نیورۆپێداگۆگی: چۆن مێشک و دەمارناسیی پەروەردە دەگۆڕن؟

207
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

 

“دیزاینکردنی ئەزموونە پەروەردەییەکان بەبێ تێگەیشتن لە مێشک وەک دیزاینکردنی دەسکێش وایە بەبێ تێگەیشتن لە دەست.”

لێزیل هاڕت.

 

لە چەند دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گرنگ و بەرچاو لە مێشک و دەمارناسیدا بەدەست هاتوون. شتانێک کە بە بیرماندا نەدەهات توێژینەوە لێیان بمانگەیەننە وەڵامی ئەو پرسیارانەی هەمانن، ئێستا لە نێو تاقیگە زانستییەکاندا خەریکە دەگەین بە کرۆکی وەڵامەکانیان. ئامێرە نیورۆوێناکارییەکان١ توانیویانە سوودی خۆیان بۆمان بسەلمێنن، بەهۆی ئەو کەرەستە پێشکەوتوانەوە دەتوانین گەلەئەستێرە و کاکێشانەکانی نێو گەردوونی کەللـەی سەرمان بپشکنین. بۆ وێنە، گەر لەم چەند ماوەیەی دواییدا جەیمس وێب تێلێسکۆپێک بووبێت تاوەکوو لە ڕێگەیەوە بۆشایی ڕوونتر ببینین، لە مێشکناسیشدا  3D aMRI بەهەمان ئەندازە کاریگەرە بۆ بینینی بۆشایی نێو سەر٢. ئەوەی ئەم وتارە دەیڵێت ئەوەیە تێگەیشتن لە مێشک و مێکانیزمەکانی لەلایەن زانا و پێداگۆگەکانەوە کاریگەری بێپایانی دەبێت بەسەر کۆی گشتی پەروەردە و پۆلەکانی خوێندن. لەم سەردەمەی لێی دەژین ناتوانین ڕەچاوی مێشک و دەمارناسی نەکەین کاتێک قسە لەسەر بوارێک دەکەین، جا هەر بوارێک کە بە ئەندێشەتدا بێت— پەروەردە، فێربوونی زمان ئابووریناسی، سیاسەت، یاسا و هتد.

تێگەیشتن لە پڕۆسەی فێربوون، یادەوەری و توانستی داهێنەرانەی مرۆڤ و تێما پەیوەستەکانی دیکە، هەر لە بنەڕەتەوە چەمکی مێشکناسیانەن. فێربوون، یادەوەری و بەدەستهێنانی کارامەییەکان بەهۆی مێشکەوە ڕوودەدەن، لەگەڵ فێڕبوونی زمانێکی نوێدا بۆ نموونە، چالاکییەکی زۆری مێشک دەخەیتە خزمەتی. گەر لە یادەوەریش بڕوانیت، پاشەکەوتکردن و کەڵەکەکردنی هەمدیس ئەرکی ئەو ئەندامە سێ پاوەندییەیە— مێشک. ئەمەش واتای ئەوەیە، دەرئەنجامی نوێترین توێژینەوە زانستییەکان سەبارەت بە مێشک و توانا کۆگنێتیڤییەکان، بخوازین یا نا، تێڕوانینمان بۆ مەسەلەی فێربوون و پەروەردەکردن دەگۆڕن، بەم جۆرە دەشێت توێژینەوەکانی مێشک و کۆئەندامی دەمار دەستوەر بدەنە ئەو بیردۆز و هێپپۆتێزانەی سەبارەت بە کۆی پێداگۆگی هەمانن. هەر بەڕاستی وەلاوەنانی مێشک لە تێگەیشتن لە پڕۆسێسەکانی فێرکردن و پەروەردە، وەک وەلانانی داماڵینی تێگەیشتنە بایۆکیمیاییەکانە لە درووستکردنی دەرماندا.

ئەم وتارە بانگهێشتنامەیەکە بۆ مامۆستایان، پێداگۆگ و، هەر کەسێکیش پەروەردە گرفتی ئەو بێت (کە دەبێت هی هەموومان بێت!) لەوەی نابێت زانستی مێشکناسی، سایکۆلۆژیا و، دیسپڵنە پەیوەستەکانی دیکە لە یاد بکەین کاتێک دێتە سەر ئەوەی چۆن مرۆڤەکان، بەتایبەتی منداڵان، پەروەردە بکەین. کاتێک بیردۆز و چوارچێوەیەکی پەروەردەیی گەنگەشە دەکەین پێویستە بەڵگەمان بۆ ئەو پێوابوونانەمان هەبێت کە دەیانخەینە ڕوو. بۆ ئەمەش تێگەیشتن لە پڕۆسێسە نیورۆنییەکان دەتوانن دەستمان بگرن و لەگەڵ خۆیاندا گەشتێکی پڕزانیاری و هەم پڕسوودمان پێبکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئارێشانەی لە پەروەردە دێنە کایەوە. وەلێ، ئەوەی دەبێت بیزانین ئەوەیە، وا باس لە مێشک دەکرێت کە ئاڵۆزترین هەبوو بێت لە نێو گەردوون کە تاوەکوو ئێستا پێی ئاشا بین، بە ڕەچاوکردنی ئەم دەربڕینە دۆشدامێنە، بنواڕە هەسارەی زەوی خاوەنی ٨ بلیۆن مرۆڤە، بە واتایەکی دیکە هەشت دانە بلیۆن لەو ئۆبژێکتە ئاڵۆزترینەی گەردوون، سا بۆیە شیکارکردنی کێشەکانی نێو دەمارناسی سەختن، بە هەمان شێوە نابێت پێمان وا بێت کێشە و گیروگرفتەکانی پەروەردە وردەڵە و سادەن.

 

پەراوێزخستن مێشکەکان بریندار دەکات

پێشووتر وا دادەنرا ئازاری جەستەیی و ئازاری سۆزەکی ناوچەی جیاواز لە نێو مێشکدا چالاک دەکەن. بە واتایەکی تر، ئەو ئازارەی لە دەرئەنجامی زللـەیەکەوە پێمان دەگات، یان وەختێک کوپێک قاوەی گەرممان پێدا دەڕژێت، تەواو ئازارگەلی جودان وەک لەو ئازارە سۆزەکییانەی پێمان دەگەن وەختێک لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە فەرامۆش دەکرێین یان گرنگیمان پێ نادرێت. کاتێک تۆ بە وێنە کۆنەکانتدا دەگەڕێیت و وێنەی یارەکەی پێشووت دەدۆزیتەوە، ماوەیەکی هێندە زۆریش نییە پەیوەندییەکەت لەگەڵی کۆتایی پێهاتووە کە ڕاستیەکەی نەتدەویست وا بێت، ئەو سۆزە ئازاربەخشەی لەو ساتەدا دەروونت داگیر دەکات، بە گوێرەی توێژینەوە مێشکناسییەکانی پێشوو، زۆر جیاوازترە لە ئازاری ئەو چڕنووقەی لێت دەگرن. بەڵام چەند دەیەیەک دەبێت توێژینەوەکان بە لایەکی تر مانای ئازارەکان دەشکێننەوە. توێژینەوەی نوێی مێشکناسی دەری دەخات ئێش و ژانە سۆزەکییەکان هەمان ئەو ناوچانە لە مێشک چالاک دەکەن کە پەیوەستن بە ئازارە جەستەییەکانەوە.

کاتێک دەرزیەکی سرنج پەنجەت بریندار دەکات، یەک تاقە ناوچە نییە لە مێشک بە تەنیا بەرپرسیار بێت لە پڕۆسێسکردنی ئازار، بەڵکوو ئازاری سەرنجەکە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە مێشک چالاک دەکات پێکەوە، بەو تۆڕە جیاوازانەی ئازار لە نێوو مێشکدا دەگوترێت ماتریکسی ئازار٣. تۆڕە نیورۆنییەکانی ماتریکسی ئازاری نێو مێشکی ئێمە گەلێک گرنگە بۆمان تاکوو پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان خۆمان و کەسانی دیکە بهێڵینەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ماتریکسی ئازار وامان لێ دەکات بەرانبەر ئەوانی دیکە هاوسۆز بین، واتە کاتێک کەسێک ئازاری پێ دەگات هەندێک ناوچەی مێشکمان کە پەیوەستن بە پڕۆسێسکردنی ئازارەوە چالاک دەبن و بەم شێوەیە هەست بە ئێش و ئازارەکانی کەسەکە دەکەین.

نائۆمی ئایزنبێرگەری مێشکناسی ئەمەریکی لەگەڵ دوو لە توێژەرە هاوشانەکانی ویستیان لە ڕێگەی تاقیکردنەوەیەکەوە بزانن چی دەگوزەرێت لە نێو مێشکی خەڵکی کاتێک لە نێو کۆمەڵەیەکەوە پەراوێز دەخرێن. لە تویژینەوەکەدا ئامێری fMRI بەکار هێنرا کە تەکنیکێکە لە مێشکناسی بۆ بینینی ئەوەی چی لە مێشکی بەژداربووان دەگوزەرێت کاتێک ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکەن پێیان دراوە. بەژداربووەکان یارییەکی کۆمپیوتەریان دەکرد، کە تێیدا تۆپێک دەهاویژرا بۆ دوو ‘کەسی’ تر، جا ڕاستیەکەی ئەوانە کەس نەبوون بەڵکوو دوو بەژداربووەکەی دیکە پڕۆگرامی کۆمپیوتەری بوون، بەڵام وا بەژداربووەکە تێدەگەیەنرا کە لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا یاری دەکات، سا لە سەرەتای تاقیکردنەوەکە پێیان دەگوترا کە جارێ کێشەیەکی تەکنیکی هەیە و ناتوانێت یاری لەگەڵ دوانەکەی دیکەدا بکات بۆیە تا کێشە تەکنیکیەکە چارە دەکرێت، ئەو جووتەی دیکە، کە ڕاستیەکەی تەنیا کۆمپیوتەر بوون، بۆ خۆیان یاریان دەکرد و ئەمیش تەنها تەماشاکار بوو، توێژەرەکان چالاکییەکانی مێشکی ئەمانیان تۆمار دەکرد. دوایی ڕێگەیان دەدا لەگەڵ دوو ‘کەسەکەی’ دیکە یاری بکەن، بەڵام دوای ٧ جار هاوێژتنی تۆپەکە بۆی، دوو کەسە کۆمپیوتەرییەکە کە بەژداربووەکە وای دەزانی کەسانی ڕاستەقینەن ئەو کەسەیان لە یارییەکە وەدەر دەنا و یاریان لەگەڵ نەدەکرد. دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکەی نائۆمی ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو ناوچانەی لە مێشک پەیوەستن بە ئازاری جەستەییەوە، هەر ئەو ناوچانە چالاک دەبوون، بە واتایەکی دیکە وەدەرنان و فەرامۆشکردنی کەسێک لە کۆمەڵەیەک و بێبەشکردنیان لە یاریکردن و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو دڵتەنگیەی کەسە وەلانراوەکان تووشی دێن دەبنە هۆی چالاککردنی ماتریکسی ئازار، لەوانەیە نەهاویشتنی تۆپێک بۆت شتێکی هێندە گرنگ نەبێت، بەڵام بۆ مێشکی تۆ ئەو ڕەفتارەی ڕەتکردنەوەخوازانەی ئەوان هیچی کەمتر نییە لە ئێش و ژانی جەستەیی بۆت٤.

توێژینەوەیەکی نوێتر و دڵنیاکەرتر سەبارەت بە هاوئاوازبوونی ژانی جەستەیی و ژانی سۆزەکی هی سایکۆلۆژیست ئیسان کرۆس و هاوەڵانیەتی، ئەوان بەژداریان بە ٤٠ کەس کرد لە تاقیکردنەوەیەکدا بۆ زانینی ئەوەی ئایە گەر کەسێک ئەزموونی وەلاوەنانێکی کۆمەڵایەتیانەی توند بکات هەمان ئەو ناوچانەی مێشک چالاک دەبن کە پەیوەستن بە ژان و ئازاری جەستەییەوە؟ تەواوی ئەو کەسە بەژداربووانەی نێو توێژینەوەکە لە ماوەی شەش مانگی ڕابوردوویاندا ئەزموونی جیابوونەوەی سۆزداریان کرد بوو لەگەڵ هاوبەشە ڕۆمانتیکییەکانیان، هەڵبەت ئەو جیابوونەوەیە لەگەڵ ئەو خۆشەویستانەیاندا بە ویست و ئارەزووی ئەوان نەبووە. هەر یەک لەو بەژداربووانە (٢١ـیان مێ و ١٩ـشیان نێر) چالاکی مێشکیان بە ئامێری fMRI دەپشکێنران وەختێک خەریکی بەجێگەیاندنی دوو تاسک بوون، یەکێک لە تاسکەکان پەیوەست بوو بەو هەستی ڕەتکردنەوەیە کە لە ئەزموونە ڕۆمانسییەکەیان تووشی بووبوون، ئەویش لە ڕێی نیشاندانی وێنەی ئەو کەسەی پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان کۆتایی هات بوو یان لە ڕێی ئەوەی داوایان لێ دەکرا چ هەستێکیان هەبووە وەختێ لەو هاوبەشانەیان جودا بووبوونەوە، دووەم تاسکیش پەیوەندی هەبوو بە ئەزموونکردنی ئازارێکی جەستەیی، وەلێ ئازارێک کە لە توانادا هەبوو بەرگەی بگیردرێت، ڕادەی ئەو ئازارەی بەسەر کەسەکاندا دەهات ژانەکەی هێندەی ڕژانی کوپێک قاوەی گەرم بوو.

لە پاڵ ئەو داتا و دەرئەنجامانەی بەدەست هاتن، دەرئەنجامە پەتییەکانی نێو تاقیکردنەوەکە بەرواردیش کران لەگەڵ داتابەیسێک کە ٥٠٠ توێژینەوەی دیکەی زانستی سەبارەت بە هەست و ئازار لە خۆ گرت بوو، هەموو ئەمانە نیشانیان دا بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر پەیوەندی نیورۆنی هەیە لە نێوان ئەو هەستە پڕئازارەی کەسێک دەیبێت کاتێک لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە فەرامۆش دەکرێت یان ڕەت دەکرێتەوە لەگەڵ ئەو هەستە بە ئازارەی لە دەرئەنجامی زیانێکی فیزیکییەوە بە کەسەکە دەگات٥. ئەم دۆزینەوانەی کرۆس و هاوەڵانی زۆرمان سەبارەت بە ڕەفتاری مرۆڤ  پێ دەڵێت بەتایبەتی کاتێک تووشی بارودۆخی دەروونی دەبنەوە کاتێک تووشێ لەدەستدانێکی توندی کۆمەڵایەتی دەبن یان فەرامۆش دەکرێن، ئەم توێژینەوەیە لە پاڵ فراوانکردنی تێگەیشتنمان بۆ چۆنیەتی پڕۆسێسکردنی ئازار و هەست و سۆزەکان لە نێو ڕێڕەوە نیورۆنییەکانی مێشک، دەشێت سایکۆسۆماتیک کە ئەو نیشانە فیزیکیانەن کە لە دەرئەنجامی نەخۆشی و سترێسی دەروونی دەکەونەوە٦، زێدەتر لێیان تێبگەین.

ئەم دوو توێژینەوەی کە باسکران سەبارەت بە وەلانان و فەرامۆشکردنی کۆمەڵایەتی، بەژداربووەکانیان کەسانی پێگەیشتوو بوون، سا ڕاستی بۆ منداڵان فەرامۆشکردن و ئازاردانی سۆزەکیانەیان کاریگەری خراپتر و ماڵوێرانکەرتر جێدەهێڵێت کە دەبنە هۆی پاشەڕۆژێکی نالەبار و پڕ کەندولەند بۆیان. شوێنەواری جێپەنجە و شوێنپێیەکانی ئەو ژان و پەژارە سۆزەکییانە لە نێو تۆڕەکانی مێشکیان دەنەخشێنرێن و پێوەی گەورە دەبن و کاریگەرییەکان نەهێشتن و ڕاستکردنەوەیان گەلێک مەحاڵ دەبێت، تا دوا ساتەکانی ژیانیان دەبێت بەو جێبرینانەوە بناڵێنن. مەسەلەکە تەنیا بەند نییە بە چەوساندنەوەی جەستەییانەی منداڵان، بە فەرامۆشکردنی منداڵان و داماڵینیان لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی تازەلەدایکبووان، ئەم گرنگیپێنەدانە بۆی هەیە زۆر لە چەوساندنەوەی لاشەیی منداڵان کاریگەرییە خراپ و درێژخایەنەکانی زیاتر بن، ژوانژی: توانستە کۆگنێتیڤییەکانیان زیانیان پێ دەگات، مێشکیش پەکی دەکەوێت بەوەی بە شێوەیەکی ئاسایی پڕۆسێسی زانیارییەکان بکات، ئەمانەش مەترسی نەخۆشی و پەشێوی دەروونیی سۆزەکی، کۆگنێتیڤی، کەسایەتی و ڕەفتارییەکان زیاد دەکەن. لە وڵاتێکی وەکوو ئەمەریکا زۆرینەی منداڵان فەرامۆش دەکرێن (٪٧٨) وەک لەوەی لە ڕووی جەستەییەوە ئازار بدرێن (٪١٧)، لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە بچەوسێنرێنەوە (٪٨)، یانیش ئەوەتا لاقە بکرێن(٪٩). بە پوختی فەرامۆشکردنی منداڵ کێشەیەکی مەزن و هەستیارە کەچی لە چاو پێشهاتەکانی دیکە سەرنجی کەمتر دەخرێتە سەر٧.

یەکێک لە دۆسییە دڵتەزێنەکانی فەرامۆشکردنی منداڵەکان ئەوەیە لە خانە بێسەرپەرشتەکانی ڕۆمانیا لە سەدەی ڕابردوو دەگوزەرا. لە ساڵی ١٩٦٦، نیکۆلای چاوشێسکوی سەرۆکی ئەو کاتی ڕۆمانیا هەڵسا بە قەدەغەکردنی منداڵ لەباربردن و قەدەغەکردنی ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە منداڵخستنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو دەیویست بە مەبەستی سیاسی ژمارەی دانیشتووانی ڕۆمانیا زیاد بکات و پەرە بە هێزی کار بدات. سزای داراییش دەهاتە سەر خێزانێک لە پێنج منداڵ کەمتری هەبووایە، ئیدی ئەمە وای کرد ژمارەی دانیشتووان گەلێک زیاد ببێت لە ڕۆمانیا، خێزانە هەژارەکان نەیاندەتوانی خەرجی منداڵەکان دابین بکەن، سا بۆیە منداڵيکانیان ڕەوانەی خانەی بێسەرپەرشتان دەکرد. ژینگەی خانەکانی بێسەرپەرشتان ژینگەی نالەبار بوون و شەونوخونی منداڵ و ساواکانیان نەدەکرد، لە کاتێکدا شەونوخونی و گرینگیپێدان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیانە گرنگن بۆ منداڵان بۆ گەشەکردنی مێشکیان بە شێوەیەکی ئاسایی. پەراوێزخستنی ئەو منداڵانە و بێبەشکردنیان لە سۆز و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، وای کرد بە پشکنینی مێشکیان بە ئامێری ئێلێکترۆوێنسێفێلۆگرام، یان EEG بە کورتکراوەیی، دەرکەوت کە چالاکی نیورۆنەکانی مێشکی ئەو منداڵە بێسەرپەرشتانە بە ڕێژەیەکی ئێجگار بەرچاو کەمە٨.

لە سەرەتای ٩٠ـەکان شەپۆلێک لە ڕێکخراوە ناحوکومییەکان خۆیان خزاندە نێو ڕۆمانیاوە تا بە هانای ئەو منداڵانەوە بێن، یاسایەکی نوێش لە ڕۆمانیا دەرکرا کە ڕێکاری هەڵگرتنەوەی منداڵانی لەلایەن خەڵکانی وڵاتانی دیکەوە ئاسان دەکرد، بەهۆی ئەم ئاسانکارییەوە، بۆ ماوەی هەشت مانگ زیاد لە ٤ هەزار منداڵی ڕۆمانی لە سەرانسەری دونیا هەڵگیرانەوە، لە نێوان ١٩٩٠-٢٠٠١ مەزەندە دەکرێت ڕێژەی دە هەزار منداڵی ڕۆمانی هەڵگیراونەتەوە لەلایەن خێزانی وڵاتانی دیکەوە. هەڵبەت، ئەمە ڕێکارێکی دڵخۆشکەر بوو کە بەشێک لەو منداڵانە سۆز و خۆشەویستیان بۆ بگەڕێنرێتەوە، بەڵام هاوکاتی ئەمە مەترسیش درووست بوو لەوەی هەلی ئەوە هەبێت لە ڕێگەی بازاڕی ڕەشەوە مامەڵە بە منداڵانی ڕۆمانیەوە بکرێت٩. هەرچەندە زۆرینەی ئەو منداڵانەی هەڵگیرانەوە لە ژینگەیەکی خراپی سایکۆسۆسیالەوە گواسترانەوە بۆ ژینگەیەکی گەلێک باشتر و گونجاوی پەروەردەیی، کەچی ‌هێشتا کاریگەریی فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنی تەمەنە زووەکەیان کێشەی بۆ درووستکردن، ئەو بریندارییە سۆزەکیانەی تووشی مێشکیان هات بوون شوێنەوارەکانیان مانەوە تا تەمەنی گەورەیی و کێشە و بەربەستی سۆزداری، کۆگنێتیڤی و کۆمەڵایەتی زۆری بۆ درووست کردوون.
لە توێژینەوەیەکدا زاناکان لە ڕێی ئامێری MRIـیەوە داتای مێشکی ٦٧ کەسی ڕۆمانی کە لە سەردەمی چاوشێسکو هاتبوونە دونیاوە و دواتر لەلایەن خێزانە بەڕیتانییەکانەوە هەڵگیراونەتەوە بەراورد کرد بە مێشکی ٢١ منداڵی هەڵگیراوەی بەڕیتانی. ئەو ڕۆمانیانەی

پێش ئەوەی هەڵبگیررێنەوە، بە ڕێژەی جیاواز لە نێوان ٣ بۆ ٤١ مانگ قوربانی پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی توند بووبوون، لە بەرانبەردا ئەو منداڵانەی لە بەڕیتانیا هەڵگیرابوونەوە، ئەزموونی فەرامۆشکردنیان نەکرد بوو. وەک لە توێژینەوەکە دەرکەوت قەبارەی مێشکی منداڵە ڕۆمانییەکان ٪٨.٦ کەمتر بوو بەراورد بەو منداڵە بەڕیتانیانەی هەڵگیرابوونەوە و ئەزموونی فەرامۆشی سۆزەکیانەیان نەکرد بوو.

هەروەک لە وێنەکەدا دیارە. (i) دەریدەخات مێشکی منداڵە پەراوێزخراوە ڕۆمانییەکان قەبارەی right inferior frontal gyrusـی مێشکیان بەراورد بە منداڵە نافەرامۆشکراوەکان کەمترە، ئەم ناوچەیەش بەرپرسە لە بەڕێوبردنی چەند ئەرکێکی کۆگنێتیڤی وەک سەرنجدان. (ii) لە وێنەکە نیشانی دەدات، مێشکی منداڵە ڕۆمانییەکان لە کۆرتێکسی right inferior temporal gyrusـیان ئەستوورتر بوو، ئەم ناوچەیەی مێشک ئەرکی پڕۆسێسکردنی زانیارییە بەتایبەتی زانیارییە دەنگی و بینراوەکان و هەندێک لایەنی یادەوەریش، بەڵام دیار نییە ئاخۆ ئەم ئەستووربوونە لە دەرئەنجامی ئەوە فەرامۆشکردنەوە هاتۆتە کایەوە یانیش هۆکاری دیکەی ژینگەیی هەبوون، بەڵام تا ئەم ناوچيیە گەورەتر بێت، هۆی تووشبوون بە نەخۆشی ADHD، ماخۆلان بە کوردی، کەمتر دەکردەوە. (iii)ـیش نیشانی دەدات right medial prefrontal cortex بە گوێرەی ماوەی فەرامۆشکردنەکە لە منداڵەکاندا گۆڕاوە. ڕاستیەکەی، توێژینەوەکە نیشانی دا تا چەند ئەو منداڵانە زۆرتر لە فەرامۆشیدا ماونەتەوە، هێندە زیاتر مێشکیان بچووکتر بووە، واتە پەیوەندیەکی پۆزەتیڤ هەبوو لە نێوان قەبارەی مێشک و ماوەی پەراوێزی: مێشک چکۆلەتر دەبێتەوە تا زیاتر منداڵ فەرامۆش بکرێت. بێگومان چەند زووتر فریای ئەو منداڵانە کرا بێت و زووتر لەو ژینگەیە دەرهێنرا بن زیانە کۆگنێتیڤی و مێشکییەکانیش کەمتر بوون١٠.

ساڵانی یەکەمی ژیانی ساواکان زۆر گرنگە، ئەو کەسانەی گرنگی دەدەن بە منداڵەکان دەبێت زۆر بەرپرسیار بن، فەرامۆشکردنی ئەو منداڵانە، واتە نەبوونی کارلێککردنی کۆمەڵایەتی و نیشاندانی سۆز و ئاخاوتن لەگەڵیان، دەبێتە هۆی هێنانی گۆڕانکاری نەرێنی بەسەر مێشکیان و بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە ناکەن، بەمەش تووشی درەنگ گەشەکردنی توانا کۆگنێتیڤی و سۆزدارییەکان دەبن و مەترسیشیان زیاد دەکات کە تووشی چەندان گیروگرفتی دەروونی و مێشکیی ببن. سا لە دۆخی هەبوونی فەرامۆشکردنی بێپایان، قەبارەی مێشک بێپایان کاریگەری دەکەوێتە سەری هەر وەک لە وێنەکەی خوارەوەدا دیارە، مێشکی لای ڕاست و چەپ هەردووک هی دوو منداڵی تەمەن ٣ ساڵانن، بەڵام مێشکی منداڵەکەی لای ڕاست بە ڕێژەیەکی ئێجگار چکۆلەترە وەک لەوەی چەپ، چونکە منداڵەکەی لای چەپ لە ڕادەبەدەر بێبەش کراوە لە ئامێزی گەرموگوڕ١١. هەمان دۆزینەوەکانی سەرەوە درووستن بۆ شیردەرەکانی دیکەش، کاتێک ئاژەڵەکانیش لە سۆز و خۆشەیستی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بێبەش دەکرێن، ئەوانیش تووشی گیروگرفتی تەندرووستی دێن و ڕەفتاریان نائاسایی دەبێت.

ئەم دۆزینەوە گرنگانەی دەمارناسی پەندێکی ئەفریکاییەکانم دێنێتەوە یاد، ئەوان دەڵێن “ئەو منداڵەی لەلایەن گوندەکەیەوە لە ئامێز ناگیرێت، ئامادەیە تەواوی گوندەکە بسووتێنێت تاکوو هەست بە گەرمییەکەی بکات.” هەروەک دەبینیت، تۆ هەر کەسێک بیت و خاوەنی هەر پیشەیەک بیت ڕاستەوخۆ دەتوانیت بزانیت کە ئەم ڕاستییە زانستییانە چۆن بەکار بهێنیت لە بواری پەروەردەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان، تەنانەت گەورەکانیش. ئەم چەند ڕاستیەی سەرەوە، چەندان پرسیاری پێداگۆگی دەهێننە کایەوە: چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ قوتابییە لاوەکان؟ سزاکان بۆیان چۆن دابڕێژینەوە تاوەکوو بەرهەمدار بن وەک لەوەی زیانی درێژخایەنیان هەبێت لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و ژیریان؟ ئایە ئەو پەروەردە باوەی لە کوردستاندا هەیە ڕێخۆشکەرە مێشکی لاوەکان بریندار بکات؟ ئەمانە و چەندان پرسیاری تری گرنگتر دەتوانین دابڕێژین. بەداخەوە کە توێژینەوە نین لەوەی ئەم دۆزینەوانە بەسەر کوردستانیشدا جێبەجێ بکەین، تاکوو بزانین مێشکی منداڵ و گەورەکانی ئێمە چۆناهین بەراورد بەو توێژینەوانەی کە هەن، تەنانەت داتایەکمان نییە بزانین ڕێژەی چەند لە منداڵەکانمان لەلایەن خێزانەکانیانەوە فەرامۆش کراون، بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک ئەمەریکا ئامارەکان دەریدەخەن، ٥٠٠،٠٠٠ منداڵ تووشی فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن دێن، هەر زانینی ئەم ئامار وتوێژینەوە نیورۆسایکۆلۆژیانەیە وامان لێ دەکات هەڵبستینە سەر پێ و شتێک بکەین بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان. پێم وایە دەتوانین وەها پێوانەی کۆمەڵگایەکی تەندرووست بکەین: کۆمەڵگای تەندرووست ئەو کۆمەڵگایەیە منداڵەکانی تەندرووست بن، جا چ لە ڕووی فیزیکییەوە یان مێنتاڵەوە. شوێنەواری  ئەو جێبرینانەی مێشكی منداڵێک کە بەهۆی فەرامۆشیەوە هەڵکۆڵراون بە ئاسانی ساڕێژ نابن.

 

ژێدەرە تیۆرییەکانی نیورۆپێداگۆگی

وەختێک لەو ئەگەرانەی دەشێت لە پەیوەندی نێوان پەروەردە و دەمارناسی بکەونەوە، دوو دەستەواژە دەبیستین: نیورۆپێداگۆگی و دەمارناسی پەروەردەیی [educational neuroscience] کە هەندێک جار پێی دەگوترێت نیورۆپەروەردە [neuro-education]، دەستەواژەیەکی دیکەشی بۆ بەکار دێت کە بریتییە لە (زانستی ئاوەز، مێشک وپەروەردە، یان بە کورتکراوەیی MBE). توێژینەوە بۆ پێکەوەبەستنەوەی دەمارناسی و پەروردە و فێرکردن هێندە کۆن نییە، بۆیە دەتوانین لەو هەموو دەستەواژە جیاوازە تێبگەین کە پێشنیار کراوە ناو لەو لقە نوێیە بنرێت. بەڵام هەندێک پێیان وایە نیورۆپێداگۆگی دیسپڵنێکی جیاوازترە وەک لە دەمارناسی پەروەردەیی، هەندێکی تریش بە هەمان واتا ئەم دەستەواژە جیاوازانە بەکار دەهێنن. هەندێک وا دادەنێن نیورۆپێداگۆگی لقێک بێت لە MBE، هاوکات هەندێک پێیان وایە نیورۆپێداگۆگی گەلێک لە نیورۆپەروەردە فراوانترە.

لە ٢٠٠٦ و دواتریش لە ٢٠١٦، توێژەر و زانا سایکۆلۆژیست، نیورۆبایۆلۆژیست و پێداگۆگەکان سەریان نا بە سەری یەکەوە لە کۆنفرانسێکی زانستی لە دێلفی تا هەموو پێکەوە پێداچوونەوە بکەن بۆ ئەو توێژینەوانەی کراون لەمەڕ بەستنەوەی دەمارناسی و پەروەردە. ئەوان پێیان وا بوو کە ئەو دیسپڵنە نوێیە پێی بوترێت زانستی ئاوەز، مێشک، و پەروەردە [mind, brain and education، بە کورتکراوەیی MBE]، بەم پێیە بێت MBE کۆکراوەی سێ دیسپڵنە: نیورۆسایکۆلۆژیا، سایکۆلۆژیای پەروەردەیی و، نیورۆپێداگۆگی. لە کۆنفرانسەکەی سالی ٢٠١٦ـی دیلفی، توێژەران پێیان وا بوو پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان MBE و نیورۆپێداگۆگی، ئەو دوانە سینۆنیمی یەکتری نین١٢. کە وا بوو نیورۆپێداگۆگی بوارێکی توێژینەوەیە لە دەرئەنجامی تێهەڵکێشکردنی هەردوو دیسپڵنی پێداگۆگی و نیورۆبایۆلۆژیاوە هاتۆتە کایەوە و، ڕەوایەتییە ئیپیستیمۆلۆژییەکانی لەو دوو دیسپڵنەوە وەردەگرێت. هەر چۆنێک بێت، وێنەکەی خوارەوە مەودای توێژینەوە و لق و بوارەکانی MBE  نیشان دەدات.

دەبێت جیاوای نێوان دەستەواژەکانی پێداگۆگی و پەروەردە [یان بە ئینگلیزی education] چی بێت؟ ڕاستیەکەی دەشێت وەک زانستێکی نێو زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دایداکتیک مامەڵە لەگەڵ پێداگۆگیدا بکەین، هەرچی پەروەردەیە [education] دەکەوێتە نێو بازنەی لێکۆڵینەوەی پێداگۆگی، واتە پێداگۆگی مانا و سنوورەکەی لە پەروەردە فراوانترە. هەندێک وا لێی دەڕووانن کە پەروەردە شتە لێکۆڵراوەکەیە، پێداگۆگی ئەو دیسپڵنەیە کە لە پەروەردە دەکۆڵێتەوە. بەم پێیە پێداگۆگی بریتییە لە زانستێک لە زانستەکانی نێو زانستە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوێژێتەوە لە گەشەسەندن و گۆڕانکاریی مێکانیزمە پەروەردەییەکان بەدرێژایی ژیانی مرۆڤ. هەر بۆیە ‘نیورۆپێداگۆگی’ دەستەواژەیەکە پێکهاتووە لە ‘نیورۆ-‘ کە کورتکراوەیە بۆ نیورۆبایۆلۆژیا و ‘پێداگۆگی،’ لە داهاتووشدا دەبێت وا پێشبینی بکەین کە دەبێتە لقێک لە لقەکانی پێداگۆگی. بە گوێرەی ئەم هێڵە لە بیرکردنەوە، ئەرکەکانی نیورۆپێداگۆگی پێکهاتووە لەم چەند خاڵەی خوارەوە١٣:

_ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە مەرجە نیورۆبایۆلۆژییەکان بۆ ئەو پەروەردەیەی لە کەتواردایە [واقع]؛

_ شلۆڤەکردنی کەتوار، پەیوەندی و پشتپێبەستووییەکانی ناوی و لێکدانەوەیان؛

_ بڵاوکردنەوەی ماریفە بەدەستهاتووەکان بە مەبەستی هێنانە کایەی گۆڕانکاری لەو کەتوارەدا.

هێڵێکی دیکەی بیرکردنەوە پشکی شێر لە نیورۆپێداگۆگی دەدات بە سایکۆلۆژیای پەروەردەیی وەک لە نیورۆبایۆلۆژیی بەڵام هاوئاهەنگ بە دۆزینەوە دەمارناسییەکان. بەهەرحاڵ، ئەمانیش جیاوازی دەخەنە نێو نیورۆپەروەردە و نیورۆپێداگۆگی، ئاخر یەکەمیان بریتییە لە پەرەپێدانی کۆمەڵێک کارامەیی دیاریکراوی قوتابیان، هەرچی دووهەمە بوارێکی توێژینەوەیە کە تێیدا زانا و مامۆستاکان پێکەوە کار دەکەن تاوەکوو ماریفەی نوێ بەدەست بهێنن بۆ بەرەوپێشەوەبردنی ئەم بوارە. ئەرکی نیورۆپێداگۆگی بە پوختی بریتییە لەوەی چۆن مێشک کار دەکات و ئەرکەکانی ڕادەپەرێنێت، بەم شێوەیەش نیورۆپێداگۆگەکان هەوڵ دەدەن ئەم زانیاریانە وەگەڕ بخەن تاوەکوو ئەو بەشانەی مێشکی قوتابیان بوروژێنن لەگەڵ برەودان بە توانستە کۆگنێتیڤییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەرئەنجامی پەروەردەیی باشتر١٤. بەهەرحاڵ، گەر نەخشەیەکی سنوور و مەوداکانی نیورۆپێداگۆگی بکێشین دەشێت وەها بێت:

هەڵبەت، کاتێک جاڕی دیسپڵنێکی نوێ دەدرێت، ماوەیەکی دەوێت تاوەکوو ئەو بانگەوازە ڕوون دەبێتەوە و شێوەی خۆی وەکوو دیسپڵنێکی سەربەخۆ وەردەگرێت. ئێستا کەسانێک لەوانەیە لە چەقی وێنەکەی پێشوودا نیورۆپێداگۆگی لا ببەن و MBE یان دەستەواژەیەکی دیکەی لێ جێگیر بکەن. بە کورتی و پوختی، هێشتا توێژینەوە و وتوێژی زۆرتری زانا و توێژەرانمان پێویستە تاکوو ئاسۆی توێژینەوەکانی بەیەکبەستنەوەی زانستەکانی مێشک و پەروەردە ڕوونتر دەر بکەون. ڕەنگە لاریمان نەبێت کە بەڵێ ئێستا زانستێک بوونی هەیە لەوەی فێربوون و پەروەردە تژی ببێت لە توێژینەوەکانی دەمار و مێشکناسی، وەلێ هێشتا بەتەواوی ڕوون نییە کە ئەو دیسپڵنە بە دیاریکراوی بە چیەوە سەرقاڵ بێت و دەستیش بۆ چی نەبات، ئەمەش ئاساییە لە زانست و ئەکادیمیادا. هەر چۆنێک بێت، ئەوەی ئەم وتارە بە دیاریکراوی مەبەستیەتی ئەوە نییە بتباتە نێو ئەم سەرئێشە تیۆریانەوە، وەلێ تێگەیشتن لە بنەما و پایە تیۆرییەکانی دیسپڵنێک گرنگە، ئەوەی مەبەستی سەرەکییە ئەوەیە تێبگەین کە بۆچی تێگەیشتن لە مێشک گرنگە بۆ پڕۆسێسی فێرکردن، فێربوون و، پەروەردە بە گشتی.

 

ئایە پێداگۆگی و دەمارناسی هاوڕێن یان بێگانەن بە یەکتر؟

پێش چوونە نێو ژێدەر و ڕەوایەتیدانە تیۆرییەکانی نیورۆپێداگۆگی، ڕێک بە چەند توێژینەوەیەکی مێشک و دەمارناسی دەست کرا بەم وتارە. هۆکارەکەی ئەوەیە، ئەوە ڕوون بێت کە بەڵێ توێژینەوەکانی سەبارەت بە مێشک دەتوانن ڕاستەوخۆ پەی ببەین بەوەی سوودیان هەیە بۆ پڕۆسێسی پەروەردە. هەرچەندە خۆکردانە و بەدرێژایی ئەزموونی مرۆڤایەتی زانیومانە کە منداڵەکان وێڵی سۆز و خۆشەویستی دەوروبەرن بەتایبەتی دایکوباوک و کەسە نزیکەکانیان، وەلێ توێژینەوەکانی پەیوەست بەم بوارە بەرانبەر بەو پێویستییە هەستیارترمان دەکات. گەر کولتووری ناوچەیەکیش وا بێت لەوەی نابێت گرنگی زۆر بە منداڵ بدرێت تاکوو، وەک ئەوەی لایان باوە، کەسانی چاونەترس و بەهێز درووست بکات، ئەوا ئەو توێژینەوانە ئەو بیرۆکە چەوت و باوانە ڕەت دەکاتەوە و، بەڵگەیە لەوەی پێویستە بێگوێدان بە هەندێک هێزی وەک کولتوور و بیرۆکەی چەوتی باو سیستەمی پەروەردە دابڕێژین، هەر هیچ نەبێت مامۆستا یان پەروەردەکارێک بەم توێژینەوانە ئاشنا بێت دەتوانێ خۆی سەرپشک بکات لە بەکارهێنانیان لەگەڵ قوتابیانی ناو پۆلەکەی.

هەروەک دەبینیت وا دەردەکەوێت کە هیچ ناڕەزایەتیەک نەبێت لەوەی دەمارناسی و پەروەردە پەیوەندی گیانیبەگیانیان هەبێت بە یەکتریەوە. وەلێ، پێویستە بزانین کە کێشەگەلێک دەشێت هەبن کاتێک دەمانەوێت ئەم بوارە جیاجیایانە بە یەکدی بگەیەنین، ئاخر ڕەنگە دانویان پێکەوە نەکوڵێت. سەرەتا پێویستە جیاکارییەک بکەین لە نێوان زانستە سرووشتی و زانستە دەسکردەکان، لە باتی دەسکرد دەشتوانین بە زانستی جیبەجێکاری ناوزەدیان بکەین. دەمارناسی سەر بە زانستە سرووشتییەکانە کە وەسفگەران و هەوڵی وەسفکردنی سرووشت دەدەن وەک ئەو شێوەیەی هەیە، بۆ نموونە، دەمارناسی بە دوای دۆزینەوە و بە کۆنسێپتکردنی ئەو بنەمایانەیە کە سیستەمی دەماری و مێشک لەسەری بەندن، دەتوێژێتەوە لەوەی ڕایەڵە نیورۆنییەکان و بەشەکانی مێشک چۆناهی کارلێک لەگەڵ یەکدی دەکەن و ئیش دەکەن. هەرچی زانستە دەسکردەکانن ئامانجیان وەسفکردنی سرووشت نییە، بەڵکوو نۆرماتیڤن و ئامانجیان درووستکردن، بونیادنان و پراکتیکاڵیەتە. ئابووری، ئەندازەزانی و، پەروەردە لە نموونەی ئەو زانستانەن.

بێگومان پەیوەندی هەیە لە نێوان زانستە سرووشتی و دەسکردەکان. وەختێک ئەندازیارێکی شارستانی هەوڵی درووستکردنی پردێک دەدات پێویستی بە بنەماکانی فیزیا دەبێت، ئەندازیاری فڕۆکەیەکیش ناتوانێت فڕۆکە دیزاین بکات گەر بە ئایرۆداینامیک نەشارەزا بێت. بە هەمان شێوەی بەکارهێنانی بنەما و کۆنسێپتەکانی فیزیا لە نێو ئەم بوارانە، ئەوەش ئاساییە کاتێک پەروەردەکارێک دیزاینی ستارتیژیەکی پێداگۆگی دەکات دەست ببات بۆ بنەما مێشک و دەمارناسییەکان سەبارەت بەوەی مرۆڤ چۆن فێر دەبێت، سەرنج دەدات، پەرچەکرداری سۆزەکی دەبێت و، چۆن ڕەفتار دەکات.  سایکۆلۆژیست دانیێڵ ویڵینگهام بێئەملاوئەولا دان بەوەدا دەنێت پرسیارەکە ئەوە نییە دەمارناسی سوودی هەیە بۆ پەروەردە یان نا چونکە بێشک سوودی هەبووە، بەڵام ئەو سێ کێشە دیاری دەکات کە لە ئاکامی بەیەکبەستنەوەی دەمارناسی و پەروەردەوە دێنە کایەوە١٥.

یەکێک لە کێشەکانی بەستنەوەی ئەو دوانە ئەوەیە کە زانستە دەسکردەکان ئامانجدارن، هەمیشە ئارەزوو و ویستێک هەیە لە پشت جیبەجێکردنی ئەو چەشنە لە زانست. بۆ نموونە، ئەندازیارێکی شارستانی پردێک بونیاد دەنێت لەبەر ئەوەی دوو ڕێگای لێکدابڕاو بە یەکدیەوە ببەستێتەوە، بۆ ئەمەش بێگومان پێویستی بە زانستە سرووشتییەکانی هاوشێوەی فیزیا دەبێت تاوەکوو بتوانێت ئەو پردە درووست بکات، بەڵام ئێمە هەمیشە پردێک یان باڵەخانەیەک درووست ناکەین تەنها لەبەر ئەوەی پێویستن، جاروبار پرد، تاوەر، باڵەخانە و ئۆبژێکتە ئەندازیارییەکانی دیکە درووست دەکەین لە پێناوی دیمەنی ئێستاتیکان، لێرەوە زانستێکی سرووشتی وەک فیزیا شتێکی وای نابێت بۆ گوتن کە چۆن بتوانین ئەو ئامانجە ئێستاتیکیە بەدەست بهێنین. گەر سەیری پەروەردەش بکەین، بێگومان ئامانجە پێداگۆگییەکان لە شوێن بۆ شوێن، سەردەم بۆ سەردەم و، کولتوور بۆ کولتووریش دەگۆڕێن. لە سەدەی ١٩ـی ئەمەریکا سەرنج لەسەر بەرەوپێشبردنی کەسایەتی منداڵەکان بوو، کەچی دواتر یەکێک لە ئامانجەکان پەرەپێدانی هەستی ئێستاتیکی منداڵان بوو. هەر بۆیە کاتێک کێشەکە دێتە سەر ئامانجەکان، بۆی هەیە دەمارناسی نەتوانێت هیچ پێشکەش بە پێداگۆگی بکات، ویڵینگهام بەمە دەڵێت: کێشەی ئامانجەکان.

پێش ئەوەی بچینە سەر ئەوەی ویڵینگهام وەک کێشەی دووەم دەیبینێت، پێم وایە لە بابەتگەلی وەک ئێستاتیکا کە پەیوەستە بە بەهاوە، مێشکناسی دەتوانێت تێگەیشتنەکانمان فراوان بکات. لەگەڵ ئەوە کۆک نیم لەوەی کاتێک دێتە سەر بەها و مژارە ڕەچەتەگەراکانی [پرێسکرێپتیڤ] هاوشێوەی مۆڕاڵ و ئێستاتیکا زانست دەسەوەسان دەبێت. ماوەیەکی زۆر نییە لقێکی نوێ خۆی خزاندووەتە نێو زانستی دەمارناسییەوە ئەویش بریتییە لە نیورۆئێستاتیکا، کە بە شێوەیەکی زانستیانە توێژەرانی ئەم بوارە لە هەستە ئێستاتیکییەکانمان بۆ هونەر و مۆسیقا و دیمەنە جوانەکان دەکۆڵنەوە. ئیدی کاتێک شتێک سەرنجمان ڕادەکێشێت یان قێزمان دێنێتەوە، ئەوەیە چەند چالاکییەکی مێشک وای لێ کردووین ئەو ئەزموونە بکەین. هەر بۆیە ئەم کێشەی ئامانجە مەرج نییە بە سەراپایی لەگەڵ دەمارناسیدا نەیەتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی هەردوو بواری نیورۆپێداگۆگی و نیورۆئێستاتیکا نوێن، بۆیە ئاساییە هێشتا ئەو لقە هەمەجۆرانە لەگەڕاندا بن بە دوای یەکتری. پێویستە ئەوەشمان لە یاد نەچێت گەر لە داهاتوودا بمانەوێت بۆ هەندێک ئامانجی پێداگۆگیانە سوود لە نیورۆئێستاتیکا وەربگرین ئەوە واتای ئەوە نییە ئەو کێشەیە بنەبڕ کراوە، بەڵکوو لەوانەیە پرسیار و ژانەسەری نوێتریش خۆیان هەڵبقورتێنن.

بە گوێرەی ویڵینگهام کێشەی دووەم بریتییە لە ئاستەکانی شیکاریکردن لە نێو توێژینەوە دەمارناسییەکان و پەروەردەییەکان، بەم کێشەیەش دەڵێت ‘کێشەی ستوونی’. لە توێژینەوە دەمارناسییەکاندا، دەمارناسەکان زۆرجار خۆیان بە یەک بابەتی توێژینەوە سەرقاڵ دەکەن، واتە لە کۆی سیستەمی دەماری ناکۆڵنەوە لە تاقە توێژینەوەیەکدا، بەڵکوو سەرنجی خۆیان لە یەک ڕووی سیستەمی دەماری خڕ دەکەنەوە، بۆ نموونە بە تەنها لە یادەوەری یان سەرنج دەکۆڵنەوە، ئەمەش لە پێناوی ئاسانکردنی توێژینەوە. هەرچی توێژەرەکانی بواری پەروەردەن، کاتێک دەڕوانن لە قوتابیەک یان منداڵێکی فێرخواز، ئەوان لە تێکڕای ئاوەزی کەسەکە دەڕوانن، ئینجا دەشیبەستنەوە بە کۆنتێکستی گەورەتری وەکوو خێزان، گەڕەک و، تەنانەت خەسڵەتەکانی وڵاتەکە بە گشتی. بە کورتی توێژینەوەکان سەبارەت بە مێشک مەیلی لێکۆڵینەوەیان لە ڕەهەندی کۆگنێتیڤی هەیە، بەڵام توێژینەوەکانی بواری پەروەردە مەیلیان هەیە چەند سیستەمێک بە یەکدیەوە ببەستنەوە. ئێستا ئەوە ڕوونە دووبارەکردنەوە سوودی بۆ یادگە هەیە، بەڵام مامۆستایەک ناتوانێت زۆر لە قوتابییەک بکات زانیارییەک پاتە بکاتەوە گەر گوێنەداتە پەرۆشی [motivation] و لایەنەکانی دیکەی پەیوەست بەو قوتابییە.

سێیەمین کێشە پێی دەوترێت ‘کێشەی ئاسۆیی’. داتا و تیۆرییە پەروەردەییەکان بە پوختی ڕەفتاریین، لە بەرانبەردا داتا و دەرئەنجامی توێژینەوە دەمارناسییەکان زۆر فۆڕم لە خۆ دەگرن، لەبەر ئەوەی سیستەمی دەماری خاوەنی چەند خەسڵەتێکە، ژوانژی: کارەبایی، کیمیایی، شوێنی، کاتی و، هتد. ئەو داتایانەی زۆرجار لە دەمارناسی بە دەست دەهێنرێن بریتییە لە نەخشەکێشکردنی ئەو ناوچانەی مێشک کە گرێدراون بە ڕاپەڕادنی ئەرکێکەوە، کەوایە چۆن بتوانین ئەم داتایانە بەکار بهێنین لە بیردۆزگەلێکی ڕەفتاریی پوخت؟ بۆ نموونە، گریمان توێژینەوەیەک دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی intraparietal sulcus لە مێشک گرێدراوە بە هەستی ژمارەییمانەوە بۆ کرداری ژماردنکاری، جا هەستی ژمارەیی ئەو بیرۆکەیەیە کە مرۆڤەکان، دەشێت ئاژەڵەکانیش، ئامادەگییەکی بایۆلۆژیانەیان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەکان و کردە ماتماتیکییەکان. ئێستا، پرسیارەکە ئەوەیە، ئێ دواتر چی؟ چۆن بتوانین ئەم زانیارییە دەمارناسییە لە بواری پەروەردەدا وەگەڕ بخەین؟ هەر چۆنێک بێت، ڕەنگە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت گەر داتایەکی زۆری دەمارناسی سەبارەت بە دیاردەیەکی دیاریکراو بەردەست بن.

جیا لە پۆلێنکردنی کێشەکانی بەستنەوەی دەمارناسی و پەروەردە لە دیدی ویڵینگهامەوە، کێشەی دیکەش هەن. بۆ نموونە، یەکێک لەو خاڵانەی کە دەبێت بە هەند وەربگیرێت لەوەی گومانگەرا بین سەبارەت بە یەک بەستنەوەی نێوان مێشکناسی و پەروەردە ئەوەیە دەبێت توێژینەوەکانی مێشک و دەمارەخانەکان بە فیلتەری کۆگنتەیڤ سایکۆلۆژیدا بڕۆن. ئاخر، لەوەی چ بەشێکی مێشک چۆن چالاکە لە دەرئەنجامی ڕاپەڕاندنی ئەرکێک سوودێکی وەهای بۆ مامۆستاکان نەبێت، لەبەر ئەوەی مامۆستاکان نایانەوێت بزانن مێشک چۆنە و چۆن کار دەکات، ئەوان پێویستیان بە تەکنیکگەلێک هەیە بەکاری بهێنن لەگەل قوتابییەکانیان تاوەکوو پڕۆسێسی فێربوون باشتر و ساناتر بکرێت. پێویست نییە بۆ مامۆستاکان بزانن ستراتیژییەک چۆن کار دەکات و پەیوەندی لەگەڵ مێشکدا چۆناهییە، ئەوەی دەیانەوێت ئەوەیە کە کامە ستارتیژی بەڕاستی دەتوانێت کاریگەر بێت. سا بۆیە ئامانجی بەیەکبەستنەوەی دەمارناسی و پەروەردە نابێت فێرکردنی چۆنیەتی کارکردنی مێشک بێت هێندەی ئەوەی چۆن بتوانن توانا پێداگۆگییەکانیان پتەوتر بکەن. ڕەخنەی هەندێک لە توێژەران ئەوەیە بۆشاییەک هەیە لەو پردەی دەیەوێت پێداگۆگی و دەمارناسی بە یەکدیەوە ببەستێتەوە، ئەو بەستەرە بە ڕاستەوخۆیی ڕێی تێناچێت، دەبێت چەند فلتەرێکی هاوشێوەی سایکۆلۆژیای کۆگنێتیڤ بێتە نێوەندەوە١٦.

لە بەیەکبەستنەوەی هەر دیسپڵنێک بە دانەیەکی تر کێشەگەلێک سەر هەڵدەدەن، بەتایبەتی لە بەیەکبەستنەوەی ئەم دوو دیسپڵینەی دەمارناسی و پەروەردە کە وا پێ دەچێت گەلێک لە یەکتری جودا بن. سەرەڕای ئەم کێشانە، دەمارناسی دەتوانێت زانیاری بە نرخ پێشکەش بکات بە مامۆستاکان و پەروەردەکارەکان، دوور نییە فێربوونی چەند کۆنسێپتێکی مێشک و دەرمارەکان دونیابینینی مامۆستاکان بۆ فێرکردن بگۆڕێت.

 

مێشک و دەمارناسی چۆناهی دونیابینینی مامۆستاکان دەگۆڕن؟

وەک باس کرا، یەکێک لە کێشە دیارەکانی درووستکردنی پردی پەیوەندی نێوان مێشکناسی و پەروەردە دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆنی توێژینەوەکان لە دەمارناسییەوە وەربگێڕدرێن بۆ بنەما و ڕێکارگەلێک کە مامۆستاکان بتوانن بەکاریان بهێنن لە نێو پۆلەکانیان. هەندێک پێیان وایە قورسە توێژینەوەکان ڕاستەوخۆ وەربگێڕرێن تا مامۆستایان بتوانن بەکاریان بهێنن لە نێو پۆلەکان، هاوکات ئەو ئارێشەیەش هەیە کە مەرج نییە توێژینەوەکان سەبارەت بە مێشک ڕاستەوخۆ بەکار بهێنرێن لە نێو پۆلەکان کە پێویستیان بە هەڵسەنگاندنێکی ئاڵۆز هەیە بە لەبەرچاوگرتنی کۆنتێکست و فاکتەری جیاواز کە دەشێت کار بکەنە سەر پڕۆسەکە. وەلێ، دوو ڕێگە هەن، مامۆستایان دەتوانن بەهۆیانەوە زانیاری سەبارەت بە مێشک و دەمارناسی فێرببن و تێگەیشتنەکەیان پتەوتر بکەن. ئەوەتا مامۆستاکان کۆرس و وانە وەردەگرن و فێر دەکرێن کە چۆن توێژینەوەکانی تایبەت بە مێشک وەربگێررن بۆ سەر زمانێک کە لە توانادا هەبێت بەکار بهێنرێت لە نێو پۆلەکانیان، یانیش مامۆستاکان بە پڕۆسێسێکی کۆنسترەکتیڤیستانەدا دەڕۆن، بە مانایەکی دیکە مامۆستاکان مانای تایبەتی خۆیان دەدەن بە چەمکە دەمارناسییەکان و دەیانبەستنەوە بەو ئەزموونەی لە فێرکردندا هەیانە سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنیان پەیوەست بە کۆنتێکستی دیاریکراوی پۆلێک.

لە توێژینەوەیەکدا، توێژەران کۆرسێکیان ڕێکخست سەبارەت بە ١٠ چەمکی نیورۆپەروەردە و، بۆ ئەم مەبەستە ١٤ مامۆستایان بەژداری پێکرد کە لە مامۆستای زمان، بیرکاری و زانستیان تێدا بوو، کۆرسەکە وەک وانەیەکی زیادە بوو لە پڕۆگرامی ماستەرەکەیان. هەموو مامۆستاکان ڕازی بوون کە لە ساڵێکی دواتر بەژداری لە ڕاپرسیەک بکەن سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم چەمکانەی فێری دەبوون لە پۆلەکانیان، ٦ لەو مامۆستایانەش ڕەزامەندیان دەربڕی کە لە نێو پۆلەکانیاندا لەلایەن توێژەرانەوە ببینرێن و چاودێری وانەوتنەوەکەیان بکردرێت و دواتر چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت. تەواوی کۆرسەکە لە ١٠ کۆنسێپتی دەمارناسی پێکهات بوو و فێر دەکران لەوەی ستراکتۆری مێشک چۆنە و چۆن کار دەکەن، ستراکتۆر و کاری نیرۆنەکان، سیناپسەکان، کاریگەرییەکانی دەرمان بەسەر مێشکەوە، فێربوون چۆن لە مێشکدا ڕوودەدات و چۆنیش زانیارییەکان و یادەوەری هەڵدەگرێت، لە پاڵ چەند کۆنسێپتێکی دیکەی مێشکناسی. نزیکەی ٪٢٠ـی هەر وانەیەک تەرخان دەکرا بۆ فێرکردنی کۆنسێپتەکە و ئەو ماوەیەی دەمایەوە بە گفتوگۆی چڕوپڕ، پرسیارکردن، مۆدێلکردن، چالاکی ئەنجامدان، بە گرووپ وتوێژکردن، کۆکردنەوەی داتا و شیکارکردن و لێکدانەوەیان بە ڕێیان دەکرد١٧.
دوای هەر وانەیەک، بەژداربووەکان گفتوگۆیان دەکرد لەوەی چۆن ئەم چەمکانەی فێری بوون لە پۆلەکانیان بەکار بهێنن. بەژداربووەکان هان دەدران کە پەیوەندی و بەستەر لە نێوان کۆنسێپتە دەمارناسییەکان و شێوازی وانەوتنەوەیان درووست بکەن، بەڵام لەلایەن فێرکارانەوە پێیان نەدەگوترا کە چی بکەن، بەڵکوو دەبوایە بۆ خۆیان ئەو پردی پەیوەندییەیان درووست بکردایە. ١١ بۆ ١٢ مانگ دوای ئەو کۆرسە نیورۆپێداگۆگییەی مامۆستاکان، توێژەران دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی داتا لێیان. لە هێڵکارییەکەی خوارەوە دەرئەنجامی ڕاپرسییەکە نیشان دەدات لەوەی تا چەند ئەو چەمکە دەمارناسیانە کاریان خستۆتە سەر شێوازی فێرکردنی مامۆستا بەژداربووانی تاقیکردنەوەکە؛ شینە تۆخەکە ڕای مامۆستاکان نیشان دەدات پێش ئەوەی کۆرسی دەمارناسییەکە وەربگرن؛ هێڵە سوورەکە کاتی ئێستاییان دەردەخات کە تا چەند لە فێرکردنی پۆلەکانیان سوود لەو کۆنسێپتانە دەبینن؛ شینە کاڵەکەش دەرخەری ئەوەیە لە داهاتوودا تا چەندە دەشێت ئەو کۆنسێپتانە زیاتر و زیاتر تێکەڵ بە پێرفۆرمانسی پێداگۆگیان بکرێت:

ئەو کۆنسێپتە مێشکناسیانەی مامۆستاکان فێری بووبوون لە کۆرسەکەیان، کاریگەرییەکی زۆریان خستبوە سەر بڕیارە پێداگۆگییەکانیان. بۆ نموونە، یەکێک لەو کۆنسپێتانەی فێری بووبوون بریتی بوو لە ڕەچاوکردنی فیزیۆلۆژی قوتابیان و چۆن گۆڕانکارییە فیزیۆلۆژییەکان کاریگەری دەخەنە سەر قووتابییەکان، جا لە گۆڕانی سۆزەکی، سترێس  و کەمخەوییەوە بگرە تا لایەنی خۆراکی و هۆرمۆنەکان. مامۆستاکان دەیانگوت کە پێشووتر دەیانزانی دەبێت گرنگی بە لایەنی فیزیۆلۆژی قووتابیان بدەن، بەڵام ئێستا بە خوێندنی ئەو چەمکانە لە دیدی دەمارناسییەوە زیاتر وشیاری کردوون کە ئەو لایەنە گرنگەی قوتابییەکانیان فەرامۆش نەکەن و، هەنووکەش تێدەگەن کە هۆکاری هەندێک لە ڕەفتار و فشاری دەروونی قوتابییەکانیان چییە. قوتابییان کاتێک لە ماڵی خۆیانەوە دێنە قوتابخانە، بۆی هەیە لە پاڵ کتێب و کەلوپەلی قوتابخانە بە کۆڵەپشتێک لە پاڵەپەستۆی دەروونی و گرفتی فیسیۆلۆژییەوە بێنە نێو پۆلەکان، گرنگە بۆ مامۆستایان لەوە تێبگەن کە ڕەنگە قوتابییەکی کەمڕوو و کەمدوو گرفتێکی سۆزەکی یان نیورۆفیزیۆلۆژی هەبێت. یەکێک لە مامۆستا بەژداربووانی تاقیکردنەوەکە بەیانیباشی لە تاک بە تاکی قوتابییەکانی دەکرد کاتێک دەهاتنە ناو پۆلەکەیەوە و بە هەمووشیانی گوت بوو کە سڵاو لە یەکتری بکەن ڕۆژانە، ڕێگەیشی پێدەدان یاری بە میکانۆ بکەن تاکوو قوتابییەکانی دیکە دەگەیشتن، ئەمەش بۆ ئەوەی سترێسی سەر قووتابییەکان کەمتر بکاتەوە.

جیا لەم کۆنسێپتە ئەوانەی دیکەش لەلایەن مامۆستاکانەوە بەکار هات بوون. مەرج نییە مامۆستاکان ئاگاداری هەندێک لەو شتانە نەبوو بن کە دەشێت قوتابییەک پێوەی بناڵێنن و بارگاوی بن پێی، بەڵام کاتێک ئەم چەمکانەی دەمارناسییان خوێند بوو، زیاتر وشیارتر و هەستیارتر دەبوون بەو دۆخانە، هاوکات مامۆستاکان دڵنیاتر دەبوون کە کامە مێتۆد و تەکنیکی پێداگۆگی بەکار بهێنن. بەشێوەیەکی گشتی فێربوونی ئەم چەمکانەی مێشکناسی دیگای مامۆستاکانی گۆڕی بوو و زیاتر بە پڕۆسەی فێربوونی قووتابییەکانیان هەستیار بووبوون. هەروەک دەردەکەوێت دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ بەستنەوەی پەروەردە و مێشکناسی، گەرچی کاری زیاتری دەوێت، بەڵام هێندەش سەخت نەبوو. بێگومان کاری زۆر ماوە بکرێت بۆ ئاشناکردنی مامۆستایان بە ئەفسوونی مێشک و ئاشناکردنی مێشکناسەکانیش بە گرنگی پەروەردە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ناساندنی ئەم بوارە نوێیە تاکوو سەرنجی زۆرێک لە خەڵک بۆی ڕابکێشرێت، هەر بۆ نموونە، هەندێک لە توژەرە کازاخییەکان پێیان وایە نیورۆپێداگۆگی کاریگەریی بەرچاو دەخاتە سەر پڕۆسەی پەروەردە لە زانکۆکانی کازاخستان١٨، هەر ئەم هۆیانەن بوونەتە هەوێنی نووسینی ئەم وتارە، بە ئاشناکردنی ئەم بوارەوە ڕەنگە سەرنجی توێژەرانی کورد بەلای خۆیدا ڕابکێشێت تاکوو پڕۆسەی پەروەردە لە کوردستاندا پتەوتر بکرێت.

بڵاوکردنەوە: