پێنج شیعری فریدریش هۆڵدەرلین

907
0
بڵاوکردنەوە:

لە ئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

١

سوکرات و ئەلسیبیادس

ـــ بۆچی تۆ، ئەی سوکراتی پیرۆز، هەمیشە ستایشی

ئەم گەنجە دەکەیت؟ ئەرێ تۆ مەزنەکان ناناسیت؟

چاوەکانت بۆچی وەها بە ئەوینەوە تێی دەڕوانن،

هەروەک ئەوەی بڕواننە خواوەندەکان؟

 

ـــ ئەوەی بیری لە قووڵترین کردەوە، ئەوە زیندووترینەکانی خۆشدەوێت،

ئەوەی بڕوانێتە جیهان، ئەوە لە گەنجی فراژووبوو تێدەگات.

داناکانیش زۆربەی جار لە کۆتاییدا ئارەزووی جوان دەکەن.

 

٢

بۆ شاعیرە لاوەکان

برا خۆشەویستەکان! ڕەنگە هونەرەکەمان بگاتە پێگەیشتن،

ئەوساش، هەروەکو نەوجەوانێک بۆماوەیەکی درێژ دەخەمڵێت

دواتر دەبێتە خامۆشبوونی جوانی.

بەڵام ئێوە وەکو یۆنانییەکان زاهیدانە بن.

خوداکانتان خۆش بوێت و بیریشتان لای دۆستایەتی مرۆڤ بێت!

ڕقتان لە مەستی بێت، وەک چۆن ڕقتان لە زەمهەریرە.

فێربکەن و وەسف مەکەن!

کاتێکیش مامۆستا دەتان ترسێنێت

بچن ڕاوێژ بە سروشتی مەزن بکەن.

 

٣

یادگاری

لەنێو باهۆزەکاندا، خۆشەویسترینیان لام گڤەی بای خۆرهەڵاتی باکورە.

چونکە ئەو گفتی گەشتێکی خۆش و ڕۆحێکی ئاگرین

دەدات بە کەشتییەکان.

دە ئێستا بڕۆ و سڵاو لە

(گارۆنە) ی جوان بکە و، لە

باخچەکانی بۆردۆ، کە لەسەر کەنارە تیژەکانیەوە

پردەکە درێژبۆتەوە ئەوبەر و جۆگەلەکەش دەڕژێتە قوڵایی ڕوبارەکەوە.

لەوبەریشەوە چەند درەختێکی شکۆمەندی سپیدار و داربەڕوو تەماشا دەکەن.

هێشتا ئەوەم زۆر بەباشی لەبیرە،

کە چۆن لوتکە پانوپۆڕەکان

بەرەو دارستانی دارە ڕەشەکان سەریان چەماندبۆوە

بەسەر ئاشی باکەدا،

و لە گۆڕەپانەکەشدا دارهەنجیرێک لە ڕسکاندا بوو.

لە ڕۆژانی پشوودا،

ژنە گەنمڕەنگەکانیش هەر لەو جێیە دا

بەسەر زەوییە ئاوریشمییەکاندا دەڕۆیشتن،

لە مانگی ئازاردا

کە شەو و ڕۆژ وەک یەکیان لێ دێت و،

بەسەر پردە خاوەکان دا، کە بە خەونە زێڕینەکانی قورس بوون،

بە لەنجەوە شنەباکان هەڵدەکەن.

بریا کەسێک پەرداخێکی بۆنداری پڕی

لەو تیشکە تاریکە

دەدایە دەستم؛

تا بمتوانیایە بحەوێمەوە.

چونکە وەنەوزبردنەوە لەژێر ئەو سێبەرەدا

گەلێک شیرینە.

ئەوە شتێکی چاک نییە،

بێڕۆح بین لەگەڵ ئەو

بیرۆکانەی دەمرن.

بۆیە گفتوگۆکردن و بیروڕای دڵ درکاندنیش

شتێکی چاکن، هەروەها

بیستنی شتگەلێک لەبارەی ڕۆژانی ئەوین و

ئەو ڕوداوانەی ڕوویاندا.

ئەرێ هاوڕێیان لەکوێن؟ ( بیلارمین) لەگەڵ

یاوەرەکانی؟

هەندێکیان شەرم دەیانگرێت بچن بۆ کانیاوەکان؛

چونکە دەوڵەمەندی لە دەریاوە دەست پێدەکات.

ئەوان، وەکو نیگارکێشێک، جوانی زەمین دەخەنە پاڵ یەکتری و،

جەنگە باڵدارەکان ڕەت ناکەنەوە،

هەروەها چەندەها ساڵ

بەتەنیایی ژیان کردن، لەنێو دارە ڕووتەنە بێگەڵاکاندا،

لە ڕۆژە جەژنەکانی شاردا،

نە شەوانی دەبریسکێتەوە و،

نە تارژەنینێک و نە سەمایەکی هاونیشتمانیانیش دەبیسترێت.

نەها ئیتر پیاوەکان بەرەو هندستان ڕۆشتن

لەوێ لەسەر دوندە تژی لە هەواکان

بەڕەزی قەدپاڵەکانەوە،

کە ( دۆردۆگنە) بەرەو دامێن دێت و،

پێکەوە لەگەڵ (گارۆنە) ی شکۆمەند

بە پانایی دەریا، ڕووبارەکە دێتەدەر.

بەڵام هێندە هەیە؛

دەریاکە یادەوەری دەبات و یادەوەریش دەدات،

ئەوینیش بە جۆشێکەوە لەنێو چاواندا گیر دەبێت،

بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە، شاعیران دروستی دەکەن.

 

٤

وەک ئەوەی لە ڕۆژی پشوودا بێت

هوێلدەرلین 1800

وەک ئەوەی بڵێیت لە ڕۆژی پشوودا بێت، کێڵگەکە دەبینیت، جووتیارێکیش سەرلەبەیانی دەڕوات بۆی، کە لە شەوێکی گەرمەوە بروسکە فێنککەرەوەکان داباری بوون،

تەواوی کاتەکەش هێشتا لە دوورەوە زرمەی هەورە گرمە دێ،

ڕووبارەکەش دەگەڕێتەوە کەنارەکەی خۆی،

زەویش تازە بەتازە سەوز دەبێت،

لە ئاسمانیشەوە بارانی شادیهێن نمە دەبارێنێت بەسەر

دارمێوەکاندا و، لەبەر خۆرێکی ئارامدا

درەختەکانی بێشەڵانەکە پرشنگدارانە ڕاوەستاون:

 

ئاوەها ئەوان لەکەشێکی سازگار دا ڕاوەستاون.

ئەوان بەتەنیان، هیچ مامۆستایەکیان نییە.

ئەوانەی بەشێوەیەکی جوانی زۆر هاوچەرخانە لەناو ئامێزێکی نەرمدا،

سروشتی بەهێز و جوانی خواوەندانە پەروەردە دەکەن.

لەبەرئەوەیە لەماوەی ساڵەکەدا لە ئاسماندا،

یاخود لە نێو ڕووەکەکان دا، وەیان لەنێو گەلاندا، بەنووستوویی دەردەکەوێت.

ئیتر ئاوا ڕووی شاعیرانیش غەمگینانە دەبێت،

وەهاش دەردەکەون وەک ئەوەی تەنیا بن.

کەچی ئەوان بەردەوام هەست دەکەن و پێشبینی دەکەن.

لەبەرئەوەی ئەویش بەهەستپێکردن خۆی ئارام دەکاتەوە.

ئێستاش ئیتر وا ڕۆژ بۆتەوە! من بە بێزوویەکەوە چاوەڕوانیم کرد تاوەکو هات.

 

بەڵام من چیم دی. دەبا ئیتر پیرۆزی ببێتە وتەی من.

چونکە ئەو، خودی ئەو، دێرینترە لە هەموو سەردەمەکان و

لەسەرووی خوداکانی خۆرهەڵات و خۆرئاواشەوەیە.

وا ئێستا سروشت بە شریخەی تفەنگەکان بێدار بۆتەوە.

لە بەرزایی ئاسمانەوە تاوەکو نزمایی خەرەند

بەپێی ڕێسایەکی جێگیر، وەکو ئەوسا، لە ئاشوبێکی پیرۆزەوە چێ بووە.

ئاوەها ئەو سروشتە هەموو شتێکی ئەفراندووە

سەرلەنوێ هەست بە جۆشێک لە ناوخۆیدا دەکاتەوە.

وەک چۆن ئاگر لەچاوی پیاوێکدا دەبریسکێتەوە،

ئەگەر ئەو بەرزییەکی داڕشتبێت،

ئاوەها سەرلەنوێ بە ئاماژەکان و بە کردەوەکانی دنیا، ئێستا ئاگر لە دەروونی شاعیران دا هەڵگیرساوە.

ئەوەشی ئەوسا ڕوویدا، تائێستا کەم هەستی پێ کرابوو، وائیتر ئێستا بووەتە شتێکی ئاشکرا،

ئەوانەشی بە خەندەوە کێڵگەکەیان بۆ دروست کردین،

ئەوان لە بەژنی کۆیلە دا دەناسرێنەوە.

ئەوانە زۆرزیندووەکانن، ئەوانە هێزەکانی خوداکانن.

 

تۆ دەپرسیت ئاخۆ ئەو کێ بێت؟ ئەو لە سترانێکدا ڕۆحی ژان دەگرێت،

کاتێک خۆر لەڕۆژدا سەر هەڵدەدات، لەگەڵ گەرمای زەوی، دۆخگۆڕینی کەشەکە لە هەوادا، شتەکانی تریش، ئەوانەی زۆر پێشتر ئامادەکراون لە قووڵایی زەمەندا، و پڕ مانادارترینیانە دەرەکەوێت بۆمان.

خۆگۆڕینی ئەو لەنێوان ئاسمان و زەوی و لەنێوان گەلاندا،

ئەوانە بریتین لە بیرۆکەکانی ڕۆحی هاوبەش.

خامۆشانەش لەناو دەروونی شاعیردا کۆتایی دێت، ئەو ناکۆتاییەی زۆر دەمێکە ناسراوە، چونکە شاعیران خێرا تووش دەبن،

بە بیرهێنانەوەیەک دەهەژێن و، بە هەتاوە پیرۆزەکە دادەگیرسێن.

میوە لە ئەوینەوە لەدایک دەبێت، ئەوە کاری خوداکان ومرۆڤە،

بۆیە گۆرانی سەرکەوتنی گەواهییەکە بۆ هەردووکیان.

چونکە، وەک شاعیران دەڵێن، ئەوان حەزدەکەن بەئاشکرایی خودا دەبینن،

ئاوەها، بروسکەی خودا داوێتی بەسەر ماڵی «سێمیلیس»دا و، میوەی زریانەکە، باخۆسی پیرۆز، کە لەدایکبووی کاریگەرییە خوداییەکەیە، لەدایک بوو.

 

لەبەرئەوە بێ هیچ مەترسییەک

ڕۆڵەکانی لەسەر زەوی ئاگری ئاسمانی نۆش دەکەن.

بەڵام، ئەی شاعیران، ئێمە دەبێت لەژێر بروسکە خواییەکاندا بەسەری ڕووتەوە بوەستین و

بەدەستەکانی خۆمان، تیشکەکانی باوک، بگرە خودی باوک خۆی، بگرین و

لەشێوەی سترانێکی پێچراوەدا

ئەم دیارییە ئاسمانییە بگەیەنین بە گەل.

ئەمەش چونکە، ئێمە دڵمان پاکە و

وەکو مناڵان دەستەکانمان بێگەرد و بێگوناهن. تیشکە بێگەردەکەی باوک نامانچزێنێت،

ناخڕاچڵەکان و

هاوخەمبوونیش لەگەڵ ئازاری بەهێزەکاندا

سەرباری ئەو زریانە خوداییانەی دەبارێن و کاتێک نزیک دەبنەوە، هێشتا دڵ توند خۆی ڕادەگرێت.

بەڵام وای لە من، وای لەمن!

با ئێستا ئەوە بڵێم

من لە بینینی ئاسمانییەکان نزیک بوومەتەوە،

ئەوە خۆیەتی، ئەوەیە کە قووڵ فڕێم دەداتە نێو زیندووەکانەوە ، نێو قەشە ساختەکانەوە، نێو تاریکییەوە،

تا من گۆرانییە ئاگادارکەرەوەکە بۆ ئەوانە بڵێم کە ئارەزووی ناسینی دەکەن،

لەوێ….

 

٥

هاندان

ئەی دەنگدانەوەی ئاسمان! ئەی دڵی پیرۆز! بۆچی، تۆ بۆچی

لەنێو زیندووەکاندا بێدەنگ دەبیت، ئەی ئازاد، ئایا تۆ خەوتوویت!

ئایا، لەلایەن ئەوانەی بۆ هەمیشە بێخودان، تۆ بەرەو شەو وەدەرنراویت؟

دە بێدار بەرەوە، هەروەکو جاران، بۆ هەمیشە ڕووناکایی ئاسمان؟

ئەی دایە دێرینەکەش، دایە زەوی، ناگەشێتەوە؟

ئەی ڕۆحیش لێرە ولەوێ مەشق ناکات، ئەی ئەوین هێشتا وەکو جاران بۆ ماف و ڕاستی ناخەنێتەوە؟

تەنیا تۆ چیتر وا نەماویت! بەڵام ئاسماناوییەکان ئاگادارمان دەکەنەوە و، بە خامۆشییەکی دروستکەرانەوە، هەناسەی سروشت بە ڕۆحێکی پڕەوە، کە هەموو شتێک ڕۆشن دەکاتەوە، وەکو بۆ دەشتێکی ڕووتاوە بێت، ئاوا بۆت هەڵدەکات.

ئۆی هیوا! دواتر، بەم نزیکانە چیتر بێشەڵانەکان بەتەنیا سروودی ستایشکردنی ژیان ناچڕن،

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، لە زاری مرۆڤەوە دەروونە جوانەکە

سەرلەنوێ خۆی ڕابگەیەنێت.

ئەوساکە ڕەگەزەکە خۆشتر، پێکەوە لەگەڵ مرۆڤدا، خۆی پێکدەهێنێت.

ئەوساکە بەتەواوەتی، لە سوپاسێکی بێگەردانەی منداڵانەدا، سینەی زەوی، ئەوەی ناکۆتادارە، خۆی واڵا دەکاتەوە و، دووبارە ڕۆژەکانیشمان، وەکو گوڵ، لەو جێگەیەدا دەبن کە خۆری ئاسمان بە نۆرەگۆڕینێکی هێمنانەوە خۆی دابەش دەکات و، دووبارەش ڕوناکییەکە، شادانە لەنێو شادەکاندا خۆی دەبینێتەوە، و

ئەوێک کە بێ هیچ زمانێک بەڕێوە دەبات و، نەناسراو ونادیارەکان بۆ داهاتوو دەسازێنێت،

ئەوە خودایە، ئەوە گیانە لەناو وشەی مرۆڤدا،

کە لەڕۆژێکی جوانی ساڵانی داهاتوودا،

هەروەکو ئەوسا، خۆی ڕادەگەیەنێتەوە.

بڵاوکردنەوە: