سووتانی دارەکان یاخود داگیرکردنی تاکی کورد

785
0
بڵاوکردنەوە:

مەلەف: دار و کۆڵۆنیاڵیزم

نووسینی: ئەلەند ڕزگار

ھەر لە سەرەتاوە پێش درووستبوونی شارستانیەتییەکان؛ ئەوە سروشت بووە کە باوەشی بۆ زیندەوەرە ھۆشمەند  و ناھۆشمەندەکان کردۆتەوە و بۆتە ماڵێکی فراوان بۆ نیشتەجێبوون و ژیانکردن، ھەروەھا ئەگەر ئاوڕێک لە کۆی  ئەو ئەفسانە بنچینەییانە بدەینەوە کە نووسراون یاخود وەک، بەشێک لە مێژووش سەرنجی بدەینێ تێدەگەین کە سرووشت کاریگەرییەکی گرنگی ھەبووە لەسەر گیانەوەرەکان و خاوەن تایبەتمەندی سەرەکی بووە لە نێو ڕووداوەکاندا. بۆ نموونە: لە گیلگامێشدا سەرنجی ئەوە دەدەین کە ئەنکیدۆ لە ژێر سێبەری درەختێکدا سێکس دەکات، بە ئەمەش سرووشت دەکاتە ماڵێک و  ئارامگەیەک بۆ خۆی، ھەروەھا دەرخستنەوەی ئەنکیدۆ و گیلگامێشی نیمچە خوداوەند وەک، دوو تاوانباری سەرەکی لە بڕینەوەی درەخت و کوشتنی ڕۆحی پارێزەری دارستانەکان “ھومبابا”. ھەروەھا سرووشت و کەرەستەکانی بوونەتە شوێنێک بۆ حەشاردانی خوداکان، شاردنەوەی ئەو کردانەی کە دەیکەن، ئەزموونکردنی ژیان لە نێو سرووشتدا. ھەروەھا ئەگەر سەرنج بدەینە ئەفسانە ژاپۆنییەکان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە درەختە بەردارەکان و بەتایبەتتر درەختی قۆغ گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە وەک، چۆن ئیدزاناگی لە دۆزەخ ڕزگار دەکەن.  ھەروەھا لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا سرووشت پانتای سەرەکی ڕووداوەکان داگیردەکات، ئەوە کردە سرووشتییەکانن کە دەبنە ھاوکار و لە ھەمان کاتیشدا لە ناوبەری خوداوەندەکان بەڵام؛ سرووشت و دارستانەکان دەبنە باشترین شوێن بۆ خۆحەشاردان و چاودێری کردنی ئەوی تر. ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی کورد بدەینەوە، ھەمیشە سرووشت پەناگەیەکی سەرەکیان بووە، بەو واتایەی: ئەوە چیاکانن ھاوڕێ و ھاوکارێکی ژیاندۆستانەی کوردن، پارێزگارێکی سەرەکی ئەوان بوون لە بەرامبەر دوژمن و ئەوەی کە ویستوویەتی کورد بسڕێتەوە، بۆ تاکی کورد نەمانی سرووشت نەمانی کوردە، بەو واتایەی: تاکە ھاوڕێ و دۆستی کورد سرووشتە، چون چیاکان لانەیەکی پارێزراون بۆ خۆحەشاردانی کورد لە چاوی دوژمنەکانییەوە لە کاتی جەنگدا.  ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا ڕوودەدات وەک، ھەمیشە ئەردۆگان دەیەوێت لە ئامانجە سەرەکییەکەی نزیک ببێتەوە کە ئەویش بە تورکی کردنی کردن کورد و داگیرکردنی کوردستانە، ھەرچەندە ئەم ئامانجەی ئەگەر نێوماڵی کورد نەتوانێ خۆی ڕێکبخاتەوە و یەکگرتووی ڕوونەدەدات، ناتوانێت پارێزگاری بکات لەوەی کە لە ئێستادا ھەیەتی، ھەرچەندە ئەوەی وای کردووە ئەردۆگان پێشڕەوی بکات و چەند ڕووبەرێک داگیر بکات و فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەسەر ئاسمانی ھەرێمەکەدا، ھەروەھا سووتاندنی دار و درەختەکانی ناوچەی بادینان، مەترسیدارترین و دڕندانەترین کردەیەکە کە تا ئێستا ئەردۆگان کردبێتی، و ئەگەر ئەمەش ڕێگەی پێ نەگیرێ  ئەوکاتە کورد دەبێتە خاوەن دۆستێکی ڕووتکراوە کە ئەویش چیاکانە. ھەر بۆیە عەقڵیەتی دیکتاتۆری پێی وایە: کە دەبێت پڕبێت لە دژایەتی بەرامبەر ئەوی تر، داگیرکردنی سەرجەم ڕووبەرەکان و فراوانکردنی دەستەڵات و شاردنەوەی حەقیقەت لە تاکەکانی و درووستکردنی حەقیقەتێکی درۆینە و چەسپاندنی. ھەربۆیە لە ئێستادا دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک، تورکیا کە خاوەنی ‘ھێزە’ دەیەوێت لە ڕێگەی ھێزەوە حەقیقەت بگۆڕێت واتە: نەبینینی حەقیقەت بەو شێوەیەی کە ھەیە و درووستکردنی خورافە و چیرۆکێک کە پاڵەوانی سەرەکی خۆیەتی و ھەر خۆشی دەبێتە تاکە دەستەڵاتداری سەر زەوی لە چاوی تاکە داگیرکراوەکانییەوە. ئەگەر سەرنج بدەین ھەست بەو چیرۆکە خورافیانە دەکەین کە لە باشوور ڕۆژ لە ڕۆژ زیاددەکەن و لە عەقڵییەتی تاکی کوردا دەچەسپێنرێت. ھەر لە ڕێگەی میدیا و دراما و کەرەستە تورکییەکانەوە دەیانەوێت عەقڵییەتی تاکی کورد بشۆنەوە و دەستی بەسەردا بگرن. ھەروەھا لە لایەکی دیکەشەوە دەبینین کە ئیخوانەکانی باشوور، تاکە کارێکیان بڵاوکردنەوەی ئەم فکرەیە کە پڕە لە توندوتیژی و ناکۆکی بەرامبەر ئەوی تر و بڵاوکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و مەرگدۆستییە لە بەرامبەر ئەوی تردا کە کوردە. ئێمە دەزانین کە ئیخوانەکانی باشوور لەسەر سەمایەک یاخود جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل [ بەو واتایەی ئەم ھەڵوێست وەرگرتنە ھۆکارەکەی پیرۆزی بووبێت نەک مرۆڤ] سەرجەم پێگە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ کردبوو لەو ڕەزنە چەواشەکارانەی کە دەیانوت، بەڵام؛ ئەوان ئامادەنین لە بەرامبەر ئەردۆگاندا ھەڵوێست وەرگرن، چون ئەوان کۆیلەی ئاغاکانیانن. ھەر بۆیە ئەو سیستەمەی کە ئەردۆگان دەیەوێت بیچەسپێنێت درووستکردنی دۆگمەکانە، درووستکردنی تیۆرییەک کە پێی وایە ھەمووشتزانە، بە سەرۆکێک و شوێنکەوتن ڕێنماییەکانێتی. کە ئەمەش دووبارە درووستکردنەوەی چەقبەستوویەکە، تەنانەت ئەگەر سەرجەم دارستان و سرووشت نیشتیمانەکەت بسووتێنن ئەوە دەبێت ئەم ھەستەت ھەبێت کە ئەمە لە بەرامبەر دژایەتی تیرۆردایە. ئێمە لەم ھێڵانەوە دەگەینە ئەو دەرەئەنجامەی کە سەرجەم ھەوڵەکان لە پێناو درووستکردنی ئەفسانەیەکدایە کە پێی وابێت: ئەردۆگان کوردی باشووری خۆشدەوێت بەڵام؛ کوردێکی ڕۆژئاوا، باکوور، ڕۆژھەڵات بە تیرۆریست ناوببات، ئەمەش دەبێت تێگەیشتنێکی ڕەھات دەربارەی ئەو ئەفسانەیە بۆ درووست ببێت کە کوردی باشوور بەشێکی جیاکراوەن لە کوردانی سێ پارچەکەی دیکە. ھەروەھا لە یادمان نەچێت بەھۆی ئەو داگیرکارییەی کە لە ڕابوردوو و ئێستادا  تورکیا دەیکات بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و بەتایبەتتر دھۆک و ناوچەکانی دەوروبەری، ئەوە دەزانین کە تاوەکو ئێستا بەھۆی ھێرشەکانەوە چەندان ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و چەندەھا گوند و ناوچەی دیکە بەھۆی پێشڕەوی تورکە ئەردۆگانییەکانەوە چۆڵکراون و بەجێھێڵدراون. ھەروەھا وەک، دارزەیتوونەکانی عەفرین دەبڕدرانەوە بە ھەمان شێوەش لە ئێستادا درەختەکانی چیای مامتا لە ناحییەی باتیفا دەبڕدرێتەوە و دۆستەکانی کورد یەک لە دوای یەک ڕووتدەکرێنەوە. ئەگەر پێمان وایە ئەفسانەی دەوڵەتی تورکیا؛ دەوڵەتێکی داگیرکەر و ڕەگەزپەرست نییە، پرسیارێک لێرەدا درووست دەبێت ئەویش بریتییە لەوەی: بۆچی دەچێتە عەفرین و سەری کانێ و ئیدلیبە لە سوریا، بۆ لە سۆماڵە لە لیبیا؟ ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە عەقڵییەتی ئەردۆگان و دەستەڵاتەکەی؛ عەقڵیەتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەرە و دەیەوێت سەرجەم ئەو مرۆڤانە لە ناوببات کە پێی وایە؛ تیرۆریستن و لە دەرەوەی عەقڵیەتی ئەون. دەکرێت بۆ ئەمەش “لوو بورۆ” وەک، نموونەیەک وەربگرین؛ لوو بورۆ ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی بوو، دەیویست بۆ ئامادەکردنی ڕیپۆرتاژێک لە ھەولێرەوە بچێت بۆ ڕەققە. کە بەمشێوەیە باسی ساتی دەستگیرکردنی دەکات: ((…. لە گووگڵ بەدوایی ناوی مندا دەگەڕێ، پاشان داوای ھەژماری فەیسبووکەکەم دەکا. پێی دەدەم. واقم وڕ دەمێنێ کە بۆم دەردەکەوێ ئەو دەستی بە سەرلەبەری پڕۆفایلەکەم و پەیامەکانی منیش ڕادەگا. وێنەکانی ژیانی خۆم دەبینم لەسەر شاشەکە دێن و دەچن. لەسەر وێنەیەکی من ڕادەوەستێ کە لەگەڵ چەند شەڕڤانێکی یەپەگە لە سووریا لە کاتی سازدانی ڕیپۆرتاژێک لە ساڵی ٢٠١٣ دا ھەڵگیراوەتەوە. ھەڵدەستێتە سەر پێ و ھاواردەکات ((تیرۆریست)) لەو ساتەوەختەدا لەبەر خۆمەوە دەڵێم: ((تووشبووم))….)) لە پاش ئەمە لوو بورۆ  سزای زیندانی بۆ ماوەی بیستوپێنج ساڵ بەسەردا دەسەپێنرێ، بەڵام؛ بەھۆی فشارەکانی حکومەتی فەڕەنساوە لە سەرەتای پاییزی ٢٠١٧ دا ئازاد دەکرێ. لەم بەسەرھاتەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەردۆگان و سیستمەکەی دژی ھەموو ئەو دۆستانەشن کە؛ دۆستی کوردن یاخود وێنەیەکیشیان لەگەڵدا دەگرن. ھەربۆیە عەقڵییەتی ئەردۆگان دەیەوێت لە ڕێگەی ھاوپەیمانەکانییەوە دژی ھەموو کوردێک بێت، بە تایبەتتر ھەوڵی سڕینەوەی زمان و شووناسی کورد دەدات. ھەروەھا ناکرێت لە پشت ئەو توندوتیژیانەی کە تورکیا بەرامبەر تاکی کور دەیکات بەدوای “واتا”دا بگەڕێین بەو واتایەی: پێمان وابێت لە پشت ئەم توندوتیژییانەوە ئامانجێکی بەسوود بۆ تاکی کورد خۆی حەشارداوە، ھەروەک چۆن ھانا ئارێنت دەربارەی توندوتیژی دەڵێت: ” ئەوانەی لە دووتوێی ڕووداوەکاندا ھەمیشە بە دوای مانایەکدا دەگەڕێن، بەردەوام توندوتیژیان بە دیاردەیەکی لاوەکی بەدیکردووە.” بەو واتایەی کاتێک توندوتیژی ڕوودەدات دەبێت وەک، بابەتێکی سەرەکی سەرنجی بدەینێ، تاوەکو نەبێتە دیاردەیەک کە سەرجەم ڕووبەری ژیانمان داگیر بکات. ھەربۆیە خۆ بەدوور گرتنمان و چاوپۆشیکردنمان لەو دەستدرێژییانەی تورکە ئەردۆگانییەکان دەستیان پێ کردووە، ھەرزوو دەبینە تاکێکی داگیرکراو و بێ شووناس و خاوەن چیای ڕووت. ھەروەک چۆن گۆرانی شاعیر دەڵێت:

 

وتی ئەوەی کوشتی_یاران!_نووستن نەبوو،

بێ ئاگایی لە خشەی پێی دوژمن بوو!

بڵاوکردنەوە: