ئاوڕدانەوەیەک لە تیۆریی ڕەخنەیی فۆڕمالیستیی

1599
0
بڵاوکردنەوە:

نووسین: ئاشنا فەرزندە

فاکەڵتی ئاداب، بەشی کوردی، زانکۆی سۆران

 

ئەدەبیات لە ڕۆحیەتی بەرهەمەکانیدا، بە مامەڵەکردن لەگەڵ گشت ڕەهەندەکانەوە، خۆی لە نێوان فۆڕم و  ناوەڕۆک دۆزیوەتەوە. فۆڕ و ناوەڕۆک لە ئەدەبیات وەک دوو ڕوو لێکدراون، کە مامەڵە لەگەڵ بەها و ئیستەتیکا و شیعریەتی دەق دەکەن، باشترین و بەهێزترین بەرهەمەکانی ئەدەبش بە پەیڕەوکردنی هەردووک توخمەکانی ناوەڕۆک و ڕووخسارەوەیە، هەر وەک هیگڵش دەڵێت: “بەرهەمی ڕاستەقینەی ئەدەبی هاوتا و پێکەوەگونجانی ناوەڕۆک و ڕووخسارە، ناوەڕۆکی بێ ڕووخسار بەرهەمی ڕاستەقینە نییە” بەمەش دەتوانێن بڵێین: نووسەری سەرکەوتوو یان شاعێری لێهاتوو ئەو کەسەیە، بە شێوەیەکی سیستەماتیکانە مامەڵە لەگەڵ ڕووخسار و ناوەڕۆکی دەقەکانی بکات، بەڵام پەیڕەوکارانی ئەدەبیاتناسی لە چوارچێوەی تیۆرە جیاوازەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵ فۆڕم و ناوەڕۆکی دەق کردووە، وەک تیۆری بونیادگەری، ڕەوشتگەرایی، ئەفسانەیی، هەڵوەشاندنەوەگەڕایی…هتد، یەکێک لەم تیۆرانە، تیۆری فۆڕمالیستییەکان (شێوەخوازەکان)ئە، فۆڕمالیستەکان ڕەوتێکی هونەری و شیعری بوون، لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە ڕوسیا سەری هەڵدا، تیۆرێکی ڕەخنەیی نوێ بوو، بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە، لە ڕوانگەیەکی جیاوازتر لە تیۆرەکانی ڕەخنەی پێش خۆی ڕووانوویانەتە دەق. سەرهەڵدانی تیۆری فۆڕمالیستی وەچەرخانێکی گەورەبوو لە نێوان جیهانی ڕەخنەی و تیۆریدا بەرامبەر بە تیۆرەکانی پێش خۆی، لە جەرگەی بە لوتکە کردنی ناوەڕۆکدا، لەلایەن تیۆرەکانی (ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و دەروونی…هتد)  فۆمالیستەکان هاتنەکایەوە بایەخیان بە شێوەی دەق دا و چوونەوە ناوەوەی دەق. “فۆڕمالیستەکان، لە دۆزینەوە و باسکردنی فۆڕمی بەرهەمی ئەدەبی و هونەریدا دەکۆڵینەوە. بابەتەکانی ناوەرۆک و ژیانی نووسەر و سەردەم و ڕەهەندەکانی مێژووی و سیاسی و کۆمەڵایەتی پەراوێز دەخست”(1)، بەڵام بەو واتایە نەبوو کە ئەرکی ناوەرۆک و ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکانیان قبول نەبوو. بەڵکو “لەو باوەڕەدا بوون ئیستەتیکای  دەق پابەندی فۆڕمەکەیەتی نەک مانا”(5)، بەو واتایەیی فۆڕم پێش مانا دەکەوێت و بەهای دەق لە فۆڕمدایە، ئەوەی دەقێکی ئەدەبیش لە دەقێکی نائەدەبی جیا دەکاتەوە فۆڕمە نەک ناوەڕۆک، لە لایەنێکش ئیستەتیکای دەقیان بە زمان و وشە و داڕشتەکان بەستبووەوە، “باوڕیان وابوو زمان کەرەستە و ماددەی یەکەمە بۆ ئەدەب”(5)، بەجۆرێ گرنگیان بە زمان دەدا، کە سەردەمانێک ڕێبازی زمانی ناویان دەبردرا.

فۆڕمالیستەکان نهێنی ئەدەبیاتیان بە زمان بەستبووەوە، بەو واتایەی سیمبولێکی ناسینەوەی ئەدەبیات زمانەکەیەتی، فۆڕمالیستەکان لەو باوڕە دان، تێگەیشتن و ڕاڤەکاری و خوێندنەوەش بۆ شاعیرێک لە ڕێگەی زمانەوەیە، چونکە لە ڕێگەی سیفەت و تایبەتمەندیەکانی زمانەوە دەقێک شی دەکرێتەوە. شاعێری باشش ئەو شاعێرەیە زمان و فەرهەنگێکی باشی هەبێت. بیرمەندانی ئەم تیۆرە له بنه‌ڕه‌تدا دژی دابه‌شکردنی به‌رهه‌م به دوو ته‌وه‌ری فۆرم و ناوه‌رۆک بوون. ڕه‌نگه ناوه‌رۆک هه‌ڵگری هه‌ست و عاتیفه و بیرۆکه بێ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه له‌راستیدا وه‌کوو: به‌شێک له دەرکەوتەکانی زمانی دێنه ئه‌ژمار. ئه‌و شته‌ی یارمه‌تی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ده‌دا هه‌تا شکڵی ئه‌ده‌بی به‌خۆیه‌وه بگرێ له‌ڕاستیدا فۆڕمی به‌رهه‌می هونه‌ری و چۆنیه‌تی چنینی پێکهاتەکانی زمانییه.

ڕەخنەی فۆمالیستیەکان بەپێی تیۆری فۆڕمالیستییەوە، مامەڵە لەگەڵ هەڵێنجان و هەڵسەنگاندنی دەق دەکەن، بەو پێیەیی مامەڵە لەگەڵ زمان و وشە و داڕشتنەکان دەکەن، دوور لە ناوەڕۆکی دەق، ڕەخنەگری فۆڕمالیستی لە هەڵسەنگاندنی دەقدا، “هەوڵ دەدات وەڵامی چەند پرسیارێک بەدەست بێنێت وەک: بەرهەمی ئەدەبی چییە؟ فۆڕمی بەرهەمەکە و کاریگەی چییە و چۆن هاتۆتە کایەوە؟ لەگەڵ “چۆنیەتی کارکردن ئەو شتەی فۆڕم دەستنیشان دەکات بیناسینەوە.

ڕەخنەگری فۆڕمالیستی جیا لە ڕەخنەگرانی تر جەخت لەسەر نووسەر ناکاتەوە، بەڵکو سەرنجی دەخاتە سەر دەق و ڕوونکردنەوە لەسەر بونیاتی بەرهەمەکان دەدات و بە شێوەیەکی ورد و زیرەکانە خوێندنەوه بۆ بەرهەمە ئەدەبیەکان دەکات بەرامبەر وشەکان و واتا بنەڕەتییەکانی، “بۆ هەڵسەنگاندنی دەق مامەڵە لەگەڵ سێ بنەما دەکات لە دەقدا ١ـ دەق یەکانگیر بێت: واتە سەرەتا و ناوەڕۆک و کۆتایی هەبێت، ٢ـ فۆڕمێکی گونجاوی هەبێت: واتە بەشەکانێ بەیەکەوە بەسترابنەوە، ٣ـ فۆڕمێکی ڕوونی و ڕۆشن هەبێت: واتە پەرت و نامۆ نەبێت، بەڵکو بوار بە ڕەخنەگر بدات، بتوانێ دەق هەڵسەنگێنێ”(1).

ڕەخنەگری فۆڕمالیستی بۆ ڕەخنەگرتن لە بەرهەمە ئەدەبیەکان پێویستە بە چەند پڕۆسەیەکدا بڕوا بۆ شیکردنەوەی دەق بەپێی تیۆڕی ڕەخنەی فۆڕمالیستی، ١ـ خوێندنەوە و وردبوونەوە زیرەکانە لەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکان: بەو واتایەیی پێویستە ڕەخنەگرن ورد بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ واتای بنەڕەتی وشەکان و واتا شاراوەکان، ئەمەش دیوێکی چونەوە نێو زانستی ڕەوانبێژییە، مامەڵە لەگەڵ خوازە و خواستە…هتد دەکات و بەدوای واتا شاراوەکان وێڵە و لێکدانەوەی بۆ دەکات. ٢ـ سەرنج و تێڕامان لە وشە کیلیەکاندا هەبێت، جەخت بخاتە سەر ئەوەی، ئەم وشانە چۆن ڕیز بوونە و پێکەوە گرێدراون، نووسەر چۆن مامەڵەی لەگەڵ وشەکان کردووە، لە تەکنیکی نووسینەکان دەکۆڵێتەوە لە لایەنی (پێشخستن و دواخستن و گۆڕینی دەنگ و جێناو و کورتکردنە و درێژکردنەوە…هتد) بەم شێوەیە ڕەخنەگر مامەڵە لەگەڵ هونەری هۆنینەوەی سیستەمی دەق دەکات. ٣ـ دەستنیشان کردنی خاسیەت و شێواز ئەدیب: بەو پێیەیی ڕەخنەگر شێوازی تایبەتەکەی نووسەر دەدۆزێتەوە، ئەم شێوازەش دەکرێ وشە، یان جێناو، یان مۆسیقا، یان دەستەواژە یان جەخت کردنەوە بێت، هونەری تەکنیکی نووسینی نووسەرانمان بۆ دەرەخات، چونکە هەر نووسەرێک و ئەدیبێک خاوەن شێواز و تەکنیکی خۆیەتی، ئەرکی ڕەخنەگری فۆڕمالیستی دەرخستنی ئەم شێوازە تایبەتەی نووسەرانە، بەمەش زمان و فۆڕم و تەکنیکی نووسەرانمان ئاشنا دەکات. ٤ـ سەرنجدان لە تیل نیشان و ئەفسانە و ئاماژە مێژووی و ئەدەبییەکان، ئەزموونی ڕەخنەگر لە ئاماژ و تێلنیشان جێگەی بایەخە، چونکە پێویستە ئاماژە و تێلنیشانە بەکارهاتووەکان بناسێتەوە کە ئەدیب بۆ دەوڵەمەندنی دەقەکەی بەکاریهێناوە لە چ نووسەرێکەوە وەری گرتووە و سەر بە چ نەتەوەیەکە، ئەمەش دیوێکی پەیوەندی کارتێکردن و کاریگەری ئەدەبەکانش دەرخات، مەبەستی هەڵێنجان و تێڕوانینی نووسەر دەخات، کە بۆ چ مەبەستێک تێلنیشانەکەی بەکارهێناوە و چۆن ڕەنگی داوەتەوە لە دەقەکانی. ٦ـ  سەرنجدان لەسەر چنینی یەکە ڕەهەندییەکان  و ڕوون و ڕۆشنکردنی پێکهاتە و بەشە ڕێزمانیەکان و زمانی دەقەکە بەپێی ژانەرە ئەدەبییەکان، بەمپێیەش تایبەتمەندی و بنەماکان و ڕەگەزەکانی ژانرەکانی ئەدەبیمان بۆ دەرەخات. ڕەخنەگری فۆڕمالیستی لە ڕێگەی ئەم پڕۆسانەوە هەوڵدەدات دەق هەڵبسەنگێنێت و پێی وایە ئێمە لە ڕێگەی ئەم پڕۆسەوە دەگەین بە واتای دەق و مەبەستی نووسەر، واتای دەقش لەم پڕۆسە فۆڕمییەوە هەڵەنجێنێت، بێ ئاوڕدانەوە لە دەرەوەی دەق و کۆمەڵگا و مێژوو و ژیانی شاعێر.

ڕەخنەی فۆڕمالیستی لە پڕۆسەی شیکردنەوەی دەقدا گرنگی تایبەتی هەیە، کە ئێمە لە ناوخانی ئەم پڕۆسەیە دەگەین بە چەند وەڵامێکی مەزراوی بیری خوێنەر. هەندێک لە گرنگییەکانی ڕەخنەی فۆڕالیستی وەک: ١_ جیاکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی سەردەم و ڕێبازە جیاوازەکان: ڕەخنەی فۆڕمالیستی  لە ڕێگەی فۆڕم و زمان و قاڵبەکانی شیعرەوە، بەرهەمی ئەدەبی سەردەمە جیاوازەکان لێک جیا دەکاتەوە، لەڕێگەی زمان و فۆڕمەوە دەقێکی کلاسیک و ڕۆمانسیزم جیا دەکاتەوە، ئەمەش دیوێکی شارەزابوونە بە ئەدەبی سەردەمە جیاوازەکان و نەتەوە جیاوازەکان، چونکە زمان و فۆڕم و تەکنیک بەدرێژایی مێژووی ئەدەبیاات لە گۆڕان دابووە، لە ڕێگەی تیۆری ڕەخنەی ئەدەبییەوە دەتوانین ئەم جیاوازە و گۆڕانە بزانین. ٢_ جیاکردنەوەی شێواز و ستایلی ئەدیبان: هەر ئەدیب و نووسەرێک خاوەن تایبەتمەندی و شێوازی خۆیەتی، لە تێوانێنی ڕەخنەگرانی فۆڕمالیستی دەتوانرێت لە ڕێگەی زمان و فۆڕمەوە تەکنیکی شاعێران لێک جیابکەنەوە، بەو واتایەیی، دەتوانین شێوازی دوو نووسەر بەستراوەتەوە بە فۆڕم و زمانەوە، لە ڕێگەی تیۆری فۆڕمالیستەییەوە دەتوانین ئەم جیاوازیەیی نێوانیان و شێوازەکانیانمان بۆ دەرکەوێ. ٣_ دەرخستنی توانا و داهێنانی ئەدیبان: هەر ژانرێک خاوەن قاڵب و تایبەتمەندی خۆیەتی، کاتێک فۆڕم و تەکنیکێکی نوێ نووسرا، نەچووە پاڵ هیچ لە ژانرەکانەوە، ئێمە لە ڕێگەی ئەم فۆڕم و تەکنیکە نوێییە دەتوانین داهێنانی نووسەرەکە بدۆزینەوە، وەک: شێرکۆ بێکەس، کە دەقی واڵای نووسیوە، جۆرێک لە تەکنیک و فۆڕمی بەکارهێناوە، کاتێک نەچووە پاڵ هیچ لە ژانرەکان، دەرکەوت شێرکۆ داهێنانی کردووە. بەم پێیە ڕەخانەی فۆڕمالیستی، کە لە فۆڕم و تەکنیکی دەق دەکۆڵێتەوە، دەتوانێت داهێنان و تەکنیکی نوێی نووسەرمان بۆ بخاتە ڕوو و بدۆزێتەوە. ٤_ دەرخستنی کارتێکردن و کاریگەری ئەدەبی نەتەوەکان: بەکارهێنانی هەندێ. ئاماژە و زمان و فۆڕم و تەکنیک لە دەقدا، لایەنی کارتێکردن و کاریگەری نێوان ئەدەبەکانمان بۆ دەرەخاتە، هەر وەک شیعری کلاسیکی کوردی، بە ورد بوونەوە لە فۆڕم و زمان و تەکنیکی شیعری کلاسیکی کوردی لە ڕووی (زمان، مۆسیقا، ڕیتم، قالبە شیعریەکان…) بۆمان دەرەکەوێ کە شیعری کلاسیکی کوردی لە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامییە. شاعێرانی کورد لەژێر کاریگەری تەکنیکی ئەدەبی عەرەبییەوە، شیعرەکانیان دەهۆننەوە. لەلایەنی تێل نیشان و ڕەمزش دیوێکی دەرخستنی کارتێکردن و کاریگەری نووسەر و ئەدەبی نەتەوەکانن. بەکارهێنانی تێلنیشانێک ئاماژەیە بۆ کاریگەری نووسەر بە نووسەری مەزراندنی تێلنیشانەکە. ٥_ دەرخستنی ئاستی ئیستەتیکای هونەری دەق: ڕەخنەگری فۆڕمالیشتی لە پڕۆسەی شیکردنەوەی دەقدا، هەوڵ دەدات جەخت لەسەر چەند بنەژایێک بکاتەوە هەندێک لەم بنەمایانە وەک: ١.خوێندنەوەیەکی زیرەکانە و ورد بۆ واتای وشەکان، بەو واتایەیی بتوانێ واتای شاراوە و بنەڕەتی وشەکانمان بۆ دەربخات، ئەمەش لایەنێکی دەکەوێتەوە نێو ڕەوانبێژییەوە، بیری ڕوونبێژی لایەنی خواستن و خوازە …، کە هزرێکی ڕەمزیان لەخۆ گڵداوەتەوە، بەمەش ڕەخنەی فۆڕمالیستی لێکۆڵینەوە لەم واتا شاراوە و ڕەمزیانە دەکات و واتای بنەڕەتییەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات.

سەرەنجام، ڕەخنەی فۆڕمالیستی لە کۆی تیۆرەکەیدا هەوڵدەدات، لە ناوخانی دەقەوە لە دەق بکۆڵێتەوە، بەهای دەقشیان بەستبووەوە بە زمانەوە. بە مامەڵە کردن بە زمانەوەش دەقیان هەڵدسەنگاند و شیاندەکردەوە و واتای دەقیان دەستنیشان دەکرد، بەمەش هونەیر دەق لە سەردەمە جیاوازەکان دەرەخات، تەکنیک و شێوازی ئەدیبان، کە خاڵێکی جەوهەری هونەری ئەدەبیاتە دەدۆزێتەوە. بەڵام بە پەراوێزخستنی ناوەڕۆک لە دەروبەرەوە، ڕووبوڕووی ڕەخنە بووەوە. “ڕەخنەگری مارکسیستی ڕووسی لؤناچارسکی، لە ساڵی ١٩٣٠دا ڕەخنە لە فۆڕمالیستەکان دەگرێت و دەڵێت: فۆڕمالیستەکان هەڵگری ئایدۆلۆژیایێکی تێکدەرانەن”. (4).  دوای ئەم ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەم قوتابخانەیە بووەوە، سەرهەڵدانی شۆڕەشی بەلشیکەکان لە ساڵی ١٩١٧ بووە هۆی گۆڕانی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا، بەمەش ڕیالیزمی سۆشیالیزمش گەشەیسەند، بووە هۆی ئە،ەی قوتابخانەی فۆڕمالیستی بەرو کپ بوونەوە و  لەناوچوون چوو، بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە هەندێکیان وازیان هێنا و ئەوانەی دیکەش بە بزوتنەوەیەکی نوێ، لە ژێر ناوی قوتابخانەیەکی دیکە و ئایدۆلۆژیاێکی دیکەوە هاتنەوە نێو دونیای ئەدەییات و هونەرەوە بەڵام دوای لەناوچوونی، قوتابخانەکەش، تیۆر و ئایدۆلۆژیایی فۆڕمالیستەکان هەمیشە بە زیندوویی مایەوە و تاوەکو ئێستاش وەک تیۆرێکی ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری جێگەی بایەخە و کاری لەسەر دەکرێ.

 

سەرچاوە

  1. كتێب: ئیمامی، د.نەسروڵڵای، و. سەنگەر نازم و هیمداد حوسێن، بنەما و میتودەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئاوێر، هەولێر، ساڵی ٢٠١٨.
  2. كتێب: بێرتێنز، هانز، و.عبدولخالق یەعقووبی، بنەماکانی تێۆڕی ئەدەبی، چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم ، سلێمانی ، ساڵی ٢٠١٥.
  3. كتێب: کۆمەڵێک نووسەر، و. چەند وەرگێڕێک، ڕەخنەی ئەدەبی (هونەری هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبی) چاپی یەکەم، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ساڵی ٢٠١٧.
  4. کتێب: ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد، فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی، چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، سلێمانی، ٢٠١١.

محازەرەکانی عومەر، د.هێمن، زانکۆی سۆران، فاکەلتی ئاداب، قۆناغی دووەم. ساڵی ٢٠٢٠

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: