گفتوگۆ لەگەڵ زیگمۆنت باومان

447
0
بڵاوکردنەوە:

«خۆشەویستیی شل: لەرزۆکیی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان»

سازدانی: فیۆنا ئاتوود

وەرگێڕانی: سامان عەلی

زیگمۆنت باومان (١٩٢٥-٢٠١٧) کۆمەڵناسێکی پۆڵەندیی بە ڕەچەڵەک جووە. لە ساڵی١٩٧١ەوە لە شانشینی یەکگرتوو نیشتەجێیە. زیاتر بە هۆی شیکارییەکانی بۆ پەیوەندیی نێوان نوێگەریی و هۆلۆکۆست ناسراوە. باومان نوێگەریی تەنها وەکو سیستمێکی باڵادەست و سیاسی ڕەخنە نەکردووە بەڵکو بە هەموو سەرقاڵییە ماتەریالیی و مرۆییەکانی و وەکو سیستمێکی ژیانیی و مرۆڤایەتی ڕەخنەی کردووە و لە هەموو ڕووەکانییەوە و بە وردەکارییە جیاوازەکانییەوە هەوڵی شیتاڵکردنی داوە و لەو بارەیەشەوە خاوەنی زنجیرە کتێبی “شلەکان”ـە کە لەم هەشت کتێبە پێکهاتووە: “نوێگەریی شل، چاودێریی شل، خۆشەویستیی شل، ژیانی شل، سەردەمە شلەکان، خراپەی شل، کولتووری شل، ترسی شل”.  ئەمەی لێرەشدا دەیخوێننەوە دەقی گفتوگۆیەکە ساڵانێک بەرلەوەی کۆچی دوایی بکات لەگەڵیدا ساز کراوە.

 

فیۆنا: تۆ لە کتێبی “خۆشەویستیی شل”دا هێما بۆ ئەوە دەکەیت پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان بوونەتە ژمارەیەک پەیوەندیی لەرزۆک و کاتیی. هێشتا لەسەر ئەو بۆچوونەت ماویت؟

باومان: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەر لە چوونە ناو پەیوەندیگەلی ناچارییەوە، نیگەرانیی خەڵک لە دەوری چۆنێتیی هاتنە دەرەوە لەو پەیوەندییانە تەوەر دەگرێت. کاتێک دوو کەس بڕیار دەدەن پێکەوە بژین، دروشمەکە ئەمەیە: دەبینین شتەکان چۆن دەڕۆن بە ڕێگاوە. ئەمەیە ئەو شتەی وا لەو پەیوەندییە دەکات ببێتە پەیوەندییەکی لەرزۆک. چونکە ئەگەر هەریەکە لەو دوو کەسە پەیمان ببەستن، ئەوکات، تەنانەت کاتێکیش کە ڕووبەڕووی دژواریی و سەختییەکان دەبنەوە، دوو کەسایەتی و دەسەڵات پێکەوە کۆدەبنەوە. چونکە پێویستە لەسەریان پێکەوە دابنیشن و سەبارەت بە ڕابووردووی هەریەکە و هاوڕێکانی و خووەکانی گفتوگۆ بکەن. ئەو شتانە هەمیشە بڕێک شتی زۆر درامیین. لە ڕابووردوودا تەڵاق یاخود جیابوونەوە تا ئەو ڕادەیە بەربڵاو نەبوو. بەڵام لە ئێستادا بووەتە شتێکی ڕۆتینی و باو، هیچ کێشەیەک نییە. دەتەوێت جیاببیتەوە، باشە ئێمە تەڵاقت بۆ وەردەگرین. ئەوە هەموو شتەکەیە. زۆربەی حاڵەتەکانیش لە ساڵی یەکەمی هاوسەرگیرییدا ڕوو دەدەن.

فیۆنا: بە بڕوای تۆ بۆچی؟

باومان: ڕۆمانسییەتمان لە دەست داوە، چونکە خەڵک سەبارەت بە پێکەوەبوونیان کاتیان بۆ گفتوگۆکردن نەبوو. چۆن یەکێکیان لەگەڵ ئەوی تردا بۆ ماوەی بیست و چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەژی. ئەگەر تۆ ئەوە دەزانیت کشانەوە لە یەکدی یەکجار بە ئاسانیی ڕوو دەدات، ئەوکات تەنانەت ناکۆکییە سادەکانیش تێپەڕاندن و لەبیرکردنیان ئاسان نابێت و ناکۆکی و دژوارییە پووچەکانیش دەبنە بڕێک ناکۆکی و دژواریی ڕیشەیی و قووڵ. هەر بۆیە شتەکە هیچ چارێکی نییە. ئەو کاتەت لەبیرە کە ئامێرێکت بە نیازی دەستپێوەگرتن و پاراستنی بۆ چەند ساڵێک دەکڕی. ئەگەر ئەو ئامرازە لە کار بکەوێت، هەمیشە دەتوانیت چاکی بکەیتەوە. بەڵام ئێستا، ئەگەر لە کار بکەوێت، ئامێرێکی نوێ دەکڕیت. ئەو بەرهەمانەی دەیانکڕین ئەگەر لەگەڵ چاوەڕوانی و پێشبینییەکانماندا نەگونجێن یاخود ئەگەر لە تەلەفیزیۆن یاخود فەیسبووک یاخود ئینتەرنێت یاخود هەر شتێکی تردا بینیمان هەمووان بۆ ئەوە هەوڵ دەدەن تاکو ئامرازی باشتر و چاکتریان دەست بکەوێت، ئەوکات هیچ هۆکارێک بۆ نەگۆڕینی ئەو شتەی کە هەمان نامێنێت. چەند گرێدان و کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکان ئاسانتر بێت، لەرزۆکیی زیاتر دەبێت. ئێمە لە سەروبەندی لەدەستدانی ئەو شارەزاییە پێویستانەین بۆ ئەوەی وا لە پەیوەندییەکانمان بکەین سەقامگیربن، چونکە خۆشەویستیی شتێک نییە بیدۆزینەوە، بەڵکو کۆشش لە دروستکردن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەیدا دەکەین. چارەسەری گونجاویش ئەوەیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بخەینە گەڕ تاکو تەنها مردن لە یەکدیمان جیابکاتەوە. ئەو ئەرکەش ئەرکێکی بەردەوامە مادام لە ژیاندایت، شتێک نییە بتوانیت لە ڕێگای پێگەیەک بۆ دیدار و یەکتربینینەوە بیدۆزیتەوە یاخود دەستت بکەوێت.

فیۆنا: مەبەستت چییە لەوەی خۆشەویستیی شتێک نییە بیدۆزینەوە، بەڵکو کۆشش لە دروستکردن و سەرلەنوێ دروستکردنەوەیدا دەکەین. دروست چارەسەریش ئەوەیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بخەینە گەڕ تاکو تەنها مردن لە یەکدیمان جیابکاتەوە؟

باومان: خەڵک ژمارەیەک دژوازیی سەرەکیی دەژین و گوزەران دەکەن، چونکە دژبەریی هەیە لە نێوان خواستمان سەبارەت بەو شتەی کە لە ژیاندا سادە و خۆشە و هاوکات تامەزرۆی گیانی بەگیانی و ئەوینی ڕاستەقینەین. دژبەرییەک لە نێوان ئەو دووانەدا هەیە. لە کاتی ئێستادا بیرۆکەی پێشکەوتن لە ڕزگاربوون لە کێشەکان و سادەترکردن و ئاسانترکردنی ژیان و دەستخستنی بڕێک ئەنجامی هەنوکەییدایە، وەکو ئەو قاوەیەی خێرا ئامادە دەکرێت: گیراوەکە تێ دەکرێت، ئاوەکەی بەسەردا دەکەیت و تێکەڵی دەکەیت، پاشان دەیخۆیتەوە و تەواو. هەر بۆیە وەڵامی من ئەوەیە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان بە شێوەیەک کە بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان و زیادبوونە بوونەتە بڕێک پەیوەندیی لەرزۆک و ڕاگوزار. بۆ زانیارییت ئەوە لێکۆڵینەوەکانن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، من ئەوە دروست ناکەم و تووشی وەهم نەبووم. یەکێک لە ڕاستییە سەختەکان لە ئەمەریکا، کە بەردەوام لە پێشەوەی شەپۆلی پێشکەوتندایە، ئەوەیە ٨٠%ی هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت، ئەوە سەبارەت بە هاوسەرگیریی یەکەم، چونکە ڕێژەکان لە هاوسەرگیریی دووەم و سێیەمدا زیاتر دەبن. جیابوونەوەی یەکەم بە سەختیی ڕوو دەدات، جیابوونەوەی دووەم بڕێک ئاسانتر ڕوو دەدەن، بەڵام سێیەم لە هەر سەختییەک خاڵیی دەبێت. وەک دەردەکەوێت ٤٠%ی منداڵان لە ئەمەریکا لە ماڵێکی بێباوکدا لە دایک دەبن. ٦٠%یش لە ماوەیەک لە ماوەکانی ساڵانی ژیانیاندا بەبێ دایک یاخود بەبێ باوک ژیانیان ئەزموون دەکەن.

لە پەیوەندییە گیانی بەگیانییە قووڵەکاندا ئارەزوویەک هەیە بۆ ئەوەی هەر چرکەساتێکی یەکێتی و یەکبوونی دوو کەس چرکەساتێکی ئەزەڵیی بێت تاهەتایە بەردەوام بێت. بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر خەڵک بەئاگادێنەوە و دەبینن ئەو بیرۆکەیە بیرۆکەیەکی ترسناکە. ئاخۆ لە بارێکدا ئەگەر شتەکان بە چاکیی نەچوون بە ڕێگاوە ناتوانرێت خۆ لە دەست ئەو پەیوەندییە ڕزگار بکرێت؟ ئەوە ئەو شتەیە کە سەقامگیریی ئەو ساتەوەختە شادانە لەق دەکات. کتومت ئەوەیە دژبەریی. لەلایەک من ئارامییم دەوێت، هەمیشە دەمەوێت ڕێگاچارەی کشانەوەم هەبێت. ئەگەر شتەکانیش بە چاکیی نەچوون بە ڕێگاوە، بۆ تاهەتایە ناچار نیم و شتێک نییە بۆ هەمیشە پابەندم بکات. دەتوانم سەرلەنوێ دەستپێبکەمەوە و هەمیشە دەرفەت بۆ ژیانێکی تر و شوناسێکی تر هەیە. لەلایەکی دیکەوە بیرۆکەی کۆبوونەوەی دوو شوناس پێکەوە بۆ ئەوەی هەریەکە ئەوی تر تەواو بکەن، ئەزموونێکی زۆر قووڵ و تێر و قایلکەرە. ئێستا چۆن بتوانین ئەو دوو لایەنە پێکەوە بسازێنین؟ هیچ شتێک نییە بواری ئەوەت بدات پێکەوە هەردووکیانت هەبن. چونکە بەو چەشنەی پەندە ئینگیلیزییەکە دەڵێت: ناتوانیت کێکەت هەبێت و..

فیۆنا: بیشیخۆیت؟

باومان: بەڵێ، ناتوانیت. هەر بۆیە هەمیشە لەو چرکەساتانەدا کە تیایاندا وا هەست دەکەیت تەواو قایلیت هەست بە نیگەرانیی شاراوەی ئەوە دەکەیت کە ڕێگاچارەکەی تر لە مەترسیدایە. ناتوانیت لە هەمان کاتدا دەستی بخەیت. من پێموایە بژاردەکەمان هەرچییەک بێت ئێمە شتێک بە دەست دەهێنین و شتەکەی تر لە دەست دەدەین، لەوە بەولاوە ڕێگایەکی تر نییە. بۆ بەدبەختیی ناتوانیت هەموو شتێک دەستبخەیت. هەر بۆیە خەڵک لە نێوان دۆخێک لە دوودڵی و ناجێگیرییدا دەبینین. چونکە ئەوان لە نێوان دوو پێویستیی لە هێزدا یەکسانی ناو ناخمان دوودڵ و ناجێگیرن.

فیۆنا: لە پەیوەندیی و سیلە مرۆڤایەتییەکاندا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی هەن؟

باومان: من دڵنیام نیم ئەوە ئەرێنییە یان نا. چەند شێوازێکی چارەسەری جێگرەوە هەن. جێگرەوەن کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو لایەنی زۆر لەژێر بەڕەکەدا دەیانشارنەوە، تاکو هەستی ئەوە دروست بکەن کە هەموو شتێک باشە و ئەوە لە بیر بکرێت کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە باش نییە بەڵام تۆ تەنها لە بار و ئەرکی گرانی بیرکردنەوە لێیان ڕزگارت بووە و هیچی تر.

فیۆنا: تۆ پێتوایە ئێمە لە ئێستادا لە سەروبەندی چوونە ناو سەردەمێکداین پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی زیاتر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان شکۆمەند دەکات، هەروەها باست لەو شێوازە کردووە کە تەکنەلۆژیا توانی لە ڕێگایەوە پەیوەندییە وا لێ بکات “خێراتر و بچووکتر و چڕتر و کورتتر بن”. ئەوەش بەر لە پەیدابوونی فەیسبووک بوو لە ساڵی٢٠٠٤ و تویتەر لە ساڵی٢٠٠٦دا، کەواتە کاریگەریی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لەسەر پەیوەندییەکانمان لەو کاتەوەی کە “خۆشەویستیی شل”ت نووسیوە چۆن دەبینیت؟

باومان: فەیسبووک شتێکی جیاوازی دروستکرد؛ دەتوانیت قسە بکەیت، دەتوانیت بدوێنیت، دەتوانیت لەگەڵ کەسێکدا بدوێیت تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە سەدان هەزار کیلۆمەتر لێتەوە دوور بێت و ئەوەش بۆ ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕۆژانە و بە درێژایی هەفتەکە بکەیت. دەتوانیت دڵنیابیت لەوەی هەمیشە ئەو کەسە دەدۆزیتەوە کە ئامادەیە پێشوازیی لە نامەکانت بکات و تەنانەت وەڵامیشیان بداتەوە. کاتێک کە لە تویتەردا هاوکات بۆ هەزاران کەس دەنووسیت، بۆ تەنها کەسێک نانووسیت یاخود بۆ تەنها هاوڕێیەک نانووسیت کە ناتوانیت بیگۆڕیت. بە پێچەوانەوەی ئەوەوە ئەو کەسەی بۆی دەنووسیت شیانی گۆڕینی هەیە بە سەدان کەسی تر. تەنها ئەوەندە هەیە تۆ لەگەڵ کەسێک لەو کەسانەدا پەیوەندیی دەگریت یاخود لە فەیسبووک زیادی دەکەیت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هەندێک کەس بەوەوە خۆیان بادەدەن دەتوانن لە ڕۆژێکدا ٥٠٠ هاوڕێ بگرن. بە درێژایی هەموو ژیانم ٥٠٠ هاوڕێم نەگرتووە و تەمەنم چووەتە نەوەد ساڵیش. هەر بۆیە ئاشکرایە جیاوازیی هەیە.

ئەوە مەرج نییە واتای ئەوە بگەیەنێت ئەوان چی تر تەنها نین. لە ژیانی ڕاستەقینەدا ئەوان لەلایەن ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەیانەوە لەژێر هەڕەشەدان کە لە ماوەی کۆششکردنیان لە کارەکەیاندا بە دەستیان هێناوە، ڕەنگە ئەو دۆخەش لە هەر چرکەساتێکدا بێت بە نەمانی ئەو کۆمپانیایانەیان نەمێنێت کە هەموو ژیانی خۆیانیان بۆ تەرخان کردبوو. ڕەنگە ئەو کۆمپانیایانە لەناو کۆمپانیایەکی تری گەورەتردا ون ببن و ڕەنگە هەموو شتێک لە دەست بدات. هەر بۆیە ترس لەوەی لە ماڵەکەی خۆتدا دەستت لێ هەڵبگیرێت یاخود دووربخرێیتەوە یاخود دەربکرێیت ترسێکی ڕاستەقینەیە نەک خەیاڵکراو. لەڕاستییدا ئەوکات پێویستە لەسەرت بە تەنها بژیت. ئێستا منداڵەکان گەورە دەبن و جۆرێکی جیاواز لە ژیان دەژین، نە داهاتوویەکیان هەیە و نە پیشەیەک، بێئاسۆن. بەڵام ئەگەر تۆ بە دیار ئامێری کۆمپیوتەرەکەتەوە دابنیشیت، دەتوانیت ئەوە لە بیر بکەیت. ئەوە ڕایەڵێکی کۆمەڵایەتی نییە بەڵکو پەیوەندییە. بەڵام دابڕانیش لە خەڵک دیسان هەر سەختە. بەگوێرەی تازەترین لێکۆڵینەوەکان ناوەندی ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی تاکەکەس بە دیار شاشەکان نەک بە دیار مرۆڤەکانەوە بەسەری دەبات حەوت کاتژمێرە، ئەوەش نیوەی ئەو کاتەیە کە تیایدا بەخەبەرە. ئەوەش هەموو جۆرەکانی شاشەکان دەگرێتەوە، هەم لاپتۆپ یاخود دیسکتۆپ یان مۆبایل یان ئامێری ئایپاد. چونکە ئێمە شاشەکان بەجێ ناهێڵین. بۆ هەر شوێنێک بچین لەگەڵ خۆمان دەیبەین. ئەگەر لە بیری بکەیت هەست دەکەیت جلوبەرگەکانت لە بیر کردووە. هەر بۆیە وەهمەکە ئەوەیە ئێمە بە تەنها نین. بەڵام لەناو ئەو جیهانە گریمانییەدا کە تیایدا دەژین نیگەرانیمان دەخەینە لاوە. بەڵێ، ئەو نیگەرانییە لە بیر خۆمان دەبەینەوە، چونکە ئەو گوشارەی هاودەمی ئەوەیە کە تۆ بەردەوام لەگەڵ سەدان کەسدا لە پەیوەندیدایت، سەبارەت بە خامۆشکردنی نیگەرانیی بە شێوەیەکی کاتیی دەستگیرۆییت دەکات.

فیۆنا: جارێکیان باسی ئەوەت کرد خەڵک وا خەیاڵ دەکەن لەگەڵ یەکدیدا لە پەیوەندیدان. پێتوایە تەکنەلۆژیا ڕەنگە ببێتە شێوازێک بۆ دامەزراندنی ڕایەڵێکی ڕاستەقینە، یاخود لە بڕێک وەهم بەولاوە زیاتر نییە؟ ئایا ئەوە وەهمێکە سەبارەت بە کۆمیونیکەیشن و پەیوەندیی؟

باومان: ڕێساکان دەگۆڕێن ئەگەر لە ئینتەرنێتدا لەسەر هێڵ بیت یان نا. بۆ نموونە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کێشەیەکی گەورە هەیە ئەویش کۆچە زەبەلاحەکانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکە. کتوپڕ بۆت دەردەکەوێت ئەو ژینگەیەی لەسەری ڕاهاتوویت بەتەواویی گۆڕاوە، کەسایەتییەکەی دەگۆڕێت، خەڵکانێکی خاوەن زمانی جیاواز و خووی جیاواز و شێوازی ژیانی نامۆ بە خۆت دەبینیت. هەر بۆیە بۆ ئەوەی ئەو پێشبینییانەت لە دەست نەدەیت کە پێکتهێناون و وایان لە ژیانت کردووە لانیکەم خاوەنی تایبەتمەندیی ئارامیی و دڵنیایی بێت دەتەوێت هاوسێکانت بە شێوەیەک لە شێوەکان پێت نامۆ نەبن و هۆگر بن. ئیتر لە ڕەفتاریان ئەو شتە فێر دەبیت کە پێویستە لێیانی چاوەڕوان بکەیت، بە چ شتێک کەڵکت پێ دەگەیەنن و چۆن دەشێت ببن بە مایەی زیان بۆت. لەناکاو ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر لەو نامۆیانە پەیدا دەبن کە ئەگەر دەربڕینەکەمان ڕاست بێت خوێندنەوەیان دژوارە. ئەوانیش دیسان ئێستا لە جیهانێکی فرە ناوەنددا دەژین کە هیچ پرەنسیپ یاخود هیرارشی یاخو بەها یاخود بەرترییەکی چەسپاو و سەقامگیر بوونی نییە. دەکەونە بەردەم ژمارەیەک ڕوانگەی دژبەرەوە. چونکە هەر دەستەیەک ستایشی ئەو شتە دەکات کە ئەوی تر سەرکۆنەی دەکات. بۆ هەر تێزێکیش دژە تێزێک هەیە. لە کەشێکی گشتیی پڕ لە دۆڕان و مەرجدار بە نادڵنیاییدا نازانیت پێویستە چۆن ڕەفتار بکەیت. لەدواییدا بۆت دەردەکەوێت هەر ئەوەندەی لە ماڵەکەت دەچیتە دەر یاخود لە شەقامەکاندا پیاسە دەکەیت یاخود دەچیت بۆ شوێنی کارەکەت یاخود زانکۆکەت یاخود قوتابخانەکەت، لەم جیهانە نەبەستراوە بە ئینتەرنێتدا لەبەردەم مەترسیی ئەو دەستنیشانکردن و فرەچەشنییە لەڕادەبەدەرەدایت. لە کۆتاییدا ژمارەیەک نامەی هەمەجۆر بە شێوەیەکی تایبەت پێت ڕادەگەیەنن، تۆش هەوڵدەدەیت بیانسازێنیت و لە نێوان هێما و ئاماژە دژەکاندا ڕێگای خۆت بدۆزیتەوە و ئەو بژاردانە بکەیت کە دواتر بەرپرسیارێتییەکانتی لەسەر بونیاد دەنێیت.

وەک دەزانیت مارک زوکەربێرگی خاوەنی فەیسبووک لە بازاڕی بۆرسە ٥٠ ملیار دۆلاری دەست کەوت، چۆن؟ لەبەرئەوەی کەڵکی لە ترسی ئێمە لە تەنهایی وەرگرت. سەرکەوتنی فەیسبووک یەکجار سادەیە و لە کەس شاراوە نییە. ترسی خەڵک لە بەجێ هێشتن ئەو کانە زێڕە بوو کە زوکەربێرگ پەنجەی خستە سەر. فەیسبووک ئەو شێوازەیە توانای ئەوەمان پێدەدات لە پەیوەندییدا بمێنینەوە تەنانەت ئەگەر تەنهاش بین. ئەوە یەکێکە لەو پڕۆسانەی ڕوویاندا. پڕۆسەکەی تر بازرگانییە. لەرزۆکیی ئەو ڕایەڵە مرۆڤایەتییانەی دەربارەیان دوایین وامان لێ دەکات هەست بە تاوان بکەین. هەرچۆنێک بابەتەکە چارەسەر بکەین یاخود بخەینە ڕوو، هەست بە تاوان دەکەین. باوکان و دایکان لە یەکدی جیادەبنەوە و بەو هۆیەشەوە منداڵەکانیان نە لێرە دەبن و نە لەوێ. ئێمە منداڵەکانی خۆمانمان خۆشدەوێت، وا نییە؟ باشتریشمان بۆیان دەوێت. ئەگەر بەو شێوەیەی پێویستە ڕەفتار ناکەین، بەو جۆرەی هەستکردنمان بە خۆشەویستیی بەسەرمانیدا دەسەپێنێت، ئەوکات هەست بە پەشیمانیی دەکەین. دەتوانیت هێورکەرەوە بکڕیت. تەنها بڕۆ بۆ هەر دووکانێک و دیارییەک بۆ منداڵەکەت بکڕە. پێموایە ئەوە وەکو هێورکەرەوەیەک ڕۆڵ دەگێڕێت.

فیۆنا: یەکێک لە گۆڕانکارییە درامییەکان لە کۆمەڵی خۆرئاواییدا لەم چەند ساڵەی دواییدا پێدانی یەکسانییە بە هاوڕەگەزبازان. بەم دواییانە و لە شانشینی یەکگرتوو بۆ یەکەمین جار هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازان بووە شتێکی شیانیی. تۆ ئەو گۆڕانکارییانە چۆن دەبینیت و ڕاڤە دەکەیت؟

باومان: ” کاتێک منداڵ بووم، فێربووم و تێگەیشتم هاوسەرگیریی جارێک دەکرێت و بۆ تاهەتایە بەردەوام دەبێت. ئەوکات هیچ پرسیارێک لەو بارەیەوە نەبوو. ئەوە بیرۆکەی بابەتەکەیە. ئێستا هاوسەرگیریی و هاوسەران و ماڵ وەکو بیرۆکەی ئوتێلی لێ هاتووە. دەتوانیت بێیت و بڕۆیت. کەواتە لە سایەی ئەو گۆڕانەدا بۆچی بوار بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازان نەدەین؟ ئەوانیش دەتوانن لە ڕێگای هەڵگرتنەوە و ڕێگای لەو جۆرەوە منداڵیان هەبێت. کەواتە هەموو شتێک بەردەستە. بۆچی ڕێگا بە خەڵک نەدەین ڕۆڵی خێزان بگێڕن؟ ئەوە مافێکی جیهانییە لە مافەکانی مرۆڤ. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پەیتا پەیتا ڕەزامەندیی لەسەر دەدرێت. وەکو جاری جاران چی تر کێشەکە کێشەیەکی گەرم نەماوە، چونکە لە ئێستادا زۆرێک لە دەوڵەتان ئەو شیانە پەسەند دەکەن. پێموایە ئەگەری زۆرە ئەو بابەتە لایەنی کەم لە ناوچە کولتوورییەکەماندا ببێتە بابەتێکی گشتی و هەمەگیر. گومانی تێدا نییە ژمارەیەک دەوڵەتی ئیسلامیی هەن زۆر دوورە ئەو شتە تیایاندا ڕوو بدات. لەوێ دۆخی ژنان زیاتر گرنگە. ناتوانیت چەند قۆناغێک ببڕیت. ڕەنگە- هەڵبەتە ئەمەش شتێکی دڵنیا نییە چونکە من پەیامبەر نیم- بیرۆکەی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازان بگاتە ئەو شوێنانەش. بەڵام چەند قۆناغێکی گشتی دەمێنن پێویستە لەپێشدا ئەو قۆناغانە تێبپەڕێنرێن، گرنگترین قۆناغی ئەو چەند قۆناغەش یەکسانیی ژنانە.

فیۆنا: لە “بەکارهێنانە پاش نوێگەرییەکانی سێکس”دا (١٩٩٨) باست لە چۆنێتیی دابڕان یاخود جیابوونەوەی ئیرۆتیکیزم لە وەچەخستنەوە و خۆشەویستیی و گرێدراویی بە چێژ و هەستەوە کردووە و نووسیوتە لە ئەنجامی ئەوەدا لە بریی ڕەزامەندیی، نیگەرانییەکی گەورە دروست بووە. بە دیارییکراوییش سەبارەت بەو “تارمایی سێکس”ـە دواویت کە بە دوای پەیوەندیی پێگەیشتووان لەگەڵ منداڵانەوەیە، تۆ پێشکەوتنی ئەو ڕووە لە کولتوورمان لە شانشینی یەکگرتوو لەم چەند ساڵەی دواییدا چۆن دەبینیت؟

باومان: ” میشێل فوکۆت لە بیرە؟ فوکۆ سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی نووسی. پێشتر ترس و تۆقینێک هەبوو لە دەستپەڕ. فوکۆ هێما بۆ ئەوە دەکات منداڵان لە ڕووی سێکسییەوە کاران، بەرکار نین. بێگومان ئەو بیرۆکەیە لەلایەن دەسەڵاتە پزیشکییەکانەوە پشتیوانیی لێ نەدەکرا- چونکە دەستپەڕ یەکجار زیانبەخش بوو و چەندین تێکچوون و شێواندنی دەروونیی و ئەقڵیی و چەشنە دەرد و نەخۆشییە جیاوازەکانی دروست دەکرد- پەیامەکە ئەوە بوو ئەگەر لای منداڵان هەر مەیلێک بۆ ئەو چەشنە کارە خراپ و زۆر زیانبەخشانە دەرکەوت، پێویستە لەسەر خێزان، باوک و دایک، بە چەشنێکی ناوبەناو بە دوایاندا بچن. ئەوەیە بیرۆکەی “بانویتیکون” یاخود چاودێریی. پێویستە دەرگای ژووری منداڵ هەمیشە کراوە بێت. نابێت منداڵان دەرگای گەرماو لەسەر خۆیان دابخەن. میشێل فوکۆ سەبارەت بە کەڵک و سوودی ئەوە پرسیاری کرد. باشە، سوودەکەی ئەوەیە دەسەڵاتی کەسوکار زیاتر دەکات. چونکە ئەو سەردەمە سەردەمی خێزانی دەردناک بوو. ئەوە بیانوویەکی باش بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە دەردناکانە. بۆ چاودێرییکردنی هەر هەنگاوێک کە منداڵان دەینێن و بەتەواویی ژیانیان کۆنترۆڵ بکرێت. بەڵام لە ئێستادا ترس و تۆقین لە دەستپەڕ کۆتایی هاتووە و ترس و تۆقین لە دەستدرێژییکردنە سەر منداڵان شوێنی گرتووەتەوە. دەستدرێژییکردنی سێکسیی بۆ سەر منداڵان. بەڵام کێ تاوانبارە؟ ئەی کێ قوربانییە؟ لە ئێستادا سێکسواڵیتیی پێگەیشتووان و باوکان کێشەکەیە. چونکە منداڵان هیچی تر نین بێجگە لە بەرکاری ئارەزوو و حەزەکانی کەسوکار و پێگەیشتووان. چونکە بابەتەکە ئەوەیە لە ئێستادا باوکان لە منداڵەکانیان دوور دەکەونەوە. لێیانگەڕێ گرنگیی بە کاروباری خۆیان بدەن- لێیانگەڕێ دەرگای ژوورەکانیان بە چاکیی کڵۆم بدەن. ئازادییان بدەرێ شوێنی غەریزەکانی خۆیان بکەون. چونکە ئەگەر بتەوێت دەستوەردان بکەیت، مانای وایە دەتەوێت شوێن غەریزەکانی تۆ بکەون.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: