فەتحی هیندستان

1318
0
بڵاوکردنەوە:

گەورەترین کۆکوژی لە مێژوودا

نووسینی: حەمەسەعید حەسەن

ئەوەی لەشکری ئیسلام لە هیندستان کردوویەتی، گەورەترین جینۆساید بووە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی. هۆلۆکۆست کە شەش میلیۆن ئینسانی تێدا قەلاچۆ کرا، لەچاو تاوانە گەورەکانی لەشکری ئیسلامدا لە هیندستان، زۆر بچووک دێتە پێش چاو. ئالان دانیلۆ لە (مێژووی هیند)دا دەبێژێت: (هەر کە لەشکری موسوڵمانان لە ٦٣٢دا گەییشتە هیندستان، ئیدی مێژووی هیندستان، بوو بە زنجیرەیەک لە کوشتوبڕ و کاولکاری. لەشکری موسوڵمانان شارستانیی هیندستانی سڕییەوە، ڕەگی زۆر پێکهاتەی نەتەوەیی و دینیی لە بێخەوە هەڵکێشا و هەموو ئەو تاوانە گەورانەیشی بە ناوی جیهادەوە کرد.)

لەشکری ئیسلام کە گەلانی قەلاچۆ کردووە، ئەو تاوانە گەورانەی بە جەنگی پیرۆز لە قەڵەم داوە. ئەڵمانەکان هەم داوای لێبوردنیان لە جوو کرد، هەم قەرەبوویشیان کردنەوە، کەچی هێشتا تورکیای موسوڵمانی میراتگری خەلافەتی عوسمانی، نەک هەر داوای بەخشینی لە ئەرمەن نەکردووە، بەڵکوو ددانیشی بەوەدا نەناوە، ئەو گەلەی قەلاچۆ کردووە.

ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی نیمچە کیشوەری هیند، بەر لە زنجیرە پەلامارەکانی ئیسلام، زیاتر لە نیو میلیارد کەس دەبوو، بەپێی گوتەی موحەممەد قاسم فریشتە (١٥٦٠ – ١٦٢٠) کە مێژوونووسێکی موسوڵمانە، دوای فوتووحات، لە نیوە کەمتری ئەو ژمارەیە مایەوە. ئیسلام چەندان سەدە لەسەر پەلاماردانی هیندستان بەردەوام دەبێت، هەر لە سەردەمی ئومەوییەکانەوە (٦٦١ – ٧٥٠) تا سەردەمی مەغۆلەکان (١٢٠٦ – ١٣٦٨) و دواتریش. ئیسلام ڕووی دەکردە هەر دەڤەرێکی هیندستان، شاخێک لە کەلـلەسەر و ڕووبارێک لە خوێنی لە دوای خۆیەوە بەجێ دەهێشت.

قەلاچۆکردنی هیندییەکان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، کارێکی پیرۆز بوو، چونکە کافر و بتپەرست بوون، چونکە سەر بە جەهل بوون، ئاخر لە ئیسلام وایە، لە غەیری دینی موحەممەد، ئیدی هەموو کولتوور و ئایین و شارستانییەکانی دیکە، سەر بە قۆناغی (جاهیلی)ین. هەر موسوڵمانێک بە دەستپاکییەوە، جیهاد وەک خۆی پێڕەو بکات، کرۆکی مرۆڤدۆستی لە دەست دەدات، ئاخر ئیدی وا بیر دەکاتەوە، ئەوە کارێکی پیرۆزە، ئەگەر قڕ بخاتە خەڵکانی ناموسوڵمانەوە، دەست بەسەر خاک و سامانیاندا بگرێت و وەک کۆیلە و کەنیزەک کەڵک لە کوڕان و کچانیان ببینێت.

ئیسلام هەر ڕۆحی گەلانی هیندستانی نەکوشت، ڕۆحی چەندان گەلی دیکەیشی کوشت و کولتووری سڕینەوە، کە گەلی کورد یەکێکیان بوو. بەر لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام بە هیندستاندا، لەوێ چەندان کولتووری دەوڵەمەند و باڵا، بە ئاشتی پێکەوە دەژیان، غەزووی موسوڵمانان ئەو ڕۆحی تەبایییەی کوشت. لەشکری ئیسلام شارەکانی دەسووتاند، پەرستگاکانی دەڕووخاند، خەڵکەکەی قەلاچۆ دەکرد و چی شتومەکی بەنرخی دەستکەوتبا بە تاڵانی دەیبرد. ئیسلام کە بۆ تاڵانی ڕووی دەکردە هیندستان، هەر سامانی وەڵاتەکەی زەوت نەدەکرد، کچان و کوڕانیشی بە تاڵانی دەبردن و وەک کەنیزەک و کۆیلە دەیفرۆشتن.

لەشکری ئیسلام لە هیندستان، بە میلیۆنان خەڵکی قەلاچۆ کرد، بە میلیۆنان ژنی لاقە کرد، بە هەزاران پەرستگای ڕووخاند و بە هەزاران کتێبخانەی سووتاند، سەدان بەڵگە هەن ئەو تاوانانەیان تۆمار کردووە. هەر فەرماندەیەکی ئیسلام پەلاماری هیندستانی دابێت، خەڵکەکەی قەلاچۆ کردووە، بەڵام سوڵتان مەحموودی غەزنەوی (٩٧١ – ١٠٣٠) قەلاچۆکردنی خەڵکی هیندستانی بە لوتکە گەیاند. سوڵتان مەحموود لە نێوان ساڵانی (١٠٠١ و ١٠٢٦)دا، حەڤدە جار پەلاماری هیندستانی دا، ئەوەندە پەرستگای هیندۆس و بوودایی ڕووخاندبوو، بە سوڵتانی بتشکێن ناوی زڕابوو. لەو مێژووەدا کە یەکێک لە وەزیرەکانی غەزنەوی تۆماری کردووە، نووسراوە: (لە شاری تەهانیسەر بە جۆرێک خوێنی کافران ڕژێنرا، ئاوی ڕووبارەکە لێڵ بوو، کافران کە ویستیان قەڵاکەیان بەجێ بهێڵن، یان کوژران، یان لە ڕووبارەکەدا خنکان، یان بە دیل گیران و بە کۆیلە کران.)

ویڵ دورانت (١٨٨٥ – ١٩٨١) لە (چیرۆکی شارستانی)دا دەڵێت: (پەلاماری لەشکری موحەممەد بۆ سەر هیندستان، خوێناویترین چیرۆکە لە مێژوودا. مێژوونووسانی ئیسلام بە خۆشی و بە شانازییەوە، ئەو قەسابخانانە دەگێڕنەوە کە بۆ هیندۆسەکانیان ساز داون، لەژێر گوشاری شمشێردا کردوویانن بە موسوڵمان، ژنان و گەنجان و منداڵانیان بردوون و لە بازاڕەکانی کۆیلەفرۆشیدا، بازرگانییان پێوە کردوون.)

فرانسۆ گاوتیر لە کتێبی: (سەرلەنوێ نووسینەوەی دیرۆکی هیند)دا دەڵێت: (ئەو کوشتارانەی موسوڵمانان لە هیندستان سازیان دا، لە مێژوودا لە نموونەیان نییە، زۆر گەورەترن لە هۆلۆکۆستی جوولەکە، لە قەلاچۆکردنی ئەرمەن و لە قڕکردنی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئەمریکای باشووریش کە لە ئەستۆی ئیسپانیایی و پورتوگالییە داگیرکارەکانە.)

فێرناند براودێل (١٩٠٢ – ١٩٨٥) لە کتێبی: (مێژووی شارستانییەکان)دا دەنووسێت: (ئەزموونێکی داگیرکارانەی ئەوپەڕی زەبروزەنگاوی بوو، موسوڵمانان لە ڕێگەی تیرۆری سیستەماتیکەوە کە پشتیان بە کوشتوبڕ دەبەست، دەسەڵاتی خۆیان دەسەپاند. چی پەرستگای هیندۆسی هەبوو، خاپووریان کرد و مزگەوتیان لە جێیان قوت کردەوە. بە زۆر خەڵکەکەیان دەهێنایە سەر دینی موحەممەد، ئەگەر یاخیبوونێک ڕووی دابا، بە پەلە و بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان دەکرد، گوندەکانیان کاول دەکرد، پیاوەکانیان دەکوشت و ژنەکانیان بە کۆیلەی سێکس دەکرد.)

عیرفان حوسەین لە (شەیتانەکانی ڕابردوو)دا دەڵێت: مەحموود غەزنەوی دەستی بە خوێنی هیندییەکان سوورە، تێپەڕینی کات، ئەو خوێنە ناسڕێتەوە، کە پەلاماری (سومناس)ی دا، دانیشتووانی شارەکەی کوشت کە پەنجا هەزار کەسێک بوون. ئەوەی بە ئەرکی پیرۆزی دینی (جیهاد) لە قەڵەم دەدرا، بریتی بوو لە کوشتوبڕ و تاڵانی و ئەتککردنی ژنان.

حەسەن نیزام نیشابووری لە تۆمارگەی (تاجی سەردەم)دا دەنووسێت: (کە قوتبەددین ئایبەگ، ئەوی لە نێوان ساڵانی ١١٩ و ١٢١٠دا فەرمانڕەوای دەلهی بوو، پەلاماری شاری (میرات)ی دا، هەموو پەرستگا هیندۆسییەکانی لەگەڵ زەویدا تەخت کرد و مزگەوتی لە جێیان ڕۆ نا. لە شاری (ئالیکرا)یش، هەموو هیندۆسەکانی بە زەبری شمشێر هێنایە سەر ئایینی ئیسلام، ئەوانەی ملیان نەدا، سزای سەربڕینی بەسەردا سەپاندن.)

مێژوونووسی فارس، وەسسافی شیرازی دەنووسێت: (کە عەلادین خەلجی پەلاماری – کامبایات – ی دا، چی نێری باڵق لە شارەکەدا هەبوون، کوژران، چی ژن هەبوون، بە دیل گیران و چی خشڵ و کاڵای گرانبەهایش هەبوون، دەستیان بەسەردا گیرا.) هیندستان وەڵاتێکی ئاوەدان بوو، مەڵبەندی فیکر و هونەر و پێکەوە ژیان بوو، هەر کە ئیسلام گەییشتە ئەوێ، ئیدی نە هونەر ما، نە فیکر، نە کولتووری پێکەوە ژیان، بە کۆیلەکردن، سەربڕین، ئەتککردن و تاڵانکردن برەویان پەیدا کرد. لە ١٩٧١دا و لە شەڕی نۆ مانگەی نێوان پاکستان و (بەنگلادیش)دا کە هەردوو لایان موسوڵمان بوون و پێشتر سەر بە هیندستانیش بوون، نزیکەی سێ میلیۆن بەنگلادیشی کوژران و دەیان هەزار ژنیشیان لاقە کران.

وەک ویڵ دورانت دەڵێت: (دیرۆکنووسانی سەر بە ئیسلام بە شانازییەوە ئەو مێژووەیان تۆمار کردووە کە تێیدا موسوڵمانان، پەلاماری هیندستانیان داوە، خەڵکەکەیان بە زۆر هێناوەتە سەر دینی ئیسلام، ئەوی نەبووبێت بە موسوڵمان، سەریان بڕیوە، سامانی وەڵاتەکەیان تاڵان کردووە، پەرستگایان بە پێوە نەهێشتووە و کوڕان و کچانیان وەکوو کۆیلە و کەنیزەک بردووە.) ڕەزوان سەلیم دەڵێت: (ئەو شارستانییەی لە هیند هەبوو، گەشەسەندووترین شارستانیی دونیا بوو، موسوڵمانانی بکوژ، لە دوورگەی عەرەبی و خۆرئاوای ئاسیاوە هاتن، لێ نەگەڕان ئەو شارستانییە، بەرەو پێشتر هەنگاو بنێت و خاپووریان کرد.)

لە سەرەتاوە ئومەوییەکان کە هاتن هەموو کەسیان نەدەکوشت، لێ دەگەڕان هیندۆس لەسەر دینی خۆی بمێنێتەوە، بەو مەرجەی باج بدات، بەڵام دواتر کە باسکی موسوڵمانان بەهێزتربوو، ئیدی ئەوی دینی ئیسلامی قەبووڵ نەکردبا، بە باج لێی خۆش نەدەبوون، دەیانکوشت و چی شک بردبا، تاڵانیان دەکرد. کە هیندییەکان بە دیل دەگیران، بۆ فرۆشتن هەناردەی وەڵاتانی دیکە دەکران، بەڵام پێشەکی هەر نێرینەیەک گەنج بووایە، دەیانخەساند. موسوڵمانان کۆیلە و کەنیزەکیان، بە دیاری خوا دەزانی و دەستکەوتنی کەنیزەک، پاڵنەری یەکەمیان بوو بۆ جیهاد. بە فەرمانی حەججاجی کوڕی یوسفی سەقەفی لەماوەی سێ چوار ساڵدا (٧١٢ – ٧١٥) نزیکەی سێ سەد هەزار کۆیلە هەناردەی وەڵاتانی عەرەب کران. سوڵتان مەحموودی غەزنەوی کە تورکی ئەفغانستان بوو، لە هیندستانەوە سەدان هەزار کۆیلەی ڕەوانەی وەڵاتانی ئیسلامی کردووە. بەشی خەلیفە لە هەموو ئەوانەی بە کۆیلە دەکران، پێنجیەک بوو. لە سەردەمی (جاهیلی)دا، بەشی سەرۆکی خێڵ لە تاڵانی، چواریەک بوو، ئیسلام کردی بە پێنجیەک، ئەمەیش هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی تاڵانچییان بە ئیسلامەوە پێوەست ببن.

(شمشێر دەتگوت بروسکەیە لەنێو هەورێکی تاریکدا، فوارەی خوێن لە ئەستێرەی کشاو دەچوو، خۆشەویستانی خوا، دوژمنیان بەزاند، موسوڵمانان تۆڵەیان لە کافران سەندەوە، پازدە هەزاریان لێ کوشتن، تەرمەکانیان بوون بە خۆراکی قەل و داڵ. خوا پێنج سەد هەزاری لە کیژان و کوڕانی جوان، بە خۆشەویستانی بەخشی.) ئەوە شیعر نییە، پەرەگرافێکە لە یەکێک لە ڕووپەلەکانی مێژووی خوێناویی ئیسلام، سکرتێری سوڵتان مەحموودی غەزنەوی تۆماری کردووە.

کە ساڵی ١٠٧٩غەزنەوییەکان پەلاماری (پەنجاب)یان دا، دەستکەوتیان سەدهەزار کۆیلە بوو. پەرەسەندنی بازرگانیی کۆیلە، زادەی پەرەسەندنی ئیسلام بوو. جاهار: بریتی بوو لەوەی، ژن بۆ ئەوەی ئەتک نەکرێت، خۆی دەسووتاند، لە ژمارە نایەن، چەند ژنی هیندی، بۆ ئەوەی دەست لەشکری موسوڵمانان نەکەون، خۆیان سووتاندووە. میر خەسرەو کە سۆفی بوو، دەڵێت: (تورک هەر خەریکی ئەوەبوون، هیندۆس بکوژن، بکڕن یان بفرۆشن.)

حەریم کە شوێنی ژنانی لە ژمارە نەهاتووی سوڵتانە، پێویستی بە پاسەوانی هەبوو، ئەو ئەرکە کۆیلەی خەسێنراو ڕایدەپەراند. کوێلەی خەسێنراو نە دەیتوانی لەگەڵ ژنانی حەریمدا دەست تێکەڵ بکات، نە دەیتوانی ژن بهێنێت و وەچە بخاتەوە. یەکێک لەو هۆکارانەی وایان دەکرد، ڕێژەی دانیشتووانی هیندستان لەسایەی ئیسلامەوە، ڕوو لە کزی بکات، خەساندن بوو، ئاخر ژمارەی خەسێنراوان بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان بوو. زۆر لە سوڵتانەکان بە هەزاران کوڕێژگەی خەسێنراویان هەبوو، زۆریان حەزیشیان لە کوڕی جوان بوو، سوڵتان مەحموودی غەزنەوی یەکێک بوو لەو پیدۆفیلانە. (تیلاق) کوڕێکی زێدە جوانی هیندی بوو، هێندە سەرنجی سوڵتان مەحموودی ڕاکێشابوو، کردبووی بە فەرماندەی لەشکر.

*

(١) الغزو الاسلامي للهند: أعظم إبادة جماعیة فی التأریخ، ترجمە: مصطفی الفارس.

(2) Islamic Invasion Of India: The Greatest Genocide In History.

(*) ئێستا هیندستان لە ڕووی ژمارەی موسوڵمانەوە، یەکەم وەڵاتی دونیایە، ئەندەنوسیا و پاکستان، دووەم و سێیەمن. هەنووکە لە هیندستان و پاکستان و بەنگلادیش، کە سەر بە هەمان نیمچە کیشوەرن، زیاد لە نیو میلیارد موسوڵمان هەن. ئەگەر نیمچە کیشوەری هیند بەر غەزوو نەکەوتبا، خەڵکی ڕەسەنی ئەوێ، لەسەر دینە دێرینەکانی خۆیان دەمان و ڕەنگە ئێستا نیو میلیۆن موسوڵمانیش لەو وەڵاتانە نەژیابا.

(**) وەک مەدینە بێ نەبی بێ، یا نەجەف بێ، بێ عەلی

شاری غەزنەش ئێستە بێ مەحموودە وەک داریکەلی

حەمدیی شاعیر ستەمێکی گەورەی لە شێخ مەحموودی حەفید کردووە، کە بە خوێنڕێژێکی وەک سوڵتان مەحموودی غەزنەویی شوبهاندووە..

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: