ڕەهەندەکانی ئیتنۆلۆجی لە هونەری شێوەکاری هاوچەرخدا

1607
0
بڵاوکردنەوە:

شیروان خان

لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین باس لە پەیوەندی زانستی ئیتنۆلۆژی لەگەڵ هونەری شێوەکار لە خۆرئاوا بکەین و رونی بکەینەوە کەچۆن ئەم پەیوەندییە کاریگەری راستەوخۆی  لەسەر پرۆسەی خۆتازەکرنەوە و ڕەخنەگرتن لە کۆی پرۆسەی هونەری شێوەکاری هەر لە سەرەتاکانی دروستبوونی هونەری کلاسیکی مۆدێرن تا هونەری هاوچەرخ  هەبوە.

سەرەتاكانی ئەو کاریگەرییانەی ئیتنۆلۆژی لەسەر هونەی شێوەکاری لەسەرەتادا ناساندنی کولتورەکانی دەرەوەی خۆرئاوا بو لە رێگەی گەشتە زانستییەکانی هونەرمەندان لەسەرەتای سەدەی نۆزدە لەگەڵ توێژەرە ئیتنۆلۆژەکان بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەفەریقا ئەمەریکای باشور. ناساندنی ئەم کولتورە جیاوازانە چەندین فۆرمی نوێی”نامۆ“ی بە هونەری کلاسیکی مۆدێرن ناساند ،بەتایبەتی  سوریالییەکان. بەڵام لەدوای شەشتەکانەوە کاریگەرییەکە بە تەنها ئەوە نەبوو کە ناساندنی فۆرمی “نامۆ” ببێت بە بەشێك لە  هونەری شێوەکاری، بەڵکو ناساندنی کولتورەکانی دەرەوەی خۆرئاوا وەک کولتوریکی جیاواز و خاوەن دیدێکی تر ببێت بە بەشێك لە  هونەری شێوەکاری. ئەمەش كارێكی وایكرد لەدوای پرۆسەی گلۆبالیزمەوە کلتورەکانی تر لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی هونەر بەشداربن و پەراوێز نەخرێن.

هونەری شێوەکاریی مۆدێرن لە خۆرئاوا هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە وەک هونەرێکی یونیڤێرساڵ (1) خۆی ناساندووە و، وەک کۆتایی مێژووی هونەری شێوەکاری جیهانيش خۆیبینیوەتەوە، کە لە هونەری گریکی دێرین تا رێنیسانس و هونەری کلاسیکی مۆدێرن بەردەوامبووە. ئەمەش مێژووی هونەری خۆرئاوا وەک پرۆسەیەکی داخراو و تەواوکەری یەکتر دەبینێت و لەناو مێژووی هونەری خۆشیيەوە گەشە دەکات و خۆشی وەک جیهانێکی سەربەخۆی خاوەنی سیستەمێکی تایبەت بە خۆی  دەناسێنێت. ئەم دیدە هونەرییە تا دوای جەنگی جیهانی دووەم وەک دیدێکی  سەرەکی نەک  تەنها لە وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمەریکا، بەڵکو لە ناو کولتوورە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆرئاواش دووبارە بەرهەمهێنرایەوە. ئەم پرۆسەیە  هۆکاریکيشبوو کە هونەری شیوەکاری کلتورەکانی تری دەرەوەی خۆرئاو بەهەندوەرنەگيرێت و پەراوێز خرێت.

.

وشەکلیل:

ڕەهەند، ئیتنۆلۆژی، هونەری هاوچەرخ

رەهەند: (دوری، Dimension) لێرەدا مەبەست لەو دیدگەیەیە ئیتنۆلۆژی لەناو هونەری شێوەکاردا دروستیکردوە.

ئیتنۆلۆژی: ئیتنۆلۆژی (Ethnology)، یان رەچەڵەکناسی، لقێكە لە زانستە مرۆڤايەتييەكان و، ريشەی ئەم  وشەیەش لە وشەی (ethnos) ی یۆنانیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئیتنۆلۆژی، یان رەچڵەکی گەلان، زانستێکە كە لە مێژویی گۆڕانکاری کۆمەڵایاتی و لە تایبەتمەندییە زمانەوانی و کولتووری و نەژادییەکانی گەلان دەکۆڵێتەوە ، لە سەرەتادا لەگەڵ دروستبوونی سەردەمی کۆلۆنیالیزم سەرهەڵدەدات و توێژەرە ئیتنۆلۆژەكانیش لە ڕێگای گەشتە  زانستییەكانيانەوە، زانیارییان لەسەر ئەو میلەتانە کۆدەکردەوە كە سەردانيان دە كردن .( Krischke1985: S 7)

هونەری هاوچەرخ: چەمکی هونەری هاوچەرخ contemporary art (هونەری ئێستا) بەشێوەیەکی گشتی زیاتر بەو ستایلە هونەریانە دەوترێت لەدوای ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیست دەرکەوتن و خۆیان لە هونەری مودێرنە جیادەکەنەوە. هونەری هاوچەرخ پەیوەندی بەچەمک و ستایل و ماتریالێ کاری هونەریەوە نیە و خۆشیان بە ستایلێکی یان کۆنسێپتێکی هونەری دياريكراوەوە نابەستننەوە. یەکێک لەو جیاوازیانەی کە هونەری هاوچەرخ لەگەڵ هونەری مۆدێرنەدا هەیەتی، ئەم هەوڵیدا خۆی لەگەڵ دیسیپلینە زانستیەکانی تر نزیک بکاتەوە بە میتۆدی ئەوان کاربکات، لەهەمانکاتدا هونەر زیاتر بە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی گرێ درایەوە. ) (Butin 2006: S

 

تەوەری یەکەم: رەهەندەکانی ئیتنۆلۆژی ( ئیتنۆلۆژی بەپیی لیڤی شتراوس و میشێل فوکۆ)

زاراوەی ئیتنۆلۆژی Ethnology ئاراستەیەکی ناو ئەنترۆپۆلۆگیە Anthropology كە لەسەدەی هەژدەدا بۆ شیکاریکردنی خەسڵەتە جیاوازەکانی کولتورە جیاوازەکان و پەیوەندی نێوانیان سەریهەڵداوە.( Krischke1985: S 7) توێژەرە ئیتنۆلۆژەكان، لەڕێی گەشتی زانستییەوە دەچوونە وڵاتانی دەرەوەی خۆرئاوا و زانیارییان لە سەر كولتوورەكانيتر كۆدەكردەوە، بەڵام ئەو توێژەرانە لەڕێی ئەزموونی زانستی پێشوەختی ناو کولتوری خۆیان لێكۆڵینەوەكانیان کردووە نەك لەرێی تێكەڵبوونیان لەگەڵ کولتوری ئەو شوێنەی لێکۆڵینەوەکەیان لەبارەوە کردووە. بۆیە ئەم بەریەككەوتنە لە سەرەتادا لەگەڵ کولتورەکانی تر شێوەیەكی پاسیڤ وەردەگرێت، بەڵام ئیتنۆلۆژی لەگەڵ دەرکەوتنی کۆلۆنیالیزم ئاراستەیەکی تەواو کۆلۆنیالیستی وەردەگرێت. ئەمەش وادەکات كولتووری خۆرئاوا خۆی وەك کولتورێكی نێوەندی و دەرئەنجامی كۆتایی مێژووی مرۆڤایەتی ببینێت و کولتورەکانی دەرەوەی خۆشی وەك بەشێک لەو مێژوە سەیربکات. كاتێك توێژەرە ئیتنۆلۆژەکان باس لە کولتورەکانی تر دەكەن، ئەو کولتورانە وەك کولتورگەلێکی نامۆ، كێوی یان سەرەتایی ناودەبەن. بەڵام ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا كاری لەسەردەکەین ئیتنۆلۆژی ستروكتورالیستییە کە لەسەردەستی كلود لیڤی شتراس و میشێل فوكۆ گەشەیکردوە، لە دوای شەستەکانەوە وەرچەرخانێکی نوێی بەسەر ئیتنۆلۆژیدا هێناوە. هەروەها ئەو گۆڕانکارییەی هاتۆتەسەر توێژینەوە ئیتنۆلۆژیەکان و کاریگەریان لەسەر هونەری شێوەکاری لە دوای شەستەکانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەجێهێشتوە.

ئاماژە بۆئەوە دەكەين كە لیڤی شتراوس (Claude Lévi-Strauss) لە گەشتەکانی بۆ کولتورەکانی دەرەوەی خۆرئاوا، بەتایبەتی لێكوڵینەوەكانی لەسەر وڵاتانی ئەمەریكای باشور، بە دیدێكی جیاوازتر لە ئیتنۆلۆژەكانی پێشخۆی كاریکردوە. شتراوس لەم بەریەکكەوتنەی لەگەڵ کولتورەكانی تر، کە بە کولتورگەلی سەرەتایی ونامۆ ناودەبران، نەدەگەڕا بەدوای دۆزینەوەی مێژوویەكی كۆن یان ونبووی تایبەت، كە لێکۆڵەرەوە ئیتنۆلۆژەکانی پێشخۆی لەسەر ئەو کولتورانە دروستیان كردبوو، بەڵكو دەیویست لەناو جیاوازییەكانی ئەوجۆرە کولتورانەدا پەیوەندیەکان بدۆزێتەوە. لە كتێبی “هزری کێوی” (The Savage Mind) ١٩٦٢دا شتراوس بەڕونی باس لە جیاوازی نێوان هزری زانستی خۆرئاوا و هزری ئەفسانەیی کولتورەکانی تر دەكات كە دوو پرۆسەی ئەقڵین و هەردووكیشیان کار لەسەر سیستەمێكی تایبەتی بەخۆیان دەکەن، نەک وەک ئیتنۆلۆژەکانی پێش شتراوس کە پێیانوابوە هزری زانستی خۆرئاوا شێوەیەكی پێشكەوتووتری هەیە لە هزری ئەفسانەیی یان جادووگەرایی کولتورە ‌غەیرە خۆرئاوایەکان. “جادوو و زانست دوو جۆری زانینن کە لەڕووی سەرئەنجامە تیۆری و پراكتیكییەكانیانەوە بە یەكتری یەكساننین، بەڵام ئەم نایەكسانیەیان جۆری پرۆسە ئەقڵییەکان ناگرێتەوە كە پێشمەرجی هەردووكیانن و كەمتر بەگوێرەی سروشتیان لە یەكتری جیاوازن، بەڵكو بەهۆی ئەو تەرزانەی دیاردەوە لە یەكتر جیادەبنەوە كە ڕوویان تێدەكەن” (Lévi-Strauss 1968: S 25 ) جیاوازییەكە لای شتراوس ئەوەیە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی هزری زانستی لە خۆرئاوا لەناو مێژووی چەمکە زانینیەکانی خۆیەوە سیستەم دروستدەکات، بەڵام هزری جادوویی لەناو ڕووداوە ڕۆژانییەكانییەوە لەگەڵ بیرەوەری کۆی سیستەمەکە زانین دروستدەكات. كەواتە ئەم دوو جۆرە هزرە هەردووكیان بە جۆرێكی جیاواز سیستمێك بەرهەمدێنن. لێرەوە کولتورەكانی تر لای شتراوس وەك کولتورێکی سەرەتایی سەیرناكرێن، چونكە ئەوانیش هزرێكی سیستەماتیك بەرهەمدێنن و، لە شوێن و کولتوری خۆیاندا تێڕامانیان لەگەڵ دەورەبەری خۆیاندا هەیە و لێكۆڵینەوە دەكەن. بەمجۆرە شتراوس ئەو دیدە کۆنە هەڵدەوەشێنێتەوە كە هزری زانستی خۆرئاوا خۆی بە تاكە سەرچاوەی بەرهەمهێنەری زانین ببینێ و کولتورەكانی تر وەك هزرێکی نازانستی تەماشابکات بەواتایەکی تر شتراوس ئەو مەودایەیی لێکۆڵینەوەکانی پێش خۆی لەگەڵ کولتورەكانی دەرەوەی خورئاوادا دروستیانکردبو دەسڕێتەوە و، ئەم کولتورەش وەک کولتورێکی نامۆی دەرەوەی خۆی سەیری ناکات، بەڵكو وەك پێگەیەكی کولتوری جیاواز لە دەرەوەی خۆی دەیبینێت. هەروەها هزری زانستی خۆرئاواش بە تەنها بەرهەمهێنەری ڕاستی یونیڤێرساڵ دانانێت، بەڵکو هەموو کولتوریك توانای بەرهەمهێنانی ڕاستییان هەیە. بەمشێوەیە، هەر بونیادێك بۆ ڕاستی دەبێت لەناو ئەو پەیوەندییە سیاسی، کولتوریی کۆمەڵایەتییەی كە تێیدا بەرهەمهاتووە بخوێنرێتەوە. (Foucault 1996: S 178)

یەكێكی تر لەو گوڕانكارییانەی هاتەسەر ئیتنولۆژی لەژێر کاریگەری نووسینەکانی میشێل فوكۆ (Michel Foucault) دابوو. جیاوازتر لە شتراوس، فوکۆ پێی وایە دیدی ئیتنۆلۆژی بۆ کولتورەکانی تر، دیدێک نییە بە تەنها لە ڕێی مامەڵەكردن لەگەڵ کولتورەكانی دەرەوەی خۆرئاوا دروستبوو بێت. فوکۆ دەیەوێت بونیادی دروستبوونی ئەو دیدانە بۆ کولتورەکانی تر لەناو مێژووی هزری ڕاشنالێتی (ئەقلگەرایی) خۆرئاوادا بدۆزێتەوە. دروستبوونی وێنەی کولتورەکانی تر، ” واتە ئەوی تر”، لەناو ئیتنۆلۆژیدا بە تەنها دیدێك نییە كە بۆ کولتورەكانی دەرەوەی خۆرئاوا بەرهەمهاتبێت، بەڵكو ئەم پرۆسەی خۆجیاکردنەوەیە لەناو دیدە جیاوازەکانی خودی مێژووی کولتوری خۆرئاوا ئامادەیی هەیە کە بەردەوام لە ڕێی هزری ڕاشناڵێتییەوە سەركوتكراون. فوکۆ لە لێكۆڵینەوەكانی لەسەر مێژووی دروسبوونی نەخۆشخانەی دەروونی و بەندیخانەكان، دەیەوێت مێژووی دروستبوونی دەسەڵاتی زانین لە بوارە جیاوازەكانی زانست لە خۆرئاوادا بخاتەڕوو. هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی مێژووی هزری ڕاشناڵێتی دەدات كە خۆی وەك تاكە هزرێكی یونیڤێرساڵ دەبینێت. بەبۆچونی فوکو مێژووی دروستبوونی هەر کولتورێک دەبێت لەگەڵ دروستبوونی مێژووی سیاسی و دەسەڵاتەکەی جیانەكرێتەوە. (Foucault1996: S 178) بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێین لای شتراوس ئیتنۆلوژی وەك لێكوڵینەوە لەسەر کولتورەکانی تر دەمێنیتەوە، بەڵام کولتورەکانی تر وەک کولتورێکی جیاواز دەبینێت. لای فوکۆ دیدی ئیتنۆلۆژی دەگەڕێتەوە ناو خودی کولتوری خۆرئاوا کە وێنەی ”ئەوی تر” لەناو مێژووی دروستبوونی کولتوری خۆیدا دەدۆزێتەوە، بەمجۆر ئیتنۆلۆژی دەبێتە میتۆدێك بۆ لێكۆڵینەوە لەخودی کولتوری خۆرئاوا. (Schott1997: S 155)

ئەگەر ئێمە لەم توێژینەوەیەدا بە دیدی فوکۆ لەناو ئیتنۆلۆژیدا باس لە هونەری خۆرئاوا بكەین، دەبێت پێشوەخت لە دروستبوونی مێژوویی هونەری خۆرئاوا بكۆڵینەوە لە پەیوەندی لەگەڵ مێژووی سیاسی و دەسەڵاتی خۆرئاوا. “كێشەكە بەڕوونی ئەوەیە کە بۆمان یەکڵابێتەوە چ كاریگەرییەكی دەسەڵات لەنێو گۆتە زانستی و ئیشە هونەریەكانماندا لە گۆڕێدان. ئەمەش بەومانایە دێت کە ڕێكخستنەوەیەكی نوێی دیسكۆرس لە هونەردا سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و سەرجەم  ئوسەمبلی پراكتیكەكان لە هونەردا كە دەسەڵات زامن دەكەن، بخرێنە ژێر پرسیارەوە. گومانی ناوێت كە هونەر شوێنی ئازاد و ڕاستی و ڕەهای نییە، بەڵكو هونەر پراكتیكێكە بەڕیزێك دامەزراوە و پێویستی سیاسی و، ڕێسای كۆمەڵایەتی و میكانیزمی ئابورییەوە بەندە کە بەبێ ئەوان بوونی نیە”  (Weibel 2004: S 141)

تەوەری دووم:  ئیتنۆلۆژی و هونەری شێوەکاری مودێرن

یەکێک  لە دیدە سەرەکییەکانی هونەری شێوەکاری مۆدێرن ئەوەبوو کە  سنوورەكانی ‘هونەر’ و ‘نا-هونەر’ تێپەڕاند و،  ئەمەش هۆکارێک بو کە هونەر لە پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی و دیسیپلینە زانستییەکانی تر بەردەوام خۆینوێكاتەوە. دەکرێت بەشێوەیەکی تر بڵێن کە، هونەری مۆدێرن بەبێ دیسپلینە زانستیەکانی تر ئەستەم بوو ئەم گەشەکردنە بەخۆیەوە ببینێت. ئەم پەیوەندییەی هونەری شێوەکاری بەتەنها لەگەڵ ئیتنۆلۆژیدا نەبووە بەڵکو لەگەڵ بەشەکانی تری زانستدا بووە لەوانە بواری دەروونناسی و بابەتی ”نەست” (نائاگایی) لەوبوارەدا.

بەشێوەیەکی جیاوازتر لە ئیتنۆلۆژی، لێکدانەوەی دەرووناسیانە بۆ ”نەست” وەک دۆزینەوەی جیهانێکی نوێ بەرامبەر بە کولتوری ئاگایی دەرکەوت. ئەم دوو بابەتەی ناو ئیتنولۆژی و دەروونناسی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر مێژووی هونەری شێوەکاری مۆدێرن هەبووە بەتایبەتی لای سوریالییەکان. تێزەكانی سگمۆند فرۆید لەسەر جیهانی ”نەست”کاریگەری زۆر لەسەر هونەرمەندانی سوریالی هەبو، وەک ئەندریە بیرتۆن André Breton ، سلڤادۆر دالی  Salvador Dalí  و ماکس ئیرنست Max Ernst. (فۆتۆ.  ١، ٢ ). هەرلەم بارەیەوە بریتۆن دەڵیت: “من بڕوام بە توانەوەی ئەو نیوەندە دروستکراوەی نێوان خەو و ریالیتی لەناو ریالتییەکی رەهادا هەیە” (Bretont 1976: 21) بەڵام جگە لە گرنگیدان بە جیهانی نەست هونەرمەندە سوریالییەکان لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ لێکۆڵەرەوە ئیتنۆلوژەکانی سەردەمی كولونیالیزم، وەک: هونەرمەند هێنری روسۆ Henri Rousseau (فۆتۆ. ٣). لەو سەردەمەدا  هەندێک لە وڵاتان ببوونە شوێنی لێكوڵینەوەی هەندیک بواری زانستی لەوانە:  بۆتانیك، ئەنترۆپۆلۆژی، ئیتنۆلۆژی و زۆربەی ئەو گەشتە زانستییانەش  لێکۆڵەرەوەکان بۆ وڵاتانی تر دەیانکرد هونەرمەندانیان لەگەڵدابووە کەلەوێدا دۆکۆمێنتی گەشتەکانیان دەکرد. لەهەمانكاتیشدا زۆرێک لە مۆزەخانەكانی خۆرئاوا بەرهەمە هونەرییە جیاوازەکانی کولتورەكانی تریان نمایشدەکرد. نمایشکردنی ئەم كارە جیاوازانە لەوکاتەدا بۆ هونەرمەندە خۆرئاواییەکان خۆی لە خۆیدا نمایشکردنی چەند پێگەیەكی جیاوازتربو لە مێژوویی ئێستێتیكی هونەری خۆرئاوا . (Klengel 1994: S 216)

گرنگی بەریەکەوتنی هونەری مۆدێرن لەگەڵ فۆرمە هونەرییەکانی کولتورەکانی تر پێگەیەکی ئێستێتیكی جیاوازتری لە مێژووی ئێستێتیکی هونەری مۆدێرن نمایشکرد. لێرەوە هونەرمەندانی خۆرئاوا بونە هەڵگری دیدێکی ئێستێتیکی نا-ڕەها (رێژەیی) جیاواز لەوەی هونەری مۆدێرن بانگەشەی بۆدەکرد. ئەم بەریەککەوتنەش لەگەڵ کولتورەکانی تر وایکرد هونەرمەندانی خۆرئاوا لە دەرەوەی پێگەی کولتوری خۆیانەوە سەیری هونەری مۆدێرن بکەن.

 

سوریالییەکان:   

دەرکەوتنی مانیفێستی سوریالییەکان لە ١٩٢٤(٣) (فۆتۆ.٤) رەخنەیەك بوو لە مێژووی هزری ڕاشنالیتی کولتوری خورئاوا. ئەمەو سوریالییەکان تەنها گرنگییان بە بابەتەکانی نەست و خەو و ئەفسانەی نەدا، بەڵكو گرنگیان بە کولتوری وڵاتانی دەرەوەی خۆرئاواشدا كە تا ئەو ساتە وەك کولتورێكی سەرەتایی (Primitive) سەیردەكرا. خۆی لەخۆیدا مانیفێستی سوریالییەکان ڕەخنەگرتن بوو لە دیدی سەنتراڵیزمی (نێوەندگەرایی) ئەوروپی كە لە سیاسەتی كۆلۆنیالیزمدا خۆی دەبینییەوە. بەڵام بەشێک لە هونەرمەندە سوریالیە شێوەکارەکان لەسەرەتادا لەژێرکاریگەری ئەم دیدەدا بون وێنەی کولتورە نا خۆرئاوایاکان لە كارە هونەریەكانیاندا وەك دیاردەیەکی نامۆ پێشاندەدرا. ئەمەش بەئاشکرا لە کارەکانی هێنری روسۆ و ماکس ئێرنست دەبینرا.  بەڵام کێشەکە ئەوە بو ئەم هونەرمەندانە لەسەرەتای بیستەکان لە پاریس کە وێنەیان لەسەر کلتورەکانی تر بەرهەمیان دەهێنا، ئەو وێنانە لە خەیالی ئەو هونەرماندانەوە بەرهەمدەهات نەک ئەم هونەرمەندا لەوڵاتەکانی تردا ژیابوبێتن، بۆیە ئەم وێنانە زۆر کات  کلتورەکانی تری وەک نامو و سەیر وێنادەکرد. (Klengel 1994: 39)

لە ١٩٢٩ میشایل لێرس (Michel Leiris) لە دوای هاتنەدەرەوەی لە گروپی سوریالییەكان وەك ئیتنۆلۆژیک چەند گەشتێکی زانستی بۆ ئەفەریقا ئەنجامدەدات و، بە دیدێکی ئۆبژێکتیڤانە یان زانستییانە لێکۆڵنەوەکانی ئەنجام نەدەدا، بەڵکو وەك هونەرمەندێک خۆی  لەناو پرۆسەی لێکۆلینەوەکاندا دەبینێتەوە. ئەم پەیوەندییە هونەرییانەی لێرس لەگەڵ ئێتنۆلۆژیادا، والەم هونەرمەندە دەکەن بە دیدێکی هونەری و زانستی جیاوازتر کاربکات و دەرگا لە سنورەکانی هونەر لەبوارەکانی تری كۆمەڵگا بکاتەوە. واتە لیریس ئامانجی ئەوە بو کە هونەر تەنها بە كێشە ناوەكییەكانی خۆیەوە سەرقاڵنەبێت، بەڵكو لەگەڵ بەشە زانستییەكانی تر لە پەیوەندابێت و ریالیانەتر (واقعیانەتر) رەفتاربکات. لێرەوە تێگەیشتن بۆ هونەر گۆڕا و هونەریش لە پەیوەندیدابو بەجیهانی دەرەوەی خۆی. بەواتایەکی تر تێگەیشتن لە هونەر تەنها بە جیهانی خودی هونەرەوە پەیوەست نییە، بەڵكو هونەر لەگەڵ كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا لە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆدایە.

 

 تەوەری سێەم: هونەری شێوەکاری هاوچەرخ

چەمکی هونەری هاوچەرخ contemporary art (هونەری ئێستا) روونکردنەوەی کەمێک ئالۆزە و تێکەڵبوونێکی چەمکیانەی لەگەڵ هونەری مۆدێرنەدا هەیە. چونکە هونەری مۆدێرنە بەشێوەیەکی گشتی لە ۱۸۷٠ دەستپێدەکات و خۆی بە هونەری سەردەم دەزانی و خۆیشی لە پرۆسەیەکی دانەخرا و بەردەوامدا دەبینێتەتەوە. ئەم پرۆسەیە کە تا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیست بەردەوام دەبێت تا ئەو دەمەی دێاردەیەکی تر سەرهەڵدەدات کە هەندێک لە مێژووناسان ناوی دەنێن پۆست مۆدێرنە. لەگەڵ ئەو نزیکایاتیەی هونەری هاوچەرخ هەیەتی لە گەڵ هونەری مۆدێرنە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی چەمکی هونەری هاوچەرخ  بۆ ئەو شێوازە هونەریانە بەکاردێت کە لە دوای ساڵانی ٦٠ کانەوە دروستبوون و خۆیان لە هونەری مودێرنە جیادەکەنەوە بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە بۆ هەندێک لە تێۆریزەکەرانی هونەر تا ئێستاش بە پرسیارێکی کراوە ماوەتەوە.

بەم پێیە ئەو وەرچەرخانە هونەریەی سوریالییەکان هێنایانە سەر دیسکۆرسی هونەری، كاریگەری گەورەی لەسەر هونەری شێوەکاری هاوچەرخ جێهێشت، بەتایبەتی لە هونەری كونسیپت Concept Art . هەڵبەتە کۆنسێپت ئارت بەشێوەیەكی راستەوخۆ خۆی لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و زانستی و سیاسیەکاندا دەبینیەوە. بەپێی کۆنسێپت ئارت بێت، تێگەیشتن لە هونەر نابێت لەو سیستەمە کومەڵایەتی، کولتوری، سیاسی و ئابوورییەی كە ئەو هونەرەی تێدا بەرهەمهاتووە، جیابكرێتەوە و، کاری هونەریش پەیوەندی بە شوێن و كۆنتێكستی بەرهەمهێنانەكەیەوە هەیە. بەم شێوەیە بابەتە هونەرییەکان دەچنە ناو شوێنە گشتیی و دامەزراوەكان و زیاتر لەگەڵ ژیانی رۆژانەدا لە پەیوەندیدا دەبن.

 

جوزیف کوسوت

جوزیف كوسوت Kosuth Joseph یەكێكە لەو هونەرمەندە سەرەكییانەی کە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر دروستبوونی كونسێپت ئارت لە بەریتانیا و ئەمەریكا هەیە. لای كوسوت هونەر  شیوازێکی كاركردنە وەك هەموو شێوازە زانستیەکانی تر (فەلسەفی و رامیاری یان ئیتنولۆژی). کوسوت دەیەویست پێگەی هونەر لەناو ژیاندا بەهێز بكات و، هونەر بە شێوازێکی تر و راستەوخۆتر لەگەڵ كێشەكانی کۆمەڵگادا مامەڵەبکات. بەم پێیە ئەم هونەرمەندە دەیەوێت لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی هونەردا وەك لێكۆڵەرەوەیەك كاربكات.

لە ١٩٧٣ بو ١٩٧٤ كوست ئەنترۆپولۆژی كولتوری دەخوێنێت و لە ساڵی ١٩٧٥ ش لەو تێکستەی لە ڕۆژنامەی فۆکس „The Fox“ بە ناوی هونەرمەند وەک ئەنترۆپۆلۆگ The Artist as Antropologist  بڵاوی کردەوە هونەرمەند وەك ئەنترۆپۆلۆژێک دەبینێت. بە پێی كوسوت هونەر دەبێت بو پێداویستییەكانی هوشیاری كۆمەڵایەتی كاربكات وەك لێكوڵەرەوەیەك یان وەك ئەنتروپۆلۆژێك لەناو کایە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکاندا پێگەیەکی بەهێزی لە واقعدا هەبێت. بەڵام کۆسوت جیاوازی لە نیوان هونەرمەند وەك ئەنتروپۆلوژ و میتۆدی زانسی ئەنتروپۆلوژی كلاسیكدا دەكات، چونکە زانا ئەنتروپۆلوژەكان لە وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەكۆڵنەوە و وەک چاودێرێک لە کولتوری دەرەوەی خۆرئاواوە دەڕوانن. بەپێچەوانەوە هونەرمەندی ئەنتروپۆلۆژ وا پێویستدەکات لە كۆمەلگەی خۆی بکۆلیتەوە و، پۆلی کارکردنی ببێتە سیستیمی کولتوری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەکەی خۆی. کەوابێت ئەو میتۆدە زانستییەی کە ئیتنۆلۆژەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کولتورەکانی تر بەرهەمیان هێنابوو لە ئێستادا دەکرێت سودیان لێوەربگیرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە کولتوری خۆیی. (Kosuth1981: S 116) “هونەر دەبێتە جۆرێك لە توێژینەوە (رسێرچ) و لە تێگەیشتنی ئارشیڤەوە سەردەردێنێت و خوێندنەوە بۆ كەرەسەی سەرچاوەكان دەكات. ئەم كەرەسەی سەرچاوانە دەشێت بریتیبیت لەو شوێنەی كە هونەرەکە خۆی تێیدادەبینێتەوە، بەڵام دەشێت ئەم كەرەستەی سەرچاوانە  لەلایەن مێژووی هونەر و فەرمانگەیەکی كار و ئەنستیتوتێکی کۆمەڵایەتی یان مۆزەخانەیەكی ئێتنۆلۆژیە وە بخرێنەڕوو، بەڵام ئەوەی لێرەدا كارێكی پێورییە بریتییە لە میتۆد، بۆ ئەوەی كۆنتێكستەكە، كە کارە هونەرییەكان تێیدا بەرهەمدێن بكات بە بابەتی خەریكبوونی هونەری-شرۆڤەیی. لەم رێگایەشەوە هونەر دەبیت بە ئامرازی خۆچاودێریكردنی كۆمەڵگەو، ئامرازی رەخنە و شرۆڤەی دامەزراوە سۆسیالەكان”  (Weibel 1994: XIII )

 

یۆزیف بویس  

یەكێك لەو هونەرمەندانەی لە شەستەكانەوە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر گەرانەوەی هونەر بۆناو ژیانی رۆژانە هەیە، یۆزیف بۆیسە Joseph Beuys . بۆیس کار لەسەر ئەو بنەما سەرەكییانە دەکات كە “هەموو كەسێك هونەرمەندە”. بەڵام بە بۆچونی ئەم هونەرمەندە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەموو كەسێك نیگاركێشە یان پەیكەرسازە، بەڵكو هەموو كەسێك لە سروشتەوە توانای داهێنانی هەیە و، داهێنانیش سەرمایەیەكی كۆمەڵایەتییە و بە تەنها موڵكی نوخبەیەكی دیاریکراو نیە. هەڵبەتە هونەر لای بۆیس بریتیە لە پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانی هونەریش بە بەشدایكردنی هەموو چینە جیاوازەكانی كومەڵگەوە دەکرێت نەك تەنها بەهۆی دامەزراوە هونەریی و گەلەری و موزەخانەکانەوە. لەهەمانكاتدا دامەزراوە هونەریەکانیش دەبێت خۆیان بە رووی خەڵكدا بكەنەوە. (Beuys1992: S. 41–63)

لە ساڵی ١٩٦١دا كاتێك بویس دەبێت بە مامۆستا لە ئەكادیمیای دوسڵدۆرف لە پۆلەكەیدا تەنها قوتابیانیان ئامادەی وانەکان نەبون، بەڵكو هەموو كەسێك مافی ئامادەبونی هەبوە. ئەكادیمیای هونەر كە شوێنی هونەرمەندانە بۆیس پێی باشتر بو ئەم شوێنە لە ژیانی رۆژانە نزیک بکاتەوەو، ئەوەبو لە ١٩٦٧ پۆلەكەی بویس بوبە سەنتەری بزووتنەوەی قوتابیانی نیونەتەوەیی(APO) و هەر لەهەمان ساڵیشدا پارتی قوتابیانی دامەزراند تا زانكۆ وەك دامەزراوەیەكی سەربەخو لەناو كۆمەڵگەدا كاربكات و شوێنێكی كراوەشبێت بۆ هەموو كەسێك. ئەم چالاكییانەی بویس كاریگەرییەكی زۆری کردە سەر دۆخی ئەو ساتەی ئەكادیمیای دوسلدۆرف و رووبەڕووی هەموو سیستەمی پەروەردەی هونەری و وەزیفەی ئەکادیمیا بووەوە. ئەم هونەرمەندە هەموو قوتابییەکی بەبێ هیچ تاقیکردنەوەیەکی هونەری لە پۆلەكەیدا وەردەگرت و هیچ پێوەرێكی بۆ جێاکردنەوەی كەسی داهێنەر لە كەسێكی دی دانەدەنا. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیی کە ناوبراو پێوایە  “هەموو كەسیك هونەرمەندە”. لەم بارەیەوە دەکریت ئەوە بوترێت کە، ئەم بۆچوونەی بۆیس لە لیڤی شتراوسەوە نزیکە، کاتێک کە شتراوس لە (هزری کێوی) دا باس لەوە دەكات كە هزری زانستی خورئاوا تەنها هزرێكی رەهاو لۆگیكی نییە، بەڵكو كولتورەكانی تری دەرەوەی خۆرئاوا بە هەمان شێوە لە رێی هزری ئەفسانە و بەرهەمە كولتورییەكانیانەوە دەربرینێكی لۆگیگی خویانیان بۆ جیهان هەیە. چونکە شتراوس هەموو بەرهەمە كولتورییەكانی وڵاتانی دەرەوەی خۆرئاوا وەك قوناغیكی سەرەتایی سەیرناكات، بەڵكو وەك شێوەیەكی تر لە هزری زانستی خۆرئاوایی. بەپیێ شتراوس کولتورەکانی دەرەوەی خۆرئاوا خاوەنی داهێنان و دیدی جیاوازن و توانای داهێنانیش هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا بوونی هەبوە). Beuys1992: S. 41–63)

سەرباری ئەوی لای سەرەوە وترا، بویس كاری هونەری وەک پرۆسەیەکی کۆمۆنیکەیشن لە پەیوەندی نێوان كەسەكاندا دەبینیتەوە و، هونەرمەندیش وەک ئەوە دەبینێتەوە کە دەبێت شوێنێك بۆ بەریەك كەوتنەکان دروستبكات و پەیوەندی لە نێوان شتەكانیش بدۆزیتەوە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە بە تەنها لەناو جیهانی هونەردا بونیان نییە بەڵكو لە ئەزموونی خودی كەسەكان و هزری ئەفسانەیی و هەموو ئەو زانیارییانەی لەناو بیرەوەری کولتوری کۆمەڵگەدا  ئامادەیە بوونیان هەیە، کە دەکرێت گشت ئەمانەش نەك بە تەنها ئەو بابەتە تیۆرییانەی ناو مێژووی هونەر و زانستی هونەر کە لە ئەکادیمییە هونەرییەکاندا دەخوێنرێت ببنە ماتڕیاڵی هونەری. هاوکات رەخنەی ئەم هونەرمەندە ئەڵمانیە لە سیستەمی هونەری مودێرن ئەوەیە، کە سیستەمی هونەر وەك سیستەمیكی داخراو ماوەتەوە و هونەر لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ماناكانی ناو خودی سیستیمی هونەری بەردەوامەو لە كێشە رۆژانەیەكانیش دابراو،  هیچ كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر ژیان نەماوە.

یەکێک لەو کارانەی بۆیس لە ٢١/٥/١٩٧٤ لە گەلەری René Block لە شاری نیوێۆرک ئەنجامی دەدات پرۆژەی “من ئەمەریکام خۆش دەوێت و ئەمەریکاش منی خۆش دەوێت I like America

and America likes Me ” بوە (فۆتۆ ٥).  بۆیس لەم پرۆژەیەدا رەخنە لە سیاسەتی کولتوری ئەمەریکا دەگرێت، کە لە رابردوودا بەرامبەربە دانیشتوانە رەسەنەکانی ئەمەریکا کردوەیەتی لە داگیرکردن و سڕینەوە و راگوێزانیان لە شوێنەکانی خۆیانەوە شوێکی تر و تێکدانی هەموو بنەما کولتوری و کۆمەڵایەتیەکانیان. (Schilling1978: S138) بیرۆکەی ئەم کارەی بۆیس ئەوەیە کە دەیەوێت بچێتە ئەمەریکا بەڵام بەو مەرجەی پەیوەندی لەگەڵ ئەم ئەمەریکا تازەیەدا نەکات، بۆیس کە دەگاتە فرۆکەخانە بە لباد دەپێچرێتەوەو دواتر دەخرێتە ناو سەیارەیەکی ئەمبولانسەوە و دەبرێتە گەلەرییەکە، کەلەوی تەنها ئاژەڵێکی لێیە کە پێی دەوترێت کایۆت coyote ( ئاژەڵێکی شێوە گورگە کە لە ئەمەریکادا دەژی و سمبۆلیکی رۆحی ناو ئەفسانەی دانیشتوانە رەسەنەکانی ئەمەریکایە). بۆیس بۆ ماوەی ٧٢ سەعات لە گەلەرییەکە لەگەڵ ئەو ئاژەڵە دەمێنێتەوە و دەیەوێت تەنها لەگەڵ ئەو کایۆتەدا لە پەیوەندیدابێت لە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە بە هەمانشێوە بۆیس دەپێچرێتەوە و دەبرێتەوە بۆ فرۆکەخانە و لەوێوە بەرەو ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە.

بۆیس پێی وایە، کە دیالۆگ لە گەڵ ئەو کلتورانەی تردا مەرچ نیە لەرێگای مرۆڤەوە بێت زۆر جار ئەوە هێزە بالا لەبیر کراوانە دەکرێت لە رۆحی ئاژەلیکا خۆی بەرجەستە بکات.“کاتێکدا من هەوڵدەدەم لەگەڵ بوونەوەرە ڕۆحییەکانی ئەم سەرجەمێتییە قسەبکەم پرسیارێک سەرهەڵدەدا ئایا کەسێک ناتوانێ لەگەڵ ئاژەڵانیش، کە ئەوانیش بوونەوەری ڕۆحی باڵاترن  گفتوگۆبکات. ڕۆحی کایۆتی زۆر گەورەیە کە مرۆڤ ناتوانێ لێی تێ بگات کە ئەم بونەوەرە چییە یان دەتوانی لە داهاتوودا چی بۆ مرۆڤایەتی بکات. من باوەڕ دەکەم پەیوەندیم دروستکردووە لەگەڵ خاڵی سایکۆلۆژیی تراومای شێوازی وزەی ئەمریکی: هەموو تراومای ئەمریکی لەگەڵ هیندییەکان، پیاوی سوور. تۆ دەتوانی بڵێی تەنیا ئەوکات ئەو تراومایە دەتوانرێ چارەسەر بکرێ کە لە کۆیۆتی بکۆڵرێتەوە“ (Kuoni 1990:S 141) ئەوی بۆیس لێرەدا ڕەخنەی لێدەگرێت شێوازی بە شارستانیکردنی وڵاتی ئەمەریکایە کە لێکترازانێکی لە نێوان سروشت و کولتور دروستکردوە کە بۆیس دەیەوێت لەم پرۆژەیەدا بەرجەستەی بکات، کە ئەمەش پەیوەندییەکی زۆر تایبەت و نزیک لەگەڵ سروشت و ژیانی سادەی مرۆڤەکان دروستدەکاتەوە.

 

مارسێل بروتارس

 

مارسیل بروتارسMarcel Broodthaers  لەو هونەرمەندە دیارانەیە کە لە دوای بویسەوە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر رەخنە لە دامەزراوە هونەرییەکان هەیە بەتایبەتی مۆزەخانە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە پێشەنگایەكدا بەناوی “داڵی ئولیگوزین تا ئەمڕۆ” (Der Adler vom Oligozän bis heute)  بروتارس ٢٨٥ بابەت (ئۆبژێکت) کە لەسەر داڵ کۆیکردۆتەوە نمایشەدەکات، ئەم بابەتانە تەنها لەناو مۆزەخانەکانی مێژووی هونەری و ئاركۆڵۆژی و ئیتنولوژی کۆنەکراونەتەوە و كەرەستەکانیش بەتەنها وێنە یان بابەتی هونەری نین، بەڵكو هەر دوكومێنتێک کە پەیوەندی بە داڵەوە هەبوبێت نمایشکراوە. بۆ نمونە لە سمبۆڵی ناسیۆنالیستییانەی سەری لۆگۆی سەربازی و پارتە سیاسییەکانەوە بگرە تا سەر جلوبەرگ و هەر وێنەیەکی داڵی سەر هەر بابەتێک یان كەرەستەی سروشتی داڵ خۆی وەک هێلکە یان پەڕ یان داڵی وشککراو دەگرێتەوە. لە نمایشەکەدا لەژێر هەموو ئەو بابەتانەی کە کۆی کردۆتەوە نووسراوێك هەیە  “ئەمە هونەر نییە” (فۆتۆ٦) (Broodthaers,1972: S,132 بروتارس دەیەوێت داڵ وەک مانای دەسەڵات لەناو هەموو کایەکانی ژیندا پێشانبدات. بۆنمونە نیشاندانی پەیوەندی مانای دەسەڵات لە ژیانی رۆژانە کە ئێمە تێدا دەژێن و نایبینین. هاوکات ئەم هونەرمەندە بەلجیکیە لەریێ ئەو نوسێنەوەی کە “ئەمە هونەر نییە” پەیوەندی نێوان بابەتی نمایشکراو و ئەو مانایەی كە مۆزەخانە بەو شتانەی دەبەخشێت لەیەكداببرێت. (Broodthaers,1972: S,132)

بروتارس کێشەی مۆزەخانە لەوەدا دەبینێتەوە کە بەها کولتورییەکانی ئۆبژێکتە نمایشکراوەکانی ناو مۆزەخانەکان بەرزتر پێشانبدرێت لەو ئۆبژێکتانەی کە لە ژیانی رۆژانەدا بەکاردەهێنرێت. بە نموونە بەهای کولتوری ئەو قاپەی لە مۆزەخانەیەکدا دەبینرێت بەهای ئەو قاپەی نییە کە لە ماڵەوە نانی لەسەر دەخورێت تەنانەت ئەگەر لەهەمان جۆریشبن. چونکە مۆزەخانە مانای ئەو قاپە لە ئۆبژێکتێکی بەکارهاتوی ناو ژیانی رۆژانە دەگوازێتەوە بۆ مانایەکی مێژوویی هەمیشەیی کە لە واقیعەوە ئەو ئۆبژێکتە دەردێنێت و بۆ داهاتوو دەیپارێزێت. رەخنەکەی بروتارس لەوەدایە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم ئۆبژێکتانە بۆ ناو ئەو مێژووە هەمیشەییە پەیوەندی بە ستراتیژی مۆزەخانە و ئەو سیاسەتە کولتورییەوە هەیە کە لە پشت ئەو مۆزەخانەیەوە کاردەکات. کەواتە هوڵی مۆزەخانەکان واقیع نمایشناکەن بەڵکو خەیاڵێکی(Fiction) دیاریکراو لەسەر واقیع بەرهەمدەهێنن.

بروتارس، وەك میشیل فوکۆ، دەگەرێتەوە ناو كایە كولتوورییەكان و ئەو مانا مێژووییەی كە بە ئۆبژێکتەکان دراوە هەڵدەوەشێنێتەوە و پەیوەندی بەرهەمە کولتورییەكان و سیستەمی دەسەڵات دەردەخات و دەشچێتە ناو واقعی ئۆبژێکتەکان و مانا چەسپاوەكانی ئەو واقیعە لە یەك دادەبرێت کە مۆزەخانە لە رێی فیكشنێكەوە بەو ئۆبژێکتانەی بەخشیوە. لێرەوە برورتارس خودی زانین بەرەو دۆخێكی ناسەقامگیر دەبات و پێوادەبێت كاری هونەری  پڕۆسەیەكی داخراو یان راستییەكی رەها بەرهەمناهێنیت، بەڵكو هونەرمەند وەك لیكۆڵەرەوەیەك بەناو كێشەكاندا ئەگەڕێت  و لە ناو جیاوازیەكانیشدا پەیوەندیەكان دەردەخات. واتە هونەرمەند راستیەكی تر لەرێی كارەكەیەوە بۆ واقع دروستناكات، بەڵكو راستییە رەهاكانی ناو واقع هەڵدەوەشینیتەوە و هەموو جارێکیش دۆخێک بۆ بینەر دروستدەكات كە واقعی خۆی لەناو پەیوەندی جیاوازی تردا ببینێتەوە

 

هونەری شێوەکاری دوای نەوەدەکان

کاریگەری  ئیتنۆلۆژی لەسەر هونەری هاوچەرخ وایکرد کە هونەری شێوەکاری لە خۆرئاوا بە جۆرێکی تر مامەڵە لەگەڵ کولتوری خۆیدا بکات و کاری هونەریش دەبێتە ئامرازیک بۆ پێشاندانی دیدە جیاوازەکان نەک گەڕان بە دوای دیدێکی رەهادا. لەهەمانکاتدا دامەزراوە هونەرییەکان و ئەو شوێنانەی کە کاری هونەری تیدا بەرهەمهاتووە، پەیوەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هونەر دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەم گۆڕانکارییانە هۆکارێک بوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیدی خۆرئاوایی سەبارەت بە مێژووی هونەری مۆدیرن کە وەک کۆتای مێژووی هونەر سەیر دەکرا  ئەو مێژوەی کە کولتوری خۆرئاوا نوسیویەتەوە. ” کۆتایی ”مێژووی ھونەر“، وەکو ئێستێکی پێویست و چاوخشانێک بە خەسڵەتی خەیاڵیی مێژووی ھونەری نووسراوی مۆدێرنە، دیدگاکان بۆ وەزیفەیەکی گەورەتر ئازاد دەکەن: ئەویش تەماشاکردنی کولتووری خۆتە لە نێگای ئێتنۆلۆگێکەوە.” (Belting 1995: 178) رەخنەکە لەوەدا بوو کە ئەم هونەرە وەک هەر هونەرێکی کولتورەکانی تر لە  کۆنتێکستێکی تایبەتدا بەرهەمهاتبو و نەشدەکرا وەک هونەریكی یونیڤێرسال سەیربکرێت ئەمە لە کاتێکدا هەموو کولتورەکان خاوەنی دیدێکی تایبەت بە خۆیانن.  بۆیە دیدی هەڵوەشانەوەگەری بۆ هونەر دیدێکی جیاوازی تایبەت بە خودی کولتوری خۆرئاوای بەرهەمهێنا. لە پاش ئەوەوە قسەکردن زۆرتر هاتە سەر تێکەڵکردنی کولتورەجێاوازەکان بەیەکتر. سەرباری ئەوە، لە دوای نەوەدەکانەوە چەند چەمكێکی  تر کەوتە بەر باس لەوانە چەمکی ترانس کولتور  Transculturalityلەسەردەستی فەیلەسوفی ئەڵمانی ڤولڤگانگ ڤێلش Wolfgang Welsch  . بەپێی تێکەیشتنی ئەم فەیلەسوفە ترانسکولتور دەبێتە هۆی نەمانی سنوورەکان و لەم رێیگایەشەوە ئەم ترانسکولتورە دەکرێت ببێتەماییە نەمانی ئەو دوالیزمەی کە لە نێوان کولتوری خۆرئاوا و کولتوری ئەوانی دیدا بەدیدەکرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە تا ئەم دوالیزمە بوونیهەبێت، پەیوەندی دەسەڵات لە نێوان کولتوری باڵادەستی خورئاوا و کولتورەکانی تر بەردەوام دەبێت. لە دوای نەوەدەکانیشەوە هاتنی پرۆسەی گلۆبال ئاماژەیەک باش بۆ دروستبونی “کولتور تێکەڵ”  hybrid culture وێرای ئەوەی باسکرا ، لە ساڵی ۱۹۹۷ دوکۆمینتای ١٠ documenta x   (٢) بە سەرپەرشتی کاترین داڤید Catherine David رێکخرا. لە دکۆمێنتای ١٠ بۆ یەکەم جار هەوڵدرا کە هونەرمەندانی کولتورەکانی تر لەناو هونەری خۆرئاوادا بەشداربن و، ئەم تێکەڵکردنەش بوە سەرەتایەک بۆ دروستبونی هونەریکی گلۆبال. لە دۆکۆمەنتای دواتردا، واتە لە دۆکۆمێنتای ۱۱، لەساڵی  ٢٠٠٢ بەسەرپەرشتی ئۆکو ئینزۆر Okwui Enwezor  و، لەسەرهەمان رێچکەی دۆکۆمێنتای  ١٠و بە بەشداریکردنی زۆرینەی هونەرمەندانی دەرەوەی خۆرئاوا ( رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەفەریقا، ئاسیا، ئەمەریکای باشور) وەک هەموو ساڵیک دوکۆمەنتا بەتەنها لە شاری کاسل  نمایشەکانی ئەنجام نەدەدا، بەڵکو بەسەر ٥ پلاتفۆرمدا دابەشیدەکرت ( نەمسا، هند، نیجیریا، دورگەی کاریبیک و شاری کاسل). ئەمەش بەلگەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوە ئەو تێگەیشتنەی کە خۆرئاوا سەنتەری هونەرنیە(Kat. Ausst:S 1999).

 

 

لێرەوە بەوە دەستپێدەكەين کە ئیتنۆلۆژی ئەو جۆرە گۆرانکاریەی هێنايەسەر هزری زانستی خورئاوا کە ئیتنۆلۆژی هزرێك نییە خاوەن لۆژیکێکی رەها بێت، بەڵكو کولتوورەكانی تری دەرەوەی خۆرئاوا بەهەمان شێوە دەربرینێكی لوجیگی خۆیان بۆ جیهان هەیە. كەواتە داهێنان و بەرهەمهێنانی هزر بە هەموو کولتوورێكەوە پەیوەستە و توانای داهێنانيش هەر لە  سەرەتاوە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا لەناوگشت کولتوورێك بوونی هەیە.

ئەو گۆرانکارییانەش ئیتنۆلۆژی هێنايەكايەوە کاریگەری لەسەر هونەری هاوچەرخ لە دوای شەستەکانەوە بە ووردی دانا و،  لەلايەك بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی مێژوویی هونەری شێوەکاری خورئاوایی ،كە لە یۆنانەوە تا هونەری مۆدیرن ئەم هونەرە بەردەوامبوو و خۆی وەك هونەرێكی یونیڤیرزال خستەروو.  لەلايەكی تر رەخنەی ئاراستەی سەنترالیزمی هونەری خۆرئاوا كرد کە کولتورەکانی تر خاوەنی دیدێکی تایبەتی خۆیانن ناشێت فەرامۆش کرێن . ئەمەش وایکرد لە دوای نەوەدەکانەوە ،بە تایبەت لە دۆکۆمێنتای ١٠، باس لە هونەریكی جیهانی بکرێت کە هەموو کولتورەکان تێیدا بەشداربن و،لە دوای هاتنی پرۆسەی گلۆبالیزميش بەئاشكرا باس لە تێکەڵبوونی کولتورە جیاوازەکان دەکرێت. گومانيشی ناوێت  ئەو گۆرانکارییانەی هاتنەسەر دیدی خۆرئاوا كاريكردە سەر پەیوەندییە كولنووریەكانی لەگەڵ کولتورەکانی دەرەوەی خۆی، بەڵام كیشەی کۆمۆنیکەیشنی کولتوری لە سەردەمی گلۆبال یەکیکە لە هەرە بابەتە ئاڵۆزەکانی ئێستای ناو تیۆرییە کولتورییەکان بە هونەریشەوە. بۆیە تاچەند پەیوەندی کولتوری گلۆبال و دەسەڵاتی سیاسی ئابووری کولتورە باڵادەستەکان لەتەك يەك لە کۆمۆنیکەشنیکی ئازادن جارێ هەر وەک پرسیار ماوەتەوە.

فۆتۆکان:

1-Salvador Dali, Premonition of Civil War, 1936

2. Max Ernst. The Robing of the Bride.1940

3. Henri Rousseau .The Equatorial Jungle,1909 Oil on canvas

4. André BRETON – Manifeste du surréalisme Edition:1924

5. Joseph Beuys: I Like America and America Likes Me, 1974 René Block Gallery.

6. Musée d’Art Moderne – Département des Aigles, Section des Figures”, Städtische Kunsthalle, Düsseldorf.

 

پەراوێز:

 

  • یونیڤێرزالبونی هونەری شێوەکاری مۆدیرن لە خۆرئاوا، بەشێکی پەیوەندی بە پرۆسەی کۆلۆنیالیزمەوە هەیە، لەوڵاتە داگیرکراوەکاندا کە ئەم دیدە هونەریە بڵاوکرایەوە.
  • گرنگترین پێشەنگەیە لە جیهان هەموو ٥ ساڵ جارێک دەکرێتەوە لە شاری کاسل لە ئەڵمانیا.

 

سەرچاوەکان:

  1. Andre Breton، Erstes Manifest des Surrealismus، in: Metken، Günter (Hrsg.)، Als die Surrealisten noch recht hatten. Texte und Dokumente، Stuttgart 1976
  2. Beuys, Joseph: „Jeder Mensch ist ein Künstler. Aufdem Weg zur Freiheitsgestaltdes sozialen Organismus. Vortrag am 23. Mai in Achberg.“ In: Beuys: Kunst = Kapital.Achberger Vorträge, Wangen 1992
  3. Breton zit. in: Piechotta/Rothemann: Die literarische Moderne in Europa :Formationen der literarischen Avantgarde، 1976
  4. Broodthaers, in: Kat. Ausst. Der Adler vom Oligozän bis Heute, Düsseldorf، 1972
  5. ButinHubertus: DuMonts Begriffslexikon zur zeitgenössischen Kunst.Köln, DuMont Buchverlag, 2006
  6. Carin Kuoni، Energy Plan for the Western Man: Joseph Beuys in America، Four Walls Eight Windows، NYC، 1990
  7. Claude Lévi-Strauss: Das wilde Denken. Suhrkamp، Frankfurt am Main 1968
  8. Eric Schott, Selbstverpflichtung. Etho-Ästhetik und Subjektivierung bei Foucault, in: Paul Janssen und Rudolf Wansing (Hrsg.), ErSchöpfungen. Philosophie im 20. Jahrhundert in ihrem Verhältnis zur Kunst, Köln 1997
  9. Foucault, Michel: Diskurs und Wahrheit: Berlin 1996
  10. Gente (Hrsg.)، Foucault und die Künste، Frankfurt 2004
  11. Hans Belting: Das Ende der Kunstgeschichte. Eine Revision nach zehn Jahren, München 1995
  12. Joseph Kosuth, Der Künstler als Anthropologe, in: Kat. Ausst. Joseph Kosuth. Bedeutungen von Bedeutungen, Staatsgalerie Stuttgart 1981
  13. Ausst. Kunstwelten im Dialog, Köln 1999
  14. Peter, Weibel، Die Diskurse von Kunst und Macht: Foucault، in: Peter Gente (Hrsg.)، Foucault und die Künste، Frankfurt، 2004
  15. Peter Weibel، Zur sozialen Konstruktion von Kunst، in: Vorwort، in: ders.1994
  16. Ramaswamy, M. Krischke, ethnologie für Anfänger: Eine Einführung aus entwicklungspolitischer Sicht Westdeutscher Verlag Opladen, 1985
  17. Schilling, Jürgen: Aktionskunst, Identität von Kunst und Leben? Eine Dokumentation, Frankfurt am Main 1978.
  18. Susanne Klengel، Amerika-Diskurse der Surrealisten. “Amerika” als Vision und als Feld heterogener Erfahrungen Stuttgart: J. B. Metzler Verlag 1994

 

سەرچاوەی فۆتۆکان:

 

  1. Salvador Dali،Premonition of Civil War، 1936

  1. Max Ernst. The Robing of the Bride. Oil on canvas.1940

https://bit.ly/3GkDHRz

  1. Henri Rousseau. The Equatorial Jungle، 1909

  1. André BRETON – Manifeste du surréalisme ،Edition:1924

http://blog.pietmeyer.ch/2016/09/

  1. Joseph Beuys: I Like America and America Likes Me، 1974 René Block Gallery.

https://bit.ly/3gbS3ZE

  1. Musée d’Art Moderne – Département des Aigles، Section des Figures”، Städtische Kunsthalle،Düsseldorf

https://bit.ly/3hQww9g

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: