وزەی تاریک چییە؟

414
0
بڵاوکردنەوە:

وزەی تاریک چییە؟

نووسینی: ستووارت کلارک

وەرگێڕانی: شێرکۆ ڕەشید قادر

ئەفسووناویترین پێکهاتەی گەردوون

تێڕامانەکان لەم دواییانەدا بوون بە هۆی سەرهەڵدانی ئەو ئایدیایەی کە پێکهاتەیەکی نوێی ئەفسووناوی گەردوونی داپۆشیوە، پێکهاتەیەک کە سێ لەسەر چواری ماددە و وزەی فەزا (دەرەوەی بۆشایی) لەخۆ دەگرێت. ئەستێرەناسان ئەم پێکهاتە سەیر و پڕ لە نھێنیەیان ناو ناوە “وزەی تاریک”، چونکە نازانین چییە! هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سرووشتی لە تیۆری هەنوکەیی فیزیکدا بۆ ئەم وزەیە نییە.

ڕۆژانێکی دوور، لە گالاکسییەکی (کۆمەڵە ڕژێمێکی ئەستێرەی) ئیجگار دووردا، ئەستێرەیەک بوو بە سوپەرنۆڤا و تەقییەوە. ڕووناکیی تەقینەوەکە، گەشتێکی بلیۆنان ساڵەی بە بارتەقای فەزادا ئەنجام دا و پاشان لە کۆتایی ساڵی١٩٩٠ دا، پارچەیەکی زۆر بچکۆلەی کەوتە سەر تەلیسکۆپێکی سەر زەوی، ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەوتی بیرکردنەوەی مرۆڤ لە بەرانبەر گەردوون. سەرەتا، تێڕامانەکان کەمێک سەیر بوون، چونکە سوپەرنۆڤاکە تا ڕادەیەک کزتربوو لەوەی ئەستێرەناسان چاوەڕێی بوون. ئەوەندە بایەخیان بە شتەکە نەدا، بیریان کردەوە، لەوانەیە هەڵەیەک لە پێوانەکارییەکانیاندا هەبێت. بەڵام؛ کاتێک سوپەرنۆڤای زۆر دوورتر سەرنج درا، ئیتر جیاوازییەکە خۆی دووبارە کردەوە، بەمجۆرە ئەوەی وەکوو فزولیی زانستی دەستی پێ کردبوو، بە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی تێگەیشتنی هاوچەرخی مرۆڤ لە هەمبەر گەردوون.

ئەو سوپەرنۆڤایانەی “وزەی تاریک” واڵادەکەن لە لایەن دوو گرووپی سەربەخۆوە توێژینەوەیان لەسەر ئەنجام درا. توێژینەوەکە بۆ مەبەستی پێوانەی ڕێژەی کشانی گەردوون بوو لە قۆناغە بەراییەکانی گەردووندا. دوایی پلانیان دانا ئەم ڕێژانە بەراوردبکەن لەگەڵ ئەو ڕێژانەدا کە پێشتر زۆر بە وردی لەمەڕ کشانی گەردوون ئەنجام درابوون، بەو مەبەستەی بزانن کشانەکە لە گەردوونی ئەمڕۆدا چەندە خاو بووەتەوە. هەموو ئەستێرەناسەکان باوەڕیان وا بوو، ڕێژەی کشانی گەردوون لە ڕابوردوودا بەرزتر بووە، چونکە کێشکردنی تەنە ئاسمانییەکان بوون بە هۆی خاوکردنەوەی پڕۆسەی کشانەکە. بەڵام؛ سەیربوو، کاتێک گرووپەکان ژمێرکارییەکەیان تەواوکرد، تەواو سەرسامبوون: ڕێژەی کشان لە ڕابوردوودا نزمتربوو لەوەی ئەمڕۆ. ئەوەی ئێجگار زۆر سەیرە، نەک هەر لە خاوبوونەوەدا نییە، بەڵکو کشانی گەردوون لە تاوداندایە. هەروەک توێژەرەکان دوایی زیاتر کەوتنە تاووتوێی پرسەکە، تێڕامانەکان ئەو دەرەئەنجامانەی لێکەوتەوە، هەندێک هێزی دژە-کێشکردن (antigravity) بە پانتایی بۆشاییدا ڕۆڵی هەیە و کاردەکات، ئێستاش تەنە ئاسمانییەکان لە یەکتر دووردەخاتەوە. ژوڕناڵی بەناوبانگی ئەکادیمی زانست لە ساڵی ١٩٩٨ دا دۆزینەوەکەی ناونا “بازدانی ساڵ”. کاتێک ئەستێرەناسان لەگەڵ ئایدیا نوێکەدا ڕاهاتن و ئاشنابوون، پێشوازییان لە تاودانی گەردوون کرد، چونکە وەڵامێکی تۆکمەی پێیە، بۆ هەیکەلێکی کەڵەکەبووی تێڕامانی ناقۆڵا.

تێڕامانە پڕ کێشەکان

ساڵانی ١٩٩٠ بۆ کۆسمۆلۆژی، دوو لایەنی هەبوو. لە لایەک، تیۆری “بیگ-بانگ” چیتر جێگای مشتومڕی ڕژدی نەبوو، لای زۆربەی ناوەندە زانستییەکان پێگە و هەیبەتی متمانەی خۆی هەبوو، بە واتایەکی تر جێگەی گومان نەبوو، لەگەڵ ئەوەیشدا، لە لایەکی ترەوە، تێڕامانە “مەتەڵ-ئامێزەکان” کەوتوونەتە ڕاوەشاندنی هەیکەلی تێگەیشتنی هەرە بنەڕەتی ئێمەی مرۆڤ لە هەمبەر گەردوون. بۆ نموونە: سەرەتا پرسی تەمەن لە ئارادا بوو (سەیری ‘تەمەنی گەردوون چەندە؟’ بکە)، هەندێک تەنی ئاسمانی هەن کە دوای پێوانەکردنیان تەمەنیان لە گەردوون خۆی زیاتربوو – بێگومان ئەمە هەلومەرجێکی مەحاڵە. دوایش تۆماری هەندێک ماددە هەبوو: توێژینەوەکان لەمەڕ تیشکی پاشخانی مایکرۆیڤی کۆسمۆیی بە ئەستێرەناسان دەڵێن: کە دابەشبوونی ماددە و وزە، راستەوخۆ ٣٨٠٠٠٠ ساڵ دوای بیگ-بانگ، وەها هاوسەنگ، سافکرا کە بوو بە هۆی بەرهەمهێنانی چەمانەوەی بۆشای-کات، ئەمە بۆ خۆی حاڵەتێک بوو بە ‘گەردوونی تەخت ناسراوە (سەیری ‘چۆن گەردوون لەدایکبوو؟’ بکە).

تێکڕای چڕی ماددە لە گەردوونی تەختدا تەنیا (دە توانی بیستوشەش واتە سفر پاشان فاریزە و پاشان بیست و شەش سفر لە دوای یەک) کیلۆگرام بۆ یەک مەتر دووجایە، هەرچەندە ئەمە زۆر بچکۆلە دیارە، بەڵام؛ کاتێک ئەستێرەناسان دەست دەکەن بە کۆکردنەوە و کێشانی هەرچی شتێک لە گەردووندا هەیە، بە بەردەوامی شکست دەهێنن بگەنە ئەم ژمارەیە. شیکاری ورد بۆ خوێندنەوەکانی تیشکی مایکرۆیڤی،  ئەمجارەیان لە کەشتییەکی بۆشاییەوە ئەنجامدرا، کورتی ماددە دەسەلمێنن. ئەو بڕە ماددەیەی پێویست بوو بۆ گەردوونی تەخت تەنیا لە سەدا چوار بوو. تەنانەت ئەگەر ئەستێرەناسان هەرچی ماددەی تاریک هەیە (ئەوەی وەک جیاکاری ئەژمار کراوە)، بە حساب هێشووە-گالاکسییەکانی پێکەوە ڕاگرتووە و گالاکسییەکان بە شێوەیەکی ڕاست دەخەنە سووڕانەوەوە (سەیری ‘ماددەی تاریک چییە؟’ بکە)، هەر هەموو ئەمانە هێشتا تەنیا لە سەدا بیستوشەشی ئەو چڕییە دەستەبەردەکات کە پێویستە.

پێکهاتەکانی گەردوون: سێ لەسەر چواری گەردوون لە وزەی تاریک درووستبووە، زۆربەی ئەوەی دەمێنێتەوە ماددەی تاریکە و بڕێکی سەدی بچکۆلەش ئەو ماددەیەی کە پێی ئاشناین.

دۆزینەوەی تاودانی کشانی گەردوون نەک هەر مەتەڵی قەیرانی تەمەنی گەردوونی چارەسەرکرد، بەڵکو سیمای گەردوونی بە جۆرێک نمایشکرد کە زۆر لاوتر دەرکەوێت، جگە لەوەی هەلێکی ڕەخساند بۆ ئەستێرەناسان کە گەردوون ‘تەخت’ بکەن.

یەکێک لە دەرەئەنجامە بەرایییەکانی تیۆری تایبەتی ڕێژەیی ئاینشتاین ئەوە بوو، ماددە و وزە بۆ یەکتری دەگۆڕێن. ئاینشتاین، بە فۆرمێکی بیرکارییانە، تاووتوێی کاریگەری وزەی کرد ئەگەر فڕێ بدرێتە بۆشاییەوە، سەرەنجام بۆی دەرکەوت، دەبێت بە هۆی چەمانەوەی بەردەوامی بۆشای-کات، هەر بە هەمان ئەو شێوەیەی کە ماددە ئەنجامیدەدات(سەیری ئایا ئاینشتاین ڕاست بوو؟ بکە). ئاینشتاین ئەو بڕە وزەیەی بە تەرزێکی سرووشتی لە بۆشای-کاتدا ڕوودەدات، ناونا ‘نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی’. زیاتر وەک وزەیەک وایە لە پەرداخێک ئاودا و لە پلەی گەرمی ژووری ئاساییدا: ئەم وزەیە لەوانەیە ڕوون و ئاشکرا نەبێت، بەڵام؛ پێویستە دووربخرێتەوە بەر لەوەی ئاوەکە بیبەستێت.

بەر لەوەی ئێدوین هەبڵ (١٨٨٩-١٩٥٣) بانگەشەی دۆزینەوەی کشانی گەردوون بکات، ئاینشتاین ئەو بڕە وزەیەی ھەژمارکردبوو – بڕی نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی – کە پێویستە بۆ ئەوەی بۆشای-کات بەرهەڵستی ئەو کێشکردنە بکات، کە تەنە بۆشاییە جیاجیاکان پەخشیدەکەن و ناهێڵن گەردوون هەرەس بهێنێت. کاتێک ئاینشتاین بە دۆزینەوەکەی هەبڵی بۆ کشانی بۆشای زانی، ئیتر چاوی خشاندەوە بە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژییەکەیدا و سەیریکرد خەوشی تێدایە، ئاینشتاین نەگۆڕی کۆسمۆلۆژییەکەی ناونا گەورەترین هەڵەی ژیانی خۆی. لە ساڵانی نەوەدەکاندا، تاودانی کشانی گەردوون، ئەستێرەناسانی هاندا دیسانەوە بیر لە وزەی نادیاری نێو بۆشای-کات بکەنەوە.

ئەگەر بۆشایی بەپێی پێویست وزەی تێدا بێت، ئەوا زاڵ دەبێت بەسەر هێزی کێشکردنی نێوان تەنە ئاسمانییەکان و پاڵنان بە گەردوونەوە کە بە ڕێژەیەکی تاودان بکشێت. فیزیکناسان وەک وزەی بۆشایی (vacuum energy)، ئاماژە بەم دیاردەیە دەدەن، بەڵام؛ ئەستێرەناسان پێی دەڵێن: وزەی تاریک، ئەمەش بۆ ئەوەی سیمای ئەفسوناوی دیاردەکە تۆخبکەنەوە. ئەگەر چی لە کاتێکدا وەک هاوشێوەی ماددەی تاریک یەتە بەرچاو و هەندێک توێژەری کەمیش لە ڕاستیدا هەوڵدەدەن پەیوەندییەک لە نێوان هەردووکیاندا بدۆزنەوە، زۆربەیش باوەڕی وایە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەم دووانەدا نییە، چونکە لە پێوەر و ئاستێکی جیاوازدا کاردەکەن.

 

“گەردوون بەزۆری لە ماددەی تاریک و وزەی تاریک درووست بووە، بەڵام؛ نازانین هیچیان چین.”

 پۆڵ پێرلموتەر، کۆزمۆلۆژیستی هاوچەرخ.

بۆ ئەوەی ئەژمارێک بۆ تاودانی بەرچاو بکەین، چڕی وزەی تاریک پێویستە زۆر نزم بێت، بۆیە لەوانەیە کاریگەرییەکەی لە مەودایەکی بچوکی کۆسمۆلۆژیدا ببینین، بۆ نموونە: لە سیستەمی خۆری یان تەنانەت سەرتاپای گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆماندا، واتە ڕێچکەی شیریدا، هەیە. تەنیا لە کاتێکدا کاریگەری وزەی تاریکی دەبینرێت کە پشتێنێکی فراوانی بۆشایی لە نێوان ئێمە و تەنێکی ئێجگار دووردا هەبێت. کاتێک بڕی دوورییەکە نزیکە لە سەرتاپای گەردوونەوە، چونکە ئێمە باس لە سێ لەسەر چواری بارستایی و وزەی گەردوون دەکەین، ئەمە بە مەرجێک بۆشای سەرتاپا تەخت بێت.

تیۆرییەکەی ئاینشتاین کە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی، وەک وزەی تاریک بەرجەستە دەکات پێمان ناڵێت ئەم وزەیە لە کوێوە دێت، تەنیا کاریگەرییەکەی وا ئەژمار دەکات لە ئارادایە. هەر لە ساڵانی دۆزینەوەی دیاردەی تاودانی گەردوونەوە، هەموو هەوڵەکان بۆ تەفسیرکردنی نەگۆڕێکی کۆسمۆلۆژی پۆزەتیڤ ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە. سەرەتا، زەحمەتە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی لە فیزیکی ئەم سەردەمەدا داتاشین، چونکە هەندێکیان بە تایبەت وا نەخشێنراون کە لای بەرن. ئەمە لە کاتێکدا تیۆری کوانتەم لە حەقیقەتدا وەک بڕێکی زۆر گەورە پێشبینی نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی دەکات کە بریتییە لە: دە توانی سەدوبیست (واتە یەک پاشان سەد و بیست سفر لە بەردەمیدا) جار گەورەترە، لەوەی تاودانی گەردوون ئاماژەی پێدەدات، تیۆری سوپەر-خۆجێیی(سەیری ماددەی تاریک چییە؟ بکە) فۆرمولەکرابوو بۆ ئەوەی ئەم بڕە بهێنێتە خوارەوە بۆ سفر. چونکە هەموو تەنۆلکەی پێچەوانەیان هەیە، ئەوا سەرتاپا هەموو نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی دەسڕنەوە. بەڵام؛ سوپەر-خۆجێیی پێش ئەوەی بوونی وزەی تاریک پێشنیاز بکرێت پەرەی سەند، ئەگەر وزەی تاریک نەگۆڕی کۆسمۆلۆژییەکەی ئاینشتاینە ئەوا دەبێت یا سوپەر-خۆجێیی هەڵوەشێنینەوە یان بە هەر رێگایەکی تر بێت چاوی پێدا بخشێنینەوە، بۆ ئەوەی کەسی تر لە ئێستادا ئەژماری بۆ بکات. لەم بژاردەیانەدا، فیزیکناسان دەگەڕێن بۆ ئەوەی چارەسەری تر بۆ وزەی تاریک بدۆزنەوە. پێشنیازی داهاتوویان بریتی بوو لە توخمی پێنجەم (quintessence)، کە جیاوازە لە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی چونکە وزەی بۆشایی نییە، بەڵام؛ هێزێکی مەودا-درێژە.

توخمی پێنجەم وەک چارەیەک

فیزیکناسان کاتێکی زۆر بەسەردەبەن بۆ ئەوەی لە هێزە جیاوازەکانی سرووشت تێبگەن، بەڵام؛ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی تەنیا چوار هێز حوکمی ڕەوشی گەردوون دەکەن: کێشکردن، ئەلکترۆموگناتیس، هێزی بەتینی ناوکی و هێزی لاوازی ناوکی(سەیری ‘ئایا ئاینشتاین ڕاستبوو؟’ بکە). جار جارە پێشنیازی ئەوەش کراوە کە هێزی پێنجەم پێویستە لە سرووشتدا ئامادەیی هەبێت، بەڵام؛ هیچ بەڵگەیەکی بەردەست و تۆکمە نەدۆزراوەتەوە. لە ئێستادا، تاودانی کشانی گەردوون جۆرێک لە پاسادانی نایابی لەوەدا دەستەبەرکردووە کە دەڵێت: جۆرە هێزێکی نوێ دەوری هەیە لە جوڵاندنی گەردووندا. ئەم هێزە ناونرا هێزی توخمی پێنجەم، ئەویش وەک شەرەفێک بۆ توخمی پێنجەمی کلاسیکی لە یۆنانی کۆندا کە بە حساب پێکهاتەی تەنە ئاسمانییەکان بوو، هێزی توخمی پێنجەم تایبەتمەندییەکی هەیە، لە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژیدا نییە: ئەویش تایبەتمەندی گۆڕانسازیە (variability). لە کاتێکدا کە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی لە هەموو پێگە و شوێنێکدا وەک یەکە، دەبینین هێزی توخمی پێنجەم لە پرەنسیپدا لەگەڵ کات و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت. ئەم تایبەتمەندیە هێزەکەی کردووەتە شتێکی گونجاو. گەلێک تەرزی جیاواز لە تیۆری توخمی پێنجەمدا پێشنیازکراوە و هەیە، هەر یەکەیان بەندە لەسەر هێزەکە، چەند خێرا لەگەڵ کاتدا دەگۆڕێت. یەکێک لە تەرزەکان، کە پێی دەگوترێت “کلکی توخمی پێنجەم” (Tracker quintessence)، زۆر بە نزیکی بەدوای چڕی ماددە و وزە لە گەردووندا دەکەوێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەدریجی تاودان لەگەڵ گوزەری کاتدا بەرهەم بهێنێت. تەرزێکی تر، هەتا بڵێی لە ئاستی ئەوپەڕدایە پێی دەگوترێت “وزەی فانتۆم”، کە بە ناچار خۆی بونیاد دەنێت بۆ ئەوەی کشانی گەردوون خێرا و خێراتر بکات، هەتا سەرەنجام گەردوون خۆی پارەپارە دەکات(سەیری ‘چارەنوسی ئایندەی گەردون چی دەبێت؟’ بکە).

وەک هێزێک، توخمی پێنجەم وا چاوەڕوان دەکرێت لە لایەن تەنە ئاسمانییەکان خۆیانەوە پەخش بکرێن، هەروەکوو هێزی ئەلکترۆموگناتیسی یان هەر بە ڕاستی چۆن کێشکردن پەخش دەبێت. ئەمە کایەی هێزێکی سەراپایی جیایدەکات، کە گەردوون لە گەورەترین مەودادا تاودەدات. لە مەودای بچکۆلەدا، هێزێک لە نێوان تەنە ئاسمانییە تاکەکاندا درووست دەکات و دوایش، هەروەکو هێزی کێشکردن، جوڵەیان پێدەکات. بە واتایەکی تر، ئەگەر توخمی پێنجەم بوونی هەبێت، ئەوا دەبێت تێبینی جووڵە بکەین کە کێشکردن ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە.

بە هۆی ماددەی تاریکەوە یان داینامیکی دەستکاریکراوی نیوتنەوە هەندێک جوڵەی ناقۆڵا ڕوونکراوەتەوە(سەیری ‘مادەی تاریک چییە؟’ بکە)و ژمارەیەکی کەمیش لە توێژەران بەردەوام هەوڵدەدەن، بزانن ئایا ئەم جوڵانە لە ئەنجامی توخمی پێنجەمەوە درووست دەبن، بەمجۆرە ڕوونکردنەوەی کاریگەری ماددەی تاریک و کاریگەری وزەی تاریک وەک دوو نمایشی جیاوازی هێزی توخمی پێنجەم دەکات. زۆربەی فیزیکناسان باوەڕیان وایە، هەردوو دیاردەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، بەڵام؛ دۆزینەوەی فۆرمێکی توخمی پێنجەم کە بتوانێت تاودانی گەردوون خێرابکات، لە کاتێکدا تەنە ئاسمانییە تاکەکان هیچ گۆڕانیان بەسەردا نەیەت، رووبەڕووی چەواشەمان دەکاتەوە. بەمجۆرە هەندێک لە فیزیکناسان وا بیردەکەنەوە، لە بری زیادکردنی هێزێکی نوێ بۆ سرووشت، چارەسەرەکە بریتی بێت لە ڕیفۆرمی یەکێک لە هێزە کۆنەکان. دەکرێت ھەندێک تایبەتمەندی چاوەڕواننەکراوی کێشکردن لە ئارادا بێت و لە هەلومەرجی دووری ئێجگار گەورەدا خۆی دەربخات کە تیۆری گشتی ڕێژەی ئاینشتاین پێشبینی نەکردووە.

هەڵوەشانی کێشکردن

دیارە گۆڕانکاری لە کێشكردندا هێندەی خستنەگەڕی توخمی پێنجەم زەحمەت بێت. چاکردنی کێشكردن لە مەودایەکی گەورەی تاوداندا، بەردەوام گۆڕان لە مەودایەکی بچکۆلەشدا درووست دەکات، ئەمەش بۆ خۆی کاردەکاتە سەر جوڵەی هەسارەکان بە بڕێکی بەرچاو. بە ڕەچاوکردنی پسپۆڕی تەکنیکی خۆمان، ئەم جۆرە کاریگەرییانە نابینین، جوڵەی هەسارەکان زۆر بە وردی لە سایەی یاسای کێشکردنی نیوتن یان تیۆری گشتی ئاینشتایندا ڕووندەکرێنەوە. بە هەرحاڵ، تیۆریستی ئەمەریکی، گیا داڤلی (Gia Dvali)، تیۆرییەکی خەیاڵبافی دەستکاریکراوی کێشکردنی پەرەپێداوە بە ناوی(DGP)، ئەو تەنۆلکانەی هەڵگری کێشکردنن، جیاکاری گراڤیتۆنەکان (gravitons)، بارستاییەکی بچکۆلەیان هەیە و شێوەیەکی بنەڕەتی دەدەن بە بۆشای-کات.

بۆ بەرهەمهێنانی ئەو تاودانەی گەردوون کە تێبینیکراوە، کێشکردنی (DGP) بوار دەڕەخسێنێت کە گراڤیتۆنەکان لەگەڵ پڕۆسەی شیبوونەوەی نیو-ژیانی پازدە بلیۆن ساڵدا(مەبەست لەمە ئەوەیە کە لە پازدە بلیۆن ساڵدا ژمارەیان دەبێت بە نیوە). هەر کە گراڤیتۆنەکان دیارنامێنن–دەبن بە گەردوونی تەریب(سەیری ‘ئایا گەردوونی تەریب بوونی هەیە؟’ بکە)، ئەوا تینی کێشکردن لە نێوان تەنەکاندا کەم دەکات و کشانی گەردوونیش خێرا دەبێت. ئەم ڕەوشە ساڵانە ئۆربیتی مانگ بە یەک میلیمەتر دەگۆڕێت و ئاشکراکردنی بڕێکی ئاوا تەنیا لە توانستی ئەو تاقیکردنەوانەدایە کە لەیزەرەکەی لە مەودای مانگدایە. ئەگەر لەم پێوەرەدا هیچ نیشان نەدەن، ئەوا  ناکرێت کێشكردنی دی.جی.پی ڕاست بێت.

دیوار و بەتاڵ

لەوانەیە ناخۆشترین ڕوونکردنەوەی پارێزگاریانە بۆ وزەی تاریک، لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی پارادۆکسییەوە، بریتییە: لە ئاوەژووکردنەوەی جیاکارییەک کە چووەتە باوەشی کۆسمۆلۆژییەوە، زۆربەی خەڵکی لە بیریان چووەتەوە لە ڕاستیدا جیاکارییە. ئەویش “پرەنسیپی کۆسمۆلۆژیایە”، لە بنەڕەتدا دەڵێت: ئەگەر مەودایەکی دوور و گەورە ئەژمار بکەین ئەوا لە گەردووندا، نە ئاڕاستە و نە شوێنی تایبەت بوونی هەیە. بە زمانی سادەی ئەسترۆنۆمی، دەڵێین: گەردوون هۆمۆجینیەس (Homogeneous) و ئایزۆترۆپیکە (Isotrpic)، واتە هەمان پێکهاتە و هەمان تایبەتمەندی هەیە، بە هەموو ئاڕاستەکانیشدا ڕێک و نەگۆڕە. ئەلێکسەندەر فرەیدمان (١٨٨٨-١٩٢٥) لە ساڵی ١٩٢٣ پرەنسیپی کۆسمۆلۆژی پێشکەشکرد، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت هاوکێشەکانی تیۆری گشتی ڕێژەی چارەسەر بکات. مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم جیاکارییە، فرەیدمان توانی بیر لە ماددە بکاتەوە کە وەک شلەیەکی نەگۆڕ وایە و بۆشای پڕکردووە، بەمجۆرە کۆسمۆلۆژیستانی سەرەتای بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابوردوو ئەو هەلەیان بۆ ڕەخسا کە تاووتوێی تیۆری گشتی ڕێژەیی بکەن و پێشبینی بیگ-بانگیش بکەن. ئیتر لەو کاتەوە، کۆسمۆلۆژیستان خۆیان بە ئایدیاکەدا هەڵواسیووە، ئەمە سەرباری دۆزینەوەی گۆڕانی گەورەی چڕی بە پانتایی گەردووندا.

لە دەوروبەری ساڵی ١٩٣٧ دا، مرۆڤ گەیشتە ئەو ئایدیایەی کە گەردوون بونیادێکی گەورەتری هەیە، ئەویش کاتێک کلاید تۆمبۆوگ (Clyde Tombaugh) ، نزیکەی  سیھەزار گالاکسی تاووتوێکرد، بۆی دەرکەوت زۆریان شێوەی هێشوویان هەیە. بۆشایی بەتاڵی زۆر فراوانیشی بینی کە هیچ گالاکسییان تێدانییە. هەردوو پێکەوە، واتە هێشووەکان و دەڤەرە بەتاڵەکان گۆڕانکاری لە چڕیدا درووست دەکەن،  بە هیچ جۆرێک لەگەڵ پرەنسیپی کۆسمۆلۆژیدا کۆک نین، بەڵام؛ ئەگەر مرۆڤ بە مەودای دووریەکی فراوان بڕوانێت و گەڵاڵەی گشتی گۆڕانی چڕییەکان وەربگرین ئەوا ئەو کاتە تەبا دەبن. هەرچۆنێک بێت، هەتا ئەستێرەناسان زیاتر وردببنەوە، ئەوا بونیادی (structure) زیاتر بەدی دەکەن، هەر بۆیەش دەبینین لە ئێستادا دەرکەوتووە کە هێشووە-گالاکسییەکانیش یەکدەگرن بۆ درووستکردنی سوپەر-هێشوو، ئەمانە بە پانتایی سەدان ملێۆن ساڵی ڕووناکی بۆشاییدا بڵاوبوونەتەوە.

یەکەم نموونەی بونیادی ئاوا گەورە لە ساڵی ١٩٨٩ دا بینرا. ئەوەی پێی دەگوترێت دیواری مەزنی گالاکسییەکان کە پێنجسەد ملیۆن ساڵی ڕووناکی درێژە و پانییەکەشی دووسەد ملیۆن ساڵی ڕووناکییە، کەچی دەبینین قووڵییەکەی تەنها پازدە ملیۆن ساڵی ڕووناکییە. ئەمە هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی ئەستێرەناسان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا ئامارێکی درێژ ئەنجام بدەن، ئەویش لە ڕێگای خستنەگەڕی ئامڕازی بەهێزتر و بە تواناتر بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ڕووناکییە تۆماربکەن لە چەند دەرزەنێک یان سەدان گالاکسییەوە دێن. سەدان هەزار تێڕامانیان ئەنجامدا کە بەس بوون بۆ ئەوەی وێنەیەکی باوەڕپێکراو بخەنە بەردەست توێژەران، چۆن گالاکسییەکان بە پانتایی گەردووندا دابەشبوون، بۆیان دەرکەوت تەنها لە مەودایەکی گەورەتر لە سێسەد ملیۆن ساڵی ڕووناکی، پاشان گەردوون ملکەچی پرەنسیپی کۆسمۆلۆژیی دەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دیوارێکی گالاکسی تر دۆزرایەوە کە زۆر گەورەتربوو، لە ڕاستیدا بە درێژایی ١,٣٧ بلیۆن ساڵی ڕووناکی لە بۆشاییدا ڕاکشاوە. تەنانەت لەم چەند ساڵانەی دواییدا، سەرەداوی دەڤەرێکی گەورەی بەتاڵ لە بۆشاییدا، لە داتاکانی پاشخانی مایکرۆیڤی کۆسمۆییدا وەک دەڤەرێکی سارد، کە تیرەکەی نزیکەی یەک بلێۆن ساڵی ڕووناکییە، دەرکەوت. تێڕامانی تەلیسکۆپە ڕادیۆییەکان چەندین جار ئەوە دڵنیا دەکەنەوە،  ئەوەی لەم دەڤەرە فراوانەی بۆشاییدا گالاکسییەکان مردوون و ژیانیان کۆتایی هاتووە.

ئێستە هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەم تێڕامانە لە ئارادا نییە. ئەگەر بەتەواوی دەستبەرداری پرەنسیپی کۆسمۆلۆژی ببین و بڵێین گەردوون لە هەموو پێگە و شوێنێکدا، کەم و زۆر وەکوو یەک نییە، ئەوا هەندێک ئەنجام کە لە لایەن تیۆری گشتی ڕێژەییەوە پێشنیازکراوە، بەردەوام فەرامۆشکراون زیاتر گرنگییان دەردەکەوێت. هەر هیچ نەبێت، دەبێت چاوەڕوان بین کە خێرایی کشانی گالاکسییەکان لە شوێنی جیاجیادا جیاوازییان هەبێت. هەندێک وا بیردەکەنەوە ئێمە لەوانەیە لە دەڤەرێکی چڕی نزمی گەردووندا بین، خۆ ئەگەر ئاوایە، ئەوا گەردوون هەر بە ڕاستی وا دەردەکەوێت کە دەکرێت کشانەکەی لە تاوداندا بێت، چونکە بڵقە دەڤەرییەکەی لەمەڕ خۆمان تۆزێک خێراتر لە دەڤەرەکانی دەوروبەرمان دەکشێت.

کێشەکە لەوەدایە ئەگەر دەستبەرداری جیاکارییەکەی ڕێکی (uniformity) یان نەگۆڕی ببین و بەوە ڕازیبین کە دابەشبوونی ماددە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی بیرمان لێ دەکردەوە، ئەوا مەحاڵە ماتماتیکی تیۆری گشتی چارەسەر بکرێت. ئەی کەواتە چۆن هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین؟ تەنیا ڕێگە چارە ئەوەیە یەکێک لەم چوارە هەڵبژێرین: نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی، توخمی پێنجەم، کێشکردنی دەستکاریکراو یان ئاڵۆز و ئامارێکی باشتر بۆ گالاکسییەکان بکەین.

چاومان لە ئاسمانە

بەردەوام ئامار زانستێکی ئەوەندە خۆش نییە کە مرۆڤ خۆی پێوە خەریک بکات، چێژی لێوەربگیرێت. بە زۆری بۆ گەڕان لە دوای دۆزینەوەی بابەتە سەرنجڕاکێشەکان، ئامادەکاری پێویستە بۆ ئەوەی بە وردی تاووتوێیان بکەین. بەڵام؛ لە گەڕان لە دوای وزەی تاریک، ئامارسازی شتێکی بنەڕەتییە چونکە گالاکسییەکان وەکو گەڵای سەر ڕووی ئۆقیانوسی کۆسمۆیی وایە. بە هۆی هێزی کێشکردن و کشانی گەردوونەوە دێن و دەچن و شنەیان دێت. هەتا زیاتر لە بۆشای بڕوانین، زیاتر کشانی گەردوون باڵدەکێشێت بەسەر جوڵەکانی تردا – ئەم جوڵە کۆسمۆییە “وەکو ئۆقیانوس” سەرنجی ئێمە ڕادەکێشێت.

تێڕامانی سیستەماتیکی دەڤەرە دوورەکانی بۆشای یارمەتی ئەستێرەناسان دەدات کە تاودانی کشانی گەردوون لە چەند کاتێکی جیاواز لە مێژووی گەردووندا پێوانەبکەن. دوایی بەراوردکردنی ئەم تاودانە جیاوازانە پێمان دەڵێن: ئایا تاودان خێراتر بووە، یاخود بە نەگۆڕی ماوەتەوە، یاخود لەوانەیە لە ناکاو لە ساتێکی شلۆقدا دەرکەوێت.

 

سەرچاوە:

-لەم کتێبەوە وەرگێڕدراوە، کە ئەم وتار لە خۆ دەگرێت…

The Big Questions: The Universe, Stuart Clark, Originally published: September 2010

بڵاوکردنەوە: