ئیتیکای سادەڕایی و ئیستاتیکای کرانەوە لە شیعری (ژیانێکی بچووک) ی دلاوەر قەرەداغی دا

524
0
بڵاوکردنەوە:

بەکر عەلی

 

چاو لە شتی زیادە و پاتاڵ دەپۆشم

لەبەر دڵی کرانەوە

پەنجەرەی ڕوانین

نەختێ بە سەر حاشییەدا کەلا دەکەم

دەیدەم ئاوێکی ئینجانەی شینی وشە،

هەر بۆ خوێی ژیانیش

دەیکەم نمەکێکی ماڵی کولێرە

بە شوکرانەبژێرییەک و کەوچکێک ماست و

چایەکی شیرین.

 

دلاوەر قەرەداغی

 

*

 

وەرە بۆ کرانەوە، هاوڕێ!

هوێلدەرلین

 

*

سەرەتا وشە نەبوو، سەرەتا کردار نەبوو، سەرەتا نیگەرانییەک هەبوو نەمان دەزانی بیکەینەوە، سەرەتا دەبوو فێری کرانەوە بین. ژیان خۆی بە نیگەرانییەک دەست پێدەکات کە هەموو مرۆڤێک نازانێت چۆن بیکاتەوە، هەر لەبەرئەوەشە زۆرینەی مرۆڤەکان نیگەرانی هەڵیاندەلووشێت. نیگەرانی خۆی چییە جگە لەو بارە دەروونییە ئاشوبچییەی کە یان مرۆڤەکان بەرەو ئاسۆی واڵاکردنەوە دەبات، یاخود بەرەو هەرێمی شەڕانگێزبوون بەرامبەر بە سروشت و بەرامبەر بە ژیانیان دەبات. دەستپێکی درێژخایەنی هەموو گرفتێکی شەڕانگێزی مرۆڤەکان و کولتوورەکان لەو نیگەرانییەوە لەدایک بووە کە مرۆڤەکان بە بزوێنەری خۆقەبەکردن و ژیان زەبەلاح کردن و خێراکردنی ڕەوڕەوەی ژیان دەبزوێنێت. ئەوەی ڕێگرە بۆ کرانەوەی ئەو نیگەرانییە بوونگەرایە بریتییە لەو عەقلانیەتە خەبیس و بەدکارە ئیگۆیستەی دنەی مرۆڤ دەدات تا هەرچی بتوانێت ئیگۆی زۆرتر بخوازێت، زۆرتر سێکس بکات، زۆرتر کۆنزوم بکات، خۆشەویستی کەمتر بکات، هاوڕێیەتی کەمتر بکات. عەقلانیەتی ژیانی گەورە و لوکسۆس بەرهەمی جیهانی مۆدێرنە و ڕەوتە عەقلانییە خاڵی لە شیعرەکەیەتی. تا دێت عەقلانی بوونی کولتوور مرۆ چنۆکتر دەکات، ئیرۆسی هەبوونی شتەکان هەموو سەرفرازییەکی وجودییانەی لێ زەوت کردووە. چ قەیرانێک نییە لەم جیهانەدا و لەناو هەموو فەرهەنگەکان بریتی نەبن لە قەیرانی ونکردنی شیعرییەت و هونەر لە ژیانماندا. چۆن ژیان خۆی توانیویەتی تا ئێستا ژیانی ژیان بپارێزێت و جۆرە وزەیەکی ڕۆمانتیکی تێدا بپارێزیت. ئەو ئەرکە لەنێو هەموو کایە فەرهەنگییەکانی دنیادا شیعر و هونەر پێی هەڵدەستن. کاتێک مرۆڤ لەناو فەرهەنگێکی چەواشەکەردا پێداگۆگیای هەڵە بۆ خۆدروستکردن فێر دەبێت، بەوەی ژیان بریتییە لە دەسەڵات و لە هەبوونداری، ئەمە سەرەتای میتۆدە گەندەڵەکەی پیداگۆگە عەقلانییەکانە. لە خۆراوادا هەموو ئەو سیستەمە پێداگۆگییە مۆدێرنانەش نەیانتوانیوە مرۆڤ لە کۆنتێکستی ژیانی هونەریدا پەروەردە بکەن، هەر بۆیە ئەم گوتارە پێداگۆگانەیش ڕووبەڕووی بەڕەنگاری بوونەتەوە و تەرزێک لە پێداگۆگی ئەنتی پیداگۆگی لەدایک دەبێت بۆ دەرهێنانی مرۆڤ لە زەلکاوی سیستەمە عەقلانییەکە و بەخشینەوەی مرۆڤ بە ژیانی ژیان خۆی.  لەگەرمەی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازییەوە ڕۆمانتیک وەک سیستەمی بەرگری ڕۆح و هەستەکان لە دژی گوتاری پێشکەوتن سەری هەڵدا، گەڕانەوەی ئەوان بۆ سروشت و بۆ شەو و شەوگارەکان، بردنەوەی ژیانە بۆناو ژیان خۆی، ڕێگرتنە لەوەی ژیان خۆی بە پیشەسازی دەستکردانە و ماکینەییانە قەبە بکات. ڕۆمانتیک ڕێگرتن بوو لە زاڵبوونی ڕۆبۆتەکانی سیستەمی کارکردن بەسەر جیهانی هەستەکان و ڕامانەکاندا. دواتر سەرهەڵدانی کۆمەڵێک تەوژمی ئەدەبی و هونەری وەک سیمبۆلیزم و دەربڕینگەری و دادایزم و سوریالیزم و بوونگەرایی هەمووی بریتی بوون لە بەشدارییە مۆدێرنەکان بۆ پتەوکردنەوەی ئیمون سیستەمی فیکریمان و پاراستنی ئیستاتیکای ژیانی مرۆییمان. ئاوا ئیتر دەستپێکەکان بریتین لەو نیگەرانییەی کە نازانین چۆن بیانکەینەوە، بە کلیلی چنۆکیی عەقل یان بەکلیلی خاکەڕایی و سادەڕایی هەستەکان.

ئەم شیعرەی دلاوەر قەرەداغی هەڵگری ئەو نیگەرانییە ئۆنتۆلۆگییەیە کە هەموو سوبیەکتێکی تێدایە، شیعرێکە هەر لە ڕستەکانی سەرەتایدا دیاگنۆزەی ئەو قەلەقە وجودییە دەکات، نیگەرانی و دوودڵییەکی بێحەل، خودی شاعیریش ناتوانێت تەواو ناسنامەی پێ بدات، ئەوە نەبێت دەزانێت کە لە دۆخێکی نائاساییدا خۆی دەبینێتەوە.

 

شتێکمە

نازانم چیمە،

تەنها هێندە دەزانم شتێکمە

دێم و دەڕۆم و

لەبەرخۆمەوە ورتەورتێکمە

نازانم هەر وردە گلەییە یان گۆرانیی

هێندە دەزانم دڵم خۆشە و ناخۆش

نازانم چیمە،

بەڵام دڵنیام شتێکمە

 

ڕستەی << نازانم چیمە، بەڵام دڵنیام شتێکمە>> دەستنیشانکردنی نیگەرانییەکەیە، پەنجەخستنە سەر ئاشوبەکەیە، مانیفێستێکە بۆ ڕاگەیاندنی هەبوونی بارێکی نائاسایی، کە نازانێت داخۆ گلەیییە لە تەنگانەیەک یاخود گۆرانییە بۆ شادومانییەک. خودی نیگەرانییەکە بریتییە لەم دەستپێکە نەناسراوە. جا خۆی ئیتر شیعرییەتیش بردنی ڕۆحە بۆ ئەو هەرێمە نەناسراوە.  ئێستا ئیتر سوبیەکتی شاعیر دێت و نیگەرانییەکەمان بۆ دەکاتەوە، بەڵام با بزانین بەچ کلیلێک قوفڵی نیگەرانی دەکاتەوە، کلیلی چنۆکی عەقل تا دەرگای دەسەڵات و گەورەمەندی ماتەریالی بەدەست بهێنێت، یاخود بەکلیلی هەستەکان تا دەرگای هاوڕێیەتی و خۆشەویستی وئازادی و منداڵێتی وسادەڕایی و بچووکمەندی ژیان بەدەست بهێنێت. لێرەدا وەڵامەکە لەناو ئەم کۆپلەیەدا دەبینینەوە:

کات بەیانییە، سەرەتای ڕۆژ، دەستپێکردنی ئیشەکانی ڕۆژگار و ڕاییکردنی پلانەکان. بە مەبەست و بە ئامانجێک کە لەبەر خاترجەمی دڵی سادەیی سوبیەکتەکە هەنگاوەکانی هەڵدەهێنێتەوە، کارەکتەرەکەی پاشماوەی باڵندەکانی خەونە و لە دۆخێکی تەنیادایە. کەچی خۆشحاڵانە بە بزەی منداڵێکەوە ڕووە و تەنیایی خۆی دەچێت.

 

بەیانییە،

لەبەر دڵی سادەیی

بە ڕدێنێکی تەنک و وردە پەڕی

وەریوی باڵندەکانی خەون

لەسەر شان و سەر و مل،

بە پێشوازی تەنیایی ئاوێنەوە دەچم،

بە بزەیەکی منداڵانەوە

خۆم لە پەڕ و گەڵا و گیا دەتەکێنم و

بە دەم دەموچاو شتنەوە

بۆنی قاوەی تۆخی تەنیایی

کە خاو خاو… خەریکە لە دڵدا چێ دەبێ،

ئەڵقاوئەڵق

وەک منداڵێکی بزێو

خۆیم تێوە دەئاڵێنێ.

 

هەموو ئەو بارودۆخەی سوبیەکتی شاعیر بۆمانی نیگار کردووە، کارەکتەرێکی مناڵانە و بێگوناهانە و سادانە و بێگەردانەی جاویدانەی مرۆڤێک دەردەخەن، کە لە جیهانیژیانی مۆدێرنەدا دەرکەوتنی بریتییە لە شۆڕشگێڕێکی جاویدی ئایدیالیزمانە کە کار بۆ ئەکتیڤکردنەوەی ژیان دەکات لەڕێی ماهیەتی سادەی دڵی ژیان خۆیەوە. شۆڕشگێڕی جاوید، پێچەوانەی شۆڕشگێڕی ئایدیۆلۆگەکانی چەپ و ڕاست و ئاینییەکان، بەکۆمەڵ دروست نابن، بەڵکو هەمیشە تاکوتەرا، تاقانە و تەنیان. تەنیان و لەناویاندا <<باڵندەکانی خەون>> لەسەر هێلکەی شۆڕشە ڕۆحییەکەی سادەیی، لەسەر هێلکەی سووککردنی باری گرانی سەرشان کڕکەوتوون. <<باڵندەی خەون>> دەستەواژەیەکە والتەر بەنیامین دەیهێنێتەوە وەکو ئۆرگانێک بۆ لەدایکبوونی سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ. ئینجا دەبینین سوبیەکتی شاعیر دەست بە چ وەرچەرخانێک دەکات، شۆڕشی جاویدانە دەستبەرداربوونە لەو کاڵا زیادانەی بەسەر شانمانەوەن، بارسووککردن، سادەیی ژیان، خۆڕزگارکردنە لە بەشتبوونی مرۆڤەکان لەنێو زۆری شمەک وکەلوپەلەکانی دەوروبەریدا. ئیتیکی سادەیی لەڕاستیدا بریتییە لەو ڕەفتارە تاکگەرییەی کە خۆی لەهەموو شتەکان دەتەکێنێت، لەهەموو شتە زیادەکان، وە سادەڕایی وخاکەڕایی بریتین لەو ئیتیکەی مرۆڤەکان لە نیهلیزمبوون ڕزگار دەکەن و هەر ناعەدالەتییەکیش دەرهەق بە مرۆڤ و بە ژیانیش هەبێت دەیسڕێتەوە. خۆی لە سادەڕایی تێناگەین چەندێک کاریگەری بەسەر کۆی کایەکانی ژیان و ژینگەشەوە هەیە، تا نەزانین پێچەوانەکەی، واتە ئیتیکی زۆرخوازی چییە. لێرەدا نە شاعیر دەیەوێت و نە منیش ئەوەم دەوێت لە بەگژداچوونەوەی ئیتیکی زۆرخوازیدا هێرشی کوێرانە بکەینە سەر سیستەمێکی وەکو کاپیتالیزم، بەڵکو پتر ئێمە لە ڕوانگەیەکی ئەنترۆپۆلۆگییەوە لەو ئیتیکە تێدەگەین. چونکە ئەوەی لێرەدا شاعیر خۆی بە ئیتیکی سادەڕاییەوە دەبەستێتەوە، لە خۆیدا جۆرێک چەپگەرایی تێدایە، بەڵام بە مانا ئیدیۆلۆگییە نەریتییەکەی نا، چەپێک نا کە لە دژی کراوەیی ئابووریی و ئازادی تاکدا بێت بە ناوی دژایەتیکردنی سەرمایەدارییەوە، بەڵکو ئەم جۆرە چەپ بوونە، هەلوێستەیەکی تەواو جیاوازی شۆڕشگێڕانەیە، ئیتیکی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئایدیالیستە کە بە دۆخی ڕیالیتێت ڕازی نییە، چونکە ڕیالیتێت گەندەڵخوازی و بەدکارییە، لەکاتێکدا جاویدبوون لە دژی ئەو تەوژمە زاڵە گەندەڵخوازەی ناو ڕیالیتێت نەک هەر بیر دەکاتەوە و نەک هەر شیعر بنووسێت، بەڵکو بەکردەوە دەیژێنێت، چەپگەری جاویدانە ئایدیالەکانی پراکتیزە دەکات، لێرەوەیە شیعریەت دەبێتە جۆرە سۆفیزم و عیرفانێک بۆ خودایەکی میتافیزیکی نا، بەڵکو بۆ خودای ژیانێکی بێگەردانە، شیعریەت دەبێتە ڕێگایەک بەرەو فەزیلەتی ژیانێک کە بە دڵی سادەیی لێدەدات. کێشەیەکی لەم جۆرە لەناو فەلسەفە و کولتووری خۆراواییدا چەند سەدەیەکە لەئارادایە، ڕەنگە دیارترینیان ئەوەی نێوان شۆپنهاوەر و کیرکیگورد وهیگڵ و مارکس و دواتر نیتچە بێت، بەڵام لەهەموویان زەقتر لە شەڕی نێوان هایدێگەر و تیۆری ڕەخنەیی ئەدۆرنۆ و هابەرماز دا دەردەکەوێت. هایدێگەر بۆ جۆرە هەڵوێستێکی وەها شۆڕشگێڕانە کە بەڕەنگاری دەسەڵاتی تۆتالیتێری ئەمەریکانیزم وکۆمونیزم و تەکنەلۆجیا بێتەوە دەستەواژەی << هێمنی، ئارامبوونەوە، وازهێنان، لێگەڕان و نەکردن  Gelassenheit>> بەکار دەهێنێت کە مرۆڤەکان فێری هێمن بوونەوە و وازهێنان دەکات لەوەی پاڵی خێرا بە پەلەی ژیانەوە بنێن. ئەم هەڵوێستەش لای فیلۆسۆفە عەقلانییەکان بە تێزەیەکی ناعەقلانی دادەنرێت. ئەمان پتر داوای هەڵوێستی کردەوەیی و ئەکتی کاریگەرانە دەکەن. لێرەوەیە، سلۆتەردایک شەڕەکە دەخاتە نێوان فرایبۆرگ و فرانکفۆرتەوە، نێوان هایدێگەری فرایبۆرگی و قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە. هەڵبەتە سلۆتەردایکیش خۆی لەبەرەی فرایبۆرگدا دەبینێتەوە نەک فرانکفۆرت. ئەم ململانێیە ڕەنگە درێژترین وجەوهەریترین ململانێ بێت کە فیکری فەلسەفی ئەڵمانی پتر لە دوو سەدەیە ئازاری پێوە دەچێژێت. ململانێیەکە لەڕاستیشدا لە زۆرێک لە کولتوورەکانی دنیادا دەبینرێتەوە، ململانێی نێوان دەرەوە و ناوەوە، نێوان ڕیال و ئایدیال، نێوان بێگەرد و چڵکن، نێوان قەدیس و دەجال، نێوان درۆزن و ڕاستگۆ، نێوان سینیزم و کینیزم.

کرۆکی ئەم شیعرەی دلاوەر قەرەداغی << ژیانێکی بچووک>> پیشاندانی مەیلێکی بەریئانەیە زیاتر بەلای کینیزمدا  وەک بەلای سینیزم دا، پتر سەر بە بیرمەندی کوخەکەی فرایبۆرگە نەک سەر بە سۆسیۆلۆژەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت. هەڵبەتە کینیزم واتە وتنی هەقیقەت و کردنی هەقیقەت و ژیاندنی هەقیقەت بە هەموو ئازارەکانییەوە، لەکاتێکدا سینیزم وتنی هەقیقەتە کەچی نەژیاندنی هەقیقەتە وەک ئەو کاتەی ئەلێکسەندەری مەزن گوتی ئەگەر ئەلیکسەندەر نەبوومایە ئەوا حەزم دەکرد دیۆگینس بوومایە، کینیزم  بە بەردەوامی سەنگەری ئۆپۆزیسیۆن وەردەگرێت و هیچکات دەسەڵات ناخوازێت،وەک دیۆگینس، کە ئەلێکسەندەر پێی دەڵێت چ دەخوازیت بۆت دابین بکەم، دیۆگینس دەڵێت بەس بەری خۆرم لێ بەردە. وەک داداییەکان، سوریالییەکان و وجودییەکانیش لەسەدەی بیستەمدا، لەکاتێکدا سینیزم ئۆپۆزیسیۆنە بە مەبەستی بەرگری لە سیستەم و لە دەسەڵات. کینیزم خۆبەستنەوەیە بە دڵی ژیانەوە، دڵی ژیانیش دەسەڵاتی ناوێت بەڵکو ئازادی، ئازادیش پاڵکەوتنە، شان دادانە، لێگەڕانە ئەو دڵە بە مەرامی دڵی سادەیی لێ بدات. ئاوەها سوبیەکتی شاعیر ئەم کینیزمە نەک هەر ڕادەگەیەنێت بەڵکو تێیدا دەژی. ئەم شیعرە خەباتێکی ناوەکییە لە دژی دەرەوەی گەندەڵبوو. کینیزمێک پیشان دەدات کە ژیانە بچووکەکەی خۆی زۆر لە جیهانە زەبەلاحەکەی دەرەوە بە مەزنتر دەبینێت:

 

چاو لە شتی زیادە و پاتاڵ دەپۆشم

لەبەر دڵی کرانەوە

پەنجەرەی ڕوانین

نەختێ بە سەر حاشییەدا کەلا دەکەم

دەیدەم ئاوێکی ئینجانەی شینی وشە،

هەر بۆ خوێی ژیانیش

دەیکەم نمەکێکی ماڵی کولێرە

بە شوکرانەبژێرییەک و کەوچکێک ماست و

چایەکی شیرین.

 

  • ڕۆشنایی یاخود ڕۆشنکردنەوە

 

 

شیعر ماڵی منە

بە کۆڵ دەریچەم بۆ هێناوە لە شام و

کڵاوڕۆژنەیش

لە شیراز!

 

هونەری شیعر، پۆیزی/پۆیتری، بریتی نییە لە مادەیەکی ئیستاتیکی چۆنێتی هۆنینەوەی شیعر، بەڵکو پۆیزی لەڕاستیدا جۆرێکە لە منداڵدانێکی بوونگەرانە کە لێوەی مرۆڤ دێتە جیهانەوە. هونەری شیعر، یان بابڵێین شیعریەت بریتییە  لە کرانەوە بە ڕووی جیهاندا، بریتییە لە هێنانەدەرەوە، لە زایاندن و مرۆڤ خستنەوە. لەبەرئەوەشە شیعرییەت جێندەرێکی مێینەیە، چونکە شیعریەت لە بنەڕەتدا وەزیفەی لەدایکبوونی هەیە، ڕێک وەک منداڵدانی مێینە. بۆیە لە هەموو هاتنە بوونێکەوە، لە هەموو کرانەوەیەک بە ڕووی ڕووناکی و ڕۆشناییدا دەبێت بنەچە شیعرییەکەی لەبەرچاو بگیرێت. ئەوەتا لێرەدا دلاوەر دەستەواژەی <<ماڵ>> ،<<دەریچە>>  و << کڵاوڕۆژنە>> بەکاردەهێنێت وەکو شوێن و کەلێن، وەکو ئەو ژێدەرانەی کە لێیانەوە چوونە دەرەوە و کرانەوە بەرەو ڕووناکی بەرپا دەبێت. هایدێگەریش لە گەڕان بەدوای مانای بووندا دواجار دەگاتە ئەوەی زمان وەکو ماڵی بوون و بوونیش وەکو کڵاوڕۆژنە، وەکو ڕۆشنایی Lichtung پێناس بکات. واتە شیعر ئەوەیە کڵاوڕۆژنە و ڕۆشناییەک بێت و لێوەی بچینە نێو جیهانەوە، وەک هایدێگەری فرایبۆرگ بیری لێ دەکردەوە، نەوەک بریتی بێت لە ڕۆشنگەری بەوجۆرەی هابەرمازی فرانکفۆرتی بیری لێ دەکردەوە و بوونی وەکو جۆرێک لە کۆمیونیکاسیۆن دەبینی.

وا جارێکی تریش ئەم کۆپلەیە ئێمەی هێنایەوە سەر کێشمەکێشە فەلسەفی و هزرییەکە. ئەندێشەی شاعیر وهزری بیرمەند بەهەمان ئیلەمێنت موتوربە دەکرێن. شیعر و بیری تێڕامانی پێکەوە بوون لەبەردەم کراوەیی و ڕۆشناییدا واڵا دەکەنەوە، لەکاتێکدا تیۆری کۆمیونیکاسیۆن تا دێت کراوەیی وێڵ دەکات و گیانی سروشتییانەی چوونە نێو جیهانەوە ئەتک دەکات و بەزۆر و بەکەڵەگایی مرۆڤ دەبەستنەوە بە کۆمیونیکاسیۆنەوە.

لەم شیعرەدا کینیزم لە << بوون لەناو ژیانی بچووک دا>> بەرجستە دەبێت، لای هایدێگەر لە <<بوون بەرەو مەرگ>> وا لە دازاین دەکات ڕەسەنایەتی خۆی ببینێتەوە هەڵوێستێکی ڕادیکالانە بەرامبەر مەرگ نمایش بکات و لای ئەدۆرنۆش دەرکەوتنی ئەم هۆشیارییە لە ڕێی ئازارەوە دەبێت. ئەدۆرنۆ زانینی تیۆرییانە گرێ دەداتەوە بە هەستەکانەوە، بە تایبەتی بە ئازارەوە، ئازار شتێکە دەمانگەیەنێتە عەقل. بەڵام لەم شیعرەدا دلاوەر قەرەداغی << ژیانی بچووک>> هەڵدەبژێرێت وەکو ڕاڕەوێک بۆ <<لەناوــ بوون دا ــ بوون>> . ژیانی بچووک خۆبچووککردنەوەیەکی زەلیلانە نییە لە نێو زەبەلاحەکاندا، بەڵکو داڕشتنەوەیەکی ئاکارییانەیە بۆ << مرۆڤی جوان>>ی نیچە، کە بەرنابێتەوە نێو چنۆکییە دڕندەییەکەی ژیانە بوودەڵانەکەی بازاڕچییەکانەوە. ژیانی بچووک، ژیانی شکۆمەندانەی زاهیدێکە لەنێوان ماڵەوە و دەرەوەیدا هەمیشە بیانوویەک بۆئەوە دەدۆزێتەوە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە:

 

ناو بەناو دەچمە دەرێ

بەڵام زۆر بیری خۆم دەکەم لە ماڵەوە

زۆر لە خۆم دەکەم و

جارجاریش وڕک لە خۆم دەگرم

کە بەنگ نەبم و دەستبەجێ بچمەوە

هەمیشە بە مەبەست شتێکی گرینگ

جێدێڵم لە ماڵەوە،

تا بیری خۆمی بهێنمەوە شتێکم بیر چووە و

پەلەپەل بە دوایدا

بێمەوە.

 

خۆی شۆڕشە ئاکارییەکە لەم گەڕانەوەیەوە بۆ ماڵەوە دەست پێ دەکات، گەڕانەوەیەک بۆ ژیانە بچووک و جیهانە سادەڕا و هەستە خاکەڕاکانی سوبیەکت. گەڕانەوە لێرەدا بریتییە لەو تێڕامانە سۆفیزمانەیەی سوبیەکتی شاعیر دەگەیەنێتە هۆشیارییەک بۆ خۆدروستکردنەوە. لێرەوەیە ژیانێکی بچووک، وەکو پۆیزی، بریتییە لە ئەکسیۆنێکی فەلسەفی کە لە دژی ڕۆحی بازاڕبوون و بەئاپۆرەبوونی مرۆییدا دەردەکەوێت. ئەکتی فەلسەفی بۆ ئاکار لێرەدا لەو گەڕانەوەیەوە بۆ ماڵەوە دەردەکەوێت، چونکە گەر لەبازاڕ تووڕە بوویت، بگەڕێرەوە ماڵەوە هێمن دەبیتەوە. ئەوەی ستایشی کۆمەڵگە بکات، بەڵام سەرزەنشتی ئاپۆرە بکات، ساختەچی و کەڵەکچی و دەجالە. زۆرینەی سۆسیۆلۆگەکانمان وەهان، بەردەوام خەریکی بەخشینەوەی نازن بەکۆمەڵگە، لەکاتێکدا چاکتر وایە بکەونە ڕەخنەگرتن لەو شێوەژیانە بوودەڵە و بەربادانەی مرۆڤی دزێو و چنۆک و خەبیسی بەرهەم هێناوە. نووسەرگەلێکیش هەن بەردەوام  لەنێوماندا ئازار دەدۆزنەوە، بەبێ ئەوەی چ تیراپییەکمان پێشکەش بکەن. ئەم جۆرە نووسەرانە هاوسۆز دەردەکەون، بەڵام وەک نیچە دەڵێت جگە لە <<تەماشای سارد>> کردەیەکی تر شک نابەن. ئەم تەماشای ساردەش ئازاری لە خودی ئازارەکە زۆرترە. لەکاتێکدا لەبەردەم شەپڕێویی ڕێکخستنەکانی ژیانی مرۆییدا پێویستە مرۆڤ بانگهێشت بکرێتەوە بۆ دووبارەخۆڕێکخستنەوە لەسەر بنەمای کراوەیی وسادەڕایی و ژیاندۆستی. ئەوەی ژیانی پێکەوەیی مرۆگەل ڕێک دەخاتەوە و سەنگ دەدات بە خود و هاوسەنگی دەخاتە نێو چڤاتەوە، کرانەوەییە. شیعریەتی <<ژیانی بچووک>> بریتییە لە ستایشکردنی سادەڕایی و هێمنی و کراوەیی <<من>> و ڕەخنەشە لە ئەویتری ڕەق و ڕەقاوی و داخراو بەسەر جیهانە منپەرستەکەیدا.

ئەوەی مرۆڤ دروست دەکات بریتی نییە لە خودایەکی نادیار، بەڵکو بریتییە لە فەزیلەی کرانەوەیی. کرانەوەیی تەرزێکی عەقلانی و بگرە ڕۆحانییانەشە بۆ گەشبینی. چونکە ڕۆحی کراوە واتە خۆڕاگەیاندنێکی هۆشمەندانە لە دژی بەدبینی و داخراوەیی. سەرجەمی ئەو ئایدیانەی لە دەستەواژەکان و ڕستەکان و کۆپلەکانی ئەم شیعرەدا مت بوون، بە دەوری کراوەیی، سادەڕایی، گەشبینیدا دەسووڕێنەوە. هەموو ئەو خەسڵەتانەش لەناو سوبیەکتی شاعیردا دەبێت هەبن، ئەوسا شاعیر دەتوانێت بانگهێشتی جیهانی دەرەوەی خۆی بکات بۆی، چونکە هیچ کەس ناتوانێت باسی ژیانێکی بچووک بۆ دەرەوەی خۆی بکات، ئەگەر لەناوەوەی خۆیدا ئەو جیهانە بچووکەی دەستەبەر نەکردبێت. ئەوەشی بیەوێت لە هەناوی خۆیدا ئەو خەسڵەتانەی هەبێت دەبێت بەرەو دەرەوە هیچ سڵ نەکاتەوە لە وتنی پۆخڵەواتییەکانیان، لەبەردەم بەربادبوونی ژیانی بازاڕەکییانەی مرۆڤی مۆدێرنەدا دەبێت خود بێشەرمانە، ڕەفتار بکات و بگرە بێمۆراڵانەش ئەو بازاڕە جێبهێڵێت، خودێکی ئاوا دەبێت << ژیانی مەترسی>> بژێنێت. ئەمە دەستبەرداربوونە لە شتە چێژبەخشە درۆزنەکان و گەڕانەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ڕاستییە بەختەوەریهێنەکە:

 

گۆشەگیرییم دەبەمەوە ناو شیعر

تەنیاییم ئاکنجی قەڵایەکە

بەرز و،

دەورەدراو بە شوورەی مەحاڵ

خاترجەمم

هیچ کەس لێرە منی بۆ نادۆزرێتەوە

کەس ناتوانێ بە وەخت و ناوەخت

خۆییم پێدا بکا و

هەڵبکوتێتە سەرم.

 

*

 

لە دەرەوە بە زۆر شت

بریندار دەبم

لە قووڕاوی بازاڕ و

بۆسۆی کۆڵان و

قەرەباڵخیی جادەکاندا

قاچ هەڵدەکەم،

کوت کوت ئەوەی بتوانم هەڵی بگرمەوە

لە خۆم،

دڵۆپ دڵۆپ بە خوێنێکی شینەوە،

هەڵیدەگرمەوە،

ئینجا چاوم دەسڕم و

دەڕۆم

 

 

هەردوو دەستەواژەی <<هەڵگرتنەوە>>، و <<چاوسڕین>> دوو کردەی ئەفرێنەرانە و بوونگەرانەن، بەڕادەیەک هەموو پرۆژەی مرۆڤ لەناو میزاجێکی بەدبین و خەمگینانەدا بەوەی بوونەوەرێکە <<فڕێدراوەتە جیهانەوە>> وەک هایدێگەر دەیگووت، کۆتایی پێ دەهێنێت و لەبری فڕێدان، ئەم سوبیەکتە وەک سلۆتەردایک ڕاڤەی لەناو جیهاندابوونی مرۆڤ دەکات بە پرۆسەیەکی <<هەڵگرتنەوە>>، مرۆڤ دەکاتە پلانێکی بوونگەری دوای ئەوەی فڕیدراوەتە ئەوێ، لەوێدا کاری ئەو خۆهەڵگرتنەوەیە، دەستپێشخەریکردنە بۆ دەستپێکێکی تر و سەرەتایەکی تر، چاوسڕین واتە بە دیدێکی تری نوێ نیگای جیهان بکەم، سەرەتایەکی نوێ بۆ خۆهەڵگرتنەوە لەو جیهانەوە دەست پێ بکەم. لێرەوەیە دووبارە جەغت لەو تێزەی سلۆتەردایک دەکەمەوە کە پێیوایە: شیعرییەت منداڵدانێکی ئۆنتۆلۆگییە،ئەم شیعرە ڕێک ئەو منداڵدانەیە، ئەو ژێدەرەیە کە لێوەی سەرەتایەکی نوێ دەست پێ دەکات، کە تێیدا سوبیەکتی فڕێدراو خۆی هەڵدەگرێتەوە، کە نیگا کۆنەکەی نێو چاوەکانی دەسڕێت و بە هەست و بە دیدێکی پاکی نوێوە دەڕوانێتە ژیان. لە فەرهەنگی هندیدا ئەفسانەیەکی زۆر ناودار و پڕواتا هەیە بە ناوی <<باڵندەی خوایی>>، ئەم چیرۆکە زۆرێک لە ناوداران بە شێوازی جۆراوجۆر گێڕاویانەتەوە، لەوانە ڕاما کریشنا، سوامی موکتاناندا، سری ئاورۆبیندۆ و پیتەر سلۆتەردایک. من لێرەدا گێڕانەوەکەی سلۆتەردایک دەهێنمەوە کە تەرخانی کردووە بۆ بەڵگەنەویستەی دەستپێکردن وەک ماهیەتی بوون. جۆرە باڵندەیەک هەن کە تەنیا لەناو هەوادا دەفڕن و دەژین و زاوزێ دەکەن و هێلکە دادەنێن، ئەو باڵندانە لەناو ئاسمانێکی کراوەی هێندە بەرزدا دەفڕن کە بەهیچ جۆرێک هێزی ڕاکێشانی زەوی نایانگرێتەوە. ئەوان لە هەوادا دەژین، هیچ پێویستیشیان بە خۆراکی زەوی نییە، ئەوان نەمرن لەبەرئەوەیە پێیان دەگوترێت باڵندەی خودایی. لەکاتی هێلکەداناندا دایکەکانیان دەبێت هێندە بەرز بفڕن بچنە سەروو لوتکە و ترۆپکەکانی هیمالایاوە، لەوێ لەسەروو هەورەوە هێلکەکان بەربدەنەوە و بە گەرمایی تیشکی هەتاو خێرا دەتروکێن و زەڕەنەقووتەکان دەجووقێن و هەر لە هەوادا دێنە دەرەوە و یەکسەر دەست دەکەن بە باڵەفڕێ، بەڵام ئەگەر هەندێکیان بەخت یاوەریان نەبوو بەهۆی هەورەوە خۆر لێی نەدان و لەو ماوەیەدا بەرببنەوە سەر زەوی، ئەوا لەسەر زەویش نامرن، بەڵکو دوای ئەوەی هێلکەکان دەشکێن زەڕنەقووتەکان دێنە دەرەوە بۆ سەر زەوی و ئەگەرچی ناتوانن بفڕن بەڵام هەست دەکەن دەتوانن بڕۆن، لەبەرئەوە دەست دەکەن بە سەرەتایەکی نوێ. ئەم چیرۆکە بریتییە لە چیرۆکی فڕێدان و بەربوونەوە و دواتر خۆهەڵگرتنەوە و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ. پرۆسێسی بوونگەرانەی مرۆڤیش ڕێک هەمان ئەفسانەیە، لەدایکبوون وفڕێدانە دنیاوە، ژیانکردن و خۆهەڵگرتنەوە بۆ دەست کردن بە پرۆژەکانی ژیان.

ئەم سوبیەکتە تەنیایە، بەس گۆشەگیر و دابڕاو و ناسۆسیال نییە، بەڵکو لەناو کایەیەکی زۆر ئیستاتیکیدا ئولفەتی لەگەڵ ئەویتردا هەیە، ئەویتر وەک میوانێک جار ناجارێک دێت، واتە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی گرێدراوی ئەو ڕێکخستنە دروستکراوە نییە، بۆیە مەرج نییە خودی میوانەکە خۆی بەرجەستە بێت، بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە کارەکتەر و خەسڵەت و ڕۆحی ئەو میوانە بەر لە جەستەی دێت، ڕۆحی میوانەکە بەر لە ئامادەبوونی فیزیکییانەی  میوانەکە دەردەکەوێت:

 

جاروبار میوانێکم دێ

بە خۆی و پەپوولەپاییزەی

سەر دڵی

بە خۆی و کوژەکەشینەی نیگای

بەر لە خۆی، عەتری دەگا

بەر لە هەوری، بارانی دادەکا

دەگا فەرسەخێ بەر لە ترپەی دڵی،

خورپەی

بەر لە پرووشەی،

کڕێوەی

بەر لە نمەی،

لێزمەی

بەر لە مژدەی هاتنی،

نوقڵانەی چوونەوەی

دەگا …. بەر لە سەفەری،

ڕێگای

بەر لە شنەی،

ڕەشەبای

بەر لە پاییزی،

سەوزیی نیگای…

 

ئەم سوبیەکتە شاعیرییە چەندێک هەڵگری ئایدیالیزمە و چەندێک خۆی لە سۆسیۆلۆگیای ڕیالیتێتەوە دوورەپەرێز دەکات، هێشتا بریتی نییە لە خودێکی ناڕیال، یان ئایدیالیست، بەڵکو خودێکی زۆر بوونگەری و ئیتیکیە. هەڵبژاردنی شێوەژیانی بچووک، بە فەزیلەتی کراوەیی و سادەڕاییەوە، مانای وایە ئەو کۆیلەی مەیلە ناوەکییەکانی نییە، ئەو مەیلانەی ئەو بەلای ئاپۆرە و بازاڕچییەکاندا دەشکێننەوە، بەڵکو خودێکی ئازادە، ئازاد واتە گەڕاوەتەوە هەناوی خۆی و تێڕامانی لە ناوەوە کردووە، هەناوی ڕۆشنکردۆتەوە. ژیانی بچووک واتە هیچ جۆرە موڵکایەتییەکت نەبێت و خۆشت موڵکی هیچ سەردارێک نەبیت، ئەمە ئەوپەڕی سەربەستییە. بۆئەوەشی ببیتە خودێکی سەربەست، دەبێت هەموو بەربەستەکانی دەرەوە و ناوەوەت ببەزێنیت. شیعرییەتی ئەم شیعرە بانگهێشتێکی بوونگەرانەیە بۆ سەربەست بوون، بۆ کرانەوە، بۆ سادەیی و خاکەڕایی و بۆ ڕزگاربوون لەو بەربەست و کۆتانە لەڕێی شیعرەوە. مرۆڤی مۆدێرنە زیندانی نێو بەندیخانەی عەقلە. چونکە لەناو بەندیخانەی عەقڵدا سیستەم وڕێنمایی توندی دیلکەر هەن بۆ دیسیپلینکردنی مرۆڤ.

لەکاتێکدا ئازادی مرۆڤ لە شیعرەوەیە، ئەگەر شیعر دایکی بوون بێت، وەک سلۆتەردایک وای پێناس دەکات، ئەوا مرۆڤ لەم دایکەوە دێتە دنیاوە. سەرەتا مرۆڤ دەبێت وێڵاشی نێوان خۆی و دایکی ببڕێت ئەوسا ئازاد دەبێت، واتە خۆی لە دایکی ڕزگار بکات ئەوسا دێتە جیهانەوە. ئەوەی سارتەریش دەیگووت مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی، ڕێک ئاماژەیە لەسەر ئەو ئازادبوونە لە دایک. چونکە مرۆڤ لەڕێی پەیوەندی و کۆمیونیکاسیۆنەوە ناچێتە جیهانەوە، بەڵکو لەڕێی جیابوونەوەوە لەدایک، بە مانای مرۆ سەرەتا لە دایکی جودا دەبێتەوە و دواتر ئازاد دەبێت و ئیتر ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە جیهانەوە، باڵندەخواییەکەی  لەسەر زەوی جووقا، ترووکا، بەوە دەستی بە ژیان کرد لەسەر زەوی کە چیتر لەئاسمان وهەوا دابڕا. خودی بوونگەری کە گرنگترین فەلسەفەی سەدەی بیستەم بوو، هیچ نییە جگە لە بوون لە دەرەوەدا، لە دەرچوونە دەرەوە، لە دەرەوە ڕاوەستان، دەرـ بوون Existens. لێرەوەیە شیعرییەت و بوونگەری دوو دایکی ئۆنتۆلۆژی مرۆڤن و هیچ ئاڵایەکی میتافیزیکیشیان هەڵ نەگرتووە.  شیعرییەت و بوونگەریش بریتی نین لە دوو دۆخی ڕووت وپەتیی، بەڵکو بریتین لەو ڕووداوانەی لێوەی جۆرێکی نوێی هەڵسوکەوت و ئیتیکی مرۆ دێنە دنیاوە. شیعرییەت سوبیەکتێکی تاکانەیە و تەواوی ئۆبیەکتەکان ناگرێتەوە،  چیەتییەکی ئیندیڤیدومانەیە کە تەنیا لە کەسە تاکوتەراکاندا دەردەکەوێت، بەڵام دەشێت لە تەواوی مرۆڤەکاندا وەکو کارتێکەر و ئەفێکتێکی ئەفرێنەر و مت بوو بێت. هێندە هەیە هەموو خودێک ئەو ئەفێکتە ناکاتەوە، لێرەوەیە دەگەڕێمەوە بۆ دەستپێکی باسەکەم و جەغت لەوە دەکەمەوە، کەوا لە سەرەتای سەرەتاکاندا کرانەوە هەیە، نەک وشە یان کردار، یان شتێکی تر. ئەم سەرەتایەش لەم شیعرەدا دەبینرێت، چونکە شیعری <<ژیانێکی بچووک>> هەموو خودێک بە هۆشیارییەکی دیموکراتییانەوە دەخاتەوە ناو <<کراوەیی>>. ڕاستییەکەیشی هەر ئەوەیە شتە سەیر و بە سامەکە لەهەناوماندایە، نەک ئێمە لەناو ئەودا بین. بۆیە <<خود>> دەبێت لەو مەترسییەدا بژی کە چییەتییەکەی خۆی بەرەو دەرەوە بکاتەوە، شتێک کە نیچە بە << ژیانی مەترسییانە>> کورتی کردۆتەوە بۆمان، ژیانێک کە دەبێتە ئاکار و ئیتۆسێکی خودگەرانە، نەک عادەتێکی  ئاپۆرەیی:

 

شیعر ماڵی منە

بە کۆڵ دەریچەم بۆ هێناوە لە شام و

کڵاوڕۆژنەیش

لە شیراز!

 

لە گەرمەی ئیشام

تاق تاق بە دەوری خۆمدا دامناون

کەموڵەی پڕ لە تام و بیستن و بۆن

وەک کیمیاگەرێکی سەرسەخت و نائومێد

شەڵاڵ لە تەنیایی و ئارەقە

لە هەوڵی شتێکدام گچکە و مەحاڵ،

لە خەیاڵی دۆزینەوەی کیمیای

سووکە ئاماژەدا،

کە خۆڵی پێ بکەمە زێڕ و

زیخیش بە کریستاڵ!

 

 

زوبان ماڵی گچکەی منە،

هەر بیستوشەش پیتە جەنگاوەرەکەی

سوپاگیری دەکەم و

سەنگەر لێ دەدەم

لە بەرەی پێشەوەی ژیان،

ژیانێکی بچووک

تایبەت بە دەنگ و بە ڕەنگ و

بە بۆن و

بە دونیای خۆم

دونیایەک هەر هێندەی لاقی خەیاڵ ڕاکێشانێ

لە ماڵۆچکەی شیعردا و

شان دادان لەسەر

باڵشتی باران!

وێنە: هاوڕێ خالید

ئیدیت: ڕامیار محەمەد

بڵاوکردنەوە: