تەنیا یەک کەشتی ھەیە: ئەفسانەی بەسروشتی بوون (نۆرماڵ)

279
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: د.گابور ماتی

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: د.ھەڤین کەمال

 

وەکو پزیشکێکی دەروونی چەندین جار شایەتحاڵ و چارەسەرکاریی ئەو نەخۆشییانە بووم کە پێدەگوترێت؛ “نەخۆشییە عەقڵییەکان”. وەک مرۆڤێکیش ئەو نەخۆشیانەم تاقیکردۆتەوە، لە قۆناغێکی ژیانمدا ئازارم چەشتووە و ناڵاندوومە بە دەستیانەوە!

کاتێک دەڵێم پێیدەگوترێت” نەخۆشی عەقڵی”،  مەبەستم ئەوەیە بەپێی تێڕوانین و دیدگای من؛ وشەی نەخۆشی تێڕوانینێکی زۆر بەرتەسکە بۆ تێڕامان لە کێشەیەکی قوڵ و ئاڵۆز، کە ناتوانرێت کورت بکرێتەوە لە چەند نیشانە و سیمپتۆمێکی کەسیدا، یان چەند ئەدگار و ھەڵسوکەوتێکی بینراو و سەرنجڕاکێشی ئەو کەسە، یاخود بخرێتە قاڵبی تێکچوون لە بایۆلۆژی مێشکی مرۆڤ و دەمارە خانەکانی.

لەڕاستیدا ئەو کارلێکانەی لەمێشکی مرۆڤدا ڕوودەدەن بەھۆی کارەساتی ناخۆش و تراومای سایکۆلۆژی و ئازار چەشتن زۆر جیاوازە لە نەخۆشی، بۆ نموونە: ” من وەک مرۆڤێک لەو کاتەی کە ڕێژەی خەمۆکیەکەم گەشتبووە لوتکە، بیرۆکەی ئەوەی کە جیھان شایەنی ئەوە نییە بۆی بژیت، ھەموو ھزرمی داگیرکردبوو، لەگەڵ ئەوەی ھەرگیز بیرم لە خۆکوژی نەکردۆتەوە، بەڵام پێشبینیم دەکرد کە ھەوڵی بۆ بدەم!

لەو کاتانەی زۆر وەڕس و بێئومید بووم بەرامبەر ژیان، کەچی ھیواداربووم کە ئەو مێشکەی توشبووە بە(ADD)*

بێزارم نەکات و کاریگەری نەبێت لەسەر ھەوڵ و کۆششم بۆ ڕێکخستن و داھێنان. لەو کاتەی لە لوتکەی ئالوودەبوندا بووم، بەپەرۆش بووم بۆ ئازادبوون. بەڵام ئازارچەشتن و ناڵاندن زۆر جیاوازەو و ھەمان شت نییە لەگەڵ نەخۆشی.

لە ڕووی پاتۆلۆژی و نەخۆشیزانییەوە، کاتێک ھەندێک کەس دەستنیشان دەکرێت بەوەی نەخۆشی عەقڵییان ھەیە، ئەم دەستنیشانکردنانە بەپێی ئەو ستاندەردە بنچینەییانەیە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دایناوە بۆ ( دروستی عەقڵی) کە مەرج نییە ھەمووی لە سەداسەد تەواو بێت، ھەر بۆیە پێم باشە دەستبەرداری ئەفسانەی بەسروشتیبوون و نۆرماڵ بوون ببین و بێین باس لەھەندێک نموونە بکەین :

پێش دادگایکردنی بە تۆمەتی تاوانی جەنگ، ئەندازیاری داڕشتنی پلانی لەناوبردنی بەکۆمەڵی جوولەکەکان، ئەفسەری نازی (ئەدۆڵف ئایکمان) لەلایەن چەندین پزیشکی پسپۆڕی دەروونییەوە بە کەسێکی سروشتی (نۆرماڵ) لە قەڵەمدراوە.

بەپێی گێڕانەوە بەناوبانگەکەی فەیلەسوفی یەھودی و توێژەری سیاسی ( ھانا ئارێنت) بێت؛ تەنانەت یەکێک لە دەروونناسەکان لە دادگاییەکەیدا ھاواریکردووەو گوتویەتی: بەڵێ ئەو کەسێکی سروشتییە، ھەرچۆنێک بێت لەئێستای من سروشتی ترە.

بەپێی ھەمان گێڕانەوەش، ئارێنت دەڵێت: “دەرونناسێکی تر، ھەموو ڕەفتار و ھەڵسوکەوتی ئایکمان بە ھەڵسوکەوتی کەسێکی زۆر سروشتی داناوە و تەنانەت پەیوەندی و ڕەفتاری لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانی، دایکی، خوشک و براکانی، ھاوڕێکانی نەک سروشتی بووە بە تەنھا، بەڵکو پەیوەندییەکی زۆر خوازراو و باش بووە.

کەواتە دەقاودەق حاڵەتەکەی ئایکمان ئەو حاڵەتەیە کە پزیشکی دەرونناسی ئەمریکی (ڕۆبرت.جی. لیفتۆن) بە سروشتیبوونی بەد (malignant normality ) ناویدەبات!

نمونەیەکی تر :

ساڵی ٢٠١٩ ساڵیادی سەد ساڵەی ڕەشە کوژی (ئەمریتسار) ی بەدناو بوو، کە ھێزە سەربازییە بەڕیتانییەکان بە سەدان ھاوڵاتی سڤیل و بێ چەکییان کۆمەڵکوژ کرد لە شاری ئەمریتسار لە گردبوونەوەیەکی ئاشتیانەدا دژ بە دەستبەسەرکردنی دووان لە شوێن کەوتووانی (گاندی)، لە یەکێک لە بەناوبانگترین بۆنە ئاینییەکانی پونجابدا .

ئەم ھەموو دڕەندەیی و دڵڕەقییەی لەم ڕەشەکوژیەدا ڕوویدا، بە سەرپەرشتی کەسانێک بوون کە بەو پێوەرەی بۆ نۆرماڵبوون دانراوە، سروشتی و نۆرماڵ بوون لە ھەرەمی ئیمپڕاتۆڕیەتەکەدا. بەدڵنییایەوە دەرچووی قوتابخانە و کۆلێژە بەناوبانگ و نایەبەکانیش بوون!

ئەم جۆرە لە مرۆڤەکان، ئەو جۆرەن کە ڕۆژنامەنووس و نووسەر(بێن ماکنتایر) لە وەسفیاندا دەڵێت: “ھیچ کەسێکی فریودەر نادۆزیتەوە بەقەد بەڕیتانییەک کە دەرچووی قوتابخانە گشتییەکان بێت. لەوانەیە لەویستگەی پاسێکدا بە تەنیشتەوە چاوەڕێ بکات، لەگەڵیشیدا شڵەژانی دەروونی پلە دوانزدەی ھەبێت، کەچی تۆش وەک ژیرترین و بەئاگاترین کەس دێتە بەرچاوت “.

ئەم نموونانە و زۆر نموونەی تریش کە بەکەسی نۆرماڵ و سروشتی دانراون کەچی ھەستاون بە چەندین کردار و ڕەفتاری ناسروشتی. بەدیوێکی تریشدا ئەم ھاوکێشەیە ھەر ڕاستە کاتێک پێچەوانەکەی ڕوودەدات بۆنموونە: یەکێک لە پاڵەوانەکانی ئەم سەردەمەمان کە چالاکەوانێکی ژینگەیی گەنجە (گرێتا تۆنبێرگ) وەک کەسێکی تووشبوو بە ھەندێک تێکچوون و شڵەژانی عەقڵیی دەستنیشانکرا، یەکێک لەوانە نەخۆشی “ئەسپەرجەر” بوو.

ھەروەکو تۆنبێرگ دەڵێت : “من بەشی خۆمم لە خەمۆکی، گۆشەگیری، بێتاقەتی و دڵەڕاوکێ و شڵەژان تاقیکردۆتەوە، بەڵام ئەگەر وەک نەخۆشێک دەستنیشان نەکرامایە، ھەرگیز مانگرتنم لە قوتابخانە ڕانەدەگەیاند، ئەو کات منیش وەک ھەموو ئەوانەی دەوروبەرم دەبووم”.

ئەو کەسانەی کە جەختیاندەکردەوە لەسەر شڵەژانی باری عەقڵی ئەم چالاکەوانە ھەرزەکارە و سوربوون لەسەر ئەوەی نەخۆشی دەروونیی لەگەڵدایە، سوربوونەکەیان لە ئەنجامی بەڵگەی زانستی نەبوو، بەڵکو خزمەتێک بوو بۆ ئەو فکر و ئایدۆلۆژیایەی کە نکۆڵی دەکرد لە کاریگەری گۆڕانکاری کەش و ھەوا بۆ سەر ژینگە، کە ئەمەش کارێکی زۆر دوور بوو لە واقیعی زانستی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە عەقڵییەکان، بێ گوێدانە ئەو ڕاستییانەی کە ئەم گۆڕانکاریانەی کەش و ھەوا ھەمووی مەترسین بۆ سەرچاوە مرۆییەکان و بەشێکی زۆر لە سروشت و ژینگە.

تۆنبێرگ دەڵێت: “من حاڵەتەکەمم ئاشکرا نەکردووە و بە پەبڵیک باسم نەکردووە، ھەتاوەکو بیکەم بە دیوارێک و خۆم بشارمەوە لە پشتییەوە، بەڵام دەزانم ھەندێک نەفام وادەزانن نەخۆشییە، یاخود شتێکی نەگەتیڤ و خراپە، بۆیە باوەڕ بکەن دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەم زۆر جار سنوورداری کردووم لە چالاکیەکانمدا”.

بۆیە لە ئێستادا من پێم باشە واز لەو پرسانە بێنین کە ئایا کەسانی سروشتین یاخود نا؟! ئێمە ھەموومان لە ھەمان کەشتیداین، کەسانی ئاسایین کە دەبێت خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو ناڕەحەتی و زەحمەتیانەی مرۆڤ بوونمان دروستی دەکات. ناتوانین بڵێین کە ئەم دەستنیشانکردنانە سوودیان نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لێکدانەوەی زۆریان پێنیە، دەتوانن تاڕادەیەک یارمەتیمان بدەن لە ناونانی ھەندێک ئەدگار و تایبەتمەندی، ھەروەک من بڵێم: “سڵاو من گابورم، شڵەژانی دەروونیم ھەیە، خەمۆکیم ھەیە، ئالودەبووم بۆ ماوەیەک”.

بەڵام لە ڕاستیدا ھیچ کەسێک لەگەڵ خەمۆکی و شڵەژان لەدایک نابێت، ھیچ کەس لە سەرەتاوە ئالوودە نیە، هیچ کەسێک بەبەردەوامی شیزوفرینیای لەگەڵ نییە، یاخود ھەر نەخۆشییەکی عەقڵی تر. ئەم ڕەوشانە ڕوودەدەن بەڵام خاوەن قەوارەیەکی توند و جیا نین، کە کەسێک خاوەندارێتیان بکات و ھەڵگری بەردەوامیان بێت، لەگەڵ ئەوەی ھەندێک جار وادەردەکەون کە خاوەنی تۆبن و تۆ بریتی بیت لە ئەو ئەدگارانە. ڕاستتر وایە بڵێین:  ئەم ڕەوشانە قۆناغی تایبەتن کە مانیفێستی خۆیان دەکەن لەژیانی ھەندێک کەسدا و لە ھەندێک کاتی جیاوازدا، لەژێر کاریگەری ھەندێک بارودۆخی تایبەتدا.

بەڵێ، ڕاستە ڕەھەندی بایۆلۆژی خۆیان ھەیە، جگە لە ڕەھەندە سۆزداری و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکەیان، لەبەرئەوەی پڕۆسەی دینامیکین کە ڕەگیان ھەیە لە مێژووی ژیانی تاکەکاندا، ئەو مێژووەی ئاسەوار و جێگاپەنجەی دیارە بەسەر بایۆلۆژی تاکەکانەوە. جگە لەتاک بەرگەگرتنی ئەم ناخۆشی و ئازارانە، جێگادەستیان بەجێدەھێڵن لەسەر پەیوەندییە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانمان،” ئێش و ژانی وەچەکانی پێشووتر و کاریگەری لەسەرمان، پەیوەندیمان لەگەڵ خێزانەکانمان ھەر لە مەیل و ئارەزووەکانمانەوە تا سترێس و دڵەڕاوکێ، خەم و پەژارەی دایکمان کاتێک دووگیان بووە و لە منداڵدانیدا ھەڵیگرتووین”.

ھەروەھا ئەو دۆخانەی ئێمە بە (نەخۆشی دەروونی) پێناسەی دەکەین، ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابوورییەیە کەتیایدا پەروەردەبووین، تیایدائەژین، ئیش و کارەکانمانی تیادا ئەنجامدەدەین، خۆشەویستی دەکەین و ھەوڵیش دەدەین خۆشەویست بین.

بەڵێ ڕوودەدات کە ژینگە کاریگەری زۆری ھەبێت لەسەر ڕەفتار و ئەدگارەکانمان، بۆ نموونە؛ لەژیانی مندا _ئەدۆڵف ئیخمان_ کاریگەریەکی زۆری ھەبووە لەسەر توشبونم بە تەنگەژە دەروونیەکان، ئالودەبوون و خەمۆکی.

“کاتێک کە کۆرپەیەکی شیرەخۆری جوولەکە بووم لە وڵاتی ھەنگاریا، کە موستەعمەرە و کۆڵۆنیزمی نازییەکان بوو، کاتێک ئیخمان نەخشەی کێشا بۆ ڕاگواستنی نیو ملیۆن کەس بۆ کەمپەکانی مردن، کە باو باپیر و دایکم و خۆمی تیادابوو، دەتوانم بڵێم ئەو کاتە و تەنانەت پێش ئەو کاتەش، کاتێک کۆرپەیەک بووم لە منداڵدانی دایکمدا، ھەستم بە ترس و دڵەڕاوکێی دایکم کردووەو ئەو ھۆرمۆناتەی ڕژاوە کاریگەری ھەبووە لەسەر کەسایەتیم. لە دوای ئەوەش کەمنداڵبووم ھەستم بەو ئازار و ترس و دڵە ڕاوکێیانەکردووە کە لەکاتی شەڕدا بینیومە، لە دوایدا بە ڕەفتاری ئالوودەبوونم ھەوڵمداوە بەسەریدا زاڵبم، زاڵبوونێکی ڕواڵەتیی. بەھەمان شێوە لە وڵاتێکی وەکو _بەریتانیا_دا، لەکاتی جەنگی جیھانیدا، کۆرپە شیرەخۆرەکان و منداڵەکانی تر لەژێر کاریگەری ئاکامە خراپەکانی جەنگ بوون، لەژێر سترێس و فشار و ئەو شۆکانەدا بوون، کە دووچاری باوانیان بووەو ناڕاستەوخۆ کاریگەری ھەبووە لەسەر ژیانیان. یاخود ناچارکراون بە دوورکەوتنەوە لە باوانیان لەتەمەنێکدا کە نزیکی لەباوان مەرجێکی زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانی دەروون و عەقڵێکی دروست. بەدڵنییایەوە، مەرج نییە ژینگەیەکی بەئازار و ناخۆشی وەکو بۆمببارانکردن یاخود ڕەشەکوژی، پێویست بێت بۆ دروستبوونی دینامیکیەتی پچڕانی پەیوەندی مرۆڤی گەنج لەگەڵ ناخیدا و جیابوونەوەی لە واقیع و ڕیاڵتی یاخود بۆ پەکخستن و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

بەڵکو ئەو ھەستە ئازاربەخش و دڵەڕاوکێ و ترەوما سایکۆلۆژیانەی تووشیدەبێت لە منداڵیدا و ئەو شۆکانەی لەئەنجامی کێشەی تایبەتی و خێزانی تووشیبووە، ھەموو ئەم ھەستە جیاوازانە کەرەستەی خاون بۆ ئەو حاڵەتەی کە ئێمە پێی دەڵێن؛ نەخۆشی عەقڵی (mental illness). ئەمە بەشێوەیەک لەشێوەکان کاریگەری ھەیە لەسەر مێشکمان، کاتێک ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین پێداویستییە بنەڕەتیەکانمان بۆ دابین ناکات، نەک لەبەرئەوەی کەئەوانەی بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنمان شکستیان ھێناوە لە پێشکەشکردنی خۆشەویستی و سۆز بەرامبەرمان، یاخود گرنگیپێدانمان بە باشترین شێوە. بەڵکو لەبەرئەوەی باشترین شێوەی ئەوان پەیوەستە بەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتوورییەی کە تیایدا دەژین و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا نییە و تەنانەت لە ودیو ھۆشیاریانەوەیە.

تۆوی ئەو نەخۆشییانەی کە بە نەخۆشی عەقڵی ناودەبرێت، لەمنداڵییەوە دەچێنرێت، کاتێک پێداویستییە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ ناتوانرێت تێربکرێت بەھۆی ھەر ھۆکارێک بێت لە ھۆکارەکان، بەتایبەت لە ساڵەکانی یەکەمی گەشەکردنیدا. بەڵام کاریگەری ھەیە لە ھەموو ژیانیشماندا و لەخراپترین سیناریۆدا، کاتێک ئەم پێداویستیانە بێ نرخ و سووک دەکرێن.

ھەروەک چۆن یەکێک لە زانا ئەمریکییەکان دەڵێت : “مرۆڤ بوونەوەرێکن خاوەن پێداویستی تایبەتن!”.

ئەم پێداویستیانەش پێداویستی مادی و سۆزداری و کۆمەڵایەتی و ڕۆحی دەگرێتەوە. بەپێی لێکدانەوەی زانای کۆمەڵناسی و دەروونناسی مەزن “ئەرێک فرۆم ” بێت؛ عەقڵ و تەندروستی مێشک ودەروون، پەیوەندیان ھەیە بە تێرکردنی پێداویستی و ئارەزووە مرۆییەکان،  کەئەمیش پەیوەستە بەو حاڵەت و ئەو ژینگەیەی مرۆڤ تیایدا دەژی. پێویستیەکانیش ھەمەجۆرن بریتین لە: پێویستی بۆ پەیوەندی، بەرزی و بڵندبوونەوە، بۆ ئەسڵ و فەسڵ، پێویستی بۆ بوونی ناسنامە و بوونی ئاراستە، بوونی دڵسۆزی.

بەپێی “فرۆم” بێت لە شیکردنەوەیەکیدا دەڵێت : ” ناتوانین پێناسەی تەندروستی عەقڵی بکەین بە پێی خۆگونجاندنی تاک لەگەڵ ژینگەکەی، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەبێت دەستنیشانبکرێت بەپێی ئەوەی کۆمەڵگا چەند دەتوانێت خۆیبگونجێنێت لەگەڵ پێداویستی تاکەکانیدا، ھەروەھا ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردن یاخود ڕێگرتن لە پەرەسەندن و گەشەکردنی تەندرووستی عەقڵی. ئەوەی کەدەڵێین تاک تەندروستییەکی باشی ھەیە یاخود نا، بابەتێکی تاکە کەسی نییە بەھیچ جۆرێک.

بۆ نموونە: بۆ ھەندێک کەس، بەتایبەت یەکێک لەسەرۆک وەزیرە پێشووەکانی بەریتانیا، کۆمەڵگا بوونی نیە، لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی و سیاسەتی دواکەوتووەکان و ھاوەڵە بە ئایدۆلۆژیاکراوەکانی لەھەموو ناوچەکانی جیھاندا، ھەموو پڕۆگرامە کۆمەڵایەتیەکان کۆتاییان پێھات، خزمەتگوزاریەکان کەمکرانەوە کە پێشکەش دەکران بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، دامەزرەوە کۆمەڵایەتیەکان بێنرخ کران، کۆمەڵگا پەرت پەرت بوو، نایەکسانی باڵی کێشا. بەشێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین؛ ئەو ژینگەیەی پێویست بوو بۆ ھێنانەدی پێداویستیە سەرەتاییەکانی کەسەکان لەناوچوو. بۆیە دەبێت لەخۆمان بپرسین: ئایا ڕێکەوتە کە تەنھایی و گۆشەگیری گەشتۆتە ڕادەیەکی زۆر و وەک پەتا لەناو کۆمەڵگادا بڵاودەبێتەوە؟ ئایا ڕێکەوتە ژمارەی ئەو منداڵ و تاکە پێگەشتووانەی کە دەستنیشاندەکرێن وچارەسەردەکرێن لەنەخۆشە دەروونیەکان گەشتۆتە لوتکە، ئاماری خۆکوژی ڕوو لەزیادبوونە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئالوودەن بە مادەی ھۆشبەر و ڕۆژانە دەمرن بە ھۆکاری ئالوودەبوون زوو لە زیادبوونێکی زۆرە؟! لە ژیانی ملیۆنەھا کەسدا، بیرو ھزری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا کاریگەرییەکی زۆر خراپی ھەبووە، سەبارەت بە مەبەست و نیازەکانی کەس ناتوانێت لە ڕاستییەکەی بگات، بەڵام من دڵنیام ھەموو ئەو کارەساتانەی بەھۆی فەرمانەکانی ئەوەوە خولقاوە، کاردانەوەیەکی دەرەکی بووە بۆ ئەو ئازارە شاراوانەی کە نەیتوانیوە دانی پیادا بنێت. کاتێک کە دەبیستم کەسێک دەڵێت، ھەروەکو چۆن ئەو دەڵێت؛ ” دڵنیابن، شتێک نیە بە ناوی کۆمەڵگاوە!”، گوێبیستی ڕۆحی مرۆڤێکی گۆشەگیر دەبم، کە داندەنێت بەوەی: کەبەڕاستی تەنیایە! تەنھا مرۆڤێکی بەوجۆرە دەتوانێت نکۆڵی لە ڕەھەندی کۆمەڵایەتی و ھەرەوەزی ژیانی مرۆڤایەتی بکات. لەوانەیە بپرسین لە خۆمان، دەبێت ئەو فیچەرانە چی بێت کەوادەکات کەسانی ڕووخاو و تێکشکاو ژیانمان بەڕێوەبەرن؟

بەڵام کێشەکە سیستمیکە و کێشەیەکی ئاسان نییە، ھەروەکو فرۆم دەڵێت: دەبێت تەماشای سروشتی کۆمەڵگا بکەین کاتێک دەمانەوێت لە سەرچاوە و سروشتی نەخۆشییە عەقڵییەکان و دەروونیەکان تێبگەین!

لە کۆتایدا ئێمە وەک مرۆڤ بوونەوەری بایۆلۆژی کۆمەلایەتین، ئەم دەستەواژە خەیاڵییە مانای ئەوەیە کە بایولۆژی جەستەمان، لەگەڵیدا بایولۆژی مێشکمان، ناتوانرێت جیابکرێتەوە لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەمان و باری دەروونیمان .سروشتی دینامیکی ئەو ناساغیانەی ئێمە پێیدەڵێن؛ نەخۆشی عەقڵی، ئەوە دەگەیەنێت کە چاکبوونەوەش ھەیە و ئەگەرێکە.  چارەسەر ئەو دینامیکیەتە کە لە ئاراستە جیاوازەکاندا ھاتووچۆ دەکات، لە بەشێکەوە دەروات بۆھەموو. چارەسەر ھەمان شت نییە وەک کپکردنی نیشانەکان بە بەکارھێنانی دەرمان، ڕاستە بەکارھێنانی دەرمان کاریگەری ھەیە، ھەر وەک چۆن دەتوانم لەم بوارەدا شایەتحاڵ بم، لەڕوویی پیشەیی و کەسیەوە، بەڵام دەرمان وەڵامی تەواوی پێ نییە بۆ چارەسەرکردن، چونکە ناتوانێ چارەسەری ئەو شۆک و تراومایە بکات کە وامان لێدەکات جیا بینەوە لە خودی خۆمان و لە ئەندامێتی کۆمەڵگایەکی ئارام و پەروەردەکراو. لێکترازان و جیابوونەوە لە کۆمەڵگا چەقی دروستبوونی کێشە دەروونیەکانە، لەباشترین حاڵەتدا دەرمان وەک چارەسەر دەدرێت بەوانەی کە پێویستیان پێیەتی، بۆ ھاندانیان بە ھەڵسان بە ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی باشتر .

پێش ئەوەی کۆتایی بە وتارەکەم بێنم بەھەندێک بیروڕای خۆم دەربارەی چارەسەرکردن، حەزدەکەم بەکورتی باسێکی ئالوودەبوون بکەم، کە کێشەیەکی سەرەکی کۆمەڵگاکەمانە، ئالوودەبوون کێشەیەکی ئاڵۆزە، کەھەموو ڕەفتارێک دەگرێتەوە کە مرۆڤ تیایدا ئیسراحەت و خۆشییەکی کاتی تیادەبینێت، بەو جۆرە مرۆڤ بەپەرۆش دەبێت بۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت دەستبەرداری بێت یاخود ڕابکات لێی، ھەرچەندە ئاکامە خراپەکانیشی دەزانێت.

بەکورتی : چێژ و ئیسراحەت و خۆشی و پەرۆشی بۆ ماوەیەکی کورت، ئاکامی خراپ و لەدەستدانی توانای دەستبەرداربوون بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ.

ئاگادار بە؛ کەدەڵێم ھەموو ڕەفتارێک، لەوانەیە ئەو ڕەفتارانە کێشانی ماددەی بێھۆشکەر بگرێتەوە تاوەکو تووتن و جگەرە، لەگەڵیدا لەوانەیە ئالوودەبوون بە سێکس و سایتە سێکسیەکان، یاخود بازاڕکردن، خواردن، قۆمارکردن، یاریکردنی ناو مۆبایڵ، ئالوودەبوون بەسۆشیاڵ میدیاوە …ھتد کە لیستێکی دوورودرێژ دەگرێتەوە. ئێستا دەمەوێت چالاکیەک بنوێنین کەئێوەش تیایدا بەشداربن، ھەر یەکەتان دەست ھەڵبڕێت، بەپێی ئەو پێناسانەی سەرەوە بۆ ئالوودەبوون، کە ئایا تۆ ھیچ جۆرێک لەو جۆرە ئالوودەبونانەت ھەیە یاخود نا؟!

ئێستا سەیری ئەو پەنجانە بکە کەبەرزبوونەتەوە، لەگەڵ پەنجەی خۆتدا ڕایگرەو بیژمێرە.  دەبینیت؛ ستیگمای نەخۆشی عەقڵی و دەروونی نامێنێت کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە ھەموو لەکەشتیەکداین و جیاواز نین، وە کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە تەنیا کەشتییەک ھەیە!

لە کارەکەمدا و لەکاتی مامەڵەکردنم لەگەڵ ئەوانەی کەبەڕێژەیەکی زۆر ئالوودەن، ئەوانەی بە دەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئەو ژن و پیاوانەی بایپۆلارن، تا ئێستا کەسێکم نەدیوەکە نەتوانم شارەزای دینامیکیەتی کەسایەتی نەبم بەشێوازێک یاخود زیاتر، ھەر بۆیە ڕای من سەبارەت بە چاکبوونەوە؛  ھەرچەندە بابەتی گەشتن بە ساغێتی وکامڵبوون، بابەتێکی زۆر کەسی و تایبەتە، بەڵام دەرخستنی توانایەکی گشتی ناخمانیشە، دۆزینەوەی ئەو پەیوەندیە بزربوەیە لەگەڵ خودی خۆماندا کەجگە لەچارەسەری پزیشکی، پێویستمان بە پەیوەندی سۆزدارییە لەگەڵ دەوروبەرمان، ئەو پەیوەندییانەی کەدەتوانن پاڵپشتی ئەو پێداویستیانە بن کەنەتوانراوە تێر بکرێت؛ پێداویستی خۆشەویستی، ئینتیما و قبوڵکردن و مانا. ھیوادارم ھەموومان، ھاوەڵانم ئەوانەی خۆیان بە نۆرماڵ دادەنێن و ئەوانەی خۆشیان بە ناساغ، بگەین بە ئاگایی و ھۆشمەندیەکی تەواو، بۆ مامەڵەکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ خودی ڕاستەقینەی خۆماندا، لەگەڵ یەکتریدا، وە لەگەڵ ئەو جیھانەی لە دەورمانە و ھەموومانی کۆکردۆتەوەو و باوەشی پیاکردووین.

 

*ADD : attention deficit disorder

دەستەواژەیەکە بەکاردێت بۆ حاڵەتێکی نیورۆلۆژی، کەتیایدا کەسی تووشبوو نیشانەی کەمتەرخەمی و بێ ئاگایی، پەرتبوون، کەمبوونەوەی چالاکی مێشک و تەرکیزی پێوە دەردەکەوێت.

 

 

 

 

 

 

 

بڵاوکردنەوە: