خوێندنه‌وه‌یه‌ك له قووڵایه‌کانی ماکس ڤێبه‌ردا
(1864-1920)
د. عادل باخه‌وان
دکتۆرا له سۆسیۆلۆژیایدا
چۆن مۆدێرنیتێ بینا کرا و له کێوه سه‌رچاوه‌ی گرت؟
ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه که ماکس ڤێبه‌ر، گه‌وره سۆسیۆلۆگی ئه‌ڵمانی، ته‌واوی سۆسیۆلۆژیاکه‌ی خۆی بۆ ته‌رخان کردوه و ناوه‌ڕۆکی سه‌ره‌کيی تێز و لێکدانه‌وه‌کانی پێک ده‌هێنێت. ڤێبه‌ر چه‌ند سۆسیۆلۆگه ئه‌وه‌نده‌ش مێژوونووسه، چه‌ند ئابووریناسه ئه‌وه‌نده‌ش پۆلیتۆلۆگه، ئه‌م “به‌حره له علوم”، پاش تاودانی هه‌موو ئه‌و زانستانه، له درێژه‌ی توێژینه‌وه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌دا ئه‌م ده‌ره‌نجامه ده‌خاته ڕوو :
له مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا، به ته‌نيا ئه‌ورووپا، له‌سه‌ده‌ی شازده‌يه‌مه‌وه، ده‌بێت به مه‌یدانی گۆڕینی سروشتی سیسته‌می شارستانییه‌ت. گه‌ر مێژووی پێش سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م بریتیبووبێت له مێژووی ده‌ستێوه‌ردانی خوا له کاروباری مرۆڤه‌کاندا، ده‌ستێوه‌ردانی ئاسمان له کاروباری زه‌ویدا، ده‌ستێوه‌ردانی ئایینه‌کان له کاروباری تاکه‌کاندا، ئه‌وا له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌مه‌وه، ئه‌م سیسته‌مه ده‌گۆڕێت و ده‌بێت به مێژووی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆڤه‌کان له کاروباری خواکاندا، ده‌ستێوه‌ردانی زه‌وی له کاروباری ئاسماندا، ده‌ستێوه‌ردانی تاکه‌کان له کاروباری ئایینه‌کاندا.
له ڕوانگه‌ی ئه‌م تێزه‌وه، تێزی گوزه‌رکردن و گۆڕینه‌وه‌ی ڕۆڵه‌کان له‌نێوان ئاسمان و زه‌وی و خوا و مرۆڤه‌کاندا، ماکس ڤێبه‌ر دێت و کۆی پرۆسێسی مۆدێرنیتێ به چه‌مکی ڕاسیۆنالیتێ پێناسه‌ده‌کات. ڕاسیۆنالیتێی مۆدێرنیتێش ڕه‌گوڕیشه‌کانی له‌نێو ڕاسیۆنالیزه‌کردنی ئاییندا ده‌دۆزێته‌وه. چه‌ند ڕاسیۆنالیزه‌کردنی ئایین کۆتایی به کۆمه‌ڵگه‌ی ترادیسیۆنێلی دامه‌زراو له‌سه‌ر ئایین هێنا، هێنده‌ش به‌شداری کرد له دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنیتێدا.
ئه‌مه ئه‌و گریمانه سه‌ره‌کیه‌یه که ماکس ڤێبه‌ر کاری له‌سه‌ر کردووه : له‌ڕێگەی خۆ-ڕاسیۆنالیزه‌کردنه‌وه ئایین مۆدێرنیتێی دروستکردوه. واته ئایین به‌ده‌ستی خۆی دژه سه‌رسه‌خته‌که‌ی خۆی دروستکردوه.
” ڕاسیۆنالیتێ بریتیە لە بڵاوکردنەوەی کەرەسە عەقڵانییەکان لە نێو هەموو پانتاییەکانی چالاکییە مرۆییەکاندا. واتە بۆ پێکانی ئامانجێك هەموو کەرەسە بەکارهێنراوەکان دەبێت “ڕاسیۆنالیزه” بکرێن. لێرەوە ڕاسیۆنالیتێ دەبێت بە ڕێکخستنی ژیان لەسەر بنەمای دابەشکردنی پانتاییەکان و دروستکردنی هارمۆنی لەنێوان کۆی چالاکیەکاندا. ئەمەش بێگوومان دەبێت دەرەنجامی توێژینەوە زانستیەکان لەسەر پەیوەندی نێوان مرۆڤ بە مرۆڤ و مرۆڤ بە ئامێر و مرۆڤ بە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت. “
گرنگی ئه‌م تێزه له‌وه‌دایه له زه‌مه‌نێکدا له‌دایک ده‌بێت که بۆچوونی هه‌یمه‌نه‌دار له کۆمه‌ڵگه ئه‌ورووپیه‌کاندا بریتیه له فڕێدانی ئایین بۆ نێو زبڵدانی مێژوو، بریتیه له کۆتاییهاتن به ئایین و مردنی خوا. له‌کاتێکدا که هه‌موو لایه‌ك باس له دابڕان و کۆتایی ئایین ده‌که‌ن، ڤێبه‌ر پێمانده‌ڵێت ئایین به‌ده‌ستی خۆی مۆدێرنیتێی دروستکردوه ! ئه‌مه‌یه ئه‌و تێزه‌ی که هه‌موو لایه‌ك توشی شۆكده‌کات.
جیهانی ڕزگاربوو له ده‌سه‌ڵاتی ئایین
ناکرێت به‌بێ تێگه‌شتن له سۆسیۆلۆژیای ماکس ڤێبه‌ر ئێمه بتوانین تێگه‌شتنێکی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه ئاڵۆزه‌کانی نێوان ئایین و مۆدێرنیتێ، ئایین و ڕاسیۆنالیتێ، چوونه ده‌ره‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ئایین و هه‌یمه‌نه‌ی عه‌قل له جیهانی نوێ‌دا به‌رهه‌م بهێنین. ئه‌و گریمانه سه‌ره‌کییه‌ی که ماکس ڤێبه‌ر کاری له‌سه‌ر ده‌کات، ده‌کرێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه دایبڕێژین : مێژوو به پرۆسسی ڕاسیۆنالیزاسیۆندا گوزه‌ریکرد که ده‌کاته پرۆسێسی داڕنینی جیهان له ئه‌فسانه‌کان که ده‌کاته جیهانێکی ڕزگاربوو له ده‌سه‌ڵاتی ئایین.
بۆ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌م هاوکێشه‌یه، ڤێبه‌ر یه‌کێک له چه‌مکه هه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی ده‌خاته کار. چه‌مکێك كه پاش نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌ك دوای مه‌رگی ئه‌م سۆسیۆلۆگه، ده‌بێته‌وه به بابه‌تی ناوه‌ندیی گوفتوگۆی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه جیهانییە‌کان. له زمانه ئه‌ڵمانییە‌که‌ی ماکس ڤێبه‌ردا ئه‌م چه‌مکه به‌م شێوه‌یه ده‌نووسرێت:
Entzauberung der Welt
پاش چه‌ندان گوفتوگۆ و لێکدانه‌وه له‌لایه‌ن تایبه‌تمه‌نده‌کانه‌وه، فه‌ره‌نسیه‌کان به‌م شێوه‌یه وه‌ریان گێڕاوه :
Désenchantement du monde
له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه وه‌رگێڕدراوه و چووه‌ته نێو زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی جیهانی ئه‌نگلۆفۆنه‌وه:
Disenchantment of the world
ئه‌م چه‌مکه گوزارشته له پرۆسێسی دوورکه‌وتنه‌وه له‌و لۆژیك و ئه‌رگیومۆنتانه‌ی ئایین و سیحر که ته‌فسیر و ته‌ئویلی جیهان ده‌که‌ن و جێگرتنه‌وه‌یانه به لۆژیك و ئه‌رگیومۆنته ڕاسیۆنێله‌کان. له جیهانی مۆدێرندا خواکان، ڕۆحه‌کان، شه‌یتانه‌کان و ده‌سه‌ڵاته غه‌یبیه‌کان کورسیه‌کانیان چۆڵده‌که‌ن بۆ واقیعێكی ڕوتوقوت که سه‌رمایه‌داری له چرکه‌ی ڕاسێۆنالیتێ ئابووریه‌که‌یدا هۆشیاریه کامڵبوه‌که‌یه‌تی. ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی که سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌رده‌وام کلیک ده‌کات له‌سه‌ر:
- ژمێریاری ستراتیژی
- بیرۆکراسی
- چوارچێوه‌دان بۆ شته‌کان و چالاکییه‌کان
- پێشنیازکردنی ڕێکخستنی ئه‌بستراکت بۆ هه‌موو کات و شوێنه‌کان
لێره‌وه ڕاسیۆنالیزاسیۆن به‌شداری ده‌کات له دروستکردنی کولتوورێکی جیهانیدا که کۆی مرۆڤه‌کان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شی ده‌که‌ن. ئه‌م ڕاسیۆنالیزاسیۆنه له کوێدا تێبینیده‌کرێت ؟ کامانه‌ن ئه‌و هێمایانه‌ی که ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر ئه‌م پرۆسێسه ؟
ڤێبه‌ر پێیوایه باشترین مه‌یدانێك که ڕاسیۆنالیزاسیۆن کاری تیاداکردبێت و خۆی ده‌رخستبێت مه‌یدانی ڕۆشنبیریه. ڕۆژئاوا ده‌بێت به سه‌رزه‌مینی له‌دایکبوونی زانسته عه‌قڵانییە‌کان. ڕاکێشانی هه‌موو مه‌یدانه‌کان بۆ نێو جیهانی زانست و میتۆده‌کانی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م تێزه. بایه‌خی ئه‌م مه‌یدانه له‌وه‌دایه که توانی میتۆدێکی ئه‌بستراکت و جیهانی وا پێشنیاربکات که له‌سه‌روی هه‌موو کات و شوێنه‌کانه‌وه بێت و مرۆڤه‌کان له‌هه‌ر کوێبن، بۆ خوێندنه‌وه‌ی شته‌کان، به‌کار یبێنن.
ڕاسیۆنالیزاسیۆن هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر جیهانی هونه‌ره‌کانیشداکردوه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی مۆسیقایه‌ك که به شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی له هه‌رمۆنیدایه. بیناسازی وه‌ك پرۆسێسی به‌کارهێنانی پانتایی به هه‌موو مانایه‌که‌وه مه‌یدانێکی دیکه‌ی ده‌رکه‌وتنی ڕاسیۆنالیتێی مۆدێرنیتێیه. سیاسه‌ت و ئابووری دیسانه‌وه دوو مه‌یدانی گرنگن که له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ڕاسیۆنالیتێ بینا کراونه‌ته‌وه. سیسته‌می دروستکردنه‌وه‌ی شاره‌کان وه‌ك یه‌که‌یه‌کی سیاسی و ئابووری له‌هه‌مان کاتدا مه‌یدانێکی دیکه‌ی ده‌رکه‌وتنی ڕاسیۆنالیتێیه. ته‌نانه‌ت خودی کۆمه‌ڵگه خۆشی له‌نێو پرۆسێسی راسیۆنالیزاسیۆندا نوقومده‌بێت. له په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بیناکراو له‌سه‌ر زاتیه‌تی هه‌ستکردن به ئینتیما بۆ ترادیسیۆنێك، به‌ره‌و په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بیناکراو له‌سه‌ر ڕێکه‌وتنی ئه‌ندامه‌کان له‌سه‌ر چوارچێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی کۆلێکتیڤ، ستراکتۆره کۆمه‌لایه‌تییه‌کانیش ده‌گۆرێن و خۆیان ڕاسیۆنالیزه‌ده‌که‌ن.
له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی راسیۆنالیتێدا، که هاوڕێیه‌تیکراوه له‌لایه‌ن ئاساییکردنه‌وه‌ی جیهان و ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه مرۆییه‌کان، “ئیونیڤێرسالیتێ”یه‌کش سه‌رهه‌ڵده‌دات و جێگا ته‌نگده‌کات به هه‌موو ئه‌و به‌ها ئایینیانه‌ی که مانای باڵایان به ژیانی مرۆڤه‌کان ده‌به‌خشی و په‌ناگه‌یان بوون. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی ڕاسیۆنالیتێدا، بیرۆکراسیه‌تی وجود باڵده‌کێشت به‌سه‌ر هه‌موو مه‌یدانه‌کانی ژیاندا و یاسا و ڕێکخستنه ناکه‌سی و عه‌قڵانییە‌کانی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌کدا و له‌م رێگایه‌شه‌وه ترادیسیۆن و هه‌ست و سۆز ده‌خاته نێوان دوو که‌وانه‌وه.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه‌کانی مۆدێرنیتێ، ماکس ڤێبه‌ر کۆی مێژووی ئایینه‌کان ده‌کات به مه‌یدانی توێژینه‌وه و پشکنین. ئه‌و له‌کاتێکدا ده‌گه‌ڕێت به‌دوای پرسیاری بۆچی و چۆن ئایین به‌ده‌ستی خۆی ده‌رگای له‌سه‌ر ڕاسیۆنالتێ کرده‌وه، واته به‌ده‌ستی خۆی دژه‌که‌ی خۆی دروست کرد، له‌هه‌مانکاتدا پێمان ده‌ڵێت چۆن و له‌به‌رچی مۆدێرنیتێ له ڕۆژئاوادا نه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتدا دروست ده‌بێت و له زه‌مینی کریستیانیسم به‌گشتی و پرۆتیستانتیسمدا به‌تایبه‌تی نه‌ك له زه‌مینی ئایینه‌کانی دیکه‌دا دروست ده‌بێت.
لێره‌وه توێژینه‌وه له‌سه‌ر ئایین لای ڤێبه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی ده‌بێت به توێژینه‌وه له‌سه‌ر به‌راوردکردنی ئایینه‌کان. به‌پێچه‌وانه‌ی دۆرکایمه‌وه که به‌دوای ڕگوڕیشه‌کانی ئاییندا ده‌گه‌ڕێت، ماکس ڤێبه‌ر ده‌یه‌وێت تێبگات له ده‌ره‌نجامی ئیعتیقاده‌کان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه و مێژووی مرۆڤه‌کان و ئه‌مه‌ش هۆکاری سه‌ره‌کی کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌که له‌سه‌ر ڕاڤه‌کردنی پرۆسێسه‌کانی «عه‌قڵه‌نه‌کردن» له هۆشیاری ئایینی‌دا.
قه‌یرانی ما‌نا
هه‌ر دابڕانێك سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی قه‌یرانی مانایه له ژیانی مرۆڤه‌کاندا. دابڕانی وجودی ورووژێنه‌ری پرسیار و ئیشکالیه‌ت و قه‌یرانی مانایه. ئه‌م دابڕانه‌ش که باسی ده‌که‌ین زیاتر له ئاستی وشیاریدایه تا واقیع. ڕاسته دابڕانی واقیع قه‌یرانی ما‌نا لای مرۆڤه‌کان دروست ده‌کات، به‌ڵام هه‌رگیز له ئاستی ئه‌و قه‌یرانه‌دا نییه که دابڕانی وشیاری دروستی ده‌کات. کاتێك که تاکێك یان گرووپێك چاوه‌ڕوانییه‌کانیان، خه‌ونه‌کانیان وه‌ك ئه‌وه‌ی که هه‌ن نایه‌نه دی، ئیتر پرسیار و قه‌یرانی ما‌نا و هه‌ستکردن به بێمانایی ده‌ست پێ ده‌کات.
ماکس ڤێبه‌ر پێیوایه ئه‌م “هه‌ستکردنه” سه‌رچاوه‌ی هێشتنه‌وه‌ی ڕژێمێکی ڕه‌مزی بیناکراوه له‌سه‌ر سیسته‌مێك له به‌ها. بۆ ئه‌وه‌ی ژیان مومکین بێت ئاسمانی به‌هاکان که کشاوه به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا ده‌بێت هه‌میشه به‌ڕێکخراوه‌یی و دور له فه‌وزا بمێنێته‌وه. هه‌ر دروستبوونی مه‌ودایه‌ك له‌نێوان ڕژێمی یاسادانه‌ر و پراکتیکی ڕۆژانه‌دا ژیان ده‌خاته بارودۆخی ناجێگیریه‌که‌وه که ده‌بێت به هۆی قه‌یرانی “ما‌نا”یه‌ك که مرۆڤه‌کان ناچارده‌کات به ڕامهێنانی واقیع له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هایانه‌دا که سه‌رچاوه‌ی باڵای به‌رهه‌مهێنانی ماناکانن.
گه‌ردوونی به‌هاکان بایه‌خێکی تایبه‌تیان لای ماکس ڤێبه‌ر هه‌یه. ئینسیجامیان له‌گه‌ڵ جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا مه‌رجێکی سه‌ره‌تاییه بۆ دروستکردنی سیسته‌می به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و نۆرمانه‌ی که چوارچێوه‌ی ڕه‌فتاری تاك و گرووپه‌کان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن. ئه‌و به‌هایانه، لای ماکس ڤێبه‌ر، له قووڵاییاندا سروشتێکی ئایینیان هه‌یه و له‌ڕێگەی توێژینه‌وه له‌سه‌ر مێژووی ئایینه‌کانیش ده‌یه‌وێت ئه‌م تێزه بسه‌لمێنێت.
گه‌ڕان به‌دوای قه‌یرانی مانادا ماکس ڤێبه‌ر ناچارده‌کات به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسرائیلی ئه‌نتیك. له 683 ی پێش زایندا بتپه‌رسته‌کان په‌لاماری یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی جووەكان ده‌ده‌ن و له‌توپه‌تی ده‌که‌ن و له بنه‌وه هه‌ڵیده‌وه‌شێننه‌وه و پاشان دانیشتوانی ده‌وڵه‌ته‌که‌ش “ته‌رحیل”ده‌که‌ن بۆ بابیلۆن.
ئه‌م کاره‌ساته گه‌ر که‌مێك زیاتر قووڵ ببوایه‌ته‌وه، ده‌یتوانی کۆتایی به جودایسم بێنێت و ئیمزای مردنی بکات و گه‌لی جوله‌که فڕێبداته نێو په‌راوێزه له‌بیرچووه‌کانی مێژووه‌وه. جووەكان له خۆیان ده‌پرسی: باشه چۆن گه‌لێکی وه‌ك ئێمه، که له‌نێو هه‌موو گه‌لانی دنیادا خوا هه‌ڵی بژاردووه، له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تێکی بتپه‌رسته‌وه نه‌ك هه‌ر سووکایه‌تی پێ ده‌کرێت و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی له‌ناو ده‌برێت، بەڵكووو یه‌ك به یه‌کیشیان ناچار به “ته‌رحیل” ده‌کرێت؟
له چرکه‌ساتی پرسیارێکی ئاوادایه که کۆی ئیمپراتۆریه‌تی “ما‌نا” لای جووەكان ده‌له‌رزێت و وه‌ك به‌فر هه‌ره‌س ده‌هێنێت و ده‌بێت به‌سه‌ره‌تای گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامه ڕاسیۆنێله‌کاندا. پرسیارکردن له شکست جووەكان ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و “تیۆدۆسیا”یه‌ی که له‌سه‌ر ئه‌م گوتاره‌ی خواره‌وه دامه‌زراوه :
“هه‌رچه‌ند خراپه‌کاران هه‌یمه‌نه‌یان کردوه به‌سه‌ر جیهاندا، به‌ڵام خوا خۆی به‌ته‌نها حوکمی ده‌کات! کاتێك ئیسرائیل که هه‌ڵبژارده‌ی خوایه شکست دێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که وه‌فادار نه‌بوو بۆ ته‌ورات که گرێبه‌ستی نێوان خوا و جووەكانه. که ئه‌وان له یاسای خوا لایاندا، ئیتر خوا بابیلۆنییە‌کانی به‌کارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی سزایان بدات. بۆئه‌وه‌ی ئیسرائیل سه‌رله‌نوێ ببێته‌وه به خاوه‌نی خاکی پیرۆز و ده‌سه‌ڵات ده‌بێت ته‌وبه بکات و بگه‌ڕێته‌وه بۆلای خوا“
چۆن و که‌ی ئه‌م جۆره حاڵه‌تانه ده‌بن به سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری ڕاسیۆنالیتێ ؟ ڤێبه‌ر پێیوایه بایه‌خی ئه‌م جۆره حاڵه‌تانه له‌وه‌دایه که ڕێکخستنێکی گونجاو له‌نێوان بۆچه‌ونه‌کان و فاکته‌کاندا فه‌رزده‌کات به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌کدا. ڕه‌سه‌نایه‌تی ئه‌م ڕێکخستنه‌ش له‌وه‌دایه که به‌شێوه‌یه‌کی دیالێکتیکانه، له‌نێو خۆیدا و له یه‌ککاتدا “سه‌لماندن” و “پێچه‌وانه‌که‌شی” پێکه‌وه کۆده‌کاته‌وه.
له جیهانبینی پێغه‌مبه‌ره‌کاندا هه‌موو شتێك مانایه‌کی هه‌یه، ته‌نانه‌ت خراپه‌ش، سزای تاوانێك هه‌ڵگری هه‌مان لۆژیکی چاکه‌یه، چونکه له کۆتاییدا مه‌به‌ستی باڵای سزای تاوانبارێك له‌پێناوی چاکه‌دایه. ئامانج له‌م چوارچێوه‌یه له ڕێکخستن بریتیه له مانابه‌خشین ته‌نانه‌ت به‌و شتانه‌ش که له سیسته‌می به‌های هه‌یمه‌نه‌داره‌کاندا وا ده‌رده‌که‌ون بێ مانان.
چه‌ند مه‌دلوول ببه‌خشین به‌و شتانه‌ی که مه‌دلوولیان نییە، چه‌ند پێویستیی کشانی “گونجان” به‌سه‌ر مه‌یدانه‌کانی دیکه‌دا خۆی فه‌رزکات، ئه‌وه‌نده‌ش بازاڕی به‌هاکان گه‌رم ده‌بێت و پرسیاری جێبه‌جێکردنیان گه‌وره ده‌بێت. چه‌ند حاڵه‌ته‌کان دووباره ببنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش ڕاسیۆنالیزاسیۆنی جیهان قووڵ ده‌بێته‌وه، به‌و مانایه‌ی که به‌هاکان زیاتر خۆیان ده‌که‌ن به واقیعه‌کاندا. چه‌ند ڕێکخستنی به‌ها دروستکاره‌کان خۆیان ڕاسیۆنالیزه‌بکه، ئه‌وه‌نده‌ش به‌ریه‌که‌وتنی نۆرم و واقیع فراوانتر ده‌بێت. چه‌ند تاکه‌کان له حیرمان نزیک ببنه‌وه، هێنده‌ش داواکاری گه‌شه‌کردنی ڕاسیۆنالیتێ به‌هێزتر ده‌بێت.
به‌ڵام ڕاسیۆنالیتێ چییە و چۆن کار ده‌کات؟
ماکس ڤێبه‌ر پێی وایه ئه‌م چه‌مکه خۆی له خۆیدا به‌هایه‌ك نییە، بەڵكوو چوارچێوه‌یه‌کی ڕێکخستنی ئه‌و به‌هایانه‌یه که کرده‌ی ڕاسیۆنالیزاسیۆن ڕۆژ له دوای ڕۆژ بڵاویان ده‌کاته‌وه. سنووره‌کانی ڕاسیۆنالیتێ فۆرم تێپه‌ڕ ناکه‌ن و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان به جه‌وهه‌رگه‌راییه‌وه نییە، واته ڕاسیۆنالیتێ دۆخێکی فۆرمگه‌رایه نه‌ك جه‌وهه‌رگه‌را. له سۆسیۆلۆژیای ماکس ڤێبه‌ردا ڕاسیۆنالیزاسیۆن به سێ پرۆسێس کار ده‌کات:
له پرۆسێسی یه‌که‌مدا کار ده‌کات له‌سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانه‌ی به‌هاکان و ئاشکراکردنی بناغه فیکریه‌کانیان، چ له‌سه‌ر ئاستی مێتافیزیك چ له‌سه‌ر ئاستی تیۆلۆژیك .
له پرۆسێسی دووهه‌مدا کارده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و ڕفتارانه‌ی که ده‌بن به ئاوێنه‌ی ده‌رخستنی به‌هاکان، به‌بێ حسابکردن بۆئه‌وه‌ی که ئایا له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه یان کولتورێکی دیاریکراوه‌وه فه‌رزکراوان یان نا.
له پرۆسێسی سێیه‌مدا به‌هاکان وه‌ك چالاکی و زیندویه‌تی پراگماتیکانه، نه‌ك به ته‌نیا ڕه‌مزی، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. واته به‌هاکان لێره‌دا ده‌بن به مۆدێلێك له ژیان و جیهانبینییە‌كی ڕه‌های گه‌ردوون.
له‌ڕێگەی ئه‌م سێ پرۆسێسه‌وه ماکس ڤێبه‌ر تێوریه‌كی سۆسیۆلۆژی له‌سه‌ر چۆنییە‌تی کارکردنی به‌هاکان داده‌مه‌زرێنێت که ده‌کرێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بیناسێنین:
به‌هاکان، که هه‌میشه گشتی و ئه‌بستراکتن، خالقی ئه‌و نۆرمانه‌ن که له چرکه‌ی خه‌لقبونیانه‌وه و له‌نێو دۆخه جیاوازه‌کاندا خالقه‌کانیان (به‌هاکان) وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر پراکتیك. له دۆخێکی تایبه‌تدا، کاتێك گرووپێك له مرۆڤه‌کان سزای ڕه‌فتارێك ده‌ده‌ن، ئیدی له‌و چرکه‌یه‌دا بوونی نۆرمێك له نۆرمه‌کان و له پشت ئه‌ویشه‌وه بوونی به‌هایه‌ك له‌به‌هاکان ده‌رده‌که‌وێت و چوارچێوه‌یه‌کی وجودی وه‌رده‌گرێت.
لێره‌وه ڕاسیۆنالیزاسیۆن ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به ڕه‌فتاره‌کان و هۆشیاریه‌کانه‌وه. ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه ڤێبه‌ر ده‌باته‌وه سه‌ر ئایین. ئه‌و پێیوایه به‌هاکان، له‌ڕێگەی تاقانه‌یی و مێژوه‌که‌یانه‌وه، هه‌ڵگری سروشتێکی ئایینین و کێڵگه‌ی کارکردنیان به پله‌ی یه‌که‌م خودی ئایینه.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له بێ مانایدا ده‌ژین، ئایین ده‌توانێت پڕ ما‌نایان بکات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له گومان و ڕاڕای و بچووکیدا ده‌ژین، ئایین دڵنیایان ده‌کاته‌وه و یه‌قینیان پێ ده‌به‌خشێت و فێری گه‌وره‌بوونیان ده‌کات. وه‌ڵامه‌کانی ئایین ڕێز و شه‌ره‌ف بۆ مرۆڤه‌کان ده‌گێڕێته‌وه و له‌نێو دۆخ و هه‌لومه‌رجه سه‌خته‌کاندا به‌هێزیان ده‌کات. ته‌نانه‌ت له چرکه‌ی هه‌ژاری و کڵۆڵی مرۆڤه‌کانیشدا ئایین دێت و زنجیره‌یه‌ك له به‌ڵگه و به‌هانه ده‌خاته به‌رده‌ستیان و ما‌نا به هه‌ژاری و کڵۆڵییه‌کانیشان ده‌به‌خشێت.
به‌پێچه‌وانه‌ی مارکسه‌وه، ماکس ڤێبه‌ر پێی وانییە که ئایین چه‌کی ده‌ستی چینی هه‌یمه‌نه‌دارانبێت بۆ چه‌وساندنه‌وه و خه‌ڵه‌تاندن و فێڵلێکردنی چینی هه‌یمه‌نه‌له‌سه‌رکراوه‌کان. به‌پێچه‌وانه‌ی مارکسه‌وه، ڤێبه‌ر پێی وا نییە که ئایین که‌ره‌سه‌ی قه‌ناعه‌تکردنی چینی هه‌یمه‌نه‌له‌سه‌رکراوه‌کان بێت بۆ قبووڵکردنی هه‌یمه‌نه‌ی چینی هه‌یمه‌نه‌داران. ڤێبه‌ر پێی وایه ئایین خۆی له خۆیدا که‌ره‌سه‌یه‌کی داهێنراوی ده‌سه‌ڵات نییە بۆ ئه‌وه‌ی به ئاره‌زی خۆی به‌کاری بهێنێت، بەڵكوو سه‌رچاوه له “پێویستیه‌که‌وه” ده‌گرێت که شه‌رعییه‌ت ده‌دات به “بوون”ی هه‌ر مرۆڤێك و له هه‌رێمه‌کانی بێ-مانای ڕزگاری ده‌کات.
ئه‌م “پێویستیه” لای ئه‌کته‌ری ئایینی به”نهێنی” ده‌مێنێته‌وه، چونکه ئه‌و به ڕاده‌یه‌ك له‌نێو پرۆسێسی ما‌نا به‌خشین به‌ژیانیدا ونبووه توانای ئه‌وه‌ی نییە مه‌ودایه‌ك له‌نێوان خۆی و کرده‌کانیدا دروستبکات و هه‌وڵی تێگه‌شتن بدات له‌وه‌ی که ده‌یکات. وشیاری ئه‌و وشیاریه‌کی سه‌رگه‌رمکراوه به پرۆسێسی ما‌نا دروستکردنه‌وه نه‌ك به ڕامان له خودی ماناکان. ئه‌م “نهێنییە” له‌به‌رامبه‌ر خود و ئه‌وانیدیکه‌شدا مه‌رجێکی سه‌ره‌کیه بۆ ئه‌وه‌ی ئایین بتوانێت وه‌ك شه‌رعیه‌ت به‌خش کاربکات.
مارکس پێی وایه “ما‌نا”به‌خشین به واقیعی ئاماده، دورکه‌وتنه‌وه‌یه له چه‌کی ڕه‌خنه‌گترن له واقیع وه‌ك ئه‌وه‌ی که هه‌یه، درێژکردنه‌وه‌ی واقیعی کوشنده و تاڵی مرۆڤه‌کانه، شه‌رعییه‌ت به‌خشینه به نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ری. به‌ڵام ڤێبه‌ر پێیوایه، به‌پێچه‌وانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بژین، مرۆڤه‌کان پێویستیان به درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی به‌ها و ته‌مه‌نی ما‌نا هه‌یه وبه‌بێ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش مرۆڤه‌کان ناتوانن ژیانێکی شه‌رفمه‌ندانه بژین. مارکس ئه‌رزشێکی زۆر که‌م به “ما‌نا” ده‌به‌خشێت و پێیوایه هیچ نییە که‌ره‌سه‌ی فێڵکردنی ئایدۆلۆژیا نه‌بێت.
له سۆسیۆلۆژیای ماکس ڤێبه‌ردا ته‌نیا دوو ڕێگە هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێك بتوانێت خۆی له گه‌ردوونی بێ-مانابوون ڕزگاربکات.
- ڕێگەی یه‌که‌م بریتیه له توانه‌وه له مانای باڵادا که ئایینه‌کان ناوی ده‌نێن خوداوه‌ند، ئاوێته‌بوون به وجودی ئه‌و و ڕه‌نگدانه‌وه له ئه‌ودا به‌ڕاده‌یه‌ك که ئیتر بستێك پانتایی له بێ-مانایی له ژیانی مرۆڤێکدا نامێنێته‌وه.
- ڕێگەی دوهه‌میش که ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ڕێگەی یه‌که‌مه، بریتیه له چوونه ده‌ره‌وه له “قه‌له‌قی وجودی” که به‌فه‌ره‌نسی ده‌بێت به «L’angoisse existentielle» .
ئه‌م دوو ڕێگەیه که مرۆڤه‌کان به‌ره‌و ڕزگاربوون له هه‌رێمه‌کانی بێ-مانایی ده‌به‌ن، به‌شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵانه لێکجاوازن و به‌رده‌وام یه‌کتری دورده‌خه‌نه‌وه. له به‌رده‌م ئه‌م دوو ڕێگەیه‌دا ڕێگەی سێیه‌م و چاره‌سه‌ری سێیه‌م بوونی نییە. مه‌به‌ست له ڕێگەی سێیه‌مێکه که وا له مرۆڤه‌کان ده‌کات که ئیتر به‌دوای مانادا نه‌گه‌ڕێن و ڕێکخستنی ڕه‌فتاره‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌هاکاندا به‌لاوه گرنگ نه‌بێت. له‌بیرمان نه‌چێت که ئامانجی سه‌ره‌کی له ما‌نا به‌خشین به شته‌کان و ژیان بریتیه له پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه وجودیه‌کان و ئه‌و مه‌ودا سه‌ختانه‌ی که له‌نێوان چاوه‌ڕوانییە‌کان و واقیعدا هه‌یه. ئه‌وانه‌ی نایانه‌وێت جیهان وه‌ك ناجێگری و ناگونجاوی و نایه‌کسانی و زه‌بروزه‌نگ و نادادپه‌روه‌ری ببینن (وه‌ك ئه‌وه‌ی که له واقیعداهه‌یه) به‌رده‌وام پێویستیان به چاره‌سه‌رێکی ڕادیکاڵانه هه‌یه. ماکس ڤێبه‌ر ئه‌م پێویستیه وه‌ك پێویستی ڕزگاربوون ده‌سنیشان ده‌کات.
پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا که ئه‌م پێویستیه له په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆدایه له‌گه‌ڵ ڕێز و شه‌ره‌ف و شه‌رعه‌یه‌تبه‌خشینی تاکه که‌سه‌کاندا و گونجاندنه له‌گه‌ڵ به‌ها ڕه‌هاکاندا که له ململانێی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ فه‌وزا و ناجێگیری جیهاندا.
ڤێبه‌ر هه‌میشه پرسیاری ڕزگاربوون ده‌به‌ستێته‌وه به خودی جیهانه‌وه‌و لای ئه‌و ئه‌م پرسیاره ته‌نها له چرکه‌ی په‌یوه‌ندی به جیهانه‌وه ده‌کرێت. لێره‌وه چه‌مکی جیهان ده‌بێت به‌ناوه‌ندی پرسیاری ڕزگاربوون. ته‌نها ئه‌و کاته ڕزگاربوون ده‌بێت به شتێکی مومکین که هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ی جیهان بخرێنه نێو پرۆسێسی ڕێژه‌ییه‌وه…ماکس ڤێبه‌ر پێمان ده‌ڵێت : به‌هاکان ناواقیعین، به‌ڵام بێ ئه‌وان ژیان هیچ ڕێزێکی نییە و سوك و ڕیسوایه.
بۆ کۆتاییهێنان به به‌ریه‌که‌وتنه وجودیه‌کان، ئێمه له‌به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارده‌داین : یان پشتکردنه هه‌موو ئه‌و ململانێیانه‌ی که له‌م به‌ریه‌که‌وتنه وجودیانه‌وه دروستده‌بن (به‌هاکان دژ به فه‌وزای جیهان) یان ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌کتیڤانه بۆ گونجاندنی هه‌لومه‌رجی جیهان له‌گه‌ڵ به‌هاکاندا.
له سۆسیۆلۆژیای ڤێبه‌ردا مرۆڤه‌کان بۆ پارێزگاریکردن له ڕێز و شه‌ره‌فی مرۆییان ته‌نها له‌به‌رده‌م ئه‌م دوو ستراتیژیه‌ته‌دان. ئه‌م دوو ستراتیژیه‌ته‌ش دوو تیپ له ئاییندارین که له‌سه‌ر ئیمه‌نه‌نس و ترانساندانس خۆیان داده‌مه‌زرێنن. له چرکه‌ی ئیمه‌نه‌نسدا ما‌نا له‌نێو زه‌مه‌نێکی درێژدا ده‌دۆزرێته‌وه، به‌ڵام له چرکه‌ی ترانساندانسدا ما‌نا له‌نێو نا-زه‌مه‌ندایه. لێره‌وه ترانسادانس و ئیمه‌نه‌نس وه‌ك دوو مۆدێلی جیاوازی ڕادیکاڵانه له ما‌نا ده‌رده‌که‌ون. باشترین مه‌یدانێك که ڤێبه‌ر ئه‌م جیاوازیه‌ی تیادا تێبینیده‌کات مه‌یدانی دینداریه.
له بودیسمدا، له چرکه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ خراپه یاخود نادادپه‌روه‌ریدا، مرۆڤه‌کان دێن و له‌ڕێگەی ترانسمیگره‌یشن-جیابونه‌وه‌ی ڕۆحه‌وه ما‌نا دروستده‌که‌ن : مرۆڤێك که هه‌ست به ئازارده‌کات له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ڕۆحی هێنده پاك نییە تا بگاته ئاستی “ته‌ناسوخ-Réincarnation” واته تێکه‌ڵبوونی ڕۆح به جه‌سته‌یه‌کی دیکه پاش مردنی خاوه‌نه‌که‌ی. ڕاسته ئازارچه‌شتن شتێکی باشنییە، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا شتێکی پێویسته بۆ ئاماده‌کردنی ڕۆح. کاتێك ڕۆح، له زه‌مه‌نێکی درێژدا که به پێوه‌ری مرۆڤه‌کان ناپێورێت، ده‌گاته ئاستێکی به‌رز له‌گه‌شه‌کردن کرده‌ی ئازارچه‌شتن کۆتاییپێدێت، به‌ڵام بۆ گه‌شتن به‌م ئاسته، مرۆڤه‌کان ده‌بێت به تونێلی نه‌فیکردنی ژیاندا تێپه‌ڕن، نه‌فیکردنێك که هه‌لومه‌رجی پچڕانی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان کۆمه‌ڵگه و جه‌سته ئاماده ده‌کات. له‌م ماوه‌یه‌شدا مرۆڤ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ڕاده‌هێنێت و خۆی ده‌سپێرێت به جۆرێك له پاسیڤیتێ.
له ئایینه ته‌وحیدیه‌کاندا خراپه و نادادپه‌روه‌ری دوو شتی قبوڵکراونین و له جیهانی ئێره‌دا ڕاستده‌کرێنه‌وه و دواناخرێن بۆ جیهانێکی دیکه. له ئایینه ته‌وحیدیه‌کاندا چه‌مکی “خه‌لق” ته‌واو جیایه له چه‌مکی “ته‌ناسوخ”ی بودیسته‌کان. چه‌مکی “خه‌لق” ده‌مانباته‌وه سه‌ر لێکجابونه‌وه‌ی ڕادیاکاڵانه‌ی هه‌ردوو گه‌ردونی “خالق” و “مه‌خلوق” له‌یه‌کتری و ته‌نها پردێك که ئه‌م دوو گه‌ردونه به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه ئه‌و تێکساتانه‌ن که له‌ڕێگەی “وه‌حی”یه‌وه هاتوون و به‌ڕونی باس له پرۆژه خواستگه‌راکه‌ی خالق و پرۆژه ئه‌خلاقیه‌که‌ی مه‌خلوق له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌که‌ن.
ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی بودیسمه‌وه، له ئایینه ته‌وحیدیه‌کاندا خراپه وه‌ك به‌رامبه‌ره دژکه‌ی خواستی خوداوه‌ند پێناسه‌ده‌کرێت و مرۆڤه‌کان به‌ته‌نها لێی به‌رپرسیارن و ده‌بێت هه‌ر خۆشیان ململانێی له‌گه‌ڵدابکه‌ن و له‌ناویبه‌رن. به‌پێی ئایینه ته‌وحیدیه‌کان، جیهانی مه‌خلوق ده‌بێت وه‌ڵامی داواکاریه‌کانی خواستی خالق بداته‌وه که خۆی له “حاکمیه‌تی” خوا له‌سه‌ر زه‌ویدا کورتده‌کاته‌وه. له‌کاتێکدا بودیسم مرۆڤه‌کان به‌ره‌و جۆرێك له قه‌ده‌ریه‌ت و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌بات، ئایینه ته‌وحیدیه‌کان خۆیان وه‌رده‌گێڕنه سه‌ر ئایینی شۆڕشگێڕ و ده‌بن به سه‌رچاوه‌ی کرده‌ی شۆڕشگێڕانه بۆ گۆڕنی جیهان و دروستکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر خه‌یاڵدانێکی دیکه.
ئه‌م مۆدێله له ڕاڤه‌کردن تیشکده‌خاته سه‌ر کۆی تیۆریه کۆمه‌ڵناسیه‌که‌ی ماکس ڤێبه‌ر، به‌تایبه‌تی تیپۆلۆژیاکه‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای ئیدیالتیپ دامه‌زراوه. ئیدیالتیپ بریتیه له بیناکردنێکی تیۆریانه‌ی به‌کارهێنراو وه‌ك چوارچێوه‌ی فیکر و چوارچێوه‌ی ڕاڤه‌کردنی کۆمه‌ڵگه. سۆسیۆلۆگ که‌سێکه که به‌رده‌وام پێویستی به تیۆریه‌ك له‌سه‌ر فاکتی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌سه‌ر واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان کاربکات. کۆمه‌ڵگه وه‌ك دره‌خت و وه‌ك شاخ بوونی نییە : به‌پێچه‌وانه‌وه، کۆمه‌ڵگه ته‌نها نوێنه‌رایه‌تیکردنێکی “ڕۆپرێزه‌نته‌یشن” ڕه‌مزیه، کرده‌یه‌کی ته‌جریدیانه‌ی ڕۆشنبیرانه‌ی بیناکراوه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێك دیارده و داتای واقیعی.
له‌م سه‌رچاوه‌یه‌وه، بۆتێگه‌شتن له کۆمه‌ڵگه، سۆسیۆلۆگ دێت و له‌ڕێگەی فره‌یی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی که له‌به‌رده‌ستیایه‌تی و ئه‌و تێبینیانه‌ی که کۆیکردونه‌ته‌وه و وه‌ك یه‌که‌یه‌کی گونجاوی ملکه‌چ به بنه‌مای ڕاسیۆنالیتێ ڕێکیخستوون، ئیدیالتیپێك دروستده‌کات.
ئه‌م گریمانه‌یه، له تیۆری ماکس ڤێبه‌ردا، وه‌ك مه‌رجێکی پێویست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، چونکه گه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی بابه‌ته‌کان ته‌نها لێکۆڵینه‌وه بن له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی که به‌ڕێکه‌وت دێن و دروست ده‌بن و پاشان گوزه‌رده‌که‌ن و جارێکی دیکه دروستنابنه‌وه و به ئێره‌دا تێناپه‌ڕنه‌وه و یه‌کجار دێن و بۆ یه‌کجاری ئاواده‌بن، له هه‌لومه‌رجێکی ئاوادا لێکۆڵینه‌وه هیچ مانایه‌کی نامێنێت و به‌هاکانی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. ته‌نها ئه‌و شتانه بابه‌تی زانستن که دوباره‌ده‌بنه‌وه و به‌رده‌وامن. سۆسیۆلۆگێك که به ئیدیالتیپه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا ڕوبه‌ڕوده‌بێته‌وه پڕچه‌که بۆ شه‌ڕکردنی تێگه‌شتن. بێگومان له ساته‌وه‌خته‌کانی کرده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌دا هه‌لومه‌رجی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه که ئیدیالتیپه‌که‌ی له سه‌نگی مه‌حه‌ك بدات و سه‌رله‌نوێ دایبڕێژێته‌وه و ده‌ستکاریبکات. بۆنموونه دوانه‌ی “ترانساندنس-ئیمه‌نه‌نس” ئیدیالتیپێکی ڤێبه‌ریه بۆ تێگه‌شتن له فاکتی ئایینی، به‌ڵام ئیدیالتیپێکی زیاده‌ڕه‌ویتیاکراوی بارکراوه له چه‌ندین مه‌دلول که ڕه‌نگه له واقیعدا بوونیان نه‌بێت. بۆنموونه چه‌ند “خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان” له بودیسمدا هه‌یه هێنده‌ش له ئایینه ته‌وحیدیه‌کاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها چه‌ند شۆڕشگێڕی له ئایینه ته‌وحیدیه‌کاندا هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش له بودیسمدا هه‌یه.
ماکس ڤێبه‌ر ئه‌و زانایه‌یه که به‌دوای چۆنییە‌تی دروستبوون و کارکردنی ڕاسیۆنالیتێی جیهانی مۆدێرندا ده‌گه‌ڕێت و له کۆتاییدا ده‌گاته ئه‌م ده‌ره‌نجامه : ئه‌و ئایینانه‌ی که عیباداتیان ڕێکخستوه و له‌لایه‌ن پیاوێکی ئایینییە‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن (مه‌به‌ست له‌و پیاوانه‌یه که پرۆفیشنالی موقه‌ده‌سن) هۆکاری گرنگ و بنه‌ڕه‌تی ڕاسیۆنالیزاسیۆن و کرده‌ی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌نگاونان به‌ره‌و مۆدێرنیتێن. پیاوی ئایینی ده‌بێت گوتارێك به‌رهه‌مبهێنێت که یه‌که‌یکی گونجاوبێت گه‌رنا ده‌که‌وێته ژێر گومانی باوه‌ڕداره‌کانه‌وه. یه‌که‌یه‌کی گونجاوی ڕاسیۆنێل یه‌کسانه به به‌ده‌زگاییکردنی گوتار و پراکتیکه‌کان، یه‌کسانه به دوباره‌بونه‌وه‌یان و ده‌ربازبوون له ڕێکه‌وت، یه‌کسانه به ڕێکخستنیان و پله‌به‌ندکردنیان. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌کی گرنگی دروستبون و سه‌رهه‌ڵدان و پاشان بڵابونه‌وه‌ی بیرۆکراتیه‌ته له جیهانی نوێ‌دا.
(ماویه‌تی….)
تێبینی : ئه‌م بابه‌ته، که تایبه‌ته به برایانی گۆڤاری کۆنسێپت، به‌شێکه له توێژینه‌وه‌یه‌کی درێژ له‌سه‌ر ماکس ڤێبه‌ر و له داهاتویه‌کی نزیکدا له دوو توێی کتێبێک‌دا بڵاوده‌کرێته‌وه.
Bibliographie
BOURDIEU Pierre
« Genèse et structure du champ religieux » In : Revue française de sociologie, 1971, 12-3. pp. 295-334.
url :http://www.persee.fr/web/revues/home/prescript/article/rfsoc_0035-2969_1971_num_12_3_1994
DURKHEIM Émile
Les formes élémentaires de la vie religieuse, 4e édition Presses Universitaires de France, 1998.
GAUCHET Marcel
La religion dans la démocratie, Éditions Gallimard, 1997.
La démocratie contre elle-même, Éditions Gallimard, 2002.
La crise du libéralisme, Éditions Gallimard, 2007.
HERVIEU-LÉGER Danièle
La religion pour mémoire, Éditions du Cerf, 1993.
Le pèlerin et le converti. La religion en mouvement, Éditions Flammarion, 1999.
La religion en miettes ou la question des sectes, Éditions Casterman, 2001.
Catholicisme, la fin d’un monde, Éditions, Bayard, 2003.
MARX Karl
Sur la religion, textes choisis, traduits et annotés par G. Badia, P. Bange et Émile Bottigelli, 1968.
À propos de la question juive, édition bilingue, avec une introduction de François Châtelet, traduction de Marianna Simon, Paris, Aubier Montaigne, 1971.
SIMMEL Georg,
La religion, traduction de Philippe Ivernel, Paris, édition Circé, 1998.
TRIGANO Shmuel
Qu’est ce que la religion ?, éditions Flamarion, 2001.
Le monothéisme est un humanisme, édition Odile, 2000.
WEBER Max
L’Éthique protestante et l’esprit du capitalisme, Pocket, 1989.
Sociologie des religions, Éditions Gallimard, 1996.