هەموو مێژووی خۆمم لەبەرە

1434
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار محەمەد

باران دەبارێت،

لێیدەگڕێم با هێندەی تر شوناسم بشواتەوە.

لەم زەمەنە بۆگەنەدا،

کە تیایدا مرۆڤ لە دەست شەکەتی ڕۆژ ڕادەکات…

من دڵڕەقانە ڕووبەڕووی ئازار دەبمەوە.

ئێوە خەریکن لام ناشرینتر دەبن،

خەریکم نەفرەت لە هەمووتان دەکەم،

هەرچەند من خۆم نەفرەت لێکراوێکم…

بێبەش لە هەموو ئەو وەهمانەی ئێوەم،

بەڵام منیش بەڕێگای خۆم نەفرەتتان لێدەکەم.

من ئیتر بیرکردنەوە خەریکە چارەنووسیشم دەخاتە مەترسییەوە،

قەت هێند خۆم بە بێباکی نەدیوە.

هەموو مێژووی خۆمم لەبەرە،

ئەو ساتەی لەدایك بووم،

ئەو ساتەی منداڵێك بووم و بە کۆڵانەکاندا هاوارم دەکرد و

جاڕی ژیانم دەدا،

ئەو ساتەی بۆ یەکەمین جار کچێكم خۆشویست،

جاران وا نەبووم…

هێندە بێباك نەبووم!

ئەو ساتەشم بیرە بۆ یەکەم جار هەستم بە نێرینەیی خۆم کرد.

من بیرەوەریم باشە،

بەڵام لێرە، لەم جیهانە قەرەباڵغەدا،

کە بێدەنگ بوویت، وا تێدەگەن لە هیچ تێناگەی.

من کە هاتووم پێتان بڵێم ژیان ئەوە نەبوو کە بیرمان لێدەکردەوە،

مانای ئەوە ناگەیەنێت ئیتر نامەوێ بژیم،

من ئەوەم لە سیزیفەوە بۆماوەتەوە…

هەرچەند ئەویش لەوانەیە بەم دواییە بێزار بووبێت!

بەم دواییە هەموو شتێك، هەموو بوونێك، بێزار دەبێت.

ئەو ساتانەشم بیرە کە بە بازاڕدا دەسوڕامەوە

خولیای ئەوە لەسەرمدابوو،

هەموو مێژووم ئەدەبییانە بنووسمەوە!

ئەو ساتەشم هەرگیز بیر ناچێتەوە

کە بۆ یەکەم جار ویستم یاخی ببم،

بەڵام دەستێك توند قوڕگی گرتم…

کوتەکێك هەر دوو قاچمی شکاند.

من لە مێژووی خۆم ڕا ناکەم،

هەرچەند زۆری لێدەترسم، بەڵام هەرگیز لە مێژووم ڕام نەکردووە.

وا ئێستاش ئەوەتا،

لە ژوورەکەمدا پیرۆزییەك بەسەر سەرمەوە داندراوە،

چەند ئەوە دەمترسێنێ.

من توڕە ئەبم…کە توڕە ئەبم نەفرەت لە هەمووتان ئەکەم،

ڕاستە یاخی نیم،

ڕاستە لای ئێوە من بۆگەنم،

بەڵام من گوێ بەوانە نادەم…

هەوڵی من بۆ ئەوە نییە لای ئێوە ویستراو بم،

هەوڵی من و توڕەیی من تەنها بۆسەر دڵی خۆمە،

دڵێك کە زۆر دەمێكە هەستی بە هیچ نەکردووە.

وەکوو جەستە کۆنەکەشم،

وەکوو پەنجە شکاوەکانیشم،

وەکوو وشە مردووەکانیشم،

وەکوو هەناسەکانیشم،

ئێوە ڕۆژێك ئەم دڵە کۆنەشم دەردێنن…

دەریدێنن و دوور فڕێی دەدەن.

ئەم دڵە دەمێکە هیچی بیر نەماوە،

دەمێکە لە خاچ دراوە، دەمێکە بۆگەنی کردووە.

لەوانەیە بتوانم هەمووتان لەبیر بکەم و پشتتان تێبکەم،

بەڵام هەرگیز ناتوانم ئەم جەستە پیرەم لە یاد بکەم،

ئەم دڵە کۆنەم بیر بچێتەوە،

من هەمیشە لەوە ترساوم بێوەفا بم بەرامبەر دڵم.

سبەینێ بە دایکم ئەڵێم ئەو عەترانەم فڕێ بات،

نازانم!

زۆر شەکەتم ، ئەم شەکەتییە هەمیشەییەشم

وا دەکات عارەقێکی زۆر بکەمەوە،

ئەم عارەقەش بە عەترەکانی ئێوە بۆنی ناڕوا.

ئەی کتێبەکانم، ئەی بیرکردنەوەکانم، ئەی گومانەکانم،

هەرگیز لە ئێوە خۆش نابم،

وەکوو چۆن لەو ئومێدەش خۆشنابم

کە بە منداڵی هەمبوو.

خودی خۆم پەنگی خواردۆتەوە لە هەناسەمدا،

ئاوێنەیەکم پێیە،

هەرگیز تەماشای ناکەم…

قەت خۆمم تیایدا نەدیوە.

من نەهاتووم وەکوو شۆڕشگێڕێك خۆم بناسێنم،

نەهاتووم وەکوو پێغەمبەرێك چارەسەرم پێبێ بۆتان،

من هاتووم وەکوو مرۆڤێك، پێتان دەڵێم: ئازارەکانتان چین،

پێتان دەڵێم چۆن بژین،

پێتان دەڵێم تا زووە لەم گێژاوی خۆکوژییە وەرنە دەرێ،

ئێوە لەگەڵ پوچێتیدا پێتان ناکرێ،

ئێوە دەبێ فێربن، چۆن لە عەدەم هەڵبێن؛

دەبێ فێربن چەقۆ لەو هەورە بەتاڵانە بدەن.

دیارە تۆش ئیتر ناتوانی من ببینی،

من خۆم ئەزانم، کە نەشم بینیت بێتاقەت ئەبیت…

وای چەند سەیرە!

لە خۆشەویستیدا مرۆڤ تێدەگا چەند ناسکە.

من مێژووی خۆمم لە بیر ناچێتەوە،

وەکوو چۆن ئەو ئازارانەشم بیر ناچێتەوە

کە بەسەرمدا سەپێندراون.

زمانیش هێدی هێدی دێتە دەرەوە تیاماندا،

سەیرە،

ئێمە هەمیشە لە ونبووینداین،

ونبوونێك هەمیشە بەدوامانەوەیە؛

زۆرجار نازانین چیشە، بەڵام شتێك نا ئاگایانە پێمان دەڵێت:

ئێوە هەمیشە ون دەبن، بۆ هەمیشەش ونن.

منیش وەکوو هەندێکتان،

بەدوای حەقیقەتدا وێڵم…

هەمیشە لەو بیابانەدا ماخۆلان

دەگەڕێم.

مرۆڤ کە سەیری خۆی دەکات

ئنجا دەزانێ چ وێرانەیەکی هەڵگرتووە لە خۆیدا.

من قەرارم داوە هەڵبێم،

پێتان ئەڵێم: ژیان کوشتنی بەکۆمەڵی ڕاگەیاندووە،

خۆتان ڕزگار کەن،

دەنا ئێوەش دەبن بە لەبیرکراوێك.

نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

هێڵکاری: ئازەر عوسمان

بڵاوکردنەوە: