نووسینی : شكار ئیبراهیم
پێشه‌كی
كتێبی “معالم فی الطریق” به‌یه‌كێك له كتێبه گرنگه‌كانی سه‌ید قوتب، و شاكارێكی به‌ناوبانگی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلیمین داده‌نرێت، به‌هه‌مان شێوه سه‌رچاوه‌یه‌كی بنچینه‌یی و زۆر گرنگی جوڵانه‌وه جیهادییه‌كانی جیهانی ئیسلامییه، جا یان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ له‌دایكبوونی پڕۆسه‌ی ئیڕهاب و فیكره تونده‌كه (واته: وه‌ك ئاماده‌كارێك) یاخود وه‌ك هاوه‌ڵێكی پڕۆسه‌كه (واته: وه‌ك كتێبێك كه ئامادەیی هه‌یه تا كۆتا ساتی دروستكردنی جیهادییه‌كه و بزاوته جیهادییه‌كه) به‌و پێیه‌ی كه كتێبه‌كه وه‌ك مه‌ڕجه‌عێكی فیكری و به‌ڵگه‌یه‌كی فیكری هه‌میشه كاری له‌سه‌ر كراوه و ئه‌كرێت.
له‌و ڕووه‌شه‌وه كه پێم وایه ئیخوان و به تایبه‌ت باڵی فیكری سه‌ید (كه له دوای سه‌یدیش له سه‌عید حه‌وا و عه‌بدوڵڵا عه‌ززام و ئه‌لخالیدی و ئیخوانه‌كانی یه‌مه‌ن و براكه‌ی سه‌ید و چه‌ندانی تردا خۆی ده‌بینێته‌وه) زۆر پێش “بن لادن” كه‌وتوون له كرده‌ی ئیڕهابی و له ئاماده‌سازی بۆ ئیڕهابی جیهانی له‌ژێر په‌رده‌ی ناوێكی ئایینی‌دا به ناوی جیهادی جیهانی(الجهاد العالمي)، بۆیه به‌رخوردكردنی سه‌ید بۆ من به‌رخوردكردنی ئه‌زموونێكه له ئاماده‌كاری بۆ كوشت و كوشتار و خوێنڕێژی، نه‌ك سه‌یدێك كه سه‌رقاڵی ئه‌ده‌ب و باسكردنی لایه‌نه ڕه‌وانێژییه‌كانه له كتێبی “فی طلال” دا.
خاوه‌نی ئه‌م كتێبه بریتییه له سه‌ید قوتب (1906-1966م) كه نووسه‌رێك و ئه‌دیب و بیریارێكی ئیسلامی میسڕی ناسراوه، ئه‌ندام بووه له “مكتب إرشاد جماعه الإخوان المسلمین” و به‌ڕێوه‌به‌ری چه‌ندین پێگه و پۆستی دیار بووه له‌نێو ڕیزه‌كانی ئیخواندا، قوتب به‌هۆی چه‌ند كردارێكی سیاسییه‌وه كه دژ به ڕژێمی ئه‌وكاتی میسڕ ئه‌نجامی دابوو، چه‌ند جارێك دادگایی كراوه و پاشان به بڕیاری دادگا له سێداره ده‌درێت. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه خودی سه‌ید قوتب نییه وه‌ك سه‌ید، یاخود ژیانه‌كه‌ی و گه‌شتكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئه‌و بابه‌تانه، به‌ترشوخوێیه‌كی ئیسلامی یان نائیسلامییه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه بریتییه له‌و ئایدیا و ئارگۆمێنتانه‌ی كه له كتێبی “معالم فی الطریق- مه‌شخه‌ڵی ڕێ” وتوویه‌تی.
شایه‌نی باسیشه ئیڕهابییه‌كی كوردی وه‌ك “مه‌لا كرێكار – نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج” وه‌رگێڕی ئه‌م كتێبه‌یه بۆ زمانی كوردی، و چاپخانه‌ی ته‌فسیر كتێبه‌كه‌ی چه‌ندجارێك چاپكردووه‌ته‌وه، ئێسته‌یش له گووگڵ كتێبه‌كه چ به عه‌ره‌بی و چ به كوردی به‌رده‌سته.
پێداچوونه‌وه به كتێبی “معالم”دا
له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌یدا سه‌ید قوتب هێرش ده‌كاته سه‌ر هه‌ردووك له (ئیشتراكییه‌ت و سه‌رمایه‌داری) له‌و ڕوه‌وه هه‌ردووكیان ئیفلاسیان كردووه و ناتوانن ئه‌و به‌ها باڵایانه پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تی بكه‌ن كه مرۆڤایه‌تی پێویستی پێیه‌تی و ئاتاجی بۆی هه‌یه.
قوتب ده‌ڵێت: “به‌ڕێوه‌بردنی پیاوی ڕۆژئاوایی (سیسته‌می ڕۆژئاوایی) بۆ مرۆڤایه‌تی وا خه‌ریكه له‌ناوده‌چێت… نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شارستانییه‌تی ڕۆژئاوایی ئیفلاسی كردووه له ڕووی مادییه‌وه یان له لایه‌نی هێزی دارایی و سه‌ربازی لاواز بووه… به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سیسته‌می ڕۆژئاوایی كۆتایی به ده‌ور و ڕۆڵه‌كه‌ی هاتووه، چونكه ئیدی ده‌سمایه‌ی ئه‌وه‌ی نییه له به‌ها و قیه‌م كه ڕێی پێ بدات سه‌ركردایه‌تی بكات”.
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م ئبفلاسه‌دا قوتب ته‌بشیر و مزگێنی دەدا كه ئیسلام تاكه ئه‌ڵته‌رناتیڤ و جێگره‌وه‌یه‌كه بۆ داهاتوو، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی مرۆڤایه‌تی، و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه خاوه‌نی به‌های خۆی و بوونی ئایدۆلۆجیای سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی، به‌م هۆیه‌وه پێی وایه كه ئیسلام ڕێگر نابێت له پێشكه‌وتنی مادی و ئه‌وه‌ی كه له‌ڕووی ته‌كنه‌لۆجییه‌وه پێشكه‌وتن بكرێت، به‌ڵام پێی وایه كه ئه‌مه كاره سه‌ره‌كی و گرنگه‌كه نییه، به‌ڵكوو ئه‌مه كارێكی لاوه‌كییه و كاره گرنگه‌كه بریتییه له بوون به خه‌لیفه و جێنشینی خودا (خلیفة اللە فی الارض) .
سه‌ید پێی وایه له‌و ڕووه‌وه كه هه‌موو ئایدۆلۆجیایه‌ك پێویستی به ناوەندێکی ڕۆشنبیری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بێت و، له په‌نجه‌ره و ده‌لاقه‌ی ئه‌وانه‌وه بوونی خۆی نیشان بدات و پێداگیری له وجودی خۆی بكات له‌وێوه، زۆر گرنگه كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی دووباره زیندوو بكرێته‌وه و ئومه‌تی ئیسلام هەمدیس زیندوو بكرێته‌وه (لێره‌دا سه‌ید ڕێك ته‌كفیری هه‌موو كۆمه‌ڵگه مسوڵماننشینه‌كان ده‌كات و ئه‌مه بابه‌تێكی زۆر جه‌وهه‌رییه له ئایدیای سه‌یددا كه دواتر لێی ده‌دوێم)، دەبێت ئه‌وه ئه‌نجامبدرێت ئەو کات ده‌كرێت ئه‌م ئایدیا ئیسلامییه ببێته‌وه به ئوستادی جیهان و، ده‌توانێ بوونی خۆی بسه‌پێنی به‌سه‌ر بوونی ئه‌وانی تردا بە ڕێگەیەکی ئایدیۆلۆجی، به‌ڵام ئه‌و نموونه‌یەی سه‌ید داوای دەکات و عه‌وداڵیه‌تی نموونه‌یه‌ك نییه له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئیسلامیشدا هه‌بێت یان نموونه‌ی ئه‌و كه‌سانه بێت كه به‌خۆیان ده‌ڵێن مسوڵمان (عامه‌ی مسوڵمانان) و له ئه‌و زه‌وییه‌شدا نییه كه پێناسه كراوه به‌وه‌ی ئه‌مه زه‌وی مسوڵمانانه، به‌ڵكوو ئه‌وه نموونه‌یه‌كه كه وێنا ده‌بێت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی كه وجوده حه‌قیقییه‌كه‌ی ئیسلامه، له هه‌موو ڕوویه‌كی مادی و مه‌عنه‌وی ژیانییانه‌وه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه قوتب له په‌ڕه‌ی 6ـی كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێده‌كات و ده‌ڵێت : “كۆمه‌ڵێكن له مرۆڤ كه ژیانیان و بیروباوه‌ڕه‌كانیان و بارودۆخیان و به‌ها و ئنزیمه‌كانیان و هه‌موو پێوانه‌كانیان هه‌ڵقوڵاوی مه‌نهه‌جێكی ئیسلامییه”.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ۆكمه‌ڵه‌یه‌ی قوتب داوای دەکات دیارنه‌ماوه! بزربووه و ئه‌میش عه‌وداڵه كه بیدۆزێته‌وه، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی حوكمی ئیسلامی له نێو ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه ئه‌م وێنه باڵایه‌ی سه‌ید دیارنه‌ماوه و بزربووه، واته یه‌كه‌م و ئاساسیترین بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی سه‌ید باسی دەکات بریتییه له‌وه‌ی كه له كۆنسێپتی ده‌سه‌ڵاتدا ڕۆحیه‌تی ئایینی مه‌وجبدات، وه ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه جاهیل و نه‌فامن با زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌شی نوێژ بكه‌ن و خۆشیان به مسوڵمانێكی عه‌یاره ٢٤ بزانن.
ئه‌مه‌یه ڕێخۆشكه‌ر بۆ بزاوته جیهادییه‌كان كه مسوڵمانه‌كان و مه‌لای مزگه‌وته‌كانیش ئه‌كوژن، ئه‌مه‌یه كه هێزیان پێده‌دات ئه‌وه‌ی هه‌یه به جاهیلی بزانن و پێیان وابێت دەبێت خاوێن بكرێـه‌وه، بێگومان سه‌ید ته‌نها نییه له‌م باوه‌ڕه‌یدا، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی من لێره له‌و ئه‌وێم باسی ئه‌و فوقه‌ها و شه‌رعزان و موفه‌سیر و بیریارانه ناكه‌م كه به‌ته‌واوی هاوڕای سه‌یدن.
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له سه‌ید تێبگه‌ین دەبێ بزانین مه‌به‌ستی سه‌ید به كۆمه‌ڵگه‌ی جاهیلی و نه‌فامی چییه و چی وا له بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئیڕهابی دەکات كه زۆر به سانایی بكه‌ونه كووشتنی خه‌ڵك له‌م ڕێیه‌وه؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره سه‌ید قوتب تێگەیشتن و كۆنسێپتی جاهیلی قورئان به‌كار ئه‌هێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له بارودۆخێكی مێژووییه‌وه بیهێنێته‌وه بۆ بارودۆخێكی حازر و ئاماده، هه‌ركاتێك مرۆڤانێك له یاسای خودایان لادا- به بیروبۆچونی ئه‌و- ئه‌و وشه‌یه دەبێت به پۆشاكی به‌ریان، و له‌م سیاقه‌دا تێرمی جاهیلی له‌لای سه‌ید یه‌ته‌وه كایه كه به‌یه‌كێك له گرنگترین تێرم و ده‌سته‌واژه‌كانی سه‌ید داده‌نرێت، له په‌ڕه‌ی 8ـی كتێبه‌كه‌ی و له پێناسه‌كردنی جاهیلییه‌تدا دەڵێت: “دانانی یاسا و به‌ها و شه‌ریعه‌ت و بارودۆخ و حاڵه‌ته‌كانه، به جیا له‌گه‌ڵ مه‌نهه‌جی الله بۆ ژیان”.
به‌م ته‌فسیره، سه‌ید وشه‌ی جاهیلییه‌ت هه‌ڵئه‌گرێت له‌و مه‌فهومه‌ی كه هه‌یه‌تی بۆ مه‌فهومێكی زۆر ترسناكتر و گرفتتدارتر، هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان جاهیلین، ئه‌وان قورئانیان نه‌كردووه به ده‌ستووری ژیانیان كه‌واته پێویسته لا ببردرێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه پڕی مسوڵمانیش بێت ئه‌وانه به مه‌فهومه‌كه‌ی سه‌ید جاهیلن، لێره جاهیله‌كه‌ی سه‌ید یه‌كسان دەبێته‌وه به‌وه‌ی كافرن، ئه‌مه‌ش له چه‌ند دێڕی داهاتوو ڕوون دە‌كه‌مه‌وه، سه‌ید له په‌ڕه‌ی ٢٤ـی كتێبه‌كه‌ی ده‌ڵێت: “زه‌وی هی الله یه، پێویسته كه پاك بكرێته‌وه بۆ الله، و پاك نابێته‌وه بۆ الله گه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه نه‌بێت كه به‌یداخ و ئاڵای الله به‌سه‌ریدا زاڵ ببێ (یاسا و حوكمی مه‌به‌سته) و مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه نییه كه ئه‌م زه‌وییه پاك بكرێته‌وه له تاغوتێكی فارسی یان تاغوتێكی ڕۆمانی بۆ تاغوتێكی عه‌ره‌بی، به‌ڵكوو تاغوت هه‌ر تاغوته”.
سه‌ید وشه‌ی پاكتاوكردن و پاكگردنه‌وه‌ی به‌كار هێناوه، ئه‌مه‌ش بۆخۆی زۆر به ڕووی پاڵنه‌رێكی باشه بۆ ئه‌لقاعیده و زه‌واهیرییه‌كان كه بیانه‌وێ بێجگه له‌خۆیان گشتی بسڕنه‌وه، و سه‌ید پێی وایه كه بانگه‌وازی ئیسلامی كۆمه‌ڵایه‌تییه و به‌هیچ جۆرێك ناكرێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه سه‌یری بكرێـت.
بۆیه به شێوازێكی دیالێكتیی ماركسییانه (چون ماركس و شۆڕشی ماركسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌ید زۆر هه‌بووه، و پاشخانی ماركسی سه‌ید ناتوانین به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرین) سه‌ید پێی وایه دەبێ شۆڕش هه‌بێت تاکوو جیلێكی خاوێن بێته‌وه كایه، به‌ڵام چ شۆڕشێك! ئه‌وه‌ی سه‌ید ئه‌یه‌وێت یه‌كه‌مجار كوشتن و له‌ناوبردنی مسوڵمانه‌كانه كه به‌لای سه‌یده‌وه ئه‌وانه ته‌نها له مێشكدا مسوڵمانن و فڕیان به ئیسلامه‌وه نییه له‌ڕووی واقعی و عه‌مه‌لییه‌وه بۆیه له په‌ڕه‌ی ٣٩ دەڵێت: “هه‌ڵه‌یه جا چ هه‌ڵه‌یه‌ك – به پێوانه‌ی ئیسلام- كه وێنه‌ی عه‌قیده بچێته دۆخێكی تیۆری و تایبه‌ت به توێژینه‌وه‌ی زیهنی”. له په‌ڕه‌ی ٣٥ـی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی ئه‌یانه‌وێ ئیسلام كه تیۆریا دابهێنێ و ته‌شریعات چێ بكات- مه‌به‌ستی له پێشكه‌وتنی فیقهییه له سیاقێكی فیقهی دوور له یاسا- ئه‌وانه به‌هیچ جۆرێك له ئیسلام تێنه‌گه‌شتوون و نازانن ئه‌م ئایینه چۆن كار دەکات.
بۆیه سه‌ید پێی وایه ئێمه مسوڵمانی تیۆرییمان هه‌یه نه‌ك مسوڵمانی ڕاستی و ئه‌م مسوڵمانه تیۆرییانه خه‌ریكی خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی جاهیلین! هه‌ر ئه‌مه‌ش وای لێ دەکات له كۆتایی په‌رتووكه‌كه‌یدا ته‌كفیری ئه‌و مسوڵمانانه بكات، وه‌ك چۆن دەبینین قوربانی یه‌كه‌می ده‌ستی جیهادییه‌كان له جیهاندا زیاتر مسوڵمانانێكی نائایدۆلۆجین تاکوو ڕۆژئاواكه‌ی خه‌یاڵدانی سه‌ید بێت، سه‌ید له په‌ڕه‌ی 50 دەڵێت: “تاكه مسوڵمانه تیۆرییه‌كان هه‌ڵئه‌ستن به به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی جاهیلی به كرداره‌كی كه خۆیان تیۆرییه‌ن ئه‌یانه‌وێت له‌ناوی ببه‌ن، و ئه‌بن به ڕه‌گانێكی زیندوو بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگه جاهیلییه”.
كه‌واته سه‌ید پێی وایه ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و خه‌لایا و ڕه‌گانه له‌ناو ببرێت تاکوو بتوانرێت خودی جاهیلییه‌ته‌كه دابڕمێنرێت، و لێره‌وه‌یه كه سه‌ید گاڵته‌ی به‌و گوته‌یه دێت كه زۆرجار بانگخواز و كه‌سایه‌تییه ئایینیه‌كان ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه كه “ئیسلام جیهادی بۆ خۆپارێزی كردووه و به‌س” به‌ڵكوو سه‌ید پێی وایه ئیسلام ئیش له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر دەکات، له یه‌كه‌م هه‌نگاودا مرۆڤ ئازادانه بڕیار دەدات دییندار بێت و له هه‌نگاوی دووه‌م ئایدۆلۆجییه‌ن كار بۆ ئه‌وه دەکات هه‌موو حكومه‌ته‌كانی تر له‌ناو ببات و بۆ ئه‌م خاڵه سه‌ید له لاپه‌ڕه ٥٣ دەڵێت: “هه‌رگیز مه‌به‌ستی ئیسلام نه‌بووه كه زۆر له‌خه‌ڵكی بكات كه ئیمان به بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی بهێنن… به‌ڵام ئیسلام ته‌نها بیروباوه‌ڕ نییه، به‌ڕاستی ئیسلام، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی كه وتمان، ڕاگه‌یاندنێكی گشتییه بۆ ئازادكردنی مرۆڤ له به‌ندایه‌تی به‌نده‌كان، ئیسلام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه مه‌به‌ستییه‌تی كه هه‌موو حكومه‌ت و ڕێكخراوه‌كان بسڕێته‌وه كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی حوكم و حاكمییه‌تی مرۆڤ بۆ مرۆڤ دروستبووه و له‌سه‌ر بنه‌مای په‌ره‌ستنی مرۆڤ بۆ مرۆڤ دروستبووه و، دوای له‌ناوبردنی ئه‌و حكومه‌تانه ئه‌وسا تاكه‌كان ئازاد دەبن…” هه‌ر له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌شدا كه سه‌ید پێی وایه شتێك نییه به‌ناوی حكومه‌تی مۆدێرن یان دیموكراسی یان هه‌ر تایپێك به‌ڵكوو به شێوازه فیقهییه كلاسیكییه‌كه ئێمه یان وڵاتێكمان هه‌یه وڵاتی مسوڵمانانه (دار الإسلام) یان وڵاتێكمان هه‌یه وڵاتی كافران و جاهیلانه (دار الكفر) و ئه‌و وڵاتی كافرانه مسوڵمانان په‌یوه‌ندییان پێیه‌وه په‌یوه‌ندی شه‌ڕ و كوشتاره چونكه وڵاتی كافران وڵاتی جه‌نگ و شه‌ڕه (دار الحرب) له لاپه‌ڕه 137دەڵێـت: “یه‌ك وڵات بوونی هه‌یه ئه‌ویش وڵاتی ئیسلامه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه ئیسلامی تێدایه و حوكمی الله به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و، له‌و وڵاته یاساكانی الله جێبه‌جێ ئه‌كرێت، و مسوڵمانان تێیدا پشتی یه‌كتر ده‌گرن، بێجگه له‌مه ئیدی وڵاتی ئاشووب و شه‌ڕ (دار الحرب)ه و، په‌یوه‌ندی مسوڵمان به‌و وڵاته‌وه یان كوشتنه یان په‌یمانبه‌ستنه بۆ ئاساییش، به‌ڵام ئه‌وه ئیتر وڵاتی مسوڵمانان نییه، و مسوڵمانان و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته هیچ خۆشه‌ویستییه‌كیان بۆ یه‌ك نییه”.
به‌ڕاستی ئه‌م دێره و چه‌ندین دێڕی تری ئه‌م په‌ڕانه‌ی كۆتایی جێی هه‌ڵوێسته‌ی زۆر وردن، به‌ڵام پێم وایه خوێنه‌رێكی باش و جدی به‌مه‌نده ده‌زانێت كه سه‌ید قوتب! ئه‌و مرڤه ناسكه‌ی باسی ئه‌ده‌ب و ڕه‌وانبێژی دەکات چی له ناواخنیدایه! پاشان سه‌ید دێتە سه‌ر مسوڵمانانی ئه‌مڕۆ و گشتیان كافر دەکات، بۆیه ئیسلامییه‌كان به نائاگاییانه تا ئه‌مڕۆ هه‌مان شت ده‌كه‌ن، كاتێك مسوڵمانێكی ئاسایی په‌یوه‌ندیان پێوه دەکات له‌سه‌ره‌تاوه مسوڵمانی ده‌كه‌نه‌وه! وه‌ك بڵێی تۆ پێشتر مسوڵمان نه‌بوویت! وه‌ره داغڵی دینت بكه‌ینه‌وه، جا با ناوی باق و بریقیشی لێ بنێن به ناوی په‌روه‌رده‌ی ئیمانی و كۆبوونه‌وه‌ی میانڕەوانه و هاوشێوه‌كانی! سه‌ید له لاپه‌ڕه 158دەڵێت: “به‌ڕاستی خه‌ڵكی مسوڵمان نین- به‌و جۆره‌ی كه بانگه‌وازی بۆ ده‌كه‌ن و ئیدیعای ده‌كه‌ن- له بارودۆخێكدا كه ئه‌وان ژیانێكی جاهیلانه ده‌ژین، و ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان هه‌یه و كه‌یفی به‌وه دێت خۆی فریوبدات یان خه‌ڵكانی تر فریوبدات، باوه‌ڕی وا بێت ئه‌كرێت ئیسلام بوونی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م جاهیلییه‌ته‌دا ئه‌وه پێشكه‌شی بێت، به‌ڵام خۆ فریودانه‌كه‌ی هیچ شتێك له حه‌قیقه‌تی كه‌توار و واقیعه‌كه ناگۆڕێت، ئه‌وه ئیسلام نییه و ئه‌وانه‌ش مسوڵمان نین، و بانگه‌وازی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاوه كه ئه‌و جاهیلانه (مسوڵمانانه‌ی ئه‌مڕۆ) بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئیسلام، و بیان كات به مسوڵمانانێكی نوێ”.
به‌ڕاستی وه‌ستان له‌گه‌ڵ سه‌ید قوتب و داهێنه‌رانی ئه‌م تایپه‌ی له ئیسلام دوای ڕووخانی ده‌وڵەتی عوسمانی پێویستی به هه‌زاران په‌ڕه نووسین هه‌ن، من لێره ته‌نها به‌په‌له‌په‌ل چه‌ن دێڕێكی سه‌یدم هێناوه له هه‌زاران دێڕی ئه‌و كتێبه‌ی كه ناوبانگی له ته‌فسیره‌كه‌ی زیاتر نه‌بێت به‌قه‌د ئه‌و هه‌یه‌تی، ده‌ركه‌وت كه یه‌كه‌م هه‌نگاوێك بۆ تیرۆر و تیرۆریزم له هه‌ناوی حیزبی ئیخوان و ئه‌و مسوڵمانانه‌یه كه هێمای حیزبه‌كه‌یان دوو شمشێره و ته‌كفیری مسوڵمانانیش ده‌كه‌ن و دەیانه‌وێ له‌ناویانبه‌رن چ جای خه‌ڵكی تر، ئه‌مه‌یه ئه‌و سه‌یده‌ی كه پێویسته بیناسین، پێویسته له‌گه‌ڵ خودی نووسراوه‌كانی مامه‌ڵه بكه‌ین نه‌ك له ده‌می خه‌ڵكه‌وه بیبیستین.