ستۆیسیزم وەک فەلسەفەیەک بۆ ژیانێکی ئاسایی

1206
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ماسیمۆ پیگلیوچی

وەرگێرانی: کامۆ ئاراز

”ناچاری دەبێت بمرم. گەر بۆ ئێستا بێت، هەر ئێستاکە دەمرم؛ گەر هاتوو بۆ دوایی بێت، سا کەوایە بۆ ئێستا ژەمی نیوەڕۆ دەخۆم لەوەتەی ساتەوەختی نانی نیوەڕۆیە، دوای ژەمەکە خەریکی مەرگ دەبم.”

_ئێپیکتیتەس، پەڕتووکی: دیسکۆرسەکان.

بیهێنە پێش چاوت، لە سەردەمێکدایت، ٢٤ سەدە پێش ئێستا، بە شەقامەکانی شاری ئەسینادا پیاسە دەکەیت. لەوانەیە چاوت بکەوێت بە پیاوێک: زینۆی سیتیەم. ئەو بازرگانێکی فینیکی بوو. لە پیشەکەیدا سەرکەوتوو بوو تا ڕۆژێک لە ڕۆژان کەشتیەکەی تێک دەشکێت، هەرچی ماڵ و سامانی هەبوو، لەو ڕووداوەدا لەدەستی دان. ئینجا ڕێی کرد بۆ شاری ئەسینا. تۆ بڵێی لەوێ چی کرد؟ یەکێک لە یەکەمین ئەو شتانەی لەو شارە کردی ئەوە بوو، چوو بۆ کتێبفرۆشییەک و دەستی کرد بە خوێندنەوە. یەکێک لەو دەقانەی خوێندیەوە کتێبی <مێمۆڕەبیڵیا>ـی زەینەفۆن بوو، ئەو کتێبە باسی لە سۆکرات دەکرد.

هێندە بەو کتێبە سەرسام ببوو، ڕووی وەرگێڕا بۆ کتێبفرۆشەکە و لێی پرسی ”لە کوێ دەتوانم چاوم بە یەکێک لەم فەیلەسوفانە بکەوێت؟” کتێبفڕۆشەکەش ئاماژەی بۆ کەسێک کرد و بەرسڤی دایەوە ”ئەوەتا یەکێکیان، ها بە ئێرەدا تێپەڕ دەبێت.” هەروەکوو دەزانیت ئێرە ئەسینایە، سەخت نییە فەیلەسوفەکان ببینین هەروا بە ناو بازاڕدا دێن و دەڕۆن.ئەو فەیلەسوفەی بە ڕێکەوت بەوێدا تێپەڕی ناوی کرەیتس بوو، فەیلەسوفێکی سەر بە ڕێبازی سینیکەکان بوو.

پاشان زینۆ بوو بە قوتابی ئەو، دواتریش وانەی فەلسەفەی لەلای چەند فەیلەسوفێکی ئەو وەختە خوێند لە شاری ئەسینا. ئینجا زینۆ قوتابخانەی تایبەت بە خۆی، ناسراو بە <ستۆیسیزم>، دادەمەزرێنێت. بۆیە بەو ناوە ناسراو بوو، لەبەر ئەوەی ئەو و ستۆیکەکانی ئەو سەردەمە لە <ستۆوا> لە مانایان دەکۆڵیەوە، ستۆوا بازاڕگایەکی کراوە بوو لە شاری ئەسینا. زینۆ و خوێندکارەکانی جیا لە قوتابخانە فەلسەفییەکانی دیکە— ئەکادیمیاکەی ئەفڵاتوون و لایسیۆمەکەی ئەڕەستۆ—  لە شوێنێکی تایبەت و دیاریکراو نەیاندەخوێند، بۆ خۆیان لە بازاڕە سەرئازادەکەی ستۆوا لێی دادەنیشتن و گفتوگۆیان دەکرد. ئاخر، ستۆیکەکان دەیانویست لە نێو خەڵکیدا بن، تاوەکوو لەگەڵیاندا بدوێن و ژیانیان باشتر بکەن.

ستۆیسیزم بوو بە یەکێک لە قوتابخانە فەلسەفییە پەرەسەندووەکانی سەردەمی کۆن. سەرەتا بەناو جیهانی هێلێنیستیدا گەشونمای کرد و دواتریش بۆ کۆماری ڕۆمان و ئینجا ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمان تەشەنەی سەند. بیرمەندگەلێکی گرنگی بۆ ئەو سەردەمانە بەرهەم هێنان. سێنێکا، کە سیاسەتمەدار و ڕاوێژکارە بێبەختەکەی ئیمپڕاتۆر نیرۆ بوو، هاوکات شانۆنووسیش بوو، تەنانەت کاریگەری لەسەر شەیکسپیری شانۆنووسی ئینگلیز داناوە. ڕاستیەکەی، چارەنووسی سیاسی ئەو باش کۆتایی پێ نەهات. بیرمەندێکی تر ماڕکۆس ئۆرێلیۆسە، یەکێک لەو پادشا فەیلسەوفانەی کە لە تەواوی مێژوودا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، کتێبی <مێدیتاسیۆنەکان>ـی نووسی، ڕاستیەکەی ئەو نووسینە بریتی بوو لە یاداشتنامەیەکی تایبەت بە خۆی، وەلێ ئێستا لەلایەن ملیۆنان کەسەوە لە سەرانسەری جیهاندا دەخوێنرێتەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە ستۆیسیزم سەرنجی چەندان خانمی ڕاکێشا بوو، هەر بە ڕاستی ئەمە بۆ قوتابخانە فەلسەفییەکانی دیکەی ئەو سەردەمە شتێکی دەگمەن بوو. کەیبانووەکانی ڕۆمان لەگەڵ هاوڕێکانیان کۆدەبوونەوە و گفتوگۆیان دەکرد سەبارەت بە ستۆیسیزم. نەک تەنها دەمەتەقە، هەندێک لەوان ستۆیکانەیش دەژیان. بەناوبانگترینی ئەو خاتوونانە، پۆرشیا کاتۆنیس بوو، هاوکات کچی کاتۆی بچووک بوو، دوژمنە سەرسەختەکەی یولیوس سیزار، هاوسەری بروتوسیش بوو، کە یەکێک بوو لەوانەی دژی سیزار پیلانی گێڕا. هەر بۆیە لە ژیانیدا دەبوو بەرگەی زۆر کێشە و تەگەرە بگرێت، سا بە گیانێکی ستۆیکانەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو گرفتانەدا دەکرد.

ستۆیسیزم هاوشێوەی ڕێبازە دێرینەکانی دیکەی فەلسەفە، بە هۆی هاتنە کایەی کریستیانیەتیەوە [مەسیحیەت]، کاڵ بووەوە. بەڵام هێشتا کاریگەری دەخستە سەر خەڵکی بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵی دواتر. هۆی ئەوەی ئەو خەڵکانەی سەردەمی ئێستا ئاشنان بە هەندێک بیرۆکەی ستۆیکەکان، ئەوەیە کە ستۆیسیزم کاریگەریەکی زۆری کردووەتە سەر کریستیانیتی لە سەرەتای دامەراندنیەوە لەلایەن پۆڵ، دواتریش کاریگەریەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ تۆماس ئەکویناس کە یەکێک بووە لە خوداناسە ناسراوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، دواتریش بۆ فەیلەسوفەکانی نزیک سەردەمی مۆدێرن، لەوانە ڕێنێ دێکارت و بارۆخ سپینۆزا کە فەلسەفە ئەخلاقیەکەی لەسەر ستۆیسیزم دامەزراند بوو.

ستۆیسیزم دەربارەی چییە؟

یەکەم شتی ستۆیسیزم ئەوەیە کە لەسەر بنەمایەکی هەرەگرنگ دامەزراوە، ئەویش بەڕێکردنی ژیانە بە گوێرەی سرووشت. جا پێش ئەوەی پۆشاکەکەت فڕێ بدەیت و بە ڕووتوقووتی ڕابکەیتە ناو دارستان و باوەش بە دارەکاندا بکەیت— ستۆیسیزم ئەوە نییە. ستۆیکەکان پێیان وا بوو دەبێت سرووشتی مرۆڤ بە هەند وەربگرین.

سرووشتی مرۆڤیش لە بنەمادا لەسەر دوو شت بینا کراوە.  یەکەم، ئێمە بێپیان بوونەوەری کۆمەڵایەتین. هەرچەندە دەتوانین بەتەنیایش لە مردن ڕزگارمان بێت، وەلێ دەتوانین گەشە بکەین کاتێک پێوەندی کۆمەڵایەتی تەندرووست بە یەکتریەوە گرێمان دەدەن. دووەم خاڵیش ئەوەیە، ئێمە توانای بیرکردنەوەمان هەیە. ئەمەیش واتای ئەوە نییە ئێمە هەموو کاتێک کەسانێکی ئاقڵین. ڕاستیەکەی بە پێچەوانەوە، ئێمە هەردەم لە کۆششداین بۆ ئەوەی بە هۆشمەندی بمێنینەوە، وەلێ مەبەستە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە تواناماندا هەیە کەسانێکی بیرکەرەوە بین. بۆ ستۆیکەکان، باشترین ژیانێک مرۆڤ بیەوێت بەسەری ببات، لە ڕێی بەکارهێنانی ئاوەزیەوەیەتی. ژیانێک کە تێیدا ژیری و بیری تێدا وەگەڕ دەخەیت بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و هەمووان.

دوو بنەما هەن کە ستۆیسیزمیان ڕاگرتووە. یەکێکیان بریتییە لە چوار ڤیرتوەکە [فەزیڵەت]: ژیری، بوێری، دادپەروەری و دەستبەسەرخۆداگرتن. ژیری ئەو ماریفەیەیە کە لە ڕێیەوە دەزانیت چی بۆ تۆ باشە و چیش دەشێت خراپ بێت. بوێری [یان ئازایەتی] تەنها لاشەیی نییە، بەڵکوو مرۆڤ دەبێت لەلایەنی مۆڕاڵیشەوە بوێر بێت، بە مانایەکی دیکە بوێری ئەوەیە مرۆڤ هەڵسێتە سەر پێ و شتە ڕاستەکە بکات. دادپەروەری پێت دەڵێت شتە ڕاستەکە چییە، چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا بکەیت. دەستبەسەرخۆداگرتن [یان خۆدسپڵنکردن] بریتییە لەوەی مرۆڤ هەمیشە کردارەکان بە پێوانەی خۆیان بکات— نە زێدەڕەوی بکات، نە چاوچنۆکی.

دووەمین بنەما بریتییە لە <دایکۆتۆمی کۆنتڕۆڵ>. ئەمەیش بریتییە لەوەی شتانێک هەن لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەن و شتانێکیش هەن ناتوانین جڵەویان بگرین [کۆنتڕۆڵیان بکەین]. تۆ ئێستا دەتوانیت تەواوی ئەو شتانەی دەیانکەیت دابەشیان بکەیتە سەر یەکێک لەو دوو چەشنە: ئەو شتانەی دەتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین و، ئەو شتانەی ناتوانین دەستمان بەسەریاندا بشکێت. بە گوێرەی ستۆیکەکان، تەنیا گوێ بەوانە بدە کە دەتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت و لە ژیر جڵەوتدان. هەر بۆ نموونە وتەکەی سەرەتا، ئێپیکتیتەس جڵەوی مەرگی بەدەست نییە، بۆیە گوێی پێنادات، بۆچی خەمی شتێکی بێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ویدا نییە؟ وەلێ ژەمی نیوەڕۆ، خواردنی یان نەخواردنی بەدەست خۆیەتی، سا بۆیە ئەمیان بۆ ئەو گرینگە.

با کەمێک بە ئێپیکتیتەس ئاشنا بین. ئەو یەکێکە لە بیرمەندە ستۆیکە هەرە کاریگەرەکانی سەردەمی دێرین. کۆیەلەیک بوو، لە شاری هیراپۆلیس چاوی بە دونیا هەڵهێنا، کە شاری پاموکالێی ئەمڕۆی وڵاتی تورکیا دەکات. ناوی ڕاستی ئەو بیرمەندە نازانین، ئەوە نەبێت ناوی ئێپیکتیتەس بە مانای <بەدەستهاتوو> دێت. ئەو وەک کۆیلە هێنرا بۆ کۆشکی ئیمپڕاتۆر نیرۆ لە شاری ڕۆم، کە لەوێ ژیانێکی باشی بەڕێ کرد. سەرئەنجام، ئێپیکتیتەس کۆیلایەتی لە کۆڵ دەبێتەوە و دەبێتە کەسێکی سەربەست. مرۆیەکی ژیر بووە، هەر بۆیە دەست دەکات بە گەڕان بە ناو شەقامەکانی ڕۆم و بانگەواز بۆ ڕێبازی ستۆیسیزم دەکات.

بەدبەختی خۆی، چەپۆکێک بە دەم و لووتیدا دەکێشن. بیری کردەوە کە ئەمە ڕێگەیەکی گونجاو نییە لە ڕێیەوە ستۆیسیزم بە خەڵکی ئاشنا بکات. جڵەوی گۆڕانکاری کردن لە شێوازی وانەدانەوەکەی بە دەستی خۆی بوو، سا ڕێگەیەکی دیکەی تاقیکردەوە، قوتابخانەیەکی دامەزراند، قوتابخانەکەی گەلێک سەرکەوتوو بوو تا ئەو کاتەی ئیمپڕاتۆر دیمیتیان هەموو ستۆیکەکانی شار بەدەر کرد، چونکە حەزی بە قسە ڕاست و بێئەملاوئەولاکانی ستۆیکەکان نەدەکرد دژ بە دەسەڵات.

دوای شاربەدەرکردنی، ئێپیکتیتەس سەرهەڵدەگرێت بۆ شاری نیکۆپۆلیس، لە باکوری ڕۆژئاوای یۆنان. دیسان قوتابخانەکەی خۆی بونیاد نایەوە و بووە یەکێک لە مامۆستا هەرە دیارەکانی سەردەمی خۆی. بۆیە حەزم بە نووسینەکانی ئێپیکتیتەسە، چونکە قسەی ڕووبەڕووە و هاوکات قسەکانی توانجئامێزن.

پێشتر ئاماژەمان دا بە دایکۆتۆمی جڵەوگرتن، ئێپیکتیتەس سەبارەت بەو باسە، ئەمە بیروڕایەتی:

”هەندێک شت لە سنووری هێز و توانای ئێمەن، هاوکات شتانێک هەن لەو سنوورە بەدەرن. لە نێو دەسەڵاتی خۆمان، ئەمانە هەن: بیروڕاکان، پاڵنەرەکان، ئارەزوو و هەرچیەکی تر کە خۆمان دەیانکەیت. ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی ئێمە نین، لاشەمانە، ماڵ و موڵکەکانمان، چۆن ناومان دەڕوات، هەرچیەکی تر کە ئێمە خۆمان نایانکەین.”

ئەگەر تێبینی بکەیت، ئێپیکتیتەس شتێکی سەیر دەڵێت، ئەوەی کە لاشە، سامان، ناوزڕاوی و ناو-باش-ڕۆشتویی شتانێک نین لە ژێر هێز و دەسەڵاتی خۆمان، مەبەستی لەم قسەیە چییە؟ بۆ وێنە، دەتوانم بڕیار بدەم بچمە وەرزشگا و خواردنی تەندرووست بخۆم. بێگومان لەم دۆخە، جەستەم لە سنووری هێزی خۆمدایە، تا ئەو کاتەی ڤایرۆسێک پەلاماری جەستەت دەدات، یان ڕووداوێک پێیەکت دەشکێنێت. بیرۆکەکە ئەوەیە، تۆ شتانێک دەکەیت، بڕیارگەلێک دەربارەی ژیانت دەدەیت، بەڵام ئەوە تۆ نیت کە بتوانێت دەرئەنجامەکە دیاری بکات.

ئەمەیش واتای ئەوەیە، کاتێک بەنێو ژیاندا دەڕۆین، پێویستە ئامانجەکانمان ناوەکی بکەین و وابەستەیان بکەین بە خودی خۆمانەوە، لە سەرئەنجامەکانیشیان نەترسین، چونکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەن. وەلێ، خەمخواردنمان پێویستە بۆ نیاز و کۆششەکانمان بن، ئاخر هەر ئەوانەن کە ئێمە دەتوانین جڵەویان بگرینە دەست.

یەکێک لە مێتافۆرە بەکارهاتووە جوانەکانی ستۆیکەکان بریتی بوو لە مێتافۆری نیشانەشکێن. بیهێنە بەرچاوت، تیرهاوێژێکیت و دەتەوێت ئامانجی نیشانەیەک بپێکیت. لەم خاڵەدا کامە شت لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆتە؟ پڕۆڤەکردنی تیرهاویشتن، دەتوانیت چەندان کاتژمێر کات تەرخان بکەیت بۆ ڕاهێنان لەسەر باشتربوونی توانائ تیرهاوێژیت. هاوکات دەتوانیت باشترین چەشنی تیر لەگەڵ کەوان دەستبخەیت. لە تواناتدا هەیە گرینگی بدەیت بە کەلوپەلەکانی تیروکەوانیت. تا ئەو چرکەیەشی تیرێک هەڵدەدیت لە کەوانەکەوە، دەتوانیت تەواوی سەرنجت کۆنکەیتەوە لەوەی بۆ کامە ئاڕاستە هەڵیبدەیت. وەلێ لە خاڵی هاویشتنی تیرەکەوە، ئەو شتانەی دەشێت ڕووبدەن تەواو لە دەرەوەی دەسەڵاتی تۆن. هاژەی بایەک دەتوانێت باشترین هەوڵی پێکانی نیشانەیەکت لە دەست بدات. لەوانەیشە ئامانجەکە خۆی لە تیرەکەت لا بدات، بەتایبەتی گەر نیشانەت لە سەربازێکی دوژمن گرتبێتەوە.

سا کەوایە چی دەکەیت؟ بە گوێرەی سیسێرۆ، هەوڵی تۆ بۆ پێکانی نیشانەکە نابێت دامەزرا بێت لەسەر ئارەووت، بەڵکو دەبێت دامەزرا بێت لەسەر هەڵبژاردەی تۆ. بۆیە خود-شکۆمەندیت [Self-Esteem] پابەندی دەرئەنجامەکە ناکەیت؛ پابەندی دەکەیت بەو شتەی دەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت، لە، سینارۆیەدا ئەو شتە بریتییە لە هەوڵدانەکەت. ئەم تێگەیشتنە لەم سەردەمەی خۆماندا، دەشێت تێڕوانینمان بۆ زۆرێک لە شتەکانی دەوروبەرمان بگۆڕێت، با پێکەوە چەند نموونەیەک بەسەر بکەینەوە.

با بڵێین، نیشانەکراویت تاوەکو لە پیشەکەت پلەت بەرز بکرێتەوە. لەم دەۆخەدا، ئاساییانە ئەوەی نیگەرانی دەبیت ئەوەیە کە پلەبەرزکردنەوەکەت پەسەند دەکرێت یان نا. بە گوێرەی ستۆیکەکان، ئەم تێڕوانینە هەڵەیە: ئاخر خودی پلەبەرزکردنەوەکە لەژێر دەسەڵاتی تۆدا نییە. دەکرێت بەڕێوبەرەکەت ئەو ڕۆژە خوار نووست بێت، نیگەرانی شتێک بێت، شتێکی تر ئەندێشەی داگیر کرد بێت، هەر بۆیە لەوانەیە چاوپێکەوتنەکەت لەگەڵی باش بەڕێوە نەڕوات. یان لەوانەیشە کەسێکی دیکە لە شوێنی کارەکەت هەبێت زیاتر لە تۆ شایەنی پلەبەرزکردنەوە بێت، هەرچەندە تۆ کۆششی باشت کردووە بۆ کارەکەت، دیسان ئەمە لە ژێر جڵەوی تۆدا نییە. هەرچی ئەوەی لە ژێر جڵەوی خۆتدایە، خۆئامادەکردنتە بە باشترین شێوە بۆ چاوپێکەوتنەکەت، ئامادەکردنی باشترین سی-ڤیتە، کارکردن و هەوڵی بێپایانتە، کە بەڕاستی وا دەکەن شایەنی پلەبەرزکردنەوە بیت. ئەمانە چەقی سنووری کۆنتڕۆڵی تۆن، ئەمە ئەو چەقەیە کە دەبێت سەرنجی خۆتی لەسەر کۆبکەیتەوە.

یان بیر لە پەیوەندییە سۆزدارییەکان بکەوە. هەروەکوو دەزانیت، هەمووان ئارەزوو دەکەن خۆشبویسترێن. بەڵام ئەمە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نییە. ئەوە دەکەوێتە سەر کەسی بەرانبەر کە دەشێت ئێمەی خۆشبوێت یان نەوێت. ئەوەی لێرەدا لەژێر دەسەڵاتی ئێمەیە ئەوەیە، تا دەکرێت ببینە کەسێکی خوێنشیرین، بێینە بەردڵان، بەسۆز بین، لە کاتە تەنگانەکاندا لەگەڵیاندا بین. بڕیاری ئەوەی دەبێت لەگەڵمان بمێننەوە یان نە، ئەوە ئێمە نین بتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین.

جا وەک ئێپیکتیتەس دەڵێت، گەر ئەم خاڵەی ستۆیکەکان بە ڕژدی وەربگریت، ئەوا ژیانێکی خۆشبەخت دەژیت، چونکە بەشی هەرەزۆری خۆشبەختی لە نێو ئارامیدایە، لەوەدایە بە نێو ژیاندا ڕێ بکەیت و بزانیت تا ئێستا باشترین کۆششی خۆت کردووە و نەدەکرا شتێکی دی زیاد یان باشتر لەوەی کردووتە، بکرایە. بۆیە ئێپیکتیتەس دەڵێت ”ئەگەر بەباشی بانیت چی هی تۆیە و چی هی تۆ نییە”— بە واتایەکی دیکە: دەتوانیت چێ کۆنتڕۆڵ بکەیت و چیش کۆنتڕۆڵیت پێنەکرێت— ”هیچ کۆسپ و هێزێک ناتوانێت زۆرەملێیانە چۆکت پێ دابدات، هەرگیز لۆمەی کەس ناکەیت و، هەموو ئەو شتانەی دەیانکەیت بە پێی ویستی خۆتن.” بەم پێیەش، جیهان دەبێتە جێیەکی باشتر وەک لەوەی هەر کەسێک هەڵبستێت و کەسانی دیکە سەرزەنشت بکات بۆ ئەو شتانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا نین.

هاوشانەکەم <برایان جۆنسن> لە زانکۆی فۆردهام پێی وایە تێڕوانینی ئێپیکتیتەس جۆرێکە لە ئێتیکی ڕۆڵ [role ethics]. بۆچوونەکە ئەوەیە، ئێمە هەموومان لە ژیاندا ڕۆڵگەلێک دەگێڕین، ژیانێکی خۆشبەختیش دەکەوێتە سەر هاوسەنگکردنی ئەو ڕۆڵانە هێندەی لە تواندا هەبێت. ڕاستیەکەی سێ جۆر لە ڕۆڵی بنەمایی بوونیان هەیە. یەکەم، ڕۆڵی سەرەکی ئێمە وەک مرۆڤ— هەموو ئەندامین لە پۆڵیسی [شار:polis] مرۆڤەکان. هەر ستۆیکەکان بوون، دەستەواژەی <کۆزمۆپۆڵیتان>ـیان [cosmopolitan] خستە فەرهەنگەوە، وشەکە دەقاودەق بە مانای ‘هاوڵاتی شارە گەردوونیەکە’ دێت. بە پوختی، ئێمە هەموو مرۆڤین، هەموو لە هەمان شوێن دەژین و، لەسەرمانە گرنگی بدەین بەو شوێنە هاوبەشەمان.

ڕۆڵی دیکە هەن [دووەم جۆر] لەلایەن بارودۆخ و هەلومەرجەوە پێمان دراون. بۆ نموونە، دەشێت تۆ کوڕ یان کچی کەسێک بیت. ئەمە ویستی خۆت نەبووە؛ تەنها وا هەڵکەوتووە کە ئەو ڕۆڵەت هەبێت. سێیەم چەشنی ڕۆڵیش، ئەو ڕۆڵانەن بە گوێرەی بارودۆخەکان خۆمان هەڵیان دەبژێرین: پیشەکانمان، بوونە باوک یان دایک و شتانی هاوشێوە. ئەم سێ چەشنە لە ڕۆڵ بەم شێوەیە بە یەکدیەوە گرێ دراون: ڕۆڵە سەرەکی و بنچینەیەکەت وەک مرۆڤێک لە هەموو ڕۆڵەکانی دیکە پڕبایەخترە. پێش ئەوەی هەر شتێک بکەیت، دەبێت سەرەتا لە خۆت بپرسیت: ئایە ئەمە بۆ مرۆڤایەتی باشە؟ گەر باش نەبوو، مەیکە. ئەمەیش تاقیکردنەوەیەکی سادەیە.

هەرچی دوای ئەمە لەسەرت پێویستە، ڕاگرتنی هاوسەنگیی شتەکانە، وەلێ بێشک ئەم هاوسەنگکردنە پێویستی بە ئاڵوگۆڕ و دانوستانە. بەڵێ بێگومان، دەتەوێت ببیتە باوک، دایک، کوڕ، هاوڕێ، هاوپیشە و کەسێکی باش بەڵام لەگەڵ ئەمانەدا دەشێت شتانێک لە دەست بدەیت یان بەدەست بهێنیت. بەشێکی زۆری فەلسەفەی ستۆیسیزم بۆ ئەوەیە پێت بڵێت یان فێرت بکات چۆن هاوسەنگیی شتەکان ڕاگریت.

چۆن ئەم ڕۆڵانە دەگێڕیت؟

گرنگترین شت ئەوەیە ئەم ڕۆڵانە بە سەرڕاستی بگێڕیت. ئایە ئەمە واتای چییە؟ دیسان، ئێپیکتیتەس بۆمان ڕوون دەکاتەوە ”تۆ ئەو کەسەیت کە خۆت دەناسیت، دەزانیت بەهای خۆت لە لای خۆت چەندە و بە چەندیش خۆت بەوانی دیکە دەفڕۆشیت. تێڕابمێنە لەوەی بە بەهای چەند دەتەوێت سەرڕاستیەکەت بفڕۆشیت، بەڵام ئاممان و دەخیل، بۆ خاتری خوا، هەرزان فرۆشی نەکەیت.” ئەمەیش واتای ئەوەیە، ئامانجەکە ئەوە نییە بگەیتە ئەوپەڕی تەواوی [perfection]، جا ئەوە هەرچییەک بێت؛ ئەوەی دەبێت ئامانجەکە بێت، بوونە بە باشترینی ئەوەی لە توانادا هەیە. سازش و هەرزانفرۆشی ‘خۆت’ مەکە، چونکە تۆ تەنها خۆتت هەیە بیفڕۆشیت. هەر کە خۆت فڕۆشت، هیچ شتێکی ترت نامێنێتەوە. بیرۆکەکە ئەوەیە، پێویست ناکات کەسێکی پراوپڕ بیت، هێندە بەسە کە لە دوێنێت کەسێکی باشتر بیت. هەر جارە و سووکە هەنگاوێک.

با نموونەگەلێکت بدەمێ، باسی باوکێک دەکات کە زۆر نیگەرانی کچەکە نەخۆشەکەی بوو، نەیدەتوانی بەرگەی بارودۆخی کچەکەی بگرێت. هاوسەر و ماڵەکەی جێدەهێڵت. ئێپیکتیتەس بە باوکەکە دەڵێت ” ئادەی خولەکێک بووەستە، وا دەزانیت مامەڵەکردنت بەم شێوەیە لەگەڵ ئەم دۆخە ڕاست بوو؟”  باوکەکەیش بۆ خولەکێک بیر لە پرسیارەکە دەکاتەوە و دەڵێت ”من سرووشتیانە ڕەفتارم کردووە. هەروەکو دەزانیت من زۆر خەفەتبارم. ناتوانم بەرگە بگرم.”

سا ئەمە دەمانهێنێتە سەر ئەوەی دوو شت لە یەکتری جیا بکەینەوە، ئەوەی بە لامانەوە سرووشتینم هەستەکانمان و، ئەوەشی لەسەرمانە بیکەین. تۆ کۆنتڕۆڵی هەستەکانی خۆت ناکەیت، ئەگەر پەژارەباریت لەبەر ئەوەی کچەکەت نەخۆشە، هیچ شتێک نییە بتوانیت بیکەیت یان بتەوێت بیکەیت [لەوانەیە]. بەڵام ئەمە جیاوازە لەو ئەرکە ئێتیکییەی [ئەخلاقییە]، تۆ بەرانبەر بە کچەکەت هەتە: تۆ باوکی ئەویت، پێویستە لەگەڵی بمێنیتەوە تەنانەت ئەگەر هاتوو لە ڕووی هەست و سۆزەکانتەوە باجکی زۆر بدەیت.

لێرەدا دوو ڤیرتو چالاکن، بوێری کە بریتییە لە کردنی شتە ڕاستەکە و، دادپەروەری کە بریتییە لە پێدانی مافی کچەکەت و کردنی ئەو شتەی بۆی درووستە. هەروەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا، لەسەرمان پێویستە هاوسەنگی ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە هەمەچەشنەکانمان ڕاگرین. ئەمەیش پەیوەستی دوو ڤیرتووەکەی ترە: ژیری، زانینی ئەوەی چی باشە و چی خراپە، لەگەڵ دەستبەسەرخۆداگرتن، توانستی هاوسەنگ ڕاگرتنی شتەکان بە بەکارهێنانی بڕێک وزەی پێویست لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیانکەیت.

ئێپیکتیتەس بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: تێڕابمێنە لەو ڕۆڵانەی دیکە کە دەبێت بیانگێڕیت. گەر تۆ گەنجیت، مانای چییە گەنج بیت؟ گەر پیریت، تەمەن چ واتایەک هەڵدەگرێت؟ گەر تۆ باوکیت، باوکایەتی پێویستی بە چییە؟ هەر یەک لە ناونیشانەکانمان هەڵگری کردارگەلێن پەیوەست پێیانەوە. بیهێنە پێش چاوت، گەر تۆ ئەکتەر بیت، ڕۆڵێکی دیاریکراوت هەیە بیگێڕیت.

بەهەرحاڵ، ئەو ڕۆڵەی بەرپرسیاری لێی، تەواو دیاریکراو نییە. بۆ نموونە، دەتوانیت ڕۆڵی دایک بگێڕیت، بە چەندین شێوازی جیاواز. لەسەرت نییە بە گوێرەی زۆرینەی کۆمەڵگا بکەیت لەوەی دەبێت چۆناهی ئەو ڕۆڵە ببینیت. ئەوەی لەسەرتە ئەوەیە، ئەو ڕۆڵە بە شێوەیەک بگێڕیت کە پێت وایە ڕێگە درووستەکەیە. بەڵام هێشتا، چ باوک بیت یان دایک، کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی هەن کە لەسەرت ئەرکن. چۆن ئەم ئەرکانە ڕادەپەڕێنیت ئەوەیان لەسەر خۆتە. بەڵام ئەملاوئەولا نییە، دەبێت بزانیت ئەرکگەلێک لەسەر شانەکانت ڕۆنیشتوون.

باشە، چۆن فێردەبین لە ژیاندا ڕۆڵەکانمان باش هەڵسوڕێنین؟ راستیەکەی زۆر ڕێگا هەن— ستۆیکەکان بەناوبانگ بوون بەوەی کۆمەڵێک ڕاهێنانیان هەبوو بۆ ئەم مەبەستە— وەلێ، یەکێک لەو ڕێگا ڕیشەییانە، زۆر بەسادەیی ئەوەیە، ئەو کەسانە بهێنینە بەرچاومان کە باش ڕۆڵەکانیان دەبینن، ئەو کەسانەی کە بۆت نموونەیین، ئەوانەی کە دەیانبینیت و دەتەوێت شوێنپێیان هەڵبگریت. خەڵکانی سەردەمی کۆن، ئەو کەسانەی ئەو سەردەنە بۆ ئەوان نموونەیی بوون کە دەیانناسین، جا چ دەربارەی ئەو کەسانەیان بیست بوو بێت یان تەنانەت دەشێت کەسایەتی خەیاڵیش بوو بن. یەكێک لەو کەسایەتییە نموونەییانەیان کاتۆی گەنج بوو کە پێشتر ئاماژەمان دا باوکی پاتریشیا کاتۆنیس بووە. ئەو بە ڕادەیەک کەسێکی سەرڕاست بوو، کاتێک لە شاری ڕۆم کەسێک هەڵەیەک یان شتێکی هەڵەی بکردایە، دەیانگووت ”خۆ هەموو کەس وەک کاتۆ نییە.” وەکو پاساوێک بەکاریان دەهێنا، وەک ئەوەی کەسێک بڵێت ”ئێ چی بکەم، خۆ هەموو کەسێک ناتوانێت سەد لە سەد باش بێت.” ئەوە ڕاستە، بەڵام خۆ دەتوانیت هەوڵی خۆت بدەیت.

کەسایەتیەکی نموونەیی تری دێرین، ئۆدیسیوس بوو، ئەو کەسەی دوو جار دەستبەرداری نەمری بوو و، ١٠ـساڵیش خەریکی گەشتکردن بوو تاکوو بە ماڵەکەی شاد بێتەوە و چاوی بە هاوسەر و منداڵەکەی بکەوێتەوە. بەڵام لەم سەردەمەیش کەسانی نموونەیی زۆرمان هەن. خودی خۆم هەندێک کەسایەتی هەن کە دڵخوازمن. بۆ نموونە، نێڵسۆن ماندێلا، هەروەکوو دەزانین ٢٠ ساڵی لە زینداندا بەسەر برد و دژی ڕژێمی ئەپەرتاید دەجەنگا. لەو سەردەمە کەسێکی گەلێک توڕە بوو، قورس نییە بزانین بۆ.  بەڵام یەکێک لەو قۆناغانەی ژیانی گۆڕی ئەوە بوو، هاوڕێیەکی زیندانیکراوی توانی بە نهێنی کتێبی <مێدیتاسیۆنەکان>ـی ماڕکۆس ئۆرێلیۆس بهێنێتە ناو زیندان. ماندێلا کتێبەکەی خوێندەوە و، تێگەیشت بە ڕک و توڕەیی ناتوانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بە درێژکردنی دەستی تەنانەت بۆ ئەو خەڵکانەشی کە زیندانیان کردووە و ئازاریان داوە. ئەمەیش ژیانی ئەو و ژیانی خەڵکانی باشووری ئەفریکای گۆڕی.

کەسایەتیەکی دیکەی دڵخوازی سوزان فاوڵەرە، چەند ساڵێک پێش ئێستا هەڵوێستی دژی کۆمپانیای ئوبەر وەرگرت کە پێویستە لەسەریان ئیدانەی شۆفێرەکانیان بکەن لەوەی لە هەراسانکردنی سێکسی بەردەوام دان دەرهەق بە خانمان کە بۆ ئەو کات ئەم کولتوورە لە نێو شۆفێرەکانی ئەو کۆمپانیایەدا بەربڵاو بوو. بەم هەڵوێستەی زۆری لەسەر کەوت، بە مانایەکی دی ڕیسکی لەدەستچوونی پیشە و هاورێ و شتە تایبەتییەکانی دیکەی ژیانی کرد، ئەمەی بە تێڕوانینێکی ستۆیکانەوە کرد. وا هەڵکەوتووە کە خودی خۆم سوزان لە نزیکەوە بناسم، ڕاستیەکەی ئەو ستۆیکێکی کردەکییە.

ئەو کەسایەتییە نموونەییەی دڵخوازمە لە ڕووی ئابووریەوە، سپایدەرمانە [پیاوی جاڵجاڵۆکە]، ئەو وتەیەی گەلێک بەناوبانگە کە دەڵێت ”هەبوونی مەزن بەرپرسیاریەتی مەزنی دەوێت.” سا ئێمە هێزی مەزنمان نییە— خۆ پاڵەوانی چیرۆکە وێنەدارەکان نین— بەڵام هێزمان هەیە. هێزی هەڵبژاردنمان هەیە، ئەو هێزەش لەگەڵیدا بەرپرسیاریەتی ئەوە دەخاتە سەر شانەکانمان کە کامە بژاردە باشترینە تاوەکوو هەڵیبژێرین.

کەواتە بەشێوەیەکی گشتی، بە بڕوای ئێپیکتیتەس، وەکوو ئەکتەرە شانۆییەکانی یۆنانی کۆن، ماسکگەلێکمان پۆشیوە و بەردەوام ئاڵوگۆڕیان پێ دەکەین. هەمان ئەکتەر لە پشتی پەردەکەوە دێتە سەر تەختەی شانۆکە بە ماسکێکی جوداوە، ماسکەکە بە ئامادەبووانی نیشان دەدات کە حاڵی حازر ئەم کامە ڕۆڵ دەگێڕێت، تەنانەت خودی خۆیشی دێتەوە بیری کە ئێستا کامە ڕۆڵە هی ئەوە. بە پوختی بیرۆکەکە ئەوەیە، بەڕاستی ژیانێکی خۆشبەخت و کامەران ئەو ژیانەیە کە بەباشی هاوسەنگ ڕاگیراوە، کە تێیدا تۆ هەموو ئەو ڕۆڵانە دەگێڕیت و کۆشش دەکەیت هێندەی لە تواناتدا هەیە باشترین ئەکتەر بیت.

 

پاشکۆ:

_ماسیمۆ پیگولیوچی فەیلەسووفێکی لیبێریاییە، نووسەری چەندان کتێبە سەبارەت بە فەلسەفەی ستۆیسیزم، فەلسەفەی زانست، تیۆری پەرەسەندن، زڕزانست و چەندان بواری دیکە.

_ئەم وتارەی لە تێدئێکس بەشێوەی سیمینار پێشکەش کردووە.

_کتێبی <مێدێتاسیۆنەکان>ـی ماڕکۆس ئۆرێلیۆس، لە ژێر ناونیشانی <تێڕامانەکان> لەلایەن <دانا محەمەد>ـەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێرراوە.

فینیکییەکان: گەلێکی کۆن بوون لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: