڕەسەن دێته ئاراوه. هه‌ستی بوونه نووسه‌رێکی مشه‌خۆر، شاعێرێکی یاخی، پۆلیسێکی به ئاگا، یان هه‌ر جۆره کار و پیشه‌یه‌ک، ده‌بێته تاکه گۆچانێک که خۆتی پێوه بگریت. ڕەسەنایه‌تی سارته‌رییانه، که ده‌کرێ وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له‌چه‌مکی ڕەسەنایه‌تی هایدیگەر سه‌یری بکه‌ین، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ی که پێشتر ئاماژه‌م پێ کردن وه‌ستاون، واتا ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ داخوازییه باوه‌کان، ئایینداریی. خۆویستی یان خۆپه‌رستی و گه‌ڕان به دوای سه‌رکه‌وتندا. لێره‌دا ده‌کرێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین له‌و سه‌رده‌مه‌ی که له‌ڕۆژئاوادا به پۆستمۆدێرنیزم ناو ده‌بردرێت، زیاتر ڕه‌خنه له سارته‌ر ده‌گیرێت له‌سه‌ر سۆبیکتیڤیه‌ت/ خودخوازیی، به‌ڵام ئه‌وه له ئاستی ئاکامگیریی ڕه‌وشتییه‌وه فره ئاقاره. پۆستمۆدێرنیستگه‌لێکی وه‌ک لیۆتار، دوللز، فۆکۆ، دێریدا و ئه‌وانی تر له بری بنه‌مایه‌کی جێگیر ئاماژه به دژی داڕێژانه‌وه‌ی خود وه‌ک شوێنی یارییه‌ک ده‌که‌ن.
به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتەیە نییه که ئه‌وان به‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و شێوانه خودی خۆیان دروستکردبێت. مرۆڤ ده‌توانێ سه‌باره‌ت به‌وه یه‌خه‌ی ئه‌و هزرە پۆستمۆدێرنییه بگرێت، چونکه ئه‌وه هه‌میشه سۆبژه، منێکه که ڕه‌فتار ده‌کا و قسه ده‌کا.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌و کاته‌ی که ڕەسەنایه‌تی خود به‌ڕووکه‌ش ده‌کرێت و له دیارده‌ی خۆهه‌ڵواسین و وابه‌سته‌یی به گرووپ و بۆنە نەریت و گشتتیەکان ده‌بینرێت، چۆن چه‌مکی ڕاستینەیی ده‌توانێت جه‌وهه‌رێکی ڕەسەن به‌رجه‌سته بکاته‌وه؟ ده‌کرێ بڵێین ڕەسەنایه‌تی بوون “ئاوتێنسێتنێت” به بڕیاردان به‌ده‌ست خۆته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، یان به خۆکردنه سه‌رۆک له‌سه‌ر خۆتدا: واتا گوزاره‌کردن له خۆت، به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، که ئه‌مه‌ش له داهێنانێکی ڕۆمانتیکییانه‌دا ده‌خەمڵێت. ئه‌و گوزاره له‌خۆکردنه‌ش ته‌نیا له سنووری به‌رهه‌مێکی هونه‌ری یان ئه‌ده‌بیدا ته‌سک نابێته‌وه، بەڵکە سه‌رتاپای ئه‌و ژیانه به‌خۆوه ده‌گرێت که که‌سێک له ڕێگەی ڕه‌فتاره‌کانییه‌وه ناسنامه‌که‌ی بوونیات ده‌نێت. لێره‌دا ڕەسەنایه‌تیی و ڕاستینەیی بوونێک ته‌نیا مانای ڕامانێکی ناوه‌کی نییه، بەڵکە مانای ڕه‌فتار و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌گه‌یه‌نێت: تۆ به‌وه‌ی که ده‌یکه‌یت ده‌بیت به‌خودی خۆت. ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ش به ڕه‌فتارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا شێوه ڕاستینەییه‌که‌ی خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. ئه‌و چه‌شنه خۆنواندنه له مامه‌ڵه‌کردندا ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی پێشکه‌ش به‌ئێمه ده‌کات: تۆ به‌شێوه‌یه‌کی ڕەسەن به رێگەی گه‌شه‌دان به‌مێژووه‌که‌ت خودی خۆت وێنە ده‌که‌ی، که ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ مێژووه‌که‌ی خۆتدا هاوئاهه‌نگ بێت.
هه‌ستی ژیان ده‌بێت به بنه‌مای هزرێکه‌وه گرێ‌دراو بێت و له ژیاندا ئه‌و ڕەسەنایه‌تییه واتەکەی به‌رجه‌سته بکاته‌وه. به‌های ئه‌مه‌ش ته‌نیا له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا ده‌ناسرێته‌وه، چونکه ئه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و ژیانه پێکه‌وه‌ییه‌ی که له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا کۆمانده‌کاته‌وه.
لێره‌دا بوونی ڕەسەنایه‌تی هه‌ر ته‌نیا نابێته جۆره که‌سایه‌تییه‌ک، بەڵکە ده‌بێته به‌رپرسیارێتییه‌کی چڤاکیش، ئه‌مه‌ش پرسی به‌دیهێنانی خودی خۆمانه، به‌ڵام مرۆڤ ده‌بێت له په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌وه به‌ده‌ست بێنێت.
به‌مجۆره ئه‌م باسه به هه‌ڵوه‌سته‌کردنێک له‌مه‌ڕ کێشه‌ی ڕەسەنایه‌تی بوونی ئه‌و کۆی تاکانه‌ی که وه‌ک پێداویستییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکه‌وه هاوژیانن، به‌نمایشکردنی کاکڵه‌ی هزرەکان ده‌گات. هه‌ڵبه‌ته ژیانێکی ڕەسەن و ڕاستینەیی بۆ هه‌مووان گرینگیی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ته‌رزه ژیانه به‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت که من ده‌ستنیشانی ئه‌وه بکه‌م که من کامه به‌ها، ڕاستی، دۆستایه‌تی، بڕواداری، زیره‌کی، هه‌ڵوێست و…. هتد، هه‌ڵده‌بژێرم. بۆیه ئه‌مڕۆ مرۆڤی کورد به‌گشتی و به‌تایبه‌تییش توێژە خوێندەوارەکان، خو‌ێندکار، نووسەر، ئەکادیمیی، کارمەندانی زانستگە و… تاد. پێویسته خۆیان بکەنە خاوه‌ن ڕوانگه‌یه‌ک، ڕامانێکی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌وه بتوانن وێنە ناوه‌کییه ڕەسەنه‌که‌ی خۆیان ده‌رببڕن، چونکه ئه‌مڕۆ دیارده‌یه‌ک بەهەڕمێنە، که ئه‌گه‌ر تۆ که‌سێکی لەو چه‌پڵه‌ڕێزان و په‌سندانه دوور له ده‌ستپێوه‌گرتنانه‌ی که له‌زار و ده‌ستی ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵک و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی شه‌پۆڵده‌ده‌ن ئامادەییت نەبیت، ئه‌وه له‌بری ڕه‌چاوکردنی مافی هه‌ڵبژاردنێکی ژیانی ڕەسەن و ڕاستینە، وه‌ک که‌سێکی، یان بوونێکی خوێنتاڵ، گومان‌لێکراو و سه‌رنه‌که‌وتوو پێناسه ده‌کرێیت و ناسنامه‌ی بوونایەتی خۆت، نووسەرێتی، ئەکاددیمیی و بگرە کورد- بوونییشت بێڕه‌واج ده‌کرێت.