ئازار و ڕووە فەلسەفیەکانی

706
0
بڵاوکردنەوە:

د. ھەڤین کمال شاە محەمە

میلان کوندێرای نووسەری فەڕەنسی دەڵێت : “من ئازار دەچێژم، کەواتە من هەم!”  کەواتە بوونمان پەیوەستە بەبڕی ئەو ئازارەی دەیچێژین، ئازار تێرمێکی گشتییە کەبەکاردێت بۆ دەربرینی ئەو هەستە بێزارکەر و نامۆیەی کە پێت دەڵێت بەشێک لە جەستەت تەندروست نییە و کێشەیەکی هەیە . ئازار ئەو سیگناڵی بەرگرییەیە کە مێشک و دەمارەکانت دەینێرێن و هۆشیارت دەکەنەوەو و پێت دەڵێن : “ئاگادار بە نەخۆشییەک بەڕێوەیە.”
بۆ ئەم مەبەستەو بۆ ئەوەی بەباشی لە ووشەی ئازار تێبگەین پێویستە بگەڕێنەوە بۆ مانای ووشەکە بە ئینگلیزی، کە Pain  ە واتە ئازار. ئەم ووشەیە لە ووشەیەکی لاتینی یەوە ھاتووە کە ئەویش ووشەی  Poena  کە ماناکەی بە ئینگلیزی واتە (Punishment) کە بە کوردی یانی سزادان.

مێژووی ناونانی ئەم تێرمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ھەر لە دێر زەمانەوە گریکەکان و ڕۆمانە کۆنەکان وایان زانیوە کە ئازار سزادانێکی خوداییە و زیاتر پەیوەندی ھەیە بە دڵەوە نەک مێشک. تەنیا وەکو تاقیکردنەوەیەکی ڕۆحی وایە بۆ مرۆڤەکان وخواوەندەکان مرۆڤ بە ئازار  ونەخۆشی جەستە تاقیدەکەنەوە و هیچ پەیوەندی بە جەستەو کێشەی جەستەوە نیە.
فەیلەسوفی یۆنانی “ئەفڵاتون” ، بەھەمان شێوەش “ئەرستۆ”ی قوتابی ، گۆشە نیگایان بەرامبەر ئازار و چێژ ھەمان شت بووە و کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئازار تەنیا ھەستە و شتێکی ڕۆحییە و بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە جەستەوە نییە.
پزیشکی یۆنانی “ئەبی قرات “، یەکەم پزیشک بوو کەهات ئاین و خواوەندی جیاکردەوە لە زانستی پزیشکی و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە نەخۆشی سزادانی خواوەند نیە، بەڵکو کێشەیە لە ئەندامێکی جەستەی مرۆڤدا کەبەهۆی سروشت و خۆراک و خووی خراپی ڕۆژانەوە ڕووئەدات. بەشیوەیەکی جیاواز ڕوانییە ئازار و ووتی : (ئازار تێکچوونە لە شلە زیندەگییەکانی لەشی مرۆڤ). بەڵام بەھەمان شێوە نە ئەرستۆ نە ئەبی قیرات ھیچ ڕۆڵێکیان بۆ دەماغ و مێشک دیاری نەکردووە لە ھەست کردن بە ئازاردا بەڵکو پێیان وابووە کە تەنیا دڵ ئەندامێکی گرنگە بۆ ھەستکردن بە ئازار.

نھێنی ئازار بە شاراوەیی مایەوە بۆ زۆربەی فەیلەسوف و بیرمەند و زاناکان، ھەتا پێش چەرخی ڕۆشنگەری لە ئەوروپادا بڕوا وابووە کە ئازار شتێکە لەدەرەوەی لەشی مرۆڤ وسزادانێکی خواییە و تەنیا ڕێگا چارە بۆ چارەسەرکردنی، نوێژ و نزاو پاڕانەوەیە.
لەگەڵ هەموو ئەو بیروباوەڕە باوەش لەسەر ئازار کەسزای خواوەندەکانە، ھەندێک شارستانی بەردەوام گەڕاون بۆ ڕێگا چارە بۆ چارەسەرکردنی لەدەرەوەی نزاو پاڕانەوە، ھەروەکو شاعیری گەورەی ئەغریقی ھۆمیرۆس لە داستانی “ئودیسە” دا باس لە پیاوێک دەکات کە پەنای دەبرد بۆ مادەی بێھۆشکەر کەلەو کاتەدا لە ڕووەکەکانەوە دەستیانکەوتووە، بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکەی. زاناکان چەندەھا لەوحی قوڕینینیان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ” ٥٠٠٠ ساڵ” پێش زایین، کە باس لە چاندنی ئەفیون دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئازار.

ئەم بۆ چوونانە بەو جۆرە مانەوە ھەتا ساڵی ١٦٦٤ کە کاتێک زانا و فەیلەسوفی فەرەنسی(رینیە دیکارت) ھات و ڕوونی کردەوە کە لەش وەکو ئامێرێک وایە و ئازاریش بەھۆی تێکچوونە لە دەمارەکانی لەشدا، کە دەگوێزرێتەوە بۆ مێشک و مێشک ڕۆڵێکی گەورەی تیا دەبینێت. بەپێی بیردۆزەکەی دیکارت، ئازار لە تاقیکردنەوەیەکی ڕۆحییەوە گۆڕا بۆ تێکچونێکی فیزیایی و میکانیکی کە چارەسەرکردنی دەبێت گەڕان بێت بە دوای ھۆکارەکەیدا نەک ڕازیکردنی خواوەندەکان.
هەروەها ڕۆڵی دڵی گۆڕی لەپڕۆسەی هەستکردن بە ئازار بۆ مێشک و دەماغ، کە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە لێکدانەوەی ئازاردا.
ولیم جیمس کە بنیاتنەری زانستی دەروون شیکارییە دەڵێت:”خواوەند گوناھەکانمان دەبەخشێت بەڵام کۆئەندامی دەمارمان نایبەخشێت”. ئەم ووتەیە پێمان دەڵێت هەستکردن بە ئازار کردەیەکی فسیۆلۆژییەو پەیوەندی نییە بە دینداری و ڕۆحەوە. ئەگەر سەرنج بدەین، هەموو مرۆڤێک کەھەست بە ئازار دەکات، ئومێدێتی کە بەزووترین کات نەمێنێت و بگەڕێنەوە دۆخی پێشووتر. بەڵام لەڕاستیدا ئازار تاکە ھاوەڵی مرۆڤە لە ئەزەلەوە، تاکە ئاشنایەکە کە ھەمیشە لەگەڵی بووە، و تاکە ھەستێکە کەوای لێدەکات بەرگری لە خۆی بکات. ھەروەکو سیر چارلس سکوت شیرینغتون، لەباسی فسێۆلۆجی ئازاردا دەڵێت:(ئازار ڕێکخستنێکی فیزیکییە بۆ بەرگریکردن لە لەش).
لەڕووی زانستی پزیشکیشەوە ئەم دەستەواژەیە لەسەدا سەد تەواوە، چونکە ئازار ئەو زەنگەیە کە مێشک و دەمار لێی دەدەن بۆ ئاگادارکردنەوەی مرۆڤ لە ناڕێکیەک و نەخۆشییەک لە یەکێک لە ئەندامەکانی جەستەی دا.
کەباس لەئازار دەکەین هەمیشە ووشەی “چێژ ” یش دێتە بەردەممان، ئازار و چێژ ئەو زاراوەیەن کەژیانی مرۆڤ بەڕێوەدەبەن، ئەگەر بێین بەراوردێک لە نێوانیاندا بکەین و بزانین کە ئایا کامیان کاریگەری باشتریان ھەیە لەسەر ژیانمان، ئەوە دەبێت دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ڕای هەندێک لەفەیلەسوف و بیرمەندەکان، بۆ نموونە فەیلەسووفی یۆنانی ئەپیکویرس دەڵێت: “ئێمەھەمیشە بە دوای چێژدا دەگەڕێن و لە ئازار ڕادەکەین، تەنانەت ئەو کاتەی لەچێژیش ڕادەکەین بە دوای چێژێکی گەورەتردا دەگەڕێین”.
کەواتە مرۆڤ هەمیشە بەدوای چێژەوەیە، بەڵام ئایە چێژ گرنگترە یان ئازار بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندنی خودی مرۆڤ؟
نوسەری میسری ئەحمەد ئەمین دەڵێت: “ئێمە هێندەی قەرزاری ئازارەکانین قەرزاری چێژ نین” ، بەگشتی کاریگەری ئازار لەسەر ژیان و مرۆڤەکان زۆر زیاترە وەک لە کاریگەری چێژ. ئەمەش لە جیھانی ئەدەب و شیعردا زۆر ڕوونە، باشترین نوسەرو شاعیرەکان ئەوانە بوون کە لەژیانیاندا ئازارێکی درێژخایەنیان ھەبووە، بۆ نمونە فەیلەسوف و بیرمەندی گەورە  فریدریک نیچە لەژیانیدا چەندەھا نەخۆشی و ئازاری ھەبووە و ووتەی زۆریشی ھەیە لەسەر ئازار یەکێک لەوانە: “ئایا قەت بە چێژتان ووتوە بەڵێ ؟! ئای ھاوڕێکانم دوای ئەوەش بەھەمان شێوە بە ئازارتان ووتووە بەڵێ! ھەموو شتەکان پێکەوە گرێدراون و ئاڵۆزن”. نیچە کە دەڵێت: ئەوەی نامکوژێت بە ھێز ترم دەکات، جەختدەکاتە سەر گرنگی بوونی ئازار لە ژیانی مرۆڤدا.

ئەگەر ئازاری نابینایی نەبوایە، لەوانەیە هەرگیز جیهانی ئەدەبی عەرەبی هەرگیز نوسەرێکی گەورەی وەکو تەھا حسەینی تیا هەڵنەکەوتایە کە ئێستاش لەزۆربەی کولێژەکانی جیھاندا توێژینەوەی دکتورا و ماستەر لەسەر کارەکانی دەکرێت. ئەگەر ئازاری عەشقی قەیسی کوڕی ملەوەح نەبوایە، داستانی نەمری “مجنون لیلی” دروست نەدەبوو. زۆر لە سەرکردە و پاشا بەناوبانگەکانی جیھان وەکو ئەسکەندەری مەکدۆنی و یۆلیۆس قەیسەر ھەروەھا فەیلەسوفە کۆنەکانی وەکو ئەڕستۆ و سوکرات بە دەست ئازاری پەرکەم و نەخۆشی دەمارەوە ناڵاندویانە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەسە مەزنانەیان لێدەرچووە!
بۆیە ھەمیشە باشترە بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە سەیری ئازار بکرێت و دیوە فەلسەفیەکانی لەبەرچاو بگیرێت و بەشێوەیەکی جیاواز بژین لەگەڵ ئازارەکانماندا و چۆک دانەدەین بۆی. دەڵێن کەشتیوانەکان لەکۆندا کەشتیەکی بەتاڵیان دەناردە بەردەم نەهەنگەکان بۆ ئەوەی فریویان بدەن و بە ئاسانی ڕاویان بکەن. بۆیە ئێمەش دەبێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئازاردا بکەین و فریوی بدەین. کەشتییە بەتاڵەکەی ئێمە لەژیاندا ئیش کردنمانە، خۆگونجاندنمانە،خۆخافڵاندنمان لێی بەشتی بەسوود و ڕێگا چارەی جیاواز، ئیتر ئەو ئازارە ھەر جۆرێک بێت، جەستەیی یان دەروونی.
نوسەری ڕووسی ئەنتون چیخۆف دەڵێت: “ئەگەر مرۆڤ تەنیا ھەوڵی بدایە بۆ جوانکردنی ئەو بستە زەوییەی تیایدا وەستاوە، ئەوە ھەسارەکەمان بێوێنە دەبوو”. ئێمەش پێویستە ئازارەکانمان بکەین بە دار دەستمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێ و جوانکردنی ژیانی خۆمان و دەورووبەرمان.
دەبێت ھەمیشە ئەوەمان لەبەر چاو بێت ئازار لەھەر جێگایەکی لەشدا بێت، دوولایەنی ھەیە: لایەنێکی جەستەیی و لایەنێکی دەروونی (کە شاراوەیە و نایبینین)، وە ھەردووکی وەک بازنەیەکی داخراو کار دەکەن. ھەر کامێکیان زیاد بکات و فشاری بچێتە سەر، ئەوەی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و زیاد دەکات.
بۆیە وەک دکتۆرێکی پسپۆڕی ئازار شکاندن پێتان دەڵێم، بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئازاری جەستەت، ھەوڵ بدە کە هەمیشە باری دەروونیت ئارام بکەیت، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ سروشت و وەرزش، خواردنی تەندروست، گەشبینی، دڵخۆشکردنی کەسانی دەوروبەرت، دروستکردنی ئامانج لەژیانتاندا (چەند بچوکیش بێت)، بەخشین. مرۆڤ کاتێک ھەست بە بوونی خۆی دەکات و دڵخۆش دەبێت کەهەست بکات دەتوانێت ئەندامێکی سوودبەخش و بەخشەر بێت، بۆیە ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی ئازارە دەروونی و جەستەییەکانت کەمبکەیتەوە، ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خودی خۆمان و دەوروبەرمان و خۆشویستنی خۆمان و دەوروبەرمان.

بڵاوکردنەوە: