ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

535
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: عەلی بەکر

وەرگێڕانی: ڕامان خالید

 

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک دیسپلینێکی ئەکادیمی تا ڕادەیەک نوێیە، هەروەها زیاتر سەرچاوە مەعریفییە ڕۆژئاواییەکان لەو بوارەدا زاڵن، مەعریفەش خۆی سروشتێکی لایەنگری پێوە دیارە، هەر بۆیە یەکە نا ئەوروپییەکان دەستیان کردووە بە پێشبینیکردن و ڕوونکردنەوەی ڕووداو و بابەتەکان، هەروەها هەوڵدان و گەڕان بۆ دروستکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە غەیرە ڕۆژئاوایی بێت، هەمەچەشنکردنی سەرچاوە مەعریفییەکانی ئەو دیسپلینانە. ئیسلام لێرەدا لەسەر سەرچاوەیەکی بنەڕەتی سەریهەڵداوە، کە مەرج نییە سەرچاوەکەی ئەو دووبەرەکییەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بێت، یان ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێیانە بێت،  بەڵکوو وەک ڕێبازێک کە یاسا و چەمک و دیدگای تایبەتی خۆی هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەو بابەتە کارلێکی نێوان ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕوون دەکرێتەوە. لە سێ ئاڕاستە جیاوازەوە:

  1. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئیسلامدا.
  2. ڕۆڵی ئیسلام لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێستادا.
  3. ئیسلام وەک تیۆرییەک یان پاڕادایمێک.

ئەو توێژینەوەیە هەوڵئەدات کە ئەو پرسیارە بخاتە ڕوو کە بۆچی ئیسلام دیسلپینێکی مۆدێرنی نییە بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە ڕێگای گەڕان بەناو هۆکارەکانی پەیوەست بەخودی موسڵمانان، هەروەها سیستەم و هەژموونی ڕۆژئاوا، لەکۆتاییدا دوو مۆدێل ئەخرێتە پێشەوە بۆ ناسین کە بریتین لە مۆدێلێکی تەقلیدی یان شۆڕشگێڕانە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن.

یەکێک لەو هەوڵانەی بۆ تیۆریزەکردنی ئیسلام و پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتەکان لە دونیای عەرەبیدا، کە نادیە مستەفا سەرپەرشتیاری تیمێکی کرد بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەیەک کە ئامانجی ناساندنی دیدێکی ئیسلامی بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەو کاتەدا لەجیهانی ئیسلامی ئەمە گەورەترین پڕۆژە بوو بەپاڵپشتی ئینستیوتی نێودەوڵەتی بیری ئیسلامی، پڕۆژەکە درێژەی کێشا بۆ دە ساڵ، لەساڵانی 1986 تا 1996، کە لەسەر سێ پایەی سەرەکی دامەزرابوو: ١- بنەچەی ئیسلام. ٢- مێژوو. ٣- بیری ئیسلام. کە بەرهەمەکەی دوانزە بەرگ لە کتێب بوو، کە بەهیوابوون ببێت بەشدارییەکی گرینگ لە کەڵەکەبوونی زانست لەڕوانگەی ئیسلامییەوە، لەهەوڵێکی هاوتەریبدا عەبدولحەمید ئەبو زێد دەستی کرد بە ئەنجامدانی دیبەیت لە ڕۆژئاوا، لەبارەی ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کتێبێکی بەو ناونیشانە نووسی “تیۆری ئیسلامی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا”، بوو بە ئاڕاستەیەکی تایبەتی ئیسلام لە بیرکردنەوە و میتۆدۆلۆجیا لەو بوارەدا. بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی زانیاری لەسەر دیسپلینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەویش بەهۆی کۆمەڵێک لە یاسا و چەمک و کۆمەڵێک دیدگاوە وەک سەرچاوەیەکی جەوهەری ئیسلام خۆی بونیاد دەنێت.

لەو چوارچێوەیەدا ئامانج لە گەشەکردنی گفتوگۆکانە لەسەر ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە لێکۆڵینەوە لە سێ ڕەهەندی زۆر ئاڵۆز کە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، یەکەمیان: سەردەمی پێش وێستڤالیا کە دەوڵەت ئیسلامیەکان باڵادەست بوون، وە دیدگای ئیسلام بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەروەها سەرچاوە و بنەماکانی وەک ڕێبازێک بۆ بینین و لێکدانەوەی جیهان.

ڕەهەندی دووەم پەیوەندی بە وێستڤالیەوە هەیە، ئەو سەردەمەی دەوڵەتی نەتەوەیی سەری هەڵدا، پەیوەندی نێوان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاین شیدەکاتەوە، ئایا لەو قۆناغەدا ئیسلام کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سێیەم ڕەهەند: لەخاڵەکەی پێشوو دەستپێدەکات تا لێکۆڵینەوە لە ئیسلام لەنێو چوارچێوەی هەندێک پاڕادایمدا، بۆ پەیوەستکردن هەندێک چەمک و ڕێباز لەدیدگای ئیسلامیەوە، کە جیاوازە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژئاواییەکانەوە.

دوای مردنی پێغەمبەر محەمەد، پاش 22 ساڵ شوێنکەوتوانی بوون بە کڕۆکی دروستکردنی ئومەتی ئیسلامی، دوو ئیمپڕاتۆریەتی گەورەیان شکست پێهێنا کە بیزەنتی و ساسانی بوون، خەلافەتیان دامەزراند سنووری قەلەمڕەوی ئیسلامیان فراوانکرد، لەڕۆژهەڵاتەوە تا ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژئاوایی چین و هیند، لە ڕۆژئاواشەوە دەستیان گرت بەسەر باکووری ئەفریقیا و ئیسپانیا، زۆرینەی ئەو خاکانە لەماوەی 120 ساڵێک بەدەست هاتن، لەژێر هەژموونی سێ خەلافەتی جیاوازدا، ڕاشدین، ئومەوی، عەباسی. دواتر شارستانیەتی ئیسلامی بە سەدەی زێڕینی خۆی تێپەڕئەبوو، لەقۆناغێکی گەورەی کەلتووری و ئابووری و زانستیدا بوو، کە لەسەدەی هەشتەم تا چواردەهەم بەردەوام بوو. دواتر عوسمانیەکان زیاتر دەستیان گەیشت بە ئەوروپا و تا سنوورەکانی ڤییەنا چوون لە سەدەی چواردەمەوە تا حەڤدەهەم.

بە درێژایی ئەو مێژووە موسڵمانان تێگەیشتنی خۆیان هەبووە سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەوەی کە چۆن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوانی تردا هەستپێکردووە، ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئیسلامدا لەسەر بنەمای شەریعەت(قانوونی ئیسلام) و فیقهی ئیسلامی دامەزراوە، یەکەمیان لە قورئان یان حەدیسەکانی پێغەمبەر هاتووە، یانیش بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە سوننەت و نەریت و فێرکاری و ئەزموونە مێژوویەکانی پێغەمبەر ئەبەستێت، تاڕادەیەکیش ئیجماع( کۆدەنگی زانایان و فەقیهەکان) لەسەر خاڵێکی دیاریکراو سەبارەت بەیاسایەکی ئیسلامی. واتە لەو شوێنانەی کە قورئان و سوننەت ڕێسایەک یان چەمکێکی گشتی ئەخەنەڕوو، فیقهی ئیسلامی دێت مامەڵەئەکات لەگەڵ وردەکارییەکان، واتە فیقه ئەو ئامرازەیە کە شەریعەتی پێ لێکئەدرێتەوە، بۆ ئەوەی یاساکان والێبکات لەگەڵ سەردەم و کات و شوێن و ژینکە و بارودۆخدا بیگونجێنێت، جیاوازی نێوان شەریعەت و فیقه زۆر گرینگە بۆ جیاکاری لەنێوان یاسا و بنەما ئیلاهیەکان کە ڕاستەوخۆ لە قورئانەوە وەرگیراون، ئەوانەشی وەک فیقه لە زانست و ئەزموون و حوکمدانی مرۆڤەوە وەرگیراوە، لەو حاڵەتەی کە یاسا یان بنەماکان بەگوێرەی بارودۆخەکە مشتومڕی لەسەر ئەکرێت و هەموار دەکرێتەوە، جیاوازی نێوان شەریعەت و فیقه گرینگە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ڕوانگەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پەرەیسەند بەدرێژایی سەدەکان، بەهەمان شێوەش درککردن بە هەمەجۆری لێکدانەوەکان لە فیقهدا، ئەوەی کە ئیجتیهاد لە هەلومەرجی جیاوازدا بەڕێوەئەجێت، ئەوە کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دیدگا ئیسلامیەکان کاریگەرن لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

کۆی ئەو سەرچاوانە ڕوانگەیەکی ئیسلامیان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داڕشتووە بریتین لە یاسا و بنەما و کۆمەڵێک پڕاکتیک بە چەند پرسێکی پەیوەست بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئیسلامدا، وەک بابەتی ڕێککەوتن و پەیماننامە، دیبلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە، گفتوگۆ و دانووستاندن و بازرگانی، بەو پێیە لەوکاتەدا دیسپلینێکی سەربەخۆ نەبوو لەو بوارەدا، ئەسیار(یاسای گەلانی تر) بەزمانی فیقه دەنووسرێت، لەلایەن فەقیهە موسڵمانەکانەوە، ئەویش دەربارەی پەیوەندییەکانی پەیوەست بەو بابەتانە لەپەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانان و گەلانی دیکە.چەمکی ئاشتی بنەمایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە ئیسلامدا، ئەو وشەیە یەکێکە لەناوەکانی خوداش وەک قورئان لە سوڕەتی الحشر، ئایەتی 23 ئەڵێت:

هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ ۚ سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ.

واتە: خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نیه‌ پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌، پاك و بێگه‌ردو پوخته‌، ئاشتی خواز و ئاشتی په‌روه‌ره‌، ئاسایش به‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌، خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان شه‌ریك و هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.

یان لە سوڕەتی انفال، ئایەتی 61 ئەڵێت:

وَإِن جَنَحُوا۟ لِلسَّلْمِ فَٱجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى ٱللَّهِ ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلْعَلِيمُ.

واتە: ئەگەر دوژمنێک بەمەرجێکی دادپەروارانەوە داوای ئاشتی لێکردیت، ئەوا دەبێت وەریبگریت، ئەگەر ئەوان مەیلیان بۆ ئاشتی هەبێت ئەوا تۆش مەیلت بۆ ئاشتی هەبێت و پشتیش بەخودا ببەستە، چونکە خودا بیسەر و زانایە.

ئەوە بەو مانایەش نایەت کە ئیسلام شەڕی تیانەبێت  بەڵکوو شەڕیش لە ئیسلامدا ئیستیسنایە واتە مەرج و یاسا و پڕاکتیک و ئامرازی تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵام لەکاتی لێکۆڵینەوە لە چەند فەقیهێکی دیاری ئیسلامی چەند سەدەیەک لەمەوبەر، ڕەنگە مرۆڤ بکەوێتە ژێر کاریگەری دوو بۆچوون دەربارەی شەڕ و ئاشتی، یەکەمیان: کە شەڕ یاسایە، نەک حاڵەت، دووەم: جەنگ بنەمای سەرەکیە لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسلام نەک ئاشتی، ئەو تێڕوانینە زیاتر بەستراوەتەوە بە تێڕوانینی نەزمی ئیسلامی لەو سەردەمەدا، کە زۆرێک لە فەقیهە ئیسلامیەکان جیهانیان دابەشکردە سەر دوو شوێنی ژیان، (دار الاسلام) ئەو شوێنەی کە موسڵمانان تێیدا نیشتەجێن و شەریعەتی ئیسلام تێیدا زاڵە، (دار الحرب) ئەو شوێنەیە کە ئیسلام تێیدا زاڵ نییە و موسڵمانان تێیدا پارێزراونین.

چەندین بۆچوون هەیە دەربارەی ئەوەی کەی و لە چ کاتێک ئەو خاکە بە دار الحرب حیسابە، هەندێک لە فەقیهەکان ئەڵێن هەر چ کاتێک ئەو شوێنە پەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی موسڵمانان نەبوو ئەوە دار الحرب، بەڵام ئەگەر پەیمانی هەبوو ئەبێتە (دار الاحد). بەڵام فەهیقەکان پێیان وا نەبوو ئەو یاسایە بەس بێت سێ مەرجی دیکەیان دانا بۆ ئەوەی چ شوێنێک بە دار حرب بناسێنرێت.

  1. نەبوونی حاکمێکی موسڵمان کە بتوانێت شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بکات
  2. ئەگەر خاکەکان لەتەنیشت دار اسلام بێت چاوەڕوان ئەکرێت هێرشی بکەنەسەر یان هێرش بێت لەوێوە، واتە لەدۆخێکی ململانێ ئەو شوێنە دار حرب.
  3. ئەگەر شوێنەکە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ موسڵمانان هەبێت بەڵام دواتر شکاندبێتی ئەو شوێنە دار الحربە.

زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کە ڕۆژئاواییەکان کردوویانە دەربارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئیسلام یان تیۆری سیاسی ئیسلامی، دەربارەی جیهاد بەشێوەیەکی هەڵە لێکدانەوەیان کردووە پێیان وایە جیهاد بریتیە لەشەڕێکی پیرۆز بۆ کۆمەڵێک دەستکەوتی ماددی کە ئەمەش وا نییە. ئەو دابەشبوونە دوانەییەی کە ئیسلام بۆ جیهان هەیەتی وەک دار الحرب و دار الاسلام ئەمە بەشێکە لەجەوهەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسلام. لەفیقهدا چەندین بۆچوون هەیە لەسەر ئەو خاڵە، کە لەئەنجامدا جیهانی ئیسلامی گریمانەکانیان دابەشبووە بەهۆی هەندێک هەلومەرج و بارودۆخ و شوێندا، کە دابەشیان کردۆتە سەر چەند هەرێمێک وەک دار الاحد (شوێنی پەیمان)، دار السلح(شوێنی ئاگربەست)، دار الحیاد(شوێنی بێلایەن) بەڵام هەمووی ئەو جیاکاریانە کاتین ئەوانە ڕەنگدانەوەی ڕوانگەیەکی واقیعی بوون لەو سەردەمەدا، لەهەمووی گرینگتر سەرچاوەکەیان لە وەحییەوە نەهاتووە واتە بنەمای ئاینی نییە. بەپێچەوانەی چەند فەقیهێکی موسڵمان لەمەزهەبی حەنەفی کە قوتابخانەیەکی فیقهیە کە پێیان وابوو جیهانیان بەسەر دوو بەشدا دابەش کردبوو، دار الحرب و دار السلام، بەڵام شافیعی وەک فەقیهێکی دیار ئەمەی ڕەتکردەوە پێی وابوو جیهان یەک بەشە، هەروەها ئەیگوت ڕوانگەی دووانەیی جیهان بۆ دووبەرە بەهۆی ئاکامی ئەو ماوەیە بووە کە شەڕ ئەنجام دراوە. زۆرینەی زانایانی موسڵمانانی مۆدێرن لەگەڵ بۆچوونەکەی شافیعین.

ئاشتی بنچینەی نێوان موسڵمانان و غەیرە موسڵمانانە لەئیسلامدا، ئەمەش بۆچوونی زۆرینەی ڕەهای فەقیهەکانە، ئەوانەی کە لەگەڵ ئەوەدا ناکۆک بوون بنچینەی ڕاکەیان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک تێکستی دینی سەریح نەبوو،  بەڵکوو بۆچوونەکەیان لەسەر فاکتەری کاتی دامەزراوە. لەڕاستیدا بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئیسلامدا بنچینەکەی قورئانە لەهەندێک بابەتی وردیشدا ئیجتیهادی مرۆڤەکان ئەبتە بنەما. دەتوانین لە سێ بنەما کۆیان بکەینەوە، یەکەم: یەکسانی بنەڕەتی نێوان مرۆڤەکان، دووەم: ئازادی، سێیەم: دادپەروەری، دەتوانرێت زیاتر چەمکەکان پۆلێن بکردرێت و فراوانتر بکرێت، بەڵام ئەوانە وەک بنەمای سەرەکی نێوان پەیوەندی موسڵمانان و غەیرە موسڵمانان دەمێنێتەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو لێکدانەوانە پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا تا چەند چەمکە ئیسلامیەکانی ئەوکاتە پەیوەندیدارە بەجیهانی پەیوەندی نێودەوڵەتی هاوچەرخ؟ یان ئیسلام وەک ئاینێک هیچ کاریگەریەک یان کارلێکێکی هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؟

 

ئیسلام لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا

لە سەدەی ڕابردوودا زۆربەی زانایانی ڕۆژئاوایی لەو بوارە، ئاینیان بەشتێکی نا پەیوەندیدار بەجیهان سەیرکردووە، ئەو بۆچوونە دەرئەنجامی پەراوێزخستن وەدەرنانی بەئەنقەستی ئاین بوو لەڕۆژئاوادا، کە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە سیستەمی جیهانی پاش پەیمانی وێستڤالیا ئاین لەکایەی سیاسی گۆشەگیربکات چیتر پێگە و ڕۆڵی جارانی نەمێنێت، تەنانەت کەسانی وەک جۆناسان و فۆکس و شموێل ساندلێر لەوە زیاتر ڕۆیشتن وتیان کە تەنیا نابێت ئاین لەبواری سیاسەت دەربکەین،  بەڵکوو دەبێت لەبواری زانستە کۆمەڵایەتیەکانیش دەربکردرێت، لەسەدەی بیستەمدا زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە لایەن ڕۆژئاواییەکانەوە ئەخرایەڕوو ئاین بەتەواوی پەراوێزخرابوو تیایدا. زۆرێک لە زانایانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان پێیان وابوو ئیتر ئاین وردە وردە لەکایە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بەتەواوی دەکشێتەوە، بەتایبەت هەندێک پێیان وابوو پڕۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن کۆتایی بە ئاین دەهێنێت وەک هێزێکی بەرچاو لەکایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، بەڵام لە دەیەکانی ڕابردوودا شتەکان دەستیان کرد بە وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراو، لانیکەم بۆ ئەوانەی پێیان وابوو ئاین لەسەر ڕێگای لەناوچوون دایە، دواتر سەرنجیان خستە سەر سەرهەڵدانەوەی ئاین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دواتر لەناو بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ نموونە سکۆت تۆماس بەو جۆرە پێناسەی ئەو دۆخەی کرد:

“پەرەسەندن و زەقبوونەوەی قەناعەتی ئاینی، واتە زیادبوونی گرنگی بیڕوباوەڕ لە ژیانی تاکەکەس و گشتیدا، یانیش زیادبوونی ڕۆلی کەسایەتی ئاینی و گروپە نادەوڵەتیە ئاینیەکان، ڕێکخراوەکان، لایەنە سیاسییەکان لەناوخۆدا، ئەمەش کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی”

لەڕاستیدا بەدرێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیست، گرنگیدان بە لێکۆڵینەوە لە ئایین بە شێوەیەکی بەردەوام چڕتر بوویەوە، لە سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا، کە چەندین ڕووداوی بەرچاوی تێیدا ڕوویدا لەوانە جەنگی سارد و ململانێ لەگەڵ کۆمۆنیزم، عەرەبی-ئیسرائیل ململانێ لە ئێرلەندای باکوور، ململانێی هیندستان و پاکستان، شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 ململانێی سریلانکا و شەڕی ناوخۆی لوبنان، ئەم قۆناغە لە دوای ئەوەدا گەیشتە لوتکە، لە هێرشەکانی 11 سێپتەمبەری 2001 لە ئەمریکا و دواتر لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە ساڵی 2001 و عێراق لە ساڵی 2003. کۆدەنگییەک دروست بوو لەنێوان پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە ئاین بەشێوەیەکی بەرچاو گەڕاوەتەوە ناو گۆڕەپانەکە. ئادیۆنگ ئاماژە بەوەدەکات کە ئارەزووی لێکۆڵینەوە پاش ئەو ڕووداوانە لەزیادبوون دابوو، وەک کۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانستە سیاسیەکان (IPSA) یاخود کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ توێژینەوەی سیاسی (ECPR) هەروەها کۆمەڵەی توێژینەوەی نێودەوڵەتی .(ISA) بەشێکی تایبەت بە ئاین دامەزراندووە، کە لەساڵی 2001 بەجێگیری گەشەدەکات

سەرەڕای ئەمەش کاریگەری ئاین هێشتا جێگای مشتومڕە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەندێکیان هێشتا پەیوەندییەکی کاریگەری ئەو دوو بوارە ڕەتئەکەنەوە، بەڵام گروپەکەی تر سوورن لەسەر کاریگەریە بەرچاوەکەی ئاین، کەسێکی وەک (شۆو) ئەڵێت سەرهەڵدانەوەی ئاین لە دەیەی 70 گۆڕانکاری بەسەر دیمەنی ئاینی جیهانیدا هێناوە تەنانەت لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا، تەنانەت گۆڕانکاری کردووە لەسەر دیدگای میدیا و ئەکادیمیەکان لەبارەی ڕۆلی ئاین. بەڵام پێناچێت هەمووان لەسەر ئەو دیدگایە هاوڕابن، بۆ نموونە شیرین هەنتەر لەکتێبی “خودا لەبەرەی ئێمەیە، ئاین لەکاروباری نێودەوڵەتیدا” هانتەر بۆچوونێکی پێچەوانە دەگرێتەبەر جەخت لەوەدەکاتەوە کاریگەری ئاین سێ سەدەیە بەرەو دابەزین دەچێت، بەپلەی جیاواز و بەخێرایی جیاواز لەناوچە جیاوازەکانی جیهان. ئەو پێی وایە کە ئەوانەی بانگەشەی گرنگی ڕۆلی ئاین دەکەن لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان،بەڵام شکست دەهێنن لەسەلماندنی ئەوەی کە ئەوە چۆنە. بەڵام پرسیارەکانی هانتەر بەشێکی لە کارەکانی فۆکسدا دەدۆزرێتەوە کە هەوڵدەدات ڕوونی بکاتەوە کە چۆن ئایین لە ڕاستیدا لە زۆر ڕووەوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە. لە وتارەکەیدا “ئاین وەک توخمێکی چاوپۆشیکراوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان” فۆکس دەڵێت: ئایین بە شێوەیەکی سەرەکی بە سێ شێوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە. یەکەم: دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوە هەبێت بەهۆی ئەو کارەکتەرانەی کە بەشێکن لەپڕۆسەی بڕیار کە خاوەن باوەڕی تاکەکەسین دووەم: دەتوانێت کاریگەری لەسەر حکومەتەکان هەبێت بە بوون بە سەرچاوەی شەرعیەت بۆ بڕیارەکانیان و کردارەکان. سێیەم: دەتوانێت پرس و دیاردە ناوخۆییەکان بگۆڕێت بۆ پرس و دیاردە نێودەوڵەتییەکان.هەروەها بە گوێرەی مۆنا شێخ، لایەنە جەوهەریەکانی ئایین پەیوەندییان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە بە جۆرێک کاریگەری لەسەر پرسە سەرەکییەکانی دیسیپلینەکە دەبێت، واتە ڕەفتاری دەوڵەت و سیاسەتی دەرەوە، مەرجەکانی ئاشتی و ڕێکوپێکی و ئاسایش و کەمترینیان سەرهەڵدانی شەڕ. ئەو توێژەرانەی کە هاوڕای ئەوەن کە ئیسلام کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دانبەوڕاستیەدا دائەنێن کە کاریگەریەکە لاوەکیە، بزوێنەری سەرەکی نییە لە بوارەکەدا، هەر بۆیە تیۆرە هاوچەرخەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامرازی پێوێستیان نییە تا لە وڵاتە ناڕۆژئاواییەکان تێبگەن و پێشهاتەکان شیبکەنە و لێکدانەوەی بۆ بکەن، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی زۆر زەحمەتە لێی تێبگەن تاوەکو لەخودی ئیسلام تێنەگەن. بە زیادکردنی ئارگومێنتەکەی هانتەر، دەتوانرێت پێشنیار بکرێت کە ئیسلام کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە لانیکەم لەسەر دوو ئاست: ئاستی بیرۆکەیی، و ئاستی کارلێککردن. سەبارەت بە ئاستی یەکەم، فەیلەسوف و زانا و فەقیهە موسڵمانەکان بەشدارییەکی بێئەندازەیان لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا کردووە،بە تایبەت لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا. داهێنان و دۆزینەوەکانیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەک زانستە سروشتییەکان، بیرکاری، پزیشکی، فیزیا، فەلەکناسی، کیمیا، جوگرافیا، مێژوو، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، فەلسەفە کاریگەرییان لەسەر ڕێنێسانسی ئەوروپی پانزەهەم و سەدەی شانزەهەم. عوسمان بەکار ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ لەڕۆژئاوا کەم کەس ئەزانێت کتێبی قانوونی پزیشکی ئیبن سینا یەکێک بوو لەو تێکستە زانستیانە کە لەسەردەمی ڕێنسانسەوە وەک وانە دەگوترایەوە بۆ چەندین سەدە بەشێک بوو لە مەنهەجی پزیشکی، هەروەها زۆرێک لەخەڵکیش نازانن کە دوو فەقیهی موسڵمان یاسای گەلانیان یان یاسای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نووسیوە هەزار ساڵ پێش وێستڤالیا.

یەکەم فەقیه عەبدولڕەحمان بن عەمر ئەوزەعییە (لەساڵانی 707-774 ژیاوە) لەکتێبی ئەسیاردا(یاسای گەلان) گرنگیەکی تایبەتی بە بڕگەکانی شەڕ و ئاشتی داوە کە پەیوەندیدارە بە یاسای نێودەوڵەتی گشتی. هەندێک لە بابەتەکانی هەتا بۆ سەردەمی ئەوڕۆش جێگای گرینگین، باسی لەچۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دوژمنەکان کردیە، کە تێیدا جیاوازی لەنێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و شەڕکەرەکان کردیە، کوشتنی خەڵکی مەدەنی بەتاوان داناوە هەتا بۆ گەیشتنیش بێت بە ئامانجێکی سەربازی، ئەو جەختی لەوە کردەوە کە کوشتنی ژن و منداڵان هەرگیز ڕێگەپێدراو نییە تەنانەت ئەگەر دوژمنیش بەکاریان بهێنێت وەک قەڵغانێک، تەنانەت ئەوزەعیە زیاتر پەرەی بەو ئەرگۆمێنتە دا کە هەتا قەدەغەکردنی زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی دوژمن، ئاژەڵەکان

و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕاگەیاند. هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ و لەسێدارەدانی قەدەغەکرد، تەنانەت ئەگەر دوژمن خیانەتیشی کرد و دیلە موسڵمانەکانی کوشت. هەروەها لەسەر بابەتی غەنیمەتەکانی شەڕ و ڕێککەوتنامە و پەیماننەکانیش بۆچوونی خۆی هەبوو. دووەم فەقیه محەمەد بن حەسەن الشەیبانیە (لەساڵانی 750-805 ژیاوە) کە ناسراوە بە باوکی یاسای نێودەوڵەتی ئیسلامی، چەندین کتێبی نووسیوە دەربارەی فیقه، لەنێویاندا دوو کتێب لەو بوارەدا بەناوی ئەسیار سغیر و ئەسیار کبیر ، کە گرنگترین بابەتەکانی دەربارەی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەکان و نوێنەرایەتی دیبلۆماسی، دانووستان و یاسای ئابووری نێودەوڵەتی و یاسای دەریا و یاسای جەنگ بوو. زانایانی موسڵمان پێیان وایە ئەم بەرهەمانە لەنێو بەرهەمەکانی تری فەقیهە موسڵمانان کاریگەرییان هەبووە لەسەر بیری ڕۆژئاوا و زانایانی ئەوروپی وەک فرانسیسکۆ سوارێز (لەدایکبووی 1548–کۆچی دوایی 1617) و هوگۆ گرۆتیۆس (لەدایکبووی 1583-کۆچی دوایی 1643)، کە بناغەکانی یاسای نێودەوڵەتی مۆدێرنی دانا. زۆر بنەما یاساییە ئیسلامییەکان سەبارەت بە هەڵسوکەوتی سەربازی و مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ وەک پێشەنگێک بۆ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی مۆدێرن دانراون، بەو پێیەی یاسای نێودەوڵەتی وەک چوارچێوەیەک بۆ پراکتیزەکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جێگیر و ڕێکخراو کاردەکات، دەتوانرێت بڵێین ئیسلام بەشداری کردووە لە داڕشتنی هەڵسوکەوتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە جیهانی مۆدێرندا لە ڕێگەی بنەما و ڕێساکانەوە کە لە یاسا مۆدێرنەکاندا جێگیرکراون.

 

ئیسلام وەک تیۆری یان پاڕادایمێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا توێژەران زۆر زیاتر بایەخیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیسلام لەچوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پەیدابوو، بەڵام لێکۆڵینەوەکانیان دەربارەی ئیسلام وەک یەکەیەکی سەربەخۆ نەبوو کە تێگەیشتن و لەسیاقدانی خۆی هەیە لەبۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر وردبوونەوەکان لەئیسلام پەیوەندی هەبوو بەڕووداوە نێودەوڵەتیە تایبەتەکان و یان پێشهاتە سیاسیە نەرێنیەکان، لەسەرانسەری جیهاندا. کە تێڕوانینێکی شێواو و ناتەواوی هێنا بۆ پەیوەندی ئەو دوو بوارە. لە ئەنجامدا ئیسلام لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی کورتکرایەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی یەکپارچەیی هەبێت وەک بەشێک بوو لە سیاسەتی دەسەڵات و یان لە زۆر حاڵەتدا پەیوەست بوو بە چەقبەستوویی، شەڕ، ڕادیکالیزم، دواکەوتوویی یان پاوانخوازی، لەنێو ڕەوتە نێگەتیڤەکاندا. ئەلیزابێس هێرد ڕۆشنایی دەخاتە ڕوو لەسەر ئەمە بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە کە بەرژەوەندیە تازە گەشەسەندووەکان بۆ ئیسلام و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی سیاسەت بەشێکە لە پرۆسەی دەستکاریکردنی ئیسلام لەلایەن هەمووانەوە. ئیسلام وەک ئەو ئایینە وێنا کراوە کە زۆرترین یاخی بوون و بەرگریان هەیە بەرامبەر بە مۆدێرنیتەی شێوازی ڕۆژئاوایی. وەک خۆی ئەڵێت ئیسلام وەک بریکارێک پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی ورد هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەسەرهەڵدانی توندوتیژی، هێرد تێبینی ئەوەدەکات کە زۆرێک لە توێژەرە ڕۆژئاواییەکان کارەکانیان بنیادناوە لەدەوری ئەوەی کە دەبێت ئیسلام چاکسازیەکانی لەبەرژەوەندی ئاشتی جیهانی دابێت. لەلایەکی ترەوە چەند توێژەرێک پێشنیاریان کردووە کە ئیسلام بخوێنرێت نەک وەک فاکتەر یان توخمێک کە کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان،  بەڵکوو وەک پاڕادایم یان تیۆرییەکی سەربەخۆ، ئەگەر ئەو بانگەشەیە لەبەرچاوبگیرێت، پرسیارەکە ئەوەیە: ئیسلام چۆن دەبوو لەو حاڵەتەدا؟ یان چۆن ئیسلام چەمک و ڕێبازە ئیسلامیەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەیتوانی پەیوەندی بەئێستای تیۆریە هاوچەرخەکاندا هەبێت. بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لای ئیسلام وەک پاڕادایم، پێویستە مرۆڤ بەدواداچوون بکات بۆ بابەتەکانی وەک فکری سیاسی لە ئیسلامدا، مێژووی ئیسلام و زانستە کۆمەڵایەتیەکانی ئیسلام یاخود بابەتی کەلتوور یان شوناس. ئیسلام وەک ئاینێک پەیامێکی گشتگیری هەیە، خۆی وانیشان ئەدات سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی گشتگیر، هەروەها ئەو بابەتانە گرێئەدرێنەوە لەگەڵ بەها و ڕێسا و یاساکانی ئیسلامدا، بەوە سیاسەت ئەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لە ئاین. چەمکی ئومەت نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی موسڵمانان دەکات لە فرەچەشنییەکەیدا کە بەستراوەتەوە بە پەیوەندییەکی هاوبەشی کۆدەنگی کە پێی دەوترێت عصبيّة، سەروەری موتڵەقیش هی خودایە بەسەر زەوی و هەموو گەردووندا، خەلیفەش ئەرکی یەکخستنی هەردوو دیوی دنیای و ڕووحی خەڵکە، لەژێڕ ڕۆشنایی یاساکانی خودا، لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە هەڵدەبژێردرێت بۆ خزمەتی ئومەت. ئیسلامی لە ڕێگەی سێ مەرجی سەرەکییەوە بەشداری لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکاندا دەکات: ئاشتی، شەڕ و بێلایەنی، هەریەکێک لەو مەرجانە ڕێسا و پرەنسیپ و مەرجی تایبەتی خۆی هەیە. یانی سیاسەت لە هەر حاڵەتێکدا بە کۆمەڵێک ئامرازەوە پەیڕەو دەکرێت کە هاوتەریبن لەگەڵ فێرکارییەکانی قورئان کە فەرمانی خوداین، سەرچاوەی سەرەکیە پاشان سوننەت، هەردووکیان پێکەوە ڕێسا گشتیەکان دائەنێن، بەڵام فیقه کە لەلایەن فەقیهە موسڵمانەکان دانراوە پردێکە لەنێوان دەقە نەگۆڕەکان و گۆڕاوە سروشتیە واقعیەکان. فیقهی ئیسلامی لێکدانەوەیەکی فرەچەشن بۆ بابەتەکان دەکات، بەو شێوەیە دەبێتە هۆی فرەیی ڕێباز و دیدگاکان لەسەر هەمان پرس. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کە ئیسلام سێ ڕێباز بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش دەکات: ڕێبازێکی کلاسیکی نەریتی، ڕێبازێکی ڕێفۆرخواز(ناتەقلیدی)، ڕێبازێکی ڕادیکاڵ(سەلەفی-جیهادی) هەریەکێک لەم ڕێبازانە کۆمەڵێک تیۆری دەخەنە ڕوو، ئەمەش بەندە بە لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. ئەم ڕێبازانە بە درێژایی مێژوو پەرەیان پێدراوە لەژێر کۆمەڵێک بارودۆخ و ئەزموونی مرۆییەوە، کە سەرچاوەن بۆ تیۆری جیاواز لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسلام کە سێ تیۆری جیاوازن بۆ لێکدانەوە، کە هەڵگری پاڕادایمی جیاوازن لەیەکتر ئەمەش ئاساییە وەک چۆن لەتیۆریە ڕۆژئاواییەکان، پۆزەتیڤیستەکان و پۆست پۆزەڤیستەکان هەن، یان جیاوازی نێوان ڕیالیست و لیبرالەکان، بیرۆکەی لێکۆڵینەوە لەئیسلام وەک تیۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان یان پاڕادایمێک، دەتوانرێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشکەوتنی گفتوگۆکان لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە یان زۆربەباشی پێشوازی لەو هەنگاوە یانیش زۆریش دژی دەوەستنەوە هەندێکیش بەگومانن، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی کە دژن بە ڕەوتی بیرکردنەوەی ئیسلام، کە پێیان وایە خۆی وەک پەیامێکی سەرووتر دەبینێت، بەشێکی زۆری نۆرمە وێستڤالیەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتی ڕەتدەکاتەوە. بۆیە پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە ئیسلام وەک پاڕادایمێک یان تیۆرییەکی تازە بۆ ئەوەنییە ببێتە بەدیلێکی تەواو.  بەڵکوو بۆ فراوانکردنی مەودا و سەرچاوەکانی زانینە، یارمەتیدەر بێت لەپاڵ تیۆریە ئەوروپیەکان بۆ لێکدانەوە و پێشبینی کردنی ئەو ناوچانەی کە ڕۆژئاوایی نین بەتایبەتی ئەوەی پێی ئەڵێن جیهانی ئیسلامی.

 

بۆچی ئیسلام تیۆری نییە لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؟

 سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانە لە بۆ تیۆریزەکردنی ئیسلام، بەڵام ئەو هەموو ئەو هەوڵانە وەک بنیاتێکی یەکگرتوو و سیستەماتیک شکستیان هێناوە بۆ سەرپێ خستنی تیۆرییەک بەناوی ئیسلامەوە، چەندین هۆکارهەن بۆ لێکدانەوەی ئەوە، بەڵام بە پلەی یەکەم بەشێکی پەیوەندی هەیە بەخودی موسڵمانان، بەشێکیشی پەیوەندی هەیە بەسروشتی سیستەمی ئێستا و هەژموونی ڕۆژئاوا، کە زیاتر ڕوونی ئەکەینەوە. فاکتەری یەکەم پەیوەندی بەکاتەوە هەیە کاتێک خەلافەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕووخا، ئەمە بووە هۆی شۆکێکی گەورە بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی، کە لەوکاتەدا سیستەمی جیهانی شێوەی خۆی ئەگرت، ئەمە بۆ موسڵمانان نوێ بوو، بەڵام بۆ ئەوروپیەکان ئەو سیستەمە لەسەرەتای وێستڤالیەوە وردە وردە دەرئەکەوت، بۆیە دواتر توێژەرە موسڵمانەکان ناچاربوون بۆ ئەوەی لەو دۆخە تێبگەن بواری لێکۆڵینەوەکانیان بردە ناو مەعریفیە ڕۆژئاواییەکانەوە، کاریگەری ئەو قۆناغەیان ڕەنگی دایەوە لەسەریان. فاکتەری دووەم پەیوەندی هەیە بە ئیجتیهاد، ئەو مەزهەبە جیاوازانەی کە هەن دەرئەنجامی گفتوگۆی فەقیهە موسڵمانەکانن لەسەدەکانی پێشتر، بەڵام لەئێستادا پڕۆسەی ئیجتیهاد لەسەر بابەتە زۆر گرینگەکان ناچالاکە. بەتایبەتی لەو بوارانەی کە پەیوەستن بە سیاسەت، هەروەک چۆن فەقیهەکان ئەڵێن هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نەهاتۆتە بوون لەوەتەی سەردەمی پاش وێستڤالیەوە، هەربۆیە توێژەران ئەبێت بۆ بیرکردنەوەی لەتیۆرییەکی نوێ ئەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەدەبیاتێکی لەمێژینە کە لەگەڵ واقعی ئێستادا زۆر جیاوازە. فاکتەری سێیەم پەیوەستە بەلایەنی سیستەمی پەروەردەوە، لەدوای کەوتنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، جیهانی موسڵمانان کەوتە ژێر دەستی دەوڵەتە کۆڵۆنیالەکانی ڕۆژئاوا، ئەو بارودۆخە سەرلێشێواویەکی زۆری دروستکرد لەسەر بابەتی ناسنامە، ململانێ کەوتە نێوان سێ لایەن، یەکەمیان: ئەوانەی هەموو کەلتووری و بەها ڕۆژئاواییەکانیان بەتەواوەتی ڕەتدەکردەوە، سەر بەجیهانی کۆن بوون، دووەم: ئەوانەی دەیانەوێت ببن بە بەشێک لە دونیای مۆدێرنە بەڵام پارێزگاری لە میراتی ڕووحی و کەلتووری خۆیان بکەن و بیپارێزن، سێیەم: ئەوانەی دەیانەوێت سیستەم و بەهاکانی ڕۆژئاوا بەبێ ڕەچاوکردنی بۆ ناسنامەی ناوخۆیی، مێژوو و سیاق. ئەنجامەکەی بووە سیستەمێکی پەروەردەی ناتەبا و تێکشکاو، سیستەمێک کە موسڵمانانی لەتوڕاسە زانستیەکانی خۆیانی دابڕی، قوڕس بوو بۆیان لەفۆڕمێکی نوێ بیخەنەڕوو و بیگونجێننەوە بەگوێرەیی پێویستیەکانی ئەو سەردەم. فاکتەری چوارەم پەیوەستە بە حوکومەتەکانی جیهانی موسڵمانان، هیچ بەرژەوەندیەکی ڕاستەقینەیان نەبوو بۆ هاندانی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی زانستی و بێلایەنانە، بەتایبەت لەسیاسەتدا، وەک سوهەیل هاشمی ئاماژەی پێدەکات کە ئازادی گفتوگۆ لەژێر پرسیاردا بوو بەهۆی ئەو کەشوهەوا سیاسیە سەرکوتکەرەی کە تێیدا کەوتبوون. کە زۆربەیان بریتی بوون لە حوکمڕانی، سەربازی، دیکتاتۆری، سیستەمی خێڵەکی، تیۆکراسییەکان، پێشتر ئاماژەمان پێدا کە حاکم لەئیسلامدا خودایی نییە،  بەڵکوو لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت پابەندە بە ڕاوێژکاری و خزمەتکردنی ئومەت. پێنجەم فاکتەری زمانە، ئینگلیزی بەزمانی ئەکادیمی دائەنرێت ئێستا کە پێشتر وانەبوو، کە زۆرینەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بەزمانی ئینگلیزین، تا ساڵانی نەوەدەکان %90 توێژینەوەکان بەزمانی ئینگلیزی بوون، ئەوانەی کە توێژینەوە ئەکەن لەنێوان ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کاتێکی کەم و سنوورداریان هەیە بەتایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە بەدوای کتێبە فیقهیەکاندا کە بۆ پسپۆڕانی غەیرە شارەزایی ئاینی قوڕسە، هەروەها کێشەی تێنەگەیشتن لەزمانی عەرەبی و ئەدەبیاتی دینی یەکێکە لەکاریگەریەکان. هەروەها ناچاری توێژەرەکان کە دەبێت بەزمانی ئینگلیزی بنووسن و گفتۆگۆبکەن و بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی کارەکەیان بە جیهان بگات. بۆ ئەمەش دوو شت هەیە دەبێت بیڵێین یەکەمیان، ئەو توێژەرانە بەشێکی کاتەکانیان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی تەرخان بکەن، هەروەها پێویستە پەیوەندی ببەستن لەگەڵ توێژەرە ئینگلیزی زمانەکان و بەشداریکردن لە کۆنفڕانسە ئینگلیزیەکان، دووەمیان ئەگەر ئەوەش بەدەستهات بەڵام ئەو شێوازە گەیاندنە نایابە لەدەستئەدەن کە بەزمانی خۆیان بیرئەکەنەوە و ئەنووسن و گفتوگۆ ئەکەن، هەروەها ئەوانەی لەناو بڵاوکراوە ڕۆژئاواییەکانن دژی پەرەپێدانی بابەتی ئیسلامن لەناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. دیارە ئەو تەحەددا و سەختیانە کە لەبۆ بەرهەمهێنانی سیستەمێکی نوێی مەعریفە تەنیا لەو خاڵانە کۆنابێتەوە. جگە لەوەش کارکردن لەژینگەیەکی نالەبەردا کە پەیوەستە بە سیستەمی وێستڤالیای ڕۆژئاوایدا چەندین تەحەددا و بەربەست بۆ تیۆریستە موسڵمانەکان دێتە پێشەوە. بەگوێرەی ئاچاریا و باری بۆزان، هەر مەعریفەیەک بیەوێت وەک تیۆرییەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەشداربێت لانیکەم دەبێت یەکێک لەو سێ خاڵەی تیابێت:

٭کە بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن کۆمەڵگای ئەکادیمیەوە بەتیۆر بناسرێت.

٭لەلایەن دامەزرێنەرانیەوە وەک تیۆرییەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بیناسێنن.

٭ هەوڵێکی سیستەماتیک و ئەبستراکت بێت لەداڕشتنەوەی تیۆرییەکەدا.

 

ئادیۆنگیش پێشنیاری مۆدێلێک ئەکات لەسەر بنەمای هەندێک خاڵ، یەکەمیان: دەستینشانکردن و ناساندنی پەیوەندی نێوان ئاین و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پاشانیش ئیسلام. دووەم: شیکردنەوەی یەکە جیاوازەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تێگەیشتنی موسڵمانان لەبۆی، سێیەم: دەستنیشانکردنی چەند زانا و توێژەرێکی ئیسلامی سەرنج خستنەسەر کارەکانیان شیکردنەوەی چەمکەکانیان لەسەر حوکومەت و دەوڵەت و بیری موسڵمانان. چوارەم: هەڵسانگاندنی کەیسێکی پڕاکتیکی لە کۆمەڵگای موسڵمانەکاندا شیکردنەوە لە بۆی. ئەو مۆدێلە زۆربەباشی خزمەت بەو هەوڵانە ئەکات بۆ دامەزراندنی تیۆرییەکی ئیسلامی. بۆ ئەمەش هەوڵەکان لە دوو ڕێگاوە دێن، یەکەمیان تێگەیشتنێکی نەریتیە لەسەر بنەمای ئەوەی کە پێشتر هەبووە بەڵام بەشێوەیەکی فراوانتر و سیستەماتیکتر، ئامانج لەوەش شیکردنەوەی زیاتری چەمکە ئیسلامیەکانە کە دەتوانرێت لە هەوڵەکانی داڕشتنی تیۆرییەک بەکاربهێنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی مێژوویی و هێنانەوەی چەمکە ئیسلامیەکان بۆ واقعی ئێستا. لەهەندێک کاتیش دەتوانرێت یارمەتیدەربێت بۆ جێگیرکردنەوەی لێکدانەوە کۆنەکان کە لەلایەن ئیسلامی نەریتیەوە خراوەتەوە ڕوو بەتایبەتی لەپرسی شەڕ و ئاشتیدا. بەڵام ڕێگای دووەم جیاوازە و سروشتێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە کە دەتوانرێت بڵێین. ئامانجی هەیە بۆ گۆڕینی خودی پرۆسەکە نەک گونجاندنێکی سنوورداری چەمکەکان. وەک لە ڕێڕەوی پێشوودا. ئامانجی سەرەکی لێرەدا هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەمک و ڕێبازە ئیسلامییە تەواو نوێیەکان کە پەیوەندییان بە کاروباری ئێستاوە هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا پەیوەستە بە هەردوو سەرچاوە سەرەکیەکە ئەویش قورئان و سوننەتە.

 

دەرئەنجام

هەرچەندە پەیوەندی نێوان ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزە، بەڵام ئەمە نەبۆتە ڕێگری لە توێژەران لە لێکۆڵینەوەکردن بەدوایدا، پێویستی بەدواداچوون بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو پەیوەندییە زیادی کردووە، بەشێوەیەکی بەرچاو لەدەیەی ڕابردوودا یان زیاتر لەگەڵ پەرەسەندنی بانگەشەکان بۆ دروستکردنی فێڵدێکی جیهانی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، نەک تەنیا پشتبەستن بێت بە تیۆرە ڕۆژئاواییەکان، کە زۆرجار لێکدانەوەکانیان کورت ئەهێنێت لەشیکردنەوەی بەشەکانی تری جیهاندا. توێژەران هەوڵیانداوە لە ئیسلام وەک تیۆرێک یان پاڕادایمێکی تایبەت بکۆڵنەوە. هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان زۆربەرەو پێشەوە چوون. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بەربەست و سەختییە بێ شومارانەی کە ڕووبەڕووی توێژەران دەبتەوە، بەڵام ئەمە دەبێت پاڵنەرێک بێت بۆ بەردەوامبوون لەکارکردن لەسەر چارەسەکردنی ئەو تەحەدیانە، کە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵدانانەوە دەبنەوە بۆ بە فەرمیکردنی تیۆری ئیسلام لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە بەشێوەیەک بەشداربێت لە بەجیهانی کردن و فراوانکردنی تێگەیشتمان لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرچاوە:

https://bit.ly/3UrYg1T

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: