چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕیجیس دۆبرێ

1093
0
بڵاوکردنەوە:

دەربارەی ئایین و سنوور و برایەتی

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سامان عەلی

 

تێبینی: دەقی ئەم چاوپێکەوتنە لە ژمارە ٨١ی مانگی تەمموز و ئابی ساڵی٢٠١٤ی گۆڤاری Philosophie Magazine دا بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی (مارتان لو گرو) سازدراوە.

 

مارتان لو گرو: ساڵی ١٩٦٠، هاوڕێکانت لە “کۆلێژی پەروەردەی باڵا” تیۆریزەسازییان بۆ شۆڕش دەکرد. تۆ چوویت بۆ ئەمەریکای لاتین. ئەوە چۆن چۆنی بوو؟

ڕیجیس دۆبرێ: هیچ کەسێک ناتوانێت باز بەسەر سەردەمەکەی خۆی و ئەو دۆخەدا بدات کە تیایدا ژیا؛ شەڕی ڤێتنام، ڕۆمانی “سەردەمی ڕۆشنگەریی”ی ئالیخو کارپنتێ، شەڕی {ناوخۆ}ی ئیسپانیا لە ڕێگای فیلمەکەی ڕوسیف-ـەوە؛ “مەرگ لە مەدرید”، ماندووبوون لە کورتبینیی ئەنتلجانسیای فەڕەنسی و، هتد. پاشان ئەو پاڵنەرە مارکسییە هەبوو کە دەڵێت: “چی تر تەنها لێکدانەوەی دونیا بەس نییە، پێویستە بگۆڕدرێت”. هەموو ئەوانە پاڵنەر بوون بۆ دۆخگۆڕین لە چاودێرەوە بۆ بەشدار.

مارتان لو گرو: ئەوە بە کردەیی چۆن بەجێ هات؟

ڕیجیس دۆبرێ: بە هۆی بڕێک شتی سەیر و نامۆوە. لە کاتی هێزداگرتنەکەی دژ بە کاسترۆدا لە “کەنداوی بەرازان” لە ساڵی ١٩٦١دا، بە یاوەریی بێرنارد کۆشنیر، چووم بۆ باڵوێزخانەی کوبا و، تەمای ئەوەمان بوو پەیوەندیی بە بەتالیۆنە نێونەتەوەییەکانەوە بکەین. باڵوێزەکە، کە پیانۆژەنیش بوو، شتەکەی بەلاوە کتوپڕ بوو و بڕێک سەری سوڕما. وتی: “سبەینێ وەرنەوە”، “بزانین چیمان پێ دەکرێت”. بۆ ڕۆژی دواتر پەلامارەکە کۆتایی هات؛ کوبییەکان پەلامارەکەیان تێکشکاند. کۆشنیر بڕیاری مانەوەیدا لە فەڕەنسا. بەڵام من بڕیاری ڕۆیشتنمدا. لەدوای دوو مانگ، لە ڕۆژی چواری مانگی تەمموزدا، ڕۆژی جەژنی نیشتمانیی ئەمەریکی، بە لاتی چوومە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. لەوێوە لە ڕێگای “ئۆتۆ ستۆپ”ـەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانم بەرەو مەیامی بەجێهێشت و لەوێندەر لە ڕۆژی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٦١دا سواری دوایین فڕۆکە بەرەو هاڤانا بووم. لەوێ بەسەر “جیهانێک”ی سەربەخۆدا دەکەوم؛ گواتیمالی، ڤەنزەوێلی، ئەرجەنتینی، هەموویان بەرهەڵستکار و پەنابەری سەر بە وشکانی باشووری ئەمەریکان. لە کۆتایی شەش مانگدا بڕیاری گەڕانەوە بۆ فەڕەنسا و، بۆ کورسییەکانی خوێندن لە خانەی باڵای مامۆستایانمدا. لەو سۆنگەیەوە کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ڕۆیشتبووم، تەنها سەرزەنشتکرام بەبێ ئەوەی دەربکرێم، چونکە لە تاقییکردنەوەی بەشدارییکردندا یەکەم بووم و لەبەرئەوەی لەلایەن ژان هیپۆلیت-ـەوە، کە ئەوکات بەڕێوەبەری خانەکە بوو، پشتیوانیی کرام. تا ساڵی ١٩٦٣ لە پاریس مامەوە، پاشان بۆ ماوەی ساڵ و شەش مانگ بە دوو ناسنامەوە پاریسم بەجێهێشت؛ ناسنامەیەکیان ناسنامەی نوێنەری گۆڤاری “سەردەمە نوێیەکان” بوو کە ژان پۆڵ سارتەر سەرنووسەرێتی- ئەمەیش “ڕووماڵەکەم” بوو- ناسنامەی دووەمیش ناسنامەی دیسان نوێنەری گۆڤاری “ڕیڤۆلیسیۆن” بوو، کە ژان فرجیس سەرنووسەرێتی. بۆم ساغبووەوە کە ماویزم لە ئەمەریکای لاتین هیچ مانایەکی نییە و، تەنها ئەو شەڕە گەریلاییەی کە کاسترۆ سەرکردایەتی دەکات ئاییندەی هەیە- ئەوکات ئەم شەڕە گەریلاییە بە “فوکیزم” ناودێر دەکرا، واتە ڕێچکەی دروستکردنی مۆڵگەی شۆڕشگێریی زۆر و فرە. لە نێوان ڤەنزەوێلا و بەڕازیلدا ١٨ مانگم بەسەربرد لەپاش مانەوەیەکی کەم لە زیندان لە پیرۆ. بۆ خۆشبەختیی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵەکانی فەڕەنسا، کە هاوڕێی باوکمە، توانی لە زیندان ئازادم بکات. چەند ڕێکەوت و دیدار و دیمانە بە شوێن ئەوەدا هاتن باوەڕی شۆڕشگێڕیی بواری پێیاندا و، جۆرێکە لە برایەتیی بونیادنراو لەسەر بنەمای متمانە.

مارتان لو گرو: لەو ماوەیەدا، لە تاقییکردنەوەی لەباریی aggregationدا سەرکەوتوو بوویت؟

ڕیجیس دۆبرێ: بەڵکو لە یەکەمەکان بووم. کاتێکی زۆرم بە خۆئامادەکردن بۆ تاقییکردنەوە نەکوشت، ئەوەش ئاسوودەی کردم چونکە ئەوەی بۆ دەرخستم کە فەلسەفە شتێکی یەکجار بەدەر لە شۆخیی نییە و، دەرچوون تیایدا شیانی نییە ئەگەر لە قسەکانتدا چەمکێکت لێرە و دانەیەکت لەوێ خزاند. لەدوای ئەوە، پوختەیەکم دەربارەی ئەزموونی خۆم لە ئەمەریکای لاتین لە نێو دەقێکدا تۆمارکرد سارتەر و لانزمان لە نێو “سەردەمە نوێیەکان”دا بڵاویانکردەوە، ناونیشانەکەی بەم جۆرە بوو: “کاسترۆیزم: کاروانە دوورودرێژەکەی ئەمەریکای لاتین”، کە بە شێوازێکی باش تۆمارکراوە و پاڵپشتیلێکراوە.

لە کاتی سەردانیکردنیدا بۆ جەزائیر، دەقەکە بەر چاوی گیڤارا کەوت، ئیتر لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ کاسترۆ، کاسترۆ پرسیبووی: “ئەو فەڕەنسییە کێیە کە شتانێکی زۆر دەربارەی ئێمە دەزانێت؟”. بە سیفەتی شارەزا لە شۆڕشەکاندا بانگهێشتی “کۆنگرەی سێ کیشوەرەکە” (تریکۆنتیننتال)ی کردم، شارەزایش نەبووم. لێرەدا کاتێک بە خۆمم زانی بە پڕۆژە پیلانگێڕییەکانی ئەو قۆناغەوە پەیوەست بووم. لە ساڵی ١٩٦٧دا لە بۆلیڤیا شوێنپێی گیڤارام هەڵگرت و لەوێ هێزە چەکدارەکانی حکومەتی بۆلیڤیا دەستگیریکردم، حوکمدرام و بڕیاری سی ساڵ زیندانیکردنم بەسەردا سەپێنرا، لەپاش نزیکەی چوار ساڵ و بە هۆی گۆڕانی ڕژێمی فەرمانڕەوایی لە بۆلیڤیا و هەڵمەتێکی هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئازادکرام. دەربارەی پاڵنەرەکانم پرسیارم لێ دەکەیت؟ یاخییبوون لەو بۆرژوایەی کە لە سایەیدا لە دایک بووم، هۆگری خۆهەڵقورتان لە جیهان بووم، دڵنیایی ئەوەی کە ئەوروپا لە تەنگژەدایە و ئەگەر توانا و ئەگەر و شیانێک بۆ بونیادنانی سۆشیالیزمێکی بەکەڵک هەبێت، لە دەرەوەی هەردوو نموونە چینی و سۆڤیەتییەکەوە لە دایک دەبێت.

مارتان لو گرو: لە ئەمەریکای لاتین چ جۆرە چالاکییەکت کرد؟

ڕیجیس دۆبرێ: خۆم لەوە دەپارێزم کە لە نێو گۆڤارێکی فەلسەفیی پێشکەوتوو و بەکەڵکدا شتی پڕوپووچ باس بکەم. هەر کەس بابەتەکەی لا گرنگە دەتوانێت کتێبەکەم؛ “موبارەکبن سەرکردەکانمان” و بەشی دووەمی؛ “کاتی پێویست بۆ فێربوونی ژیان” لە بڵاوکراوەکانی گالیمار بخوێنێتەوە. بەکورتی، بیرۆکە سەرەکییەکە ئەوە بوو کە ئەوە کردارە کە هەلومەرجی بابەتیی بۆ سەرکەوتنی دروست دەکات و، ئەوەی کە گرنگە مرۆڤ فێری بەکارهێنانی تەقەمەنی و تەقاندنی “بازۆکا” {دژە زرێپۆش} ببێت. من لەسەر تەکنیکەکانی تێکۆشانی نهێنی مەشقی سەربازییم کرد، بەڵام ناچار نەبووم تەقەمەنی بەکاربهێنم. هەموو ئەو کارەی کە کردم گەڕان بوو بۆ دۆزینەوەی بڕێک شوێن و جێ کە بشێت شەڕی گەریلایی لە کیشوەری ئەمەریکای باشووردا بیانکات بە بنکە.

مارتان لو گرو: بۆچوونت سەبارەت بە کاسترۆ و ڕژێمی کوبا چۆن بوو؟

ڕیجیس دۆبرێ: ڕژێمی کوبا سەرنجمی ڕانەدەکێشا. لە نێو نووسینەکانی ئەو ماوەیەمدا هیچ سەنگاندنێکی ڕژێمی ناوخۆیی کوبا نابینیت، بە دڵنیاییەوە هیچ پەسەنددانێکیشی نادۆزیتەوە. ڕژێمی کوبا بە لای منەوە بنکەیەکی پاشین بوو، نەک نموونەیەک، ئەو قەڵایە بوو کە ئێمە لەوێوە لە دژی ڕژێمی ئیمپریالیی ئەمەریکای باکوور دەجەنگاین کە پشتیوانیی لە هەموو دیکتاتۆرییە سەربازییەکان دەکات. کاسترۆ پیاوێکی سەرنجبەر، ڕۆشنبیر و، گوێگرێکی چاک بوو. من و ئەو ڕێکنەکەوتین بەڵام ئەو بڕوای بەو کارە بوو کە دەیکرد. هاوڕێیەتییەکەمان بەربنەمای خواستی بەرپاکردنی شۆڕش بوو لە ئەمەریکای لاتین، ئەوە شتێکە گومانی تێدا نییە.

مارتان لو گرو: ئەی بۆچوونت دەربارەی چێ گیڤارا؟

ڕیجیس دۆبرێ: گیڤارا پێچەوانەی کاسترۆ بوو. هەرگیز خودان خوویەکی مامناوەند نەبوو. کەنارگیر و، خۆپارێز و، گۆشەگیر بوو، لە نێوان خۆی و ئەوانی تردا مەودا و نێوانی دەهێشتەوە.

مارتان لو گرو: زیندان ئەزموونکردنێکی ڕاستیی بوو؟

ڕیجیس دۆبرێ: با بڵێین ساتێک بوو لە ساتەکانی تێڕامان. دادگاییەکە گاڵتەجاڕیی بوو. لە زیندان، گەمەکردن کۆتایی دێت و کات بۆ قووڵبوونەوە لە شتەکان زۆر دەبێت. بوارم درا بخوێنمەوە. تەنها کتێبی سیاسی نەبێت. ئەوە قەدەغە بوو. ئیتر دۆن کیخۆت و تەوراتم خوێندەوە. لە زیندان فەڕەنسیبوونی خۆمم بۆ دەرکەوت. هەروەها بۆم دەرکەوت کە دواجار شۆڕش نیشتمانی من نییە. ناتوانرێت تایبەتمەندییەکان تێبپەڕێنرێن یاخود بازیان بەسەردا بدرێت، هەروەها پێموایە هەر کەس نیشتمانی خۆی جێنەهێڵێت ناتوانێت ببێتە نیشتمانپەروەر. بەهەرحاڵ، هەموو “ڕزگارکەران”ی ئەمەریکای لاتین، لە نموونەی سیمۆن بۆلیڤار و سان مارتان و میراندا و بێجگە لە ئەوان، لە پاریس شوناسی “لاتینی”ی خۆیان دۆزییەوە، واتە ئەو کاتەی کە دوورخرابوونەوە، بە واتای ڕیشەیی وشەی دوورخستنەوە، کاتێک کە لە ژینگەکانی خۆیان چوونە دەرەوە. لەم بارەیەیشەوە ئەوان وتەیەکی جوانی ڤیکتۆر سیگالین-یان بەسەردا ساغدەبێتەوە کە دەڵێت: “ناوەوە لە دەرەوە چاوەڕوانت دەکات”. هەر کەس دەرەوە ئاشنا نەبێت ناوەوە ناناسێت. دەرکم کرد لەو تێکۆشانە نیشتمانییانەدا کە بە ڕزگاریخواز ناودێر دەکرێن، دواجار بیانییەکان ژمارەیەک جەستەی نامۆن. ئەو سەرکۆنەکردنە سروشتییانەیەی کە سەرکۆنەی دەستوەردانی نیوکۆلۆنیالی یاخود کۆنەپارێزە نوێیەکان لە عێراق تا لیبیا دەکەم ئەوە سەرچاوەکەیەتی. ئێمە {ئێمەی خۆرئاوایی}، لەو سۆنگەیەوە کە پەلاماردەر و داگیرکارین، هەمیشە بۆڕ دەخۆین. بەکورتی، زیندان منی کردە سیاسەتوانێکی دیگۆلیی چەپڕەوی پەڕگیر. بۆ خۆیشم حەز بەو چەشنە هاوکێشە دژبەرانە دەکەم.

مارتان لو گرو: بەڵام هاوکات تۆ بیریاری داخرانی کۆمەڵەکان و گۆشەگیربوونیان و سنوورەکانیشیت.. تاکو لەوە تێبگەیت ئەو شتە چییە کە کۆمەڵێکی دیارییکراو یەکدەخات، پەنات بە چەمکێکی لە ماتماتیکەوە وەرگیراو کرد، چەمکی؛ “ناتەواویی”ی کۆرت گۆدیل (١٩٠٦-١٩٧٨). چیرۆکی ئەوە چییە؟

ڕیجیس دۆبرێ: گۆدیل بە هیچ جۆرێک سروشی پێمنەبەخشیوە. تەنها یارمەتیی ئەوەیدام بۆچوونەکانم بە چەشنێکی باشتر پێکبهێنم. ساڵانێکی زۆر بەدەم وردبوونەوە لە بەربەستەکان سەری خۆمم خوراند و، دەربارەی ئەفسانە دامەزرێنەرەکانی شارەکانم دەخوێندەوە و، لە “گۆڕەپانی سوور”ی پێشوو جگەرەم دەکێشا- لەو شوێنەدا جگەرەکێشان قەدەغەیە- یاخود لە زیندان گینگڵم دەدا. هەموو ئەمانە لەپێناوی ئەوەی پەی بەوە ببەم بۆچی کاتێک کە کرانەوەیەک بەرەو سەرەوە هەیە داخرانێک لە خوارەوە هەیە و، بەپێچەوانەوە. سۆفی گۆشەگیر دەبێت. کاتێک کە سنوورێک نیگار دەکێشیت یاخود پەرژین یان شورایەک دروست دەکەیت، “پەیکەر” templumێکت هەیە (“لە temnoی گریکییەوە هاتووە، واتە “پارچە”)، یاخود ڕووبەرێکت هەیە چوونە نێوی قەدەغەیە، بەپێچەوانەوە سزای مەرگت بەسەردا دەسەپێنرێت، واتە ڕۆمات هەیە. من سەدان نموونەی دیارییکراوم هەیە دەیانکەمە بەڵگە بۆت لەو شوێنەدا کە نیگارکێشانی سنوور لەگەڵ باڵابووندا جومگەگیر دەبێت و، دامەزراندنی دەربەستیی لەگەڵ دەستنیشانکردنی چەقێکی سەرەکی. لەپاش ئەوە تیۆرییەکانی گۆدیل ئاشنا بووم، کە وەک هەمووان دەزانن یەکجار ئاڵۆزن و، من خۆم لە کورتکردنەوەیان دەپارێزم، بەڵام تا ڕادەیەک ئەمە دەڵێت: “ناتوانرێت تێزەی (ت) دابمەزرێنرێت کە باسی یەکانگیریی سیستەمێکی دیارییکراو (ن) دەکات ئەگەر (ت) خۆی سەر بە (ن) بێت”. بەدڵنیاییەوە کۆمەڵ سیستەمێکی لۆژیکیی نییە، بەڵکو پێموابوو پێکهێنان لە باریدایە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان سنوور و پیرۆز بنوێنێت، ئەگەر بمانەوێت لە کورتی بببڕینەوە. کۆتاییگەرایی ڕووتەختە. ئێمە لە نێو شوێن و کاتدا سنووردارین. بەهەرحاڵ. لەکاتێکدا کە ناتەواویی هەڵتۆقیوە. لە دەرەوە بۆ ناوەوە پەلدەهاوێت. هەر ئەمەیە کە هێڵێکی ستوونیی بە هێڵێکی ئاسۆیی و، ئەوێ بە ئێرە و، سبەی، یاخود ڕابووردوو، بە ئێستاوە دەلکێنێت. سیستەمێکی جێگیر ناتوانرێت بەربنەمای خۆی دابمەزرێنرێت. ئاکار لەسەر بنەمای پێدراوەکانی ئاکار دانامەزرێنرێت، دەبێت هەمیشە هێڵێکی ستوونیی، پاڵنەرێکی یەکخەر هەبێت، یاخود دەبێت پێدراوێکی دەرەکی هەبێت تاکو هێڵێکی ڕیشەیی/یەکبوون پێکبێت. ئەم نوقسانییە بوونگەراییە وەک خەوش وایە بەڵام خەوشێکی بەرهەمهێنە. سەرچاوەی هێزی ئەو بوونەوەرە هەم ڕووەکخۆر و هەم گۆشتخۆرە، قنج و قیتەیە و، ئەوە ئەو خەوشەیە کە بۆ ئەوە پێکیهێناوە تاکو بە سەری بەرزەوە ڕێ بکات. ئەوەی کە بن هێزەکانی هەستکردن دەکەوێت هەواڵە بە خەف یاخود نادیارێک دەبێت واتای ڕاستەقینەی خۆی پێدەبەخشێت چ خواوەندێک بێت، یاخود پاڵەوانێکی دامەزرێنەر بێت، یاخود کۆمەڵی ناچینایەتی بێت، یاخود ئیمامی دوانزە و هتد… بێت.

لێرەدا ناتوانرێت باس لە تیۆرییەک بکرێت، وا شایانترە دەربارەی بەڵگەنەویست یاخود بنەما/ڕێسایەک بدوێین. هەروەها ناتوانرێت ئەوە لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕوونبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە قەوماوە مێژووییەکان بڕوانیت، وەک بەڵگەنەویستێک دەیبینیت. ئەگەر ژێدەرە پاکەکە یاخود سەرچاوە دوور لە گوناهەکە لابەریت، بونیادەکە لە بنەڕەتەوە دەتەقێتەوە. یەکێتیی سۆڤیەت، لەدوای داماڵینی تایبەتمەندیی پیرۆزیی لە لینین، نەیتوانی بە زیندوویی بمێنێتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایش زۆر تەمەن ناکات ئەگەر، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی پاکژکارانەی مێژووییەوە، پەیکەرەکەی لینکۆڵن لەسەر بڵندگۆکەی بەربێتەوە، یاخود ئەگەر دەربڕینی؛ “بڕوامان بە خودا هەیە”، لەسەر دۆلارە ئەمەریکییەکان نەمێنێت. ئایینی ئینجیلیی نیشتمانی و، خودای کۆنفیدراڵی، هەردووکیان توخمی پێوەلکاندنن و، ئەو هێزانەی کە ڕوو لە ناوەندن پێشگری لە بەرپابوونی شەڕی نەژادەکان و چینەکان دەکەن و، بواری پێکهاتنی مۆزایکێک دەدەن. ئەگەر فەڕەنسا بیر لەوە بکاتەوە بوار بە پیرۆزی کۆماریی خۆی بدات بتوێتەوە، ئەوکات بۆ بڕێک دەستە زاووزێ دەکات کە هەریەکەیان سەر بە پیرۆزیی تایبەتی خۆیانن و، بە هۆی ژمارەیەک یاسای گێڕانەوەیی پاڵپشتیی لێ دەکات. ئێمە کاتێک پیرۆز دەناسین کە بڕێک قەدەغەکردن و یاسای پێشگر هەبن، ئەمەیش ئەو شتەیە کە بەهایەکی سادەی پێویست نییە.

مارتان لو گرو: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ترسی گۆشەگیربوونی نەتەوەکانت نییە؟ لە نێو گوتارەکەیدا بەبۆنەی یەکی ئایار، مارین لو پین بەڵگەی بە تۆ دەربارەی سنوورەکان هێنایەوە کە دەڵێیت؛ “سنوورەکان بۆ دەوڵەت گرنگن وەک چۆن پێست بۆ هەر مرۆڤێک گرنگە”- لە کاتی سەرکۆنەکردنی ئەوە مەترسییەدا کە دەستبەرداربوون لە سنوورەکان و کۆچ لەسەر فەڕەنسا دروستی دەکەن. ئەم تەرزە لە تێگەیشتن لای تۆ چی دەگەیەنێت؟

ڕیجیس دۆبرێ: دەبوو ئەو کتێبەکە من؛ “ساتەوەختی برایەتی” بخوێنێتەوە، چونکە برایەتی پێچەوانەی نیشتمانی براییە. ئەوەیە خێزانێک لەوانەی کە خزم نین پێکبهێنیت. واتای گۆڕینی پەیوەندیی خوێن بە پەیوەندییەکانی واتا دەگەیەنێت. ئەوەیە کە بڵێیت نا بۆ بێچەندوچوونیی بایۆلۆژی. برایەتی لە بنەڕەتدا بیرۆکەیەکی کریستیانییە، وەک ئەو بیرۆکەیەکی کۆماریی نییە، بەڵکو سۆشیالیستییە. “خێزانی پیرۆز” خێزانێکی سەرلەنوێ پێکهێنراوە؛ کوڕەکە هەڵگیراوەیە و باوکەکە تەنها ناوبەخشێکە و هیچی تر، دایکەکەیش منداڵدانێکی خواستراوە بە “ڕۆحی پیرۆز”. بەم واتایەیش برایەتی بیرۆکەیەکی شۆڕشگێڕانە بووە، لە فێرکراوەکانی بنەچە و جینات خۆی دادەبڕێت. بەهەرحاڵ ئەوە شۆڕشی ١٨٤٨ـە کە خۆی لە ژێر سەرپەرشتیی “مەسیحی پڕۆلیتارییدا” جێ کردەوە.

من بۆ ئەوە بابەتی سنوورەکانم بزواند تاکو لە چوارچێوەیەک لە ڕێزلێنان لە شکۆ و تایبەتمەندییەکەیدا دڵنیایی بە کەسی بێگانە بدەم و، ئەوە وەبیر خۆرئاوای ئیمپراتۆریی بهێنمەوە کە مافی ئەوەی نییە لە هەر شوێنێک بوو لەم جیهانەدا وای دابنێت کە لە ماڵەکەی خۆیدایەتی. هەروەها دەتوانرێت بیرۆکەکە بۆ ئەوە بەکاربهێنرێت کە پێستێک بە بێگانەکە ببەخشرێت.

هەموو بیرە سەرەکییەکان قابیلی بەراوەژووبوونن. سنوورەکان، بەپێچەوانەی دیوارەکانەوە، تەنها لەو پێناوەدا جیادەکرێنەوە کە بە شێوازێکی باشتر بە شوێندا بێن، ئەوەی کە هیچ جیاوازییەک نەبێت واتا ئەوەی کە شوێنهەڵگربیت یاخود ژێرپێ بنێیت.

مارتان لو گرو: تۆ دەڵێیت؛ “ئایین ناهۆشیاریی سیاسەتە”. ئێمە ئارەزووی لەبیرکردنی ئەوە دەکەین. هەر بۆیە نەمانتوانیوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا تێبگەین.

ڕیجس دۆبرێ: ئایینیی، پاڵنەرێکی ڕێکخەرە و زۆر لەوە بەهێزترە کە وەک شتێکی کۆن لێی بڕوانرێت. هەر لەگەڵ سیستەمێکی باڵادەستیی لەبەریەکهەڵدەوەشێت دەسبەجێ بونیادە ژێرخانییە ئایینیی و کەلتوورییەکان بەئاگادێنەوە. ئەوەی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە ئۆکرانیا و هەروەها لە سەد شوێنی تردا ڕوودەدات تا ڕادەیەک ئەمەیە. ئێمە هیچ شتێک لە ئەوروپا حاڵی نابین ئەگەر هێڵی ڕیگا-سپلیت بسڕینەوە کە هەردوو جیهانی لاتینی و ئەرتۆدۆکسی لە یەکدی جیادەکاتەوە. لەوەتەی بەرەوڕووبوونەوەی نێوان کارۆلیجی و بیزەنتییەکان سنوورەکانی کەرتبوونەکە ڕەنگڕێژ بووە. ئێمە بیزەنتە پشتگوێ دەخەین، هەر بۆیە ناتوانین لە مۆسکۆ، ڕۆمای سێیەم، تێبگەین. لە “پەیمانگای نیشتمانیی کارگێڕیی” کلیلەکانی ئەم تێگەیشتنەمان دەستناکەوێت. دابەشبوون لە نێوان شیعە و سوننەدا، کە بە ئەندازەی مەترسیی دابەشبوونی نێوان کاتۆلیک و پڕۆتستانتەکانە لە سەدەی شانزەیەمدا، بابەتێکە پێویستی بە دەرزەنێک ساڵ هەبوو تاکو وەزارەتی دەرەوە دەستهەڵبگرێت و گرنگیی پێ بدات، بەڵام باوەڕی باو هێشتا بەربنەمای دوانەی دیکتاتۆرییەکان/مافەکانی مرۆڤە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چۆن دەتوانرێت بە پێوەرەکانی ژمێریار مامەڵەی وڵاتی چین بکرێت و، چاوپۆشیی لە تاو و کۆنفۆشیۆس بکەین؟ چۆن دەتوانرێت بەبێ زانینی بوزیزم و هندۆسیزم مامەڵەی هند و مالیزیا و بۆرما بکرێت؟ بەم دواییانە داوای ئەوەم کرد لە فێرگەی عەلمانییدا دۆخی ئایینیی فێربکرێت. ئەنجامەکەیشی شکستی کۆتایی بێزایەڵە بوو.. ئەوانەی کە لە وڵاتەکەماندا بە بڕیار بەدەستان ناودێر دەکرێن لە بەیانی تا ئێوارە ڕۆژنامەکان دەخوێننەوە و بە هەواڵەکان مەست دەبن. پێتان سەیرە کە هەنگاوێک یاخود دوو هەنگاو لە کاروانی شتەکان بەجێمابن. هێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە نەخشەی کەلتووریی گۆی زەوی چی تر لەگەڵ نەخشە سیاسییەکەیدا ڕێکنایەتەوە.

مارتان لو گرو: لە ساڵانی پەنجادا فێرگەیەکی هزریی نوێت دامەزراند کە زانستی میدیا (میدیۆلۆجیا)یە و بایەخ و گرنگیی بە سیستەمەکانی پەیوەندیی و شێوەکانی ڕێکخستنی دەستەیی و باوەڕەکان دەدات.

ڕیجیس دۆبرێ: میدیۆلۆجیا گرنگیی بەو ئەڵقانە دەدات کە بوار بە هەڵکشانی بیرۆکەیەکی پەتی ڕووەو ناوەند یاخود شوێنی هێز دەدەن. مارکس بایەخی بە زانینی ئەوە نەدا چۆن بیرۆکەیەک دەشێت بگۆڕێت بۆ هێزێکی ماتەریالی. {لای مارکس} ڕاستەقینە بۆیە خۆی دەسەپێنێت چونە ڕاستەقینەیە. “پەڕاوە مارکسییە لینینییەکان” لە “خانەی باڵای مامۆستایان” لەسەر بەرگەکانیان ئەم ئاماژەیەیان لەخۆگرتبوو؛ “مارکسیزم مەزنە لەبەرئەوەی دروستە” واژۆ: لینین. ئەمە شتێکی سامناک بوو بەڵام واتادار بوو. سەبارەت بەم ڕشتەیە لە ماتەریالیزمی مێژوویی، ژێرخان لە خوارەوەیە، لە نێو بەرهەمهێنانی ئابوورییدا، نەک لە سەرەوە کە بوارە سەمبولیکییەکە هەیە. میدیۆلۆجیا کاری خۆی بەربنەمای یاخییبوون دەستپێدەکات چونکە کۆشش بۆ ئەوە دەکات ئەو دیوارە بڕمێنێت کە مرۆڤایەتیی کۆن و ڕێکخستنی ئەکادیمی لە نێوان خود و بابەت، ڕۆحیی و ماتەریالی، خانەدان و دڕندەدا، دایمەزراندووە. بەڵام ئامانجەکە مارەبڕینی مرۆڤە لە ماشێن یاخود ئامێر و، سەپاندنی تەکنەلۆجیایە بەسەر کەلتوور و کەلتوور بەسەر تەکنەلۆجیادا. ئێمە لەگەڵ شۆڕشی دیجیتاڵییدا پەیتا پەیتا هەست بەوە دەکەین کە مەودای میدیایی سیستەمی گواستنەوە و لە هەمان کاتدا سیستەمی بەهاکانیشە. کاتێک کە لە بواری نووسینەوە دەچینە بواری ڤیدیۆ و، لەوێندەریشەوە بۆ بواری دیجیتاڵی، نە هەمان ئامێر و نە هەمان ئەقڵییەت و نە هەمان بەها، بە دەستمانەوە دەبینین. ئەگەر ئەو ئامرازانە نەبوونایە بوونەوەری زانا نەیدەتوانی بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەبێ تەکنەلۆجیایش بیرۆکەی پێشکەوتن هیچ مانایەکی نامێنێت. لەپاش مشار یاخود بڕەری کارەبایی داربڕ ناگەڕێتەوە بۆ تەور، من و ئێوەیش، لەدوای تەلەڤیزیۆنی ڕەنگاوڕەنگ، ناگەڕێینەوە بۆ تەلەڤیزیۆنی ڕەش و سپی. بەڵام لەپاش مارکس و لینین دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سیریل و میسۆد، ئەو دوو وەلی و پیاوچاکەی کە کریستیانیزمیان لە نێو گەلانی سلاڤییدا بڵاوکردەوە. سوپاس بۆ ئەندازیارەکان. بژی پۆلیتەکنیک و فێرگەی پرد و خەنەقەکان. کێشەکە ئەوەیە کە پێویستە نوێ بەرهەمبهێنرێت و هاوکات سەرلەنوێ کۆنیش بەرهەمبهێنرێتەوە ئەگەر بمانەوێت بۆ دوورمەودا بەردەوامبین. دەبێت شارەزای داهێنان بین و هاوکات بزانین چۆن میراتگریی دەکەین. “سیستەم و پێشکەوتن” ئەو دروشمەیە کە لەسەر بەیداخەکەی بەڕازیل بەرزکراوەتەوە. پێموایە ئەو وڵاتە، واتە بەڕازیل، بەرهەمی زۆر و فرە دەبێت، چونکە، درێغ، ئەو لە ئێمە باشتر ئۆگۆست کۆنتی لە بیرە.

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: