بایۆکیمیا: ژیان وەک دیاردەیەکی کیمایی

331
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کامۆ ئاراز

دەتوانرێت بوترێت لە بایۆلۆژیادا هەموو زانستە سرووشتییەکان بە یەکدیەوە گرێ دەدرێن، تێیدا هەموو زانستەکان بە یەکتری دەگەن و هاوئاهەنگی یەکدی دەبن بۆ تیگەیشتن لەو دیاردە ئاڵۆزەی کە پێی دەڵێین ‘ژیان.’ خودی بایۆلۆژیا، یان بە کوردی: ژینناسی، بریتییە لە زانستی ژیان، ئەو لقەی زانستە کە تێیدا هەوڵی ئەوە دەدەین لە ژیان و زیندەوەران بکۆڵینەوە. سیستەمە بایۆلۆژییەکان- زیندەوەران و پڕۆسێسە بایۆلۆژییەکان— سەراپا هەموو دیاردەی ئاڵۆزی کیمیایین، بەبێ کۆمەکی کیمیا، بایۆلۆژیستەکان دەستەوەسانن و دەبووایە لە گوێی گادا بنون.

ئێمە هەموو دەزانین کە گشت زیندەوەران، جا لە بەکتریایەکی چکۆلەوە بگرە تاوەکو نەهەنگی شینی جەمسەری کە مەزنترین ئاژەڵە، لە پێکهاتەی چکۆلە پێکهاتوون کە پێیان دەگوترێت خانە. بە پوختی خانە بریتییە لە یەکەی ژیان، چکۆلەترین پێکهاتەیە لە زیندەوەراندا کە بتوانێت ئەرکی بایۆلۆژی بە جێ بگەیێنێت. سا بۆ تێگەیشتنێکی بێ کۆسپ لەوەی پڕۆسێسەکانی خانە چین و چۆن کار دەکەن، پێویستییەکی پڕ بایەخمان بە بنەماکانی کیمیا هەیە. تەنانەت، تەماشا بکە، تەواوی بۆهێڵەکانی ناو جینۆمی تۆ، کە تۆ دەکەنە ‘تۆ،’ کە تەواوی سەرگوزشتەی خۆت و باوک دایکت و باپیرانتی هەڵگرتووە، هەمووی بە خواست و پێشهاتە کیمیکییەکانەوە بەڕێوە دەچن.

ژیان چییە؟

سرووشتی زمان وایە کە هەر یەک لە وشەکان لە کۆنتێکستی جیاوازدا واتای هەمەچەشن بدەن بە دەستەوە. چەمکی ‘ژیان’ هاوشێوەی وشەکانی دیکەی ناو فەرهەنگی زمانێک لە هەبوونی واتای هەمەجۆر بێبەش نییە. هەر بۆ نموونە، کاتێک دەپرسم ‘ئایە لە کاکێشانەکانی دیکە ژیان هەیە؟’ یان ‘ئەم بوونەوەرە ژیانی تێدایە؟’ ئەوا وشەی ‘ژیان’ لە هەردوو پرسیارەکەدا مانای جودای هەیە. لە یەکەمدا ژیان بە واتایەکی گشتی دێت، کەچی لە دووەمدا دوور نییە مەبەستم لەهۆش بێت یان پڕۆسێسە بایۆلۆژییەکانی هاوشێوەی وەچەخستنەوە و گەشەکردن.

پێناسەیەکی یەکگرتوو بوونی نییە بۆ ژیان. ڕاستیەکەی دەتوانیت زیاد لە ١٠٠ پێناسە کۆبکەیتەوە بۆ وشەکە، تەنانەت هەندێک لە پێناسەکان دژن بە هەندێکی دیکەی پێناسە بۆ هەمان وشە. پێناسەگەلێک بۆیان هەیە ڤایرۆس و ڤایرۆیدەکان نەگرنەوە، ئەگەر بەرتەسکتریش ژیان هاوشانی هۆش بکەین ئەوا جگە لە (هەندێک) مرۆڤەکان پێناسەکە نایانگرێتەوە. بەهەرحاڵ، لە توێژینەوەیەکی ناوازەدا بایۆلۆژیستێک [ئێدوارد تریفۆنۆڤ] هەڵساوە بە ڕیزکردنی پێناسە جیاوازەکان بۆ ژیان، دواتر ئەو وشانەی لە هەموویاندا دووبارە دەبنەوە ڕیزیکردوون و هەژماری کردوون کە چەند دووبارە بوونەتەوە، ئینجا ئەو وشانەی کە هەمان واتایان هەبووە لە ژێر کلیلە وشەیەکدا کۆی کردوونەتەوە، بۆ نموونە ‘پڕۆسێس’ و ‘کارلێک’ و ‘مێتابۆڵیزم’ لە یەکدیەوە نزیکن و تا ڕادەیەکی زۆر هاوواتان، لەمەوە ٩ کاتێگۆری لە وشە لەو پێناسانەوە توانراوە هەڵبهێنجرێن، ئەو وشانەش بریتی بوون لە: سیستەم، ماددە، کێمیکاڵ، ئاڵۆزی، زاوزێ، پەرەسەندن [ئیڤۆڵوشن]، ژینگە، وزە و توانست.

لەو نۆ دەستەواژەیەی کە لە هەموو پێناسەکاندا هەبوو، دەتوانرێت پێناسەیەک بۆ ژیان بەم شێوەیە دابڕێژرێت: ”ژیان سیستەمێکی مێتابۆڵیزەی مەتڕیاڵی ئینفۆڕماسیۆناڵییە و توانای هەیە خۆی بەرهەم بهێنێتەوە بە گۆڕانکارییەوە (پەرەسەندن)،  بۆ ئەمانەش پێویستی بە وزە و ژینگەیەکی گونجاو هەیە.”* ئەمە لەوانەیە بە پێناسەیەکی گونجاو دەربکەوێت، وەلێ هێشتا پێویستیمان هەیە بە پێناسەیەکی پوختر هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا گرنگە بزانین کام لەم پێکهاتانە سەرەکیتر و بنەماییترن، بە واتایەکی دیکە تێگەیشتنێکی ڕیدەکتیڤیانەمان بۆ ئەو پێناساندنە گەرەکە.

ئەو ٩ دەستەواژەیەی لە پێناسەکانەوە دەستکەوتن کە پێناسەکەی پەرەگرافی پێشویان پێ نووسرا، هەندێک لە وشەکان بە یەکتریەوە تێوەگلاون. بۆ نموونە مێتابۆڵیزم [ئەو کارلێک و پڕۆسە کیمیاییانەی پیویستن بۆ مانەوەی خانە] بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاماژەشە بۆ وزە و مەتڕیاڵ [ماددە] ئەمانیش ئاماژەن بۆ ژینگە. هەرچی دەستەواژەی زاوزێیە [reproduction] یان خودزاوزێی [self-reproduction] واتای مێتابۆلیزم و تەنانەت سیستەمیش لە خۆی دەگرێت، چونکە بڕوانە خودی کۆپیکردنی خانە و درووستبوونی خانەی نوێ پڕۆسەیەکی کیمیکاڵە. سا بوونی زاوزێ مەحاڵە گەر مێتابۆلیزم، وزە، مەتڕیاڵ و ژینگە بوونیان نەبێت. هەرچی پەیوەندی بە ئاڵۆزیەوە هەیە (یان بە واتایەکی دیکە زانیاری information) بەرهەمی زاوزێ و گۆڕانکارییەکانە (پەرەسەندن Evolution)، بەمەش ئێمە تەنها دوو چەمکمان بۆ دەمێنێتەوە کە سەربەخۆ بن و ببنە چەتر بۆ دەستەواژەکانی دیکە ئەوانیش: زاوزێ[(self-)reproduction] و پەرەسەندن [evolution].  بەم پێیە بێت، ژیان بریتییە لە خودزاوزێی بە گۆڕانەوە. سا گەر کەسێک پرسیار بکات ”چ شتێک ژیاوە؟” وەڵامەکە ئەمەیە ”هەر شتێک کە توانای دووهێندەبوون [replication] و بازدانی [mutation] هەبێت. بە کورتیەکەی هەر شتێک زاوزێ بکات و پەرەبسەنێت ئەوا شتێکی ژیاوە.

هەر چۆنێک بێت، هاوشێوەی ڕیزکردنی وشە و دەستەواژەکانی پێشوو کە پەیوەستن بە پێناسەکردنی ژیانەوە، بایۆلۆژیستەکان بۆ پێناسەکردنی ژیان زۆرجار خاسیەت و تایبەتمەندییەکانی ژیان ڕیز دەکەن. بە تێگەیشتن لەو خاسیەتی ئەو ئۆبژیکتانەی کە بە زیندوو لە قەلەمیان دەدەین، زۆرمان دەربارەی ژیان پێ دەڵێن. دەکرێت ژیان بەم حەوت خاسیەتەی خوارەوە پێناسە بکەین:

١. ڕێکخستنی خانەیی: هەموو ئۆرگانیزمەکان لە خانەیەک یان زیاتر پێکهاتوون. خانەکان چالاکییە بنچینەییەکانی ژینکردن بەجێ دەگەیەنن، هەموو خانەیەک توێژێک دەورەی داوە و لە خانەیەکی دیکەی جیا دەکاتەوە.

٢. ئاڵۆزی ڕێکخراو: هەموو شتە ژیاوەکان زێدە ئاڵۆز و ڕێکخراون. لەشی ئێمە چەندین جۆری جیاوازی خانەی تێدایە و هەر خانەیەکیش خاوەنی ستراکتۆر و ڕێکخستنی گەردیلەیی خۆیەتی. بێگومان شتی بێگیانی ئاڵۆزیش بوونیان هەیە، وەلێ هێندەی شتە ژیاوەکان ئاڵۆز نین.

٣. هەستیاری: هەموو بوونەوەران وەڵامی ئەو کارتیکەریانەی دەوروبەریان دەبنەوە. ڕووەکەکان، بۆ نموونە، ڕووەو تیشکی خۆر گەشە دەکەن. نموونەیەکی دیکە دەکرێت گەورەبوونی بیلبیلەی چاوت بێت کاتێک خۆت دەکەیت بە ژوورێکی تاریکدا.

٤. گەورەبوون، گەشەسەندن و زاوزێکردن: هەموو بوونەوەرەکان توانای ئەوەیان هەیە گەشە بکەن و زاوزێ بکەن. هەمووشیان خاوەنی گەردیلەی بۆماوەیین کە بۆ وەچەکانیان دەیگوێزنەوە.

٥. بەکارهێنانی وزە: بوونەوەران وزە وەردەگرن و بۆ جێبەجیکردنی چالاکی جۆراوجۆر بەکاری دەهێنن. هەر بۆ نموونە، تۆ ماسولکەکانی لەشت بەگەڕ دەخەیت لە دەرئەنجامی ئەو وزەیەی لە خواردنی ڕۆژانەتەوە دەستت دەکەوێت.

٦. هاوسەنگی ناوەکی: هۆمیۆستاسیسیشی پێ دەگوترێت، بریتییە لەوەی بوونەوەران دۆخە کیمیایی و فیزیاییەکەی ناو لەشیان دەپارێزن، وەکو پلەی گەرمی و هاوسەنگی شلەمەنییەکانی جەستە، بێگوێدانە گۆڕانکارییەکانی ژینگەی دەرەکی.

٧. پەرەسەندن: هەموو بوونەوەرەکان کارلێک لەگەڵ یەکدی و ژینگەکەیان دەکەن بە شێوەیەک کاریگەری دەکاتە سەر مانەوەیان، بەو هۆیەوە زیندەوەران پەرەدەسێنن تاوەکو خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا بگونجێنن.

ڕوانین لە ژیان بە چاویلکەی کیمیاوە

هەموو ئەو ڕەفتارانەی دەیانکەین، بەهۆی پڕۆسێسە بایۆلۆژییەکانەوە دێنە گۆڕێ، جا خودی پڕۆسێسە بایۆلۆژییەکان، بریتیین لە کارلێک و پڕۆسەی کیمیایی. تەنانەت هەردوو خاسیەتە سەرەکییەکەی ژیان: زاوزێ و پەرەسەندن، وابەستەی پڕۆسەگەلی کیمیاییانەن. کاتێک هەستی خۆشەویستیت بۆ کەسێک دەجوڵێت، وەختێ ڕووداوێکی خەماوی فرمێسک لە چاوەکانت دەڕژێنێت، کاتێک لە پێشهاتێک دەترسیت، وەختێ هەڕەشە یان بەرگری لە خۆت دەکەیت، ئەمانە و نموونەیلی دیکە بەهۆی کارلێکە کیمیاییەکانی مێشک و جەستەمانەوە دێنە کایەوە.

هەندێک جۆری مێروولە، کاتێک لە سەرو خۆیانەوە تووشی هەڕەشە دەبن، با بڵێین باڵندەیەک مەترسیان بۆ درووست دەکات، لە زگیانەوە ترشێک [ترشی فۆرمیک] بۆ ئاسمان دەپرژێنن، تاوەکوو پارێزگاری لە خۆیان بکەن دژی ئەو هەڕەشەیە. کاتێک مار بە کەسێکەوە دەدات، ژەهر دەڕژێنێتە جەستەیەوە، چەشنی جیاوازی مار، ژەهری جۆراوجۆر دەکەنە دیاری ئەو کەسانەی، سەر دەکەنە سەریان. هەندیک جۆر لە ژەهری مار نیورۆتۆکسیکن، واتە: کاریگەری بەسەر سیستەمی دەمارییەوە جێ دەهێڵن و مرۆڤەکە لە جوڵە پەک دەخەن. ژەهراوی بوون لە ڕێگەی مارەوە، گەر بەپەلە چارەسەری پێویستی بۆ نەکرێت، دەرئەنجامەکەی مردنە. کەچی هەندێک جۆری ئاژەڵ بەو ژەهرەی مار نامرن. بۆ نموونە جۆرێک لە کرتێنەر* [woodrat] بەرانبەر بە ژەهری ماری زەنگوڵەدار خۆڕاگرە، ڕەنگە هۆی ئەم خۆڕاگریەش ئەوە بێت، لە سیستەمی بەرگری ئەو ئاژەڵانەی ژەهری مار لایان کوژەر نییە، هەبوونی چەشنێک لە پێپتاید بێت کە ژەهری مار هەڵدەوەشێننەوە و لە ناوی دەبەن.

بەڵام مرۆڤی قوڕبەسەر، کاتێک مارێکی کوشندە پێوەی دەدات، بەرگریەکی وای نییە بەرانبەر ئەو پڕۆتینانەی ژەهری مارەکەیان پێک هێناوە. ڕاستیەکەی، چەشنی جیاوازی مار، خاوەنی ژەهری هەمەچەشنن، هەر جۆرێکیشیان کاریگەریەکی دیاریکراو بەسەر مرۆڤەوە جێ دەهێڵێت. تەنها مارەکان ژەهراوی نین بۆ مرۆڤ، زۆر شت دەکرێت ژەهراوی بێت، ژەهراوی بوون و نەبوونی شتێک دەکەوێتە سەر پێکهاتەی کیمیایی زیندەوەرەکە. بۆ نموونە، ئارسێنیک، توخمێکی کیمیاییە، سرووشتیانە لە سرووشت بەرهەم دێت، بۆ مرۆڤەکان ژەهرە. کێشەکە ئەوەیە لە هەندیک ناوچەی جیهان ئارسینیک تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە دەبت، ئەمەیش دەبێتە هۆی درووستکردنی ئارێشەگەلی تەندرووستی، دەکرێت هۆکاریکیش بێت بۆ شێرپەنجە، تەنانەت دەبێتە هۆی کوشتنی مرۆڤەکان.

بەڵام بەهۆی خۆگنجاندنەوە [adaptation]، هەندێک لە دانیشتووانی جیهان توانیویانە چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستا، بە شێوەیەک پەرەبسێنن، توانای بەرگری دژی ئارسێنیک درووست بکەن. دانیشتوانی ئەمەریکای باشوور، بەتایبەتی دانیشتووانی بیابانی ئاتاکاما لە چیلی، لە ژینگەیەکدا ژیاون دەستکەوتنی ئاو کەم بووە، ئەو ئاوەشی دەستکەوتووە، بە ڕێژەیەکی زۆری ئارسێنیک دەوڵەمەند بووە، هەر بۆیە ٧٠٠٠ بۆ ١٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە جینی AS3MT  بازدان ڕووی داوە و بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی جۆرێک لە ئەنزیم، کە دەتوانێت کارلێک لەگەڵ ئارسینیک بکات و بۆ دوو جۆر ترش بیگۆڕێت، ئەمەش زیانە کوشندەکانی بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکانی ئەوێ نەهێشتووە. ئەم خۆگونجاندنەش بۆ ژینگەی ئەوێ، ڕەنگە لەباربردنی کۆرپەکان بوو بێت بە هۆی ئەو ژەهرەوە.

بەهەرحاڵ، ئەمانەی سەرەوە نموونەگەلێکن بۆ بینینی ئەوەی، هەموو ئەو دیاردانەی لە جیهانی زیندەوەراندا ڕوودەدەن، لێکدانەوەیەکی بایۆکیمیایی بۆیان بوونی هەیە. دیاردەی ژیان، کۆکراوەی تەواوی پڕۆسە بایۆکیمیاییەکانە.

ژیان، ڕۆڵەی کیمیایە

بوونەوەرەکان لە ماددە پێکهاتوون، ماددەش هەر شتێکە، بارستایی هەبێت و شوێن داگیر بکات. ماددە چەندان فۆڕمی جیاوای هەیە: تاشەبەرد، کانزا، گاز و تەنانەت ئۆرگانیزمە ژیاوەکانی وەکو ئێمە، هەمەچەشنیی ماددە زۆروزەوەندە.

ماددەکان لە یەکەی چکۆلەتر پێکهاتوون، پێیان دەڵێین: توخم. توخمەکان ئەو سەبستانسانەن کە بۆ یەکەی چکۆلەتر دابەش ناکرێن، کیمیاناسەکان ٩٤* توخمیان دیاریکردووە کە سرووشتیانە لە سرووشتدا، بوونیان هەیە، هەندێک نموونە بۆ ئەو توخمە سرووشتیانە دەکرێت ئەمانە بن: زێڕ، ئۆکسجین، کوپەر، کاربۆن و هتد. هەر یەک لەو توخمانە سیمبوڵێکیان بۆ دانراوە،  زۆربەی جار سیمبوڵەکە پیتی یەکەم یان یەکەم و دووەمی ناوی توخمەکەیە، جاروباریش لە ناوی لاتینی یان ئەڵمانی توخمەکەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆ نموونە سیمبوڵی توخمی سۆدیۆم بریتییە لە Na، کە لە وشەی لاتینی Natriumەوە هاتووە.

کاتێک دوو توخم یان زیاتر، بە ڕێژەیەکی دیاریکراو کارلێک لەگەڵ یەکتریدا دەکەن و یەک دەگرن، ماددەیەکی دیکە پێک دەهێنن، پێی دەڵێین ئاوێتە.بۆ نموونە، ئەوەی پێی دەڵێین خوێی چێشت، لە کیمیادا لە دەرئەنجامی کارلێککردنی نێوان هەردوو توخمی: سۆدیۆم (Na) و کلۆراینەوە (Cl) هاتۆتە بەرهەم، بە ڕێژەی 1:1. ئەگەر سۆدیۆم بە پوختی وەربگرین، کانزایە، کلۆراینیش بە پوختی گازێکی ژەهراوییە، وەلێ کاتێک کارلێک دەکەن، ئەو خوێیە درووست دەکەن کە ڕۆژانە ژەمەکانمانی پێ ئامادە دەکەین.

ئەو خاسیەتە نوێیەی لە یەکگرتنی نێوان دوو توخم دێتە ئاراوە، پێی دەگوترێت: ئێمێرژانس*. ئێمێرژانس بریتییە لەو خەسڵەت و دیاردانەی شتێک، کە لە دەرئەنجامی یەکگرتنی چەند شتێکی دیکەوە پەیدا بووە، هەر یەک لە بەشە پێکهێنەرەکان خاوەنی ئەو سیفەتە نین کە ئاوێتەکە هەیەتی، وەلێ کاتێک یەک دەگرن ئەو خەسڵەتە ئێمێرژێنتانە دەهێننە بەرهەم. جا تۆ بڕوانە، ژیان خاسیەتێکی ئێمێرژێنتی کیمیایە. ئەم چەمکە بە دەر لە زانست، لە فەلسەفە و هونەر و کایەکانی دیکەشدا بەکار دەبرێت. بۆ نموونە، ڕێبازی ئیمێرژێنتیزم لە فەلسەفەی ئەقڵ، وەکو دیاردەی ئیمێرژێنتیانە مامەڵە لەگەڵ هۆش و دیاردە ئەقڵی و سایکۆلۆژییەکانی دیکە دەکات، واتە ئەقڵ بریتییە لەو چالاکیەی کە لە ناو مێشکدا دەگوزەرێت، تۆ ناتوانیت دیاری بکەیت کامە بەشەی مێشکە بووەتە مۆرکی هۆش، وەلێ کارکردنی هەموو بەشە جیاوازەکانی مێشکە، پێکەوە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەقڵ و هۆش.

پێکهاتە کیمیاییەکانی لەشی مرۆڤ

لە تەواوی ئەو ٩٤ توخمە، ڕێژەی ٪٢٠-٢٥ لەوان پێویستن، تاوەکوو بوونەوەرێک بتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە و ژیانێكی بێ ئارێشەی پزیشکی بەسەر ببات. لە زۆرینەی زیندەوەراندا ئەو پێویستییە کیمیاویانە هاوشێون، لێ جیاکارییەکی کەمیش بوونی هەیە. بۆ نموونە، مرۆڤەکان پێویستییان بە ٢٥ توخمی کیمیایی هەیە بۆ مانەوە، کەچی ڕووەکەکان پێویستییان بە ١٧ توخمە.

تەنها چوار توخم ٪٩٦ـی ماددە ژیاوەکان پێک دەهێنن، ئەوانیش بریتیین لە: ئۆکسجین (O)، کاربۆن (C)، هایدرۆن (H) و نایترۆجین(N). هەرچی کالیسیۆم، فۆسفۆڕ، پۆتاسیۆم و توخمەکانی دیکەن، پێکهێنەری ڕێژەی ٪٤ـەکەی دیکەن. هەندێک لەو توخمانە بە ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەم پێویستن، بۆ نموونە ئاسن [Fe] بۆ هەموو جۆرە زیندەوەرێک پێویستە، هەرچەندە ئاسن ڕێژەی ٪٠.٠٠٨ـی بارستایی لەشی مرۆڤ پێک دەهێنێت، بەڵام بە کەمبوونەوەی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کۆئەندامی سووڕان. جگە لە کەمبوون، زۆربوونی ڕێژەی ئەم توخمانەش بەهەمان شێوە کێشەی تەندرووستی جۆراوجۆر بۆ زیندەوەران درووست دەکەن.

خاسیەتی توخمەکان دەکەوێتە سەر پێکهاتەی ئەتۆمەکان

ئەتۆم [گەرد] بچووکترین یەکەی ماددەیە، توخمەکان پێکدەهێنێت، خەسڵەتی توخمەکان دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەتۆمەکان چۆن داڕێژراون. کە تایبەتمەندی توخمێک لە یەکێکی تر ناچێت، هۆیەکەی بریتییە لە شێوازی پێکهاتەی ئەتۆمەکان. خودی ئەتۆمەکانیش لە یەکەی چکۆلەتر پێکهاتوون، پێیان دەڵێین گەردیلە. ئەو سێ گەردیلە سەرەکیەی ئەتۆم بریتیین لە: نیوترۆن، پڕۆتۆن و ئێلیکترۆن. پڕۆتۆن و ئێلیکترۆن بە کارەبا بارگاویین، پڕۆتۆن بارگەکەی پۆزەتیڤە و ئێلیکترۆنیش نێگەتیڤ، هەر ئێلیکترۆنێک یان پڕۆتۆنێک خاوەنی یەک یەکەی بارگاوییە بە کارەبا، هەرچی نیوترۆنە بارگاوی نییە و بێلایەنە.

پڕۆتۆن و نیوترۆنەکان بە توندی بە یەکدیەوە لکاون لە ناوکی ئەتۆمدا، بەم پێیەش ناوکی ئەتۆم بارگاوییە بە پۆزەتیڤ. ئێلیکترۆنەکان بەخێرایی بە دەوری ناوکدا دەسووڕێنەوە، بەم شێوەیەش ئەلیکترۆنەکان وەکو ‘هەور’ وان بە چواردەوری ناوکدا. هەر بە هۆی ئەم جیاوازی بارگە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤانەیە، ئێلیکترۆن لە دەوروپشتی ناوک دەمێنێتەوە.

هەر توخمێک لە ئەتۆمگەلێک پێکهاتووە، هەموو ئەتۆمەکانی توخمێک هەمان ژمارەی پڕۆتۆنیان لە ناوکدا هەیە، بەو بڕە دیاریکراوەی پڕۆتۆنەکانی ناوکێک دەگوترێت ژمارەی ئەتۆمی. ژمارەی ئەتۆمی گەردێک بریتییە لە شوناسەکەی، بە کەم و زیادکردنی پڕۆتۆنێک، شوناسی توخمەکە دەگۆڕێت بۆ توخمێکی دیکە.

هەموو ئەتۆمەکانی توخمێک هەمان ژمارەی پڕۆتۆنیان هەیە، وەلێ هەندێک ئەتۆم هەن ژمارەی نیوترۆنەکانیان لەوانی دیکە زیاترە. ئەم فۆڕمە جیاوازانەی ئەتۆمەکانی هەمان توخم پێیان دەگوترێت ئایزۆتۆپ. لە سرووشت، دەشێت توخمێک لەگەڵ ئایزۆتۆپەکانی بوونیان هەبێت. کاربۆن، وەک نموونە، کە ژمارە ئەتۆمییەکەی ٦ـە، سێ چەشنی سرووشتیانە لە ئایزۆتۆپی هەیە. باوترین جۆری ئایزۆتۆپی کاربۆن بریتییە لە کاربۆن-١٢، لە سرووشتدا، ڕێژەی ٪٩٩ ئایزەتۆپەکانی کاربۆن پێک دەهێنێت. هەرچی زۆرینەی ڕێژەی ٪١ی کاربۆنەکانی دیکەی سرووشتە، کاربۆن-١٣ کە خاوەنی ٧ نیوترۆنە، دەستی بەسەردا گرتووە. ئایزەتۆپی سێیەمینی کاربۆن بریتییە لە کاربۆن-١٤ و خاوەنی ٨  نیوترۆنە، ئەم ئایزەتۆپە گەلێک دەگمەنە.

ئەگەر تێبینی ئەو سێ ئایزەتۆپەی کاربۆن بکەیت، هەموویان خاوەنی ٦ پڕۆتۆنن، کەچی تەنها ژمارەی نیوترۆنەکانیان دەگۆڕێت، ئاخر گەر ژمارەی پڕۆتۆنەکان دەستکاری بکرێت، توخمەکە چیتر کاربۆن نامێنێت و دەبێتە توخمێکی دیکە، کەواتە ژمارەی پڕۆتۆنەکان مۆرکی توخمەکەن.

هەردوو کاربۆن-١٢ و کاربۆن-١٣ توخمی جێگیرن، واتە ناوکەکەیان مەیلی شیبوونەوەی نییە، شیبوونەوە ئەو پڕۆسێسەیە ناوکی ئەتۆم لە ڕێی تیشکدانەوە وزە و گەردیلەکانی لە دەست دەدات. کاربۆن-١٤ بە پێچەوانەی دوو ئایزۆتۆپەکەی دیکەوە، توخمێکی ناجێگیرە، بەمەش کاربۆن-١٤ توخمێکی تیشکەچالاکە، واتە شی دەبێتەوە و دەرئەنجام دەستبەرداری گەردیلەکانی دەبێت و وزە دەردەدات.  کاربۆن-١٤ لە پڕۆسێسی شیبوونەوەی، وردەوردە دەگاتە ئەوەی پڕۆتۆنێک لە دەست بدات، ژمارەی ئەتۆمی لە ٦ـەوە دەبێتە ٥، بەمەیش چیدیکە ئەتۆمی توخمی کاربۆن نامێنێت و دەبێتە ئەتۆمی توخمی نایترۆجین، ئاخر نایترۆجین ژمارەی پڕۆتۆنەکانن لە ناوکەکەی ٦ـە.

ئەم مەیلی شیبوونەوەیەی ئەتۆمە ناجێگیرانە، سوودی بێپایانیان هەیە لە بایۆلۆژیادا. بۆ نموونە، بەکار دێن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە مرۆڤدا، ئایۆتۆپەکان دەخرێنە ناو شوێنی دیاریکراوی لاشە مرۆڤ، لەمەوە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئامیری دیکەوە، سەیری پڕۆسە مێتابۆڵیستییەکان بکرێت، ئەمە وا دەکات بزانرێت کە چالاکی مۆڵکیوڵەکانی لەش سرووشتین یان نا، ئاخر لە ڕێگەی ئەمەوەیە هەندێک جۆری شێرپەنجە دەتوانرێت دیاری بکرێن. نموونەیەکی تری بەرچاو بۆ سوودی ئایزۆتۆپەکان بریتییە لە دەستنیشانکردنی تەمەنی بەبردبوو و شوێنەوارەکان، بە زانینی کاتی شیبوونەوەی ئەتۆمەکان و گۆڕانیان بۆ ئەتۆمی توخمی دیکە، زاناکان دەتوانن دەستنیشانی تەمەنی بەبەردبوو و کەلووپەلە شوێنەوارەکانی دیکە بکەن.

ئایە فیزیکاڵیزم لە مانای ژیان کەم دەکاتەوە؟

فیزیکاڵیزم ئەو تێزە مێتافیزیکییەیە پێی وایە دەشێ سەرانسەری گەردوون و ناوەڕۆکەکەی بە گوێرەی یاساکانی فیزیا پێوانە بکرێن، تەنانەت ئەو دیاردانەشی کە لەوانەیە سەرەتا وەکو بوونی فیزیکیانە دەر نەکەون، دیاردەی وەکو: بایۆلۆژیا، سایکۆلۆژیا، سۆسیۆلۆژیا و ئەخلاق و دیاردەگەلی دیکە کە مایەی مشتومڕی قووڵی فەلسەفەیە، بەتایبەتی مێتافیزیا. ئەمەی لە یەکەم وشەوە تا هەنووکە باسکراون، سەرگوزشتەگەلێکن سەر بە داستانی ئەم دونیابینینی فیزیکاڵیستی، بە مانایەکی دیکە، لە پاڵ ئەو پڕۆسێسە بایۆفیزیایی و کیمیاییانەوە، شتێکی دیکەی دەرە لە مان نییە، ژیان بکەنە ژیان، یان هۆش بکەنە هۆش، بەڵکوو ژیان و هۆش و دیاردە ئاڵۆزکاوەکانی دیکەش هەر فیزیکاڵین، ئاخر بە دەر لەو ماددە و پڕۆسانەی لەشی مرۆڤ کە ئاماژەیان پێکرا، سەبستانسێکی دیکە نییە لە سەروو ئەمانەوە، هاوشێوەی ئێلان ڤیتال [Élan vital] یان ڕۆح.

هەندێک ئەم تێزی فیزیکاڵیزمە بە پەکخستنی مانای ژیان دەبینن، وا دێتە بەر دیدەیان کە ناتوانین پشت بەم تێزە ببەستین، لەبەر ئەوەی ئەم تێزە لە ژیان خاڵییە. ڕاستیەکەی، ئەم تێگەیشتنە، تێگەیشتنێکی چەوتە. فیزیکاڵیزم بریتی نییە لە داپڵۆسینی مانا لە ژیان، بەڵکوو تەنها بینینی سرووشتی ژیانە وەک خۆی. لەوانەیە بینینی شتەکان وەک خۆیان ناڕەحەتهێن بن، وەلێ پەسەندکردنی سرووشتی شتەکان وەک ئەوەی کە هەن، ڕەنگە بژاردە درووستەکە بێت.

مەسەلەی هۆش، مانای ژیان و دیاردەگەلێکی دیکەی ئاماژەپیدراو، مشتومڕێکی جەنجاڵ و درێژخایەن هەڵدەگرن، بەڵام لە کۆتایی ئەم وتارە بە بلەزی ئاماژەم پێدان، چونکە دواجار گرنگە تێبگەین ئامانجی فیزیکاڵیزم [بۆ نموونە لێکدانەوە بایکۆکیمیکاڵییەکان] ئەوە نییە دیاردە بایەخدارەکان بە هەند وەر نەگرێت. بینینی دونیا بە چاویلکەیەکی کیمیاییانەوە [فیزیکاڵیزم] گەر لە جوانیی گەردوون زیاتر نەکات، کەمتری ناکات.

 

پاشکۆ و سەرچاوەکان:

Urry, L. A., Cain, M. L., Wasserman, S. A., Minorsky, P. V., Reece, J. B., & Campbell, N. A. (2017). Campbell biology. [تا ڕادەیەک سەرچاوەی سەرەکی ئەم وتارەیە.]

Edward N. Trifonov (2011) Vocabulary of Definitions of Life Suggests a Definition, Journal of Biomolecular Structure and Dynamics, 29:2, 259-266, DOI: 10.1080/073911011010524992

https://www.smithsonianmag.com/science-nature/animals-venom-cant-touch-180960658/

https://www.bbc.com/news/health-34214029

https://www.newscientist.com/article/mg23331144-200-desert-people-evolve-to-drink-water-poisoned-with-deadly-arsenic/

* ”ژیان سیستەمێکی مێتابۆڵیزەی مەتڕیاڵی ئینفۆڕماسیۆناڵییە و توانای هەیە خۆی بەرهەم بهێنێتەوە بە گۆڕانکارییەوە (پەرەسەندن)،  بۆ ئەمانەش پێویستی بە وزە و ژینگەیەکی گونجاو هەیە.” [درووستە بۆ خوێنەرێکی ئاسایی، ڕەنگە هەندێک لەم دەستەواژانە ئاڵۆز دەر بکەون، وەلێ لە توێژینەوەکەوە ڕامگواستوون و لەبەر ئەوەی بەرانبەری پڕبەپێستم شک نەبرد بۆیام، سا هەر وا دامنانەوە، هاوشانە کوردییەکەیانم لێرە ڕیز کردووە:

مێتابلۆڵیزم: ئەو کارلێک و پڕۆسە کیمیاییانەی پیویستن بۆ مانەوەی خانە.

مەتڕیاڵی: هەرچەندە ئەم دەستەواژەیە هاتۆتە ناو فەرهەنگی کوردییەوە، بەڵام وشەیەکی دیکەش بۆی دەکرێت ئەمە بێت ‘ماددیی.’

ئینفۆرماسیۆناڵ: زانیارییانە.

*لەو سەرچاوە سەرەکیەی کە ئەم وتارەی لەسەر دامەزراوە، بۆ ژمارەی توخمە سرووشتییەکان، ژمارە ٩٢ی داناوە، ئەم زانیارییە بۆ ئەو کات درووست بوو، وەلێ لە لێکۆڵینەوە نوێیەکاندا دەتوانین دوو توخمی دیکەی دیکە دیاری بکەین کە ئەوانیش سرووشتیانە لە زەویدا دەدۆزرێنەوە، هەرچەندە پێشتر زاناکان توانیویانە لە تاقیگە ئەو دوو توخمە بە دەستکردانە بهێننە بەرهەم.

*ئیمێرژانس و ئیمێرژێنت، بە ئینگلیزی emergence و emergent، وشەیەکی گونجاوم بۆ نەدۆزیەوە لە زمانی کوردی، بۆیە خوێندنەوە فەڕەنسییەکەم بۆ داناوە، گەر خوێنەر وشەیەکی گونجاوی کوردی بۆ ئەو چەمکە شک دەبات، تکایە پەیوەندی منەوە- بنووسی وتارەکە- بکات و ئاگادارم بکاتەوە.

بڵاوکردنەوە: