مارتین هایدیگەر و دیموکراسی

812
0
بڵاوکردنەوە:

یاخود ڕابەرایەتیی شوانان

فەتحی مسکینی

وەرگێڕانی: سامان عەلی

(تەکنەلۆجیا لە ڕووی بوونییەوە شتێکە کە مرۆڤ لە خۆیدا ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.” هایدیگەر لە “دەوڵەتی تەکنەلۆجیی”دا لە “پۆلیس”ێک بەولاوە زیاتر نابینێت، پۆلیسێک کە خۆی لە ئاست تەکنەلۆجیادا گوێڕایەڵترین و نابیناترین پۆلیسە. چونکە دەوڵەتی تەکنەلۆجیی دەوڵەتێکی بێنیشتیمانە.)

جارێکیان هانا ئارێنت، بە چەشنێکی بایۆگرافییانە، وتی: “هیوادارم هایدیگەر دواهەمین ڕۆمانسییەکان بێت” ئێمەیش لای خۆمانەوە ئەم ئومێدە بەرەو گریمانەی پرسیارێکی قووڵ و ڕیشەییتر پاڵدەنێین و بەم جۆرە دادەڕێژین: هایدیگەر “دواهەمین خۆرهەڵاتییەکانە” یاخود “دوایین یەکتاکانە”، بە واتا گەوهەریی یان سەرەکییەکەی ئەم پەیوەندییە لە ئاسۆی خۆرئاوا و مرۆڤایەتیی ئێستادا.

خۆرهەڵاتییە یەکتاکان، هاوکات ئێمە لێرەدا پشت بە لێکۆڵینەوەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێشی میشێل فوکۆ دەبەستین لە ژێر سەردێڕی: “دەربارەی کۆ و سەبارەت بە تاک”: ڕووەو ڕەخنەکردنێکی ئەقڵی سیاسیی (کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٧٨ دەگەڕێتەوە)، ئەوە ئەوانن کە نموونەی پادشا-شوانle roi-pasteur یان داهێنا، ئەوانن بەو چەشنە لە سیاسەت گەیشتن کە شوانییە pastoratنەك دەوڵەتEtat . ئەمەیش نموونەیەکە کە نەتەوە خۆرهەڵاتییە دێرینەکان، لە نموونەی؛ میسر و سوریا و بابل و یەهودا، بەخۆیانەوە بینیوە. لە سەرەتادا خودا-شوان پاشان پادشا-شوانی مرۆڤەکان. بەو جۆرەی کە فوکۆ، لە سەروبەندی بەراوردی ورد لەگەڵ بیری سیاسیی یۆنانییدا، باس لەوە دەکات.

ڕێکەوتیش نییە کە یەکەمین پێناسەی فەلسەفییانەی خۆرئاوایی بەرفراوانی سیاسیی لە گفتوگۆ سیاسییەکەی ئەفلاتون دەربارەی ڕەخنەکردنی نموونە خۆرهەڵاتییەکەوە سەرچاوەی گرت کە بەربنەمای بیرۆکەی “پادشا-شوان”ە le roi-pasteur، واتە ئەو سیاسییەی کە بەو چەشنە لە سیاسەت دەگات کە یەکێکە لە هونەرە شوانکارەییەکان arts pastoraux، پاشان ئەو کەسەی کە بەوپێیە فەرمانڕەوایی دەکات کە “شوان و گۆشکاری مێگەلی مرۆییە”. تێزەکەی ئەفلاتون-یش، لێرەدا ئەفلاتون جیاوازە لە ئەرستۆ کە بەتەواویی بێدەنگیی لە نموونەی شوانکارەیی دەکات، ئەوەیە کە سیاسیی ڕکابەرێک نییە لە کایەی هونەری پەروەردەکردنی کۆمەڵاندا، چونکە جیاوازیی نێوان پادشا و ستەمکار وەك جیاوازیی نێوان سیاسەت و شوانییە: جیاوازییە لە نێوان ئەو شتەی کە بە “هونەری پاراستنی مرۆڤ”ی ناودێر دەکات لەگەڵ شوانییدا بەوپێیەی کە، بە چەشنێکی میمێزیسانەی بەد، بازنەی “پەروەردەکردنی مێگەلەکە” و “لەوەڕاندنی” ناترازێنێت. هونەری پاراستنی مرۆڤەکان بەوپێیەی کە “شارستانیین” واتە هاونیشتیمانیی شارانن، سیاسەت و پیشەی سیاسییە. یەکتاکان “شوانکارەکانن” بە پلەی باڵا. لەبەرئەوە دەتوانرێت گریکەکان، بەو چەشنەی کە تایبەتمەندیی تەواوەتییان لای ئەفلاتون بەتایبەتی لە نێو گفتوگۆی سیاسییدا دەرکەوت، بەو جۆرە پێناسە بکرێن کە؛ “شارستانیین” بە پلەی باڵا. لێرەیشدا بەراوردی نێوان شوانکارەیی یەکتایی و شارستانیی گریکیی دەبێت بە تەوەری هەر ناڕۆشنیی و ئاڵۆزییەکی خۆرئاوایی چیەتیی سیاسیی بەگشتیی و، واتای “ڕابەرایەتیی” بەتایبەتیی. خاڵی ئاڵۆزیی سیاسیی لە نێو ئاسۆی مرۆڤایەتیی خۆرئاواییدا لە سەردەمی ئەفلاتونەوە، ئەمەیە: ڕزگارکردنی “سیاسیی le politique لە شوانکارەیی le pastoral، بە دەربڕینێکی وشە بە وشانە و زاراوانەی وردتریش، واتە؛ گەڕاندنەوەی “پۆلیتیکیی”ە بۆ پۆلس Polisو، پاشان ڕزگارکردنی “شارستانیی”ە لە “شوانکارەیی”. هەر ئەمەیشە مەرجە گەورەکەی فەلسەفەی سیاسیی خۆرئاوایی لە ئەفلاتونەوە تا سلۆتەردایک (لێرەدا مەبەستمان لە دەقەکەیەتی “ڕێسا بۆ کۆمەڵی چەشنی مرۆیی”). هەر بۆیە پرسی ڕابەرایەتیی لەدواییدا لەسەر ئاستێك دەخرێتەڕوو کە تیایدا، مەرجکردن لەسەر ڕزگارکردنی سیاسیی لە نموونەی شوان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. بەڵام ڕەنگە لێرەدا پێویستمان بە گریمانەیەکی تر یاخود گریمانەی دووەم هەبێت کە ئەمەیە: ڕابەرایەتیی، وەک ڕاز و نهێنییەک، خواستێکی ڕۆمانسییانەی یەکتایانەی خۆرهەڵاتییانەیە دەربارەی چالاککردنی نموونەی شوانکارەیی لە ڕێگای سەرلەنوێ هێنانەوە و گەڕاندنەوەی کەسێتیی پادشا-شوانەوە. پێناسەکردنی ڕابەریش بە پلەیەکی باڵا، پێناسەکردنێتی بەوەی کە ئەمەیە: سیاسیی/شوان: ئەو شوانەی کە فوکۆ توخمەکانی لەوەدا کۆدەکاتەوە کە هەژموون دەکات بە سەر مێگەلەکەیدا و، کۆیدەکاتەوە و، لێیدەخوڕێت و، پاراستن و پاسەوانیی بۆ دەستەبەر دەکات و، دەسەڵات بە سەریدا بە “ئەرک” و بەڵێنێکی ڕۆحییانە تەماشا دەکات.

پێدەچێ هایدیگەر-یش، لە نێو نووسینەکانی پاش ساڵی١٩٣٣دا، سەرەنجام هێنانەوەیەکی ئاشکرا فەرهەنگی شوانکارەیی هێنابێتەوە، هەڵبەتە نەك بەتەنها لەو دەستەواژە یاخود وتە بەناوبانگەدا کە دەڵێت: “مرۆڤ سەرداری بوونەوەر نییە. بەڵکو مرۆڤ شوانی بوونە” (لە: پەیامێك دەربارەی مرۆگەرایی-دا). بەڵکو دەستەواژەکانی؛ “ڕابەرایەتیی” و “گوێڕایەڵیی” و “کۆمەڵ” و “گەل” و “نەتەوە” و “چارەنووس” و “پاسەوانیی” و “پاراستن” و “پارێزگاریی” و “هۆشداریی” و “بوێریی” و “یەکێتیی” و “مەترسیی” و “ماڵ” و “زەوی” و “ڕێگا” و “گەڕانەوە بۆ ماڵ” و .. هتد، کە کەرەستەکانی دووەمی بیرکردنەوەی هایدیگەرن لە مێژووی بوون، سەرجەمیان بنچینە و ڕەسەنێکی شوانکارەییان هەیە و، هیچ فڕێکیان بە شارستانییەوە نییە. بە مەزەندە و باوەڕی ئێمە، هەر ئەمەیشە سەرچاوەی ئەو گەزەنەی کە تێکەڵاوبوونی هایدیگەر بە ئاسۆی “شۆڕشی کۆنەپارێزانە” بەگشتیی و، لە فۆڕمە نازییەکەیدا بەتایبەتی، دروستیکرد. هایدیگەر چۆن گەیشتە ئەو باوەڕەی کە پێی وا بێت دیدار و بەیەکگەیشتنی نێوان خودی نوێ و تەکنەلۆجیای چڕکراوە لەسەر ئاستێکی جیهانیی، ڕووداوێکی میتافیزیکییانەیە بەو قەبارەیەی کە فەیلەسووفێکی لە سەنگ و قورسایی ئەودا دووچاری کەوتنە چەوتیی لە سەنگاندنی بزاوتی نازیزمدا کرد و، لە سەرەتادا بەو چەشنە لە نازیزم گەیشت کە دەهێنێت و شیاوە بۆ ڕێبەرایەتییکردنی مرۆڤی ئەوروپیی بەرەو چاکسازییکردنی چاخی نەهیلیزم بەیاریدەی سەرکردایەتییەکی ڕۆحیی کە توانای پاراستنی بوونی لە ئاسۆی ئێستای مرۆڤایەتییدا هەبێت؟ لە ڕووی بایۆگرافییەوە چەوتییەکەی ساڵی١٩٣٣ و پاشان شێوازی هایدیگەر لە لێکدانەوەیدا لەدواییدا، بەو جۆرەی کە خودی هایدیگەر خۆی لە ساڵانی پەنجادا ئەوەی خستەڕوو، بۆ سروشتی ئەو خوێندنەوەیە دەگەڕێتەوە کە کتێبەکەی ئێرنست یۆنگار Jünger دەخوێنێتەوە، واتە کتێبی “کارگەر” Der Arbeiter (ساڵی١٩٣٢ چاپ و بڵاوبووەتەوە)، کە تیایدا کەسێتیی کارگەر/جەنگاوەری نوێی تێدا خراوەتەڕوو وەك بەرجەستەیەکی ویستی هێزی نیچەییزم و گەیاندنە کەماڵی میتافیزیکی خودگەرایی هیگڵیزم بەربنەمای تەکنەلۆجیای جیهانیی، پێشتر یۆنگار ڕشتەیەکی سەرەتایی هەمان کتێبی لە ساڵی ١٩٣١دا لە ژێر ئەم ناونیشانە سەرنجڕاکێشەدا خستبووە ڕوو: “سازدانی گشتیی ” Die Totale Mobilmachung، La Mobilisation totale ). یش ئەو ناونیشانەیە کە سلۆتەردایک سەرلەنوێ هێنایەوە بواری خزمەت لە ساڵی١٩٨٩دا، لەو وەرگێڕانە فەڕەنسییەدا کە بۆ کتێبەکەی”یۆرۆتاویزم Eurotaoismuی سلۆتەردایك لە ژێر ناونیشانی “سازدانی ناکۆتا la mobilisation infinite”دا کرا، وەك دەستپێوەگرتنێکی ئاشکرا و ڕژدانەی ئەوەی کە سەردەمە نوێیەکان پێویستە بەو شێوەیە لێکبدرێنەوە کە جۆرێکن لە “سازدان”ی گشتیی و ناکۆتا، واتە سازدانی جیهانیی.

بزاوتی نازیزم، لێرەدا هایدیگەر بزاوتی کۆمۆنیزم و هەروەها بزاوتی ئەمەریکایزمیش هەڵاوێرد و بەدەر ناکات بەو جۆرەی کە لە چاوپێکەوتنی ساڵی١٩٦٦دا هاتووە، ئەنجامێکی مێژووگەرانەی بەیەکگەیشتن و دیدارێکە لەگەڵ تەکنەلۆجیای جیهانییدا. بەڵام هۆشیاریی بزاوتی نازیزم بە خۆی لە ڕاستییدا پراکتیککردنێکی بەدی نموونەی کارگەر/جەنگاوەرە بەگوێرەی ویستی هێز بەوپێیەی تاکە چارەسەری پیادەکردنی نەهیلیزمێکی چالاکە بەو واتایەی کە نیچە کردویەتییە مەرج واتە لەپێناوی ژێرەوژوورکردنی هەموو بەهاکان و دروستکردنی تابلۆیەیکی نوێ بۆ ژیان لەسەر زەوی کە توانای ڕەتبوون لە دواهەمین مرۆڤەوە بەرەو سەروو مرۆڤ بڕەخسێنێت. ئەمە ئەو شتەیە کە هایدیگەر تەنها لەدوای ئەوەی کە کار لە کار ترازا ئەوجا دەرکی پێ کرد. هەر ئەمەیش بوو لەو دەستەواژەیەدا ددانیپێدانا کە لە ساڵی١٩٥٣دا گێژەڵوکەیەکی گەورەی دروستکرد لە کاتی بڵاوکردنەوەی وانەی هاوینی ساڵی١٩٣٥دا. بەڵام ئەو شتەی کە دروست لێرەدا لامان گرنگە ئەوەیە کە ئەم دەستنیشانکردنە تەنها بایۆگرافییانە نییە بەڵکو پاڵی هایدیگەریشی نا داوەرییەکی یەکجار نائومێدکەرانە دەربارەی دیموکراسی وەك ئاسۆیەکی گونجاو بۆ پێکەوەژیان لەسەر زەوی بکات. شکستی “سەردەمی نوێ” تەنها لە بێنرخکردنی چیەتیی زانستی خۆرئاواییدا نییە لە پاراستنی بوونەوە بۆ ئەژمار و لەقوتونانی تەکنەلۆجیی بێزارکەری هێزی بوونەوەر لە نێو “گیشتال Gestell”دا، بەڵکو لە جێنشینبووندایە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئامێزی “دەوڵەتی تۆتالیتار”دا کە هەموو چرکەساتێك گەوهەری تەکنەلۆجیا وەردەگۆڕێت بۆ بونیادی مەترسیی و هەژموون و پاشان بۆ بونیادی پێلێنانێکی قووڵ بە بێتوانایی لە گەڕاندنەوەی خودی تەکنەلۆجیا خۆیدا بەرەو سروشتی بوون وەك شیانێکی خۆبەخۆ و تەندروست و پاشان پیرۆز تیایدا. دەربارەی شکستهێنان لە ئاست شیانی جڵەوکردنی تەکنەلۆجیای جیهانیی، هایدیگەر دەڵێت: “هیچ کەس، تەنانەت هیچ بڕێک لە خەڵکیی و، هیچ دەستەیەك، تەنانەت ئەگەر لە مەزنترین پیاوانی دەوڵەت و زانا و تەکنیککاران پێکهاتبێت، هەروەها هیچ کۆڕ و کۆنگرەیەکی خاوەن پیشەسازییان و ئابوورییان دەتوانێت ڕێچکەی مێژوویی چاخی ئەتۆمیی جڵەو یاخود ئاراستە بکات. هیچ ڕێکخراوێکی مرۆیی پەتیی نییە بتوانێت جڵەوی داوەرییکردنی سەردەمەکەمان بگرێتە دەست”. سەبارەت بە شکستهێنانیش لە دەرچوون و دەربازبوون لە ئاسۆی دەوڵەتی تۆتالیتار بەیارمەتیی دیموکراسی، هایدیگەر لە ساڵی١٩٦٦دا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی دێرشپیگڵ-(واتە: ئاوێنە)دا دەڵێت: “ئەوە بە لای منەوە پرسێکی گرنگە کە بزانین چۆن سیستەمێکی سیاسیی گونجاو بۆ چاخی تەکنەلۆجیی بدۆزینەوە و ئەو سیستەمە چ سیستەمێک دەبێت. من هیچ وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارە نازانم. پێیشم وا نییە کە ئەو سیستەمە سیستەمی دیموکراسیی دەبێت.[..] من [چارەسەری لەو جۆرە] “ناو لێدەنێم چارەسەری میان ” (des demi-mesures)، چونکە من لە هەموو ئەوانەدا هیچ بەقسەهێنانێکی ڕاستەقینەی جیهانی تەکنەلۆجیی نابینم و، لەبەرئەوەی کە، بە بڕوای من، لەپشت هەموو ئەوانەوە، ئەو بیرۆکەیە هەیە کە دەڵێت تەکنەلۆجیا لە ڕووی بوونییەوە شتێکە کە لە دەستی مرۆڤدایە. بە بۆچوونی من ئەوە شیانی نییە. تەکنەلۆجیا لە ڕووی بوونییەوە شتێکە کە مرۆڤ لە خۆیدا ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.” هایدیگەر لە “دەوڵەتی تەکنەلۆجیی”دا لە “پۆلیس”ێک بەولاوە زیاتر نابینێت، پۆلیسێک کە خۆی لە ئاست تەکنەلۆجیادا گوێڕایەڵترین و نابیناترین پۆلیسە. چونکە دەوڵەتی تەکنەلۆجیی دەوڵەتێکی بێنیشتیمانە. لەبەرئەوەی هیچ کارێکی تر ناکات تەنها ڕیشەکێشکردنی مرۆڤ نەبێت لە کەلتووری تایبەت بە خۆی و توڕیهەڵدەداتە نێو جیهانێکی میکانیکییەوە کە تیایدا هەموو شتێك بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی تایبەتی پەیوەندیی مرۆڤ بە زەوییەوە کار دەکات. دەوڵەتی تەکنەلۆجیی مرۆڤێکی بێزەوی دەخوڵقێنێت. ئێستا چۆن لەو ڕەخنەکردنە بگەین کە هایدیگەر ڕەخنەی دیموکراسیی دەکات وەك چارەسەرێکی گونجاوی سیاسەت لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا؟ دەشێت لێرەدا کەڵک لە هەندێک لە ڕوونکردنەوەکانی ژاک دێریدا وەربگرین لە نێو بەشی٤ی کتێبی “سیاسەتەکانی دۆستایەتیی”دا سەبارەت بەو “ڕاڕایی”ەی کە “بەناوی دیموکراسییەوە” نیشتەجێی ئاخاوتنی یۆنانیی بووە. چونکە دیموکراسیی مەزەندی “دیمۆگرافیا” و “ژمارە” دەکات، لەبەرئەوەی بەردەوام، بەگوێرەی دەربڕینەکەی میسعەدی، خۆی لە چەشنێك لە “ئەزموونی ژمارەدا” پاچڤە دەکات، “گەل”یش هیچی تر نییە بێجگە لەو ژمارەیەی کە دەیەوێت تەرزێکی باڵاتر لە “برایەتیی” یاخود “دەستە” یاخود “دۆستایەتیی” وەك ئەستەمێکی ژمارەیی، بونیادبنێت، یان بەگوێرەی دەربڕینەکەی دێریدا: “پرسەکە پەیوەستە بە گەلەوە لەو لایەنەوە کە لەگەڵ خۆیدا تەماهیی دەکات (en tant qu’il s’identifie)، لەو ڕووەوە کە ئەو چییە یاخود دەیەوێت چی بێت”. بەڵام ئەوە چەمکی “گەل” بوو کە لە ساڵی١٩٣٣دا هایدیگەری بەرەو نەتەوایەتیی ڕێبەریی کرد. لەو کاتەیشەوە هایدیگەر ئەوەی بۆ دەرکەوت کە “نیشتمان”، لە ڕووی چیەتییەوە، کێشەیەکی نەتەوەیی نییە. بەڵکو بە شتێکی قووڵتر و مەترسیدارترەوە پەیوەستە کە ئەویش ڕێکخستنی پەیوەندییە سیاسییەکانمانە لەگەڵ گەوهەری پەیوەندییە تەکنەلۆجییە جیهانییەکانمان بە بوونەوەرەوە. هایدیگەر دەڵێت: “بە سەرنجدان لەو نانیشتمانە گەوهەرییەی کە پرس و دۆخی مرۆڤە ئەوە بۆ بیرکردنەوە لەلایەنی مێژووی بوونەوە دەردەکەوێت کە چارەنووسی داهاتووی مرۆڤ لەوەدایە کە ڕاستیی بوون بدۆزێتەوە و خۆی لەسەر ڕەوتی ئەو دۆزینەوەیە دابنێت. لە ڕاستییدا هەموو نەتەوایەتییەک لە گۆشەنیگایەکی میتافیزیکییەوە ڕێچکەیەکی ئەنترۆپۆلۆژییانە و بەم پێیە ڕەوتێکی خودییانەیە. نەتەوایەتییش بەهۆی نێونەتەوایەتییەوە تێناپەڕێنرێت، بەڵکو تەنها ڕووە ئاست و پلەی تەکووزیی بەرفراوان و باڵا دەکرێت. نەتەوایەتیی تەنها بەو ڕادەیە دەگەیەنرێت بە مرۆڤایەتیی و ڕووەو مرۆڤایەتیی باڵادەکرێت کە ئەو گەیاندن و باڵاکردنە بە سەر ڕەوتێکی دەستەیی بێمێژوودا دێت.[..] مرۆڤ سەرداری بوونەوەر نییە. بەڵکو مرۆڤ شوانی بوونە “.هەروەها پێویستە لەسەرمان کە ئەم کورتەگەشت بەڵام سەختەگەشتە لەگەڵ هایدیگەردا بە گەڕاندنەوەی کێشەکە بۆ سەرچاوەکەی کۆتایی پێ بهێنین و بپرسین: سەرکردەکان لە سەردەمی تەکنەلۆجیای جیهانییدا چ پلە و شوێن و پایەیەکیان هەیە؟ ئایا ئەوانیش هەر دیسان “شوان”ی بوون نین؟ پێدەچێت کە هایدیگەر لەسەر ئاستێکی مرۆیی هیوابڕاو بووبێت کاتێک کە لە ساڵی١٩٦٦دا وتی: “تەنها خودایەك دەشێت ڕزگارمان بکات”. بەم پێیە ئەو لە هەر جۆرێك لە جۆرەکانی ڕابەرایەتیی “مرۆیی” نائومێد بووە. چونکە سەبارەت بە هەموو ئەو کەسانەی کە بەردەوام سەرزەنشتی سەرکردەکان دەکەن لەپای شکستی سەردەمەکە بەو جۆرە دەدوێت کە بەم کارەیان ئەوپەڕی پەسن کە لە توانادایە پەسنیان دەدەن. چونکە لە ڕاستییدا ئەوە (ئەوان نین کە بکەرن)، هەروەها ئەمە هەڵەیەکیش نییە کە لە خۆپەرستییاندا هەبێت، بەڵکو لاڕێییەکە لە نێو دیاردەیەکی جیهانییدا کە گەیشتنی مرۆڤە بە گەوهەری تەکنەلۆجیا بەبێ بوونی هیچ ئاراستەیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕێبەرایەتییکردنی ڕووەو پاراستنی بوون وەك “دونیایەکی “باڵا کە Ereignis ئێمە خاوەنی نین بەڵکو ئەو خاوەنی ئێمەیە، وەك بڕێک بوونەوەر کە لەسەر ڕەوتی گەیشتن بە ئاستی تایبەت بە خۆیانن بەبێ ئەوەی کە بتوانن خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: