نیورۆپێداگۆگی: چۆن مێشک و دەمارناسیی پەروەردە دەگۆڕن؟ (بەشی دووەم)

180
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

 

چۆن فێربوون لە نێو مێشکدا دێتە کایەوە؟

فێربوون بریتییە لە پڕۆسێسی بەدەستهێنان یان دەستکاریکردنی ماریفە، ڕەفتار، کارامەیی، بەها و ئارەزووی نوێ١٩. ئەو زانیاری، ڕفتار، توانست و ئەزموونە نوێیە فێربووانە گۆڕانکاری دێننە کایەوە لە نێو مێشک، هەڵسوکەوت و کۆگنێتیڤی کەسەکە. فێربوون دەشێت بە ئاگایی و هەم بێئاگاییش ڕووبدات٢٠. توانستی پلاستیسیتی (پلاستیک-ئاسایی) مێشکە ڕێگە دەدات مرۆڤەکان بتوانن فێری چەندان کارامەیی نوێ ببن لە زمانەوە بگرە تاوەکوو کاتێک دەستت بەهۆی ئاگرەکەوە دەسوتێت و فێرت دەکات جارێکی تر دەست بۆ ئاگر نەبەیتەوە، بەڵام بێگومان فێربوونی هەموو شتێک وەکوو یەک ئاوها بە سادەیی لە نێوو مێشکدا ڕوو نادات، بۆ وێنە، فێربوونی زمان هاوشێوەی فێربوونی پیانۆ نییە. لە نێو مێشکی هەر کەسێک نزیکەی ٨٦ بلیۆن نیورۆن هەن٢١، نیورۆنەکان خانەکانی نێو مێشکن. هەر یەک لەو نیورۆنانەش بە نزیکەیی بە ١٠٠٠ دانە بە نیورۆنەکانی دیکەوە بەستراونەتەوە بەهۆی لقەکانیانەوە، بەم پێیە ترلیۆنان پەیوەندی نیورۆنی لە نێو مێشکدا هەن٢٢— تۆڕگەلێکی لێکئاڵاو و ئاڵۆز کە بە هەموویانەوە ‘تۆ’ پێک دەهێنن.

مێشک لە کۆرپەلەییەوە گەشە دەکات تاوەکوو بیست و پێنج ساڵان، لەو تەمەنەدا گەشەسەندنی مێشک گەیشتۆتە ترۆپک. ژمارەی خانەکانی مێشکی منداڵێک لەگەڵ کەسێکی گەورە بەنزیکەیی هەمان ژمارە لە مێشکەخانە لە خۆ دەگرن، وەلێ ڕێی تێ دەچێت خانەی نوێش بێنە کایەوە بە هۆی پڕۆسەیەکەی دەگمەنەوە کە ناسراوە بە نیورۆجێنێسس [neurogenesis]، بەم پێیە بێت ئەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لە نێو مێشکی منداڵ و گەورە، هەبوونی ئەو پەیوەندییانەیە کە لە نێوان نیورۆنەکان درووست بوون. هەر ئەمەشە وا دەکات کەسمان لە یەکتری نەچین، ئاخر ئەو ئەزموونانەی منی پێدا ڕۆیشتووم جیاواز پەیوەندی نێوان نیورۆنەکانمی داڕشتووە وەک لە هی تۆ. بەم شێوەیە هیچ جووتە مێشکێک نادۆزیتەوە لە دونیادا کتومت وەک یەکتری بن، هەمیشە جیاوازییەک هەیە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر. ئەمە خوشک و برا جمکەکانیش دەگرێتەوە، گرنگ نییە چەند بە شێوە و جینەکان لێکچوون، هەردەم جیاوازییەک لە نێو پەیوەندییەکانی مێشکیاندا هەیە، تەنانەت گەر مرۆڤ کۆپی بکەین هەمدیس مێشکی هەر یەکێکیان بە ئەزموونی جیاوازدا ڕێ دەکات، سا پەیوەندی و داڕشتەی مێشکیان لێکچوو نابن.

پڕۆسەی گەشەسەندنی مێشکەکان لە منداڵییەوە تا ئەو وەختەی دەگاتە چلەپۆپە بە جوانی و وریایەوە لەلایەن مێشکناسەکانەوە دیاریکراون، بەڵام هەروەک ئاماژەی پێدرا هەمیشە جیاوازییەک هەیە لە مێشکی کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە. جێڕاڵد ئێدڵمان، بایۆلۆژستی ئەمەریکی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ١٩٧٢ـە، هەشت خاڵی پەیوەست بە گەشەسەندنی مێشکەوە ڕیز دەکات٢٣، بە مانایەکی تر ئەم جیاوازیانەی خوارەوە دەشێت لە نێوان دوو مێشکی جیاوازدا هەبن٢٣:

  1. پڕۆسە گەشەسەندنە بنچینەییەکان، بۆ نموونە: دابەشبوونی خانەکان، توانستی چەسپان، جیاوازی و مردنی خانە.
  2. مۆرفۆلۆژیای خانە، بۆ نموونە: شێوە و قەبارە، بەربڵاوی و پێکهاتە لقەکانی نیورۆن.
  3. پاتێرنەکانی پەیوەندی نێوان خانەکان، بۆ نموونە: ژمارەی ئینپوت و ئاوتپوتەکان، ڕیزبەندی پەیوەندی نێوان نیورۆنەکان.
  4. سایتۆئاڕکیتێکتور [پێکهاتەی مێشک]، بۆ نموونە: چڕی خانەکان، ئەستووری چینە کۆڕتیکاڵەکان.
  5. دەمارەگوێزەرەوەکان [نیورۆترانزمیتەرەکان]، بۆ نموونە: جیاوازییە شوێنی (کاتێک هەندێکیان چالاکن و هەندێکیش ناچالاک) و کاتییەکان (چالاکییان بە گوێرەی کاتە).
  6. وەڵامدانەوە داینامیکییەکان، بۆ نموونە: ئێلێکترۆکێمیستری سیناپسەکان، پتەویی سیناپسەکان و، مێتابۆڵیزمی نیورۆنیی.
  7. گواستنەوەی نیورۆنی، بۆ نموونە: ڕادەی باشی ڕێڕەوە ئایۆنییەکان.
  8. کارلێک لەگەڵ خانەکانی گلیاڵ.

گرنگ نییە واتای یەک بە یەک لەو لیستەی سەرەوە بزانین، هێندە بەسە لەوە تێبگەین ئەوەی سەرەوە لیستێکی دوورودرێژە لەوەی چۆن لە ئاستی خانەیی و پێکهاتەیی مێشکی کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە، لە پاڵ ئەمانەش چالاکی و کاری مێشک تاکئاڕاستە نییە، بە مانایەکی تر شێوانشێوییەکی ئاڵۆز و جەنجاڵ لە نێو مێشکی کەسێک دەگوزەرێت کە سەختە بۆ هەر کەسێک پێشبینی ورد بکات لەوەی لە مێشکی کەسێک چی دەگوزەرێت یان چۆن چالاکی مێشکی کەسێک، کە تژییە لە شێوانشێوی، وا لە کەسەکە بکات چ ڕەفتارێک یان چ پەرچەکرداریکی هەبێت.  بێگومان ئەو جیاوازیانەی مێشکی کەسێک کار دەخاتە سەر توانا کۆگنتڤییەکانایان، بەڵام ڕادەی ئەم کارکردنە بەراورد بە هەر یەک لەو خاڵانە چۆنە لەسەر ڕەفتار و توانستی فێربوونی شتێکی دیاریکراو پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە. بەهەرحاڵ، ئەوەی گرنگە بۆ پەروەردەکاران ئەوەیە بزانن کاتێک دەچنە پۆلێکەوە کە زیاد لە فێرخوازێکی لێیە، گریمان ١٥ قوتابی لە پۆلەکەدان، مانای وایە پانزدە مێشکی جیاواز لە یەکتری فێری هەمان وانە دەکەن، هەر بۆیە مامۆستاکان نابێت بەتەواوەتی بە هەمان هەوڵ و کۆششەوە مامەڵە لەگەڵ هەر مێشکێکی ناو پۆلەکانیان بکەن. گەر فێرکردنی زمان وەربگرین، هەمەچەشنی قوتابییەکانی ناو پۆل و ئەو پاڵنەرە جیاوازانەی هەیانە بۆ فێربوونی زمان، یان تەنانەت توانستی سرووشتی مێشکی قوتابییەک، بگرە باکگراوندی کولتووری قوتابییەکان، تەواو کار دەخەنە سەر ئەوەی چۆن قوتابی فێری زمان دەبێت، مامۆستاکان، لەم نموونەیە فێرکارانی زمان، پێویستە ئاگایان لەم هەمەجۆریەی قوتابیان بێت.

هەموو مێشکێک ڕێکخستێنێکی هاوبەش و باوی هەیە، ڕێک وەک ڕووخساری مرۆڤەکان. هەموومان دوو چاو و دوو گوێ و لووتێک و دەمێکمان هەن، بەڵام ئەوە ئاشکرایە سیمای کەسێکمان لە هی کەسێکی تر جیاوازە. مێشکەکانیش بە هەمان شێوە ڕێکخستنێکی دیاریکراویان هەیە، تەنانەت لە پێکهاتەشدا زۆر پێک دەچن، بەڵام مێشکی هەر کەسێکیش تایبەتە بە کەسەکە و پێکهاتەی ڕایەڵە نیورۆنییەکانیان کە لە ڕێگەی ئەزموونەکانەوە بەیەکەوە بەندبوون لە هی یەکێکی تر جیایە. وێنەکەی خوارەوە مێشکی شەش کەسی پێگەشتووی جیاواز دەردەخات٢٤، هەر یەکێک لەو کەسانە مێشکیان تەندرووستە و بگرە ڕێژەی ئای-کیوەکەیان [IQ] لە سەروو ڕێژەی ئاساییەوەیە. یەکێک لەو کەسانە زمانی ئەڵمانی دەزانێت و لە منداڵیەوە لەگەڵی گەورە بووە، ئایە دەتوانیت بزانیت کامەیانە؟ بێگومان ناتوانین لە ڕێگەی ئەم وێنانەوە ئەوە بزانین، بەڵام خۆ ئەوە دەزانین کە یەکێکیان ئەڵمانیزمانە و پێنجەکەی دیکەش ئاخێوەری زمانی ئینگلیزین، بەمەش شتێک لە مێشکیاندا گۆڕاوە کە بتوانن فێری ئەم زمانانە ببن، هەر یەکێک لەو ئاخێوەرانە گۆڕانکارییەک بەسەر مێشکیاندا هاتووە تاوەکوو ڕێگەیان بدات زمانی دایکیان وەدەست بهێنن.

کەوایە فێربوون داڕشتەی فیزیکاڵی مێشک دەگۆڕێت، گۆڕانکارییە فیزیکاڵییەکانیش کە بە هۆی فێربوونەوە ڕوو دەدەن، فێربوون مێشک ڕێک دەخات و ڕێکی دەخاتەوە، گۆڕانکاری دەهێنێتە نێو چۆنیەتی کارکردنی مێشک. بە پوختی، فێربوون گۆڕانکاری بەسەر مێشکی هەڵگرەکەیدا دەهێنێت. بۆ نموونە، شۆفێرەکانی تەکسی شاری لەندەن بۆ ئەوەی کاری شۆفێری بەدەست بهێنن، پێویست بە تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەختدا گوزەر بکەن، پێویستە فێری سەدان ڕێگای سەرەکی شاری لەندەن ببن، لەگەڵ هەزاران شەقام و کوچەوکۆڵان. تا خۆیان بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە ئامادە بکەن، شۆفێرەکان ڕۆژانە دەبێت خۆیان فێری ئەو شوێنانە بکەن، نەخشە جەنجاڵ و ئاڵۆزەکەی لەندەن بەردەوام لە نێو مێشکیاندا بچەسپێنن و لە خەیاڵی خۆیاندا هەموو ڕۆژێک دەیان و سەدان گەشتی خەیاڵی ئەنجام بدەن. توێژینەوەی دەمارناسی نیشانی داوە، شۆفێرەکانی لەندەن مێشکیان لە کەسانی دیکە جیاوازە بەهۆی ئەو هەموو زانیارییانەی دەربارەی شوێنەکانی شاری لەندەن فێریان دەبن— هیپۆکامپس، کە ناوچەیەکە لە مێشک و بەرپرسیارە لە گلدانەوە و پاراستنی یادەوەری شوێن، لە نێو شۆفێرە لەندەنییەکان گەورەتر بوو وەک لە کەسانێک کە شۆفێری تەکسی نین لەو شارە. بگرە، لە توێژینەوەکەش ئەوە دەرکەوت بوو کە تا چەند شۆفێرەکە ئەزموونی زیاتر بوو بێت قەبارەی هیپۆکامپسی لە شۆفێرێکی کەمئەزموونتر گەورەتر بووە٢٥.

قسەکردن لە بارەی وردەکارییەکانی پڕۆسێسەکانی فیربوون لە ناو مێشکدا کارێکی ئاڵۆزە، ئاخر کاتێک باس لە فێربوون دەکەین، مەحاڵە چاوپۆشی لە باسکردنی یادەوەریش [memory] بکەین. فێربوون و یادەوەری تەنها لە یەک شوێنی مێشکدا ڕوونادەن، ئاخر یادەوەری جیاواز بە شێوەی جیاجیا لە نێو بەشەکانی مێشکدا هەڵدەگیررێن، هەر بۆیە شۆفێرەکانی لەندەن هیپۆکامپسیان گەورەتر دەبێت، وەلێ موزیکژەنەکانی ئامێری موزیکی دیاریکراو ناوچەی دیاریکراو بە گوێرەی ئەو چالاکییانەی دەستە زاڵەکەیانەوە ناوچەی دیکە لە مێشک پتەو و گەورە دەکات. گەر فیربوون وەک گۆڕانکارییەکی درێژخایەن بەسەر ڕەفتاری کەسەکەدا بێت بەهۆی ئەزموونەوە، ئەوا یادەوەری بریتییە لە تۆمارکردنی زانیاری و هاوکات توانستی هێنانەوە، ژیانەوە و ناسینەوەی ئەم زانیاری و ئەزموونانەی ڕابردوو.

 

هەڵەتێگەیشتنە باوەکانی مێشک لە پەروەردە

هۆکاری زۆر هەن لەوەی هەڵەتێگەیشتنی باو سەبارەی بە مێشک [neuromyth] هەبن. ڕەنگە زیاد لە پێویست سادەکردنەوەی دۆزینەوە و توێژینەوەکان سەبارەت بە مێشک یەکێک بێت لە هۆکارەکان. هۆکارێکی دیکە بریتییە لە نەزانی و تێنەگەیشتن لە دەرئەنجامەکانی توێژینەوەیەک یان حاڵی نەبوون لە چەمکگەلێکی مێشكناسی. هۆیەکی تر بۆ هەبوونی هەڵەتێگەیشتن لەوانەیە بە مەبەست شێواندنی چەمک و توێژینەوەیەکی دەمارناسی بێت تا پشتگیری لە دیدگایەکی تایبەتی و لایەنێکی دیاریکراو بکات. دەبێت ئەوەش ڕەچاو بکەین کە زۆرێک لە هەڵەتێگەیشتنەکان بڕێک لە ڕاستییان تێدایە، وەلێ شێوێندراون جا چ دەستێک لە پشتیانەوە بێت یان بە سادەیی تێنەگەیشتن بێت لەوەی زانست چۆن کار دەکات٢٦.

کێشەیەکی ئەم هەڵەتێگەیشتنانە ئەوەن کە تەمەنیان زۆر بڕ دەکات و بەردەوام دەبن لە نێو کۆمەڵانی خەڵک. ئاخر، مرۆڤەکان ڕکیان لە ئاڵۆزی دەبێتەوە و ئارەزوو دەکەن شتەکان ئاسان بن. کەسێکی ئاسایی نایەوێت کاتی زۆر بەسەر ببات تا بە دوای ڕاست و درووستی هەواڵێک یان زانیارییەکی بەدەستهاتووی زانستیدا بگەڕێت، بگرە زۆر جار ڕەنگە کەسەکە کارامەیی زانستی نەبێت لەوەی لە خوێندنەوە و بیرکۆڵیکردنی توێژینەوە زانستییەکانی بوارێک تێ بگات. خاڵێکی دیکە، گواستنەوەی زانیاری هەڵە و سەدبارەبووەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕەکانی دیکەی گواستنەوەی زانیارین. لەوانەیە هەواڵێکی زانستی بەهەڵە بگوازنەوە، بۆ وێنە توێژینەوەیەک لەسەر ئاژەڵ کراوە (لەوانە توێژینەوە دەربارەی توانستی بیرهاتنەوە و یادگە) و ڕەنگە بۆ ئەو جۆرەی زیندەوەر ڕاست بێ بەڵام دەۆزینەوەکان هێشتاکە گشتگیر نەبن بۆ مرۆڤ و زیندەوەرانی تر. لە بواری پەروەردەش دەبێت ئەوە بزانین، ئەو توێژینەوانەی لە تاقیگە دەکرێن مەرج نییە لە ژیانی ڕاستی و لە نێو پۆلەکاندا ئەو دەرئەنجامانە ڕاست و درووست بن. بە شێوەیەکی گشتی توێژەرانی بواری پەروەردە و خەڵکی ئاساییش کە بەرخۆری زانیارییەکانن بەڵام مەرج نییە بیانەوێت ببنە پێداگۆگ دەبێت لە بەدەستهێنانی زانیارییەکاندا ورد بن٢٧.

ڕەنگە بپرسین: ئایە دەستنیشانکردن و ڕاستکردنەوەی ئەم بیروباوەڕە ئەفسانەئاسایانە چ سوودێکیان هەیە؟ ئایە ئەم هەڵەتێگەیشتنانە جێی مەترسین؟ بێگومان جێی داخە گەر بە مەبەست یان تەنانەت بێمەبەست زانیاری هەڵە لە هەوڵ وکۆششە پەروەردەییەکانماندا بەکار بهێنین. لە ڕووی ئەخلاقییەوە ناڕەوایە زانیاری  و بیروباوەڕی زڕزانستی هەڵە بڵاو بکاتەوە، لە کاتێکدا مرۆ دەتوانێت بە گرتنی چەند خولەکێک لە کاتی خۆی ڕاست و ناڕاستیان یەکلا بکاتەوە. مامۆستا و پەروەردەکاران پێویستە لەسەریان تا دەکرێت پشت بەو توێژینەوە زانستی و ڕێکارە درووستانە ببەست کە دەبنە هۆی پەروەردەکردنی باشتری پۆلەکانیان.

زۆرێک لە بیروباوەڕ و هەڵەتێگەیشتنە باوەکانی سەبارەت بە مێشک سەرنجڕاکێش و ئاسانن بۆ لەبیرهاتنەوەیان هەر ئەمەشە وا دەکات ئەم هەڵەتێگەیشتنانە بۆ ماوەیەکی زۆر بمێننەوە و بەربڵاو بن. بەڵام دەشێت ناوەند و ڕێکخراوی هەمەچەشن لەژێر ناوی پەروەردەکردن و ڕاهێنانەوە بە بڕە پارەیەک بانگەشەی ئەوە بکەن کە لە ڕێگەی ئەم جۆرە تەکنیک و ڕێکارانە منداڵ و ڕۆڵەکانمان باشتر پەروەردە دەکەن، کە لە ڕاستیدا وا نییە، بەمەش هەم زیانی دارایی هەم زیانی بەفیڕۆچوونی کاتی منداڵ و دایکوباوک لە مرۆڤەکان دەدەن. زۆرێک لە ناوەند و ڕێکخراوەکان لە کوردستان بانگەشەی جیاکاری نێوان مێشکی لای ڕاست و لای چەپ، خێرا خوێندنەوە، بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی مێشک و هتد دەکەن، کەچی هیچ لەم تیۆر و بیروباوەڕانە زانستی نین و هیچ سوودێکی ئەوتۆ لێیانەوە چەکەرە ناکات.

 

نیورۆمیتۆلۆژیا: دوو لە هەڵەباوەکانی مێشک لەبواری مێشک و پەروەردە

یەکێک لە بیروباوەڕە باوەکان دەربارەی مێشک ئەوەیە: ئێمە تەنها ٪١٠ی مێشکمان بەکار دەهێنین. بێگومان ئەم بیرۆکەیە لە هەڵەیەک زیاتر نییە، کەچی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە نێو خەڵکیدا باوە، تەنانەت لە نێوان خوێندکارانی سایکۆلۆژیا. لە توێژینەوەیەکدا یەک لەسەر سێی قوتابیانی سایکۆلۆژیا لایان وابووە کە ئەم بیرۆکەیە درووستە، لە توێژینەوەیەکی دیکە ٪٥٩ی خوێندکارانی زانکۆ لە بەڕازیل بڕوایان بەم بیرۆکە چەوتە هەبووە، ئەوەی مایەی سەرنجە هەر هەمان توێژینەوە دەریخستووە ٪٦ی مێشکناسەکانیش بڕوایان بەو بیرۆکە پووچە کردووە. وا دەردەکەوێت کە پێمان ناخۆش دەبێت گەر ئەم بیرۆکەی ٪١٠یە دەربارەی مێشکمان درووست نەبێت، چونکە ئێمەی مرۆڤ هەمیشە حەز دەکەین بوارێکمان بۆ بمێنێتەوە تاوەکو بتوانین پەرە بە خۆمان بدەین. هەر ئەمەشە وای لە هەندێک لە ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی کردووە کە ئەم ئەفسانەیە وەکو ڕاستی زانستی بفڕۆشن، بۆ نموونە تیم سکۆت لە کتێبەکەیدا [چۆن زیرەکیت دوو هێندە دەکەیت] دەڵێت: ”ئەگەر تۆ هاوشێوەی زۆرینەی خەڵکیت، تۆ تەنها سەدا دەی توانای مێشکت بەکاردەهێنیت.”

جیا لە ڕاهێنەرەکانی بەناو گەشەپیدانی مرۆیی، ئەو قۆڵبڕانەشی هاوشێوەی یوری گێڵەر کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بە توانستی مێشکیان کەوچک و ئاسن بتوێننەوە و زاڵ ببن بەسەر دەوروبەر، هەمان بانگەشە دەکەن، گێلەر دەڵێت: ”ڕاستیەکەی زۆرینەمان ٪١٠ی مێشکمان بەکار دەهێنین” جا لە بانگەشەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت کە توانا دەرەسرووشتییەکانمان ئەو کاتە بەدەر دەکەون وەختێک ٪٩٠ی مێشک وەگەڕدەخەین. ئەوە ڕاستە لە جێبەجێکردنی هەندێک ئەرکدا چەند ناوچەیەکی مێشکی تۆ چالاکترن وەک لە هەندێک ناوچەی دیکە، بەڵام هەرگیز نابینیت لە هەر شتێک کە ئەنجامی دەدەیت بەشێکی مێشکت ناچالاک بێت، مەگەر زیانی گەورە بەر ناوچەیەکی دیاریکراوی مێشکت بکەوێت. هەر سەبارەت بە زیانیش، بەنزیکەیی هیچ ناوچەیەکی مێشک بوونی نییە بە ڕووی زیانی گەورە یان بچووک گۆڕانکاری گەورە لە مێشکدا نەهێنێتە کایەوە، کەواتە ئەگەر ئێمە ٪١٠ی مێشکمان بەکاربهێنین، بۆچی دەبێت هەموو ناوچەیەکی مێشک کاریگەری بخاتە سەر توانستە ئەقڵی و لاشەییەکانمان؟٢٨

هەڵەتێگەیشتنێکی دیکەی بەربڵاو بریتییە لە دابەشکاری مێشکی ڕاست و مێشکی چەپ. هەندێک بڕوایان وایە، هەر وەک چۆن لە بەکارهێنانی دەستماندا کەسانێک چەپەن و هەندێکیش ڕاستە، هەمان شت بۆ مێشکیش ڕاستە. بڕوا باوەکە وەهایە کە مێشکی لای چەپ پتر سەروسەودای لەگەڵ وشە، لۆژیک، بیرکاری و فاکتەکاندا هەیە، کەچی مێشکی لای ڕاست مەیلی خەیاڵ، هونەر، ڕیتم و وێناکردنی هەیە. جا لەم بانگەشەیەوە کە پێی وایە هەردوو نیوەگۆی مێشک بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لە یەکتری جودان، بازرگانانێک پەیدا دەبن کە بانگەشەکە درێژ دەکەنەوە بۆ ئەوەی کە ئەمان دەتوانن بەرانبەر بڕە پارەیەک و بە بەژداریکردنت لە کۆرسە تایبەتەکاندا دەتوانن یارمەتیت بدەن ببیتە کەسێک کە هونەرمەندانە بە نیوەگۆی ڕاستت بیر بکەیتەوە یان ببیتە کەسێکی لۆژیکمەند و شمشێری بیرکردنەوەت تیژ بکەیتەوە بە ڕاهێنانی نیوەگۆی چەپت. بێگومان، وەک هەر هەڵەتێگەیشتنێکی دیکەی باو لە زانستدا، ئەم تێگەیشتنە بڕێک لە ڕاستی تێدایە، بەڵام هەڵەتێگەیشتنەکان هێندە زۆر و ناکۆتا-ئاسان، ئەو ڕاستییەیان ڵێڵ کردووە.

ئەم هەڵەتێگەیشتنە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان، وەختێک ڕۆجەر سپێری دەمارناس لە سالی ١٩٨١ خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت لە بواری پزیشکی و فیسیۆلۆژی بۆ ئەو توێژینەوانەی لە بواری مێشکی لەتبوودا [split-brain] کرد بوونی. مێشکی مرۆڤ لە دوو نیوەگۆی لای ڕاست و لای چەپ پێکدێت، ئەم دوو نیوەگۆیە بە کۆمەڵێک ڕیشاڵەوە بە یەکتریەوە بەندن کە ناسراوە بە کۆرپەس کالۆسەم. ئەو نەخۆشانەی پەرکەمیان هەیە بە بڕینی کۆرپەس کالۆسەمیان پەرکەمەکەیان کەم دەبێتەوە.  ئەوەی ڕۆجەر سپێری دۆزیەوە ئەوە بوو کە تەنانەت دوای بڕینی ئەو کۆمەڵە ڕیشاڵەی ئەو دوو لایەی مێشک بەیەکەوە گرێ دەدات، هەر یەک لە نیوەگۆیەکان بە سەربەخۆ کار دەکەن. بە مانایەکی تر هەر یەک لە نیوەگۆکانی مێشک کاری جیاواز ڕادەپەڕێنن. سپێری نەک تەنها لە مرۆڤ، بەڵکوو توێژینەوەکانی ئاژەڵەکانیشی گرت بووەوە٢٩.

بێگومان ئەوە ڕاستە کە هەندێک تاسک پێویستی بە نیوەگۆیەکی تایبەتمەندە، بۆ نموونە، پێکەوەنانی وشە و مامەڵەکردن لەگەڵ ستراکتۆری ڕستەکان پەیوەستە بە نیوەگۆی چەپی مێشک، بەڵام نیوەگۆی ڕاستیش بۆ پڕۆسێسکردنی تۆنی دەنگ، مێتافۆر و ئاماژە نازارەکی و نازمانەوانییەکانی دیکە کە کار دەخەنە سەر ڕێڕەوی تێگەیشتن لە گوتە و دەق، بە هەمان ڕادە گرنگە٣٠. ڕەنگە نیوەگۆیەکی مێشک تا ڕادەیەکی کەم لە نیوۆگۆکەی دیکە باشتر بێت لە بەڕێکردنی ئەرکێکی دیاریکراو دا، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک واتای ئەوە نییە مرۆڤانێک نیوەگۆیەکیان پتر باشتر و بەکارترە وەک لە نیوەگۆکەی تریان. بگرە دوو نیوەگۆیەکە هاوشێوەبوونیان زیاترە وەک لە بەیەکنەچوون. ئەو جیاوازیانەی لە نێوان دوو نیوەگۆیەکەدا هەن هێندە کۆنکرێتی نین، کەسێک بە ئاسانی سنوور دابنێت لەوەی کامە نیوەگۆ هونەرمەندانەیە و کامەشیان ژیربێژیانە٣١. ئەو کەسانەشی کە گوایە ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیین و ئەو تەکنیکانەی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوەی تۆ بکەنە کەسێک کە بتوانێت سوودمەند بێت زیاتر لە نیوەگۆی ڕاست یان چەپ بە دیاریکراوی ئەوا لە فرتوفێڵ یان تێنەگەیشتن و چەواشەکاری توێژینەوە زانستییەکان هیچی دیکە ناکەن.

ڕەنگە بە ڕووکەش وا دەربکەوێت کە ئەم هەڵەتێگەیشتنە زیانی نەبێت بۆ پەروەردەکاران و قوتابیان، وەلێ کاتێک لێی قووڵ دەبینەوە ئەم هەڵەتێگەیشتنە هێندە بێوەی نییە. لە توێژینەوەیەکدا، لە نێو ٢٤٢ مامۆستادا، سەدا ٩١ـیان تێڕوانینیان ئەرێنی بووە بۆ ئەم دەربڕینە: “جیاوازی نێوان مێشکی ڕاست و مێشکی چەپ (یان چەپەبوون و ڕاستەبوونی هەندێک لە بەکارهێنانی مێشکیاندا) یارمەتیدەرە بۆ لێکدانەوەی ئەو جیاوازییە کەسییانەی لە نێو قوتابیاندا هەن.” لە هەمان تاقیکردنەوە زیاد لە نیوەی بەژداربووان بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٥٠ بڕوایان بە ٧ لە ١٨ هەڵەتێگەیشتنی باو بوو لە پەروەردەدا٣٢.

 

پاشکۆ و سەرچاوەکان:

[١]

نیورۆوێناکاری= neuroimaging

[٢]

Terem, I., Dang, L., Champagne, A., Abderezaei, J., Pionteck, A., Almadan, Z., Lydon, A. M., Kurt, M., Scadeng, M., & Holdsworth, S. J. (2021). 3D amplified MRI (aMRI). Magnetic resonance in medicine, 86(3), 1674–1686. https://doi.org/10.1002/mrm.28797

[٣]

Eagleman, D. (2015). The brain: The story of you. New York: Pantheon Books. P.157-158.

[٤]

Eisenberger, N. I., Lieberman, M. D., & Williams, K. D. (2003). Does rejection hurt? An FMRI study of social exclusion. Science (New York, N.Y.), 302(5643), 290–292. https://doi.org/10.1126/science.1089134

[٥]

Kross. E. & Berma. M. G. & Wager T. D. (2011). Social rejection shares somatosensory representations with physical pain. Proceedings of the National Academy of Sciences. 108 (15), pp. 6270-6275.

[٦]

https://dictionary.apa.org/psychosomatic

[٧]

https://bit.ly/3Ed4Djj

[٨]

Eagleman (2015)

[٩]

Rebeca Popescu, Ana Muntean & Femmie Juffer (2020) Adoption in Romania: Historical Perspectives and Recent Statistics, Adoption Quarterly, 23:1, 1-26, DOI: 10.1080/10926755.2019.1665602

[١٠]

Mackes, N. K. et. al. (2020). Early childhood deprivation is associated with alterations in adult brain structure despite subsequent environmental enrichment. Proceedings of the National Academy of Sciences. 117 (1), pp. 641-649.

[١١]

Perry, B. D. & Pollard, D. (1997). Altered brain development following global neglect in early childhood. Society For Neuroscience: Proceedings from Annual Meeting,New Orleans.

[١٢]

Chojak, M. (2018). ‘Neuropedagogy as a Scientific Discipline: Interdisciplinary Description of the Theoretical Basis for the Development of a Research Field’. World Academy of Science, Engineering and Technology, Open Science Index 140, International Journal of Educational and Pedagogical Sciences, 12(8), 1085 – 1088.

[١٣]

Chojak (2018)

[١٤]

Nurmakhanova, D. E., Rakhmetova, A. K., Kassymbekova, D. A., Meiirova, G., & Rakhimzhanova, G. M. (2021). Neuropedagogy for Improving the Educational Process in Universities. Journal of Intellectual Disability-Diagnosis and Treatment, 9(3), 321-328.

[١٥]

Willingham D. T. (2009). Three problems in the marriage of neuroscience and education. Cortex; a journal devoted to the study of the nervous system and behavior, 45(4), 544–545. https://doi.org/10.1016/j.cortex.2008.05.009

[١٦]

https://bit.ly/3gddOIB

[١٧]

Chang, Z., Schwartz, M. S., Hinesley, V., & Dubinsky, J. M. (2021). Neuroscience concepts changed teachers’ views of pedagogy and students. Frontiers in psychology, 12, 685856.

[١٨]

Nurmakhanova, D. E., Rakhmetova, A. K., Kassymbekova, D. A., Meiirova, G., & Rakhimzhanova, G. M. (2021). Neuropedagogy for Improving the Educational Process in Universities. Journal of Intellectual Disability-Diagnosis and Treatment, 9(3), 321-328.

[١٩]

jensen e. & mcconchie l. (2020). Brain-Based Learning: Teaching the Way Students Really Learn. P. 10..

[٢٠]

https://dictionary.apa.org/learning

[٢١]

FA Azevedo, et al. (2009). Equal numbers of neuronal and nonneuronal cells make the human brain an isometrically scaled-up primate brain. J Comp Neurol. 513(5), pp. 532–41.

[٢٢]

https://bit.ly/3OhTO4m

[٢٣]

Geake, J. (2009). The Brain at School: Educational Neuroscience in the Classroom. P. 46.

[٢٤]

Geake (2009; p. 47)

[٢٥]

Eagleman (2015; p.?)

[٢٦]

Torrijos-Muelas M, González-Víllora S, Bodoque-Osma AR. The Persistence of Neuromyths in the Educational Settings: A Systematic Review. Front Psychol. 2021 Jan 12; 11:591923. doi: 10.3389/fpsyg.2020.591923. PMID: 33510675; PMCID: PMC7835631.

[٢٧]

Tokuhama-Espinosa, T. [Conexiones: The Learning Sciences Platform]. Neuromyths by Tracey Tokuhama-Espinosa, Ph.D.

YouTube https://bit.ly/3X99UkI

[٢٨]

Lilienfeld, S. O., Lynn, S. J., Ruscio, J., & Beyerstein, B. L. (2011). 50 great myths of popular psychology: Shattering widespread misconceptions about human behavior. John Wiley & Sons.

[٢٩]

بۆ خوێندنەوەیەکی خێرا سەبارەت بە توێژینەوەکانی ڕۆجەر سپێری بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:

Lienhard, Dina A., “Roger Sperry’s Split-Brain Experiments (1959–1968)”. Embryo Project Encyclopedia (2017-12-27). ISSN: 1940-5030 http://embryo.asu.edu/handle/10776/13035.

[٣٠]

Diaz, M. T., & Eppes, A. (2018). Factors Influencing Right Hemisphere Engagement During Metaphor Comprehension. Frontiers in psychology, 9, 414. https://doi.org/10.3389/fpsyg.2018.00414

[٣١]

(Lilienfeld, Lynn, Ruscio & Beyerstein, 2011)

[٣٢]

Dekker, S., Lee, N. C., Howard-Jones, P., & Jolles, J. (2012). Neuromyths in education: Prevalence and predictors of misconceptions among teachers. Frontiers in psychology, 429.

بڵاوکردنەوە: