تێگەی دەسەڵات و “دێوەزمەی دەسەڵات” لە تێڕوانینی مێژووناسی ئەڵمان “گێرهارد ڕیتەر”دا

737
0
بڵاوکردنەوە:

مەحمود چاوەش

کاتێک باس لە تێگەی دەسەڵات دەکەین، گەلێک پڕۆسە و ڕووداوی مێژوو لەبەر دەمماندا زیندوو دەبنەوە، ئاخر بوونی دەسەڵات دووجمکەییە، کە تەواو دژەجەمسەر و ناکۆکی لەخۆگرن، ئەم دوو جمکە لە هەموو سەردەمەکانی مێژودا بەرانبەریەک وەستاونەتەوە، دووانەیەکی پەڕەدۆکس، کە تاکو ئەم ڕۆژگارەش لە ئاستی سیاسەتی جیهاندا سەقامگیرە. لێحاڵیبوونی ئەم تێگەیەش بەستراوە بەو ناکۆکیە دووفاقیلەخۆگرەوە کە لە هەناویدا جێگیرە. دەسەڵات تواناکانی گرووپێکە، کە دەتوانن کاریگەری لەسەر هزر و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگەیەک بنوێنن، ئەوە بە چەشنێک کە ئیدی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕوانگە و داخوازییەکانی خۆیان بە داخوازییەکانی ئەوان (دەسەڵاتداران)  بگونجێنن. کاتێک باس لە واژەی دەسەڵات دەکرێت، هەمیشە بیرو ئەندێشەمان بەلای پێکهاتەی دەوڵەت، مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات لەلایەن گروپێک یان دەوڵەتێک، وێرانکاری، کوشتار و جەنگەکان، تٶڵەسەندنەوە، بەکارهێنانی زەبورزەنگ، بەزاندن و گەلێک پێکهاتەی تردا ڕادەکێشرێت. واژەی دەسەڵات پڕ کێشەو دژجەمسەرە، دووفاقییە و هەندێجار چەندڕوویەکی لە خۆگرتووە. گێرهارد ڕیتەر بەشێکی ئەم دووفاقییەتیەی دەسەڵات بە “دێوەزمەی دەسەڵات” ناوزەد دەکات. دێوەزمەیەتیەکەی لەوەدا نیە، کە تەواوی لایەنە باشەکانی دەسەڵات بە نێگەتیڤ بنرخێندرێت، بەڵکو گرفتی ئەم  دووفاقێتییە لەوەدایە کە فرەمانا، نادیار و تەواو ترسێنەرە. ئەم خەسڵەتانە هەمویان لە ناوەڕۆکی دەسەڵاتدا بوونیادیان هەیە. دەسەڵات بەواتای مەفتونی و خولیای خواستێک، کە گەر نەبێت، ئەوسا ناکرێت هێزێکی گەورە ڕێکبخرێت یان ئەنجام بدرێت، هەمانکات ترسناکئامێز و هێزگەلێکی وێرانکار (کاولکار) لەخۆدەگرێت.2

گێرهارد ڕیتەر ئەم دووفاقێتییە بەم شێوەیە باس دەکات. دەسەڵاتداران لە پێکهاتەکانی بوونی دەوڵەتدا بەرانبەر دوو ستوون دەوەستنەوە، کە تەواو دژەجەمسەرن، لەکاتێکدا جەمسەرێکیان  دەخوازێت دەسەڵاتەکەی ماف لەخۆگر، دادپەروەر، دابینکەری یاسا و ئاسایش، بەردەوامی لە نیزامدا سەقامگیربکات، جەمسەرەکەی تریان پێویستی بە وزەی جەنگاوەرانە هەیە، بە توندوتیژی، ئەوجا گەر سەرکەوتوانە دەسەڵاتەکەی بەئەنجامبگەیەنێت، پێویستی بە پەلهاویشتن و برووزەسەندن هەیە. ئەم دووجەمسەرە بە دوو ستوونی لێکدانەبڕاو دەنرخێندرێت. ڕیتەر ئەم خەسڵەتە بە دێوەزمەی دەسەڵات دادەنێت، چونکە لە مناڵدانی دەسەڵاتدا دوو کۆرپە هەن، بە دوو مۆرکی لێکترجیا و بەرانبەریەک. ڕیتەر ئەم خەسڵەتە درنجئاسایەی دەسەڵات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە مەرجی ئەوە دەستنیشان ناکات، کە دەسەڵات هەر بە مانای بەدخواز/شەڕخواز بێت، یان درنجێکی ناو تاریکستان بێت و بەرانبەر ڕۆشنایی وەستابێتەوە، بەڵکو دووفاقە و فرەمانالەخۆگرە، نادیار و ئەوپەڕی ترسناکە، کە مەرج نیە ڕوو لە دامەزراوەیەکی دەسەڵاتدارێتی بکات. درنج بەو مانایە دێت، کە ئەو هزر و خولیای مرۆڤەکان دەتەنێتەوە، رەنگە هاوکات هێزێکی ترسناک و وێرانکەر لەخۆبگرێت.3

بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە بەندبووە بە وێرانکاری و شێواندنی مۆڕاڵی مرۆڤایەتییەوە، ئاخر زۆر جار ئارەزوو بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتی سیاسی هەر بە خۆبەخشانە و لە پێناوی ئایدیای مرۆڤدا نەبووە، گەر دەسەڵاتێک سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت، زۆرترین پێداویستی بە خۆویستییەوە هەبووە و پێکەوەگرێدراو بوون. لە تیۆریەکەی ڕیتەردا ئەمە بە دێوەزمەی دەسەڵات پێناسە دەکرێت.

ڕیتەر باس لە ماکیاڤیلی4 و تیۆری ماکیاڤیلیزم دەکات و بە نموونەی ستوونی شەڕانخوازانی دادەنێت. هاوکات ڕیتەر دەڵێت ماکیاڤیلی هەر زۆر پێشوەخت دەرکی بە دێوەزمەی دەسەڵات کردووە و دۆزینەوەی نوێی بەرامبەر تیۆریەکانی سەدەی ناوەڕاست دەربارەی دەسەڵات خوڵقاندووە، ئاخر تاکو سەردەمی ئەنتیکەش دەرک بەو دووفاقییەی دەسەڵاتی نەکرابوو. تەنانەت یۆنانی کۆنیش دەسەڵاتیان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ نەدەنرخاند. (ڕەنگە تیۆریە هومانیستەکانی “پلاتۆن” دەربارەی دەسەڵات و دەوڵەت جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ تیۆریەکانی یۆنانی کۆندا هەبێت، کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەردەچێت).

لە ڕاستیدا دووستونێتی، کە پێکهاتەی دووفاقیێتیی دەسەڵاتە، ترسناکێتی لە ناوەڕۆکی ئەم واژەیەدا پێکدەهێنێت و ئەم تێگەیەش بەرەو کۆمپلێکسێکی (گرێیەکی) مێژووییمان دەبات. دەوڵەت، کە خاوەنی دەسەڵاتە، دەبێت لە ستونێکەوە پارێزەری یاسا و مافی تاکەکانی کۆمەڵگە دابینبکات، وەک مافی دینداری، پارێزەری سوونەتگەرایی کەلتور، دابینکردنی ئابووری و بژێوی و هاوئاهەنگی هاووڵاتیانی بێت، بەڵام ستوونی دووەمی دەسەڵات، کە ڕیتەر بە دێوەزمەی دەسەڵاتی ناوزەد دەکات، مەهیشە ماسکی نێوچاوانی تووڕداوە و لە بری ئەقڵانیەت/ئاوەزمەندی شەڕانگیز و بەزەبروزەنگ بووە و بە ئاڕاستەی شەڕخوازیدا پەلی هاویشتووە. دەوڵەت گەر لە ناوەڕۆکدا پارێزەری بەها کۆمەڵایەتی و سوونەتگەرایی و یاسا و ماف بێت، دەبێت لە پەروەردەی هاووڵاتیاندا مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری بۆ  تاکەکانی کۆمەڵگەکەی دابینبکات. کاتێک ڕیتەر باس لە دێوەزمەی دەسەڵات دەکات، بەتایبەتی ڕەخنە لە دەڤەری ئەوروپا و ئەوروپییەکان دەگرێت، بە بەرزترین ئاستی خۆپەرستی و کیشوەرپەرستی دەیانچوێنێت. “مرۆڤایەتی ئەوروپا لە هەموو سات و سەردەمەکاندا خولیا و مەفتونی دەسەڵات بووە، کە ئەویش بەشێک بووە لەو هۆشدارییە ترسنهێنەرلەخۆگر و دووفاقەئاساو چەتوونیەی دەسەڵات “5

ڕیتەر لەو باوەڕەدایە، کە ئەوەی دەوڵەت لە بارودۆخی ئاساییدا دەیکات، توندوتیژی نیە، بەڵکو مرۆڤ خۆی وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی خۆشهاوەڵی (ئاسانکاری) بۆ ئەو پەروەردەیە دەکات، بۆ ئەوەی مەبەستەکانی بەشێوەیەکی کۆلێکتیڤ بەئەنجام بگەیەنێت. ڕیتەر وێڵی چارەسەرێکە بۆ ئەو ”دێوەزمە سیاسییە” کە لە تەواوی هۆشداری مرۆڤی ئەوروپیدا کنەی کردووە. ئەو دەڵێت: ئێمە پێویستیمان بە تیۆرییەکی دەسەڵاتە، کە لە بەرانبەرییەکی ناکۆکدا بە ڕووی بنەڕەتە سەرەکییەکانی هزری میکاڤیلیزم، ئێڕاسیزم (ئێڕاسمی نۆترەدام، هومانستی سەدەکانی ڕێنیسانس)، کیشوەرگەری و دوورگەگەریدا بوەستێتەوە و لێیان تێپەڕبکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت هەردوو ستونەکەی دەسەڵات (یان دەسەڵاتی سیاسی) بەشێوەیەکی تەریب و هاوماف هاوسەنگ (بالانس) بدەین، واتە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە درێژەپێدانی سیستەمێکی نیزاملەخۆگر و مافپارێزراو، هاوکات پێداویستەکانی دەوڵەت لە گەشەی خۆیدا بۆ هێنانەدی “وزەی جەنگاوەرانەی لە دیسپلینکردنی هێزەکاندا” پەرەپێبدات و لەبەرچاوبگیرێت، ئاخر بەبێ بوونی ئەم فاکتەرانە دەوڵەت ناتوانێت خۆی لە بوارەکانی دەستڕۆیی (ئاوتۆریتی) فەرمیدا بسەلمێنێت. ڕیتەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە مرۆڤایەتی نابێت بڕیار بۆ ستونێکی ئەم دووفاقەیە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بدات، بەڵکو لەو ڕوانگەی چاودێرییە مێژووییەوە تێبڕوانین، کە دەسەڵات تەنیا بە هاڕمۆنی و دادپەروەرانە جێگیر (سەقامگیر) ناکرێت، چونکە هاوتا تەنگژەی نیزامی/سیستەمی جیهانێک لەئارادایە، کە ئیدی دێوەزمەی دەسەڵات پرنسیپەکانی مۆڕاڵ و هاوکات لاوازکردنی سووننەتگەرایی چاکخوازی پێشێل دەکات و مرۆڤایەتی دەهاوێتە تەنگژەیەکی ترەوە. هونەری بەڕێوەبردنی دەسەڵات ئەم هاوسەنگییەیە، کە ڕیتەر وەک مێژووناسێکی هۆشدار بە زەنگێکی بەرز ئاڕاستەی گەلانی ئەوروپا و جیهانی دەکات. ئەو زۆر بە سەلیقەت (بەووردی) لە کاولکاریەکانی جەنگە جیهانیەکانی ڕوانیوە، ڕەخنەگر و دژبەری سەرسەختی ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی وەک ڕژێمی هیتلەر بووە. ئەو هۆشداری دەداتە فەرمانبەرانی دەسەڵاتی جیهان لەمەر ئەم کێشەیە.

ڕیتەر لە شیکاری ستوونی یەکەمدا (دادپەروەری لە دەسەڵات و سیستەمدا Ordnung) ناوی هەندێک لە هومانیستەکانی سەردەمی ڕێنیسانس لە ئەوروپادا دەهێنێت وەک (تۆماس مۆڕۆس) 6. ئایدیای مۆڕۆس لە دوورگەیەکی بەختەوەر و پڕئاشتیانەدا بەناوی ئۆتۆپیا دەنیشێتەوە. لەم ستونەدا ڕیتەر باس لە سەرچاوەیەکی مێژوویی دی دەکات، واتا ئێڕاسمۆس (ئێڕاسمۆسی نۆترادام)، کە یەکێکە لە هومانیستەکانی تری سەردەمی ڕێنیسانس. ئەم دوو کەسایەتیە مێژووییە بۆ سەردەمەکەیان ئارامتر، هومانتر و مرۆڤدۆستانەتر لە فاکتەرەکانی دەسەڵاتیان ڕوانیوە. لە ستوونی دووەمدا تاوانبارانی جەنگەکانی جیهانی وەک ڕژێمەکەی هیتلەر وەك دێوەزمەیەکی دەسەڵات بە نموونە دێنێتەوە. ئەمەش ڕیتەر بەرەو بیر لە چارەسەرێک بۆ ئەم دووفاقێتییەی دەسەڵات ڕادەکێشێت، کە بە ئەرکێکی مێژوویی، فەلسەفی و هاوکات بە ئەرکی زانستی پێکهاتەی دەوڵەت/دەوڵەتناسیی (Staatswissenschaft) دەزانێت، کە هەوڵی سەقامگیرکردنی سیستەمێکی سیاسی لە ناوەڕۆکدا بە هاوڵاتیان گونجاو، ئەخلاقمەند بسەلمێنێت. دەسەڵاتێکی دەوڵەتی ناتوانێت بروز/شکۆفە بە دەسەڵاتەکەی بدات و  لەسەریشی بەردەوامبێت، گەر باوەڕی مرۆڤایەتی بەلای مافی هەبوونی خۆی نەهێنێ، ئاخر دەسەڵات ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕووکەشی بەردەوام متمانەی هاوڵاتیانی بەدەستبهێنێت. ئەوەی چەند کەسانێک لە مێژووناسان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن دەتوانن کاری تێدابکەن ئەوەیە، کە هەوڵێکی سانا بدەن بۆ تێدا قووڵبوونەوە و بەردەوامیدان و بەرەو کۆتاییبردنی هزرین لە ترادیسیۆنی مێژوویی، ئەمانەش دەبنە سەرچاوەیەک بۆ لێکچواندنی تیۆرییە سیاسییەکان بە ڕیالیتیی. ڕیتەر مێژووناسان ڕووبەڕووی ویژدانی خۆیان بەرانبەر مێژوو دەکاتەوە. ئەو مێژووی بەرانبەری و ناکۆکیەکانی بە نەخۆشێک دەچوێنێت، کە چارەسەرکردنی بە دیدی ئەو پڕۆسەیەکی مێژوویی و هاوکات ئەرکی مێژوونووسانە. ئاخر گرفتەکانی دەسەڵات لە کۆتاییدا چەواشەدارە و پشتگیری ئەو ئامانجانە ناکات 7.

ئەو پێیوایە، کە هیچ پێکهاتەیەکی سیاسی ناتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت، گەر بەها مرۆڤی و سوونەتگەراییەکان بەلاوە نەنێت 8. ئەو کەسەی ئەوداڵی ئاشتی، یاسا و داخوازی سیستەمێکی نیزامیە، گەرەکە لە پێش هەموو چشتێکدا پێکدادان و کێشەکانی ئەم سەر زەوییە بەلاوەبنێت. ئەو کەسەی بە زەبری چەک بۆ دەسەڵات بەرەنگار دەبێتەوە، بێباک و کاولکار و لەناوبەرە 9. هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕیتەر پێیوایە، کە دەسەڵاتێکی نیزامی مافپەروەر ناتوانێت پنتێکی هاوبەش (کۆلێکتیڤ) لەنێوان مرۆڤەکاندا سەقامگیر بکات، گەر شەڕخوازی و هێرشکاری بەلاوە نەنێت و مۆڕاڵێتیی هاووڵاتیبوون سەرپشک نەکات. هەر ئەمەشە ئاراملێبڕ و هەژێندەرە، هاوکات فریودەر و جەوهەری پڕئاڵۆزی و نهێنیلەخۆگرەکانی سیاسەتمان بۆ ڕووندەکاتەوە، لێ ئەو دەسەڵاتەی لە سیاسەتدا جێگیرە، دوو-واتا لەخۆگر و ناڕاستەوخۆیە. لەم ڕوانگەیەوە ناکرێت مەرجەکانی سەقامگیرکردنی سیاسەت بە ستوونە جەنگاوەرییەکەی دەسەڵاتەوە ببەستین، بەڵکو ئەرکی دەوڵەتە، وەک پێکهاتەیەکی دەسەڵاتدار، داخوازیی و دەربڕینە بنچینەیی و بونییەکانی هاووڵاتیانی بهێنێتەدی، زۆرترین توانا و خۆئامادەبوون دەرببڕێت. بەلای ڕیتەرەوە زۆر گرنگە هاوسەنگی ئەو دوو ستونە بپارێزرێت، دەسەڵات هەبوون و خواستی خۆی بەرانبەر پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تر دەرببڕێت و بوونی خۆی بسەلمێنێت. تاکو هەردوو ستوونی دەسەڵات هاوسەنگتر بێت، کەمتر پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی جەنگاوەرانە دەبێت، دەتوانرێت ئەمە بە “هاوسەنگی لەسەر دووستوونی دەسەڵات” ناوزەدبکەین. ئەرکەکانی دەوڵەتە، کە لە هۆشیاری خۆیدا کلتورێکی مرۆڤدۆستانە دابینبکات، زەبر نەبێتە مێتۆدێک بۆ سیستەمی-بەکارهێنان لە دەسەڵاتدا، پێچەوانەی ئەمەش ڕیتەر ناوی دەنێت “زەبرێک، کە ڕێکخراوی پڕئاسایشی کۆمەڵایەتی مسۆگەربکات”10. ئەم پڕاکتیکە هەر لە ناوەخنی فەلسەفەی دەوڵەت لە ئەنتیکەی کۆندا لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵکو بەشێکە لە ڕەگەما (Erbgut) هۆشدارییەکانی مرۆڤایەتی. تەنانەت پلاتۆنیش خوازیاری دەوڵەتێکی بەرگریلەخۆگر بووە، بە مەرجی ئەوەی دەسەڵاتدارانی لە فەیلەسوفەکان پێکهاتبێت.

کتێبی “دێوەزمەی دەسەڵات” لە ساڵی 1940دا لەلایەن گێرهارد ڕیتەرەوە بەناوی “دەوڵەتی دەسەڵات و ئوتۆپیا”وە (Machtstaat und Utopie)  وەک پێشنووسێک و لە پاشاندا بەم ناوەی ئێستایەوە لە ساڵی 1947 دا جارێکیتر لەچاپدراوەتەوە. ئوتۆپی لێرەدا وەکو خواستێکی وێنەئاسا بۆ پاشەڕۆژێک، کە هاوکات پڕفەنتازیا و فۆڕمێکە لە ژیانی بەختەوەری. ئەم بەرهەمە ڕەخنەیەکی پێشبینا و ئاڵۆز بووە لە هزری تیۆری دەوڵەتی ڕژێمی ناسیۆنال-سۆسیالستی هێتلەر. ڕیتەر تیۆری دامەزراوەی دەوڵەت لە نێوان ماکیاڤیلی و تۆماس مۆرۆسدا دەنێتە سەر هاوکێشەی مێژوو، دوو تیۆری و دوو سیستەمی بیرکردنەوە، کە وەک دوو پەڕەدۆکسی مێژوویی بەرانبەر یەکتر وەستاونەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕیتەر تیۆریەکەی خۆی دادەڕژێتەوە و لە فۆڕمێکی زانستی مێژووییدا پەیوەندیەکانی نێوان دەسەڵات و مۆڕاڵ دەستنیشاندەکات، بە ئاڕاستەی ئەو ستوونە شەڕخوازانەی دەسەڵات، کە ئەو ناویان دەنێت ستوونەکانی ماکیاڤیلی و کیشوەری و دوورگەگەرایی.

گەر بە ووردی سەرنجێکی تیۆرییەکانی ڕیتەر دەربارەی دەسەڵات بدەین، باشتر لەوە تێدەگەین، کە دەسەڵاتە سیاسیەکانی جیهانی ئەمڕۆش پتر خولیای ستونی یەکەمی دەسەڵاتیان هەیە و بەردەوام ڕێچکەی تیۆرییەکانی ماکاڤیلیزم و بێمۆرالێتی (نامۆرالێتی) لە دەسەڵاتی سیاسیدا گرتۆتەبەر. لە کوردستانی ئێمەشدا شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆش بێبەر نین لەم بێمۆڕالێتییە لە دەسەڵاتدا، واتە ستونێکی شەڕخواز، داڕووتاو لە ماف و پڕ لە بێدادی کۆمەڵایەتی، داڕووتانی ئابووری، هەژاری و بێدەرامەتی. ستونێک دێوەزمەتر لە درنجەکانی مێژوو. ڕیتەر گەلێک پێشتر لەو ڕاستییە گەیشتبوو، کە مەخابن ستوونی یەکەمی دەسەڵات هەمیشە باڵادەست و خولیاکانی مرۆڤ لە هێنانەدی دەسەڵاتدا هەموو سنورەکانی مۆڕاڵ و مرۆڤدۆستانەیان تێپەڕاندووە. دیارە جیناتی مرۆڤ هەمیشە ئەو خولیایەی لە هزرو مێمۆری/یادەوەرەکانی خانەی مێشکیدا پاراستووە.

  1. گێرهارد گیۆرگ ڕیتەر لە 06.04.1888 دا لە زۆدن لە ئەڵمانیا لەدایک بووە، لە 01.07.1967 دا لە فڕایبۆرگ کۆچیدوایی کردووە. لەکێکە لە مێژوونووس و مێژووناسە ڕەخنەگرەکانی ئەڵمانیا. لە ساڵی 1925 بۆ 1956 مامۆستای زانکۆ بووە لە زانکۆی ئەلبێرت لودڤیک لە شاری فڕایبۆرگ. کاریگەریەکی گەلەک زۆری هەبووە لەسەر زانستەکانی مێژووی ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی (مەبەست هەردوو جەنگی جیهانیە). لە جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک ئەفسەرێک کاری کردووە و بەسەختی بریندارکراوە. لەپاش بوونی بەمامۆستای زانکۆ لە 12.10.1948 دا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی مێژوونووسانی ئەڵمانیا.
  2. Gerhard Ritter: Die Dämonie der Macht. Beitrag über Geschichte und Wesen des Machtproblems im politischen Denken, Heinrich F.C. Hansmann Verlag Stuttgart, 1947, S.19
  3. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 20، گێرهارد ڕیتەر، دێوەزمەی دەسەڵات: تێڕوانین بە مێژوو و چیییەتی گرفتەکانی دەسەڵات لە هزری سیاسی سەردەمی نوێدا.
  4. نیکۆل دی بێرناردۆ دای ماکیاڤیلی لە 03.05.1469 دا لە فلۆرێنس/ئیتاڵیا لەدایکبووە و لە 21.06.1527 دا هەر لەوێ کۆچی دووایی کردووە. فەیلەسوف و سیاسی و دیپلۆمات و نووسەر و شاعیر بوو. ناوبانگی ماکیاڤیلی بە نووسینی کتێبی “میر” بووە، کە یەکێکە لە بایەخدارترین و گرنگترین کتێبی فەلسەفەی دەوڵەت لە سەردەمی نوێدا. تێگەی ماکیاڤیلیزم زۆرجار بەکاردەهێنرێت لەبری هەڵسوکەوتێکی ناپەسەند، ئاخر تێزەکانی ئەو لەمەر دەسەڵات و دەوڵەت دابڕاون لە مۆڕاڵ و سوونەتگەرایی، لێ ئەو دەسەڵات و ئاسودەیی دەسەڵاتداران بە دوامەبەست دەنرخێنێت. لای ماکیاڤیلی سیاسەت و مۆڕاڵ لەیەکتر جیادەبنەوە و نابێ پێکیانەوە ببەستین. هەر لەبەر ئەوەشە ناوی ماکیاڤیلی گەلێجار پەیوەند کراوە بە دەسەڵاتی سیاسی بێدەربەست، کە هەموو جۆرە مێتۆدێک/ڕێگایەک بۆ ڕووتاندنەوە و چەوساندنەوە بەکاردێنێت. ئەو هەر پێشوەخت لە کرۆکی دەسەڵاتی سیاسی تێگەیشتبوو، کە ململانێیەکە لە نێوان بەرژەوەندی (ئینترێسە) و چینە کۆمەڵایەتیەکاندا. بە بڕوای فۆکە ڕانهارد ماکیاڤیلی یەکەم کەس بووە، کە بنچینە سەرەکیەکانی دەوڵەت و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی دەرککردووە. بۆ خۆسەلماندن و خاوەندەسەڵاتداری، کە تێیدا بنچینە سەرەکییەکانی دەوڵەت دێتە ئەنجام، دەکرێت مۆڕاڵە سووننەتگەرییەکان پشتگوێ بخرێت، واتە دەوڵەت یان سیاسەت لە مۆڕاڵ جیابکرێتەوە، گەرنا دەوڵەت سەرەونگووم دەبێت. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 197.
  5. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 197.
  6. تۆماس مۆڕۆس لە 07.02.1478 دا لە شاری لەندەن لەدایکبووە و هەر لەوێ لە 06.07.1535 سزای لەسێدارەدانی دراوە، کە ئەو کاتە تەمەنی 57 ساڵ بووە. لە سەردەمی حوکمڕانی هاینریشی هەشتدا فەرمانبەری دەوڵەت بووە و نووسەری هومانیستی سەردەمی ڕێنیسانس بووە. لە کەنیسەدا بە کەسێکی نوورانی و موقەدەس ناوزەدکراوە. سەرنج و تێبینیەکانی دژی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە توشی گەلەک گیروگرفتی کردووە. لە ساڵی 1516 دا کتێبی “یۆتۆپی” نووسیوە. بەهۆی ناکۆکیەکانی لەگەڵ فەرمانڕەوایی هانریشی هەشتدا، دادگای ئەو کاتە سزای لەسێدارەدانی ئەوی داوە.
  7. گێرهارد ڕیتەر، دێوەزمەی دەسەڵات: تێڕوانینێک لەمەڕ مێژوو و چییەتیی گرفتەکانی دەسەڵات لە هزری سیاسی سەردەمی نوێدا، لاپەڕە 198.
  8. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 19.
  9. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 198 بەدوواوە.
  10. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 201.
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: