دیالێکتیکی نەرێنی “Negative Dialectics” تیۆدۆر ئەدۆرنۆ چییە؟

674
0
بڵاوکردنەوە:

نووسنی: مۆسێس مەی هۆبز

وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر

دیالێکتیکی نەرێنی ئەدۆرنۆ “Theodor Adorno” ڕێگایەکی دیالێکتیکی جێگرەوە “بەدیل” بۆ دیالێکتیکی هێگڵ پێشنیار دەکات و لە ڕێگای نکۆڵییەوە “negation” هەوڵدەدات بەسەر سنورە کەسییەکاندا زاڵ ببێت.

ئەدۆرنۆ فەیلەسوفێکی ئەڵمانییە زیاتر بە بیردۆزە کەلتوری و سیاسییەکانی ناسراوە. دیدگا فەلسەفییەکانی هەم جیاواز و هەم ئاڵەنگەرییانەیە، بەتایبەتی لە چۆنێتی بایەخدان و پێداچوونەوە بە توخمە سەرەکییەکانی بیری “هێگڵی” و “مارکسی” لەبۆ بەبیردۆزەکردنی ماددەگەریی.

دیالێکتیکی نەرێنی ئەدۆرنۆ هەوڵ دەدات جێگرەوەیەک بۆ فەلسەفەی دیالێکتیکی هێگڵ دابین بکات: واتە جۆرێک لە فەلسەفەی دیالێکتیکی  کە نەکەوێتە ناو تەڵەکانی ئایدیاڵیزمی هێگڵییەوە. ئەو سیستەم و بیرێکی فەلسەفی و لەهەمانکاتدا کرداری بە ئامانج دەگرێت – وە پێیوایە سیستەمەکەی هێگڵ لە نوێنەرایەتیکردنی مێژوودا بە هەڵەدا دەڕوات. کاری سەرەکی پرۆژەی دیالێکتیکی نەرێنی دۆزینەوەی فەلسەفەیەکی گونجاوە بۆ ئەرکی ڕێکخستن و ڕێکخراوی سیاسی لە جیهانی مۆدێرنەدا.

ئامانجی دیالێکتیکی نەرێنی: دەربارەی شوناس “Identity” و بێشوناسی “Nonidentity

ئەدۆرنۆ دیالێکتیکی نەرێنی وەک سیستەمێکی پێچەوانە بە سیستەمە ئەرێنییەکەی هێگڵ پێناسە دەکات. ئەم جیاکارییە، بە تەواوی لە هەر داڕشتەیەکی سادەدا بۆ دەربڕین سەختە، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بۆ دانپێدانانی ماددەگەرایی ئەدۆرنۆ و ئەو کاریگەری و پێشنیارانەی بۆ چەمکاندنی بابەتەکە هەیەتی دەگەڕێتەوە.

ئەدۆرنۆ دەڵێت، بەلای هێگڵەوە سوبێکت “سوژە” “بکەر” “Subject” خاڵی یەکێتییە یان شوناسە “ناسنامە” لە نێوان تایبەتمەندییەکان یان چەمکە نەناسراو و بێ شوناسەکاندا. ئەگەر وابێت، کەوایە دەبێت دەستەواژەکەی خودی هێگڵ وەربگرێت و بەکاری بهێنێتەوە – شوناسی شوناس و بێ شوناس “the identity of identity and nonidentity” ئەدۆرنۆ دەیەوێت ئەم داڕشتەیە “Formulation” پێچەوانە بکاتەوە. بەلای ئەدۆرنۆوە سوبێکت جۆرێکە لە سنور- ئاسۆی ڕامانی نمونەییە. سیستەمەکەی هێگڵ بەربەستێک لەبەردەم ماددەگەرایی و ئەو تایبەتمەندییانەی کە خەسڵەتی ماددی یان بابەتین دادەنێت.

پاشخانی ئەم نیگەرانییانەش ئەوەیە کە ئەدۆرنۆ لەبۆ ئەگەری دروستبوونی فەلسەفەیەکی بەسوودی ماناداری سەرنجڕاکێشی هاوچەرخ بەپەرۆشە. ئەو ئایدیاڵیزمی کانت و هێگڵ نەک تەنها وەک هەنگاوێکی هەڵەی فەلسەفەی دەبینێت، بەگرە وەک نیشانەیەکی فەلسەفەی نەریتی کە چیتر نەشیاو و نا پەیوەستە دەبینێت.

ئەگەر فەلسەفە بەتایبەت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بە دوای ئەوەوەیە شوێنێک بۆخۆی بدۆزێتەوە، ئەوا پێویستە بگۆڕدرێت، دەبێت بتوانێت لە دەرەوەی سوبێک “subjectivity” لەگەڵ جیهاندا ململانێ بکات. ئەدۆرنۆ ئەڵێت پێویستە لە سوبێکتەوە بگەینە ڕووخانی خودی سوبێک، و لە دەرەوەی سوبێکتی پێکهێنەر “constructive subjectivity” بەدوای ماددەگەراییدا بەگەڕێین، و بێگومان دەبێت لە ڕوانگەیەکی فەلسەفەییەوە دەست پێ بکەین.

بۆ ئەوەی فەلسەفە مۆدێرنە ڕزگار بکات، پێویستە بتوانێت لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەی کە سیستەمەکەی هێگڵ تەختیان دەکات ململانێ بکات. ئەدۆرنۆ لەو کتێبەدا “Negative Dialectics” کە ساڵی ١٩٦٦ بە چاپی گەیاندووە دەڵێت:

لەم قۆناغە مێژووییەدا پرسە فەلسەفییە گرنگەکان ئەوانەن کە هێگڵ بەهۆکاری ڕەزایەتی لەسەر نەریت “tradition”، پشتگوێێ خستوون. ئەو پرسانەش بریتین لە ناچەمکگەرایی، تاکگەرایی، تایبەتمەندی توخمگەلێک کە لە سەردەمی ئەفڵاتونەوە بە کاتی و بێ بایەخ دادەنرێن و هێگڵ بە بوونی تەمبەڵ “lazy Existenz” ناوی بردوون. تێمای سەرەکی فەلسەفە دەبێت ئەو سیفەتانە لە خۆ بگرێت کە وەک ناگرنگ و ڕاگوزەر و تێپەر دادەنرێن “quantite negligeable”.

بۆ ئەوەی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێیە ڕووبدات، داڕشتەکەی هێگل پێویستی بە پێچەوانەکردنەوە هەیە. بەم پێیە ئەدۆرنۆ لەسەر بێشوناسی شوناس و بێشوناس “nonidentity of identity and nonidentity” جەخت دەکاتەوە، کە ووتەزا و دەربڕێنێکی زۆر ڕاستتر و ڕوونترە لەوەی هێگڵ. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تایبەتمەندییەکە، پێویستییەکی زۆر بە فەلسەفە لە ڕێی بیرۆکەی دەرهەستەوە بە ئامانج دەگرێت. لەژێر ڕەخنەکانی ئەدۆرنۆوە، لە فەلسەفەی نەریتی درێژخایەن کە پێش و دوای هێگڵ دەکەوێت، بەشێوەیەکی بەشەکی مەیل و تاودانێکی سیاسی بوونی هەیە. لە پاشاندا، ماددەگەراییش ئەو ناونیشانە لەڕوودراوەیە کە سیستەمەکەی مارکس لە هێگڵ جیادەکاتەوە.

پرۆژەکەی ئەدۆرنۆ بە دیاریکراوی بە سنوربەندییەکانی هێزی دەربڕین و تێڕوانینەوە شێوەی گرتووە. ئەگەر ئەم بێشوناسی و ئەم تایبەتمەندییە “particular” ناوەرۆکی بابەتی “objective” جیهانی ماددی بن ئەوا ئەدۆرنۆ دانبەوەدا دەنێت کە سوبێکت نێوەندگیری دەستڕاگەشتن و گەشتنمانە بەو جیهانە. لەبری ئەوەی ڕێگابدات سوبێکت چارەسەری تایبەتمەندییەکان بکات، ئەو هەوڵدەدات سوبێکتەکە وەک لاوەکی “secondary” لە جیهانێکی ماددیدا جێگیربکاتەوە، لە ڕێگای نکۆڵییەوە سیستەمێک بۆ گەیشتن بە ئوبێکت “ئوبژە” “بابەت” “objectivity” دابڕێژێت.

ڕەخنەی ئەدۆرنۆ لە بێرگسۆن و هوسێرل

شێوازی نەرێنی ئەدۆرنۆ، بەشێوەیەکی بەشەکی لە دژی ئەوەی کە ئەو وەک بوونی هەوڵگەلێکی نوێ “modern” بۆ بەبیردۆزەکردنی بێشوناسی، تایبەتمەندی و ماددگەری دەیبینێت، ناسراوە. بەتایبەت ڕوودەکاتە هێنری بێرگسۆن “Henri Bergson” و ئیدمون هوسێرڵ “Edmund Husserl” و هەوڵەکانیان بۆ داڕشتنی فەزایەک بۆ فەلسەفە لە دەرەوەی بازنەی مێتافیزیکی ئۆرسۆدۆکسی “Orthodox metaphysic” و بەبێ بوونی کەشکۆڵی مێژووی فەلسەفەی دیالێکتیکی.

ئەدۆرنۆ ڕەخنە لە بێرگسۆن دەگرێت لەبەر ئەوەی دووبارە ڕاستەوخۆ خۆی دەخلیسکێنێتە ئەو جێیەی کە بۆ هەڵهاتن لەدوی دەگەڕێت: چەمکسازی ناکاتی. و لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٦٦یدا دەڵێت:

هەموو زانین و دەرکپێکردنێک “cognition” بەووردی لە ساتەوەختی کۆنکرێتیدا پێویستی بە ئەقڵانییەت هەیە “rationality”، هەتا دەرککردنەکەی بێرگسۆنیش پێویستی بەو ئەقڵانییەتە هەیە کە خۆی سوکایەتی پێ دەکات. ماوە و کاتی ڕەهاکراو، دەبێتی بێخەوش “سەیروروی خاڵس” “pure becoming”، کردەوەی بێخەوش “pure act” هەموو ئەمانە پاشەکشەدەکەن بۆ هەمان ئەو بێ کاتییەی “خلود” “timelessness” کە بێرگسۆن لە ساتی ئەفڵاتون و ئەرستۆوە لە مێتافیزیکدا سەرزەنشتی دەکات.

بەکورتی، هەوڵدان بۆ خۆ لە قەرەدان و بە گرتنەبەری ڕێبازی تایبەتمەندییەکانی ئوبێکتەکان کە کاتی و ماددین بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ خراپ شکت دەهێنێت. لەژێر ڕۆشنایی ئەدۆرنۆدا بێرگسۆن هەوڵیداوە بەسادەیی کێشەی ناوەندی و سەرەکی ئایدیاڵیزم فەرامۆش بکات و ڕاستەوخۆ بۆی بچێت: سوبێکت بە ناچاری فشار بە چەمکسازی دەکات، بەم پێیەش شوناس فشار بەسەر ڕوانگە ئوبێکتی و بابەتییەکانی خۆیدا دەکات. ئەم کێشە جەوهەرییە کانتییە لەبۆ ئەدۆرنۆ بە واقعی دەمێنێتەوە؛ ئەو وەها بیرناکاتەوە کە پێویستی شوناس بۆ پێکهاتەی بیرکردنەوە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. لە ڕاستیدا، زۆربەی پێشەکییە دورودرێژەکانی دیالێکتیکی نەرێنی لە درێژدادڕی چارەسەرنەکردنی کێشەکەدا بەخەسار چووە.

بەهۆی هەوڵە خۆبەزلزانەکەیان بۆ بەربەستکردنی سنورەکانی سوبێکت و زمان، ئەدۆرنۆ ڕەخنە لە بێرگسۆن و هوسێرڵ دەگرێت. شکستەکەیان، دەکرێت بڵێن باوەڕ و پشتبەستنیان بە دەربڕینی ئەرێنی “positive expression” بەهەمان شێوە جۆرێکە لە شکستی زمانەوەوانی “Linguistic failure”؛ ئەدۆرنۆ ئەنووسێت، “پێداگریکردن لە دژایەتی کردنیان، ئەو ئامانجەیە کە ئەوان لە بەتاڵاییدا بەدوایدا دەگەڕێن: وەک ئەوەی بەهۆی وتنی لە توانای وتنبەدەرەکانەوە بەرپەرچی ڤیتگنیشتاین “Wittgenstein” بدەنەوە”.

بەدڵنیاییەوە ئەدرۆرنۆش بە هەمان شێوە دەیەوێت بەجۆرێک لە جۆرەکان نەک تەنها وتن بەڵکو ئەوەش کە لە توانای وتن بەدەرە “unutterable” دەرببڕێت یان پێشکەشی بکات، بەڵام ئەو ئامڕاز و دەربڕینە زمانەوانییانەی ئەو دەیەوێت بەکاری بهێنێت دەبێت ڕووبە ئامانجە ئوبێکتییەکان مەیلداربن. لە ڕاستیدا، تێبینییە پڕکنە و پێست داماڵەرەکانی ئەو لەسەر “قسەی بازاڕیی” “vulgarity” ڤیتگنشتاین ئەوە ڕووندەکاتەوە کە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی دەربڕین بۆ ئەرکی فەلسەفە بە گشتی بە شتێکی گرنگ و چارەنووسساز دەزانێت و ڕەنگە زۆر ناوازەشبێت (هەستێک کە لە ڕاستیدا بە ڤیتگنشتاین نامۆ نییە – لە پێشکەشکردنی کۆڕەکەیدا لەسەر “ئەخلاق” “Lecture on Ethics” دەردەکەوێت).

ئەدۆرنۆ و کێشەی کانتی “Kantian problem

سەرەڕای دەستڕانەگەشتن و دەستپێنەگەشتنی دەستبەجێی ماددەگەری (شتەکان لە خۆیاندا) بە سوبێکت، ئەدۆرنۆ پێیوایە دیالێکتیک کاتێک لە دەرەوەی بنەڕەتی ئەرێنیگەری هێگڵەوە بەبیردۆزە دەکرێت، بۆ ئەوەی کە کانت بەهەمیشەیی لە دەرەوەی تێگەشتنی ئێمە دەیبینێت ڕێگایەک بەیاندەکات.

پێویستی پێداچوونەوە بە دیالێکتیکدا دووبارە چوارچێوەدانان و ڕێکخستنەوەیەتی وەک نەرێنییەکی سەرەکی و بنەڕەتی، ئامڕازێکە بەهۆیەوە شوناسی ڕواڵەتی بەبەردەوامی دژایەتی دەکرێت. بەم پێیەش ئەدۆرنۆ وەک “ئاگایی بەردەوام و جێگیری بێشوناسی” ئاماژە بە دیالێکتیکە نەرێنییەکەی دەکات.

سەرەڕای فشارەکانی چەمکسازی – دڵفڕاندن و فریودانی سەپاندنی شوناس بەسەر ئوبێکتەکاندا، ملکەچکردنی ئوبێکتەکان بۆ کردنیان بە پۆلێنکارییەکانی بیرکردنەوە، و تەختکردنی تایبەتمەندییکانیان- وەک ئەوەی لامبێرت زویدەرڤارت “Lambert Zuidervaart” پرۆژەکەی ئەدۆرنۆ دەدرەوشێنێتەوە و دەڵێت؛ ” ئامانج لە بیرکردنەوە شکۆدانە بە ئۆبێکتەکان لە بێشوناسییاندا، لەو جیاوازییانەیاندا کە ئەقڵگەرایی سنوردار بانگەشەیان بۆ دەکات”.

ئەدۆرنۆ بەرەو ئەو شتەی کە پێی دەڵێت “یۆتۆپیای زانین” “cognitive utopia” هەوڵدەدات کە تێیدا بیرکردنەوە “thought” بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە بیرکردنەوەکان و ئوبێکتەکان چوونیەک نین، نەشیاوانە هەتا بەشێوەیەکی دژوارانە و پارادۆکسانە دەچێتە دەرەوەی ئەقڵانییەتی خۆی. تەنانەت پێدەچێت لە ئەگەری گەشتن بەو شتەش دڵنیانەبێت، هەتا لەسەر ئاڕاستەی گەشتەکەی شێلگیرترە وەک لە بەدەستهێنانی هەندێک پەیوەندی دووربەدووری کۆتا خاڵی تێگەشتن لە ئۆبێکتگەرایی. بەڕواڵەت وەها دەردەکەوێت کە نکۆڵیکردن “negation” لە ژێر ڕۆشنایی کارەکانی ئەدۆرنۆدا، بەپێچەوانەکەی هەڵەکردنەکانی بێرگسۆن و هۆسێرڵەوە، دەتوانێت خۆی لە کەوتنە ناو هەڵەکارییەکانی  تێگەشتن لە بابەتەکە بەدوور بگرێت – بەڵام ئایا دەتوانێت بمانگەیەنێت بە ڕێگاکانی تێگەشتن لە شتەکان لە خودی خۆیاندا “things in themselves”؟ ئایا دەکرێت ئەوەندە بێهیوابین لەوەی دەستەواژە و چەمکەکانی ئەدۆرنۆ بەقەرز وەربگرین و بەکاریان بهێنینەوە، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە ماددییانە دەست بە حسابات بکەین کە چەمکەکان بۆ لەیەکچوون و چوونیەکبوون تەخت و هاوئاست دەکەن؟

گریمانەی ڕاستەقینەی ئەم بازدانە لە لە نەرێنیگەری چەمکەکانەوە بۆ ئۆبێکتگەری بەدڵنایییەوە دەکەوێت دەرەوەی بازنەی فەلسەفەی تەقلیدییەوە. بۆ بەکارهێنانەوەی چوارچێەوەیەکی کراوەتری ڤیتگێنستاینی، ناکرێت بووترێت جیهانی ماددی و ئوبێکتی، بەڵام دەکرێت بە پلە دەرببڕدرێت؛ دەتوانرێت کۆمەڵێک  ڕێنمایی لە نێوان سوبێکتە هۆشیارەکاندا بۆ دروستکردنی ڕێگای هەڵهاتن لە سوبێکتگەرایی شەنوکۆبکرێت، هەتا ئەگەر نەتوانرێت بە ڕاستەوخۆ لە نێو خۆیاندا قسەوباس لە بارەی دەستکەوتەکانی ئەو هەڵهاتنەوە بکەن.

هەڵوەشاندنەوەی دابەشبوونی بیردۆزەی “Theory” و کرداری “Practice

پوختەی دەرهەستی زۆرێک لە دیالێکتیکی نەرێنیی وەک سەرچاوەیەکی دڵەڕاوکێ بۆ ئەدۆرنۆ دەردەکەوێت. بەئاگاداری کەلێنی ڕواڵەتی نێوان گوتاری بێشوناسی شوناس و بێشوناس، و پرسوجۆی ڕەخنە و بەکرداریکردنی سیاسەتی ڕادیکاڵانە، کاتێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ڕێبازە بیردۆزییەکەی خۆی تەرخان دەکات. بەڵام ئەم پاساوهێنانەوەیە داوای لێبووردنێکی ڕاستەوخۆ بۆ فەلسەفاندنەکانی خۆی زیاتر تێدەپەڕێنیت. ئەدۆرنۆ دابەشبوونی ئۆرسۆدۆکسی – مارکسیی نێوان بیردۆزە و کردار هەڵدەداتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو بیرخستنەوە و پێداگرییە بەردەوامەی کە گوایە بیردۆزەی مارکسییەت دەبێت بەشێوەیەکی کرداری ئاڕاستەکراوبێت – لە سیما سیاسییە هاوچەرخەکەیدا – بووەتە ئیفلیجکەر. دەنووسێت:

بانگەواز بۆ یەکێتی بیردۆزە و کردار بەشێوەیەکی بەرگەنەگیراو ئاستی بیردۆزەی بۆ ڕۆڵی خزمەتکار دابەزاندووە، هەر ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی لابردووە کە بۆ یەکێتییەکە پێویستن و دەبوایە بهێڵرێنەوە. مۆری ڤیزای کردار “practice” کە ئێمە بۆ هەموو بیردۆزەکان “theories” داوای دەکەین بووە بە شوێنی سانسۆر و چاودێر. (دیالێکتیکی نەرینی، ١٩٦٦)

ئەدۆرنۆ ئەڵێت، ئەگەر بیردۆزە نەتوانێت خاوەنی سەربەخۆیی بێت و لە خودی خۆیدا بەجدی وەربگیرێت، کردار وەک جۆرێک لە کاری سەرقاڵی شێتانە دەمێنێتەوە، بۆ هەمیشە زیاتر گرنگی بەوە دەدات کە بەردەوام هەبێت نەک ئەوەی کردارییەکی سوودبەخشبێت. لەکۆتاییدا، ئەگەر سوودبەخشی ئەوەبێت کە پێوەرێک هەبێت زیاتر لە تەواوی قەبارەی چالاکی تێپەڕێت؛ ئەو سوودبەخشییە پێویستی بە ئامانجی بیردۆزەیی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا، زەحمەتە هەست بەوە بکەین کە هیچ مەودایەک نییە لە نێوان ئامانجێک وەک شکۆدانی ئەدۆرنۆ بە ئۆبێکتەکان لە خۆیاندا، و جۆری ئەو ئامانجانەی کە بزاوتە سیاسییەکان زۆرجار بەشێوەیەکی دیاریکراو و کۆنکرێتی خۆیانی تێدا بەسەنتەردەگرن. ناسینەوەی تایبەتمەندی ئەو ئوبێکتانەی بە پۆلێنکردنە چەمکییەکانی خۆیانەوە نەبەستراونەتەوە لە مەودای خۆیدا زۆر فراوانترە لە هەر ئامانجێکی سیاسی یان ئەخلاقی دیاریکراو، لە یەک کاتتدا بۆ ئەدۆرنۆ بنەڕەتیترە و زۆر دوورترە لەوەی کە ئەو پێیدەڵێت داواکارییە خاوەکانی “پێنەگەیوو” “crude” ماددەگەرایی سیاسی.

لەکاتێکدا هەندێک لە لایەنە دیاریکراوەکانی مارکسگەرایی کراوەی “Open Marxism” هاوچەرخ (دیارترینیان نووسینە سیاسییەکەی جۆن هۆڵۆوەی “John Holloway”) بەناوی دەستبەجێییەوە نەرێنی “negativity” دەبزوێنێت، ئەم جۆرە لە نکۆڵیکردن پێدەچێت بە دەوری ئەو بیرۆکەیەدا بخولێتەوە کە گوایە کۆمەڵگاگەرایی “سۆشیالیزم” “Socialism” وەک پێچەوانەکردنەوەی ڕاستەوخۆی دۆخی ئێستا بوونی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرەڕای هەستی بەپەلەیی، ئەدۆرنۆ دیالێکتیکی نەرێنی وەک پرۆسەیەکی هەنگاوبەهەنگاو و بیردۆزەیی پێناسەدەکات کە ئامانج لێی زیاتر بەشێوەیەکی سوبێکتی شتێکی بنەڕەتیترە لە گۆڕینی دامەزراوە و سیستەمە دیارکراوەکان.

لە کاتێکدا سەرنجی سەرەکی ئەو لە دیالێکتیکی نەرێنی جەختکردنەوەیە لەسەر جیهانی ماددی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبازەکەی باڵا و سەرووە “ترانزێندێنتاڵ” “transcendental”. تێپەڕاندنی سوبێکتڤیتی لە ناوەوەی خودی خۆیدا بۆ ئەو جۆرە سیاسەتەی کە ئەدۆرنۆ ئارەزووی دەکات پێویستە، و هەربۆیەش ئێمە هێشتا لەو پێشهاتی تێپەڕاندنە خوددیەوە دوورین. لەوەش خراپتر، هەر کردارییەکی نوێ لە کۆتایی ڕێگای دوورودرێژی بیردۆزەییدا بدۆزرێتەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێگایە کارینەکردەیە و بە سانایی بەیان ناکرێت. ئەدۆرنۆ ئەنووسێت؛ “خودی کردار “practice” چەمکێکی گرنگ و دیاری بیردۆزە “theory” بوو”

 

 

سەرچاوە:


https://www.thecollector.com/theodor-adorno-negative-dialectics/

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: