سنووردانی مافەکانی ژن، یان دووبارەکردنەوەی سروودی ماف؟

418
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بەیان سەلمان

 

زۆر جار ئەم پرسیارە دەوروژێندرێ: پرسی ژن یان کێشەی ژن؟ ئەمە بۆتە سروودێکی هەمیشەیی. باس لەوە دەکرێت کە لە بواری پرسی ژندا وشەی کێشەی ژن بگۆڕدرێت، یان هیچ نەبێت خۆمانی لێ لابدەین و تەنها پرسی ژن بەکار بهێندرێت. بەڵام، لەناو دنیایەک لەو کێشە هەمەجۆرانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، بەلامەوە، دەستەواژەی (کێشەی ژن) هێشتا سەنگی خۆی هەیە، چونکو کێشەگەلێکی سەرەکیی هەن تایبەتن بە ژن و دەکرێ بڵێین لە سەر ئاستی جیهاندا بە تەواویی چارەسەر نەکراون. یاخود نیوچە چارەسەرێک کراون.

دەبێت ژنان جگە لەوەی شانبەشانی پیاوان تێبکۆشن، هەروەها تێکۆشانێکی تر، بگرە شەڕێکی تر ئەنجام بدەن پەیوەستە بە گۆڕینی سیستەمی باوکسالاری. ئەمەیان لە هەموو شوێنێک هێشتا بەرپایە. پتر لەوەش کە هەمان ئەو سیستەمە فشارێکی ئاینی و سیاسی بۆ زیاد دەکات ئیدی کار لەوەدا نامێنێت وەک تەنیا کێشەیەکی ژن لێکبدرێتەوە. بەڵکو دەبێتە ئەرکێکی گۆڕێنی سیاسی و کۆمەڵاتی و هەموو ئەوەی بەدویدا دێن. بەکورتی، ئیرسێک لە ئارادایە نەوە بۆ نەوەیەکی دی دەگوازرێتەوە. هەمووی لەسەر هەمان بنەما و سیستەم ڕێکخراوە. تەنانەت بەشێوەیەکی شاراوە بایەخیشی پێدراوە و داوا دەکرێت پەیڕەو بکرێت. هەموو ئەوەش لە بیرۆکەی پیرۆز و ناخاوێن سەرچاوەی گرتووە. کێشمەکێشێک لە نێوان هەردوو ئەو بیرۆکەیەدا هەیە. بەبڕوای لایەنگرانی پیرۆز، ڕێکخستنێک لە گەردوون هەیە و تەنها بە پیرۆز پەیڕەو دەکرێت. بەپێی (رۆجەر کایوا) لە کتێبی ”مرۆڤ و پیرۆز” هەرچی ناپیرۆزە، واتە پابەندە بە ئەم دنیا و خراپەکاری؛ هەرچی پیرۆزیشە، واتە خاوێن، ئەوەی سەرچاوەی خێرە. لە ترسی تێکچوونی ئەو ڕێکخستنە و گەڕانەوە بۆ جەنجاڵ، بۆ (کاوو، یان کاووس)، مرۆڤەکان پێویستیان بە پەیڕەوکردنی پیرۆز هەیە. گرنگە بشڵێین هەموو ئەو فیکری پیرۆزە لەسەر هەرمییەتێک دامەزراوە. واتە پلەبەندییەک پیاو لە سەرووی سەرەوەیە. ئەو ژنانەی بە پێوەری چاکەش هەژمار دەکرێن لە دوای ئەوانن، هیچ شوێنێکیش بۆ کەسی ناپیرۆز نیە. هەمان ئەو پلەبەندییە جۆرە مۆنۆپۆلێکی لە دوادایە کە دەسەڵات تەنها بۆ پیاوە، تاقە فەرماندەر و بڕیاردەر هەر ئەوە.

لە کۆمەڵی باوک سالاریدا، وێنەی زاڵبوونی نێر و باڵادەستی پیاو بۆ یەک تاقە وێنەیەکی زەقی جیاکاری کورت ناکرێتەوە. ئەوە سیستەمێکی تۆکمەی یەکگرتووە کە سەرجەمی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵ و تاکەکان لە قاڵب دەدات. کچێتی، ژنێتی قورساییەکە دەخرێتە سەر شانی مێ و هەنگاو بەهەنگاوی ژیانی، هەناسە بە هەناسەی، هەوڵی خەفەکردنی دەدرێت. ئەم ستەمکارییە بەچەندین شێوە بەرهەم دەهێنێرێتەوە: لە ڕێگەی زمان، بە نێوەندی ئایینەکان، بە بەهانەی کولتوور، بە توندکردنی نەریت و ڕێسا، بە ستریۆتیپکردنی کەسایەتی ژن، بە کاتالۆگکردنی وێنەی ژن،…

ئەم وێنانە وەها مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، کە هەرچی ژن دەیکات و پێی هەڵدەسێت، لە چالاکی، لە پیشە، لە بواری ئاکادێمی و نووسین و هونەردا، بەبەراورد بەوەی پیاو پێی هەڵدەسێت بایەخێکی داهێنەرانەی نیە. لە دنیای ڕۆژهەڵاتدا، بۆ نموونە، کە ژنێک لە بواری تیۆریدا کتێبێک یان بابەتێکی زانستی دەنووسێت تێبینی دەکەین نووسەرە پیاوەکان ناوی دەیان سەرچاوەیان هێناوە کە نووسەرەکانی وەک خۆی پیاون، بەڵام ئاماژە بە ژنێک ناکرێت، مەگەر لە بابەتی ژن و جەندەر دوابێت، وەک بڵێی چوارچێوەی کار و نووسینی ژن تەنها ئەو بوارەیە! تەنانەت داهێنانەکانیشی وەها سەیر دەکرێن، لە بۆچوونی کۆمەڵەوە، گوایە زیانبەخشن و درز و کەلێن دەخەنە دیوارە قایم و ئەستوورەکانی بیری چەقبەستووی بتەکان. بەدیوەکەی تریدا، هەرچی پیاو دەیکات قازانجبەخشە، سوودمەندە بۆ کۆمەڵ و تاکەکان، تەنانەت کاتێ باسی سێکس و خواردنەوە و سۆزانیش دەکات!

بێگومان بۆ ئەوەی ئەو باڵادەستیە و ستەمکاریە جێی خۆی بگرێت و لە کۆهزری کۆمەڵ بچەسپێت یاسا دادەڕێژرێتەوە و دەکرێتە پاڵپشتی ئەو هزر و سیستەمە بۆ سنووردانی هەموو مافێکی ژن. بێ ئەوەی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و ڕەمزی وەک فاکتەرێکی ڕاستەقینەی ئەو ستەمکاریەمان لەبیر بچێت کە دژی ژن ئەنجام دەدرێت. لێرەدا، بەپێچەوانەوە، چاوپۆشی و ناڕەوایەتی دەرهەقی ئەو ژنانە دەکرێت، کە بێ دەسەڵاتن و بێ دەرەتانن و بێ کەسن و بێ پشتوپەنای لایەنێکی سیاسین، یان سەر بە بنەماڵەیەکن و نابێت کەس پەنجەشیان بۆ درێژ بکات. لێرەشدا ستەمکاری دژی ژنی گوند هەتا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خراوە، وەک بڵێی کێشەکان تایبەت بن بە ژنی شارەکی، لە کاتێکدا تەنها جۆری چەوسانەوەکە جودایە.

بەدڵنیاییەوە، هەموو ئەو ستەمکاریە پشتئەستوورە بە گوتارێکی ئامادەکراو لە بەکاربردنی زمان و وێناکردنی دەسەڵات و بێدەسەڵاتی و مەوقعییەتی نێوان ژن و پیاو. پتر لەوەش، ئەو زمانە بەجۆرێک پەیوەندیی زاڵبوون دەردەخات کە بەشێکی سروشتیی ئەو پەیوەندییانەیە. بەو شێوەیەش ئامانجی گواستنەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی هەر وەک پێدراوێکی سروشتی سەیر دەکرێت.

بەپێی لێکۆڵێنەوەکانی (ویل دیورانت) لە کتێبی ٢ی ”چیرۆکی شارستانیەت” باس لە گواستنەوە وتەنانەت لە پیتاندنی فیکر و بڕوای شارستانیەتەکان دەکات بۆ شارەستانیەتەکانی دوای خۆیان هەتا دەگاتەوە بە داهاتوویش، کە دەکاتە ئەمڕۆی ئێمە. نموونەی ئاکدیەکان و سۆمەریەکان و ئەوەی لەپاش خۆیان بۆ بابلیەکان و ئاشوریەکان گواستویانەتەوە باشترین وێنەیە لێیەوە تێبگەین چۆن سەرەداوی بیرو بڕوا و کردارەکانیان بۆ دوای خۆیان گواستۆتەوە؛ تەنانەت لەڕێگای ئاڵۆگۆڕی بازرگانی گەیشتۆتە ئەو ناوچانەی تر و وڵاتانی دووریش. کەواتە ئەو جۆرە بیروڕا کۆنانەی گەیشتونەتە ئەم سەردەمانەی ئێمە بەدەرنین لەو بیرۆکەی گواستنەوەیە کە هەزاران ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. ژنی زیناکار دەکوژرا و دواتر لەلای بابلی و ئاشوریەکان هاتنەسەر ئەوەی ژنی دووهەمی بەسەردا بهێنن و پەراوێز بخرێت؛ لە کاتێکدا ژن لە ئاستی پیاوی زیناکار تەنها بۆی هەبوو لێی ببورێت. لە دنیای ئەمڕۆکە، چی لەو بیرۆکەیە گۆڕاوە؟ بەناو زیناکاریی هێشتا ژن زیندەچال ناکرێن؟ تەنانەت بەناوی خۆشەویستییەکی سادە ناکوژرێن؟ لەبەر دارایی پیاوەکە و نەبوونی وەچە پۆلیگامی (فرەژن)ی بەسەردا ناسەپێنن؟ هەموو ئەوەش بە پاڵپشتی یاسا و ڕێسا و شەریعەت ئەنجام نادرێت؟

لە ڕاستیدا، کێشەیەکی مۆڕاڵ لە ئارادایە، لەوانەیە بەبێ ئەوەی پیاو لێی بەئاگا بێت، ئەویش لە چەند پرسیارێکدا کورتی دەکەمەوە: چۆن پیاو ڕێگا بەخۆی دەدات مرۆڤی تر(کە لێرە مەبەست لە ژنە) بەکەم سەیر بکات؟ ئەگەر خۆشی دەوێت بۆ ئازاری دەدات و بەناوی پیاوەتی هێزی خۆی بەسەردا تاقی دەکاتەوە؟ چۆن دەیەوێت بەئاشتی لەگەڵ مرۆڤێکدا بژی و هەمیشە خۆی بەسەروەر دەبینێت؟ ئەمانە لە بیرێکی کۆنی خێڵەکیەوە نەهاتوون؟ بیرێکی موحافیزکارانە، چونکو کەسەکان ناوێرن خۆیان لە هیچ فیکرێکی نوێ بدەن، دەترسن لەوەی ڕووبەڕووی رەخنەی کۆمەڵ ببنەوە. پێیان باشترە لەناو هاودژیدا بژین نەک مەترسی و نوێگەرایی؛ پێیان پەسەندترە لەگەڵ بیری باوی کۆمەڵ هاوڕابن، نەک بیری تایبەتی خۆیان هەبێت؛ بۆ پاراستنی سەرڕەحەتیشیان لەگەڵ ناڕەوایی کۆمەڵێکی ناقڵانی کۆکبن. ئەوانە لەناو هاودژیی بیرۆکەی- چەقبەستن و پەنابردنە بەر بیروباوەڕی کۆن لەسەردەمی ڕابردوو و ترس و ناڕوونی لە داهاتوو- دەژین. بەجۆرێک سستن کە هیچ هەوڵێکی هەنووکەییان نیە بۆ ئەوەی لە ئێستادا بژین و لە گۆڕانکاری ڕیشەیی و گەشەپێدان بەشداربن؛ چونکو لە باوەڕی ئەوانەدا هەموو گۆڕانێک خراپەیە و تەنها لایەنی نیگەتیڤی تێدا دەبیندرێت. هیچ گەڕان و تێکۆشانێکیان نیە بەدوای تاقە خاڵێکی پۆزەتیڤ، کە وێنەیەکی گەشیان لەلا چەکەرە بکات.

بێگومان خافڵ نیم لەوەی سیستەمێکی نهێنی لەسەر ئاستی هەموو جیهان کار بۆ مانەوەی ئەو جۆرە پەیوەندیە نایەکسانە دەکات. دەتوانین بڵێین، تێدەکۆشن بۆ مانەوەی، نەک تەنها سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، بەڵکو خێزان بەگشتی و هەر تاکێکیش بەجیا. سەرمایەداری گەورەترین توانای خۆی لەسەر هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیە ئاڵۆزە بەکار دەبات، بەڵام لە ڕووکەشدا بە لیبرالزیمێکی گۆشەگیر دایپۆشیوە. لە قازانجی ئەوانیشە کە ڕیشەی ئاینیی و تۆخکردنەوەی ئیتنی و تایفی لەناو وڵاتانی سێهەم و چوارەمدا زیاتر دادەکوتن، بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان بەرپا بێت. ئەگەر ژنان لەو وڵاتە ڕۆژئاواییانەدا بووکەڵەیەکی ئازاد بن، هەروەها لە وڵاتانی جیهانەکانی تریش بووکەشوشەیەکی ناسکن، شاراوە و پۆشراون و قابیل بە شکاندن. ئەو جۆرە پەیوەندیانەی نێوان ژن و پیاو بەڕادەیەک ئاڵۆزکراوە تەنانەت سەر دەرناکرێت لە بوونی ژنی فەیلەسوف و ئاکادێمی و زانا و سەرۆک و دەسەڵاتدار! بەڵام ئەم ژنانەش لەژێر ڕکێفی سیستەمێکی تۆکمەدا کار ناکەن؟ خودی سیستەمەکە بانکە زەبەلاحەکان و وڵاتە سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەی نابەن؟

لە ئەمڕۆشدا، بەربڵاویی بەکارهێنانی ئینفۆرماتیک و داهێنانی زیاتر لە بواری (نانۆتەکنەلۆجیا) دنیا بەرەو ئاڵۆزتر دەبات، کەچی لە ڕووپۆشدا وەها پێشنیارمان دەکرێت وەک بڵێی ژیان ئاسان کراوەتەوە! بیرمەند نعوم تشۆمسکی زۆر بەباشیی ئەو دۆخە نوێیەی بەم ڕستەیە کورت کردۆتەوە، ”چۆن ئەوەندە زانیاریمان زۆرە، بەڵام ئەوەندە کەم دەزانین؟” دیوێکی ئەو هەموو لێشاوی زانیارییانە لە خزمەتی سەرمایەداری و سیاسەتێکی وڵاتە زلهێزەکانە بۆ هێشتنەوەی قازانج و بەرژەوەندیە گەورەکان و ژێردەستخستنی سامانی خاکی تر. چونکە ئەو زۆرییە، بێئاگاییە لەوەی وا بەڕاستی ڕوودەدات. بێجگە لەوەی، ئەم سیستەمانە هەموو سیاسەتێک دەخەنەگەڕ بۆ هێشتنەوەی ئەقڵییەتی کۆن لەناو ئەو وڵاتانەی ئاین و نەریت و سیاسەتێکی نادادوەرانە پەیڕەو دەکەن و هەموو بابەتێک مۆرکێکی پیرۆزی پێ دەدرێت و نابێت کەس لەبارەوەیەوە بدوێت؛ ئیدی چۆن دەستکاریی بکرێت؟! دروستە کە ئەو ئەقڵیەتە کۆنانەی ئاین و نەریت دەکەنە بەهانە بۆ نەگۆڕینی ژیانی مرۆڤ، ویستێکی خۆیانی لەپشتە بۆ دابینکردنی دەسەڵات و پلە و دۆخی دارایی باش بێ ئەوەی شایەنی بن. بەڵام، ئاگری بیرو ڕاکانیان ماشێنی ئەو سیستەمە زەبەڵاحە خۆشتری دەکات. هەتا ئەم کۆمەڵگەیانە دواکەوتوتر بن، بەرژەوەندی ئەوان لەپێشتر دەبێت. نرخی ژیانێکی خراپ و نایەکسانی و نادادپەروەرییش، مرۆڤە ئاساییەکان بەدروستکردنی کێشە و ئاڵۆزکردنی ژیانیان دەیدەنەوە؛ ئەوەش لە زۆربەی جیهان هەمان سیستەمە و چەرخی ماشێنەکە بە دەست نایگێڕن، بەڵکو بە هزرێکی پلان دارێژراو، چۆنیان بوێت بەو شێوەیە جێبەجێی دەکەن.

ژمارەیەکی زۆر کەمی بیرمەند و فەیلەسوفی لێ دەرچێت کە خەمخۆری مرۆڤن بەگشتیی و تێدەکۆشن بۆ یەکسانی هەموو مرۆڤایەتی، پێویستە بێ دەمارگیری بپرسین: بۆچی هزری مرۆڤ هەتا ئەمڕۆکە نەیتوانیوە کاریگەر بێت لەسەر ڕوونەدانی ستەمکاری و شەڕ و داگیرکردن و چەوسانەوە و بەکوێلەکردنی مرۆڤ؟ فەیلەسوفی فەرەنسی (سارا کۆفمان) (1934-1994) لە دیمانەیەکیدا لەژێر ناونیشانی ”پرسی ژن ڕێگایەکی داخراوە بۆ فەیلەسوفەکان” وایدەبینێت، فەیلەسوفەکانیش لەبەرئەوەی پیاون، واتە کاتێک پرسی ژن دێتەپێشێ، لە نووسین و گوتارەکانیاندا تێبینی ئەو دوودڵییە دەکەین لەلایان و چۆن نایانەوێت لەو پرسە نزیک بنەوە؛ یاخود فرە بەگشتیی باسی لێ دەکەن، بێ ئەوەی لێی وردبنەوە. ئەمە، بەپێی کۆفمان، لەلای ئەفلاتون و کێرکگارد و فروێد و نیتشە و ئەوانەی نوێشن… تێبینی کراوە. (فروێد) لەو سەردەمەی خۆیدا ئەزموونی عیادەکەی کردووە بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتی ژن؛ ئەمڕۆ وێرای ماشێنی ئەو سیستەمە زەبەلاحە، فیکری ئازادیخواز بەپێوەرە زانستی و ئەپستمۆلۆجیەکان دژی ئەو فیکرە کۆنانە دەبنەوە. لەو سەردەمانەدا بێجگە لەوەی ژن حەزو ویستی خۆی خەفە دەکرد و لێی قەدەغەکرابوو ئاشکرای بکات، هەروەها بۆیشی نەبوو هیچ لە بارەی جەستەی و سێکسەوە بزانێت. فروێد لەناو دوو فاقەی هاودژییەکدا سەبارەت بە کاریگەریی خەفەکردنی حەزو چێژ لەلای مێ و نێر؛ لەلای ژن بە دۆخێکی ”هیستیریک” پێناسەی دەکات. بەڵام، هەمان خەفەکردن لەلای پیاو، لەلای هونەرمەندێکی وەک (داڤینشی) بە داهێنان و خەڵقکردن دایدەنێت. هەر بەپێی بۆچوونی کۆفمان، نیتشە کە لە نێوان هاودژییەکی ئاشکرا دەژیا، هاودژییەکی توندوتیژ؛ توندوتیژی ئارەزوویەکی شاراوەی بۆ دایکی و خوشکی و لەوانەوە وێنەی ژنی هەڵچنیبوو. بەپێی کۆفمان، (نیتشە) لەناو ئەو هاودژییەیدا ئامادە بووە لە دڕترین بیرۆکەی خۆی سەبارەت بە ”گەڕانەوەی هەمیشەیی” هەڵبگەڕێتەوە؛ لەپێناو ئەوەی ئەو ژنە ”قێزوەنانە”، کە بە سەری (میدۆزا) وێنایانی دەکرد، بۆ هەمیشە بگەڕێنەوە. لە کاتێکدا وەزیفەی ژنی کورت کردبۆوە بۆ تەنها منداڵبوون! دەیگوت یان منداڵبوون یان کتێب « aut liberi, aut libri ». بەو واتایە، ژن تەنها دا‌هێنەری منداڵە و پیاو داهێنەری کتێبە واتە نووسین. لێرەدا ”نێر دایکێکی” داهێنەرە، ناشڵێت ”نێر وەکو دایکێکە” مەبەست ئەوەیە کە میتافۆر بەکار نابات، بەڵکو جەغت دەکاتە سەر ئەو وێنەیە و زاراوەگەلێکی بۆ بەکار دەبات لەدەوروگڕی منداڵبوونە. لێرەدا تێمایەکی فەلسەفی لە ئارادایە؛ هەر چۆن ژن منداڵی دەبێت پیاو هزری دەبێت. هەر بەپێی کۆفمان کە پسپۆرە لە بواری فیکر و ژیانی نیتشە و ئەفڵاتون؛ نیتشە لە نامەکانیشیدا، تەنانەت بەرهەمی نووسینەکانی بە منداڵێکی خۆی دادەنا کە پێویستی بە ”پەروەردەیە”. ئەمەی بەتایبەتی بۆ کتێبی ”ئەودیو چاکە و خراپە” بەکار بردووە گوایە ئەو کتێبەی وەک منداڵێکی لاسار پێویستی بە پەروەردەیە!

لەو ڕوانەگەیەی پێشووەوە، دەسەڵاتی ژن تەواو سنووردار کراوە و دۆخێکی بەسروشتکردنی جیاکاری وێنەکان سەپێندراوتە سەری؛ داوا لە ژن دەکرێت، بە ویستی خۆی قبوڵی هەموو ئەو جیاکاریانە بکات و هەمیشە لە پلانی دوو بێت و لەم ئاستەشدا بمێنێتەوە. وەک بڵێی کێشە نیە با دەسەڵاتی هەبێت، بەڵام بەشاراوەیی. ئەمە لەلای (ژان-ژاک ڕووسۆ) زۆر ڕوونە، کە دەڵێ: ئەگەر ژنان دەیانەوێت ”دەسەڵاتیان” بەسەر پیاواندا بشكێتەوە، ئەوە نابێت دەسەڵاتێکی ڕاشکاوانەیان هەبێت!

تەنانەت ئەو وتە باوەی لە هەموو جیهان بەشانازییەوە دووبارە دەکرێتەوە، وەک هەڵکێشانێک و مەرایی بۆ ژن، گوایە: ”لە پشتی هەموو پیاوێکی مەزن ژنێک هەیە”! لەو بۆچوونەوە هاتووە ئەگەر ژن مەزنیش بێت دەبێ ئەو دەسەڵاتەی بۆ پیاوەکەی بێت و لە زەمینەی ڕاستی دوور بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە تەنها ئامرازێکی هاندەر بۆ پیاوێک کە لەو بەدەسەڵاترە. واتە ژن دەسەڵاتی مەعریفی و توانای ڕاستی هەیە، بەڵام بەشاراوەیی و داوای لێ دەکرێت هەمیشە لە سێبەردا بمێنێتەوە! لە بواری نووسینیشدا، ژن نەک تەنها دەخرێتە پەراوێز، بەڵکوو بە کاتێگۆرییەکی کۆچەرییش تەماشای دەکرێت، گوایە بۆ ماوەیەک لە بواری نووسیندایە و ئیدی لەو ڕەوتەدا بەردەوام نابێت! بێ گومان ئەگەر ئەم خاڵە جۆرە ڕاستییەکی تێدا بێت با بپرسین: بۆچ هۆیەک دەگەڕێتەوە؟ لەبەرئەوە نیە کە ئەرکەکانی ژن گەلێک زۆرن؟ لەپاڵ پرسی دایکایەتی و هەڵگرتنی کێشی عەقڵیەتی پیاوانی نێو خێزانەکەی و داوی نەریت، کە هەموو هەوڵێک دەدرێت لەناو خودی خێزان و کۆمەڵ تاکو بگەڕێتەوە شوێن خۆی، واتە بگەڕێتەوە بۆ سێبەر و خۆی لەناو چوار دیواری ماڵەوە قایم بکات و ئەوێ جێی ڕاستەقینەی ئەوە. تەنانەت ئەو ژنانەی چالاکن و پێگەیەکی دیاریکراویان هەیە کاتێک هاوسەرگیری دەکەن تێبینی دەکەین چۆن ئیدی دەبێتە وابەستەی ژیانی تایبەتی مێردەکەی. ئیتر نە هاوڕێ، نە چالاکی تایبەت بە خۆی نامێنێت، بەڵکو دەچێتە ناو پرۆسەیەکی توانەوە لەودا و خودی ویست و بیرکردنەوەیشی دەبێتە ویست و بیرکردنەوەی مێردەکەی. ئەمە بۆ ئەو کەپڵە نوێیانەی ئەمڕۆش هەر هەمان دیاردەیە. چونکە چەواشە کراون بە جۆرە ڕووکەشییەکی مۆدێرن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وابەستەی ئەو پیاوانەن کە هاوژینیان و وەک تووتی هەر ئەوە دەڵێنەوە کە هاوسەر و هاوژین و هاوڕێ کوڕەکەی دەیڵێت!

ئەگەر هەوڵێکی بەئەمەک هەبێت بۆ گۆڕینی هەموو ئەو عەقڵییەتە، ئەوە پێویستە لە بیری باو دەربازبین. بەو واتایە، هەر یەکێک بیروڕای تایبەتی خۆی هەبێت، بتوانێ لە یەکێکی دی خۆی جودابکاتەوە کە بەرپەچی خێرای دەداتەوە بۆ بیروڕایەک یاخود دیاردەیەک، بێ ئەوەی بەقوڵیی لەسەری بوەستێت. زۆریش گرنگە کەسێک بەرچاوی ڕوونبێت، نەکەوێتە تەڵەی ئەوانەی بۆ مەبەستێکی خۆیان دەیانەوێت پێی زۆرینەی خەڵک ڕابکێشن بۆناو داوی بیروباوەڕێکی گەرم و ئانوساتیی، ئیدی لەبیریان دەچێت کە هەمیشە ئەوانە زوو خۆیان دەکێشنەوە، چونکو، لەسەرێکەوە بەرژەوەندییان جودایە و هەرگیز دڵسۆز نین بۆ هیچ پرسێکی نەتەوەیی و کۆمەڵ؛ لەسەرێکی تریشەوە بەسادەیی و بەسەرپێی لەسەر بابەتەکە دەوەستن و تەنها بەسۆزێکی ڕووکەشانە ڕەهەندێکی کێشەکان لێکدەدەنەوە بێ ئەوەی هەموو لایەکیان تاوتوێ کردبێت.

بۆ ئەوەی لە چارەسەر نزیک بینەوە، ناشڵێم چارسەر بدۆزینەوە، پێویستە بناغە و ڕیشەی ئەو سیستەمە هەڵوەشێندرێتەوە. پەروەردە گەورەترین بناغەیە و بەرپرسە لە گۆڕینی ئەو ئەقڵییەتە. میشێل فوکۆ لە دیمانەیەکیدا وەها باسی پەروەردە دەکات کە، ”خوێندنگە شوێنی پراکتیککردنی دەسەڵاتە.” بێگومان فوکۆ زۆر تایبەتی لە بارەی ئەو بابەتە دەدوێت، دەڵێ، ”لە کاتێکدا من لەرزم لێ دێت چۆن وانەکانم بڵێمەوە چونکە دەترسم لەوەی پێداچوونەوە بە زانیاریەکانم بکەن؛ مامۆستاکانی تر پێیانی وایە کە ئەوانن بەرابەر، بە خوێندکار و ئەو کەسانەی دێن گوێ لە وانەکانیان دەگرن، گوایە هەموو زانستییەکیان پێیە! لە کاتێکدا ئەوانە دیپلۆمێکیان هەڵگرتووە کە تەنها مۆڵتێکی بازرگانی زانستیە بۆ ئەوەی بڵێن، ئێمە زانستیمان پێیە و ئەوەی دیپلۆمی نیە واتە زانستی نیە!…”

لەبەر تیشکی ئەو بیرکردنەوە قووڵەی فوکۆ، گرنگە وانەی تایبەتی لە خوێندنگەکاندا ئامادە بکرێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی هزری کچ و کوڕ و یەکسانییان. هاوکات خێزانەکان بەشدار بکەن لە پرۆسەی هۆشیارکردنەوەیە و ڕۆڵی ڕاستەقینەیان نیشان بدەن لە پێشخستنی تاک و کۆمەڵ. پەنجە درێژ بکرێت بۆ ئەو ژنانەی لەناو ڕێکخراوەکانن و لە پەرلەمانن ڕۆڵێکی کریگەریی بگێڕن لە پێشخستنی هزری خێزان. سیمۆن دو بۆڤوار لە ”رەگەزی دووهەم”، ڕوونی دەکاتەوە کە ”(…) چۆن شارستانیەت و پەروەردە کاردەکەنە سەر منداڵان بۆ ئەوەی لە ڕۆڵێکی پیاوانە یان ژنانەدا ئاراستەیان بکات، لە کاتێکدا کچان و کوڕان لە سەرەتادا جیا ناکرێنەوە. گرنگە (…) ڕێگا بدرێ بە ژنان لە ڕێگای پرۆژەکانی خۆیانەوە تێپەڕن.(…) بەم پێیەش ژنی مۆدێرن، شانازی دەکات بە بیرکردنەوەی، بە ‌هەڵوێستەکردنی، بە کارکردنی، بە داهێنانی، بە هەمان هەلومەرجی پیاوان و لەبری ئەوەی هەوڵی بێڕێزیکردنی بدرێت، ئەو خۆی بە یەکسانی پیاو ڕادەگەیەنێت…” بۆ هەموو گۆڕانکارییەکی لەو چەشنە، داڕشتنەوەی یاسا و جێبەجێکردنی گرنگە. ستەمکاری و ژن کوشتن قەدەر نیە! بەڵکوو چارەسەر هەیە، نموونەکەی لە ئیسپانیا تێبینی دەکرێت، کە دادگایەکی دیاریکراویان بۆ کەیسی ژن کوشتن دروست کردووە، خوولی تایبەتی بۆ ئەو دادوەرانە کراوەتەوە و ڕاهێنراون لە چۆنێتی مامەڵەکردنی ئەو پرۆسانە. لەسایەی ئەم هەنگاوە، ژمارەی کوشتنی ئافرەت لە ئیسپانیا زۆر کەمی کردووە. بۆچی کورد و وڵاتانی دیکە نموونەیان لێوە وەرناگرن؟ هەروەها، ئەگەر لەسەر ئاستی تاکیش بێت، بەرگری بکرێت دژی هەموو بیرێکی باو و ئامادەکراو و ڕێگا خۆش نەکرێت کەس ببێتە گەمەی دەستی دەسەڵات و هێزێکی بەرژەوەندخواز.

لەتەک هەموو ئەوانەدا، هەوڵی ڕاستەقینە بۆ تێکۆشان هەبێت، لەپاڵ تێکۆشانی ژن، چونکو ئەو گوتار و نووسین و گفتوگۆیانەی ئەنجام دەدرێن، مۆرکێکی جیدیان پێویستە، لەپێش هەموو شتێکدا، ژن خۆی ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆی و ئەوەی دەیڵێت و دینووسێت. بێجگە لەوەی هەموو مرۆڤێک متمانەی بە کۆمەڵ و سیستەمێکی ڕاست و دروستی پەروەردە و یاسا و دادگا و ئابووری بۆ بگەڕێتەوە؛ هەموو کەسێک باوەڕی بەخۆی و توانای هەبێت؛ تێبگات لەوەی گەشەکردنی ئەو هەمان گەشەی کۆمەڵی بەدوادا دێت، دروستە بەخاویی دێتەدی، بەڵام هەر دێتەدی.

 

سەرچاوەکان:

Arnaud Alessandrin et Brigitte Estève-Bellebeau, ( dirigé par 🙂 Genre ! L’essentiel pour comprendre, premier hors-série de la revue Miroirs/miroirs, postface de : Christine Detrez, éditions Des ailes sur un tracteur, 2014 Lu par Guy Renotte.

Françoise Héritier, Hommes, femmes : « la construction de la différence » ; (sous la direction de 🙂 éd. Le Pommier, Paris, 2010.

Isabelle Ullern, « La philosophie « biographée » selon Sarah Kofman », L’Atelier du Centre de recherches historiques [En ligne], 21 | 2019, mis en ligne le 11 juillet 2019, consulté le 04 septembre 2022. URL : http://journals.openedition.org/acrh/9933 ; DOI : https://doi.org/10.4000/acrh.9933

– Jean-Luc Nancy, « Cours, Sarah ! », Les Cahiers du Grif, Hors-série no 3 « Sarah Kofman », 1997. Opt. Citée par : Isabelle Ullern dans : https://journals.openedition.org/acrh/9933

– Foucault, Michel, « Radioscopie », entretien avec Jacques Chancel, 10 mars 1975 Sur l’école, l’enseignement, les diplômes…Savoir/Pouvoir vs Savoir/Plaisir.

– Sarah Kofman, Explosions Vol. 2, « Les enfants de Nietzsche » (1994). Avec Alain Veinstein. Mise en ligne le 15 juil. 2020 Emission : Du jour au lendemain, France Culture.

– Sarah Kofman, «Entretien sur Platon, Freud, la rupture et le deuil » (1993). Avec Alain Veinstein. Mise en ligne le 26 août 2022 Emission : Du jour au lendemain, France Culture.

– Simone de Beauvoir, Le Deuxième Sexe, Editions, Gallimard, Paris, 1949.

– TAVOILLOT, Pierre-Henri, Les femmes sont des adultes comme les autres, La Tour d’Aigues, Editions L’aube, 2011.

Qu’est-ce que le genre ? Sous la direction de Laurie Laufer, Florence Rochefort, Petite Bibliothèque Payot, Paris, 2014.

– ويل وايريل ديورانت، قصة الحضارة، (الشرق الأدنى)، الجزء الثاني من المجلد الأول، ترجمة: محمد بدران. دار نشر الجيل، بيروت، لبنان، الطبعة الأولى 1988.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: