کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ چییە؟ چۆن ڕیتمی ژیانمان ڕێکدەخات؟

533
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: د. هەڤین کەمال

لەوانەیە زۆر جار گوێبیستی گازندە و سکاڵای ئەو کەسانە بووبێتین، کە گەشت دەکەن بۆ  چەند ناوچەیەکی دوور لە ماوەیەکی کورتدا. بۆ ناوچەیەک، کە جیاوازە لە زۆنی زەمەنی ئەو ناوچەیەی مرۆڤەکە خۆی تیایدا دەژی، چۆن تووشی کێشەی خەو دەبن و خەویان تێکدەچێت و لە شەودا شەونخون دەبن و لە ڕۆژدا ھەست بە ماندوویی و خەواڵوویی دەکەن؛ ئەم حاڵەتەش بە جێت لاگ (jet lag) ناسراوە و ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی کارەکانی کاتژمێری ناوەکی مرۆڤ، کە بە کاتژمێری بایۆلۆژی ناودەبرێت.

ئەم کاتژمێرە ناوەکییە بەرپرسە لە ڕێکخستنی ڕیتمی ڕۆژانەی مرۆڤ، کە بە سێرکادیان ڕیتم (circadian rhythm) ناسراوە. ئەم ڕیتمە سیگناڵ بۆ جەستەی مرۆڤ دەنێرێت و پێمان دەڵێت چ کاتێک کاتی خەوتنە و چ کاتێک کاتی بەئاگابوونە. جگە لەوەی کاریگەری ھەیە لەسەر کاتی خواردن و تێکچوونی تەرکیز و موود و مەیل و بارودۆخی کەسەکە.

کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ تەنیا کاتژمێرێک نییە، کە کۆنتڕۆڵی کاتی ڕۆشتوو بکات و بەس، بەڵکو لەگەڵیشیدا ڕیتمی ژیانمان و ھەموو چالاکییە فسیۆلۆژییە گرنگ و پێویستەکان بۆ ژیانی مرۆڤ ڕێکدەخات و کۆنتڕۆڵیان دەکات، بەپێی ڕۆژ و وەرز و ساڵ.

کاتژمێری بایۆلۆژی تەنیا کۆنتڕۆڵی خەو و بە ئاگابوون و پیری ناکات، بەڵکو کۆنتڕۆڵی برسێتی، بەئاگایی مێشک، مود و مەزاج، دڵەڕاوکێ دەکات و فەرمانەکانی دڵ ڕێکدەخات.

کاتژمێری بایۆلۆژی کاتژمێرێک نیە کە میلی ھەبێت، کاتژمێرەکان لە خولەکەکان جیا بکاتەوە، بەڵام ڕیتمی ھەیە، ئەم ڕیتمەش ناتوانێت کاتمان بۆ دیاریبکات و کۆنتڕۆڵی بکات وەک کاتژمێری ئاسایی، بەڵام دەتوانێت چالاکیەکانمان بۆ ڕێکبخات.

کاتژمێری بایۆلۆژی جەستەی مرۆڤ چۆن کاردەکات؟

ھۆرمۆنی ” میلاتۆنین” بەرپرسی یەکەمە لە ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ لە ھەموو ژیانیدا، ئەم ھۆرمۆنەش لە کوێرەگلاندی سنەوبەری “pineal gland ” لە مێشکدا دروست دەبێت. ڕژانی ئەم ھۆڕمۆنە لە کاتژمێرەکانی شەودا زیاد دەکات و نزیک خۆرھەڵھاتن و بەیانیان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تیشکی خۆردا، ڕژانی ھۆرمۆنەکە دەوەستێت و بەو جۆرە مرۆڤ لە شەودا ھەست بە خەواڵوویی دەکات و لەگەڵ ھەڵھاتنی خۆردا بە ئاگا دێت.

ئەو کەسانەی بە شەوان ئیش دەکەن و ڕووناکی گڵۆپ و شاشەی کۆمپیوتەر و ئامێرە زیرەکەکان بەکاردەھێنن، ڕێژەی دەردانی ھۆرمۆنی میلاتۆنین کەم دەبێتەوە لە جەستەیاندا، ھەر بۆیە تووشی ناڕێکی و تێکچوونی کاتی خەو دەبن.

بەدڵنیاییەوە ھەندێک جیاوازی ھەیە لەنێوان کەسەکاندا لە بارەی بە ئاگایی لە ڕۆژدا، بۆ نموونە سەرخەوشکاندن لە ھەندێک کەسدا ھەیە، کە لەڕۆژدا بۆ چەند کاتژمێرێک دەخەون، بەپێی شێوازی ژیان و لایف ستایلی کەسەکە دەگۆڕێت، ئەو کەسانەی، کە جیاوازن لە کەسانی تر لە ڕووی شێوەی کارکردنی کاتژمێری بایۆلۆژی لەشیان، ئەو کەسانەن کە زۆر زوو دەخەون، یاخود بە پێچەوانەوە توانای خەویان نییە لە کاتژمێرێکی دڕەنگی شەودا نەبێت.

بەگشتی بۆ ئەوەی کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ بەشێوەیەکی تەندروست کاربکات پێویستمان بە سێ خاڵی سەرەکییە، کە ئەوانیش:

١- جینەکان:

جینەکان کاریگەرییان ھەیە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سوڕی بیست و چوار کاتژمێری کاتژمێری بایۆلۆژی، ئەو کەسانەی یاخود ئەو گیاندارانەی ئەم جینەیان تێکدەچێت، کێشەی خەوتن و بەئاگاییان بۆ دروست دەبێت.

٢- ڕووناکی:

مێشکی مرۆڤ پێویستی بە تیشکی خۆرە، کە لە ڕێگای چاوەوە بچێتە ژوورێ ڕۆژانە، بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی کاتژمێری بایۆلۆژی ناوەوەی، ھەر بۆیە ئەگەر مرۆڤ بە ڕەفتارەکانی کاربکاتە سەر کاتژمێرە بایۆلۆژییەکەی لەشی، بۆ نموونە: لە شوێنێکی تاریکدا بمێنێتەوە بەبەردەوامی، ئەوا ڕیتمی بیستوچوار کاتژمێری مرۆڤ کە ناسراوە بە “سێرکادیان ڕیتم” تێکدەچێت، بەو شێوەیەش کاتی خەو و بە ئاگایی تێکدەچێت.

٣- پلەی گەرما:

پلەی گەرما کاریگەری ھەیە لەسەر کارکردنی ھۆرمۆنی میلاتۆنین، لە شەواندا پلەی گەرما دادەبەزێت، ھەر بۆیە ڕێژەی دروستکردن و ڕژانی ھۆرمۆنی میلاتۆنین زیاد دەکات، و بە ڕۆژ پێچەوانەکەی ڕوودەدات .

ئەو ھۆکارانە چین کە لەوانەیە ڕێژەی دەردانی ھۆرمۆنی میلاتۆنین بگۆڕن، بەمەش ببنە ھۆکاری تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژی لەشی مرۆڤ؟

١- تێکچوون بەھۆی گەشت کردنەوە”جێت لاگ”:

گەشتکردن و ھاتووچۆ لەنێوان دوو ناوچە، کە زۆنی جیاوازی زەمەنیان ھەبێت، کاتژمێری بایۆلۆژی جەستە تێکدەدات، ھەتا ئەو کاتەی کەسەکە ڕادێت لەگەڵ جیاوازی کاتدا، ئەوەی ڕوودەدات لەشی مرۆڤ ھەر وادەزانێت لە ھەمان شوێنە کە لێیەوە گەشتی کردووە، ھەربۆیە بەپێی شەو و ڕۆژی یەکەم ناوچە، کاتژمێری بایۆلۆژی کاردەکات

بۆ نموونە، ئەگەر جیاوازی کات “ھەشت” کاتژمێر بێت لەنێوان ئەو دوو ناوچەیەی گەشتت تیاکردووە، وە گەشتەکەت لە کاتی عەسردا بێت، ئەوە کاتێک دەگەیتە شوێنی مەبەست، ئەگەر لە ڕۆژی ڕووناکیشدا بێت، ئەوا ھەست بە خەواڵوویی دەکەیت، لەبەرئەوەی جەستەت لەسەر کاتی ئەو وڵاتە ڕاھاتووە کە گەشتت لێوەیکردووە.

٢گۆڕانی خشتە و کاتی نوستن:

ئەمیش زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات، کە ناچارن بە شەو بێداربن و بە ڕۆژ بخەون، بەھۆی ئیش و کارەکانیانەوە. بەمجۆرە کاتژمێری بایۆلۆژی لەش واخۆی ڕادەھێنێت کە بەشەو ھەست بە ئاگایی بکەیت و بە ڕۆژ خەواڵوو بیت. بەڵام کێشەی گەورەتر لەو کەسانەدایە، کە کاری ڕۆژ و شەویشیان ھەیە، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی کاتژمێری ناوەکی و تێکچوونی باری تەندروستی لەش.

٣کەشی نوستن :

ئەگەر نوستن لە کەشێکی قەرەباڵغ و پڕ لە دەنگەدەنگ و ڕووناک ئەنجامبدرێت، ئەوا دەبێتە ھۆی تێکچوونی ڕیتمی سێرکادیان و کاتژمێری بایۆلۆژی .

٤نەخۆشی:

ھەندێک نەخۆشی دەبنە ھۆی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژی لەش، و بەدوایدا تێکچوونی کاتی خەوتن، بۆ نموونە؛ نەخۆشی خەڵەفان”dementia “، خەمۆکی قووڵ، کەوتنی زەبرێک بە سەر و مێشک. ھەروەھا ھەندێک جار ئەو دەرمانانەی بەکاردەھێنرێن بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە، بەھەمان شێوە کاتژمێرە ناوەکییەکەی لەش تێکدەدەن.

نەخۆشییەکان و کاتژمێری بایۆلۆژی لەش

کاتێک لەناکاو تێکچوون ڕوودەدات لە کاتژمێری بایۆلۆژی لەشدا، یاخود بەشێوەیەک ئەو تێکچوونە دووبارە دەبێتەوە، ئەوا ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشییانە زیاد دەکات:

نەخۆشی شەکرە:

لەکاتی تێکچوون لە وەرگرەکانی ” receptors ” ی ھۆرمۆنی میلاتۆنین کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات، لەبەرئەوەی ئەو جینانەی بەرپرسن و کۆنتڕۆڵی وەرگرەکانی میلاتۆنینن، بەشدارن لە ڕژانی ھۆرمۆنی ئینسۆلین .

نەخۆشیەکانی دڵ:

تێکچوونی بۆماوەیی لە کاتژمێری بایۆلۆژی لە مێشکدا، کاریگەری ھەیە لەسەر چالاکی کارەباییی دڵ، کە ئەگەری توشبوون بە کێشەکانی دڵ زیاد دەکات.

نەخۆشی” مانیک- دیپریسڤ سایکۆسس”:

کە ئەمیش جۆرە نەخۆشییەکی دەروونییە، کە کەسی نەخۆش تیایدا ھەر جارەی حاڵەتێکی دەبێت “شەیدا و پەست بە نۆرە”، کاتێک تێکچوون ڕوودەدات لەو جینانەی بەرپرسن لە چالاکی کاتژمێری بایۆلۆژی، ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشیە زیاد دەکات.

شەونخونی و دڕەنگ خەوتن :

ئەو کەسانەی بەدەست ئەم حاڵەتانەوە دەناڵێنن، کێشەی ڕێکخستنی خەو و ھەستان لە خەویان بۆ دروست دەبێت، کە ئەمەش کێشەیان بۆ دروستدەکات لە ڕێکخستنی کار و چالاکی ڕۆژانەدا .

ھەندێک نەخۆشی تری دەروونی:

کاتژمێری بایۆلۆژی و تەندروستی دەروونی پەیوەندییان بە ھەندێک حاڵەتی نەخۆشی ترەوە ھەیە، وەکو: نەخۆشی ئەلزھایمەر، پارکنسۆن، ھەنتینگتۆن، ئۆتیزم، توێژینەوەکان دەڵێن: “تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژی، تەرکیز و توانا و ئاگایی مرۆڤ کەمدەکاتەوە، بەتایبەت لەکەسە بەتەمەنەکاندا”.

چۆن پارێزگاری لە کاتژمێری بایۆلۆژی لەشمان بکەین؟ 

١- پابەندبوون بەخشتەیەکی تایبەت بە خەو ڕۆژانە، خشتەیەک، کە تەندروست بێت بۆ جەستەت، بۆ پارێزگاریکردن لە ڕیتمی ڕۆژانەی کاتژمێرەکە.

٢- دواخستنی کارەکەت بۆ بەیانی، وەک لەوەی تا کاتژمێرێکی درەنگ شەو بمێنیتەوە، بۆ ئەنجامدانی.

٣- گۆڕینی کاتی نوستن ھێور ھێور، وەک لەوەی لەناکاو ھەوڵی گۆڕینی بدەیت.

٤- کوژاندنەوەی گڵۆپ و تەلەفزێۆن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و ھەموو جۆرە ئامێرێکی زیرەک، چونکە تیشکی ئەم ئامێرانە کاریگەریان لەسەر دەردانی ھۆرمۆنی میلاتۆنین دەبێت و مرۆڤ تووشی شەونخوونی دەکەن

٥- دووربکەوە لە ئەنجامدانی وەرزش، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر پێش خەوتن، لەبەرئەوەی وەرزش وریات دەکاتەوەو بە ئاگات دەکات ئەگەر لەو کاتەدا ئەنجامبدرێت.

٦- دووربکەوە لە خواردنی ژەمە قورسەکان، خواردنە توونەکان، کافایین لە درەنگانی شەودا، باشترە لەبری ئەوانە کاربۆھیدراتی سادە و چایە ڕووەکییەکان بخورێتەوە.

٧- لەکاتی تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆژی لەش، یەکێک لە ڕێگا چارەکان وەرگرتنی ھۆرمۆنی “میلاتۆنین” ە، کە شەوانە نیو کاتژمێر پێش خەوتن دەخورێت بۆ ڕێککردنەوەی کاتی خەو و ھەڵسان لەخەو.

بڵاوکردنەوە: