بۆچی بووین بە بەکارھێنەری زانست؟

867
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئەلەند ڕزگار

زانست، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک، شوێنێک بۆ بەرھەمھێنان و بەخشینەوەی ئاگای بە تاک نەبوو بە کەرەستە. بەڵکو ئایین و دەستەڵات شوێنی زانستیان گرتەوە. ئەگەر سەرنج بدەینە خۆرئاوا، سێ زەبری کوشندەیان  بەرامبەر بە دەستەڵاتی کڵێسا و ئایین وەشاند، ئەوانیش؛ “سیستەمی کۆپەرنیکۆسی” کە گورزێکی کوشندەی لە دەستەڵاتی کڵێسا و ئایین وەشاند؛ بەوەی کە زەوی چەقی گەردوون نییە و بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، پیرۆزی لە زەوی سەندەوە. لە دواتردا داروین یەت و مرۆڤ لەگەڵ سرووشتدا ئاشت دەکاتەوە و ئەو پیرۆزییەی لێ دەستێنێتەوە کە ئایین پێی بەخشیبوو؛ چون ئەو پێی وابوو: کە مرۆڤ دەرەئەنجامی کۆمەڵێک پەرەسەندنە  و لە ئاستی ئەوانی تردایە. ھەروەھا فرۆید گرنگی نەستی باسکرد، بەو شێوەیەی کە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی خۆمان ناکەین. لە پاش ئەو ڕووداوە وەرچەرخێنەرانە، دەستەڵاتی ئایین لە خۆرئاوادا لاوازبوو؛ ئایین بوو بە بەشێک لە پەیوەندی مرۆڤ و خودا نەک بچێتە سەرجەم کایەکانی ژیانەوە. وە زانست بوو بە بەشێک لە داھات بەو واتایەی: کە گرنگی زۆر دەدرا بە بوونی زانست، بۆ فرۆشتنەوەی بەرھەمەکانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری. ئەگەر ئێمە لێرەدا بێینە سەر باسکردنی ئاستی زانست لە کۆمەڵگەی خۆماندا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ھێشتاکە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ماوینەتەوە، چون تاکی ئێمە ھەمیشە بە چاوێکی سەرسوڕمانەوە ڕوانیویەتییە شتە نامۆکان، واتە: توانای ئەوەی نەبووە بچێتە نێو وردەکارییەکان یاخوود پرسیار بکات و بگەڕێت بە دوای وەڵامدا. لەگەڵ وەرگرتنی زانستدا؛ تاک ئەو توانایەی نەبوو کە وەک، کەرەستەیەکی بیرکردنەوە و بەرھەمھێنان و پێشکەوتن بەکاریبەرێت، بەڵکو ئەو زانستی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەرگرت، بەو واتایەی: وەک ئایدیۆلۆژیایەک وەری گرت، چون لە کۆمەڵگەیەکدا کە تاکەکانی ئاڵودەی خورافە و تەوتەمپەرستی بن، کەرەستەکانیان لێ دەبێت بە ئایدیۆلۆژیا و دواجاریش دەبنەوە بە نوێنەری ئایین لەو کۆمەڵگەیەدا، ھەروەھا لە جێی ئەوەی تاک ببێت بە بەرھەمھێنەر بوو بە بەکارھێنەر. ئەگەر سەرنج بدەین لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا، ھێندەی ھەوڵدراوە زانست بە شێوە ناڕاستەکەی بگەیەنن، ھێندە نەیانتوانییوە بە شێوەیەکی درووست بە تاکی بگەیەنن. ھەر بۆ نموونە: بەشێک لە نووسەرەکان چ لە کۆن و چ لە ئێستادا بیرکردنەوەیەکیان ھەبووە و ویستوویانە لە نێو کۆمەڵگەشدا بیچەسپێنن، وەک، ” داروین دەیوت: مرۆڤەکان لە مەیموونەکانەوە ھاتوون” کە پێم وایە: ئەم جۆرە لە بڵاوکردنەوە و درووستکردنی خورافە بۆ زانست، لە وتەی مەلایەک دەچێت نەک نووسەرێک، دواجاریش دەشێت نووسەرێک ھەمان ئەو وتانە بڵێتەوە و پێشی ڕاست بێت، بەڵام؛ لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوانیش نەیانتوانیوە لەو بازنەیی کە بۆیان درووستکراوە دەربچن. دەستەڵاتیش ھێندەی گرنگی داوە بە ژەمە ئایینیەکان ھێندە گرنگی نەداوە بە ژەمە زانستییەکان، چون دەستەڵاتیش لە ڕێگەی ئایینەوە توانیویەتی  ئاگای تاکەکان بۆ لای خۆی بەرێت، تا دەگاتە موقەدەس کردنی سەرۆکەکان و لاوازبوونی ئایین. ھەروەھا ئێمە ڕۆژانە زانستمان بە مردووی بۆ ھاوردە دەکرێت لە کاتێکیشدا ئەوەی بەردەستمان دەکەوێت ناوی “زانستە”، بەڵام؛ کام زانستە؟ ڕەنگە وەڵامەکەی ئەوەبێت کە بڵێین؛ ئەو زانستەی لە ڕێگەی میدیاکانەوە پێمان دەبەخشرێتەوە، ئەو زانستەی تاکەکان ئاڵوودەی چێژبینین دەکات لە جادووگەرێک؛ کە داھاتووت بۆ دەخوێنێتەوە. ھەر بۆیە تاکی ئێمە لە ناو بازنەی خێڵ،  شێخ و ئایینە سیاسییەکان، دەستەڵاتدایە. توانای بیرکردنەوەی تاک تا ئەو شوێنەیە کە سەرۆکەکەی پێی وایە؛ بیرکردنەوەیەکی گونجاوە، بەو واتایەی: تۆ تا ئەو شوێنە دەتوانی بیربکەیتەوە کە سەرۆکەکەت ڕێگەت پێ دەدات بیربکەیتەوە. ئەگەریش تاک بیەوێت لە کەنارەکانی بازنەکە نزیک ببێتەوە، دەبێتە تاکێک کە لە لایەن بوونێکی سەرووسرووشتییەوە دەستی لێ وەشێندراوە. بۆ بوونی زانستێکی زیندوو، پێویستمان بە دەرچوونە لەو بازنەیەی کە بووەتە بازاڕی زانستی مردوو و کردە جادووگەرییەکان. دۆزەخ بە تەنیا ئەو شوێنە نییە، کە ئایین باسی لێوە دەکات بەڵکو، دۆزەخ دەشێ شوێنێک بێت کە؛ ھیچ ئاگاییەکی تێدا نەبێت، بەو واتایەی بووبێتە شوێنێک کە تۆ زانست بە ھەر شێوەیەک بێنیت، ببێتەوە بە ئایدیۆلۆژیا و دواجاریش ببێتەوە بە نوێنەری ئایین. ھەروەھا ئەم دەرچوونە دەشێ بە بەکارھێنانی زاسنت بێت وەک، کەرەستەیەک بۆ بەرھەمھێنانی ڕووداوێکی نوێ و وەرچەرخێنەر، واتە: چوونە ناو بەردەوامییەکی گۆڕاوەوە، نەک دووبارەبوونەوەی “ئەوی تر” کە دەشێ ئەوی تر خۆرئاوا بێت و بوونمان بێت بە بەکارھێنەر.

بڵاوکردنەوە: